ئاهـ جۆن، ئەو هەموو چوکوڵاتەیە!

ئاهـ جۆن، ئەو هەموو چوکوڵاتەیە!

یاداشتێک دەربارەی چیرۆکی “جادووی چوکوڵاتە”

بەختیار حەمەسوور

هەرچەند لە ئەدەبیاتی جیهانیدا بە پێوەر و ڕەچاوکردنی ئاست و تەمەن و تێگەیشتن، لەمێژە خانەبەندیی ژانرەکان یەکلا بووەتەوە و دەستنیشان کراون، بەڵام وەک خۆم، لە دەرەوەی ئەو پێوەر و ڕەچاوکردن و پۆلێنبەندییە، بەردەوام خوێنەری چیرۆکی منداڵان و تیکڕای ئەو چیرۆکانەشم کە وەک نموونەی “ئەدەبیاتی گەنجان” نووسراون. چێژێکی زۆر لەم جۆرە ئەدەبیاتە دەبینم، ڕەنگە لە پلەی یەکەمدا ئەم چێژە بۆ ئەو فەنتازییە قووڵ، هاوکات ڕوونە بگەڕێتەوە، کە بەشێکی بەرچاو لەم ئەدەبیاتە هەڵی گرتووە. بێگومان خاڵێکی تر کە بەتەنیشت ئەم خاڵەوە دێت، هەم ڕوانگەی ئەو دنیایەیە کە چیرۆکەکان وێنای دەکەن، دنیایەک کە هێشتا پاکژە و پڕە لە سەرکێشیی منداڵانە، ئەو دنیایە هەمیشە و بۆ هەموو وێستگەیەکی تەمەن وەک پێویستییەکە، بۆیە لە هەموو ئەو کەسانەی کە توانایەکی داهێنەرانەیان تێدایە و لە بوارێکدا شوێندەستیان دیارە، بێ ئەوەی خۆیشیان بزانن، شتێک لەم دنیایەیان تێدایە: پاکژی، منداڵی و سەرکێشی.

بۆ دوان لەبارەی کتێبی “جادووی چوکوڵاتە”وە، وا پێویست دەکات زۆر بەکورتی هێڵە گشتییەکەی بخرێتە پێشچاو: چیرۆکی ئەم کتێبە باس لە کوڕێک دەکات بە ناوی جۆن میداس، ئەم کوڕە هەموو ئاواتی خواردنی چوکوڵاتەیە، ئیدی بە هەرشێوەیەک بێت گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە هەموو ژەم و دەمەکانی خواردنی چوکوڵاتە بێت. ئەگەرچی بەردەوام لە قوتابخانە لەلایەن مامۆستاکانی و لە ماڵەوەش لەلایەن دایک و باوکیەوە لەسەر ئەو کارەی سەرزەنشت دەکرێت و لە زیان و لێکەوتەی زیادەڕەوییکردن لە خواردنی چوکوڵاتەدا ئاگادار دەکرێتەوە، بەڵام جۆن لەسەر بەزمی خواردنی چوکوڵاتە بەردەوامە و بەوەش بەزوویی کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستیی دادەنێت و دەربرێتە لای پزیشک. چیرۆکەکە نەک لێرەوە، بەڵکوو لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات کە پاشنیوەڕۆیەکی ڕۆژی یەکشەممەیەک لە یەکشەممەکانە، کاتێک جۆن بەرەو ماڵی سوزانی هاوڕێ و هاوپۆلی دەچێت، کتوپڕ لەسەر ڕێگەکەی چاوی بە پارەیەکی کانزایی زیوین دەکەوێت، پارەکە بیست و پێنج سەنتییە، ئەم پارەیە ڕێڕەوی نەک چیرۆکەکە، بەڵکوو ژیانی جۆنیش دەگۆڕێت؛ سەرەتاش بۆ ئەم بارگۆڕینە لە ئاڕاستەی ئەو ڕێیەوە دەست پێ دەکات، کە جۆن هەمیشە لێیەوە بەرەو ماڵی سوزان دەچێت، لەبری ئەوەی وەک هەمیشە بەلای ڕاستدا سووڕ بخوات، ئاڕاستەی ڕۆیشتنی دەگۆڕێت و بەرەو چەپ ڕوو وەردەگێڕێت؛ لەم ئاڕاستەگۆڕینەدا دەگاتە سەر سووچی کۆڵانێک، لەوێدا دوکانێک دەبینێت، ڕاستەوڕاست بەرەو دوکانەکە دەچێت، پیاوێک لە دوکانەیە، دەکاتە خاوەنی دوکانەکە. جۆن پارەکە پیشانی پیاوەکە دەدات و دەیەوێت بەو پارەیە پارچەیەک چوکوڵاتە بکڕێت، پیاوەکە لە دراوەکە ورد دەبێتەوە، پاشان جۆن دەکەوێتە مامەڵە و لەپڕ چاوی دەچێتە سەر پاکەتێک چوکوڵاتە، لەبەرانبەر پارەکەدا ئەوە هەڵدەگرێت و خاوەنی دوکانەکە دڵنیای دەکاتەوە کە ئەوە هەڵدەگرێت، جۆن دڵنیایی دەدات و یەکڕاست بەرەو ماڵەوە دەگەڕێتەوە. کاتێک دەچێتە ژوورەکەی و پاکەتەکە هەڵدەپچڕێت، دەبینێت تەنها چوکوڵاتەیەکی تێدایە، کە لە سیمێکی زیوینەوە ئاڵێنراوە؛ دەیخوات، ئیدی لێرەوە هەموو شتەکان، لەگەڵ بەخەبەرهاتنەوەی جۆندا لە بەیانیدا، دەگۆڕێن، سەرەتای ئەم گۆڕانانەش لە هەویری ددانشتنەوە دەست پێ دەکات، کاتێک هەویرەکە دەخاتە سەر فڵچەکە تا ددانی بشوات، هەویرەکە دەبێت بە چوکوڵاتە! ئەمە دەستپێکە بۆ گۆڕانی هەموو شتەکان، هەر ئەوەندەیان بەسە بگەنە زار و سەر زمانی جۆن، ئیدی دەستبەجێ دەبن بە چوکوڵاتە. بێگومان لێرەدا ناکرێت هەموو ئەو شتانە بنووسرێنەوە کە لە ڕێرەو و درێژەی چیرۆکەکەدا هاتوون، باشتر وایە خوێنەر خۆی چیرۆکەکە بخوێنێتەوە و بێگومان وردەکارییەکان زۆر سەرنجی ڕادەکێشن. ئەم دۆخە نوێیە، کە لە سەرەتادا جۆن هێجگار پێی دڵخۆشە، بەرە بەرە دەگاتە دۆخێکی نائاسایی و تەنانەت ترسناک، دوایین گۆڕان بۆ بەچوکوڵاتەبوون دایکی جۆنە، کە دەبێت بە پەیکەرێک لە چوکوڵاتە‌! ‘جۆن هێندە نیگەرانی خۆی بوو، بیری نەمابوو دایک و باوکی چ هەستێکیان بەرانبەر نەخۆشیی چوکوڵاتەکەی هەیە. گوتی: “دایکە، نیگەران مەبە.” باڵی لە شانەکانی دایکیەوە ئاڵاند. “هەموو شتێک باش دەبێت.” لە ڕاستیدا هیچ شتێک باش نەبوو، بەڵام بەرگەی بینینی فرمێسکەکانی دایکی نەدەگرت. جۆن ماچی ڕوومەتە تەڕەکەی دایکی کرد. چاوەکانی داخستبوو و لێوەکانی بەنەرمی بەر ڕوومەتی کەوتن، بۆیە ڕاستەوخۆ گۆڕانکارییەکانی نەبینی، بەڵام کتوپڕ لێوی هەستی بە پێکەوەلکانێک کرد. چاوی کردەوە و بینیی دایکی بووە بە پەیکەرێکی بێجووڵەی چوکوڵاتە!’ ئیدی لێرەوە جۆن هیچ چارێکی نامێنێت، جگە لەوەی دووبارە بە هەمان ئاڕاستەی پێچەوانەدا بڕواتەوە بۆ هەمان دوکان و داوا لە کابرای دوکاندار بکات فریای بکەوێت.

ئەم چیرۆکە، وەک لەو پوختەیەدا گێڕامانەوە، یەکەم ستوون و هێڵی سەرەکیی خۆی پێشان دەدات، ئەویش بەگەڕخستنی فەنتازیا و خەیاڵێکی سەرسووڕهێنەرە، کە نەک تەنها بۆ گەنجان، بەڵکوو دەتوانێت هەستبزوێن و سەرنجڕاکێش بێت بۆ هەموو ئاست و تەمەنێک. لە گوزەری ڕووداو و پێشهاتەکانەوە، چیرۆکەکە بەردەوام دۆخی تازەی تێ دەڕژێت و باری ناباو بەخۆوە دەگرێت: ئێمە لەبەر دەم کوڕیژگەیەکداین کە پێشتر ناسیومانە و خولیا و دنیاکەی لەلامان ئاشنایە، کە تێکڕا لە خواردنی چوکوڵاتەدا کۆ بووەتەوە، لەپڕ دەبینین هەمان کوڕیژگە تەواوی خولیاکەی بەدی دێت و دنیاکەی پڕ دەبێت لە چوکوڵاتە، تەنانەت ئەو قەڵەمەش کە لە پۆلدا وەڵامەکانی تاقیکردنەوەی پێ دەنووسێت، دەبێت بە چوکوڵاتە. تا ئێرە باشە، بەڵام لە بەردەوامیدا هەموو شت خراپ دەبێت. وەک گوترا، دەستپێکی ئەم گۆڕانە پڕە لە نەشئە و خۆشی بۆ جۆن، بەڵام لەگەڵ هەر گۆڕانێکدا، دەبینین جۆن و دەوروبەرەکەشی چۆن تووشی سەرسامی و ترس دێن، تا دەگات بەوەی وەک ئەوەڵ، چۆن دۆخی تەندروستیی جۆن میداس تێک چوو و دایک و باوکی بردیان بۆ لای پزیشک، ئێستاش تووشی هەمان دۆخ بووەتەوە. چیرۆکەکە دەگاتە جێیەکی زۆر ناسک، جێیەک کە لە دەستی هیچ کەسدا نامێنێت جگە لە نووسەرەکەی، نووسەری ئەم چیرۆکە وەک چۆن توانیویەتی ئێمە و جۆن و کۆمەڵگەی ناو چیرۆکەکەی بخاتە ناو تەنگژەی ئەو فەنتازیا قووڵەوە، بە هەمان شێوەش دەبێت هەر خۆی دەرچە و دەلاقەیەک بدۆزێتەوە تا لەو کەشە قورس و خەمگینە ڕزگارمان ببێت. بێگومان نووسەری ئەم چیرۆکە (پاتریک سکین کاتڵینگ) ئەو جادووە هەڵدەوەشێنێتەوە و فریای جۆن و ئێمەش دەکەوێت و ئەوەڵ شتیش ئەوەیە کە دایکی جۆن لە پەیکەرێکی بێجووڵەی چوکوڵاتەوە دەکاتەوە بە جەستە و ڕۆحی دایکێکی ڕاستەقینە، هاوکات هەموو کەرەستە و شتەکانی تریش لە دۆخی چوکوڵاتەییەوە دەبنەوە بە خۆیان.

یەکێک لە خاڵە هەرە بنچینەییەکانی چیرۆکی “جادووی چوکوڵاتە،” کە دەکرێت لێیەوە خوێندنەوەیەکی کورت ئاڕاستە بکەین، ڕەهەندی پەروەردەییە؛ ئەم چیرۆکە بە شێوەی ئامۆژگاری و داوای قورس و ئەرکپێدان نا، بەڵکوو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و هونەری، لە سووڕ و خولی ڕووداوە یەکبەدواییەکەکاندا ڕوانگە پەروەردەییەکەی دەگەیەنێت، هەر ئەمەشە وا دەکات چیرۆکەکە لە یەک کاتدا هەم لە ئاستی هونەریدا براوە بێت، هەم وەک چیرۆکێکی چێژبەخش و پەروەردەییش ڕۆڵی خۆی بەجێ بگەیەنێت.

قووڵترین و وردترین ئایدیای پشت ئەم چیرۆکە لە لایەنی پەروەردەییەوە ئەوەیە، پێمان دەڵێت زیادەڕۆیی و پێداگری لەسەر شتێک، کە سوور دیارە زیانی لێ دەکەوێتەوە، هەڵەیە. لە چیرۆکەکەدا ئەم دۆخە لە کەسێتیی جۆندا پیشان دراوە، جۆن بە جۆرێک لە جۆرەکان تووشی داوی خولیا و خۆزگەکانی خۆی دەبێت، بە واتایەکی تر: دەبێت بە تەڵەی ئەو شتەوە کە هیی خەونی هەموو ژیانی بووە: چوکوڵاتە!

لە گۆشەیەکی ترەوە چیرۆکەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باس لە “هاوسەنگی” دەکات، چۆن وا بکەین هاوسەنگی لەنێوان بژاردەکاندا بپارێزین؟ ئێمە لە ژیانی جۆندا تەنها بژاردەی “چوکوڵاتە” دەبینین، جۆن ئەو بژاردەیەی لەسەروو هەموو بژاردەکانەوە داناوە و جگە لەوە، هیچ شتێکی تر نابینێت، دواتریش دەبینین چۆن لەو تاکە بژاردەیەدا نوقم دەبێت، بوون و ئاکامەکەشی بە چ ئاقارێکی مەترسیداردا دەڕوات. جۆن گشت دەرفەت و بژاردەکانی تر پشتگوێ دەخات، لەناو خولیاکەی خۆیدا نغرۆ دەبێت و بەرەو شوێنێکی هێجگار ترسناک لێژ دەبێتەوە. پەیامی چیرۆکەکە لێرەدا ڕوونتر دەردەکەوێت، کاتێک پیشان دەردێت کە نابێت تەنها یەک بەشی بچووکی ژیان ببینین: خواردن و حەز و ویستی پڕکردنی گەدە، ئەگەرچی تاموچێژ و خواردن کۆڵەکەیەکی گرنگی ژیانی هەریەکەمانن، بەڵام بێگومان هەمووی نین، ئێمە لە ژیانماندا هاوڕێ، یاری، دایک و باوک، خوشک و برا، گەشت و دەیان دەرفەت و هەلی تریشمان هەن، کە پێویستە پەرۆشیمان بۆیان هەبێت و لەپێناو تەنها شتێکدا لەدەستیان نەدەین. پاشتر جۆن، دوای ئەوەی جادووی چوکوڵاتەکە بەتاڵ دەبێتەوە، لەو ڕاستییە دەگات، بۆیە لەنێوان بژاردەی ئەوەی هەموو ژیان و کەس و کەرەستەکانی دەوروبەری ببن بە چوکوڵاتە لە لایەک، لە لایەکی تر هەموو کەس و کەرەستەکانی دەوروبەری وەک خۆیان بمێننەوە، بژاردەی دووەم هەڵدەبژێرێت.

ئەم کتێبە، “جادووی چوکوڵاتە”ی پاتریک سکین کاتڵینگ، کە میران شەماڵ بە شێوەیەکی ڕوون و بێخەوش کردوویەتی بە کوردی و یەکێکە لە بڵاوکراوە نوێیەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە خانەی “ئەدەبیاتی گەنجان”دا دەستنیشان کراوە، یەکێکە لەو کتێبانەی بێ دوودڵی دەتوانین پێشنیازی بکەین بۆ هەموو ئەو گەنجانەی خۆشمان دەوێن و لێمانەوە نزیکن.