چاوەکانی لەنێوان گوتن و نەگوتندا

چاوەکانی لەنێوان گوتن و نەگوتندا

میران سیروان

مەڵێ دڵسۆزم بە عەشقت

ئاخر چاوانت دەڵێ وا نیت!

– ئیرەج جەنەتی عەتایی

لەم شاکارە هەرە باڵایەی بوزورگی عەلەویدا، چاوەکانی کارەکتەر “فەرەنگیس” لە نەگوتندا دونیایەک شت دەڵێن و لە گوتنیشدا دونیایەک شت دەشارننەوە، بە جۆرێک، چاوەکان و جووڵەی پێڵووەکەی ئاماژە دەدات بە گومانی ناسینەوەی لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی مامۆستا “ماکان”ەوە، لە لایەکی دیکەشەوە ئاماژەیەکی پەنهانئامێزە لەلای پڕوپاگەندەکانی خەڵکی ئاسایی، کە ئایا لە ڕابوردوودا پەیوەندیی لەگەڵ مامۆستا “ماکان”ی نیگارکێشدا هەبووە یان نا!

لە لاپەڕە ١٣٣ی ڕۆمانەکەدا، وەختێک فەرەنگیس بە ئاغای چاودێری قوتابخانە تایبەتییە وێنەکێشییەکەی مامۆستا ماکان دەڵێت: “تا من نەناسن، ئەو ناناسن.” لێرەدا تابلۆ هەرە گرنگەکەی ماکانی نیگارکێش (چاوەکانی) دەبێتە تیری ئاشکراکردن و هاویشتنی نیشانەی هێڵی سەرەکی بۆ چۆنیەتیی یەکەم دیداری یەکترناسینەکان دەبڕێت، دەبێتە هۆی پەردەهەڵماڵین لەسەر ئەو شتانەی ڕێرەوی زمانی گێڕانەوەی کۆی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە دەگۆڕێت.

لەو چرکەساتانەی فەرەنگیس کاغەزی یادەوەرییە تاڵ و شیرینەکان هەڵدەداتەوە بۆ ئاغای چاودێر، لە ناواخندا بە هەڵوەستەی وچان و وەستانێک هەردەم ئاهێکی حەسرەت هەڵدەکێشێت، کە جار جار ئەشک و دڵۆپە فرمێسکی بیرکەوتنەوەی ئەو ڕۆژانە بە گۆنایدا ڕێچکە دەبەستێت؛ ئەمە هەم ئەنجامی گەستنی پەنجەی پەشیمانییە بە ددانی تیژی ئەو ژیانە سەرەڕۆیەی پێیدا ڕۆیشتووە و نەیتوانیوە بە هۆیەوە ببێتە هونەرمەندێکی داهێنەر، هەم شانازیکردنە بەو واقیعە لەیادنەکراوانەی لەگەڵ “ماکان”ی ڕژد و هەمیشە کارخوازدا هەگبەی یادگارییەکانی پێ پڕ کردووەتەوە، وەک خۆی دەڵێت: من ئاواتم ئەوە بوو ژیانێکی هونەرمەندانە بەسەر بەرم!

گەر باوەڕمان وا بێت ساتی ئیستێتیکیی دڵداریکردن و جووڵاندنی هەستی خۆشەویستی لەم ڕۆمانەدا و لەنێوان کارەکتەرانی سەرەکیدا (ماکان و فەرەنگیس) تەنها لە کار و جووڵانەوەی نهێنیی سیاسیدا کۆ بووەتەوە، ئەوا بە فلتەری هەڵەخوێندنەوەیدا تێپەڕیوین؛ بە پێچەوانەوە، دوای ئەوەی “فەرەنگیس” لە فەڕەنسا دەگەڕێتەوە و سروشتی کەسێتیی ڕاستەقینەی بۆ ڕوون دەبێتەوە، بە شێوەیەک عەشقی “ماکان” لە دڵیدا دەچەسپێت، ئامادە دەبێت لەپێناویدا بە ئاگری هەموو مەترسییەک بسووتێت، ماکانیش کاتێک بە هۆی ڕووناکیی پەردەی سینەماکەوە درەوشانەوەی چاوەکانی “فەرەنگیس” دەبینێت، ئەوکات دەزانێت کەوتووەتە ژێر جۆرە هەژموونێکەوە، هەرگیز لەوەوپێش دەرکی پێ نەکردووە و ناتوانێت لەبەر دەمیدا بەرگە بگرێت و تەماشای نەکات، چونکە لە تیشکی ڕەنگدانەوەی پێڵووی ئەو چاوانەدا، ئاوێنەئاسا خۆی تێدا دەبینێتەوە. هەر بۆیە بڕیار دەدات سکێچێک، یاخود تابلۆیەک دەربارەی بکێشێت، تا نەوەکانی ئایندە نەمرانە لەم چاوانە ڕابمێنن!

لەڕوانگەی سیاسییەوە، “بوزورگی عەلەوی” بوزورگانە پەیکەری جۆرە ئازادییەکمان بۆ دەنەخشێنێت، کە لەنێو قەفەسدایە! بەو واتایەی ئازادیی ڕووکەش بوونی هەیە، بەڵام ڕەهایی ڕیشەیی ڕۆژانە لە ونبووندایە. گەر نموونەکەمان ڕۆشنتر بکەینەوە، لە سەردەمی “ڕەزا شا”دا، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفی، خوێندکارانێکی بێشومار لە کچ و کوڕ ڕەوانەی فەرەنگستان کران بۆ خوێندنی بوارە جۆراوجۆرەکان. سەرەتا خستنە بواری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئەرێنییانە لێک درایەوە، بەوەی ئەمە هەنگاوێکە وڵاتی فارس دەکاتە دەوڵەتێک، لە نێوجەرگەی ڕۆژەڵاتێکی پاشکەوتوودا مانای ڕۆژاواییبوونێکی برەوخوازی بدات؛ بەڵام دواتر ڕووی نەرێنییانەی ئەم بڕیارە دەرکەوت، کە تێیدا باڵیۆزخانەی ئێران هاوشێوەی دەزگای هەواڵگری چاودێریی گشت تاکێکی ئێرانیی نیشتەجێی فەرەنگستانی دەکرد و ئەوەی عەوداڵی ئازادیی ژیانکردن و گرێدانی پەیوەندی بووایە لەگەڵ شانە شاراوە یاخییە دەرەکییە ئێرانییەکاندا، ئەوا تۆمەتی هەڵگەڕانەوە و ئەندامبوون لە کۆمەڵە ئۆپۆزسیۆنییەکانی بۆ هەڵدەبەسترا!

“ماکان” ڕەنگدانەوەی بیرکرنەوەی ئەو چەشنە مرۆڤانەیە، کە کۆتوبەندی قوفڵ و زنجیری داهاتوون، واتە حەز دەکەن لەمڕۆی ئازادییەکی زیندانیکراودا تەماشای داهاتوویەکی ڕەها بکەن! لەمڕۆیەکی داخراودا دەرگای داهاتوویەکی پڕ لە سەرکەوتن و دەستکەوت و شانازی بە ڕوویاندا بکرێتەوە؛ لەبەرامبەردا “فەرەنگیس” گوزارشتە لەو کەس و ئافرەتانەی کوشتەی دەستی ڕابوردوویەکی بێڕۆحن، هەموو شتێکی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ڕابوردوویەکی شکستخواردوو دەکەنەوە و لە داهاتووشدا دەبنە قوربانیی ڕۆژگارێک، کە وەهمدارانە لێی دەڕوانن. بەو مانایەی هەردوو کارەکتەرە سەرەکییەکەی عەلەوی، دیل و ئەسیری دوو زەمەنی پارادۆکسین لە یەک ساتدا. بەڵام لە کۆتاییدا چارەنووسێکی هاوبەش پێکەوە گرێیان دەدات، ئەویش چارەنووسی لێکجیابوونەوەیەکی ناچارییە، کە بارودۆخی هەمیشە نەخوازراوی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکەی “جەمشید”ی پێشدادی و “شا عەباسی یەکەم”ی سەفەوی و “ناسرەدین شا”ی قاجار، نەک ماکان و فەرەنگیس، دەیان و سەدانی وەک ماکان و فەرەنگیسی لێک جودا کردووەتەوە!

کەشوهەوای ژینگەی نێو ڕۆمانەکە تەواو تەکنیککارانە پێناسە کراوە و نووسەر فۆڕمێکی وەهای بەکار بردووە، تێیدا پەنای بردووەتە بەر ساردترین مانگەکانی وەرزی زستان، ئەویش لە کانوونی یەکەم و دووەمدا خۆی دەبینێتەوە؛ ئەمەش بۆ ئەوەی دانپێدانانە دوورودرێژەکەی “فەرەنگیس” بۆ ئاغای چاودێر، لە درێژترین ساتەکانی شەوانی تاراندا بێت، کە بەفربارین و کڕێوەکە، بەستەڵەک و سەرماوسۆڵەکە خەنجەری تەزێنەر لە جەستەی تاکبەتاکی فارسیزمانەکان دەوەشێنن. بەڵێ، کات تێیدا درەنگ دەبێت و زەنگی کاتژمێر دوازدەی شەویش لێدەدرێت، بەڵام گێڕانەوەی سەربوردە نەبڕاوەکە، نائاگاداربوون لە جووڵەی چرکەی کاتژمێری دەستی و سەر دیوارەکان دەهێنێتە کایەوە و تەنانەت وا لە خوێنەر و ئاغای چاودێریش دەکات بڵێت: هێشتا ئێوارەیە!

ڕۆمانەکە بەم نیوەدێڕەی “فەرەنگیس” دەربارەی تابلۆی “چاوەکانی” کۆتایی دێت: “ئەم چاوانە هیی من نین.” بەڵێ، ئەو چاوانە هیی ئەو نین، بەڵام چاوە ڕەسەنەکانی ئەو نین! ئەوە گوزارشتی دەستوپەنجەی وردکارانەکەی مامۆستا “ماکان”ی فڵچەبەدەست و پالێتە ڕەنگاوڕەنگەکەیەتی بۆ کێشانی چاوانێک، کە لە ڕاستی نزیک بووبێتەوە بۆ نەخشاندنی برۆ و پێڵوویەکی سوپاسنامەیی نەخشێنرابێت، لەبری ئەوەی سوپاسی “فەرەنگیس” بکات کە لە سەپاندنی حوکمی زیندانی ئەبەدی و سزای لەسێدارەدان ڕزگاری کردووە، سوپاسی “چاوەکانی” دەکات!