گفتوگۆ لەگەڵ وەرگێڕی رۆمانی من گڵۆپەکان دەکوژێنمەوە

Loading

دیمانەی: ئیدریس عەلی

ڕۆمانی (من گڵۆپەکان دەکوژێنمەوە) لە لایەن ژنە نووسەرێکی ئەرمەنیی وڵاتی ئێران (زۆیا پیرزاد) نووسراوە، خانمە وەرگێڕی کورد (شادی نیکخا) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لەم دیدارەدا لەگەڵ خاتوو شادی، باس لە دنیای ڕۆمانەکە و پێگەی ئەدەبیی نووسەرەکەی دەکەین.

سەردەم: چۆن بوو بیرت لە وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە (من گڵۆپەکان دەکوژێنمەوە) کردەوە و گرنگیی ئەم ڕۆمانە چییە بۆ خوێنەری کورد؟

شادی نیکخا: من بۆ هەر وەرگێڕانێک، چ کتێب بێت یان وتار، شیعر، کورتەچیرۆک، یان هەر بابەتێکی تر، شتێک هەڵدەبژێرم کە خۆم سەرەتا چیژم لە خوێندنەوەی وەرگرتبێت و پێوەندییەکی باشم لەگەڵی دروست کردبێت. هەڵبەت وەرگێڕانی تریشم هەبووە کە لەسەر داواکاریی کەس، یان ناوەندێک بووبێت، بۆ ئەوانیش هەوڵ دەدەم تا ڕادەیەک تێکەڵ ببم لەگەڵ ناوەرۆکەکەیان. ئەم ڕۆمانە یەک لەو ڕۆمانانە بوو کە بە تایبەتی زمانەکەی و دنیا ژنانەکەی زۆر ڕایکێشا بووم. بەڵام هۆکارەکە تەنیا حەز و سەلیقەی شەخسیی خۆم نەبوو. ئەم ڕۆمانە لە ئێران و دەرەوەی ئێرانیش دەنگی داوەتەوە و هەر ئەو کاتیش پێشوازییەکی زۆری لێ کرابوو. تا ئەو کاتەی من وەرمگێڕا، واتە ساڵی (٢٠١٣) چەندین جار چاپ کرابووەوە و چەندین خەڵاتیشی لە ئێران و دەرەوەی ئێران وەرگرتبوو. هەروەها ئێستا کە ئەم گفتگۆیە دەکەین، ئەم کتێبە لە تازەترین چاپیدا کە ئەم زستانە بوو، گەیشتووەتە چاپی (121) ەم، لە ئێراندا. ئەمە خۆی شایەتیدانێکە لەسەر ئەوەی ڕۆمانێکی سەرکەوتووە.

سەردەم:  دنیای نێو ڕۆمانەکە چییە و ڕووداوەکانی باس لە چی  دەکەن؟

شادی نیکخا: ڕۆمانەکە گێڕانەوەیەکی سادەیە بە زمانێکی سادە، لە ژیانی سادەی ڕۆاژنە، بیرکردنەوە و پەیوەندییەکانی ژنێک بە ناوی کلاریس، لە پێگەی هاوسەر، دایک، کچ و خوشک و دراوسێدا. واتە بەم تێڕوانینەوە، دەتوانین بڵێین شتێکی ئاساییە و هیچ ماجەرا و پاڵەوانێکی سەیر و سەمەرە و نائاسایی تێدا نییە. کەواتە ئەی نهێنیی سەرکەوتن و پڕخوێنەربوونی ئەم ڕۆمانە چییە؟ ئەمە پرسیارە سەرەکییەکەیە. ئەسڵەن ئەم کتێبە تابۆیەک کە شکاندوویەتی، ئەمەیە کە بۆچی ژیانی سادە و ئاسایی و ڕۆژانەی ژنێکی ناوماڵ، گرنگیی پێ نەدرێت؟ بۆچی ڕۆڵی ژنی ماڵەوە و ئەو ئەرکانەی هەیەتی، ئەو کەڵکەڵە و ململانێیانەی ڕۆژانە لەگەڵیان دەستەویەخەیە، وەکو ڕووداو و چیرۆک سەیر نەکرێن؟ هەڵبەت لە بیرمان نەچێت، ئەم ژنە، ژنێکی خاوەن بیرکردنەوە و خوێندنەوە و زیرەکە.

زۆیا پیرزاد، هاتووە هەر ئەم شتە سادانەی  بە زمان و ڕیتمێکی سەرنجڕاکێش، کردووەتە دەستمایەی چیرۆکێکی گرنگ کە ڕەنگە یەکەم نووسەر بووە ئەمەی کردووە. ئەمە لە ڕووە گشتییەکەیەوە. لە ڕووە تایبەتەکەیشەوە، خوێنەر لە دووتوێی ئەم بەسەرهاتەدا، لە گۆشەنیگای ئەم ژنەوە، ئاشنا دەبێت بە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و تا ڕادەیەکیش سیاسیی ئێران لە دەیەی چلی هەتاویدا. هەروەها ئاشنا دەبێت بە مێژوو و ژیان و کولتووری تایبەتی ئەرمەنییەکانی ئێران. لە ڕەهەندی دەروونزانییەوە، زۆر بەوردی کار کراوە لە سەر دروستکردنی  کاراکتەرەکانی. ئەوجا لە ناوەڕاستی ڕۆمانەکەوە، عەشقیش خۆی دەردەخات، هەڵبەتە عەشقێکی تاکلایەنەی شاراوەی بێ ئەنجام. بەڵام ڕیتمێکی جیاوازتر و ئاڵۆزتر دەداتە هەم کەسایەتیی سەرەکی و هەم ڕەوتی گێڕانەوەکەش، کە خوێنەر تا کۆتایی بە دوای خۆیدا پەلکێش دەکات.

سەردەم: پێگەی نووسەری ئەم ڕۆمانە لە چ ئاستێکدایە و ناوبانگی لە نێوەندی ئەدەبیی ئێرانیدا لە چ ئاستێکدایە؟

شادی نیکخا: وەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد، ئەوەی کە ئەم ڕۆمانە بە فارسی تا ئێستا گەیشتووەتە چاپی سەد و بیست و یەکەم، خۆی دەرخەری پێگەی ڕۆمانەکە و بێگومان نووسەرەکەشیەتی. خاتوو زۆیا کە نووسەرێکی ژن و سەربە کەمینەی ئەرمەنییە، هەردوو ئەم تایبەتمەندییانەی، بە تایبەتی ژنبوونەکەی، لە نووسینەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە و بە هەق دەتوانم بڵێم نوێنەرایەتیی ئەدەب و زمانی ژنانە دەکات لە ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێراندا. خاوەن خەڵاتی “لۆژیۆن دۆنۆر”ی فەڕانسەیە (2015)کە بە نازناوی شۆڤالیەی ئەدەب و هونەری فەڕەنساش دەناسرێت. نازناوێکی ئەدەبیی گەورەیە لە ئاستی جیهانیدا. هەر لە فەڕەنسا لە ساڵی (2018) خەڵاتی “کوریە ئینتەرنەسیناڵ”ی، پێ بەخشراوە، کە خەڵاتێکی ئەدەبیی تایبەتە بە کتێبە بیانییە وەرگێڕدراوەکان لەو وڵاتەدا.

لە ناوخۆی ئێرانیش بۆ ڕۆمانی “من گڵۆپەکان دەکوژێنمەوە” چەند جارێک بووەتە براوەی کتێبی یەکەمی ساڵ، هەروەها براوەی خەڵاتی ئەدەبیی گوڵشیری (2001) و خەڵاتی ئەدەبیی یەلدا (2001)‌ ‌شە. فیلمی (بە هیمن سادگی، بە واتای هەر ئاوا سادە) لە دەرهێنانی ڕەزا میرکەریمی، لەم ڕۆمانە وەرگیراوە. ڕۆمانەکە بە چەندین زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراوە و لە وڵاتانی دیکەش زۆر پێشوازیی لێ کراوە. گەرچی ئەم ڕۆمانەی کە یەکەم ڕۆمانی درێژی زۆیا پیرزاد بوو، پڕفرۆشترین و بەناوبانگترین کتێبی نووسەرە، بەڵام کتێبەکانی تریشی پێشوازیی زۆریان لێ کراوە و بە زمانەکانی تریش وەرگێڕدراون.

سەردەم: بێگومان ڕۆمانەکە زۆر جوان کراوە بە کوردی، بەڵام پێم بڵێ ئەو کێشانە چی بوون لە کاتی وەرگێڕانەکەدا هاتنە ڕێت و چۆن توانیت چارەسەریان بکەیت؟

شادی نیکخا: خۆشحاڵم گەر وەرگێڕانێکی باش بووبێت. ئەوەی ڕاستی بێت، لە وەرگێڕانی چیرۆک و ڕۆماندا، گەر نەڵێن کێشە، گەورەترین ململانێ، یان چەڵێنج، کە من ڕووبەڕووی دەبمەوە و زۆریش حەزم لەو ململانێیەیە، ئەوەیە کە بتوانم زمانی هەر کاراکتەرێک بە پێی پێگەکەی خۆی، بگوازمەوە بۆ خوێنەر. هەر چۆن ئەوە خاڵێکی لاواز دەبێت بۆ نووسەرێک گەر ئەدەبیاتی قسەکردنی هەموو کاراکتەرەکانی لە پێگە و دۆخی جیاجیادا، وەک یەک بێت، بۆ وەرگێڕیش ئەمە لاوازییەکی گەورەیە. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم جیاکردنەوەیە، بۆ وەرگێڕ زەحمەتترە تا نووسەر. کاری وەرگێڕ هەر ئەوە نییە هەموو دەقەکە بە یەک شێواز و ڕیتم بگوازێتەوە بۆ زمانی مەبەست، گرنگە زمانی پزیشکێک، یان مامۆستایەکی زانکۆ، جیاواز بێت لە زمانی بۆ نموونە دووکاندارێک، یان بۆ نموونە، لە گواستنەوەی دیالۆگێکی تووڕەبوونی کاراکتەرێکدا، دەکرێت هەڵبژاردنی یەک وشە لە نێوان چەندین وشەی تەواو هاوواتادا، زۆر زۆر جیاوازی بکات لە سەرکەوتنی گواستنەوەی حاڵەتەکەدا.

لەم ڕۆمانەدا هەندێک لە کاراکتەرەکان زمان و شێوازێکی تایبەتی پەیڤینیان هەیە، وەک داپیرەی ئێمیلی کە زۆر بە ئەدەبیاتێکی فەرمی و ئەشرافی و بە پۆزەوە قسە دەکات، یان ئالیسی خوشکی کلاریس کە لە شێوەی قسەکردنیشیدا لاساری و بێدەربەستبوون و خۆپەرستی ئاشکرایە، یان دوو کچە دوانەکە کە هەمیشە پێکەوە ڕستەیەک تەواو دەکەن… نووسەر بە وردی و بە مەبەست، کاری لەسەر ئەمە کردووە و گرنگە لە زمانی دووەمیشدا، بە دیالۆگەکاندا، شێوازی تایبەت و کەسایەتییان دیار بێت.

سەبارەت بەوەی کە دەپرسن چۆن ئەمانە چارەسەر دەکەیت؟ هەم بۆ ئەم نموونەی کە باسم کرد و هەم بۆ هەر گیر و گرێیەکی تر کە لە وەرگێڕاندا دێتە ڕێم، هەوڵ دەدەم دوای ئەوەی بە تەواوی لە مەبەستی نووسەرەکە تێگەیشتم، دەقە سەرەتاییەکە وەلا بنێم و لە خەیاڵی خۆمدا بە تەواوی ئەو کاراکتەرە بە کوردێک، یان هیچ نەبێ کوردیزانێک وێنا بکەم… یان وای دابنێم خۆم نووسەرەکەم و دەمەوێ بە کوردی چیرۆکەکە بخولقێنم. ئادەی ئەم داپیرەیە کوردێکی لەئەورووپاگەڕاوەی زۆر بە پۆز و خۆبەزلزانە، ئێستا با قسەم بۆ بکات، بزانم چۆن دەدوێت؟ واتە بۆ ساتێک بە تەواوی لە بیری خۆمی دەبەمەوە کە من خەریکم دەقێک وەردەگێڕم، بەڵکو بە کوردی دیمەنەکە، کەسایەتییەکە و دۆخ و مەبەستەکە دروست دەکەمەوە. هەڵبەتە بێگومان بەراوردی دەکەمەوە بە دەقی سەرەتا، مەبادا لە مەبەست و مەفهوومی ئەویش دوور کەوتبمەوە و ئەمانەتم نەپاراستبێت.

لە کۆتاییدا حەز دەکەم ئاماژە بکەم بە خاڵێک:

ئەم کتێبە ساڵی 201٣، بە تیراژێکی کەم چاپ و بڵاو کرایەوە، بە خۆشحاڵییەوە ئەوندەی من بزانم، هەر ساڵی یەکەم هیچ نوسخەیەکی نەما لە بازاڕدا، بۆیە بڕیار وایە بە زوویی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی بکاتەوە. بە هیوام و گەشبینم بەوەی زیاتر لە جاری یەکەمیش، بکەوێتە بەر پێشوازیی خوێنەران.

ناردن: