سوریای دوێنێ و داهاتوو له چاوی ڕۆشنبیره‌كانییه‌وه
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی: باوكی ڕه‌هه‌ند
دوای نزیكه‌ی شه‌ش ده‌یه، له چاوتروكانێكدا، ڕژێمی باوك و كوڕ ڕووخا و ده‌سه‌ڵاتیان لێ وه‌رگیرایه‌وه، گۆڕی باوكه‌كه سووتێنرا و كوڕه‌كه‌شی به هه‌ڵه‌داوان ڕایكرد و عه‌یامێكی دوور و درێژی له خۆشگوزه‌رانی و ڕه‌فاهییه‌ت به‌جێهێشت و له ئێستادا، وه‌ك په‌ناهه‌نده‌یه‌ك، له شوێنێكی نادیاری ڕوسیا ده‌ژی، ڕه‌نگه هه‌ر له‌وێ و له غه‌ریبایه‌تی سه‌ربنێته‌وه و ته‌رم و گۆڕه‌كه‌شی، هه‌رگیز نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وڵات و زێدی خۆی.
هه‌نووكه له سوریا، دوای كه‌وتنی په‌یكه‌ر و وێنه‌كانی باوك و كوڕ، یاش ڕووخاندنی ڕژێمی ئه‌سه‌دی دیكتاتۆر، ئه‌دیب و شاعیره‌كانی ئه‌و وڵاته، به هیوا و ئومێدێكی زۆره‌وه، له‌گه‌ڵ كه‌مه‌كێك له ترس و نیگه‌رانی، قسه له‌سه‌ر سوریای نوێ ده‌كه‌ن. ئه‌وان ڕووخاندنی ئه‌و ڕژێمه تۆتالیتارییه، به موعجیزه ناوده‌به‌ن كه ساڵانێكی زۆره چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن و له گۆشه نیگایه‌كی تایبه‌ته‌وه، سه‌یری ئه‌و وێنه نوێیه‌ی سوریا ده‌كه‌ن، ئه‌وان دوای چه‌ندین ساڵی دوور و درێژ، له‌و مۆته‌كه‌یه ڕزگاریان بوو كه ڕۆژی ڕووناكی كردبووه شه‌وه‌زه‌نگ و وڵاتی به سه‌ربازگه و زیندانی به‌دناو ته‌نی بوو.
ئه‌وه ڕوویدا كه ڕوودانی مه‌حاڵ بوو
خه‌لیل ئه‌لنعێمی ڕۆماننووس، به‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی سه‌ره‌وه، وه‌سفی دیمه‌نی ئێستای وڵاته‌كه‌ی ده‌كات، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شده‌كات ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه، كورتكراوه‌ی ئه‌و نهێنییه گه‌وره‌یه‌ی خۆشبه‌ختی ئاشكرا ده‌كات؛ كه زۆربه‌ی سورییه‌كان هه‌ستیان پێكردووه و ساڵانێكی زۆره قوربانی ده‌ستی سته‌مگه‌ریی و ئه‌شكه‌نجه و گرتن و كوشتن بوون. ئه‌وه‌ی ڕوویدا، یاخیبوونێكی بوێر و ئازایانه بوو، وه‌ك ڕه‌شه‌با و زریانێكی به‌هێز، به ڕووی سته‌مكاراندا هه‌ڵیكرد كه هه‌رگیز پێشبینی زریانێكی له‌و جۆره‌یان نه‌ده‌كرد و چاوه‌ڕوانی یاخیبوونێكی له‌و شێوه‌یه نه‌بوون. زریان و یاخیبوونێك، زۆر به‌خێرایی سه‌رجه‌م مۆڵگه و په‌ناگا و كۆڵه‌كه‌كانی جه‌ور و سته‌می تێك‌شكاند و ئه‌و كابوسه‌ی سڕییه‌وه كه ده‌یان ساڵه، وه‌ك به‌رداش و بارێكی قورس، به‌سه‌ر دڵ و ده‌روون و سه‌رشانی هه‌مووانه‌وه بووه.
له كاتێكدا ئێمه چاوه‌ڕوانی ڕوودانی موعجیزه‌یه‌ك بووین، دروست ئا له‌و كاته‌دا، ئه‌وه‌ی ڕوویدا به خه‌یاڵی هیچ كه‌سێكدا نه‌ده‌هات، ئاخر ئێمه زۆر چاوه‌ڕێمان كرد، زۆر زۆر، ته‌نانه‌ت زۆرێك له ئێمه، گومانیان له‌وه هه‌بوو به زیندوویی له ژیاندا بمێننه‌وه و به‌چاوی خۆیان ئه‌و هه‌ره‌سه ببینن.
هه‌نووكه ته‌نها ڕوخاندن و سه‌رنگونكردنی سته‌م و زۆرداری به‌س نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه دوای ڕووخانی ڕژێم و ده‌سه‌ڵاته سته‌مگه‌ر و سه‌ركوتكه‌ره‌كه‌ی، چی ده‌كه‌ین و چۆن ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌نوێنین؟ وڵات چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌ده‌برێت؟ ئه‌ڵبه‌ته ڕژێمی سته‌مگه‌ری پێشوو، له ناوه‌وه سوریای له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندبووه‌وه، خه‌ڵكه‌كه‌ی په‌رتوبڵاو كردبووه‌وه و هه‌ژار و نه‌داری خستبوون. ئێمه هه‌مو ئه‌وه‌مان به چاوی خۆمان بینی و تێیدا ده‌ژیاین و ده‌ركمان پێده‌كرد. وه‌لێ ئه‌وه‌ی شۆڕشه سه‌ركه‌وتووه‌كه ئه‌نجامیده‌دات و ده‌یه‌وێت له ئاینده‌دا پێیهه‌ڵسێت، ئه‌وه‌یه سوكنایی به دڵمان ده‌دات و ئارامیمان پێده‌به‌خشێت. ئێمه له‌مڕۆدا هه‌ست به جۆرێك له نیگه‌رانی ده‌كه‌ین و هزرمان پڕ پڕه له پرسیار.
ئه‌م ڕۆماننووسه سورییه، باس له‌وه ده‌كات ئه‌ركی شۆڕش، ئه‌ركێكی قورس و سه‌خته، له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “هیوادارین شۆرش، له ئه‌نجامدانی ئه‌ركه شۆڕشگێڕانه‌كه‌یدا سه‌ركوتووبێت. ئێمه له ئێستادا-نه‌ك دواتر- ده‌مانه‌وێت سوریا بۆ هه‌مو سورییه‌كان بێت، ده‌مانه‌وێت سوریا وڵاتێكی كۆماری دیموكراتی ئازاد و دادپه‌روه‌ر و فره نه‌ته‌وه و ئاین بێت، بێ جیاكاریی و په‌راوێزخستن. وڵاتێك تێیدا جیاوازی له نێوان ژن و پیاودا نه‌كات. به هیچ هۆیه‌ك له هۆیه‌كان، جیاوازی له نێوان سورییه‌ك و سورییه‌كی دیكه‌دا نه‌كات و ئه‌مه دروشمه‌كه‌ی بێت: “ئازادی، دادپه‌روه‌ری، یه‌كسانی”.
خانمی شاعیر ڕه‌شا عومران، پێیوایه پێویسته ڕۆشنبیران به شێوه‌یه‌كی چڕ و چالاك و كاریگه‌ر، به‌شداربن له دروستكردنی سیماكانی سوریای ئاینده. ئه‌و كه‌وتنی ڕژێمی ئه‌سه‌د به موعجیزه ناوده‌بات و به‌م هۆیه‌شه‌وه هه‌مو سورییه‌كان له‌ده‌ستی ڕزگاریان بووه. ئه‌م خانمه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر ڕووخانی ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د، ته‌نانه‌ت له ئه‌نجامی ڕازیبوونی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه بێت، ئه‌وا ئاساییه، چونكه ئه‌و ڕازیبوونه نێوده‌وڵه‌تییه، له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی سوریا بووه. هه‌روه‌ها پێیوایه ئه‌وه‌ی ڕوویدا، وه‌ك بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك وابوو، هه‌رچه‌نده سه‌ری گه‌وره‌ی ڕژێمه‌كه هه‌ڵهاتووه، به‌ڵام ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به ته‌واوه‌تی هه‌ره‌سیهێناوه، ده‌زگا سه‌ربازی و ئه‌منی و حیزبییه‌كانی و هه‌مو شتێكی ئه‌و ڕژێمه هه‌ره‌سیهێناوه و هه‌نووكه بۆشاییه‌كی ترسناك له‌ئارادایه.
ڕشا عومران ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شده‌كات ڕاسته رژێم ڕووخا و هه‌ره‌سیهێناوه. به‌ڵام شۆڕشی راسته‌قینه، بۆ ڕزگاركردنی سوریا و پاراستنی دواڕۆژی سوریا له ونبوون، له ئێستاوه ده‌ستپێده‌كات. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، هیچ رێگایه‌كی دیكه نییه، جگه له یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویی گه‌لی سوریا، به سه‌رجه‌م چین و توێژ و ئاین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌كانییه‌وه نه‌بێت. ئێمه وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه‌یی و فره ئاینی جۆراوجۆرین، هه‌مو سورییه‌كان ده‌یانه‌وێت ده‌وڵه‌تێك بونیادبنرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و فره‌یی و جۆراوجۆرییه‌دا گونجاو بێت. ئه‌وه‌ش ته‌نها له ڕێگه‌ی تێكۆشانی ئاشتی و مه‌ده‌نیانه‌وه به‌دیدێت، به ده‌ستپێشخه‌ری مه‌ده‌نیانه و پێكهێنانی حزب و مونته‌دای سیاسی و فیكری و چالاكبوونی كۆمه‌ڵگا له ڕووی سیاسی و فیكری و ڕۆشنبیرییه‌وه مه‌یسه‌ر ده‌بێت.
جگه له‌وه، ئه‌م شاعیره سورییه، باس له گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م توانا سورییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كات، ئه‌وانه‌یان بارودۆخ ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان پێده‌دات. ڕه‌شا پێیوایه ئه‌وه‌ی له ئێستادا پێویسته بكرێت، بریتییه له به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نیشتیمانی، له‌م كۆنگره‌یه‌وه لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستور دیاری بكرێت و له ده‌ستوردا شێوازی ده‌وڵه‌تی سوریای ئاینده ده‌ستنیان بكرێت. ئه‌مه‌ش پێویستی به ئاماده‌بوون و به‌شداری ڕۆشنبیرانی سوریایه كه به سه‌رتاسه‌ری جیهاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه. پێویسته سه‌رجه‌م وزه و تواناكان یه‌كبخرێن و ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر كات و ساتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ وڵات بكرێت. پێویسته له‌مڕۆوه ده‌ست به پرۆسه‌ی قۆناغی وه‌رچه‌رخان به‌ره‌و بونیادنانی ده‌وڵه‌تی دیموكراسی ده‌ستپێبكات كه هه‌مومان داوای ده‌كه‌ین.
ماڵئاوا ڕژێمی ترس و تۆقاندن
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، مه‌روان عه‌لی شاعیر، ته‌واو له‌وه دڵنیایه ئه‌ركی سورییه‌كان، هه‌رگیز ئه‌ركێكی ئاسان نییه و ده‌ڵێت: “پێویسته په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ وڵات و نیشتیمانه‌كه‌مان به‌ده‌ستبێنینه‌وه، وڵات و نیشتیمانێك به‌درێژایی زیاد له پێنج ده‌یه، نه‌مانتوانی بوو تێیدا هه‌وای ئازای هه‌ڵمژین”.
مه‌روان باس له‌وه ده‌كات، ئه‌و كاته‌ی له ده‌ره‌وه‌ی سوریا بووه، هه‌ر كه‌سێك لێی ده‌پرسی، چیت له وڵات و نیشتیمانه‌كه‌ت ده‌وێت كه به‌رده‌وام له‌سه‌ری ده‌نووسیت؟ له وه‌ڵامدا وتوویه‌تی: “ببێته‌وه به وڵات و نیشتیمانی هه‌مو سورییه‌كان، تێیدا دڵخۆشبین، پێبكه‌نین، شیعر بنووسین، له‌گه‌ڵ یه‌ك جیاوازبین، به كوردی و عه‌ره‌بی و سریانی و ئه‌رمه‌نی و ئاشوری گۆرانی بڵێین”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “پێش چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، سه‌باره‌ت به (وڵاتی دواهه‌مین ترس)م نووسی، واته ئه‌و ترسه‌ی هه‌ر ده‌بێت، ڕۆژێك له ڕۆژان ئاسمانی جوانی سوریا به‌جێبێڵێت، تاكو ئێمه له ڕۆژدا ڕه‌نگی شینی ئاسمان ببینین و له شه‌ودا ئه‌ستێره‌كانی ببینین. تاكو ئێمه له ماڵه‌وه و له كافێ و چاخانه‌كان و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، بێ ترس قسه بكه‌ین و له‌گه‌ل یه‌ك بدوێین. ڕژێمی ترس و تۆقاندن ڕووخا، پێویسته له‌سه‌رمان كار بۆ ڕووخاندنی ترسه‌كه‌ی ناوه‌وه‌مان بكه‌ین و ئه‌م وڵات و نیشتیمانه‌مان خۆشبوویت، چونكه شایه‌نی ئه‌وه‌یه”.
یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ریی
شاعیر هانی نه‌دیم، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات دیمه‌نی ئه‌مڕۆی سوریا، دیمه‌نێكی ناڕوون و ته‌مومژاوییه. هێشتا مه‌سه‌له‌كان سه‌قامگیرییان به‌خۆیانه‌وه نه‌بینیوه، تاكو بزانین ئێمه به چ ئاراسته‌یه‌كدا ده‌ڕۆین و چ كه‌ره‌سته‌یه‌ك به‌كارده‌هێنین. ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی له‌مڕۆدا هه‌یه، له ئه‌نجامی نه‌بوونی ده‌ستور و نه‌بوونی حكومه‌ته‌وه هاتووه‌ته ئاراوه. وه‌لێ تا نووسینی ئه‌م چه‌ند دێڕه، فه‌وزا په‌شێوی و تاڵانی و كه‌س به‌كه‌س نییه، ڕووینه‌داوه، ئه‌مه‌ش زۆر جێگای دڵخۆشییه. سوریا وڵاتێكی زۆر تایبه‌ته و پێكهاته‌یه‌كی مرۆیی فره‌جۆری هه‌یه، فره‌جۆرییه‌كی گه‌وره‌ی ئاینی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایدۆلۆژی له سوریادا هه‌یه. لێره‌وه پێویسته له‌سه‌رمان بۆ هه‌مو ئه‌و هاوڵاتیانه، پارێزگاری له یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری بكه‌ین، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م به‌ندی مافه‌كانی هاوڵاتیبوونه.
نه‌دیم له درێژه‌ی وته‌كانیدا ده‌ڵێت: “هه‌میشه وتوومه تاقه سه‌رمایه‌ی سوریا، بریتییه له سورییه‌كان، كوڕوكاڵی سوریا، ئه‌دیب و داهێنه‌ره‌كانی و پزیشكه‌كانی پیشه‌وه‌ره‌كانی، گه‌نجینه و خه‌زێنه‌ی سه‌ره‌كی وڵاته‌كه‌ن. هیوادارم ڕۆڵی نه‌وه‌كانی ئه‌م وڵاته، له پسۆڕییه‌كه‌ی خۆیاندا له‌به‌رچاو بگیرێت و چالاك بكرێن و وڵات له چوارچێوه‌ی یاسایه‌كی تۆكمه و ته‌ندروستدا بپارێزرێت. خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینم سوریا له شوێن و پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیدا بێت، له پێشه‌نگدابێت”.
په‌ڕینه‌وه بۆ كه‌ناری ئارام
خالید حسین ڕه‌خنه‌گر و ئه‌كادیمی، لای خۆیه‌وه، باس له هه‌ندێك ئاماژه‌ی نیگه‌رانی ده‌كات، له‌وانه هاندانی ده‌ستی ده‌ره‌كی، بۆ نانه‌وه‌ی ئاژاوه و دوژمنایه‌تی له نێوان كورد و عه‌ره‌ب له ناوخۆی سوریا. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زانكۆكان له سه‌رده‌می ڕژێمی ڕوخاودا، سه‌ربه‌خۆیی زانستی و مه‌عریفی خۆیان له‌ده‌ستدابوو. له ئێستاشدا خه‌ڵكانێك هه‌یه، ده‌یانه‌وێت زانكۆكان بكه‌ن به گۆڕه‌پانی بڵاوكردنه‌وه‌ی تێڕوانین و بیروباوه‌ڕی شه‌خسی خۆیان و سه‌پاندنی به‌سه‌ر هه‌مواندا. ئه‌مه له كاتێكدایه زانكۆ شوێنێكه بۆ وه‌رگرتنی زانست و مه‌عریفه و به‌رهه‌مهێنانی فیكر.
لای ئه‌م ڕه‌خنه‌گره، په‌ڕینه‌وه بۆ كه‌ناری ئارام، له حاڵی حازردا، په‌یوه‌سته به‌وه‌ی پێش هه‌مو شتێك، ده‌بێت پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان بۆ سورییه‌كان دابینبكرێت، له نمونه‌ی كاره‌با و نان و سووته‌مه‌نی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی. دوای كۆتایی هاتنی ئه‌م قۆناغه ڕاگوزه‌ره، ده‌كرێت سورییه‌كان ده‌ست بكه‌ن به به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نیشتیمانی و تێیدا له‌سه‌ر نووسینه‌وه‌ی ده‌ستورێكی مه‌ده‌نی دیموكراسی رێكبكه‌ون. له ده‌ستوره‌كه‌دا به شێوه‌یه‌كی یه‌كلایكه‌ره‌وه، دان به ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بنرێت. به گوێره‌ی ده‌ستوور مافی سه‌رجه‌م پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و مافه‌كانی ژنان و ئازادی گوزارشتكردن و بیروڕا و مافی سه‌رجه‌م زمانه نیشتیمانییه‌كان پارێزراوبێت.
خالید پێیوایه له ڕێگه‌ی ده‌ستورێكی مه‌ده‌نی له‌و جۆره‌وه كه له‌سه‌ر شه‌رعییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ دامه‌زرابێت، ده‌كرێت خه‌ونه‌كانی خۆمان له سوریای ئاینده بێته‌دی. كاتێك دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینین، بێ بوونی ململانێی تائیفی و مه‌زهه‌بی و زیندان. ئه‌مه ده‌بێته ئه‌و وڵاته‌ی كه هه‌موان خه‌ونی پێوه‌ده‌بینین، ده‌رفه‌تێكیش بۆ ئه‌وه هاتووه‌ته پێش سوریایه‌كی نوێ و جیاواز، بێ بوونی مۆته‌كه و ترس و تۆقاندن، دروست بكه‌ین.
خالید حسین ئاوا كۆتایی به وته‌كانی ده‌هێنێت:”ده‌كرێت له كۆتایدا بڵێین له ئێستادا، ئه‌ركی ڕۆشنبیرانی سوریا، بریتییه له بانگه‌شه بۆ هێنانه‌ئارای ئاشتی و ته‌بایی نێوان پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگای سوری و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ر گوتارێك كه ده‌یه‌وێت به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، هه‌ژمونی تائیفی و مه‌زهه‌بی خۆی بسه‌پێنێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه سوریا پێگه‌ی خۆی له شارستانییه‌ت و كولتووری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌ربگرێته‌وه”.
سه‌رچاوه
ڕشا ئه‌حمه‌د، به‌شی كولتوری ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، 6ی كانونی دووه‌می 2025