ئەشکەنجەی سپی چیرۆکی تراژیدیی ژنانی ئێران دەگێڕێتەوە

Loading

ڕانانی: ئیدریس عەلی

ئەم کتێبە (چیرۆکی سپی) هەوڵێکی مەیدانییە بۆ ئاشکراکردن و پەردەهەڵماڵین لەسەر ئەو تاوان و ئەشکەنجە دەروونی و جەستەییانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە ژنان و کچان، چالاکوان و سیاسییانی ئەو وڵاتە دەیکات، نێرگز محەمەدی نووسیویەتی و لە لایەن خاتوونی وەرگێڕ (ڕووناک شوانی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

کتێبەکە بە سروشتی خۆی کراوە بە دوو بەشەوە، بەشێکیان کورتەیەکە لە بیروەرییەکانی خودی نێرگز لە زیندانەکانی ئێران، چیرۆکی ئازار و ئەشکەنجە دەروونی و جەستەییەکانی خۆی دەگێڕێتەوە بە دەستی پارێزەرانی دەسەڵاتە تاریکپەرسەتەکەی ئێران، نێرگز خەمێکی گەورە و ئینسانی بەرهەڵدا کردووە لەم کتێبەدا، باس لەوە دەکات کە چەندین جار لە بەرچاوی مێرد و دوو منداڵەکەی، لە ماڵەکەی خۆیدا پەلکێشی زیندانیان کردووە، لێرەدا وەک دایکێک، وێڕای ئازار و نەخۆشییەکانی خۆی، بیر لە دووری خۆی دەکاتەوە لە منداڵەکانی، هاوکات وێنەی ژنێکی ئازامان پیشان دەدات کە چۆن مۆمی تەمەنی جوانیی خۆی لە ژوورە ئینفرادییەکانی زینداندا هێدی هێدی دەسووتێنێ، ئەو بە جۆرێکی ئەوتۆ لە هونەری گێڕانەوەدا باس لە حاڵەتی خۆی و ژوورە ئینفرادییەکان دەکات، خوێنەر کتومت وا دەزانێت لەنێو ئەو ژوورانەدایە و ئەشکەنجە دەدرێت.

بەشێکی دیکەی کتێبەکە، گفتوگۆیەکی مەیدانیی نێرگز محەمەدییە لەگەڵ ژن و کچە زیندانییەکاندا، لەو چاوپێکەتنانەدا بەندکراوەکان لە زاری خۆیانەوە باس لە هۆکاری زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و شێوازی مامەڵەی نائینسانیی پیاوانی ڕژێم دەکەن لە زیندانەکاندا، لەو چاوپێکەوتنانەدا ئەوە ئاشکرا دەبێت کە هەر یەک لەو بەندکراوانە، تۆمەتی جۆراوجۆری ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی خراوەتە پاڵیان، بەڵام لە ڕاستیدا هەر یەک لەو کچ و ژنانە، کەسانی یەکسانیخواز، سیاسی، چالاکوان و میدیاکارن، یاخود کەسانێکن بە یاسا کۆنەپەرستانەکانی ئەو ڕژێمە نەیارن و خوازیاری ژیانێکی باشتر، ئازادیی و دادپەروەرین.

زانیارییەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە (نێرگز) لە یەك دەیەی ڕابردوودا ناوی خۆی وەكو یەكێك لە ڕاشكاوترین نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران ناساند، لە كاتێكدا ئەو پێشتر زیاتر وەكو چاودێریكارێكی دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران ناسرابوو.

خانم نێرگز محەمەدی. هەرچەندە تۆماری دەستگیركردنی لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو هەیە، بەڵام دەستگیركردنی لە ساڵی 2011دا وەكو جێگری سەرۆك ‌و وتەبێژی ناوەندی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، زیاتر بە خەڵكی ناساند.

نێرگز ئەندامی ڕێكخراوێك بووە كە لوتكەی چالاكییەكانی لە ناوەڕاستی 2000دا بوو، ئەم ڕێكخراوە ئەركی چاودێریكردنی دۆخی مافی مرۆڤ‌و بەرگریكردن لە تۆمەتباران ‌و زیندانیانی سیاسی لە ئێران لە ئەستۆ گرتبوو.

ناوەندی بەرگریكارانی مافی مرۆڤ كە شیرین عەبادی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2003 سەرۆكایەتی دەكات، بەر لە داخستنی ئۆفێسەكەی لە تاران، شوێنی كۆبونەوەی ژمارەیەك لە دیارترین پارێزەرانی مافی مرۆڤ بوو لە ئێران، لەوانە (عەبدولفەتاح سوڵتانی- محەمەد شەریف- محەمەد سەیف زادە- محەمەد عەلی دادخواە.)

خاتوو نێرگز هەر لەو سەردەمەدا لەپاڵ كاركردن لە ناوەندی داكۆكیكار لە مافی مرۆڤ، لە ئەنجومەنی نیشتمانیی ئاشتی وەكو سەرۆكی دەستەی كارگێڕی ئەنجومەنەكە كاری دەكرد ‌و پاشان بەشداری لە هەڵمەتی “هەڵوەشاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سزای لەسێدارەدان”دا كرد، كە بە “لگام” ناسرابوو.

بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا بە نیشاندانی هەڵوێستی وەكو “پێویستی تێپەڕاندنی حكومەتی كۆماری ئیسلامی‌و ستەمی ئایینی” هەروەها بانگەشەكردن بۆ “بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكان” ئاستی چالاكییەكانی لەناو ئێراندا توندتر كردەوە.

نێرگز محەمەدی، یەكێك لەو 15 چالاكوانە سیاسی‌و مەدەنییەی ئێران بووە كە پێیان وا بووە حكومەتی كۆماری ئیسلامی “چاكسازی پێ ناكرێت”‌و داوای ئەوەیان كردووە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكاندا ڕیفراندۆم لە ئێران بەڕێوە بچێت.

ئەو لە كانوونی دووەمی 2020دا، داوای لە خەڵكی ئێران كردووە وەكو ڕێزگرتنێك بۆ “خوێنی كوژراوانی خۆپیشاندانەكان” بەشداریی هەڵبژاردنەكان نەكەن.

نۆبڵی ئاشتی یەكەم خەڵات نییە كە نێرگز محەمەدی وەری دەگرێت، ئەو پێشتر چەندین خەڵاتی جیهانیی تری پێ دراوە، لەوانە خەڵاتی (ساخارۆڤ) لە ساڵی 2018دا، خەڵاتی (ئەلكساندەر لانگر) لە ساڵی 2009دا، خەڵاتی (رۆژی جیهانیی ئازادی ڕۆژنامەگەریی) لە 2016دا.

نێرگز لە نیسانی 1972دا لە زنجان لەدایكبووە، لە شارەكانی (كەرەج)‌و (قروە)ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان گەورە بووە، زانستی فیزیای خوێندووە، سەرەتای كاركردنی لەگەڵ گرووپە نیشتمانپەروەرە- ئاینییەكان دەست پێ كردووە. ئەو لە ساڵی 1999دا لەگەڵ (تەقی ڕەحمانی) چالاكی نیشتمانی- مەزهەبی ‌و زیندانكراوی سیاسی پێشوودا هاوسەرگیری كردووە‌ و بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە دوو منداڵی دوانەیە.

ئاغای ڕەحمانی هاوسەری نێرگز محەمەدی، لە ساڵانی دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە 1979دا، زیاتر لە 14 ساڵ ژیانی خۆی لە زینداندا بەسەر بردووە.

دوای چوونە دەرەوەی ئاغای ڕەحمانی لە ئێران ‌و مانەوەی نێرگز لە وڵاتدا، كە هاوكات بوو لەگەڵ دەستگیركردنیدا، ئیتر بارودۆخی دوو منداڵە دوانەكەیان چەندین جار بووە بە باس‌ و خواسی میدیاكان.

منداڵەكانی نێرگز محەمەدی، بەر لە زیندانیكردنی دایكیان، لە ئێران چوونە دەرەوە و گەیشتنە لای باوكیان لە فەڕەنسا، ئاغای ڕەحمانی چەندین جار گلەیی ئەوەی كردووە كە بەرپرسانی ئەمنیی ئێران، ڕێگری لەوە دەكەن نێرگز پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ منداڵەكانی ئەنجام بدات.

ئاغای ڕەحمانی، پێشتر لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ (یۆرۆنیوز) وتویەتی:” نێرگز محەمەدی هاوسەرم یەكێك لە چالاكوانانی مافی مرۆڤە كە ئێستا لە زینداندایە‌و پێشتر 7 ساڵ زیندانی بەسەر بردووە ‌و ئێستاش دەبێت 8 ساڵ‌و نیوی تر زیندانی بكێشێت، ئەو سەرباری ئەوەی لەناو زینداندایە، بەڵام پشتیوانی خەباتی گەلی ئێران دەكات‌ و ئەمە بە ئەركی خۆی دەزانێت. نێرگز ‌و زۆرێك لە چالاكوانانی مافی مرۆڤ ئێستا لە زینداندان، لەوانە (كەیوان سەمیمی، سەعید مەدەنی، مستەفا نیلی، حەسەن یونسی) ئەمانە هەموویان پارێزەر و كۆمەڵناسن كە لە زنیداندان. ببینن ڕووداوێكی گرنگ لە ناوخۆی ئێران روودەدات ‌و خەڵكی ئێران چارەنوسی هەموو شتێك دیاری دەكات، بەڵام پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ خەڵكی ئێران‌ و جوڵانەوەكەیان گرنگە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە خەڵكی ئێران بكات.

یەكەمین ئەزموونی زیندانكردنی خانم محەمەدی، بۆ نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، كاتێك خوێندكاری زانكۆ بووە، ئەو لە ساڵی 2000دا دوای دەستگیركردنی ژمارەیەك لە چالاكانی ئایینیی- نەتەوەیی لەناویاندا ئاغای رەحمانی هاوسەری، ئەویش بۆ ماوەیەك لە زیندانی 59ی سوپا لە (عەشرەت ئاباد) دەستبەسەر بووە.

خانم نێرگز محەمەدی، پاش ناڕەزایەتییەكانی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2009، سەرەتا چوونە دەرەوەی لێ قەدەغە كرا، دواتر و لە ئایاری 2010 دەستگیركراوە. دوای ئەوەی لە زیندان تووشی “گرژبوونی ماسولكەكان ‌و ئیفلیجبوون” هات، ئازادكرا.

لە نیسانی 2012 جارێكی تر نێرگز دەستگیر دەكرێتەوە، دەستگیركردنێك كە لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا دوای دەستنیشانكردنی دۆخی تەندروستی لە لایەن پزیشكەكانەوە، كۆتایی پێ هات.

لە ساڵی 2014دا، كاتێك كاترین ئاشتۆن، بەرپرسی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا، سەردانی تارانی كرد، نێرگز محەمەدی دیدارێكی لەگەڵدا كرد، ئەمە وای كرد جارێكی تر لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستگیر بكرێتەوە ‌و هەر لەو ساڵەدا لە پرۆسەیەكی دادگایكردندا كە دادوەر (سەلەواتی) سەرۆكایەتی دەكرد، بە (14 ساڵ) زیندانی حوكم درا، 10ساڵی حوكمەكەی لەسەر جێبەجێ كرا.

نێرگز كە حوكمەكەی لە زیندانی (ئەوین) بەسەر دەبرد، هاوسۆزی بۆ خێزانی ئەو كەسانە نیشان دا كە لە خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019دا كوژرا بوون، ئەمە وای كرد لە لە زیندانی (ئەوین)ەوە، بگوازرێتەوە بۆ زیندانی (زنجان) ئەو كات نێرگز باسی لەوە دەكرد لە كاتی گواستنەوەیدا ڕووبەڕووی لێدان بووەتەوە.

خراپیی دۆخی جەستەیی نێرگز لە زیندان، هۆكار بوو بۆ ئەوەی چەندین جار ڕەوانەی نەخۆشخانە بكرێت، سەرەنجام بە هۆی ئەوەی یاسای نوێی كەمكردنەوەی سزای زیندانی گرتییەوە، لە ئەیلولی 2020دا لە زیندان ئازاد كرا.

لە ئایاری 2021دا جارێكی تر بە تۆمەتی “پروپاگەندە دژی ڕژێم”‌و “یاخیبوون لە سەرۆك‌ و بەرپرسانی زیندان”‌و “شكاندنی پەنجەرەكان”‌و “ناوزڕاندن” حوكمی (80 شەلاق)‌و (30 مانگ) زیندانی بەسەردا سەپێندرا و ئەم حوكمەشی لە ئۆكتۆبەری 2021وە جێبەجێ كرا.

ناردن: