کتێبێک ئاشنامان دەکات بە گەنجینەیەکی گەورە

کتێبێک ئاشنامان دەکات بە گەنجینەیەکی گەورە

“ئەدەب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”

ڕانانی: ئیدریس عەلی

کتێبی (ئەدەب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) خوێنەر بە گەنجینەیەکی دەوڵەمەند ئاشنا دەکات، گەنجینەی ئەدەب و کاریگەرییەکانی ئەدەب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بێگومان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست منداڵدانێکە دەیان شاکار و گەورە نووسەر و ئەدیبی باڵای لێ هاتووەتە دەرەوە… ئەم کتێبە لەلایەن (میریام کوک)ەوە نووسراوە و د. دانا ئەحمەد، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.

بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبی (ئەدەب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) بریتین لە: کێشەی داگیرکاریی ئەورووپی و ئەو مەترسییانەی دەیورووژێنێت، شۆڕشی کولتووری لە سەرەتای سەدەی بیستدا، کورتەچیرۆک وەک ڕابەری ئەدەبی، کۆڵەکەی نووسەرانی کورتەچیرۆک لە تورکیا، ڕۆمانە فرانکفۆرتییەکان لە باکووری ئەفریقا، شیعر و کاریگەربوونی بە ژیانی بیابان، سەربەخۆیی و بزاوتەکانی خەبات لە دەمی پاش داگیرکاری، وەرگێڕان و داننانی نێودەوڵەتی بە ئەدەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە ئەدەبین و پشتیان بە چەندین سەرچاوەی دەوڵەمەند و گرنگ و فرەڕەهەند بەستووە، کە بەوردی لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندی مێژوویی و بوون و کاریگەری و پێگە و سەرهەڵدانی ئەدەب، بەتایبەت شیعر و کورتەچیرۆک دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بێگومان هیچ کەسێک لاریی لەوە نییە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لانکەی چەندین شارستانییەت و شانۆی کۆمەڵێک ڕووداوی جۆراوجۆر بووە لە مێژوو و ئێستادا، هەر بۆیە دەکرێت ئەم کتێبە لێرەوە تخووبەکانی گرنگی و بەهای تایبەتی خۆی دیاری بکات.

هاوڕای د. دانا ئەحمەدی وەرگێڕ، بەو پێیەی ئەدەب بریتییە لە ڕەنگدانەوەی بوارە وابەستەییەکانی مرۆڤ، شێوازی دەربڕینی هەست و سۆز و ئەوین و ڕەنگدانەوەی پاشخانی هەست و نەست: بۆیە بیرکردنەوە لە ڕەخنە و بەباڵابڕین، قۆناغی پاش لەدایکبوونی دەق دەنوێنێت، وێنای بیر و ئایدیای مرۆڤی خوێنەر دەنەخشێنێت لەمەڕ هاڕمۆنیی ڕیتمی ناوەوە و ڕیتمی دەرەوەدا.

وەرگێڕ ئاماژەی بەوەش داوە، کە ئەم کتێبە کانگایەکی بەسوودە بۆ ئەو توێژەرانەی گرنگی بەو لێکۆڵینەوانە دەدەن کە سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بێگومان ئەو ناوچە جوگرافییە گرنگیی ستراتیجیی خۆی هەیە لە جیهاندا: چونکە بە پلەی یەکەم سەرچاوەیەکی زانستیی وردە، نەک هەر کەسانی پسپۆڕی مێژووی ئەدەب، لە بواری دەرسگوتار و توێژینەوەی ئەکادیمی، بگرە خوێنەری سانایش سوودی زۆری لێ وەردەگرێت و تەواو شارەزای دەکات لە ڕووداو، هەلومەرجی سیاسی، کولتووری، جیۆسیاسی، دیمۆگرافیی ئایدۆلۆجی، بیری ئەدەبی و ژانرە ئەدەبییە باوەکان و هتد… ئەمە وێڕای ئەوەی تانوپۆی جوگرافیای جیهانی عەرەبی و ئێران و تورکیا و ئیسرائیل بەتەواوەتی دەکات.

بێگومان یەکێکی تر لە گرنگییەکانی ئەم کتێبە (ئەدەب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا)، بریتییە لە تیشکخستنە سەر سەرجەم ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووە لەدوای دووەمین جەنگی جیهانی، بەتایبەتییش نەوەدەکان، هەر وەک بابەتەکانی گشتگیرن: بۆ ئەوەی گەورەترین فەزا پڕ بکاتەوە لە لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەوانەش: ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتەوە، مێژووی ناوچەکە، پەیوەندییە نێودەوڵەتی و لۆکاڵییەکان، ململانێی عەرەبی-ئیسرائیلی، هەلومەرجی ژنان، پێکهاتەی ڕەگەزی و چینایەتی، بزووتنەوە ئەدەبی و کولتوورییەکان.

ئەم کتێبە ئەوەمان پێ دەڵێت کە هەرگیز ناتوانین لە ڕۆڵی ئەدەب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێبگەین، بەبێ ئەوەی لە سەرەتاوە بەخێرایی چاو نەخشێنینەوە بە مێژووی ئەم ئەدەبەدا، پێش هەرشتێک، پەرەسەندنی لە ماوەی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، وێڕای ئەوەی بزووتنەوە ئەدەبییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونە پێگەگەلێکی دیار بۆ تۆمار و بەشداریکردن و کارلێککردن لەگەڵ باڵانسڕاگرتن و ململانێ کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، بەڵام هاوشێوەی ئەم شتانە، حاڵەتێکی بەردەوام نەبوو، لە ماوەی سەدەکانی ناوەڕاست و سەرەتای سەردەمی نوێدا: تێبینیی ئەوە دەکرا کە بزووتنەوە ئەدەبییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها لەو کەسانەدا قۆرخ کرابوو، کە دەستەبژێر بوون لە کۆمەڵگەدا، چونکە چوارچێوەگەلێکی ئەدەبییان بۆ دەستەبەر کردبوو، کە لەمیانەی ئەوەوە دەیانتوانی پیادەکردنی نەریتە باوەکان فراوان بکەن و لێهاتوویی و توانا و کۆزانیارییە فراوانەکانی خۆیان بخەنە ڕوو.

لە یەکێک لە بابەتەکای نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە نێوی (کێشەی داگیرکاریی ئەورووپی و ئەو مەترسییانەی دەیورووژێنیت)، نووسەر باس لەوە دەکات کە لە سایەی ئەو ماوەیەی عوسمانییەکان حوکمیان بەدەست بوو، وەک (محەمەد عەلی پاشا و ئیبراهیم پاشا)ی کوڕی، چەند دەستەیەک لە خوێندکاران بۆ خوێندن چوونە وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژاوا، بەتایبەتییش فەڕەنسا، بە مەبەستی توێژینەوە لە دەقەکان و داتا زانستییەکان و وەرگێڕانیان بۆ زمانی عەرەبی، لەبەر مەزنیی ئەم ئەرکە، ئەوانەی چووبوون بۆ خوێندن، ناچار بوون چەندین مانگی دوورودرێژ لە ئەورووپا بمێننەوە: کاتێکیش ڕێگەیان نەدا بە توێژەرەکان بۆ ئەوەی چاو بخشێنن بە سەرچاوە پڕبەهاکان لە کتێبخانە و ئەرشیفەکانی فەڕەنسادا، ئیتر ناچار بوون ڕوو بکەنە شانۆکان، بۆ بینینی ئەو شانۆیانەی نووسەرە فەڕەنسییە ناسراوەکان نووسیبوویانن.

لە بابەتێکی دیکەدا بە نێوی (شۆڕشی کولتووری لە سەرەتای سەدەی بیستدا) نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە پێداگرتنی ڕەخنەگرە نوێیەکان لەسەر ناوەندێتی و بنەواشەیی خەیاڵ لە بەرهەمە ئەدەبییەکاندا، هەروەها لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم بەرهەمانە کارلێک لەگەڵ کۆمەڵگەدا بکات بۆ ئەوەی ببێتە فاکتەری گۆڕانکاری، ئەمە جێکەوتەکانی جێ هێشت لەسەر نەوەی نوێ لە نووسەران و ڕەخنەگران: لە واقیعدا ئەم بەرەوپێشچوونە سەرنجڕاکێشانە، کە ناوچەکە بە خۆیەوە بینیی، هۆکار بوو بۆ دەرکەوتنی بزووتنەوە چاکسازییەکان، کە ڕێنمایی و پرنسیپە ئیسلامییەکانیان وەرگرتبوو، دەستی بە بڵاوبوونەوە کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەندامانی ئەو بزووتنەوەیە ئاگادارییان لەمەڕ لاساییکردنەوەی ڕۆژاواوە بەبێ بیرکردنەوە دا، هەر وەک هانیان دەدا بۆ پاپەندبوون بە چاکە و بەها باڵاکان و ئادابە ئیسلامییەکانەوە، لە کاتێکدا دەوڵەتان هەوڵیان دا ببنە بەشێک لە جیهانی نوێ.

(کورتەچیرۆک وەک ڕابەری ئەدەبی) یەکێکی دیکەیە لە بابەتەکانی ئەم کتێبە و نووسەر لە دەستپێکی ئەم وتارەیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە کورتەچیرۆک لە سەرەتاوە و لە قۆناغێکی پاشتردا ئەو چوارچێوەی فەراهەم کرد، کە دەکرا بیریارەکان لەمیانەیەوە چارەسەری کێشەکانی سەردەمی خۆیان بکەن، دەگوترێت کورتەچیرۆک پێشینەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەیە لە ئەدەبی فۆلکلۆر، یان ئەدەبی میللیدا، نموونەی چیرۆکی هەزار و یەک شەوە دەهێنێتەوە و دەڵێت: کە بەخێرایی پێش کەوت وەک لقێکی ئەدەبیی لۆکاڵی، کورتەچیرۆک پێداویستییەکانی ئەو نووسەرانەی تێر دەکرد کە پەیامگەلێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی سەپێنراو و بەپەلەیان هەبوو، دەیانویست بە ڕێگەیەکی ڕوون و قایلکاری بیگوێزنەوە، بەو شێوەیە کورتەچیرۆک، کە بەوە جودا دەکرایەوە خێرا دەنووسرێت و خێراش دەخوێنرێتەوە، وەک ئامێرێکی گرنگی لێ هات بۆ ئەو بیریارانەی بەشدار بوون لە پرۆسەی پەیوەندیکردن بەو کەسانەی لە دەرەوەی بازنەکەی ئەواندا بوون لە هاوەڵان و هاوکاران.

لە هەمان وتاردا نووسەر دێتە سەر باسی چیرۆکی ئێرانی و باس لەوە دەکات، کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا (عەلی ئەکبەر دێهخودا)، کە نووسەرێکی هەمەلایەن بووە، دەستی بە چالاکییەکانی لە بواری نووسینی کورتەچیرۆکدا کرد، بەگوێرەی زانییارییەکانی نووسەر، کۆمەڵێک وتاری ڕەخنەیی بڵاو کردووەتەوە و دەشڵێت: جەمالزادە، ئەم وتارانەی بۆ بەرهەمی ئەدەبیی لۆکاڵی گۆڕی، ڕەخنەگر حیشمەت موئەیەد گەڕایەوە بۆ دیباجەی “هەبوو نەبوو”، کە لە ساڵی ١٩٢١دا دەرچووە، بەو پێیەی ڕاگەیەنراوێکی پراکتیکییە بۆ نووسینی پەخشانی فارسیی نوێ.

نووسەر دێتە سەر باسی ئەوەی شۆڕشی ئیسلامی نەوەیەکی نوێی نووسەرانی هێنایە بوون، لەناویاندا ژمارەیەک ژنیان تێدا بوو، کۆمەڵێک ڕەخنەگر پەسنی ئەو نووسەرانەیان دەکرد وەک (موئەیەد-پشتیوان)، جا بانگەشەیان بۆ ڕووخاندنی سیستمی پاشایەتی بکردایە یان نا، بەرزنرخاندنیان بە هۆی هەڵوێستی ئازایانەیانەوە دژی ئەو گەندەڵییەی وەک پەتایەکی درێژخایەن دەرکەوتووە و بە درێژایی سەدەیەک لە برەودا بووە.

ئێمە ناتوانین لێرەدا بپەرژێینە سەر کۆی بابەتەکانی نێو کتێبەکە و شرۆڤەیان بکەین، بەڵکوو تەنها بەم ناساندن و ڕانانە کورتە دەوەستین و ئەوەی دیکەی هەڵدەگرین بۆ قەزاوەتی خوێنەران و بەتایبەتییش ئەو توێژەرانەی گرنگی بە ئەدەبیاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن؛ هێندە دەڵێین، خوێندنەوەی ئەم کتێبە سوود دەگەیەنێت بە ئاستی هۆشیاری و خەزنەی زانیاریی خوێنەر زیاتر دەکات.