ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار سه‌لمان روشدی ئەو کەسە دەبینێت کە هەوڵیدا بیکوژێت
ئاماده‌كردنی سه‌رده‌م
ئەمڕۆ سێ شه‌ممه 11ی شوباتی 2025، وا بڕیاره سه‌لمان ڕوشدی له دادگا، چاوی به‌و كه‌سه ده‌كه‌وێت كه پێش نزیكه‌ی سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، به چه‌قۆ په‌لاماری دا و بووه هۆی برینداربوونی و له‌ده‌ستدانی چاوێكی.
له ئێستادا ڕوشدی ته‌مه‌نی 77 ساڵه، ئێواره‌ی 12ی ئابی ساڵی 2022، له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه زیاد له ده چه‌قۆی لێدرا و بووه هۆی برینداربوونی قوڕگ و ده‌ست و سنگی و له‌ده‌ستدانی چاوێكی. ئه‌و كه‌سه ناوی هادی مه‌تر بوو، هاوڵاتییه‌كی ئه‌مریكی به ئه‌سڵ لوبنانییه و پێش 26 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ویلایه‌تی نیوجه‌رسی له‌دایكبووه.
هادی مه‌ته‌ر دوای تێپه‌ڕبوونی 34 ساڵ به‌سه‌ر فه‌تواكه‌ی خومه‌ینی ڕابه‌ری شۆڕشی ئێران، ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجامدا. ئاشكرایه خومه‌ینی له 14ی شوباتی ساڵی 1989، به ده‌ركردنی فه‌توایه‌ك خوێنی سه‌لمان ڕوشدی حه‌ڵاڵ كرد، بۆچی؟ چونكه گوایه ئه‌و ڕۆماننووسه له ڕۆمانه‌كه‌یدا “ئایه‌ته شه‌یتانییه‌كان”، سوكایه‌تی به ئیسلام كردووه. ئه‌مه له كاتێكدایه ئێران له ساڵی 1998، واته نۆ ساڵ دوای ده‌ركردنی فه‌تواكه، ئه‌و فه‌توایه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و ڕایگه‌یاند چیتر پشتگیری ناكات.
له دادگاكه‌ی ئەمڕۆ، داواكاری گشتی پلانی ئه‌وه‌ی هه‌یه سه‌لمان ڕوشدی وه‌ك شایه‌دحاڵێك بانگهێشتی دانیشتنه‌كه بكات. پێشتر ڕوشدی له كتێبێكیدا به ناونیشانی “چه‌قۆ” كه ساڵی ڕابردوو (واته ساڵی 2023)، بڵاویكرده‌وه، باس له ساته‌وه‌ختی هێرشه‌كه و هه‌وڵه‌كه‌ی هادی مه‌تر بۆ كوشتنی ده‌كات. به‌ڵام پارێزه‌ره‌كه‌ی مه‌تر ئه‌و تۆمه‌ته ڕه‌تده‌كاته‌وه و باس له‌وه ده‌كات هادی نیازی كوشتنی روشدی نه‌بووه.
به پێچه‌وانه‌ی وته‌كانی پارێزه‌ره‌كه‌ی هادی مه‌تره‌وه، ئه‌وانه‌ی له‌و كاته‌دا له‌سه‌ر سه‌كۆی سیمیناره‌كه بوون، باس له‌وه ده‌كه‌ن هادی به نیازی كوشتن په‌لاماری ڕوشدی داوه. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی سه‌ر سه‌كۆكه نه‌بوونایه كه توانیان مه‌تر ده‌ستگیر بكه‌ن، ئه‌وا به ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه، هه‌نووكه ئه‌و ڕۆماننوسه، ماڵئاوایی یه‌كجاره‌كی له ژیان كردبوو. ئه‌وان توانیان له‌سه‌ر سه‌كۆكه مه‌تر قۆڵبه‌ست بكه‌ن، تا ئه‌و كاته‌ی پۆلیس هات و ده‌ستگیریان كرد و بردیان بۆ زیندانی Chautauqua . دواتر پۆلیس له ناوچه‌ی Fairview له ویلایه‌تی نیوجه‌رسی، چوونه سه‌ر ماڵه‌كه‌ی، مه‌تر له‌و ماڵه‌دا له‌گه‌ڵ دایكی و دوو خوشكه جمكه‌كه‌ی ده‌ژیا.
باوكی هادی كه ناوی حسێنه، له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، له گوندی “یارون” له باشوری لوبنانه‌وه، به‌ره‌و ئه‌مریكا كۆچده‌كات، ساڵی 2004 له هاوسه‌ره‌كه‌ی جیاده‌بێته‌وه و به ته‌نها هه‌ر خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لوبنان. دواتر هادی مه‌تر ساڵی 2018 سه‌ردانی باوكی ده‌كات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دێت بۆ لوبنان و ماوه‌ی مانگێك لای باوكی ده‌مێنێته‌وه. سه‌باره‌ت به‌م سه‌ردانه دایكی هادی ده‌ڵێت: “دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هادی ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی گۆڕابوو”.
سیلڤانا فیردۆس كه دایكی هادی مه‌تره، به لێكۆڵه‌رانی FBI وتووه: “مه‌تر له دوای ئه‌وه‌ی له لوبنانه‌وه گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌مریكا، له ژورێكی نهۆمی خواره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌دا، خۆی حه‌پسكردبوو، خۆی خواردنی بۆ خۆی دروست ده‌كرد، له‌گه‌ڵ ئێمه زۆر قسه‌ی نه‌ده‌كرد، بگره ده‌ستیكرد به گله‌یی و سه‌رزه‌نشكردنی من، چونكه وه‌ك موسڵمانێك به شێوه‌یه‌كی تووند په‌روه‌رده‌م نه‌كردووه”.
یه‌كێك له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هادی مه‌تر كردووه، لێی ده‌پرسێت: “ئایا ڕۆمانی ئایه‌ته شه‌یتانییه‌كان”ت خوێندووه‌ته‌وه؟ له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌ڵێت: “هه‌ندێك لاپه‌ڕه‌یم خوێندووه‌ته‌وه، هه‌مو كتێبه‌كه‌م به ته‌واوه‌تی نه‌خوێندووه‌ته‌وه”. هه‌روه‌ها باس له‌وه ده‌كات له ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه، به‌وه‌ی زانیوه نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه، له چالاكییه‌كانی ڤیستیڤاڵی “چوتۆكوا” له باكوری نیویۆرك و له ئێواره كۆڕێكی ڕۆشنبیریدا، قسه له‌سه‌ر ئازادییه‌كان ده‌كات. بۆیه بڕیار ده‌دات بڕوات بۆ ئه‌و ڤیستیڤاڵه و به سزای خۆی بگه‌یه‌نێت و بیداته‌به‌ر چه‌قۆ.
سه‌لمان ڕوشدی له كتێبه‌كه‌ی به ناونیشانی “چه‌قۆ”، ئاماژه بۆ حاڵه‌تێكی له‌وجۆره ده‌كات و سیناریۆی ئه‌وه‌ی به خه‌یاڵدا هاتووه، له سیمینار یان پانێڵ یا كۆڕبه‌ندێكی گشتیدا، گه‌نجێك بێت و هه‌وڵی كوشتنی بدات، له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “له‌به‌ر ئه‌وه كاتێك له‌سه‌ر سه‌كۆكه، ئه‌و گه‌نجه‌م بینی به‌ره‌و ڕووم دێت، یه‌كه‌م شت به خه‌یاڵمدا هات، ئه‌وه بوو بڵێم: كه‌وته ئه‌و كه‌سه تۆیت، تۆیت. بیرۆكه‌ی دووه‌م كه هه‌ر له‌وێدا به‌خه‌یاڵمدا هات، ئه‌وه‌بوو كاتێكی زۆر تێپه‌ڕیوه، بۆچی دوای ئه‌و هه‌مو ساڵه، ئێستا ئه‌مه ڕووده‌دات؟ ئاخر به دڵنیاییه‌وه جیهان پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینی بوو، بابه‌ته‌كه‌ش داخرابوو”.
ڕوشدی له كتێبه‌كه‌یدا، له‌سه‌ر وته‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: “له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، گه‌شتیارێكی نێو زه‌مه‌ن، تارماییه‌كی بكوژ كه له ڕابردووه‌وه هاتبوو، زۆر به‌خێرایی نزیكبوه‌وه”.
ئه‌ڵبه‌ته ئه‌و تارماییه جگه له هادی مه‌تر، كه‌سێكی دیكه نه‌بوو، ئه‌و به‌نێو ئه‌و هه‌مو ساڵه‌دا هات و فه‌توایه‌كی جێبه‌جێ كرد كه نه خاوه‌نی فه‌تواكه له ژیان ماوه و نه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران له‌گه‌ڵ جێبجێكردنی بوون و كاركردنیان به فه‌تواكه هه‌ڵوه‌شاندبوه‌وه.
له ئێستادا ئه‌و هاوڵاتییه ئه‌مریكی لوبناییه، سێ تۆمه‌تی ڕوبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه كه بریتین له‌مانه: پشتگیریكردنی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بیانی، ئاماژه‌یه بۆ حزبوڵڵای لوبنانی، هه‌وڵی كوشتن و هه‌وڵی ده‌ستدرێژیكردن كه سزاكه‌یان نزیكه‌ی 25 ساڵ زیندانییه.