یادەوەرییە سیاسییەکانی سوڵتان عەبدولحەمید

یادەوەرییە سیاسییەکانی سوڵتان عەبدولحەمید

ڕانانی: ئیدریس عەلی

بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبی “یادەوەرییە سیاسییەکانم” بریتین لە: سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، تورکانی جوان و دەستوور، سکاڵای ئەرمەنەکان، گرفتی جووەکان، کورد و ئەرمەن، باڵوێزی ئەڵمانیا و گرفتی ئەرمەن، دواکەوتنی عوسمانییەکان، ناردنی ئەفسەرەکان بۆ وڵاتانی بیانی، دەزگای هەواڵگری و سیخوڕی، ئەو پلانەی لە مەکەدۆنیا دەیگێڕن، پێویستیی ئاسایش و سەقامگیری، دامەزراوەکانی پۆستەی بیانی لە دەوڵەتی عوسمانیدا و چەندین تەوەر و بابەتی دیکە کۆی کتێبەکە پێک دەهێنن.

گرنگیی ئەم کتێبە لەوەدایە خوێنەری کورد بە دۆخ و هەلومەرجی سیاسی، کولتووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی قۆناغێکی دیاریکراوی هەستیار و پڕ لە ڕووداو و گۆڕانکاری و دەرکەوتنی دەیان فیگەر و ڕوخساری جۆراوجۆر ئاشنا دەکات، کە کورد بەشێکە لەو مێژوو و قۆناغەی سوڵتان عەبدولحەمید لە زاری خۆیەوە باسیان دەکات.

لە بەشێکدا ئاماژە بەوە دراوە کاتێک عەبدولحەمید بوو بە خەلیفە، دەوڵەت بە دەست قەرزێکی زۆرەوە دەیناڵاند، کە خۆی دەدا لە دوو ملیار و پێنج سەد و بیست و چوار ملیۆن و دە هەزار و هەشت سەد و هەشتا و پێنج لیرەی عوسمانی: ئەویش کەوتە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەکە بۆ ئەوەی لەبەرامبەر دەوڵەتە بیانییەکاندا شان و شەوکەت بۆ دەوڵەتەکەی بگەڕێنێتەوە.

لە سەردەمی عەبدولحەمیددا جەنگی نێوان ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی و ڕووسیا قەوما و زیانێکی زۆری بە دەوڵەتی عوسمانی گەیاند، ژمارەیەکی زۆر خەڵک بوونە قوربانی، ڕووبەرێکی زۆری دەوڵەت لەدەست درا، عەبدولحەمید زۆر هەوڵی دا خۆی لە شەڕ لابدات و چارەسەری ئاشتی تاقی بکاتەوە، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی دا، کە بوو بە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگ، لەم بارەیەوە خودی عەبدولحەمید لە کتێبەکەدا ئاماژە بەوە دەدا، کە گەل زوو شتی بیر دەچێتەوە و دەڵێت: من ئەم قسەیە دەکەم و داوای لێبوردن لەوانە دەکەم کە مشتومڕی سیاسیم لەگەڵدا دەکەن، بەڵام بێئاگان لەو هەموو گەمە و فێڵانەی لەپشتی پەردەوە دەکرێن، ئەو پلانە شەڕەنگێزانە نابینن کە دەوڵەتە گەورەکان دەیانگێڕن.

ئەوەی زانراوە، عەبدولحەمید کوڕی عەبدولمەجیدی یەکەم، سوڵتانی سی و چوارەمە لە سوڵتانە عوسمانییەکان و دوایین سوڵتانە کە بە کردار حوکمی کردبێت، یەکێکە لە زیرەکترین سوڵتانەکانی عوسمانی، لە ٢١ی ئەیلوولی ١٨٤٢ز لەدایک بووە و ساڵی ١٨٧٦ حوکمی گرتە دەست و لە ساڵی ١٩٠٩دا لە تەختی دەسەڵات دوور کەوتەوە.

سوڵتان عەبدولحەمید لە کۆشکی سوڵتانی خوێندوویەتی و لەگەڵ تورکیدا، زمانی فارسی و عەرەبی و فەڕەنسیی خوێندووە، هاوکات مێژوو و ئەدەبی خوێندووە و گرنگییەکی زۆری داوە بە شیعر.

ئەم سوڵتانە ڕۆحێکی چاکسازیی بڵاو کردەوە و پایەی سەدری ئەعزەمی دا بە مەدحەت پاشا، یەکێک لە سەرکردەکانی چاکسازی، فەرمانی دەرکردنی دەستووری نوێی دا و ئیشی پێ بکرێت، دەستوورەکە وەرگیرابوو لە دەستووری وڵاتە ئەورووپییەکانی وەک بەلجیکا و فەڕەنسا و ئەوانی تر.

ھەندێک بە “ئولو خاقان” دەیناسن، واتە “پاشای مەزن” و لە ڕۆژاوا ناسراوە بە “سوڵتانی سوور،” بە بیانووی کوشتارگەی ئەرمەن، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ڕووی دا، وەک ئاماژەش دراوە، لە ڕاستیدا خەتای خودی ئەرمەنەکان بووە، وەک دەبینین خودی سوڵتان خۆی دانی بەوەدا ناوە و گوتوویەتی: بواری ئەوە نییە نکۆڵی بکەین لەوەی ئەرمەنەکانی ویلایەتەکانی خۆرەڵاتمان لە سکاڵاکانیاندا لەسەر حەقن، بەڵام دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە زێدەڕۆییشی تێدا دەکەن، وەک ئەوەی لەتاو ئازارێک بگرین کە نەیانچەشتووە، گەلێکی ترسنۆکن، وەک ژن ناز دەکەن، خۆیان دەدەنە پەنای دەوڵەتە گەورەکان و لەبەر پڕوپووچترین هۆ هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە.

زۆربەی موسڵمانان بە دوایین خەلیفەی تەواوی موسڵمانانی دادەنێن، کە ھیمەتێکی بەرزی ھەبوو لە کێشە ئیسلامییەکاندا و پرۆژەی سکەی ئاسنی حیجازی لێدا، کە مەدینە بە دیمەشقەوە دەبەستێت و دەیویست ئەو خەتە درێژ بکاتەوە بۆ ھەریەک لە ئیستانبوڵ و بەغداد، کە لە کاتی جەنگی جیھانیی یەکەمدا ئینگلیز پرۆژەکەیان لەناو برد، چونکە لەوە دەترسان ئەو پرۆژەیە جیھانی ئیسلامی بەیەکەوە گرێ بدات.

بەشێک لە نەتەوەی عوسمانی پێشوازیی گەڕانەوەی حوکمی دەستووریان کرد دوای دوورخستنەوەی سوڵتان عەبدولحەمید، لە کاتێکدا زۆربەی موسڵمانان تا ئێستا ڕێز لەم سوڵتانە دەنێن، کە لەپێناو خاکی فەڵەستیندا دەسەڵاتی لەدەست دا، بەوەی ڕازی نەبوو بیفرۆشێت بە سەرکردەکانی سەھیۆنییەت، ئەوەش گەورەترین شکۆمەندی بوو بۆ ئەو سوڵتانە.

عەبدولحەمید یەکەم سوڵتانی سی و چوارەمە لە سوڵتانە عوسمانییەکان، دوایین سوڵتانیشە کە بە کردار حوکمی کردبێت و یەکێکە لە زیرەکترین سوڵتانەکانی عوسمانی.

کاتێک سوڵتان عەبدولحەمید خەلافەتی گرتە دەست، دەسەڵات لەوپەڕی خراپیدا بوو لە ناوخۆ و دەرەوەدا، لە ھەمان ساڵدا دەوڵەتی عوسمانی کەوتە ئەزمەیەکی ئابوورییەوە، لە ماوەی حوکمی سوڵتان عەبدول عەزیزدا، کە کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی توانییان، بە پیلانێک کە ھەندێک لە پیاوەکانی کۆشک ڕێکیان خستبوو، لەسەر حوکم لای بدەن، لەدوای ئەو، مورادی پێنجەم، برای عەبدولحەمید دەسەڵاتی گرتە دەست، دوای ماوەیەکی کەم لادرا، سوڵتان عەبدولحەمید حوکمی گرتە دەست دوای ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی ڕێک کەوت لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی عوسمانییە ئازادەکان و مەدحەت پاشای نەفی کرد بۆ تائیف.

گرنگترین ئیشەکانی سوڵتان عەبدولحەمید بریتیبوون لە:

– دەروازەی زانکۆی ئیستانبوڵ، ساڵی ١٩٠٠ز

– دەروازەی زانکۆی ئیستانبوڵ، ساڵی ١٩٠٠ز

– وێستگەی حەیدەر پاشا (وێستگەی سەرەکی لەسەر ھێڵی سکەی حیجاز)

– وێستگەی حەیدەر پاشا (وێستگەی سەرەکی لەسەر ھێڵی سکەی حیجاز)

لە ناوەندی ئەم ھەموو ئاڕاستە و شەپۆلە جیاوازانەدا، سوڵتان عەبدولحەمید حوکمی کرد و بەپێی ئەم سیاسەتەی خوارەوە دەستی بە ئیش کرد:

ھەوڵی دا ھەندێک لەوانەی دژایەتیی دەکەن بباتە ڕیزی خۆیەوە، ھەوڵی تەواوی خۆی دا دایان بنێت لە پایەیەکدا کە ڕازییان بکات، وەک غازی عوسمان پاشا و ئەحمەد پاشا موختار.

بانگی ھەموو موسڵمانانی جیھانی کرد لە ئاسیای ناوەڕاست و لە ھیند و چین و ناوەڕاستی ئەفریقا و ئەوانی تر بۆ یەکڕیزیی ئیسلامی، دروشمە بەناوبانگەکەی بڵاو کردەوە: “ئەی موسڵمانانی جیھان یەک گرن.” خوێندنگەیەکی بۆ بانگەوازکارە موسڵمانەکان بوونیاد نا، کە دەرچووانی بە هەموو لایەکی جیهانی ئیسلامیدا بڵاو بوونەوە، بەڵام ھێزەکانی دەرەوە ھەستان بە ڕاپەڕین لەو بانگەوازە و دژایەتیکردنی.

زۆر لە زانا و کەسایەتییە موسڵمانەکانی لە خۆی نزیک کردەوە و گوێی لە ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکانیان گرت.

ئیشی کرد لەسەر ڕێکخستنی دادگا و ئیشکرن بەپێی شەریعەتی ئیسلامی.

ھەستا بە چەند چاکسازییەک، وەک دەستگرتن بەسەر ڕەشوە و گەندەڵیی لە بەڕێوەبردندا.

زۆر خوێندنگە و کۆلێژ و خولی زانستیی کردەوە و گرنگیی دا بە بوونیادنانی ڕۆشنبیریی ھاووڵاتیی عوسمانی و ڕاھێنان، تا ئامادە بێت بۆ ڕاپەڕاندنی وڵات لە داھاتوودا، زۆربەی ئەو کادیرانەی لە سەردەمی ئەودا فێر بوون، لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا بەشدارییان کرد.

مامەڵەی لەگەڵ کەمایەتی و ڕەگەزە ناتورکییەکاندا دەکرد بە مامەڵەیەکی تایبەت، تا بیرۆکە دەمارگیرییەکان لاواز بکات و چاوی داخست لە زۆرێک لە زیانگەیاندنەکانیان وەک ئەو ترسەی پیاوەکانی ئەرمەن بڵاویان دەکردەوە، وەک ھەوڵی ئەرمەن لەگەڵ یەھوددا بۆ تیرۆرکردنی کاتێک لە نوێژی جومعە دەردەچێت، ئەمەش بۆ ئەوە بوو تا ڕێگە نەدات دەوڵەتە بیانییەکان دەست وەردەنە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتەکەی.

گرنگیی دا بە ڕاھێنانی سوپا و بەھێزکردنی ناوەندی خەلافەت.

گرنگیی دا بە قەرزەکانی دەوڵەت و تێکۆشا بۆ کەمکردنەوی.

سوور بو لەسەر تەواوکردنی پرۆژەی خەتی سکەی ئاسنی حیجاز، کە دیمەشق و مەدینە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە ئەم پرۆژەیەی وا دەبینی پەیوەندیی نێوان موسڵمانان بەھێز دەکات، ئەو پەیوەندییەی وەک بەردێکی بەھێز ھەموو فێڵ و خیانەتەکانی ئینگلیزی لەسەر دەشکێت، بەپێی بیروڕای سوڵتان.

دەزگایەکی زانیاریی دامەزراند و گەشەی پێ دا تا بگاتە ئاستی دەزگا فەڕەنسی و ئینگلیزییەکان.

شانۆی کۆشکی ئەستێرە بە فەرمانی ئەو دروست کرا و دوای چاکسازییە پێویستەکانی، چەند مۆزەخانەیەک کرایەوە، وەک مۆزەخانەی ھونەر و شانۆ.

سوڵتان عەبدولحەمید خۆی لە بەشێکی کتێبەکەدا گوتوویەتی: کاتێک لەسەر کورسیی فەرمانڕەوایی دانیشتم، ڕەوشی ئیمپڕاتۆرییەت زۆر خراپ بوو، شەڕی ڕووسەکانیش ڕەوشەکەی خراپتر کردبوو، دۆ و دۆشاو تێکەڵ بووبوون، نیگەرانی باڵی بەسەر هەموواندا کێشابوو، کەس بە ئاواتی خۆی نەدەگەیشت، ئەو ڕۆژانە خۆم بینییەوە کەسێکی تەنیام و خەڵکانی دەورم لە خۆم دوور دەخەمەوە، لە کۆتاییدا شەڕ تەواو بوو و ڕەوشەکەش خراپتر بوو.

یەکێکی تر لە کتێبە باش و دانسقەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی “یادەوەرییە سیاسییەکانم”ی سوڵتان عەبدولحەمید، کە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ “ئاوات ئەحمەد سوڵتان”ەوە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە بۆ سەر زمانی کوردی.