كۆمه‌ڵه چیرۆكی چرای دڵ و گرنگی كاری وه‌رگێڕان
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
كۆمه‌ڵه چیرۆكی “چرای دڵ/ مصباح القلب”، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بووه‌ته هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زمانی ئینگلیزی، بۆیه پێشوازییه‌كی گه‌وره‌ی لێكراوه. نووسه‌ری ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه، خانمی هیندستانی “بان‌و موشتاق”ە، هه‌فته‌ی ڕابردوو، كتێبه‌كه‌ی بووه یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆك كه خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی “بۆكه‌ر” وه‌رده‌گرێت. هه‌روه‌ها یه‌كه‌م كتێبه كه له زمانی “ئه‌لكاندا”وه وه‌رده‌گێڕدرێت بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیزی، زمانی ئه‌لكاندا له باشوری هیندستان به‌كاردێت و نزیكه‌ی 50 ملیۆن كه‌س قسه‌ی پێده‌كه‌ن.
خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی بۆكه‌ر بۆ ئه‌م ساڵ 2025، ئه‌وه دووه‌م جاره ده‌درێت به كتێبێكی هیندی، پێشتر له ساڵی 2022، نووسه‌ری هیندستان گیتانجالی شه‌ری، به‌هۆی وه‌رگێڕانی كتێبه‌كه‌ی “گۆڕی لمه‌كان” كه له لایه‌ن دیزی رۆكوێل-ه‌وه، كرابوو به ئینگلیزی، ئه‌و خه‌ڵاته‌ی وه‌رگرتبوو.
به‌ڵام كتێبی چرای دڵ، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه هه‌یه و وایكردووه ببێته كتێبێكی ده‌گمه‌ن و ناوازه، ئه‌ویش بریتییه‌ی له‌مه‌ی خواره‌وه: له ڕاستیدا به فیعلی كتێبێك نییه ناوی چرای دڵ بێت، واته نووسه‌ره هیندییه‌كه بان‌و موشتاق، كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی نییه به‌و ناونیشانه چاپ و بڵاویكردبێته‌وه، پاشان وه‌رگێڕێك هاتبێت ئه‌و كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌ی وه‌رگێڕابێت بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیزی. ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌م جۆه‌یه: دیبا بهاستی وه‌رگێڕی كاره‌كانی بان‌و موشتاق-ه، له كۆی چیرۆكه‌كانی بان‌و موشتاق كه زیاد له 60 چیرۆكه و به درێژایی سێ ده‌یه، نووسیوونی و بۆ یه‌كه‌مجار له‌و گۆڤارانه‌دا بڵاوكراونه‌ته‌وه كه به زمانی ئه‌لكانادا بابه‌ت بڵاوده‌كه‌نه‌وه، وه‌رگێڕ له‌و ژماره‌یه، ته‌نها چه‌ند چیرۆكێكی له كتێبێكدا به ناونیشانی چرای دڵ هه‌ڵبژاردووه.
هاریكاری نێوان ئه‌م دوو خانمه، وایكرد ببنه براوه‌ی خه‌ڵاتێكی جیهانی كه بریتییه له خه‌ڵاتی بۆكه‌ر، ئه‌م خه‌ڵاته له بواری وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌ب بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیزی، به به‌ناوبانگترین خه‌ڵات داده‌نرێت. وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه به مانایه‌ك له ماناكان، ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه په‌یوه‌ندی نێوان نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و هاریكاری نێوانیان، كارێكی گرنگ و بایه‌خداره و سودێكی باشی بۆ پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان ده‌بێت. له دۆخی ئه‌م دوو خانمه‌دا، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی له هیند، هه‌نگاوی گه‌وره‌ی بڕیوه، به‌تایبه‌ت دوای زیادبوونی كاری وه‌رگێڕان له زمانه هیندییه جیاوازه‌كانه‌وه بۆ زمانی ئینگلیزی، ئه‌مه وایكردووه ده‌نگی نووسه‌ره هیندییه‌كان، بگات به خوێنه‌ری نوێ و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی زمانی ئینگلیزی.
له‌م باره‌یه‌وه، بان‌و موشتاق له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا ده‌ڵێت: “من وه‌ك خۆم هه‌مو وێنه باوه‌كانم تێك‌شكاند، هه‌نووكه كتێبه‌كه‌شم هه‌مو وێنه باوه‌كانی تێكشكاندووه”. ئه‌م خانمه نووسه‌ره له ئێستادا ته‌مه‌نی 77 ساڵه، ئه‌و له یه‌ككاتدا نووسه‌ر و پارێزه‌ر و چالاكوانه، ژیانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌وڵ و تێكۆشانی خانمێكی سه‌ر به كه‌مینه ده‌رده‌خات دژ به زوڵم و سته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری. ناوه‌رۆكی چیرۆكه هه‌ڵبژێردراوه‌كانی له‌م كتێبه‌دا “چرای دڵ”، له ژیانی ڕۆژانه‌ی ئافره‌ته ساده و خاكییه‌كانه‌وه وه‌رگیراوه كه به‌شی هه‌ره زۆریان موسڵمانن.
دیبا بهاستی وه‌رگێڕ، سه‌باره‌ت به‌م كاره، له چاوپێكه‌وتنێكی كورتدا ده‌ڵێت: بۆ كتێبی چرای دڵ، ئه‌و چیرۆكانه‌ی هه‌ڵبژاردووه كه بابه‌ته‌كانیان جیاواز و فره‌جۆر بوون. هه‌روه‌ها هۆكارێكی دی بۆ هه‌ڵبژاردانی ئه‌و چیرۆكانه، ئه‌وه‌یه له كاتی خوێندنه‌وه‌یاندا، چێژێكی زۆری لێ بینیوه و هه‌ستیكردووه چیرۆكه‌كان له زمانی ئینگلیزی‌دا، سه‌ركه‌وتوو و چێژبه‌خش ده‌بن. له‌م باره‌یه‌وه نووسه‌ری چیرۆكه‌كان، باس له‌وه ده‌كات “له وه‌رگێڕانه‌كه‌دا ئازادییه‌كی ڕه‌های داوه به دیبا بهاستی وه‌رگێڕ، چۆنی بووێت ئاوا كاربكات و هه‌رگیز ده‌ستوه‌ردانی له پرۆسه‌ی وه‌رگێڕانه‌كه‌دا نه‌كردووه. وه‌لێ باس له‌وه‌ش ده‌كات هه‌ندێكجار پرس و ڕاكردن به یه‌كتر پێویست بووه، چونكه ئه‌و له نووسینی چیرۆكه‌كانیدا، ژماره‌یه‌ك وشه و ده‌سته‌واژه‌ی خۆماڵیانه‌ی به‌كارهێناوه كه ڕۆژانه خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگاكه‌ی له كاتی قسه‌كردنیاندا به‌كاریده‌هێنن.
پێشتر دیبا بهاستی دوو كاری دیكه‌ی له زمانی ئه‌لكاناداوه كردووه به ئینگلیزی و له گۆڤاری “زه پاریس ڕیڤیو” بڵاویكردوونه‌ته‌وه. ئه‌م خانمه سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی خۆی له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕاندا ده‌ڵێت: “كاركردن له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی ئه‌م زمانه خۆماڵیانه، وه‌ك شێوه‌یه‌ك له ته‌حه‌دا وایه. چونكه هه‌ندێك له وشه‌كان ناكرێن وه‌ربگێڕدرێن بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیزی، مه‌گه‌ر به جۆرێك له دوو دڵی وه‌ربگێڕدرێن. وه‌لێ ئه‌م “گه‌شته زمانه‌وانییه” ده‌كرێت ببێته كارێكی داهێنه‌رانه”.
دیبا له‌و چاوپێكه‌وتنه كورته‌دا، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات وه‌رگێڕانی بۆ كتێبی چرای دڵ، وه‌ك “قسه‌كردن وایه به تاموبۆی زمانی ئینگلیزی”، لیژنه‌ی داوه‌ریكردنی خه‌ڵاتی بۆكه‌ر، ستایشی ئه‌و سیفه‌ته تایبه‌ته‌ی وه‌رگێڕانه‌كه‌یان كردووه، له‌م باره‌یه‌وه سه‌رۆكی لیژنه‌كه نووسه‌ر ماكس پۆرته‌ر ئاوا وه‌سفی كتێبه‌كه ده‌كات: “به ڕاستی بۆ خوێنه‌ری ئینگلیز شتێكی تازه‌یه”، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “كاره‌كه وه‌رگێڕانێكی ڕیشه‌ییه و چنینی نوێی له زمانی ئینگلیزی‌دا هێناوه‌ته ئاراوه و تێگه‌شتنی ئێمه‌ی بۆ وه‌رگێڕان فراوانتر كردووه”.
وه‌رگێڕان له زمانی هیندییه‌وه، كارێكی ئاسان نییه و تا بڵێی ئاڵۆز و سه‌خته، ئاخر دانیشتوانی ئه‌و وڵاته، به زیاد له 121 زمانی جیاواز قسه ده‌كه‌ن. قسه‌یه‌كی باوی هیندی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ته‌رجه‌مه‌ی حه‌رفی بكه‌ین ئاوای لێدێت: “له هیندستان هه‌ر دوو میل بڕۆیت، تامی ئاوه‌كه ده‌گۆڕێت، هه‌ر هه‌شت میل دووركه‌ویته‌وه، زمانه‌كه ده‌گۆڕێت”، له هیندستان 22 زمان، له زمانه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی نووسینی ئه‌ده‌بیاتن كه كتێبێكی زۆریان پێ به‌رهه‌مهاتووه.
ئه‌ڵبه‌ته له هیندستان، ده‌كرێت بڵێین كاری وه‌رگێڕان دوو ئاراسته‌ی له‌خۆگرتووه، یه‌كه‌میان وه‌رگێڕانه له نێوان ئه‌و زمانه جیاوازانه‌دا، واته وه‌رگێڕان له زمانێكی هیندییه‌وه بۆ زمانێكی دیكه‌ی هیندی. دووه‌میان بریتییه له وه‌رگێڕان له‌و زمانه هیندیانه‌وه، بۆ زمانه بیانییه‌كان، له‌وانه ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی و ئه‌ڵمانی و ئه‌وانی دیكه. به‌ڵام به گوێره‌ی وته‌كانی سه‌رنووسه‌ری ده‌زگای چاپ و په‌خشی “بینگۆین راندۆم هاوس ئه‌ندیا” بێت كه كتێبی چرای دڵ-ی چاپ و بڵاوكردوه‌ته‌وه، ماوه‌یه‌كی زۆره، وه‌رگێڕان تا ئاستێكی زۆر، ته‌نها یه‌ك ئاراسته‌ی له‌خۆگرتبوو، ئه‌ویش بریتی بوو له وه‌رگێڕان له زمانه جیهانییه باوه‌كانه‌وه، بۆ سه‌ر زمانه‌كانی دیكه. جێگای خۆشحاڵییه ببینین وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی له زمانه هیندییه‌كانه‌وه، زمانی ئینگلیزی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كات و له به‌رامبه‌ردا پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان ئاڵۆزتر ده‌كات.
هه‌رچه‌نده ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی به زمانی هه‌رێمه جیاوازه‌كانی هیندستان نووسراون و كاری وه‌رگێڕانیان بۆ كراوه، تا بێت له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی، خوێنه‌ری زیاتر به‌لای خۆیاندا ڕاده‌كێشن. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له ناوخۆی وڵاته‌كه، هه‌وڵێكی گه‌وره هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هیندستان بكات به تاقه یه‌ك زمان، واته یه‌ك زمان باڵاده‌ستبێت، ئه‌ویش زمانی هندییه، ئه‌م هه‌وڵه له ساڵی 2014وه زیاتر په‌ره‌یسه‌ندووه، له‌و ساڵه‌دا سه‌رۆك وه‌زیران نارێندا مۆدی ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست.
زمانی هیندی به زۆری له باكوری هیندستان به‌كاردێت، هه‌وڵه ناسیۆنالیستییه هیندۆسییه‌كه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی مۆدی، بۆ سه‌پاندنی زمانی هیندی له باشوری وڵاته‌كه، بووه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ نانه‌وه‌ی گرژی و په‌شێوی و تووندوتیژی. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ زیادبوونی كۆچی ناوه‌كی له هیندستان، له ویلایه‌ته‌كانی باشور، وه‌ك ویلایه‌تی تامیلنادو و كارناتاكا، به شێوه‌یه‌كی نیمچه ڕۆژانه، پێكدادان له نێوان ئه‌وانه‌ی به زمانی هیندی قسه ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی به‌و زمانه قسه ناكه‌ن، ڕووده‌دات. هه‌رچی زمانی ئه‌لكانادییه- زمانی چیرۆكه‌كانی خاتوو بان‌و موشتاق- ئه‌وا دانیشتوانی ویلایه‌ته‌ی كارناتاكا كه پایته‌خته‌كه‌ی شاری بنگالوروه و سه‌نته‌ری ته‌كنه‌لۆژیایه له هیندستان، قسه‌ی پێده‌كه‌ن. وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێكرد، له ئێستادا نزیكه‌ی 50 ملیۆن كه‌س به‌و زمانه قسه ده‌كه‌ن. ساڵی 2013، ی‌و ئاڕ ئه‌نان سامۆرسی عیملاقی ئه‌ده‌ب به زمانی ئه‌لكانادا، یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی ناوی پاڵێورابوو بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی مان بۆكه‌ر.
له ماوه‌ی ده‌یه‌ی ڕابردوودا، به‌رهه‌مه‌كانی نووسه‌ر “ڤێڤێك شانبه‌هاگ” كه له لایه‌ن وه‌رگێڕ “سرینات پێرور”ەوه وه‌رگێڕدراون بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیزی، هۆكاربوون بۆ ناساندن و به‌ناوبانگبوونی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌لكانادا، له نێو خوێنه‌رانی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی كه به زمانی ئه‌لكه‌نادا قسه ناكه‌ن. ساڵی 2017، یه‌كێك له كتێبه‌كانی ئه‌و نووسه‌ره به‌ناونیشانی “گاجار و گوجار/ غاتشار غوتشار” له لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانی ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمزه‌وه، وه‌ك یه‌كێك له باشترین كتێبه‌كان ئه‌و ساڵه هه‌ڵبژێردرا.
بهاستی وه‌رگێڕ، له گوتاری وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه، هیوای خواست ئه‌م وه‌رگێڕانه‌ی ببێته هۆی ئه‌وه‌ی گرنگی زیاتر به ئه‌ده‌بیاتی ئه‌لكانادا بدرێت و ئاوڕی زۆرتری لێبدرێته‌وه. پاشان به زمانی ئه‌لكانادا كۆپله‌یه‌ك له گۆرانییه‌كی به‌ناوبانگی خوێنده‌وه، گۆرانییه‌كه پێشتر ئه‌كته‌ری ناوداری هیندستان راجكۆمار، له‌سه‌ر شاشه‌ی سینه‌ماكان ده‌یوته‌وه، له‌و گۆرانییه‌دا ئاوا وه‌سفی زمانی ئه‌لكانادا كراوه: ڕووبارێكه له هه‌نگوین و بارانێكه له شیر و شیله‌یه‌كی شیرینه.
سه‌رچاوه
به‌شی كه‌لتووری له رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، 7ی حوزه‌یرانی 2025.