دیكارت ململانێی له‌گه‌ڵ تاریكی و تاریكبینه‌كاندا ده‌كرد
ئه‌و هه‌رگیز بێ باوه‌ڕ نه‌بوو، به‌ڵكو ئیمانداربوو و ئیمانێكی قووڵی به یه‌زدان هه‌بوو
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
بلیمه‌تیی گه‌لان، سه‌رجه‌م گه‌لان، زۆرجار له ئه‌دیب و شاعیر و فه‌یله‌سوفه مه‌زن و گه‌وره‌كاندا به‌رجه‌سته ده‌بێت. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره، ده‌ڵێین دیكارت خودی فه‌ره‌نسایه، شكسپیر خودی ئینگلته‌ره‌یه، سێرڤانتێس خودی ئیسپانیایه، دانتی خودی ئیتالیایه و موته‌نه‌بی ئومه‌تی عه‌ره‌بییه…هتد. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه، جگه له‌وان، هیچ بلیمه‌تێكی دیكه بوونی نییه، نا نه‌خێر هه‌رگیز به‌و مانایه نییه. ئێمه ئه‌وه ته‌نها وه‌ك نموونه ده‌هێنینه‌وه.
سه‌باره‌ت به دیكارت (1596-1650)، ئه‌و له مێژووی فه‌ره‌نسادا، به فیعلی به‌ناوبانگترین فه‌یله‌سوفه و هیچ كه‌سێك ناتوانێت له‌سه‌ر لووتكه‌ی ناوبانگ و نه‌مری، شان له شانی بدات و كێبڕكێی له‌گه‌ڵدا بكات. ئاخۆ ئه‌م كه‌سه كێیه كه ناوبانگی گه‌شته هه‌مو بستێكی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه؟ هیچ زانكۆیه‌ك له جیهاندا نییه، فه‌لسه‌فه‌ی دیكارتیزم نه‌خوێنێت، كه‌واته ئه‌م “پاڵه‌وانه ئازایه‌ی فیكر” كێیه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆژێك له ڕۆژان هیگڵ به‌و شێوه‌یه وه‌سفی كردووه؟
له‌وانه‌یه خوێنه‌ر پێی سه‌یربێت، ئه‌گه‌ر بڵێین دیكارت له ژیانیدا، به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی لێ كراوه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش بوو، هاوڕێكانی دوای ئه‌وه‌ی نیشانه‌ی بلیمه‌تیان تیا به‌دیكرد، ئامۆژگارییان كرد ده‌ستبه‌جێ فه‌ره‌نسا به‌جێبهێڵێت. ئه‌وان شتێكی ئاوایان به دیكارت وت: ته‌نها تۆ توانای ئه‌وه‌ت هه‌یه، ڕاستییه‌كان و ئه‌و میتۆد و ڕێبازه بدۆزیته‌وه كه ئێمه به‌ره‌و ڕۆشنگه‌ری ده‌بات و ڕزگارمان ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌وه، تۆ ته‌نها موڵكی خۆت نیت، به‌ڵكو موڵكی هه‌مو فه‌ره‌نسایت، بگره موڵكی هه‌مو مرۆڤایه‌تیت. ئێمه به‌وه دڵخۆشنین تۆ ده‌ڕۆیت و به‌جێمانده‌هێڵیت و هه‌ر وا بۆ خۆشی ئه‌و داوایه‌ت لێ ناكه‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له وڵات بمێنیته‌وه، ئه‌وا بوونت ده‌كه‌وێته نێو چوارچێوه‌ی بازنه‌ی سوری مه‌ترسییه‌وه. ئیدی له‌و كاته‌دا، به‌رله‌وه‌ی ڕاستییه‌كان ده‌رخه‌یت و به‌رهه‌مه گه‌وره‌كانت بنووسیت، زه‌فه‌رت پێ ده‌بن و كۆتایت پێده‌هێنن، ئه‌مه‌ش زیانێكه هه‌رگیز قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه.
هاوڕێكانی بۆچی ئه‌و قسانه‌یان به دیكارت وت؟ چونكه فه‌ره‌نسا له‌و كاته‌دا، وڵاتێكی ئوسوڵی تاریكبینی ده‌مارگیر بوو، وه‌ك هه‌ندێك له وڵاتانی جیهانی عه‌ربی و ئیسلامیمان. له‌و ڕۆژگاره‌دا به‌شی هه‌ره زۆری دانیشتوانی فه‌ره‌نسا، سه‌ر به مه‌زهه‌بی زۆرینه‌ی كاسۆلیكی پاپاویه‌ت بوون. ئه‌م مه‌زهه‌به، مه‌زهه‌به‌كانی دیكه‌ی ده‌پلیشانه‌وه و ته‌كفیری ده‌كردن و ڕێگه‌ی نه‌ده‌دا ته‌نانه‌ت هه‌ناسه بده‌ن. له‌و سه‌رده‌مه‌دا، له فه‌ره‌نسا، ئازادی فیكری هه‌ر نه‌بوو، له‌مه‌دا فه‌ره‌نسا پێچه‌وانه‌ی ئینگلته‌را و سویسرا و هۆڵنده بوو. وه‌لێ ئه‌مانه وڵاتانی پرۆتستانت بوون و له نێو ده‌ریای فراوانی مه‌سیحییه‌تی كاسۆلیكی پاپاویه‌ت، نوێنه‌رایه‌تی كه‌مینه‌ی پرۆتستانتیان ده‌كرد.
جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، هه‌میشه حه‌ق لای زۆرینه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ش بێت، بۆیه له به‌رژه‌وه‌ندی دیكارت-ی كاسۆلیكه، لای پرۆتستانته گۆمڕاكان بژی كه عه‌قڵانیترن و له تێگه‌شتنیان بۆ ئاینی مه‌سیحی، لێبورده و كراوه‌ترن. ئێمه ئه‌مه ده‌ڵێین، هه‌رچه‌نده پرۆتستانته‌كان له لایه‌ن زۆرینه‌ی كاسۆلیكه‌كانه‌وه، ته‌كفیر ده‌كران، خوێنیان حه‌ڵاڵ ده‌كرا، گوایه به كوشتن و سه‌ربڕینیان له یه‌زدان نزیكده‌بنه‌وه. له‌و ڕۆژگاره‌دا مه‌سه‌له‌كان به‌و جۆره بوون. كه‌چی ئێستا بڕوانه ئه‌وروپا چۆن گۆڕاوه؟ جاران و له‌سه‌رده‌می كۆندا چۆن بوون و هه‌نووكه چۆنن؟!
پێویسته ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌ین دیكارت، له سه‌رده‌می حوكمڕانی كاردیناڵی به‌ناوبانگ ڕیشیلۆ و پاشا لویسی سیانزه‌هه‌مدا ژیاوه. كاردیناڵی به‌ناوبانگ ناچار بوو، هاریكاری له‌گه‌ڵ فێنده‌مێنیتاڵیزمی مه‌سیحیدا بكات كه له‌و ڕۆژگاره‌دا كۆنترۆڵی هه‌مو خه‌ڵكه عه‌وام و نه‌خوێنده‌واره‌كه‌یان كردبوو. هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وه بزانین، خه‌ڵكی ساده و نه‌خوێنده‌وار، هه‌میشه له‌گه‌ڵ فه‌نده‌مێنیتاڵیسته‌كان و پیاوانی ئاینی “پیاوانی خودا” بوون. هه‌ر بۆ نموونه، سه‌یری ئه‌وه بكه‌ن كه لای ئێمه یان له ئێران و توركیا و سه‌رتاپای جیهانی ئیسلامی ڕووده‌دات.
به‌ڵام دیكارت له‌سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌دا ده‌ژیا و ئێمه له ناوجه‌رگه‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا ده‌ژین، واته دوای دیكارت به400 ساڵ. كه‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، هێشتا نوقمی هه‌مان تاریكبینی ئاینیین. هێشتا وه‌ك دیكارت، ترسمان له فێدنده‌مینیتاڵیسته‌كان هه‌یه، له‌وانه‌یه ترسه‌كه‌مان له‌وه‌ی دیكارت زیاتریش بێت.
فێنده‌مێنیتاڵیسته مه‌سیحییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه، نوێنه‌رایه‌تی تووندڕه‌وه‌كانی مه‌زهه‌بی كاسۆلیكیان ده‌كرد و ڕێكخراوێكی ترسناكیان به ناوی “ڕابیته‌ی قوربانی پیرۆز/ رابطة القربان المقد‌س” دروستكردبوو. ئه‌م ڕێكخراوه په‌یوه‌ندی به هه‌واڵگری گشتییه‌وه هه‌بوو، ئه‌ركیان بریتی بوو له ڕاوه‌دوونان و كه‌وتنه شوێنی ئه‌وانه‌ی، پێیانوابوو دوژمنی ئاینن یان له ڕێگای ڕاست لایانداوه. ئه‌ركیان ئه‌وه بوو بكه‌ونه دوای ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌وتن: “دوژمنانی ئه‌ڵڵا”، واته سه‌رجه‌م زاناكان و ڕۆشنبیره منه‌وه‌ره‌كان كه ده‌یانویست له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ڕه‌های فێنده‌مێنیتاڵیزمی مه‌سیحی بیربكه‌نه‌وه.
دیكارت هه‌رگیز كه‌سێكی كافر و بێ باوه‌ڕ نه‌بوو، به‌ڵكو كه‌سێكی ئیماندار و ئیمانێكی قووڵی به خودا هه‌بوو. به‌ڵام خۆی به دوور ده‌گرت له ئه‌نجامدانی سروت و ڕێوڕه‌سمه‌كانی ئاینی مه‌سیحی. ئه‌و نه‌یده‌توانی ته‌واوی ڕۆژه‌كه‌ی، له ئاماده‌بوونی قوداس و په‌رستنه‌كان و نوێژكردندا بباته‌سه‌ر. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، دیكارت وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی بلیمه‌ت، شه‌یدای گه‌ڕان بوو به دوای حه‌قیقه‌تدا. ئه‌مه له كاتێكدا بوو حه‌قیقه‌ت لای فێنده‌مێنیتاڵیسته‌كان، ئاماده و حازر به‌ده‌ست بووه و پێویست ناكات به دوایدا بگه‌ڕێن. حه‌قیقه‌ت له كتێبه كۆنه‌كانی كه‌له‌پوردایه، واته ئه‌و كتێبه لاپه‌ڕه زه‌ردانه‌ی تۆزیان له‌سه‌ر نیشتبوو. ئه‌و كتێبانه بنه‌مای ئایدۆلۆژی و خۆراكی ڕۆحی گه‌لی مه‌سیحی و ته‌واوی كۆمه‌ڵگای پێكده‌هێنا.
له‌م باره‌یه‌وه كاهین و قه‌شه‌كان ده‌یانوت: ئه‌ی فه‌یله‌سوفه خۆبه‌شتزان و لوتبه‌رزه‌كه؛ بۆچی به دوای حه‌قیقه‌تدا ده‌گه‌ڕێیت، له كاتێكدا حه‌قیقه‌ت، له نێو كتێبه پیرۆزه‌كانی ئاینه‌كه‌ماندایه؟ به‌ڕێز دیكارت تۆ كێیت، تاكو ده‌ستدرێژی بكه‌یت سه‌ر تواناكانی ئه‌ڵڵا؟ به‌م شێوه‌یه و له‌و ڕۆژگاره‌دا، فه‌نده‌مێنیتاڵیسته‌كان ترسیان ده‌خسته دڵی فه‌یله‌سوف و زاناكانه‌وه.
سه‌رباری هه‌مو ئه‌وانه، كاسۆلیكه‌كان پێیانوابوو مه‌زهه‌به‌كه‌یان، له ئاینی مه‌سیحیدا، تاقه مه‌زهه‌بی ڕاسته‌قینه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه، مه‌زهه‌به‌كانی دیكه‌یان وه‌ك مه‌زهه‌بی پرۆتستانت و ئه‌وانی دی، ته‌كفیر ده‌كرد و به گومڕا و زه‌ندیق له قه‌ڵه‌میان ده‌دان و ڕێكخراوی كاسۆلیكی “ڕابیته‌ی قوربانی پیرۆز”، مه‌ترسیدارترین ده‌زگای نهێنی هه‌واڵگری بوو، دزه‌یان كردبووه نێو سه‌رجه‌م توێژه‌كانی میلله‌ت، به‌ڵام نه‌ده‌بینران و كاره‌كانیان به نهێنی ئه‌نجامده‌دا. ئامانجیان شكاتكردن بوو له‌و كه‌سانه‌ی پێده‌چوو حه‌زیان له ئازادی و ڕزگاركردن بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و ئازادی و ڕزگاربوونه‌شیان زۆر سنوردار بێت. هه‌روه‌ها فوقه‌هاكانی سۆربۆن یان زانایانی تیۆلۆژیای مه‌سیحی، چاودێری سه‌رجه‌م ئه‌و كتێبانه‌یان ده‌كرد كه ده‌رده‌چوون و هه‌مو ئه‌و وشه و ڕستانه‌یان ده‌سڕییه‌وه كه پێیانوابوو له‌گه‌ڵ ئاین ناكۆكه.
له هه‌مو ئه‌وانه خراپتر، ئه‌وه بوو سیخوڕ و پیاوه‌كانی ڕیشیلۆ “هه‌واڵگرییان له‌سه‌ر هه‌واڵگری” دروستكردبوو. ئه‌وان سیخوڕییان به‌سه‌ر هه‌مو خه‌ڵكه‌وه ده‌كرد، له‌وانه‌ش پۆلیس و خودی ئه‌ندامانی ڕێكخراوی ڕابیته‌ی قوربانی پیرۆز! ئیدی له كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئاوا خنكێنه‌ردا، دیكارت چۆن چۆنی ده‌یتوانی بژی؟ چۆن ده‌یتوانی بنووسێت، یان هه‌ناسه بدات، یا ئه‌و فه‌لسه‌فه نوێیه بێنێته‌ئاراوه كه له قووڵایی هه‌ناویدا گێنگڵی ده‌دا؟ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره، وڵاته كاسۆلیكییه‌كه‌ی خۆی به‌جێهێشت و ڕۆشت بۆ وڵاتی هۆڵه‌نده‌ی پرۆتستانت و به‌شی زۆری ژیانی، له‌وێ برده‌سه‌ر و سه‌رجه‌م كتێبه‌كانیشی هه‌ر له‌وێ بڵاوكرده‌وه.
له ڕاستیدا دیكارت، دوای ئه‌وه‌ی به‌وه‌ی زانی كاردیناڵ ڕیشیلۆ، له ڕێگه‌ی یه‌كێك له پیاوه‌كانی ڕێكخراوی قوربانی پیرۆزه‌وه، پلانی تیرۆركردنی داڕشتووه، له تاریكی نیوه‌شه‌ودا ده‌ڕوات و سه‌ره‌تا هیچ كه‌سێكیش نه‌یده‌زانی به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات. دواتر ناونیشانی خۆی ته‌نها دا به هه‌ندێك له هاوڕێ دڵسۆزه‌كانی، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی داوای لێ‌كردن مه‌سه‌له‌كه به نهێنی بهێڵنه‌وه و لای كه‌س باسی نه‌كه‌ن.
هاوڕێكانی وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا، له دیكارت زیاتر، په‌رۆش و خه‌مخۆری ژیانی دیكارت بوون. چونكه ده‌یانزانی ئه‌و تاقه بیرمه‌نده، ده‌توانێت شوێنه‌كه‌ی بیرمه‌ندی ئینگلیز فرانسیس بیكۆن بگرێته‌وه و حه‌قیقه‌تی داواكراو بدۆزێته‌وه، حه‌قیقه‌تێك خۆی نادات به ده‌سته‌وه، ته‌نها بۆ بلیمه‌ته‌كان یان بلیمه‌تی بلیمه‌ته‌كان نه‌بێت. به‌م شێوه‌یه دیكارت له‌به‌رده‌م هاوڕێ دڵسۆزه‌كانیدا، به یه‌زدانی مه‌زن سوێندی خوارد كه له‌مه‌ولا، زۆر ئاگاداری خۆی ده‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ی له توانایدایه، پارێزگاری له خۆی و ژیانی ده‌كات، هه‌مو هه‌وڵ و تواناكانی بۆ دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته زانستی- فه‌لسه‌فیی-یه‌كه و خزمه‌تكردنی ڕه‌گه‌زی مرۆڤ ته‌رخان ده‌كات. هه‌روه‌ها به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی پێدان له نزیكترین كاتدا، بگات به دۆزینه‌وه‌ی میتۆدی عه‌قڵانی و كلیلی فه‌لسه‌فی ڕاست و دروست.
دیكارت سه‌روه‌ختێك گه‌یشت به‌وه‌ی به‌ڵێنی پێدابوو، ته‌مه‌نی ته‌نها چل و یه‌ك ساڵ بوو، ئه‌مه‌ش ئه‌و كاته بوو كتێبه‌كه به‌ناوبانگه‌كه‌ی نووسی “وتارێك ده‌رباره‌ی میتۆد/ مقال فی المنهج”، به‌ڵام له ترسی تووڕه‌بوونی كڵێسا و دوای ئه‌وه‌ی هه‌واڵی دادگایكردنی گالیلۆی بیست، ناوی خۆی نه‌خسته سه‌ر كتێیه‌كه‌ی و كتێبه‌كه بێ ئه‌وه‌ی ناوی دیكارت-ی له‌سه‌ربێت بڵاوبووه‌وه. به‌م شێوه‌یه كتێبه‌كه‌ی له 8ی حوزه‌یرانی 1637 بڵاوبوه‌وه كه به درێژایی مێژوو، به یه‌كێك له مه‌زنترین تێكسته فه‌لسه‌فییه‌كان داده‌نرێت. پاشان تێكستێكی دیكه‌ی به‌دواداهات كه هێنده‌ی ئه‌و گرنگه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر له‌و گرنگترنه‌بێت: “تێڕامانه میتافیزیكییه‌كان”.
ڕاسته ئه‌وان له دواجاردا توانیان بگه‌ن به دیكارت، ئه‌و كاته‌ی فرانسوا ڤیۆجی فێنده‌مێنیتاڵیستی كاسۆلیك، له‌و په‌ڕی زه‌وی، له سوید و له ناو دڵی كڵێسا و به شێوه‌یه‌كی فێڵبازانه و خیانه‌تكارانه، ژه‌هرخواردی كرد. وه‌لێ له‌و كاته‌دا، دیكارت به‌رهه‌مه گه‌وره‌كانی خۆی بڵاوكردبوه‌وه و دۆزینه‌وه گه‌وره و مه‌زنه‌كانی به‌دیهێنابوو.
له ڕاستیدا ئه‌وان ترسیان له‌وه بوو فه‌لسه‌فه عه‌قڵانییه ڕۆشنگه‌ركه‌ی دیكارت، كاریگه‌ری له‌سه‌ر تێگه‌شتنه تائیفی و ته‌كفیری و تاریكبینه‌كه‌یان بۆ ئاینی مه‌سیحی هه‌بێت. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره، سه‌ره‌تا خودی دیكارت-یان تیرۆركرد، پاشان فیكر و بیروڕاكانیان تیرۆركرد، ئه‌مه‌ش ئه‌و كاته بوو كه ڤاتیكان، كتێبه‌كانی دیكارت-ی خسته لیستی كتێبه حه‌رام و قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانه‌وه. به‌ڵام هه‌ی هووو… فیكری دیكارت وه‌ك ئاگر له پوش به‌ربێت، ئاوا له ته‌واوی ئه‌وروپادا بڵاوبووه‌وه.
له كۆتایدا با ئه‌م پرسیاره بكه‌ین: هه‌نوكه ڕۆشنبیری عه‌ره‌ب، له چ سه‌رده‌مێكدا ده‌ژی؟ ئایا له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا یان له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا ده‌ژی؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه له سه‌رده‌می فێنده‌مێنیتاڵیزم و فێنده‌مێنیتاڵیسته‌كاندا ده‌ژی، دروست وه‌ك ڕۆژگاری دیكارت. ڕۆشنبیری عه‌ره‌ب له سه‌رده‌می ئه‌بو موسعه‌بی سوری ده‌ژی كه جارێكیان وتی: “تیرۆر فه‌ریزه‌یه و تیرۆركردن سونه‌ته”، ئه‌م كه‌سه، ئه‌و كه‌سه قێزه‌ون و به‌د ناوه نییه كه ناوی ئه‌بو موسعه‌ب ئه‌لزه‌رقاوی بوو، زه‌رقاوی ڕۆژگارێك عێراقی پڕ كردبوو له خوێن و دواجار “داعش”ی هه‌ڵهێنا. پاشان ئه‌بو موسعه‌بی سوری ده‌ڵێت: تیرۆركردنی ڕۆشنبیران، زۆر گرنگتر و بایه‌خدارتره، له تیرۆركردنی ڕابه‌ر و سه‌رۆك و سه‌ركرده سیاسییه‌كان، بۆچی؟ چونكه ڕۆشنبیران له جیهانی عه‌ره‌بیدا، سه‌ركرده‌ی فیكرن. لێره‌وه ئه‌وان بۆ ئێمه، له سه‌ركرده سیاسییه‌كان مه‌ترسیدارترن. ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێمه، پێشبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی دڵ و عه‌قڵی نه‌وه‌كانی ئاینده ده‌كه‌ن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت جه‌ماوه‌ری میللی له‌ژێر ده‌ستی ئێمه ده‌ربێنن. ئێمه هه‌رگیز ڕێگه به‌وه‌ناده‌ین. ئه‌وه به‌لای ئێمه‌وه هێڵی سوره، هه‌ر بۆیه تیرۆركردنیان به ئه‌ركێكی ڕه‌های ئاینی داده‌نرێت.
به‌م مانایه، ده‌بینین له ڕۆژانی ئاینده‌دا و به‌م نزیكانه، له جیهانی عه‌ره‌بیدا، جه‌نگێكی فیكری گه‌وره، له نێوان ڕۆشنبیرانی فێنده‌مێنیتاڵیزم و ڕۆشنبیرانی ڕۆشنگه‌ریی به‌رپاده‌بێت و هه‌مو چه‌كێكی شه‌رعی و نا شه‌رعی تێدا به‌كارده‌هێنرێت و جه‌نگێكی له ڕاده‌به‌ده‌ر بێ ئامان و تووند ده‌بێت و ته‌نها به براوه و دۆڕاو كۆتایی پێدێت.