مــێــژوویـەکـی پــوخــت بــۆ هــونــەر

Loading

خستنەڕووی کتێبی “پوختەی میژووی هونەر”

خوێندنەوەی: سەردەم

لەم وتارەدا، هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی سادە و ڕەوان لە یەکێک لە هەرە کتێبە ناوازەکانی بواری هونەر بدوێین، ئەم کتێبە بە تەنیا بۆ ئەو کەسانە نییە کە سەرقاڵی کاری هونەرین، بەڵکو دەتوانێت ڕووی لە سەرجەم ئەو کەسانە بێت کە خولیای هونەر و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیان لە بواری هونەردا هەیە، ئەم کتێبە “پوختەی مێژووی هونەر” لە نووسینی پەرویز مەرزبان و وەرگێڕانی لە فارسییەوە ستار کەریمە. کتێبەکە لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە ساڵی ٢٠١٩دا لە دووتوێی ٣٥٠ لاپەڕەی قەبارە گەورەدا، چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە بە زمانێکی ڕەوان و سادە، بە کوردییەکی جوان و پوخت، کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە، لە سەرلەبەری کتێبەکەدا، خوێنەر دووچاری هیچ ئاڵۆزی و لێڵییەک نایەت، هەر لە دەستپێکەوە دەتوانێت پەیوەندییەکی پڕ چێژ و جوانی لەگەڵ بابەتەکانی کتێبەکەدا پێک بهێنێت. با سەرەتا لە ناساندنی ناوەڕۆکی کتێبەکەوە دەست پێ بکەین.

ئەم کتێبە لە بیستوپێنج بەش پێک هاتووە، کە هەر بەشێک تایبەتە بە هونەری میللەت و شارستانیەت و ناوچەیەک، لە کۆتایی هەر بەشێکدا نووسەر هەوڵی داوە لە ڕێی وێنەوە هەندێک نموونە لە پاشماوە و کارە هونەرییەکانی ئەو میللەتانە بخاتە بەرچاو، بەشەکانیش بەم جۆرە بەرودوا هاتوون: بەشی یەکەم: هونەری بەر لە مێژوو. بەشی دووەم: هونەری میزۆپۆتامیا. بەشی سێیەم: هونەری میسر لەگەڵ (پاشکۆ نوێیەکان). بەشی چوارەم: هونەری ئێران تا دەرکەوتنی ئیسلام. بەشی پێنجەم: هونەری دۆڵی سەند (هیند). بەشی شەشەم: هونەری چین ـ هونەری ژاپۆن. بەشی حەوتەم: هونەری یۆنان. بەشی هەشتەم: هونەری ئەتروریا. بەشی نۆیەم: هونەری ڕۆمی. بەشی دەیەم: هونەری بیزەنتینی. بەشی یانزەیەم: هونەری ئیسلامی. بەشی دوانزەیەم: هونەری شێوە ڕۆمی. بەشی چواردەیەم: هونەری ڕێنیسانس. بەشێ پانزەیەم: شێوەگەری ـ بارۆک، ڕۆکۆکۆ. بەشی شانزەیەم: بارۆک لە فنلاند و هۆڵندا. بەشی حەڤدەیەم: کلاسیکی نوێ. بەشی هەژدەیەم: ئازادیخوازی ـ ڕۆمانتیک ـ واقیعگەری. بەشی نۆزدەیەم: ئیمپرسیۆنیزم. بەشی بیستەم: ئیمرسیۆمیزیمی نوێ (ئیمرسیۆنیزمی پۆست مۆدێرنە). بەشی بیستویەکەم: شێوەکان و گرووپە هونەرییەکان لە سەدەی بیستەمدا. بەشی بیستودووەم: هونەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بەشی بیستوسێیەم: هونەری ئەفریقا. بەشی بیستوچوارەم: هونەری شارستانییەتە دێرینەکانی ئەمریکا و دوایین بەشیش، بەشی بیستوپێنجەم: هونەری میللی ـ خۆجێیی ـ دوورگەکانی ئۆقیانووس.

تایبەتمەندی ئەم کتێبە هەڵگری بە متمانە و بە وەفای ناونیشانەکەیەتی، کە هەڵگری سیفەتی “پوختە”، لەم کتێبە و لە تێکڕای ئەو بیستوپێنج بەشەدا، نووسەر بە ناونیشانەکەی ڕاستگۆ دەبێت، لەوپەڕی هەوڵی جددی و جوانیدا، هەوڵی داوە بە پوختترین شێوە و کەمترین دەربڕین و زیادەڕەوی، ئایدیا سەرەکییەکانی و ئەو مەبەستانەی کە بڕیارە مێژووی گشتی هونەر لە تەواوی شارستانییەتەکاندا بخاتە بەردەست و چاوی خوێنەران لە سەرجەم توێژ و ئاستە جیاواز جیاوازەکاندا، پەرویز مەرزبان، نووسەری کتێبی “پوختەی مێژووی هونەر” بە ڕەچاوکردنی ڕووبەری کارەکەی، کە ڕووبەرێکی هێجگار هەراو و بەرینە، توانیویەتی چوارچێوەیەکی نایاب بۆ گەیاندنی زانیارییەکانی، بدۆزێتەوە، ڕەنگە ئەمە لە هەرە خاڵە درەوشاوەکانی ئەم کتێبە ناوازەیە بێت، چونکوو هەر بەڕاستی ئەوە لە زەحمەتترین و دژوارترین ئەو کارانەیە کە نووسەر کردوویەتی.

دەبێت ئێمە ئەم ڕاستییە سادەیە بزانین، هەر بەشێک لە بەشەکانی ئەم کتیبە، ڕەنگە سەدان کتێب لە بارەیانەوە نووسرابێت و بەردەوامیش لە لایەن نووسەران و توێژەرانەوە، بۆ گەڕانەوە هەیە، واتە بە ئێستاشەوە پرسی هونەر لە سەردەمە دێرینەکان و نوێیەکانیشدا، جێی مشتومڕ و باسە، بەڵام لەم کتیبەدا “پوختەی مێژووی هونەر”، نووسەر خۆی لەو قووڵاییە پاراستووە کە دەکرێت لە هەریەک لەو بەشانەدا بێنە بەردەمی، ئەو بە هەڵبژاردنی گرنگترین ئەو خاڵ و تایبەتمەندی و شێواز و خەسڵەتانەی کە هونەری پێ دەناسرێتەوە لە لای ئەو گەل و نەتەوە و شارستانییەتیانە، هەوڵی داوە کەشێک بسازێنێت کە خوێنەر بە زوویی بە پێگە و ڕۆڵی هونەر ئاشنا ببێت لای ئەو میللەتانە، بێگومان ئەم کتێبە دەتوانێت وەک ڕێنوێنێک، وەک ڕێبەرێک، بەڵام نەک لەو شێوەیەی کە دەخرێتە بەردەم گەشتیار، بەڵکو دەوڵەمەند و پڕ لە زانیاری و سەرنجڕاکێشان لە وەسف و وردەکاریدا، خراوەتە ڕوو. کتێبەکە ئاشنامان دەکات بەو میراتە گشتییەی کە تەواوی مرۆڤایەتی تێیدا هاوبەشن، ئاشنامان دەکات بە سەرەتاییترین توخم و شێوە و ڕەگەزەکانی هونەر لای گەلان، بە واتایەکی تر لای مرۆڤی سەرەتایی. هاوکات لە گوزەری خوێندنەوەی ئەم کتێبەوە، “پوختەی مێژووی هونەر” ئاشنا دەبین بە ڕەنجی مرۆڤانێک کە بەردی بناغەی هونەریان ڕۆ ناوە، مرۆڤانێک کە چیدی ناویان لە ناواندا نییە، بەڵام بە ئارەقەی ڕۆح و جەستە، بە ڕەنگینی و سەنگینی بیر و قامک، بە بیرکردنەوە و ڕامان، بە تێگەیشتن و پێگەیشتن، سەرەتایەکیان بۆ هونەر چەسپاندووە، سەرەتایەک کە لێیەوە هونەری ئەمڕۆ لە دایک بووە، کە هونەری داهاتوو لێیەوە دەڕسکێت، کە بەردەوامی ژیان لە ڕابردوو بە ئێستا و داهاتووەوە گرێ دەدات.

کتێبی “پوختەی مێژووی هونەر” گەشتێکی پڕ لە ململانێیە، پڕە لە دڵەڕاوکەی شارستانییەتەکان، لە فەوتان و نەمانی ئەو میراتە گەورەیەی کە بازوو دروستیان کردووە، ئەم کتێبە هەر لە سەفەرێکی ئەندێشەئامێز دەچێت بەنێو میراتی شارستانییەتەکاندا، چۆن لە کاری دەست، لە ڕەنگینی سروشت، لە نیگای دەوروبەر، لەسەر بەرد و تاوێر و خاک، لە گڵ و قوڕ و قسڵ، لە سەرەتاییترین ماددەکان، لە شاخی ئاژەڵ و گیا و درەختی زەلام، بیریان بۆ نەخشاندن و چێکردن و خوڵقاندن بزواوە، ئەم سەفەرە، هەر لە سەفەری پیاوانێک دەچێت کە جادووباز بوون، لە سەری پەنجەکانیانەوە هونەر چکاوە،  هونەرێک کە بۆ ئەمڕۆ دەتوانێت قسەی هەبێت، دەتوانێت دیالۆگ بسازێنێت، دەتوانێت کۆی ئاراستەی بیرمان بەرەو خۆی بەکێش بکات، چاومان پڕی جوانی و دڵمان پڕ لە خەم بکات، بۆ سەردەمانێک کە بوون بە تۆز و با بۆ بنی بنەوەی چاڵە تاریکەکەی مێژووی ڕاپێچ کردوون، ئەم کتێبە لە بنی بنەوەی مێژوو، لەو چاڵە تاریکەدا دەپشکنێ، وەک گەوهەرێکی یەکدانە، یەک یەک ئەو پارچە و کەرەستە هونەرییانە دەر دەهێنێتەوە، کە پێشینان ڕۆڵیان لە دروستکردنیدا گێڕاوە، ئەوان شاکەس و قارەمانی ئەو سەرەتایەن، دەستپێک ئەوانن و هونەری مۆدێرن و پاش مۆدێرن، لەوێوە ئاو دەخواتەوە.

کتێبی “پوختەی مێژووی هونەر” کۆمەڵێک نوختە لای خوێنەر دەکات بە نیشانە و ئاماژەی خوێندنەوەی سەرەتاکان، کاتێک خوێنەر لە بەشێکەوە دەچێتە سەر بەشێکی تر، هەست بەو ڕایەڵ و پەیوەندییە دەکات کە نێوان شارستانییەتەکاندا دەستاودەستی کردووە، بێگومان لێرەدا مەبەست لە دەستاودەستکردنی هونەرە وەک میراتێک، کە لە نوختەیەکەوە سەری دەرکێشاوە و بەرە بەرە پەرەی بە خۆی داوە و گەیشتووەتە فۆرمێکی باڵا. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە چەمکێک بدەین بۆ ئەم حاڵەتە، ئەویش چەمکی “لێخواستن ـ یاخود لێوەرگرتن”ە، شارستانییەتەکان بە هۆی ململانێی دەسەڵات و داگیرکاری و فراوانکردنی ڕووبەری حوکمڕانیان و پاشان پاوانخوازی کۆی دەستکەوتەکان، بەر یەکتری کەوتوون، بەردەوام لە نێوانیاندا گرژی و ئاڵۆزی هەبووە، سنووربەزاندن و تێکبەربوون و دوژمنایەتی ڕێشەیی و چەندان سەدەیی، بووەتە هۆی جۆرێک لە ڕقابەرایەتی، کە وەچە بە وەچە بەردەوامی بە خۆی داوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لەگەڵ ئەو بەرانبەرییەدا، کە دوژمنایەتی خەستی لێ کەوتووەتەوە، کاریگەری هەر هەبووە، ئەویش بە هۆی تێکەڵ بوونیان بووە بە یەکتر، جا ئیدی لە ڕێی ئەو دیل و کۆیلانەوە بێت لە جەنگەکاندا گیراون، یان بە هۆی داگیرکاری سەرتاپاییەوە بێت کە خاک و کولتوور و زمان و ئایین و نەریتیانی داپۆشیوە، ئەمە بە ئاسانی ڕووی نەداوە، بەڵام بەردەوام هەبووە، کاریگەرییەکان لەسەر ژیانی دانیشتوان دیاری داوە، لە کار و هەڵسوکەوت و ڕەفتاریاندا ڕەنگی داوەتەوە، بووە بە بەشێک لە ژیانی ئاساییان. ئەم داگیرکارییەی نێوان شارستانییەتەکان کاری لە کولتوور کردووە، بووەتە هۆی گواستنەوەی کولتوورێک بۆ ناو کولتوورێکی تر، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، بێگومان هونەر یەکێک بووە لەو کایانە، هونەریش لە سەرەتادا لە کۆمەڵێک بابەتدا خۆی بینینوەتەوە، لەوانە، خانووسازی، پەیکەرسازی، وێنە لەسەر دیوار، گڵجۆشی، جلوبەرگ، قاپ و دەوری، نەخشانی کەرەستەکانی ناوماڵ و سوودوەرگرتنێکی بەرینی لە دیاردە سروشتییەکان، بەوەش داگیرکارەکان هەر خاک نا، بەڵکو دەستیان بەسەر کۆی ئەو بیرانەشدا گرتووە کە ئەو جوانیانەیان بەرهەم هێناوە. دیارە ئەم پردە کولتوورییە هیچ کات بە خواست و ویستی شارستانییەت و گەلەکانی بندەست نەبووە، بەڵکو لەگەڵیدا جۆرێک لە زەبر و توندوتیژی هەبووە، کە لە بەرزترین و توندترین حاڵەتیدا گەیشتووەتە خوێنڕشتن و یەکتر قەتڵوعام کردن. ئەوەی لەم کتێبەدا، “پوختەی مێژووی هونەر” لەو بارەیەوە خراوەتە ڕوو، پوختەیەکی کەمە دەربارەی ئەو ململانێ و جەنگ و داگیرکارییانە، بەڵکە زیادتر دەرخستن و پێشاندانی دیوێکی تری ئەو کارەسات و ماڵوێرانیانەیە، ئەویش بەرجەستەکردنەوەیەتی لە بەرگە هونەرییەکەدا، بە واتایەکی سادەتر، مەبەستی کتێبەکە گەڕانە بە شوێن ئەو هێڵەدا کە هونەر لەسەر کشاوە، نەک ئەو شەپۆلی خوێنەی تەواوی خاک و ئاو و هەوای شارستانییەتەکانی نغرۆ کردووە لە خۆیدا، “پوختەی مێژووی هونەر” لەو جێیەدا دەوەستێت، ناچێتە ئەو ڕووبەرە ترسناکەوە، ئەو ڕووبەرێکی تر دەگرێت کە پڕە لە جوانی و داهێنان و ئیستاتیکا، بەڵام خوێنەر دەزانێت لە پشت ئەو جوانییەوە خوێن وەستاوە، ڕەنج دراوە، کەسانێک بوون بە قوربانی و بە قوربانیبوونی ئەوان، کە ڕەنگە هەزاران بن، ئەو مێژووە بۆ هونەر پێکهاتووە و نووسراوەتەوە.

یەکێک لەو خاڵە هاوبەشانەی کۆی شارستانییەتەکان لەسەری وەستاون، هونەری ئەشکەوتنشینییە، ئەشکەوت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕۆڵ و پێگەیەکی بەرچاوی هەیە، ئەشکەوت سەرەتا و دەستپێکە، لەوێوە مرۆڤایەتی هەنگاوە خاو و هێواشەکانی ناوە، تا دابەزینی لەو بەرزییەوە بۆ پێدەشت، سەدان ساڵی ویستووە، بۆیە لە ئەشکەوتەکاندا بەو ئیمکانەی لە بەردەستیدا بووە هەوڵی داوە ژیانی خۆی پێ دابین و ڕایی بکات، مەترسییەکان بناسێت و ئەوانەش کە بە سوودی ژیانی هاتوون دەستیان بەسەردا بکرێت، وێنەی سەر دیواری ئەشکەوتەکان ڕێک لە سۆنگەی سوود و زیانەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، لێرە بۆ نموونە ئەم خاڵە ڕوون دەکەینەوە: ئاژەڵێکی وەک گورک یان بەراز یاخود مار و… لەو ئاژەڵانەن کە زیانیان هەیە، بۆی هەیە ژیانی ئینسان کۆتایی پێ بهێنن، ئینسان دەبێت خۆیان لێ دوور بگرێت، یان ڕووبەڕوویان ببێتەوە و لەناویان بدات، ئینسانی سەرەتای لیستێکی بۆ ئەو ئاژەڵانە دروست کردووە، بە وێنە، لەسەر دیواری ئەشکەوتەکەی کێشاونی و دەوروبەرەکەی تێگەیاندووە کە خۆیان لەو ئاژەڵانە بپارێزن، نەچن بە دەوریاندا، لە هەر جێیەکدا بینیان دووری لێ بگرن، کە واتە سەرەتا لەبری ناوی بۆ وێنە: “مار”، نیگاری “مار” هەبووە، ئەمە ڕاستییەکیش دەسەلمێنێ، ئەویش ئەوەیە کە “نیگار” بەر لە “وشە” لای مرۆڤی سەرەتایی هەبووە، ئەمە خاڵێکە کۆی شارستانییەتەکان تێیدا هاوبەشن، کتێبی “پوختەی مێژووی هونەر” زۆر بە ڕوونی جەخت لەسەر ئەم هاوبەشییەتە دەکاتەوە و لە بەسەرکردنەوەی هەر شارستانییەتێکدا ئەوە دەر دەخات کە سەرەتا و دەستپێکەکەی لە ئەشکەوت و مرۆڤی ئەشکەوتنشینەوە ڕێچکەی گرتووە. با پێکەوە ئەم دەستپێکە بخوێنینەوە، کە دەبێتە سەرەتای سەرەتاکان و مێژووی هونەر بەر لە مێژوو دەگێڕێتەوە:

نەخش و نیگار لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان، هەندێ جاریش هەڵکۆڵین لەسەر بەرد، بە دووکەڵی خەڵووز یان سووتانی ئێسقان بە تێکەڵکردنی چەوری گیاندارن بە نەخشی سادە و ئینتزاعی و بە بڕوایەکی جادوویی بۆ دوو مەبەست دەکرا: یەکێک لەوانە بۆ دەستڕەنگینی و زاڵبوون لە ڕاوی بەکۆمەڵی ئەو ئاژەڵانەی کە خۆراکی سەرەکییان بووە، مەبەستێکی تریشیان دووبارە دروستکردنەوەی وێنەی ئاژەڵان بووە لەسەر تاشەبەردەکان، هەتا زیاتر زاڵبوونیان بەهێزتر بکات.

لەبەر ئەو دیاردە مرۆڤ لە پێش سەدەها ساڵ بەر لە ئاگر بخاتە خزمەتی خۆیەوە، بە شێوەی ئاماژە گفتوگۆی کردووە. پاشماوەی هونەری وێنەکێشان و هەڵکۆڵین لەسەر تاشەبەرد و ئەشکەوتەکانی، دەگەڕێتەوە بۆ بیست هەزار ساڵ بەر لە زایین، هەروەها هەڵکۆڵینی سەر ئێسقان ماوەیەک دوای ئەوە دەرکەوتووە، بە شێوەیەکی گشتی لەسەر شێوازی ئینتزاعی و هێڵکاری زۆر سادە بووە لەسەر هەیکەلی مرۆڤ لە کاتی ڕاوکردنی ئاژەڵان بە تیر و کەوان. یان سەمای بە کۆمەڵی ژنان و پیاوان، یان وێنەی بە کۆمەڵی گا و بزنی کێوی، بە ناوەرۆکێکی ئامانجدار و جادوویی هەڵکۆڵراوی ئاماژە کراوە.

کتێبی “پوختەی مێژووی هونەر” لە سەردەمانی کۆن و دێرینەوە دەیگێڕێتەوە بۆمان، تا دەگات بە سەردەمی مۆدێرن، تاکو سەدەی بیست و هونەری هاوچەرخ. ئەمە بۆ کتێبێک کە تەنیا ٣٥٠ لاپەڕە بێت، زۆر گرنگە، هەڵبەت لەو جێیەدا گرنگە کە هیچ بەشێکی لە کۆڵ خۆ نەکردووەتەوە، بەڵکو زۆر بە جددی و جوانی لێیان دواوە، بە وردی ئەو نەخشە هونەرییانەی دەستنیشان کردووە کە شارستانییەتێک لە ڕووی هونەرییەوە پێکی هێناوە و بۆی بووە بە ناسنامە. هەر ئەوەش نییە کە تەنیا نیگار و کێشراوەکان باس بکات، بەڵکو پەل بۆ زۆر لایەنی تریش دەبات کە هەموویان دەچنە خانەی هونەرەوە و لەوێدا دەبێت بۆ چییەتی و چۆنییەتێکەیان بگەڕێین، بۆ وێنە: پەیکەرسازی، بیناسازیی، هونەری نەخشونیگار لەسەر گۆزە و پەرداخ و سواڵەت، هاوکات یەکێک لە دەرخستن و پێشاندانی هونەر و جەوهەرەکەی، لە کۆندا، لە پەرستگە و کڵێسەکاندا خۆی بینیوەتەوە، لەو تاق و پەنجەرە و قوببە و نووسینانەدا کە بە خەتە جیاوازەکان نوێنراوە و نووسراوە.

لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین بایەخی ئەم جۆرە کتێبانە، کتێبی “پوختەی مێژووی هونەر” و هاوشێوەکانی، لەوەدایە کە هونەر بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەت هونەری شێوەکاری، زۆر کەم بایەخ و بێ نرخ تەماشا دەکرێت لە ناوەندی ڕۆشنبیری کوردیدا، بە داخەوە ئەمە بۆ ناوەندەکانی خوێندنیش درێژ بووەتەوە، ئێمە هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە وانەی هونەر وەک وانەیەکی یەدەک و ناگرنگ دەبینین، مامۆستایان لە بری ئەو وانەیە وانەی تر دەڵێنەوە، یان لە مەنهەجدا هەیە، بەڵام لە کاتی ئەوەدا کە تاقیکردنەوە و نمرەی یەکلاکەرەوەی بۆ دابنرێ، دەبینین بواردن و تێپەڕاندن بەسەر هونەردا دەکرێت، یان بە هاوکاری و پاڵپێوەنان خوێندکار دەردەچوێنرێت، لە کاتێکدا گرنگی هونەر، گرنگی ژیانە، گرنگی سەرەتاکانی شارستانییەتە، کە کۆی مرۆڤایەتی لە خوڵقاندنیدا دەستی هەبووە و هاوبەشی تێدا کردووە، هەر لەم کتێبەدا بەشێک تەرخان کراوە بۆ “هونەری میزۆپۆتامیا”، کە ئەم ناوچەیەی خۆمان دەگرێتەوە و لە دەستپێکی شارستانییەتەکانە لە هونەردا، دەبێت ئەم کتێبە و هاوشێوەی ئەم کتێبە، لانیکەم لە قوتابخانە و بە تایبەتیش لای مامۆستایانی هونەر هەبێت، تاکو بتوانێت مەنهەجێکی دروست و پڕ لە زانیاری بۆ قوتابییەکانی ئامادە بکات و بە مێژوویەک پڕ چەکیان بکات، کە بۆ ئێستا و دواڕۆژیان سوودبەخش بێت و هاوکات پەیوەندی و پردێکیش لە نێوان ئێستا و ڕابردوودا هەڵبەستن، کە چیدی هەست بە بەتاڵی ژێرپێ و بەربوونە بۆ خەرەند نەکەن.

ناردن: