بە درێژایی مێژوو کامانەن وتە فەلسەفییە بەناوبانگەکان؟
بێگومان ناتوانین هەموو ئەو وتە فەلسەفییە بەناوبانگانە بژمێرین، ئەوە پێویستی بە چەندین بەرگ هەیە! بەڵام دەتوانین بۆ خۆشی و کەیف و سەفاو کات بەسەربردن، هەندێکیان بخەینەڕوو. بەم دواییانە یەکێک لە گۆڤارە فەرەنسییەکان، لە میانەی ژمارەیەکی قەبەیدا، کارێکی لەو جۆرەی کردووە. ئێمە دەزانین تەنها فەیلەسوفە گەورەکانن، توانانی داتاشینی زاراوەی گەورە یان وتەی بلیمەتیانەیان هەیە کە وەک پەندێکی لێدێت و دواتر کەس نازانێ کێ وتوویەتی یان دایهێناوە. بۆ نموونە هەر ئێستا ئەم پرسیارەتان لێدەکەم: کێ خاوەنی ئەم دەربڕینەیە: هەرگیز بلیمەتی بەبێ تۆزقاڵێک لە شێتی (دێوانەیی) بوونی نییە؟ لەوانەیە بڵێن نیتچە یان باسکاڵ یاخود میشێل فۆکۆ…هتد. بەڵام وەڵامی ڕاست ئەرستۆیە. بەڵێ ئەم دەربڕینە دەگەڕێتەوە بۆ مامۆستای یەکەم، واتە گەورەترین فەیلەسوف لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، وەک ئەوەی ئیبن ڕوشد دەڵێت.
بەڵام کاستور یادیس، کاتێک بۆ ماوەیەکی درێژ لە ماڵەکەی خۆی لە گۆڕەپانی ئەلتروکادیرۆ لە پاریس بینیم، پێی وتم گەورەترین فەیلەسوف لە مێژوودا بریتییە لە ئەفلاتون. هەرچۆنێک بێت ئەو دووانە هەردوکیان، دوو فەیلەسوفی گەورەو مەزن بوون. گەر ئەوان نەبوونایە، نە فەلسەفەی عەرەبی و نە مامۆستای دووەم، واتە فارابی نەدەبوو. ئەمە جگە لە بلیمەتی بلیمەتەکان: ئیبن سینا. بەڵام ئاخۆ ئەو دەربڕینە بە دروستی چی دەگەیەنێت و مانای چییە؟ ئایا مانای ئەوەیە هەموو بلیمەتەکان لە ئەفلاتون و ئەرستۆوە بۆ شکسپیرو دیکارت و کانت و هیگڵ و دەیانی دیکە، شێت بوون؟ نەخێر، هەرگیز. هەموو بلیمەتێک شێتە، وەلێ هەموو شێتێک بلیمەت نییە. بەو مانایەی ئەو تۆزە شێتییەی لای بلیمەتەکان هەیە، بەو ئەندازەیە گەورە و قەبە نییە کە عەقڵیان لەدەست بدەن. ئەمەش تەواو پێچەوانەی شێتە ڕاستەقینەکانە کە بڕو ئەندازەی شێتییەکەیان، بە جۆرێکە بە تەواوەتی عەقڵی خۆیان لەدەستداوە. لێرەوە بڕێکی کەم یان مام ناوەند لە شێتی، لەوانەیە زۆر پێویست بێت، بگرە پاڵنەرێکە بۆ داهێنان و ئەفراندنی بلیمەتیانە. مرۆڤی ئاسایی، مومکین نییە ببێت بە داهێنەر یان بە بلیمەت، چونکە بە دروستی و دیاریکراوی ئەو تۆزقاڵە لە شێتی نییە. ئەگەر ئەم تۆزقاڵە شێتییە موبارەکە نەبووایە، ئەوا بلیمەتەکان بوێری ئەوەیان نەدەکرد ڕۆچنە نێو مەترسییەکان و سەختییەکان، بەڵکو دەستیان بەکڵاوی خۆیانەوە دەگرت و گوێڕایەڵانە دادەنیشتن، دروست وەک خەڵکانی ئاسایی. کەواتە هیچ بلیمەتێک بە بێ تۆزقاڵێک لە شێتی بوونی نییە، ئەو تۆزقاڵە شێتییە پێویستە بۆ چوونە ژوورەوە و نەترسان لە دەرئەنجامەکان و نەزانراوەکان.
ئێستا ئەم پرسیارەتان لێدەکەم: کێ خاوەنی ئەم دەربڕینە بەناوبانگەیە: ئەو کێشەیەی نەمکوژێت بەهێزم دەکات؟
خاوەنەکەی نیتچەیە، ئەم دەربڕینە لە هەموو بوارەکان ئەوەندە بڵاوبووەتەوەو ئەوەندە وتراوەتەوە، وەک پەندی لێهاتووە. بەڵام ئاخۆ نیتچە بە دروستی مەبەستی چی بووە. ئەو مەبەستی ئەمەی خوارەوە بووە: ئەم هاوڕێیەمان، واتە نیتچە، بە چەندین نەهامەتی ترسناکدا تێپەڕی و دووچاری چەندین نەخۆشی بوو کە وەسف ناکرێن. هەروەها نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت کە نیتچە لەگەڵ ئەو شۆخە مەکربازەی ناوی ئەندریا سالۆمی بوو، ئەزموونێکی گەورەی خۆشەویستی ژیا و هێندەی نەمابوو لە پێناویدا خۆی بکوژێت. بەڵام دواجار توانی لە ڕێگەی نووسینی کۆمەڵێک تێکستەوە کە زەمەن کۆن دەبێت و تێکستەکانی کۆن نابن، بەسەر هەموو ئەوانەدا زاڵبێت و تێیانپەڕێنێت. کەواتە سوپاس بۆ نەهامەتی و بەڵاکان! سوپاس بۆ کارەسات و کۆست و نسکۆکان! سوپاس بۆ فەشەل لە عەشق و خۆشەویستیدا! چونکە ئەگەر هەموو ئەوانە نەبوونایە، ئەوا پیاوە مەزنەکان نەدەبوون. بەڵام ئەو کەسەی لە یەکەم شکست ئەژنۆی دەشکێت و ئیرادەی نامێنێت، یان لە یەکەم نسکۆ دەکەوێت و ئیدی هەڵناسێتەوە، ئەوا ناتوانێت ببێت بە بلیمەت. سەروەختێک مێژووی بلیمەتەکان، بە درێژایی مێژوو دەخوێنینەوە، دەبینین هەموویان ئەم سیفەتەیان هەیە: توانای هەستانەوە لە نسکۆ و شکست و نەهامەتییەکان.
بۆ نموونە هەر ئێستا و ئا لەم چرکەساتەدا، ژیاننامەی شارل دیگۆل دەخوێنمەوە، چیم بۆ دەرکەوتووە؟ بۆم دەرکەوت دیگۆل دووچاری زیاتر لە دە هەوڵی تیرۆرکردنی ڕاستەقینە بووەتەوە و زۆر سەیر لێیان دەربازبووە. بەڵام ئەو هەوڵانە زەندەقیان نەبردووە و هەرگیز نەیان ترساندووە، لە بەدیهێنانی پرۆژە سیاسییە گەورەکەی پەشیمانیان نەکردووەتەوە. ئاشکرایە دیگۆل دووجار فەرەنسای ڕزگار کرد: جارێکیان لە سەروبەندی جەنگی جیهانی دووەم، جاری دووەم لە سەروبەندی جەنگی جەزائیر. لە هەردوو حاڵەتەکەشدا بەوپەڕی ئازایی و بوێرییەوە، ڕووبەڕووی ڕەشەباو بومەلەرزەو گڕکانەکان بووەوە، ئەگەر وا نەبوایە، لە مێژووی هاوچەرخی فەرەنسا نەدەبوو بە مەزنترین کەسایەتی. زۆر بە کورتی: تەنها ئەو کەسانەی بەسەر قەیرانە گەورەکان و ئالنگارییە سەختەکاندا زاڵدەبن، لە ناکاو دەبن بە پاڵەوانی مەزن.
هەنووکە ئەم پرسیارەتان لێدەکەم، لەگەڵ ڕێزم بۆتان، لەو بڕوایەدا نیم وەڵامەکەی بزانن: کێ ئەم دەربڕینە مەزن و سەرسوڕهێنەرەی وتووە: بڕۆ ببە بە خۆت! ئەوە جگە لە نیتچە کەسی تر نییە. لەوانەیە هەندێکتان وا بڵێت و منیش هەر وا دەڵێم: وای نیتچە چەند گێل بووە! من منم، ئیدی بۆچی ئامۆژگاریم دەکات ببم بە خۆم؟ ئەم قسە قۆڕو بێ مانایە چییە؟ قسەی پڕوپووچ و وڕێنە؟ بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە ئێمەین کە گێلین نەک نیتچە. نیتچە فەیلەسوفێکی زۆر قووڵە، بە پێچەوانەی ئێمە کە خەڵکانی زۆر سادەو ڕووکەش و سەتحیین. ئەو کاتێک قسەیەک دەکات، دەزانێ چی دەڵێت، هەندێکجار بە دوو یان بە سێ وشە، تەواوی کیشوەرێک لە مەعریفە کورتدەکاتەوە. لە واقیعدا نیتچە کەینوونە لە نێو چوارچێوەی سەیرورەدا دادەنێت. بەو مانایەی بەس نییە بۆ ئەوەی ببم بە من، تەنها لەدایک ببم. بگرە لە میانەی سەیرورەوە دەبم بە من: واتە لە میانەی چوونە ناو ئەزموونە گەورەکانی ژیانەوە، لە میانەی جەنگکردن لەگەڵ بووندا بە هەموو ئەو کارانەی ئەنجاممانداوە یان ئەجاممان نەداوە. کەواتە شوناسی من وردە وردە دروست دەبێت، نەک ئەوەی پێشتر و بە شێوەیەکی ئامادەکراو پێم بەخشرابێت. ئەمە مانای وایە لە میانەی بەرکەوتنەکان و ململانێکان لەگەڵ ژیان و شکست و سەرکەوتنەکانەوە، دەگەم بە ناسینی خودی خۆم و من کێم.
بۆ نموونە نەجیب مەحفوز، سەرەتا پێیوابوو توێژەری کۆمەڵایەتی یان بیرمەند یا فەیلەسوفە، لەسەر شێوەی عەباس مەحمود ئەلعقاد و تەها حسێن. لە دەستپێکدا چەندین توێژینەەوە و وتاری فیکری نووسی. بەڵام کتوپڕ هەستیکرد لە ناوەوەیدا وزەیەکی گەورەی ڕۆمان هەیە. واتە سەرەتا نەیزانیوە ئەو کێیە. بگرە دوای ئەزموونکردنی چەندین جۆری نووسین، بۆی دەرکەوت پێش هەر شتێکی تر ئەو ڕۆماننووسە. زۆرێک لە ئێمە لە سەرەتادا نازانن کێن، بۆ نموونە کاتێکی زۆر بە نووسینی شیعرەوە بەفیڕۆدەدەن، کەچی دواتر بۆیان دەردەکەوێت ئەوان بۆ شیعر نەخولقاون، یان بڵێ ئەوان بەهرەی شیعریان نییە، بۆیە ڕوودەکەنە وەرگێڕان و نووسینی وتاری فیکریی، ئیدی ڕێگای تایبەتی خۆیان دەدۆزنەوەو دەزانن ئەوان کێن، وک ئەوەی نیتچە وتوویەتی.
ئێستا باس لە یەکێک لە دەربڕینە بەناوبانگەکانی فەلسەفە دەکەم: هەر شتێک عەقڵانی بێت واقیعییە، هەر شتێک واقیعی بێت عەقڵانییە. بێگومان خاوەنی ئەو قسەیە دەناسن، هیگڵ خاوەنی ئەو دەربڕینەیە. ئەو بەناوبانگترین کەسە زانستی ڕوناککردبێتەوە. ئەو دەربڕینە لە یەککاتدا ڕۆشنبیرانی عەرەب و ڕۆشنبیرانی فەرەنسی دووچاری سەرسوڕمان کردبوو، لەوانەیە ڕۆشنبیرانی ڕووس و ئینگلیز و ئەمریکاشی دوچاری سەرسوڕمان کردبێت. ئاخۆ هیگڵ لەو دەربڕینەدا مەبەستی چی بووە؟ فەیلەسوفێکی گەورە بە قەبارەی هیگڵ، هەر وا لە خۆڕایی قسە فڕێنادات. بەڵام چۆن دەبێت بەوە ڕازیبین هەموو شتێکی واقیعی عەقڵانییە؟ ئایا قەسابخانە تائیفییەکان شتێکی واقیعی نییە؟ ئایا جەنگە جیهانییەکان شتێکی واقیعی نییە؟ ئایا کارەساتە سروشتییەکان شتێکی واقیعی نییە؟ ئاخۆ ئەوانە دەبێت عەقڵانی بن؟ ئایا دەبێت پێیان ڕازیبین؟
لە ڕاستیدا فەلسەفەی مێژوو لای هیگڵ، پاساو بۆ هەمو ئەو قەسابخانە و خراپەکاریانە دێنێتەوە کە ڕوودەدەن، هیگڵ پێیوایە هەموو ئەوانەی کە ڕوودەدەن، پێویستە ڕووبدەن یان ڕوودانیان ئیجبارییە، بۆچی؟ بۆ ئەوەی بزاوتی مێژوو بەرەو پێشەوە بڕوات. خەڵکی عاقڵ نابن تەنها ئەو کاتە نەبێت کە باجەکەی دەدەن، وەک دەوترێت لە گیرفانی خۆیان باجەکەی دەدەن. بۆ نموونە ئەوروپا کە لە ڕابردوودا بە دەست قەسابخانەی تائیفییەوە ناڵاندوویەتی، لە ئێستادا ناتوانێت هەمان ئەو قەسابخانانە دووبارە بکاتەوە، چونکە باجێکی زۆر گەورەی داوە. پێویست بوو یەکجار پێیدا تێپەڕێت، تا ئاستی نەهامەتی و وێرانکارییەکەی بزانێت و جارێکی دیکە تێی نەکەوێتەوە. ئا لەم چوارچێوەیەدا، سەرشێتی و تراژیدیا و کارەساتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، لۆژیکی و عەقڵانییە و پاساوی خۆی و تێگەشتنی خۆی هەیە. هەر ئەم دۆخەیە لە ئێستادا مێژووی ئێمە لە جیهانی عەرەبی پێیدا تێدەپەڕێت، لە سوریاوە بۆ عێراق و لەوێشەوە بۆ لیبیا.
بە مانایەکی دی، بۆ ئەوەی بگەیت بە خێرو خۆشی، پێویستە بە شەڕو خراپەکاریدا تێپەڕیت. وەک ئەوەی موتەنەبی دەڵێت: هەنگوینت دەوێت، هەنگ پێوەت دەدات. بۆچی گەلانی ئەوروپا، ناتوانن چیتر بگەڕێنەوە بۆ دەمارگیرییە تائیفییەکان؟ چونکە ئەزموونیان کردووە و پێیدا تێپەڕیوون و ناڵاندوویانە بەدەستییەوە و بە ئاگرەکەی سووتان. هەنووکە گەلانی ئەوروپا بوون بە گەلانی عەلمانی و عاقڵمەند، بە هۆی بزاوتی ڕۆشنگەریی کە دوای قەسابخانەکان هات و وەک پەرچەکردارێک دژ بە قەسابخانانە هاتەئارا، پێشکەوتن و ئەوروپا بۆ هەتاهەتایە لەو ئافاتە چاکبووەتەوە. لەمڕۆ بەدواوە کاسۆلیکێکی فەرەنسی، ناتوانێت ڕقی لە پرۆتستانتییەکی فەرەنسی بێت، چونکە ئەوە بووەتە پاشماوەی ڕابردوو. جگە لەوە ئەو کێشەیە دوای سەرکەوتنی مەسیحییەتی لیبراڵ بەسەر مەسیحییەتی تەکفیری، چارەسەرکراوە. ئا لەبەر ئەم هۆکارەیە دەڵێین بەم زوانە لە جیهانی عەرەبی، بگرە لە تەواوی جیهانی ئیسلامیدا، بزاوتێکی ڕۆشنگەری مەزن، وەک پەرچەکردارێک دژ بە ئیخوان موسلمین و سەرجەم بزووتنەوە داعشی و نا داعشییەکان دێتەئاراوە. ئەمە مانای وایە، ئەگەر ئەو کارەساتە ترسناکانەی ئەم بزووتنەوە تووندڕەوانە نەبووایە کە ئەنجامیاندا، ئەوا هیچ پێویست نەبوو بزووتنەوەیەکی ڕۆشنگەریی عەرەبی سەرهەڵبدات. من لەوە دڵنیام ئەگەر کارە قێزەونەکانی داعش نەبووایە کە وەسف ناکرێن، ئەوا کەس بوێری نەدەکرد پرسیاری ڕادیکاڵیانەی ڕاستەقینە ئاراستەی کەلتووری ئیسلامی بکات. بەم جۆرە دەبینین تەنانەت داعش-یش سودی هەیە! تەنانەت خراپەی ڕەها سودی خۆی هەیە. بۆ ئەوە داوای لێبوردن دەکەن، بەڵام من مەبەستمە ئەوەی دەیڵێم. خراپەکاری لە مێژوودا وەزیفەیەکی گەورەی هەیە.
هیگڵ دەیزانی ئەو دەربڕینەی، توڕەیی و ناڕەزایی لای زۆرێک دروست دەکات، لەوانە (کیر کیجارد)ی هاوڕێی. وەلێ دەربڕینەکەی زۆر لەوە قووڵترە کە یەکەمجار دەیخوێنینەوە و هەستی پێدەکەین. هیگڵ نایەوێت پاساو بۆ هەموو شتێک بێنێتەوە. بێگومان ئەو ڕقی لە قەسابخانە و خراپەکاریی و کارەساتە دڵتەزێنەکان بوو کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕوودەدەن، هیواخواز بوو ئەوانە هەرگیز ڕوویان نەدایە. بەڵام بە هەستە دووربین و بلیمەتانەکەی، دەیزانی مێژووی مرۆڤایەتی، ملکەچی یاسا بابەتییەکانە، ئەو یاسایانە ئێمە وەک تاک، دەسەڵاتمان بەسەریاندا ناشکێت و لە دەرەوەی ویستی ئێمەیە. بۆیە پێویستە ئێمە ڕووبەڕوو چاو لە چاوی خراپەکاری بنێین و بەرەنگاری بینەوە، پێویستە لەسەرمان بە شێوەیەکی تایبەت پەند لەو یاسا بابەتیانە وەربگرین کە تەحەکوم بە کاروانی مێژووی مرۆڤایەتییەوە دەکات. وەک ئەوەی هیگڵ لە کتێبە مەزنەکەیدا: وانەکان لە فەلسەفەی مێژوودا یان عەقڵ لە مێژوودا، ئەنجامیدا.
ئێستا تەحەداتان دەکەم ئەگەر بزانن کێ ئەم دەربڕینەی وتووە: فەلسەفەی ڕاستەقینە ئەوەیە گاڵتە بە فەلسەفە بکەیت! ئەوە یەکێکی دیکە لە بلیمەتە زۆر قوووڵەکان وتوویەتی کە باسکاڵە. باسکاڵ لێرەدا مەبەستی ئەوەیە فەلسەفە بەردەوام پێویستی بە رۆحێکی ڕەخنەگرانە هەیە، ئەگەرنا ئەوا دەبینە نێچیری چەقبەستن و دۆگما بە بەردبووەکان. هەر ئەمە بوو بۆ نموونە بەسەر کۆمۆنیستەکاندا هات، دوای ئەوەی مارکسیزم-یان وەک دواهەمین ئاین وەرگرت کە هەموو شتێک چارەسەر دەکات و بۆ هەموو شتێک گونجاوە. لە بنەڕەتدا ئەگەر فەیلەسوفی پاشتر نەهاتایە و (گاڵتەی-استهزڕ) بەوانی پێش خۆی نەکردایە، واتە ڕەخنەگرتن و دەرخستنی ناتەواوییەکان، ئەوا هیچ پێشکەوتنێک لە مێژووی فیکردا ڕووینەدەدا. ئەگەر وا نەبوایە، ئەوا ئێمە فەلسەفەی ئەفلاتون و ئەرستۆمان بەس بوو، ئیدی بۆ هەتا هەتایە دەرگای ئیجتیهادمان دادەخست و بە کەماڵی ئیسراحەت پاڵمان لێیدەدایەوە. بەڵام دەزانین دوای ئەرستۆ، دیکارت دەرکەوت و ئەرستۆی تێپەڕاند. دوای دیکارت، کانت هات و دیکارتی تێپەڕاند. دوای کانت، هیگڵ هات و لە هەندێک خاڵدا کانتی تێپەڕاند…هتد. بەم جۆرە فیکر پێشدەکەوێت و جار لە دوای جار دۆزینەوەی تازە ڕوودەدات. لێرەوە گاڵتەکردن، بە مانای داهێنان و پۆزەتیڤ وەرگیراوە.
ئێستا با ئەم مەتەڵەتان لێپرسم: کێ ئەم دەربڕینە فەلسەفییە بەناوبانگەی وتووە: بەختەوەری ئەوەیە خەڵکانی دیکە بەختەوەرکەیت؟ ئەوە قەدیس ئۆگستین وتوویەتی کە یەکێکە لە قەشە مەزنەکانی کڵێسای مەسیحی، ئەگەر لە هەموویان مەزنترنەبێت. ئەو بە ئەسڵ جەزائیرییە و لەخۆمانە. ئاشکرایە ئۆگستین قەشەی شاری (عەنابە)ی دڵڕفێنە، بووکی دەریای ناوەڕاست و مرواریی بوون. من کەی تێر لە شاری عەنابە دەخۆم؟ کەی بوکێکی جوانی عەنابەم دەست دەکەوێت؟ هەموو ژیانم بەفیڕۆ رۆشتووە.
بەڵام با واز لەم وڕێنە پووچانە بێنین کە نە برسییەتیمان تێر دەکات و نە قەڵەومان دەکات، با بگەڕێنەوە بۆ ناوەڕۆکی بابەتەکە. ئەو دەربڕینەی قەدیس ئۆگستین مانای چییە و چی دەگەیەنێت؟ مانای ئەوەیە تۆ هەست بە بەختەوەرییەکی گەورە دەکەیت، کاتێک توانای ئەوەت دەبێت ئەو کەسە دڵخۆش بکەیت کە خۆشتدەوێت. دڵخۆشکردنی ئەو کەسەی خۆشتدەوێت، لە بەختەوەری خودی خۆت گرنگترە. یان بڵێ تۆ هەست بە بەختەوەرییەکی مەزن دەکەیت، کاتێک دەزانیت ئەوانەی خۆشتویستوون بەهۆی تۆوە دڵخۆش و بەختەوەرن. ئەوە خۆشییەکە هیچ خۆشییەکی دیکەی ناگاتێ. بگرە هەندێک دەوڵەمەندی مەزن هەیە، یارمەتی و پارە بەسەر خەڵکانی هەژارو نەداردا دابەشدەکەن، خەڵکانێک دەیانناسن ونایانناسن و بەو کارەشیان زۆر دڵخۆش و بەختەوەرن.
هەنووکە مەتەڵێکی دیکەتان لێدەپرسم: کێ خاوەنی ئەم دەربڕینە مەزنەیە: سەرکەوتن بەسەر خود، یەکەم سەرکەوتن و مەزنترین سەرکەوتنە؟ ئەوە تەنها فەیلەسوفێکی مەزن دەیڵێت، بگرە مەزنترین فەیلەسوف لە مێژوودا وتوویەتی: ئەفلاتون. ئەمەش ماناکەیەتی: مرۆڤ دوو جۆری جیاوازە لە جەنگ ئەنجامدەدات: جەنگێک دژ بە دەرەوە یان جەنگێک دژ بە دوژمن و نەیارەکان، جەنگێک دژ بە ناوەوە. ئەمەی دووەمیان، بە پێچەوانەی ئەوەی پێمانوایە، قورسترین جۆری جەنگە. ئاخر کێ دەتوانێت بەسەر خۆیدا زاڵبێت؟ کێ دەتوانێت خووە خراپەکانی و ناتەواوییەکانی کەسێتییەکەی بگۆڕێت؟ ئێمە هەموومان دیلی دەستی ئەو ناتەواوی و خووانەین و چەند هەوڵی خۆدەربازکردن بدەین، ناتوانین لێیان رزگارببین. با نموونەیەک بۆ ئەوە بێنینەوە، جگە کێشان، کێ دەتوانێت خۆی لێ ڕزگار بکات، مەگەر بە هەزار ناڕەحەتی و ئەملاو ئەولا نەبێت. ئێمە ئەمە دەڵێن و باش دەزانین جگەرەکێش، زۆر باش دەزانێت، جگەرە کێشان دووچاری نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکانی دەکات، بەم دوایانە گۆرانیبێژی ناوداری فەرەنسی (جۆنی هاڵیدی) بە نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان کۆچی دوایی کرد.
ئا لەبەر ئەم هۆیەیە ڕامبۆی شاعیر، قسەیەکی نزیک بەو دەربڕینەی هەیە و دەڵێت: شەڕکردن لەگەڵ خود، لە شەڕکردن لەگەڵ پیاوەکان مەترسیدارترە. واتە شەڕکردن لەگەڵ خودی خۆت، زۆر لەو شەڕکردنە مەترسیدارترە کە لە گۆڕەپانی جەنگەکاندا، دژ بە دوژمنەکانت ئەنجامی دەدەیت. هۆکارەکەی چییە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کاتێک لەگەڵ دوژمنە دەرەکییەکەتدا دەجەنگێیت، رۆحت یەکگرتووە. بەڵام کاتێک لەگەڵ خودی خۆتدا دەجەنگیت، رۆِحت دابەشبووە. دوژمن وەک تۆ وایەو لە تۆ دەچێت. بەڵام کێ دەتوانێت بەرگەری ئەو لەزەت و شەهوەتانە بگرێت کە ڕەنگە وێرانکەربن؟ لەبەر ئەم هۆیەیە ئەفلاتون پێیوایە کۆنترۆڵکردنی نەفس، ئەو نموونە باڵایەیە کە هەموو فەیلەسوفێک خوازیاری ئەوەی هەیە پێیبگات. پێناسەی فەیلەسوف یان حەکیم ئەمەیە: ئەو کەسەیە دەتوانێت نەفسی خۆی کۆنترۆڵ بکات. جگە لەوە کۆنترۆڵکردنی خود، واتلێدەکات زۆر بەهێزبیت، ئەمەش لە دواجاردا دەبێتە هۆی ئەوەی بەسەر دوژمنە دەرەکییەکەدا سەرکەویت. بۆچی؟ چونکە سەرکەوتن بەسەر خود دا، زاڵبوون بەسەر ناتەواوییە ناوەکییەکان و خاڵە لاوازەکان، متمانەت بە خۆت بەهێزتر دەکات و هێزێکی گەورەت پێدەبەخشێت کە باوەڕ ناکەیت. بەڵام ئەوەی بەسەر خودی خۆیدا سەرنەکەوێت، ئەوا ناتوانێت بەسەر هیچ شتێکدا سەرکەوێت. ئەم قسەیە بۆ دەوڵەت یان بۆ کۆمەڵگاش ڕاستە. ئەو کۆمەڵگایەی لە ناوەوە تۆکمە بێت و ڕیزەکانی خۆی بەباشی تەیارکردبێت، دەتواێت زاڵبێت بەسەر نەیارە دەرەکییەکانیدا. وەلێ ئەو کۆمەڵگایەی دابەشکارییەکان و فیتنەو جەنگە ناوخۆیی و تائیفییەکان، لەناوەوە دایڕزاندبێت، ئەوا دوژمنە دەرەکییەکانی دەتوانن زۆر بە ئاسانی بەسەریدا زاڵبن. ئا بەم جۆرە دەبینین ئەو دەربڕینەی ئەفلاتون بە ڕاستی زۆر قووڵە.
ئێستا لە باخچەی فەلسەفەدا، دەڕۆمە سەر دەربڕینێکی دیکەی فەیلەسوفێکی دی، کێ ئەم دەربڕینە سەرسوڕهێنەی وتووە: مردن هیچ نییە یان مردن هیچ مانایەکی نییە. ئەوە ئەبیقۆر وتوویەتی، دامەزرێنەری فەلسەفەی ئەبیقۆریزم کە لەسەر خۆشەویستی چێژو لەزەت دامەزراوە. ترس لە مردن ژیانمان لێ تاڵ دەکات و وا دەکات دڵمان بە بوون خۆشنەبێت یان خۆشی لە ژیان وەرنەگرین. لەبەر ئەمەیە ئەبیقۆر دەیەوێت لەم ترسە یان لەم ڕاڕاییە/ قەلەقە کوشندەیە، چاکمان بکاتەوە، ئەویش لە ڕێگەی وتنی مردن شتێک نییە باسی بکەیت. چونکە کاتێک کە مردن ڕوودەدات، هەست بە هیچ ناکەین و ئازار ناچێژین و خەفەت لە هیچ ناخۆین. مادام جارێ مردن ڕووینەداوە، کەواتە هەرگیز بوونی نییە. لێرەوە بەهایەکی گەورەتر بە مردن مەدەن زیاد لەوەی شایەنیەتی. لە لایەکی دیکەوە نابێت دڵمان بە مەرگی کەسێک خۆشبێت، ئەگەرچی ڕقی دنیامان لەو کەسە بێت و وەک گڵاو تەماشای بکەین، چونکە هەموومان کاروانی سەر ئەو ڕێگایەین. خانمێک ئەمەی خوارەوەی پێووتم، بە حسابی خۆی بەمە تۆڵەم لێدەکاتەوە:
(هاشم کەی لەسەر گۆڕەکەت سەما دەکەم؟ بەو خوایە ئەوە خۆشترین ڕۆژی ژیانم دەبێت. کوێرت کردین بە ئارکۆن و ڕۆشنگەری و کانت و ڤۆڵتێر. بڕستت لێبڕین بە قیڕەقیڕو چەنەبازییەکەت، ئەمیان تەواو نابێت، ئەوی دیکەیان دەست پێدەکات. ئاخ! ئاخ، ئاخ. ئێستا دەتوانین بۆ یەکەمجار هەناسەیەکی ئاسودە هەڵمژین. دواجار ڕۆحت دەرچوو، ئیدی مەسەلەکە کۆتاییهات. خوا سەبوری هەموو لایەک بدات. بای بای مامۆستا هاشم. پشت بە خوا ڕۆشتیت و نەگەڕێیتەوە). وەڵامم دایەوەو پێم وت: (ئەمە جوانترین لاوانەوەو باڵاترین لاوانەوەیە کە دەتوانم خەونی پێوە ببینم. سوپاس و هەزارجار سوپاس. دوای مردنم، بارودۆخی ماتەمینی و ڕشپۆشیم ناوێت. خۆشی و شادی و هیوام بە دواڕۆژ دەوێت، هەموو ئەوەی دەمەوێت هەر ئەوەیە، کاتێک ماڵئاوایی لەم دونیایە دەکەم و دەڕۆم بۆ دونیاکەی دیکە، با خۆشی و شادیی و گۆرانی و هەڵپەڕکی شەقامەکان بگرێتەوە. بەو خودایە ئەمە جوانترین ماڵئاوایکردنە).
ئێستا دەگوازمەوە بۆ بوارێکی دی، بوارێکی سوکتر و کراوەتر و خۆشتر و؛ ئەم گەشتە دوور و درێژ و پان و پۆڕەی فەلسەفەی پێ تەواو دەکەم. دەگوازمەوە بۆ بوارێکی دی، دوور لە مردن و ترس و تۆقاندن کە تۆزێک لەمەوبەر لەناومان برد. لێتان دەپرسم: کێ ئەم دەربڕینەی وتووە: تا زیاتر شێتبین زیاتر خۆشبەخت دەبین؟ نازانن؟ ئیراسیۆم وتوویەتی، شازادەی سەردەمی ڕێنیسانسی ئەوروپی. ئەم دەربڕینە تا ڕادەیەک بەم دێڕە شیعرەی شاعیری گەورەی عەرەب قەیس بن الملوح دەچێت:
پێیان وتم شێتی ئەوەی خۆشتدەوێت
پێم وتن لەزەتی ژیان لای شێتەکانە
بەڵام ئەو دێڕە زۆر جوانترەو مانایەکی تەواو جیاوازی هەیە، بۆیە داوای لێبوردن دەکەم بۆ ئەو بەراوردە. دەربڕینەکەی ئیراسیۆم زیاتر لەم دێڕەی موتەنەبی دەچێت:
ذو العقل یشقى فی النعیم بعقله
وڕخو الجهالە فی الشقاوە ینعم
زۆر بە کورتی مانای گشتی ئەو دەربڕینە ئەمەیە: تا زانستت زیاتر بێت خەمت زیاتر دەبێت. تا عەقڵت زیاتر بێت خەفەتت زیاتر دەبێت. بۆچی؟ چونکە تۆ لەو کاتەدا حەقیقەتی مەسەلەکان دەبینیت و دەزانیت چەند سەخت و ئاڵۆز و زەحمەتە. سەروەختێک دەرک بە حەقیقەتی مەسەلەکان دەکەیت، خەم و خەفەتت زیاتر دەبێت، بە پێچەوانەی شێت کە ژیان تەنها بە سوکی دەبێنێت، ئەوەی لە ڕاڕەوەکانی خەیاڵ و خەونی پەمەیدا دەژی، خۆزگەم بە خۆی و خۆشی لە خۆی. ئاشکرایە ئیراسیۆم کتێبێکی بچووکی بە ناونیشانی (ستایشی شێتی) هەیە، تێیدا ڕەخنە لە قەشەو مەترانەکان دەگرێت، بگرە ڕەخنە لە پاپاکان دەگرێت. ئیراسیۆم بە زمانی بێ ئابڕویی شێتەکان، ڕەخنەکانی ئاراستەی هەموو پیاوانی ئاینی دەکات، بە ئامانجی ئاشکراکردنی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانیان کە زۆر دوورن لە نموونەی بەرزی ئاین. پیاوانی ئاین شتێک دەڵێن، کەچی شتێکی دیکە دەکەن، هەڵپەی دەستکەوتنی سەروەت و سامانی دونیایانە کە هەم مەسیح و هەم ئینجیل ڕەتیان کردوونەتەوە. دواتر ئیراسیۆم ڕەخنە لە دۆگما بە بەردبووەکانی ئیخوان موسلمینی سەردەمەکەی دەگرێت. هەروەها ڕەخنە لە دەمارگیریی کوێرانەی سەدەکانی ناوەڕاست و تاریکییەکانی دەگرێت. بەڵام هەموو ئەو ڕەخنەگرتنە گاڵتەئامێزانە، بگرە بریندارکەرانە، لەسەر زمانی شێت دەیڵێت، بۆ ئەوەی خۆی بەرپرسیارەتییەکەی هەڵنەگرێت. چونکە پرۆسەکە مەترسیدارە و ڕەنگە لە هەر چرکەیەکدا بێت کۆتایی بە ژیانی بهێنرێت. ئێمە ئەمە دەڵێن و دەزانین فێندەمێنیتاڵیستە مەسیحییەکان، هێرشێکی تووندیان کردەسەر، کاتێک بەوە تۆمەتباریان کرد کە شێتەو نەیاری ئاین و مەسیح و قەدیسەکانە. ئەگەر بەخشندەیی یەزدان نەبوایە، ئەوا تووندڕەوێکی سەرلێشێواویان بۆ دەنارد، تا بە تۆمەتی دەرچوون لە ئاین، لەناوی ببات. ئاشکرایە ئیراسیۆم پێش دەرکەوتنی مارتن لۆسەر، یەکێک بووە لە لایەنگرانی ڕیفۆرمی ئاین. ئەو هەوڵیدەدا نێوانی ئیمان و عەقڵ یان نێوان ئاینی مەسیحی و فەلسەفەی یۆنانی ئاشتبکاتەوە. ئەو لایەنگری ئیمانی ڕۆشنگەربوو یان لایەنگری ئەو ئیمانە بوو کە بە ڕووناکی زانست و فەلسەفە درەوشاوە بوو. هەر ئەمەیە کە ئیخوان موسلمین ڕەتیدەکەنەوە، چونکە لە دیدی ئەواندا فەلسەفە بتپەرستی و کوفرە.
سەرچاوە: ماڵپەڕی الاوان، 26 دێسەمبەر، 2017.
نووسینی: هاشم ساڵح
وەرگێڕانی بۆ کوردی: هەورامان وریا قانع
جان دۆرمیسۆن… کۆچی دوایی خانەدانە دەوڵەمەندەکە و هاوڕێی سەرۆک و سەرکردەکان
دواجار جان دۆرمیسۆن کۆچی دوایی کرد! ئێمە لەو بڕوایەدا بووین تا تەمەنی نەگات بە 100 ساڵ نامرێت. دۆرمیسیۆن خۆشی بەوپەڕی دڵنیایی و متمانەوە پێیوا بووە تا تەمەنی نەگاتە 100 ساڵ نامرێت، لەم بارەیەوە وتوویەتی نازانم چۆن خۆم لە مەرگ بپارێزم و بگەمە ئەو تەمەنە. بەڵام ئیرادەی یەزدان وایویست بە گەنجی و لە تەمەنی 92 ساڵیدا بمرێت! ئەو ژیانێکی تا بڵێی خۆش ژیا. ڕەنگە ئەو دوای ڤۆڵتێر، دواهەمین نووسەر بێت کە بە خۆشی و بەختەوەری ژیاوە. لەبەر ئەوەیە سەروەختێک ئەجەل دێت و لێی نزیکدەبێتەوە، زۆری پێناخۆشە. دەوڵەمەندی خۆشگوزەران کە لە نێو کۆشک و تەلارەکانی پاریسدا دەژی، جیاوازە لەو هەژارە قوڕبەسەرەی دەڵێت: خوایە لەم ژیانە نەجاتماندە، خودایە پەلە بەکە و بمانبەرەوە بۆ لای خۆت!
بەڵێ ئەم هاوڕێیەمان لە کەسە هەرە دەوڵەمەندەکان بووە، سەر بە چینی باڵای ئەرستۆکراتی کۆمەڵگای فەرەنسا بوو، هاوڕێی سەرۆک و ڕابەرەکان بووە، لە جۆرج بۆمبیدۆوە بۆ جیسکار دیستان و لەوێشەوە بۆ سارکۆزی، بگرە تەنانەت هاوڕێی میتێران-یش بووە. هەندێکجار لە پێگەی نەیارەوە قسەی لەگەڵدا کردوون. دۆرمیسۆن سەرنووسەری ڕەسەنترین ڕۆژنامەی فەرەنسا (ئەلفیگارۆ) بوو، لە یونسکۆ فەرمانبەرێکی گەورە بوو، سەرپەرشتی دەرچوونی گۆڤاری (دیوجین)ی ڕەسەن بوو کە باشترین زانا و ڕۆشنبیرانی ئەوروپا تێیدا دەیاننووسی. لە ساڵی 1973وە، ئەندامی ئەکادیمیای فەرەنسا بووە. ڕقێکی زۆری لە جان پۆل سارتەر بوو، چونکە ئەو خۆی ڕاستڕەو بووەو سارتەر چەپڕەو بووە. لە دوای مردنی چەندین بەرهەمی جێهێشتووە کە ناکرێت نادیدە بگیرێن.
من لەم ساڵانەی دوایدا، هەندێک یان زۆرێک لەو بەرهەمانەیم خوێندووەتەوە و چێژێکی زۆرم لێوەرگرتوون و لێرەو لەوێ قسەم لەسەر هەندێکیان کردووە. بەڵام ئەوەی قسەم لەسەر نەکردووە، ئەو کتێبەیەتی کە لەسەر ژیاننامەی سۆزداری شاتوبریان نووسیویەتی و ئەم ناونیشانەی هەیە (خۆشەویستەکەم دواهەمین خەونم لە پێناوی تۆیە). لەم کتێبەدا باس لە زنجیرەیەک چیرۆکی خۆشەویستی نووسەری مەزنی فەرەنسا شاتوبریان لە نێوان سەدەی هەژدە و نۆزدە دەکات. ئاشکرایە شاتوبریان نموونەی باڵای جان دۆرمیسۆن بووە و تەنها بە ناوی ئەو سوێندی خواردووە. پێیوابووە شاتوبریان لووتکەی ئەدەبی فەرەنسایە. کەچی سارتەر بە ئەندازەیەک ڕقی لێی بووە تفی کردووەتە سەر گۆڕەکەی کە دەکەوێتە دورگەرەکی بەردینی بچووک لە بەرامبەر شاری سان مالۆ. کاتێک ئاوی ڕووبارەکە دێتەوە یەک، دەتوانن بە پێ بڕۆنە سەر گۆڕەکەی. من سەروەختێک بۆ یەکەمجار سەردانی گۆڕەکەیم کرد، جێگای گۆڕەکەو جوانییە سیحرئامێزی شوێنەکە سەرسامی کردم. بە سەرسوڕمانەوە پرسیم: ئەم شوێنە کوێیە؟ ئەم دوورگە بچووکە چییە؟ وەڵامیان دامەوە: بۆ نازانیت؟ ئا لێرەدا شاتوبریان ڕاکشاوە، ئەمە گۆڕەکەیەتی لەژێر سێبەری درەختەکانە و ئاوی ڕووبارەکەش لە هەموو لایەکەوە دەورەیداوە. دیمەنی لەوە جوانتر نییە! وای لەو گۆڕە جوانە. ئەوە جوانترین گۆڕە لە ژیانمدا بینیومە. ئەو پێش ئەوەی بمرێت، وەسیەتی کردووە لەوێدا بینێژن و هەرگیز ڕازینەبووە بەوەی لە پاریسی پایتەخت بینێژن. ویستوویەتی بگەڕێتەوە بۆ زادگای لەدایکبوونی. عەشق تەنها بۆ خۆشەویستی یەکەمە. بەهەرحاڵ، سارتەر بە دەستی ئەنقەست گۆڕەکەی پیس کرد، چونکە پێیوا بووە نووسەرێکی کۆنەپەرست بووەو بەکرێگیراوی پاشا لویسی هەژدەهەم بووە کە دژی ناپلیۆن بووە. وەلێ مستەر سارتەر، کێشەکە ئەوەیە نووسەرێکی کۆنەپەرستی ڕاستەقینە، باشترە لە نووسەرێکی پێشکەوتووخوازی دەخەزار. سارتەر لەو ڕۆژگارەدا، لە قۆناغی چەپی تووندڕوییەکەیدا دەژیا ودەی وت: هەر کەسێک نەیاری کۆمۆنیست بێت، سەگە! ئەم هێرشە ناڕەوا یان ڕەوایەی من دەیکەمە سەر سارتەر، هەرگیز مانای ئەوە نییە جان دۆرمیسۆن لەسەر هەمان ئاستی سارتەر دادەنێم، ئەوە شورەییە!
لەم ژیاننامە سۆزدارییەدا، بۆمان دەردەکەوێت شاتوبریان مێبازێکی عەجایب بووە. عاشقەکانی لە هەموو لایەکەوە خۆیان دەخستە ئامێزی. چونکە ناوبانگ وەک دەسەڵات، ژنان زۆر ڕادەکێشێت. لێرە لە پاریس، هەر کەسێکی ناودار، ژمارەیەکی زۆر عەشیقەی هەیە، تەنها دیگۆڵ نەبێت، ئەو هەرگیز خیانەتی لە هاوسەرەکەی نەکرد. شاتوبریان لە غەرناتە، بە رێکەوت دەگات بە یەکێک لە خۆشەویستەکانی دڵەکەی، ئەویش (ناتالی) بوو. وەک ئەوەی نزار قەبانی دەڵێت:
لەساحەی سوور یەکترمان بینی
خۆشە بێ مەوعید یەکتر ببینین
شاتوبریان زۆر بەختەوەر بوو، ژنان زۆریان خۆشدەویست. ئەویش هەندێکجار ئیستیغلالی دەکردن یان گاڵتەی پێدەکردن یا پاش ئەوەی کاری خۆیدەکرد، بەجێیدەهێشتن و دوور دەکەوتەوە لێیان. دوای ئەوەی لە یەکێکیان تێری دەخواردو لێی بێزار دەبوو، وەک پەپوولە دەڕۆشت بەسەر یەکێکی دیکەوە دەنیشتەوە. هەموویانی هەڵخڵەتاندبوو، بەوەی تەنها ئەو خۆشەویستی دڵەکەیەتی، فێڵبازو قەسەزان و دەملوس بوو. یەکێک لە ژنەکان لەبەر خاتری شاتوبریان، وازی لە هاوسەرەکەی هێنا. یەکێکی دیکەیان شێت بوو. دانەیەکی دی خۆی کوشت یان خەریکبوو خۆی بکوژێت. کەچی ئێمە تا ئێستا تەنها فرمێسکێک چییە بۆیان نەڕشتووین، باوەڕیش ناکەم لە ئایندەشدا شتی وا رووبدات. بەڵام ئاخۆ ئەو حاڵەتانە ویژدانی شاتوبریانییان ئازار نەداوە؟ ئەو کاتێک پیربوو، چووە ساڵەوەو کەوتە ژێر باری قورسی یادەوەرییەکانییەوە، سەبارەت بە دۆست و هاوڕێکانی دەیتووت: هەمووان مردن.. هەمووان کۆچیان کرد.. تەنها هەر من ماومەتەوە.. کەی ئەم جیهانە جێدەهێڵم و ئیسراحەت دەکەم؟ پاشان بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ئەگەر ئازاد بوومایە، ئەوا لە تەنهایی و دوورە پەرێزییەکی رەهادا دەژیام، تەنها پێویستیم بە بیابانێک و کتێبخانەیەک و یەک عەشیقە هەبوو.
وەلێ من لێرەدا زیادڕەویی دەکەم و وێنەی شاتوبریان سەبارەت بە ئافرەت، دەشێوێنم. لە راستیدا ئەو تا دوا سنور هەستیار بوو، بۆ خۆشەویستی لە دەستچووی بە کوڵ دەگریا. سەروەختێک کتێبەکە دەخوێنینەوە، هەست دەکەین ئەو مرۆڤێکی راستەقینەیەو شەیدا خۆشەویستی بووە. بەشی دووەمی کتێبەکە بخوێننەوە کە تەرخانکراوە بۆ چیرۆکی خۆشەویستی شاتوبریان و خانمێک ناوی پاولین-ە، تا دوا ساتەکان لەگەڵ ئەو خانمە ماوەتەوە. کاتێک پاولین نەخۆشدەکەوێت، شاتوبریان بەجێیناهێڵێت و هەموو شتێک لە پێناو چابوونەوەیدا دەکات. سەروەختێک پاولین لە گیانەڵادا دەبێت، ئەو لە ژورەکەی تەنیشتییەوە دەکەوێتە ناڵە و هاوارو بە کوڵ بۆی دەگری. لێرەوە داوای لێبوردن دەکەن لەسەر ئەو قسانەی پێشووم کە وتم شاتوبریان پیاوێکی فێڵباز بووەو یاری بە دڵی ئافرەتان کردووە. ئەوە تەنها نیوەی راستییەکانە.
ئێستا من چیتر باسی شاتوبریان ناکەم، بەڵکو باسی قوتابییە خانەدانەکەی دەکەم: جان دۆرمیسیۆن کە پێش هەفتەیەک لەمەوبەر، لە یەکێک لە گەڕەکە راقییەکانی پاریس، ماڵئازایی لێکردین. فەرەنسا لە رێوڕەسمێکی نیشتیمانی شکۆداردا بەخاکی سپارد، وەک ئەوەی پێشتر بۆ فیکتۆر هیگۆ ئەنجامیدابوو. ئیمانوێل ماکرۆن و گەورە کەسایەتییەکانی فەرەنسا، بەشداربوون لە رێوڕەسمی بەخاک سپاردنیدا. ئیدی حاڵی دونیا ئاوایە، دێڕە شیعرێکی عەرەبی هەیە دەڵێت(ئێمە لێرەدا ئەم دێڕە شیعرە کوردییە لە بری دادەنێین کە هەمان مانای هەیە):
هەزار ساڵ پاشای ئەستەنبووڵ بیت
ئاخیری میوان قەبری قووڵ دەبیت.
سەرۆک ماکرۆن وتارێکی فەلسەفەی گرنگی پێشکەش کرد، تەنانەت نموونەی بە نیتچە هێنایەوە، من نازانم ئەو ئەم هەموو رۆشنبیرییەو ئەم هەموو قووڵییەی لە کوێوە هێناوە؟ ئاخۆ وتارەکە خۆی نووسیویەتی یان راوێژکارو یاریدەدەرەکانی بۆیان نووسیوە؟ لە راستیدا پێدەچێت خۆی نووسیبێتی. پێویستە بیرمان نەچێت ماکرۆن قوتابی فەیلەسوفی گەورە پۆل ریکۆر بووە، لەوانەیە سکرتێریشی بووبێت. ئەمەش مانای وایە لەسەر دەستی ئەو فەیلەسوفە گەورەیە، رۆشنبیرییەکی فەلسەفی بەرفراوانی وەرگرتبێت. کەواتە ئەگەر هۆکارەکە بزانێت سەرسوڕمانت نامێنێت. نیتچە وتیەکی هەیە دەڵێت: هێندە قووڵن، گریک لە چاویان رووکەشن! ماکرۆن ئەو وتەیەی بۆ ستایشی دۆرمیسۆن هێنایەوە، چونکە ماکرۆن لە گۆڕەپانی پاریسیدا، لەلایەن نەیارو رکابەرەکانییەوە بە کەسێکی رووکەش و سوکەڵە تۆمەتبار دەکرا.
ئەو بەرهەمانەی جان دۆرمیسۆن چین کە بە راستی چێژم لێوەرگرتن و سودم لێبینین؟ ئەو بەرهەمانەی زۆر زۆرن و ناتوانم ناوی هەر هەموویان بێنم. بەڵام جگە لەو کتێبە نایابەی پێشتر باسمکردو دەربارەی ژیانی سۆزداری شاتوبریان بوو، کتێبێکی دیکەی سەرەکی هەیە سەرنجی راکێشام و ئەم ناونیشانە لەخۆدەگرێت: مێژوویەکی دیکەی ئەدەبی فەرەنسی، لە دوو بەش پێکدێت. ئای ئەم کتێبە چەند نایابە! چەند بەسودە بۆ کەسێک بییەوێت فیکرەیەکی دەربارەی ئەدەبی فەرەنسی، لە مێژووە دوورو درێژەکەیدا هەبێت! ئەم کتێبە بۆت دەسەلمێنێت جان دۆرمیسۆن زۆری حەز لە ئەدەب بووە، ئەدەبی پەرستووە. لەوانەیە لەبەر ئەم هۆکارەبێت من رێزیدەگرم. ئەو سەروەختێک شیعرێکی ڤێرلین یان رامبۆ یا ئاراگۆنی کۆمۆنیست دەخوێنێتەوە کە لە رووی چینایەتی و ئایدۆلۆژیاشەوە نەیاریەتی، بە تەواوی لەناو شیعرەکەدا دەتوایەوە. ئەدەب هەموو سنورو بەربەستەکان دەبڕێت. ئەدەب لەسەرەوەی هەموو دابەشبوونە ئایدۆلۆژی وحیزبییەکانە. لە پێشەکی بەشی یەکەمی کتێبەکەیدا شتێکی ئاوا دەڵێت: (کتێبم خۆشدەوێت. هەرچیەک تایبەتە بە ئەدەب خۆشمدەوێت و دەڵم بۆی لێدەدات. نووسەرەکانیم خۆشدەوێت، پاڵەوانەکانیم خۆشدەوێت، لایەنگرانیم خۆشدەوێت، نەیارەکانیم خۆشدەوێت، ململانێکانی و گڕگرتنەکانیم خۆشدەوێت).پاشان بەردەوام دەبێت و دەڵێت: (لەم سەردەمەدا کتێب، لە رێگەی شتێکی بەربەری ئاڵۆزەوە، هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە، ئەم مێژووە تازەیەی ئەدەبی فەرەنسی کە هەنووکە دەیخەمە بەردەستی ئێوە، ئامانجی تەنها یەک شتە: هاندانی خوێنەرە بۆ ناسینی کەسایەتییەکانی ئەدەبی فەرەنسی. لێرەدا ئەو کەسایەتییانە یەک لە دوای یەک دەناسێنم، ئەگەر کتێبەکەم لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە خوێنەرێک هانبدات تەنها کتێبێکی ستندال یان ریمۆن کینۆ یا ئاراگۆن بکاتەوە، ئەوا من ئامانجەکەی خۆم پێکاوە).
جان دۆرمیسۆن لە پێشەکی بەشیدووەمی کتێبەکەیدا دەڵێت: (ئەو میتۆدەی لێرەدا و لەم بەشی دووەمدا بەکاریدەهێنم، هەمان ئەو میتۆدەیە لە بەشی یەکەمدا بەکارمهێناوەو بیرتییە لە: یەکەم ناساندنێکی کورتی نووسەرو بەرهەمەکانی. پاشان دەرخستنی گەنجییەتی ئەم ئەدەبە و سیما تازەگەرییەکەی دوای تێپەڕبوونی چەندین سەدە بەسەر بەرهەمهێنانیدا. دووەم من کاتێ قسە لەسەر نووسەرە مردووەکان دەکەم، وەک نووسەرێکی زیندوو قسەیان لەسەر دەکەم کە هێشتا لە ژیانداماون. بۆ نموونە لای من راسین یان ڤۆڵتێر یا بۆدلێر و فلۆبێر جارێ نەمردوون و هەر هەموویان زیندوون. زەمەن کۆن و بەسەردەچێت، بەڵام شاکارە نەمرەکانی ئەوان کۆن نابن و بەسەرناچین. چرچ و لۆچی رۆژگار ناتوانێت بەسەر روخسارو ناوچاوانی ئەواندا زاڵبێت).
ئا بەم شێوەیە، جان دۆرمیسۆن لە سەردەمە هەرە کۆنەکانەوە تا رۆژگاری ئەمڕۆ، گەورە کەسایەتییەکانی ئەدەبی فەرەنسی دەخاتەڕوو. ئا بەم شێوازە جوان و نایابەی باسی فیکتۆر هیگۆو لاماریتن و بلزاک و رامبۆو رینیە شارو دەیانی دیکەمان بۆ دەکات. سودی ئەم کتێبە لەوەدایە تەنها بیرۆکەیەکت لەسەر بلیمەتە گەورەکان پێنادات، بەڵکو گرنگی و بایەخی ئەوانت لە کاتی ئێستادا بۆ دەردەخات. جگە لە جان دۆرمیسۆن کێی تر دەتوانێت ئەوە بکات؟ بە مانایەکی دی، ئەو کەسایەتییەکان لە سەردەمەکەی خۆیاندا هەروەها لەم سەردەمەی ئێستاشماندا جێگیر دەکات: واتە چییان لێماوەتەوەو چییان لێمردووە یان کۆن بووەو بەکەڵک نایەن. بەڵام من لەوەی خۆشنابم کە لە هەڵسانگاندنی بۆ جان جاک رۆسۆ بە هەڵەدا چووە.
دواهەمین وتەکانی
دواجار تاقە کچەکەی جان دۆرمیسۆن کە ناوی (هیلۆیز دۆرمیسۆن)ە، لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆەکانەوە دەرکەوت و باسی هەواڵ و دوا ساتەکانی باوکی پێش مردنی، بۆ جەماوەر کرد. لە کچەکەیەوە دەزانین جان دۆرمیسۆن بە ماوەیەکی زۆر کەم پێش مردنی، توانیویەتی دواهەمین کتێبی تەواو بکات. ئەوە هەواڵێکی خۆشە. چونکە زۆرجار نووسەرە گەورەکان، پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکەن، دواهەمین بەرهەمیان بە نیوەو ناچڵی و ناتەواوی بە جێدەهێڵن، ئەوان لە ناکاو دەمرن و دوابەرهەمیان تەواو ناکەن. بگرە لەنووسینگەکەی جان دۆرمیسۆن، رەشنوسی کتێبە تازەکەی دۆزراوەتەوە، ئەو لەسەر شێوازی کۆن بە دەست دەینووسی. پێش مردنی بە تەنها سێ رۆژ، لە لاپەڕەی کۆتایی کتێبەکەیدا کە پاش مردنی بڵاودەبێتەوە، بە دەستوخەتی خۆی نووسیویەتی: (پانتاییەکی نا کۆتایی، هەموو شتێک راگوزەرە، رۆژێک دێت هەموو شتێک کۆتایی دێت. هەموو شتێک دەڕواو نامێنێت. من کە پێموا بوو بۆ هەتا هەتایە دەژیم، چیم لێ دێت؟ مەحاڵ نییە…. دەی هەرچۆنێک بێت، من لەم جیهانەدا ژیام کە ئێوەش تێیدا ژیان. ئەمە حەقیقەت و جوانییە کە بۆ ئەبەد بە نەمری دەمێننەوە. تەنانەت لە ئێستاوە چیتر مەرگیش ناتوانێت هیچ شتێک لە دژی من بکات).
جان دۆرمیسۆن ئەم دەربڕینەی (مەحاڵ نییە…) تەواو نەکردووەو لە دوایەوە چەند خاڵێکی جێهێشتووە، مەبەستەکەی ئەوەیە: مەحاڵ نییە لە دوای مردن شتێکی دیکە هەبێت. بەم شێوەیە لە بەهەشتی پاریسی سەر زەوییەوە دەڕوات بۆ بەهەشتی ئاسمانی بەرزو بڵند. ئەوە بەو پەڕی حەزو تامەزرۆییەوە مەبەست و هیواو ئاواتی بوو، بێ ئەوەی لەوە دڵنیابێت کە دوای مەرگ شتێکی دیکە هەیە. لەم چەند ساڵە کەمەی دواییدا، بەردەوام بیری لەوە دەکردەوە کە ئاخۆ لە دوای مەرگ چی هەیە و چی نییە. هەموو کتێبەکانی ئەم دوایانەی، لە دەوری ئەو خاڵە دەسوڕانەوە.
سەرچاوە: الشرق الاوسگ، یەک شەممە، 24 دێسەمبەر، 2017.