بانگهێشتی مێژوو لە ڕێی چیرۆکەوە خستنەڕووی کتێبی “میری کوردان”

خوێندنەوەی: سەردەم

ڕەنگە یەکێک لە خاڵە بنەڕەتییەکان کە لێیەوە بتوانین ئەم چیرۆکە درێژە بخوینینەوە، ئاشنابوون بێت بە ساڵانی دەوروبەری ئەو سەردەمەی کە تێیدا ڕووداوەکانی ئەم بەسەرهاتە ڕوو دەدەن، هاوکات خوێندنەوەی وردی دەسەڵاتی عوسمانی بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەم چیرۆکە لە گۆشەیەکی دیاریکراوەوە بۆی دەڕوانێ و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆی ڕووبەری چیرۆکەکە دەبینرێتەوە.

کتێبی “میری کوردان” لە نووسینی نووسەری ئیتاڵی کریستینا تریڤۆلچا دی بێلجوێزۆ ـ یە، وەرگێڕانی کتێبەکە لە زمانی ڕووسییەوە و لە لایەن وەرگێڕی بە سەلیقە و وردەکار شیروان مەحموود محەمەد ـ ەوە بە ئەنجام گەیشتووە. ژانری ئەم کتێبە وەک “چیرۆکێکی درێژ” هاتووەتە ناساندن و تێکڕای چیرۆکەکەش لە هەشت بەش پێکهاتووە، وێڕای پێشەکی و پاشەکییەک لە لایەن خودی وەرگێڕەوە، کە پێمان وایە بە هەردوو پێشەکی و پاشەکییەکە ئامادەسازییەکی گونجاو و بەرچاوڕوونییەکی چەسپاو بۆ خوێنەران دەخاتە بەردەست، لە پاڵ ئەوەدا کورتە ناساندێک لە شێوەی تێبینیدا، کە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ڕوسکی ڤێستنک نووسیویانە، هەیە، بەم ناوەرۆکە:

میری کوردان

چیرۆکی کریستینا تریڤۆلچا دی بێلجوێزۆ

خانمە شازادە، کریستینا تریڤۆلچا دی بێلجوێزۆ، لە ئاکامی چەند هەلومەرجێکی جۆراوجۆردا نیشتەجێی ئاسیای گچکە، نزیک شاری ئەنگۆرای دۆڵی یاک مات ئۆغلۆوە، دەبێت. لە درێژەی گەشتەکانیدا بەو ناوچانەی ژێر قەڵەمڕەویی ئیمپراتۆرییەتیی تورکیدا، هەلی بۆ ڕەخسابوو، لە نزیکەوە بە ژینگە و دابونەریتی خەڵکی ئەو ناوچانە ئاشنا ببێت و لێیان بکۆڵێتەوە. لە ژمارەی پارساڵی گۆڤاری Revue des deux Mondesدا چەند وتارێکی سەرنجڕاکێشی بڵاو کردوونەتەوە، لەژێر ناونیشانی “ژیانی نیشتەجێیانە و کۆچەریانە لە ڕۆژهەڵاتدا”. لە ژمارەی ئەمساڵی هەمان گۆڤاریشدا، چەند سەرگوزەشتە و چیرۆکێکی بڵاو کراونەتەوە، کە بەسەرهاتەکانیان لە ژیان و ژینگەی ئەو هۆزانەی ئاسیای گچکەوە وەرگیراون. ئەم چیرۆکەی ئێستا لەبەر دەستدایە، لە دوایەمین ژمارەی مانگی مارت و یەکەمین ژمارەی مانگی ئەپرێلی گۆڤارەکەدا، بڵاو کراوەتەوە.

دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ڕوسکی ڤێستنک

پێمان باشە بەر لەوەی بچینە سەر هەندێ خاڵ و وردبوونەوە لە چیرۆکی “میری کوردان”، ئاماژەیەک بۆ زمانی وەرگێڕ لەم کارەدا بکەین: شیروان مەحموود محەمەد وەرگێڕی “میری کوردان” یەک لەو وەرگێڕە بە توانایانەیە کە دوور لە هەرا و ژاوەژاو، بە بێدەنگی لە یەکێک لە زمانە هەرە زیندووەکانی دنیاوە وەرگێڕان دەکات، ئەویش زمانی ڕووسییە، هاوکات ئەم وەرگێڕە لە هەردوو زمانی سویدی و عەرەبیشەوە بە هەمان توانا و وردەکاری، دەتوانێت وەرگێڕان بکات و لەو دوو ڕووبەرەشدا، جێی دەستی دیارە. وەرگێڕ پێشتر چەند کارێکی هێجگار گرنگی کردوون بە کوردی، کە دەتوانین بەر لە هەموویان ئاماژە بۆ ڕۆمانی “مامۆستا و مارگرێتا” بدەین، کە لە نووسینی نووسەری ڕووس میخایل بۆکەگۆفە. لەم کارە نوێیەیدا، “میری کوردان”، شیروان مەحموود محەمەد بەوپەڕی وردبینی و کوردیزانی و داڕشتنی چڕ و شاعیرانەوە، دەقەکەی لە زمانی کوردیدا بەرهەم هێناوەتەوە. ئەم وردەکاریی و پڕ لە سەلیقەییەی وەرگێڕ کارێکی کردووە کە چیدی هەست نەکەین لە بەردەم دەقێکداین کە تەنیا ناوەرۆکەکەی گوازراوەتەوە، بەڵکو لە بەردەم دەقێکداین کە شێواز و شێوەسازیی نووسەرەکەی لە زمانی کوردیدا بەرجەستە کراوەتەوە، دواتر لەسەر شێوازی ئەم چیرۆکە چەند ڕستەیەک دەنووسین. ڕستەسازی، یەکێکە لە مەرجەکانی هەر نووسینێکی پەخشانییە کە نووسەر یان وەرگێڕ بتوانێت بە شێوەیەکی تۆکمە و دیوارئاسا، خشت لەسەر خشت، هەڵیچنێت و وا بکات کە ئێمە هەست بە بۆشایی و لێڵی و کەلێن و خواری نەکەین، پێمان وایە هەر خوێنەرێک کە دەست دەداتە خوێندنەوەی “میری کوردان” و باقی کارە وەرگێڕاوەکانی دیکەی ئەم وەرگێڕە ئازیزە، دەتوانێت شایەتحاڵی وەها زمانێکی بێت، کە بۆ زمانی کوردی جێگەی شانازی و ستایشە. “میری کوردان” چیرۆکێکی هەستبزوێن و لەبەر دڵانە، پێمان وایە چێژی ئەم چیرۆکە بێ هیچ دوودڵی و گومانێک، بەشە هەرە گەورەکەی و قورساییەکەی، بۆ زمانی وەرگێڕەکەی دەگەڕێتەوە، کە شیرین و بێ گرێ و گۆڵە، زمانێکە تووشی ساتمە و سەرسمت ناکات، خزۆک و خۆشڕەوە، هەم دەتوانێت چێژێکی بێئەندازە زۆرت بداتێ، هەم دەتوانێت کۆمەکت بکات کوردییەکی شکاو و شپڕێوت بۆ ڕێک و تەکووز بکات. ئێمە دەتوانین وەرگێڕانی ئەم چیرۆکە لە خانەیەکی سەرکەوتوودا دابنێین، وەک ئەدەبیات و وەک زمانەوانی، بۆی بگەڕێینەوە.

چیرۆکی “میری کوردان” باسی میرێکی کورد دەکات بە ناوی “مەمێد بەگ”ەوە، یان هەندێ شوێن وەک خان ناو دەبرێت، ئەم چیرۆکە لەسەر هێڵێکی ڕاستەوڕاست و یەک ئاراستە بەرەو پێشەوە دەچێت، بە واتایەکی وردتر: فۆرمی ئەم چیرۆکە یەک دەست و یەک پشووە، بێ هیچ هەڵبەز و دابەزێکی زەمەنی و شوێنی، چیرۆکێکە لە خاڵێکەوە دەست پێ دەکات، لەسەر هەمان خاڵ ململانێکان دەچنێت و دەیانباتە پێشەوە و لە گوزەری بەرەو پێشبردنی ڕووداوەکاندا، ئێمە سەرقاڵ دەکات بە خۆیەوە و کەسێتییەکانمان پێ دەناسێتنێت، یان بڵێین کەسێتییەکان لە ڕەوتی بەرەو پێشبردنی ڕووداوەکان و هەڵکشانی حاڵەتە درامییەکاندا، لەبەر چاومان خۆیان دەبن و شێوە و شوناس وەر دەگرن. ئەم چیرۆکە لە سەردەمێکی دیاریکراودا ڕوو دەدات، بەڵام هەوڵ دەدات کۆی زەمەنێک لە خۆیەوە بئاڵێنێ و دەورێک بە دەوری ئەو ڕووداو و پێشهاتانەدا بگێڕێت کە لەو سەردەم و زەمەنەدا بەرچاو و زاڵ بوون.

پێمان وایە چیرۆکی “میری کوردان” چیرۆکەکە چاوێکی ترە بۆ مێژوو، شایەتحاڵێکی ترە بۆ زەمان و زەمینێک کە تێیدا ململانێکان لە نێوان گەل و نەتەوە بندەستەکانی ئیمراپۆریەتیی عوسمانیدا لە چ دۆخ و گوزەرانێکدا بوون، هاوکات چاوێکە بۆ ئەو دووبەرکی و ناکۆکییە ناوخۆییانەی لەناو ئەو گەل و نەتەوانەدا هەبوون و هەمیشە سەرئەنجامەکەی بە سەرخستن و سەرکەوتنی عوسمانییەکان شکاوەتەوە و خستن و کەوتنیش بۆ خۆیان. “مەمێد بەگ” نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو دۆخەیە، ئەو لەناو هۆز و هاوزمان و نەتەوەکەی خۆیدا، بە شوێن چییەتیی دەسەڵات و فراوانکردنی ڕووبەری زەوی و کێڵگە و خێزانی خۆیەوەیەتی، دەیەوێ بیانپارێزێ و دووریان بخاتەوە لە هەر ستەم و دەستدرێژییەکی بابی عالی کە دەکاتە هەمان سوڵتانی عوسمانی. چیرۆکەکە بە گەپ و گاڵتەی ژنەکانی مەمێد لە دیوەخاندا دەست پێ دەکات، ژنانێک کە هەر یەکە سەر بە تیرە و هۆزێکن و تەنیا ژنێکیان کە هەر لە سەرەتاوە شاز و ناوازەیە بە بێدەنگییەکەی و ناوی حەبیبەیە. ئەم چیرۆکە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەڤینی لەدەستچوو و کەرامەتی لەدەستچوو و دەسەڵاتی لەدەستچووی مەمێد بەگ و حەبیبەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا زۆر چیرۆکی تر لە درێژەدا وەک لق و جۆگە و کانیاو دەڕژێنە ئەم ڕووبارەوە و ڕەوتی حیکایەتەکە، پانوپۆڕ و زووڵاتر دەکەن، ڕەنگە دروستتر بێت بنووسین: خەمگینتر و تاریکتری دەکەن.

زەمەنی ئەم چیرۆکە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیە، بە دروستی ١٨٥٦، ئەم زەمەنە زۆر گرنگە، دەتوانرێت لێیەوە زۆر ڕووداو هەڵگۆزتە بکرێت، ئێمە، ئەوانەی دەوری مێژووی کورد دەکەنەوە، دەزانن و ئاگادارن کە ڕێک لەو سەروەختەدا، لە پارچەیەکی دیکەی کوردستان، کە دەکاتە باشوور، ئیمپراتۆرییەتیی عوسمانی یەکێک لە میرنشینە هەرە گەورە و بەهێزەکان بۆ هەمیشە کۆتایی پێ دەهێنێت، کە ئەویش میرنشینی بابانە لە ساڵی ١٨٥٠دا، عوسمانییەکان لەو سەروەختەدا، لەوپەڕی هێز و دەسەڵاتدا بوون، بەردەوام و هەر ڕۆژە حکومڕانی قەڵەمڕەوەکەیان بەرین و بەرینتر دەکردەوە، تا دەهات پەلیان بۆ سنووری وڵاتانی تر و کیشوەران درێژ و درێژتر دەکرد، ئەم چیرۆکە ئەو کاتە نیشانگر دەکات، هەوڵ دەدات لە ڕێی هۆزێکی کوردەوە ئەو فراوانخوازییەی دەوڵەتی عوسمانی پێشان بدات، پێمان وایە خودی ئەم چیرۆکە لە زۆرێک لەو کتێبانە باشتر دەلالەت لە حاڵەتی دەسەڵاتخوازی عوسمانی و بندەستیی هۆز و گەلەکانی ئەو کاتە دەکات، ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی ئەم چیرۆکە بەیانی دەکات، هاوکاتی ئەو ترسەیە کە لە دێڕە درشت و فەرمییەکانی کتێبی مێژوودا بازیان بەسەردا دراوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک ئازار و ڕەنج و خەساری گەورە بوون بەژێر لێوەوە و نەدیتراون. چیرۆکەکە بە تەنیا چیرۆکی مەمێد و ماڵبات و هۆزەکەی و هەڵوەشانەوەی هەرێمەکەی نییە، بەڵکو نوێنەری بەشمەینەتانی ئەوکاتە، حیکایەتی مەرگ و دابڕان و تەنیاکەوتنە، سڕینەوەی شوناس و کەوتنی کەرامەتی ئینسان و لەبەینبردنی زمانی نەتەوەیەکە، کە بڕیارە بژێت و وەک مرۆڤ خەون و خولیاکانی ئەزموون بکات، چێژ لە جوانی سروشت و دەوروبەرەکەی ببات، وەک مرۆڤ ببینرێت و وەک مرۆڤ مامەڵەی لەتەکدا بکرێت. بەڵام ئەمە تەنها لە سنووری خەوندا دەمێنێتەوە، ساتێک دێت بە ساتی لێکدابڕان و لێکهەڵبڕان دەیناسین، ئەمە ئەو ساتەیە مەمێد لە خۆشەویستەکەی، لە حەبیبە، دەستی بەر دەبێت و دەمرێت، ئەمە هاوکاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەو قەوارەیە کە کورد لەو بەشە، لە باکوور خەریکە بونیادی دەنێت و بەردەوام تووشی نوشوستی و شکست دەبێتەوە، تا دەگات بە ئێستاش ئەم ڕەوتە لە هەوڵ و جۆشش و کۆشش بەردەوامە و هاوشانیش لەگەڵیدا نوشوست و شکستیش بەرەو ڕووی دەبێتەوە، خەبات و خوێنڕشتن لە بەری ئەم ڕەنجە دەڕوات، سەدەکان تێدەپەڕن و دۆخی کوردان وەک خۆیەتی، ڕەنگە تەنیا ئامێر و شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەکان بگۆڕدرێن، دەنا ڕوانینی سەردەستە بۆ کوردان هەمان ڕوانینی عوسمانییەکانە و بگرە بە زەبرتر و توندتر.

چیرۆکی “میری کوردان” لە چاوی کەسێکی ڕۆژئاواییەوە دەبینرێت، وەرگێڕ لە پاشەکیدا ئاماژە بۆ چەند خاڵێکی گرنگ هاوپێچ بەم باسە دەدات و پێویست نییە لێرەدا بگوترێنەوە، بەڵام دیوێکی تری ئەم باسە پێمان وایە دەبێت بگوترێ، ئەویش لە پاڵ ئەو چاوە پێوەرییەی ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵات هەیەتی، هەندێ بایەخ جێکەوتە دەبن کە ڕەنگە بۆ ئێمەی کوردان، لە بایەخیش زیادتر بن. لای هەمووان ئاشکرایە کە کردەی میژوونووسیی ئێمە کردەیەکی خاو و درەنگ کەوتووە، سەدان ڕووداوی گەورە بەسەر ئێمەدا هاتووە کە لەو سەردەمان و زەمانانەدا هیچ مێژوونووسێکمان نەبووە وەک خۆی تۆماریان بکات، لەم ڕووەوە ئێمە بەردەوام لە قەیرانی تۆمارکردن و دیکۆمێنتکردنی ڕووداوەکاندا ماوینەتەوە، ئەو بەڵگانەی کە دەبوو هەبن و بۆ ئەمڕۆمان بەرچاوڕوون بن، نین، بۆیە قسەکردن لە مێژووی ئێمە لە سەدەکانی پێشوودا، هەمیشە قسەکردنێک بووە نزیک بە گۆترەکاری و قەبڵاندن، یەکێک لەو خاڵانەی کە یارمەتیدەر بووە بۆ مێژووناسانی ئێمە و وەک بەڵگە و دیکۆمێنت بۆی گەڕاونەتەوە، ئەو نووسراو و کتێب و وتارانەیە کە ڕۆژهەڵاتناسەکان دەربارەی ئێمە نووسویانە، دیارە نابێت ئێمە هیچ کات بە چاوێکی ئەمین و پاکەوە لەو نووسراوانە بڕوانین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین لە نێوان دێڕەکانیاندا زۆرێک لەو مێژووە کە وەک ئاردی بن دڕک پەرش و بڵاو بووەتەوە، خڕ بکەینەوە. بۆ نموونە: کاتێک ڕیچ سەفەری کوردستان دەکات، کتێبەکەی بە کوردی بەردەستە و سەرناوی “گەشتەکەی ڕیچ بۆ کوردستان ١٨٢٠”ی لەسەرە، ئەم کتێبە لە لایەن هەردوو وەرگێڕ: محەمەد حەمەباقی و مینەوە کراوە بە کوردی، ئێمە لە خوێندنەوەی ئەم کتیبەوە دەتوانین زۆر وردەکاری ئەو کاتەی کوردستان و خەڵکەکەی بزانین، بۆیە دەبینین توێژەران و لێکۆڵیاران بەردەوام بۆ ئەم کتێبە دەگەڕێنەوە و وەک سەرچاوەیەکی گرنگ و یەکەمین بەکاری دەهێنن، یان گەشتەکەی مێجەر سۆن لە سەرەتای سەدەی بیستدا، کاتێک بە تورکیا و ئێراندا دێتە کوردستان و ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و فێری زمانی کوردی دەبێت، مێجەر سۆن بە شێوەیەکی سەرسووڕهێن لە داب و نەریت و شێوازی جلوبەرگ و خانووسازی و باری ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کوردی دەنووسێت، زۆر بە وردی لە ئایینزا و شێخایەتی و ململانێی نێوان چینەکانی ئەوکاتی کۆمەڵگەی کوردی، دەدوێت. ئەم کتێبەش لە تەنیشت دەیان کتێبی ترەوە، وەک “تورک، عەرەب و کورد”ەکەی ئەدمۆنس، بوون بە ژێدەر و سەرچاوەی سەدان باس و لێکۆڵینەوەی کوردناسیانە و کولتووریانە. لێرەدا گرنگی ئەم کتێبەش “میری کوردان” دەر دەکەوێت، پێمان وایە لە پاڵ ئەو ڕوانینە نەرێنی و نیازمەندانە خراپەی نووسەرەکەیدا بۆ کوردان، کە وەک کەسانی شەڕانگێز و کێوی دەیانناسێنێت، دەتوانرێت زۆر شتی تر سەبارەت بە ڕەوش و ڕەوشتی کوردان لەم چیرۆکەشدا ببینینەوە، هەر ئەمەش کارێکی دەکات کە دیسان کتێبەکە لە دەرەوەی ئەدەبیات، بتوانت چاوی توێژەرانیش بە شوێن خۆیدا بکێش بکات، پێمان وایە بۆ کەسانێک کە بە شوێن بابەتی کوردناسی و لێکۆڵینەوەن لەو بوارەدا، ئەم کتێبە “میری کوردان”، دەتوانێت ببێتە گەنجینەیەک، کە پەلکێشی دنیایەی وردتر و هەستیارتریان دەکات، سەبارەت بە کورد و ئەو بارە ڕامیارییەی ئەو سەروەختەی کوردان تێیدا ژیاون.

بە تەنیشت ئەم کتێبەوە، کتێبێکی تر، کە ئەویش هەر لە خانەی ئەدەبیاتدا پێشکەش کراوە، دەتوانێت زۆر خاڵی هاوبەش بدۆزرێتەوە لە نێوانیان، ئەو کتێبەش “گەشتێکی سەرەڕۆیانە بە کوردستاندا”یە، ئەم کتێبە لە نووسینی نووسەری ئەڵمانی کارڵ ماییە و نووسەر و وەرگێڕی لێزان و بە توانا نزار سابیر کردوویەتی بە کوردی، هەردوو کتێب “میری کوردان” و “گەشتێکی سەرەڕۆیانە بە کوردستاندا” لە چاوی دوو ڕۆژیاواییەوە بۆ کوردەکانیان ڕوانیوە، بێگومان هەردووکیشان لە زۆر جێدا ئەو چاوەیان کاراترە کە نەرێنییە و کوردان وەک کەسانی شەڕەنگێز و یاخی و دوور لە شارستانی دەبینن، لەگەڵ ئەوەشدا وەک گوترا دەتوانرێت زۆر خاڵی جەوهەری و ئەرێنی، کە ڕەنگە هیچ کات بۆ ئەو ڕۆژئاواییانە گرنگ نەبووبێت، ببینینەوە، کە دیسان ئەم وێنە نیشاندانەوەیە لە غیابی نەنووسینەوەی مێژوودا گرنگی و بایەخێکی زۆری بۆ دنیای ئێمە هەیە و باشتر دەتوانین وێنای خۆمان بکەین لەو سەردەمەدا.

شەپۆلی وەرگێڕان لەمڕۆدا، لە ناوەندی ڕۆشنبیری کوردیدا، لە چالاکترین بوارەکانە، بە داخەوە ئەم شەپۆلە لە زۆر کاتدا سەرلێشواوانەیە و ناتوانێت وەک پڕۆژەیەک بێت بۆ مەعریفەی کوردی، بەڵکو هەندێ جار و لای هەندێک وەرگێڕ تەنیا بە خاتری درێژکردنەوەی لیستی کتێبە چاپکراوەکانیەتی، ئەمەش بە تایبەت لەو کتێبانەدا خۆی دەبینێتەوە کە ناتوانن ڕوانین و دیدگایەکی نوێ بدەن بە خوێنەران و ڕۆشنبیرانی کورد. وەرگێڕان بەرپرسیارێتییە و ئەو بەرپرسیارێتییەش لە پلەی یەکەمدا خودی وەرگێڕە، وەرگێڕیش لەو شوێنەدا دەتوانێت بۆمان بسەلمێنێت کە وەرگێڕان بۆی تەنیا گواستنەوە و ژمارە زیادکردنی کتێبە چاپکراوەکانی نییە، کە دەست بۆ کتێبانێک ببات خزمەت بە دنیای ئێمە بکەن. پێمان وایە وەرگێڕی “میری کوردان” لەو وەرگێڕانەی کوردە کە بە ئەمانەت و بەرپرسیارێتییەوە دەست بۆ ئەو کتێبانە دەبات و هەڵیاندەبژێرێت بۆ وەرگێڕان، ئەگەر خوێنەر ئەو پێشەکییە کورتە بخوێنێتەوە کە شیروان مەحموود محەمەد بۆ “میری کوردان”ی نووسیوە، ئەوەی کە چۆن سەرەتا بەرگی کتێبەکە و دواتر ناوەرۆکەکەی سەرنجیان ڕاکێشاوە و پاشتر بڕیاری وەرگێڕانی داوە، تێدەگات کە ئەم وەرگێڕە ئازیزە چەند بە تەنگ زمانی کوردی و کتێبخانەی کوردییەوەیە. هەر لێرەوە پێشنیاری خوێندنەوەی ئەم کتێبە چکۆلە، بەڵام هێجگار ناوازەیە بۆ خوینەرانی کورد دەکەین، هیواداری بەردەوامی و بەخششی لەم چەشنەش بۆ وەڕگێڕی “میری کوردان”.