“دادگاییکردن” یەكەمین شانۆنامەی دۆكیۆمێنتاریی كوردییە
“دادگاییکردن” یەكەمین شانۆنامەی دۆكیۆمێنتاریی كوردییە
میران سیروان
ڕەنگە من و هاوجیلی من، ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆی بەغداد و تەلەڤزیۆنی فەرمیی عیراقەوە خوێندنەوەی هەواڵی جێبەجێكردنی پرۆسەی ئەنفالمان نەبیستبێت، یان وەختێت گەشتمان بۆ شارەكانی كوردستان كردبێت، لە نیوەی ڕێگە گەمارۆدانی گوندەكان و ڕاگوێزانی خەڵكەكەی و خاپووركردنی ماڵەكانیانمان نەدیبێت، چونكە لە سەروبەندێكدا بەكرداركردنی پیلانی جینۆسایدی ئەنفال لەدایك بوو، هێشتا هیچ ترووسكاییەك لە ئاسمانی خۆڵەمێشیی كورددا بۆ نەوەی ئەمڕۆ لە ئارادا نەبوو!
لەو ساتەوەی تاقە قەڵەمەكەی شانۆنامەی كوردی، مامۆستا “دانا ڕەئووف” پاش دۆزینەوە و دەستگیركردنی “عەجاج” ڕای گەیاند لە ئایندەیەكی نزیكدا شانۆنامەی “دادگاییكردن” دەكەوێتە بەردیدی خوێنەران، كەوتمە چركەژماردنی وادەی بڵاوكردنەوەی، لەبەر چەند هۆیەكی گرنگ:
یەكەم، لە وانەی مێژووی پۆلی دوازدەی ئامادەییدا، تەنها ئاماژەیەكی چەند لاپەڕەیی سنووردار لەسەر شاڵاوی ئەنفال دەخوێنرێت، كە باسكردنەكەی لە ژماردنی هەشت قۆناغەكەی جێبەجێكردنی ئەنفال و دەستنیشانكردنی ئەنفالی گەرمیان وەك كارەساتبارترین جۆری پرۆسەكە بچووك كراوەتەوە؛ بەڵام خوێندنەوەی ئەم كتێبە، سەرچاوەیەكی سەرتاپا كامڵ و وردەكاریی ئاسایە بۆ ئاشنابوون بە بچووكترین بەشەكانی هەنگاوەكانی بڕینی قردێلەی دەستپێكردنی تاوانی ئەنفال.
دووەم، ئەمە یەكەمین شانۆنامەی دۆكیۆمێنتارییە كتێبخانەی شانۆنامەی كوردی بە خۆیەوە دیبێت، چونكە سروشتی بوونیادنانی كۆی ڕووداوەكانی شانۆنامە و پێكبەستنەوەی پەردە و دیمەنەكانی، بە شێوەیەكی گشتی هەردەم بۆ خەیاڵاتەكانی شانۆنووس دەگەڕێتەوە؛ بەڵام وەك لە پەراوێزی شانۆنامەكەدا ئاماژەی پێ داوە، مامۆستا “دانا ڕەئووف” سوودی لە دەیان سەرچاوە و تۆماری هەمەجۆر وەرگرتووە، تا وێنەی زمانی گێڕانەوەكەی تەواو ڕاستەقینانە بهێنێتە بوون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، وەك شێوەكارێكی كارامە و بەسەلیقە، توانیویەتی بەو شێوە و شێوازە كاركردنەی دانا ڕەئووفی پێ دەناسرێتەوە، ئەم بەرهەمەشی ڕاستەوخۆ بناسینەوە!
شانۆنامەی “دادگاییكردن” تەقاندنەوەی دەرگایەكە بە ڕووی هاواری ژنان و گریانی منداڵان و سكاڵای پیاوان و باراندنی فرمێسكی تەمەندارانی كپكراودا، بەتایبەت ئەو هاوار و گریان و سكاڵا و فرمێسكانەی ئەوكات تەنها دیوارە پایەبەرزەكانی “نوگرە سەلمان” دەیانبیست، تەنها ئەو پەنجەرانەی بەسەر گۆڕەپانی “نوگرە سەلمان”دا دەیانڕوانی دەنگی دەدایەوە، تەنها ڕاڕەوە دوورودرێژە پانوپۆڕەكانی “نوگرە سەلمان” شایەتحاڵی یەكەمین و دوایینی ژیانی برسێتی و تینووێتی و ئەشكەنجەدانیان بوو!
ئەم شانۆنامەیە پێمان دەڵێت چۆن ژیانی ڕۆژانەی ئەنفالكراوان گوزەراوە، چۆن سەربازانی بێبەزەیی بە بیانووی تاوانی كوردبوون و كوردزمانییەوە مامەڵەی قێزەونیان بەرامبەر ئەنجام داون، چۆن نان و ئاویان بەسووكایەتییەوە بەسەردا دابەش كردوون، چۆن پاش مردنیشیان، نەیانهێشتووە مردووان بەئارامی ڕۆحیان بەرەو ئەودونیا بفڕێت! لەبەر ئەوەی سەربازانی نامرۆڤخواز هەردەم لێیان دووبارە دەكردنەوە: ئێوە كە مردن، ڕاستەوخۆ بەرەو دۆزەخ بەڕێ دەكەون…!