کتێبێکی گرنگ لە بارەی پەروەردەی پراکتیک
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە باشەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کتێبی (پەروەردەی پراکتیک)ە، بابەتی ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەی پەروەردەییە و لە لایەن یەکێک لە پسپۆر و شارەزاکانی بواری پەروەردە (خەلیل عەلی) نووسراوە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: ئاستەنگەکانی بەردەم پەروەردەی پراکتیک، ڕێگەکانی وانەگوتنەوە لە پەروەردەی پراکتیکدا، کاریگەری و ئامادەکارییەکانی پەروەردەی پراکتیک، وانەی پراکتیک و پەروەردەی هونەر، تایبەتمەندییەکانی بەکارهێنانی پەروەردەی هونەر وەک هۆکارێکی وانەگوتنەوە، متمانە و دڵنیایی مامۆستا بۆ قوتابی پێویستە، چۆن مامەڵە لەگەڵ پرۆگرامی پەروەردەی هونەردا بکرێت؟ فێرکاریی پراکتیکی و چەندین بابەت و ناونیشنای دیکە.
هەر وەک خودی نووسەری کتێبەکە ئاماژەی بۆ کردووە ئەم کتێبە کۆمەڵێک بابەت و چالاکیی گرنگ و هەستیاری پەروەردەی پراکتیک لە وانەی هونەر لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک شوێندا لەبری وشەی خوێندکار، دەستەواژەی مامۆستا، یان ڕاهێنراو بەکار هێنراوە، چونکە خوێندکار لە دوای وەرزی یەکەمی دوا قۆناغی خوێندن لە پەیمانگە، کۆلیجە بنەڕەتی و هونەرییەکان ئامادە دەکرێن بۆ سەردانیکردنی قوتابخانەکان و دەچنە ئاستی جێبەجێکارەوە، ئەوەش وا دەخوازێت خوێندکار وەک مامۆستا، یان وەک کادرێکی وانەی پەروەردەی هونەر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و مامۆستاش ئەرک و مافەکانی بزانێت و لەگەڵ هەڵنانی هەر هەنگاوێکی پراکتیکدا بەرچاوی ڕوون بێت: ئیدی ئەم کتێبە سودی دەبێت بۆ ئەو مامۆستایانەی ئارەزوو دەکەن زانیاری زۆرتر لە بارەی وانەی پەروەردەی هونەرەوە بزانن، بە تایبەت لە ڕووی پراکتیکییەوە. کەواتە ئەم کتێبە هەموو ئەو زانیارییە پێویستانە لەخۆ دەگرێت، کە پێویستن بۆ مامۆستایەکی ئامادەکراو بۆ ئەم پرۆسە گرنگ و پڕ بایەخە و ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر خودی مامۆستاکە، کە چەند دەتوانێت ئەو دڵسۆزی و پەرۆشی و زانیارییەی هەیەتی لەم پرۆسەیەدا بەکاری بهێنێت، هەروەها تواناکانی مامۆستاش پیشانی قوتابییەکان دەدات و لە هەمان کاتیشدا هێز و توانا شاراوەکانی قوتابییەکانیش دەخاتە گەڕ و لە کارێکی پڕاوپڕ هونەریدا بەکاریان دەهێنێت و توانا و کارامەییە شاراوەکانیان دەدۆزێتەوە و پیشانیان دەدات.
کتێبەکە ئەوەمان پێ دەڵێت کە پەروەردەی پراکتیک بریتییە لە ڕاهێنان و ڕاهێزان لە ڕێگەی خول، یان وانەی پراکتیکییەوە، تا وەرگر بە شێوەیەکی باش و پوخت زانیاری لەسەر بابەتی دیاریکراو بە شێوەیەکی راستەوخۆ وەربگرێت و ئەزموونی لەسەر بکات، جا ئەو زانیارییە پەروەردەیی بێت، یان هونەری، هەروەها بایەخی پەروەردەی پراکتیکی بۆ قوتابی ئەوەیە کە لەژێر چاودێریی کەسێکی دیرایکراو، یان شوێنێکی تایبەتمەند ئەو کارە ئەنجام بدات:
لە یەکێک لە بابەتاکانی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی (ئاستەنگەکانی بەردەم پەروەردەی پراکتیکی) نووسەر دەڵێت: لێرەدا پەروەردەی پراکتیک کۆمەڵێک چالاکیی فرەجۆری کردارەکی لەخۆ دەگرێت و لە ڕێگەیەوە کەسی ڕاهێنراو بە لایەنە جۆراوجۆرەکانی وانەکە، ئینجا هەنگاو بە هەنگاو لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن تێدەگات و پێی ئاشنا دەبێت، کە سەرەتا بە بینین و دواتریش وەک مامۆستایەک لەناو پۆلدا ڕەفتار دەکات و ئەرکەکانی سەرشانی جێبەجێ دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا پسپۆرانی پەروەردە جەخت لە گرنگی و بایەخی کردەوە زانیارییە تیۆرییەکانی ئەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەوا ناتوانێت بە تەواوی لە پرۆسەکە تێبگات.
پەروەردە پرۆسەیەکی ئاسانکاری فێربوونە، یان بەدەستھێنانی زانست و کارامەیی و بەھا و ڕەوشت و باوەڕ و خووە. ڕێگاکانی پەروەردەکردن بریتین لە فێرکردن، ڕاھێنان، چیرۆک، گفتوگۆ و توێژینەوەی ئاڕاستەکراو. پەروەردە کردن بە زۆری لەژێر ڕێنمایی پەروەردەکاراندا جێ بەجێ دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا فێرخوازان دەتوانن خودی خۆیان پەروەردە بکەن. پەروەردە لە ڕێکخستنە فەرمی یان نافەرمییەکاندا دەکرێت ئەنجام بدرێت و ھەر ئەزموونێک کە کاریگەری نوێکاری ھەبێت لەسەر بیرکردنەوە وەک ھەست، یان کردەوە لەوانەیە بە پەروەردە دابنرێت. زانیارییەکان لە بارەی پەروەردە و چەمکی پەروەردەوە پێمان دەڵێن پەروەردەکاری (میتۆدناسی) فێرکردن پێی دەوترێت پەروەردەدان (پێداگۆگی) خوێندنی فەرمی بە شێوەیەکی گشتی دابەش دەبێت بەسەر چەند قۆناغێک وەک: قۆناغی پێش فێرکردن یان باخچەی ساوایان و قوتابخانەی سەرەتایی و خوێندنگەی ناوەندی و پاشان کۆلێژ و زانکۆ یان فێرخواز. ھەندێک جموجۆڵ ھەیە بۆ چاکسازی پەروەردەیی، وەک باشترکردنی کوالێتی و کارایی پەروەردە بە ئاڕاستەی پەیوەندی کارپێکراو لە ژیانی قوتابیان و چارەسەرکردنی کێشەی کارامەیی نەوەکان لە کۆمەڵگای مۆدێرن، یان کۆمەڵگەی داھاتوو بە گشتی. بۆ دڵنیایی لە نەوەیەکی پەروەردەکراو بڕوانامە یان بەڵگەمافێک بۆ خوێندن لە لایەن ھەندێک لە حکومەتەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە داھێنراوە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ددانی پێدا نراوە. ھەروەھا لە زۆر ناوچە پەروەردەکردن بە ناچاری سەپێنراوە بەسەر نەوەکاندا.
ئەوەی کە لە خوێندنەوەی مێژووی جیهاندا بەرهەم دێت، ئەوەیە کە ئامانجەکانی پەروەردەیی کارێکی لێکۆڵینەوەییە، نەوەک خەیاڵی بێت. ئەم ئامانجەش لە ناو گەلان و کۆمەڵگە مرۆییەکاندا لە سەدەکان و قۆناغە جیاجیاکانی مێژوودا لێک جیاوازن:
لە چینی کۆندا ئامانجی پەروەردەیی ئەوە بوو کە سەرکردە و پیشەوا ئامادە بکەن کە شارەزای زانستی و ڕۆشنبیری کۆن بن، واتا ئەو ڕۆشنبیری و زانستەی کە پەیوەندی و بەستنەوەی تەواوی لەگەڵ کۆمەڵگای چینی کۆن هەبووە، دەیانویست تاکەکان وا پەروەردە بکەن کە خاوەن ڕەفتاری شایستە بن لە تەواوی کاروباری ژیاندا.
لە میسریش ئامانجی پەروەردە دەستەبەرکردنی کاهینەکان بووە، کە لە ناو ئەوانیشدا زۆرجار دادوەر، پزیشک، ئەندازیار، نووسەر، لەم بابەتانەدا دەبینرا، پاشان ئامانجی پەروەردە ئەرکێکی دنیایی لەگەڵ لایەنەکانی ئایین تێکەڵاو بوو، دنیایی لەو لایەنەوە بوو کە قوتابیانی لە هونەرە جیاوازەکاندا پەروەردە دەکرد تا ژیانێکی خۆشگوزەرانیان هەبێت و ئایینی بەو مەبەستەی لەسەر بنەمای خۆشەویستی خواکان لە ڕێگەی پەرستن و نزیکبوونەوە لێیان کار بکەن.
لە ئسپارت (ئەسپارتە) یان لاکدیمون، شارێکی بەناوبانگی کۆنە دەکەوێتە نیوە دوورگەی مورە لە یۆنان، ئامانجی پەروەردە سنووردار کرابوو لە پەروەردەکردنێکی ئازادیی پیاوانەدا کە تایبەت بوو بە پەروەردەکردنی ئەو پیاوانەی لە مەیدانی شەڕدا خاوەن هێز و لە قسەکردن و وتارداندا ڕەوان بن، دیارە کە ژیانی مرۆڤ ئەو جۆرە ئامانجەی دەویست.
لە ئەورووپادا ئامانجی پەروەردەی ئەوان ئەفراندنی ئازایەتی بوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسا و ڕێزلێنانی ئازادیی مەرام و بیروڕای باش، هەڵسوکەوتی پەسەندکراو، بە تایبەتی لەگەڵ ئەو خانمانەدا کە دەبوو ئامانجی پەروەردەی ئەوانە بۆ چینێکی تایبەت ئەژمار بێت.
لە ژاپۆنی سەردەمی هاوچەرخدا، مەبەست لە پەروەردە، پەروەردەکردنی فەرمانبەر و کارمەندانی پەیوەندیدارە بە دەوڵەت لە ڕێگای پەروەردەی سۆزی ئەوانەوەیە کە جاروبار لە بارەی زانست و زانیارییەوە سوودی ئەوانە بە دەوڵەت بگات. تەواوی بنکە زانستییەکان و کارگەکان و بەرنامەی ژیانی ژاپۆنی بۆ ئەم ئامانجە ئاڕاستەکراوە، کە ئامانجەکەی ئەو گەشە و پێشکەوتنەی ژاپۆنە.
ئامانجی پەروەردەیی هەر گەلێک، کە بەرنامەکانی دەوڵەت پەسەند بکات و بۆ جێبەجێکردنی هەوڵ بدات ئەوەیە، کە لە قوتابخانەکان، زانکۆکان، کۆنفرانسە گشتییەکان، سینەماکان، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان و هەموو جۆرە هۆکارێکی پەروەردەیی تردا ئامادەی دروستکردنی کەسانێک بن، کە بۆ بەرنامەکانی دەوڵەت، وەفاداری دەربڕن.
لە ڕاستیدا ئەم ڕانانە تەنیا هەوڵێکە گچکەیە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی کتێبەکە، دەنا خودی کتێبەکە زۆر لەوە بە بایەختر و گرنگتر و فراوانترە، بێگومان بەهای ئەم کتێبە چ بۆ خوێندکار و چ بۆ مامۆستا ئێجگار زۆرە و دەتوانن وەک سەرچاوەیەکی پڕ لە زانیاری بەکاری بهێنن بۆ ئەوەی ڕۆشنبیریی پەروردەییان فراوانتر بێت، تا بزانن لە داهاتوودا کە ئەرکی پەروەردەیی دەگرنە ئەستۆ چۆن مامەڵە لەگەڵ دنیای پەروەردە و فێرکردندا بکەن.