دوو مانای مێژوو
ن: بابەکی ئەحمەدی
و:ڕێبین هەردی
١
ووشه‌ی یۆنانی historia چه‌ندین مانای ههیه١. گرنگترینی (لێكۆڵینه‌وه) بوو و پاشان (زانین)، (زانست)، (زانستی نووسینی لێكۆڵینه‌وه‌كان)، (ڕاپۆرت)، (حه‌كایه‌ت)، و (مێژووی ڕووداوه‌كان). خودی ئه‌م ووشه‌یه ڕه‌گی له historein هه‌یه به مانای (لێكۆڵینه‌وه)، (دۆزینه‌وه). ووشه‌ی یۆنانی له ڕێگه‌ی زمانی لاتینیه‌وه چووه ناو هه‌موو زمانه ئهورپیهكانهوه. مێژوو به فه‌ڕه‌نسی Histoire، به ئیتاڵی storia، به ئینگلیزی History، به ڕووسی Istorija پێ ئه‌ڵێن. له ئه‌ڵمانیدا سه‌ره‌تا ووشه‌ی Historie به‌كار ئه‌هات، به‌ڵام له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م ووشه‌یه‌كی تر باو بوو واته Geschichte، دیاره سیفه‌تی historich به‌مانای (مێژوویی) و ناوی Hoistoriker به‌مانای (مێژوو نووس) هێشتا به‌كار ئه‌هێنرێت. هیگڵ سوودی له ووشه‌ی Historismus بۆ وه‌سفی میتۆدی مێژووی خودا ناسی وه‌رئه‌گرت، و هایدگه‌ر ووشه‌ی Histtorie به مانای (راپۆرتی مێژووی) به‌كار ئه‌هێنا. ووشه‌ی ئه‌ڵمانی Geschichte و geschehen به مانای (ئه‌نجام دان) و (ڕوودان) هاتووه و ماناكه‌ت (زنجیره‌ی ڕووداوه‌كان) بوو. به فه‌رمی بوونی له‌بری ووشه‌ی Historie تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌به‌ر به‌كارهێنانێتی له به‌رهه‌می مێژوونووساندا و به‌تایبه‌تی لای یۆهان گوتفریدا هیرده‌ر كه به (لێكۆڵینه‌وه‌ی سیستماتیك و ڕه‌خنه‌گرانه له ڕابردوو) ناوی دێنێت.
له‌باره‌ی ڕه‌گی ووشه‌ی عه‌ره‌بی (تاریخ) له‌ناو زمانناساندا بۆچوونی جیاواز هه‌یه و ئه‌كرێت ڕونكردنهوهی جیاوازیه‌كانیان له پێشه‌كی مێژوو له زماننامهی دێهخودا دا بدۆزرێته‌وه. تێڕوانینی باڵاده‌ست ئه‌وه‌یه كه (تاریخ) ووشه‌یه‌كی عه‌ره‌بی كراوه و له زمانێكی تره‌وه هاتۆته ناو زمانی عه‌ره‌بیه‌وه. ڕه‌نگه له عبریهوه كه تیایدا ووشه‌ی (یه‌رخ) Yreakh به‌مانای مێژووه. له تێكسته عه‌ره‌بیه كۆنه‌كان و فارسی‌دا راپۆرت له‌باره‌ی ڕووداوه‌وه به (خه‌به‌ر) ناو ئه‌به‌ن و حاڵه‌تی كۆی ووشهكه واته (ئه‌خبار) به‌مانای (مێژوونووس)یش به‌كار دێت. خواجه نیزام ئهلمولكی تۆسی له پێشه‌كی سیاسهتنامهدا نووسیوێتی (له‌هه‌ر شوێنێك و هه‌ر فه‌سڵێكدا ئه‌وه‌ی شایسته بوو له هه‌واڵ و حیكایه‌ته‌كانی مه‌زنه‌كان هێنرایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی خوێندنه‌وه‌دا بێزاركه‌ر نه‌بێت و له ته‌بع نزیك بێته‌وه). به‌ڵام نموونه‌ی كۆنتر نه‌سكی شه‌شه‌می ووتاری یه‌كه‌می (مفاتیح العلوم)ی ئه‌بو عه‌بدوڵای محه‌مه‌د خهوارزمیه (نووسینی له‌نێوان ساڵه‌كانی ٣٦٧ ت ٣٧٢ كۆچی) له‌باره‌ی (ئهخباره) و له‌م نهسكهدا زانیاری سوودبه‌خش له‌باره‌ی مێژوو نووسی و هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ئه‌و ووشانه‌وه هاتووه كه له نووسینه مێژوویه عه‌ره‌بی و فارسیهكاندا زۆر به‌كار هاتووه. ئیبن نه‌دیم كه له سه‌ده‌ی چواره‌می كۆچی‌دا كتێبی فه‌هره‌ستی ئه‌نووسی، چه‌ندان جار ووشه‌ی (ئه‌خبار)ی هه‌ر له‌م مانایه‌دا به‌كار ئه‌هێنا. نووسه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌مه ژیاننامه‌ی مه‌زنانی زانست، هونه‌ر و دینیشیان به (ئه‌خبار) ناو ئه‌نا. خاڵی سهرسوڕهنهر ئه‌وه‌یه كه ئه‌خبار وه‌ك زانستێك له (مفاتیح العلوم) دا گرنگ و ڕێزی هه‌بوو و له احصاء العلوم ئه‌بو نه‌سری فارابی (كه كه‌مێك زووتر له نێوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی چوارهه‌می كۆچی‌دا نووسی بووی) جێگه‌یه‌كی نه‌بوو و هیچ ئاماژه‌یه‌كی بۆ نه‌كراوه. پێده‌چێت فارابی قه‌بوڵی نه ئه‌كرد ئه‌خبار یان زانینی مێژووی له ڕیزی زانسته‌كاندا بێت.
نیزك ٤٠٠ ساڵ پاشتر ئیبن خلدون (تاریج العبر)ی نووسی. پێشه‌كیه دوور و درێژه‌كه‌ی كتێبه‌كه له خودی ئه‌م كتێبه گرنگتر و به‌ناوبانگتره. له‌سه‌ره‌تای ئه‌م پێشه‌كیه‌دا ئیبن خه‌لدون هه‌موو گومانێكی له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی مێژوو زانستێكه، ڕه‌د كرده‌وه. پاش ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی كورتی سووده پراكتیكیه‌كانی مێژوو نووسی (له تێگه‌یشتنیدا زانایان و نه‌زانان یه‌كسانن، چونكه له ڕووكه‌شدا هیچ نیه جگه له هه‌واڵ له‌باره‌ی رۆژگار و ده‌وڵه‌ته‌كانی پێشوو…به‌ڵام له ناوه‌خندا بیركردنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌یه له ڕووداو و سه‌ره‌تاكانی و گه‌ڕانی وورد به‌دوای هۆكاره ڕاسته‌قینه‌كانیان، و هه‌رله‌به‌ر ئه‌مه مێژوو سه‌رچاوه له حیكمه‌ته‌وه وه‌رئه‌گرێت و شایسته‌یه كه به یه‌كێك له زانینه‌كانی ئه‌ژمار بكرێت). ئیبن خه‌لدون له نووسینی مێژوودا بڕوای به میتۆد‌و دروست هه‌بوو و ئه‌ینوسی ژماره‌یه‌كی كه‌می مێژوونووسانی موسڵمان (وه‌ك محمد ابن اسحاق، ابوجعفر محمد بن جریر طبری، ابن كلبی، محمد بن عمر واقدی، سیف بن عمر اسدی و ابو الحسن موسعودی) ئاشنای ئه‌م میتۆده درووسته بوون. به‌ڵام زۆرێك به میتۆدی نادروست پشتیان به گێڕانه‌وه‌ی هه‌ڵه به‌ستووه. ئیبن خه‌لدون كاری ئه‌وانه‌ی به ناڕاست زانی و نووسی (ڕه‌خنه‌گری ووردبین ئه‌توانێ به پێوه‌ری هوشیاری خۆی باشی یان خراپی ئه‌و گێڕانه‌وانه هه‌ڵسه‌نگێنێت).، و پاشان كه‌وته پۆلێنكردنی جۆره‌كانی مێژوو نووسی. كاری خۆی به ووردی به نووسینی كتێبێك زانی كه (له په‌رده‌ی له ئه‌حواڵی نه‌ژاد و نه‌وه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان هه‌ڵماڵیووه) و (هۆكانی درووستبوونی ده‌وڵه‌ته‌كان و شارستانێتیهكانی ئاشكرا كردووه). ئه‌و له‌سه‌ره‌تای كتێبی یه‌كه‌مدا (هه‌قیقه‌تی مێژووی) به (هه‌واڵدان له كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی واته كۆمه‌ڵگای جیهان و چۆنایهتیهك كه به‌سه‌ر سروشتی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا هاتووه) زانیووه و (چۆنایهتیهكانی) مه‌به‌ستێتی به نموونه‌ی وه‌ك دڕنده‌یه‌تی ، پێكه‌وه ژیان، توندڕهویهكان، جۆره‌كانی داگیركاری، و باڵاده‌ستی گروپێك به‌سه‌ر گروپێكی تردا و لێكه‌وته‌كانی هه‌موو ئه‌مانه وه‌ك دروستبوونی سه‌ڵته‌نه‌ت، ده‌وڵه‌ت و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی مرۆڤ به هۆی هه‌وڵ و كۆششی خۆیه‌وه به‌ده‌ستی دێنێت وه‌ك پیشه‌كان، زانین و هونه‌ره‌كانی ڕوون كرده‌وه. به ڕسته‌یه‌ك ئه‌و كاری خۆی به مێژوونووسی ژیانی مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵایه‌تی زانی) .
ڕۆحی گشتی نووسینه‌كانی ئیبن خه‌لدون له ڕوونكردنه‌وه‌ی مانای مێژوو و دۆزینه‌وه‌ی دروستی نووسینی مێژوو . هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌گرتنی میتۆد و نووسینه ناڕاسته‌كان، پشت به‌ستن بوو به عه‌قڵ، ئه‌مه‌ش خۆی به ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ له كاره‌كانیدا ئه‌زانرێت. پێوه‌ری ئیبن خه‌لدون بۆ جیاكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ڕاست له ناڕاست، هه‌ڵسه‌نگاندی عه‌قلانی بوو. له‌مجۆره حوكمانه له نووسینه‌كه‌یدا زۆره: (به‌ڵام بونیادنانی شارێكی كانزایی وه‌ك ئه‌بینین مه‌حاڵه و دووره له عه‌قڵه‌وه). حوكمی عه‌قڵ گرنگیدانه به پێشكه‌وتنی هه‌واڵه‌كان یان به ده‌ربڕینی ئه‌و (شێوازی گۆڕینی گێڕه‌ره‌وه‌ی پێشكه‌شكراو، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ( هه‌واڵه‌كه خۆ به خۆ مه‌حاڵ بێت). بۆ تێگه‌یشتن له (هاتنه‌وه له‌گه‌ل واقعدا) ئه‌بێت ( بیر له‌باره‌ی ڕوودانی ئه‌مجۆره هه‌واڵانه بكه ینه‌وه و له‌گه‌ڵ یه‌كدا هه‌ڵیانسه‌نگێنین و ئه‌م شته له‌م جۆره هه‌واڵانه‌دا له چاككردن گرنگتر و له پێشتره). ئیبن خه‌لدون به دۆزینه‌وه شێوه‌یه‌كی پشت به‌ستوو به عه‌قڵ پێشنیاری بنه‌مایه‌كی میتۆدۆلجیای زانستی كرد. زانستی مێژوو گرنگی به شارستانیه‌تی مرۆڤایه‌تی ئه‌دات ، یان به ده‌ربڕینی خۆی گرنگی به (ئاوه‌دانكردنه‌وه) ئه‌دات. بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌و ده‌ستكه‌وته مرۆییه‌كانه. كه‌وابوو لێكۆڵینه‌وه له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، واته وردبوونه‌وه له كۆمه‌ڵگایه‌كی تایبه‌ت و لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌ربڵاو له زه‌مینه‌ی شێوه‌كانی ژیانی تاكه‌كه‌سه‌كان و شێوه‌ی كار و گۆزهرانیان و دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كدا و ئه‌وه‌ی درووستیان كردووه، وه‌ك رێنمایكهرێكی كاری عه‌قڵ ئه‌بێت له دۆزینه‌وه‌ی هه‌واڵه ڕاسته‌كان: ( یاسای دۆزینه‌وه‌ی ڕاست و هه‌ڵه له‌باره‌ی مومكین یان مه‌حاڵ بوونی هه‌واڵه‌كان به جۆرێك ئه‌بێت كه سه‌یری كۆمه‌ڵگای مرۆیی یان ئاوادانكردنه‌وه بكه‌ین و ئه‌م مه‌سه‌لانه له‌یه‌كدی جیابكه‌ینه‌وه: چۆنایه‌تیه زاتی و سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وه‌ی لاوه‌كیه و گرنگ نیه، و ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه به‌سه‌ریدا بێت. هه‌ركاتێك ئه‌م شێوازه‌مان به‌كارهێنا له ناسینه‌وه‌ی هه‌ڵه و راست و ده‌ستنیشانكردنی هه‌واڵی ڕاشت له درۆ بۆ ئێمه وه‌ك یاسایه‌كی سه‌لمێنراو و لۆژیكی لێ دێت كه هیچ گومانێكی لێ نه‌كرێت، و له‌م ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی چۆنایهتیهكهوه كه له كۆمه‌ڵگادا ڕوو ئه‌دات شتێك ببیستین ، ئه‌توانین به‌هۆیه‌وه هه‌واڵی ڕاست له هه‌ڵه جیا بكه‌ینه‌وه و ئه‌مه‌ش پێوه‌رێكی ڕاست ئه‌بێت كه مێژوو نووسان ئه‌توانن له گواستنه‌وه‌ی بابهتهكان ڕێگه‌ی ڕاسی و درووست بدۆزنه‌وه…ئه‌م شێوه‌یه خۆی زانستێكی سه‌ربه‌خۆیه چونكه بابه‌تێكه كه هه‌مان ئاوادانكردنه‌وه‌ی مرۆیی و كۆمه‌ڵگای مرۆییه، و هه‌م خاوه‌ن ئه‌و مه‌سه‌لانه‌یه كه بریتیه له ده‌ربڕی چۆنایه‌تی و ئاماژه‌كانی كه یه‌ك له دوای یه‌ك په‌یوه‌ست ئه‌بن به خود و ماهیه‌تی ئاوادانكردنه‌وه، و ئه‌م شته‌ش واته هه‌بوونی بابه‌ت و مه‌سه‌له‌ی تایبه‌ت، له خه‌سڵه‌ته‌كانی هه‌موو زانستێكه، و مانای زانستیش هه‌ر ئه‌مه‌یه جا چ پۆزه‌تیڤیزم بێت چ عه‌قڵی).
بینیمان ئیبن خه‌لدون ووشه‌ی (مێژوونووس) وه‌ك كه‌سێك ڕووداوه‌كانی ڕابردوو ئه‌گێڕێته‌وه به‌كار ده‌هێنێت. له ئه‌ده‌بی فارسیشدا ئه‌م ووشه‌یه به‌هه‌مان مانا به‌كار ده‌هات، بۆ نمونه له (جامع التواریخ) رشید ا‌لدین فضل الله له‌سه‌ده‌ی ههشهتهمدا چه‌ندان جار دوباره كراوه‌ته‌وه. مێژوو نووس كه‌سێكه به‌شێوه‌ی گوتاری یان نوسراو‌و ڕووداوه‌كانی ڕابردوو ده‌گێڕێته‌وه و ڕوون ده‌كاته‌وه. شایه‌تی حاڵ كه ڕووداوێكمان بۆ ئه‌گێڕته‌وه یان نووسه‌رێك كه هه‌زار ساڵ دوای ئه‌وه ئه‌و ڕووداوه له كتێبێكدا ڕوون ئه‌كاته‌وه، ههردوژیان به مێژوو نووس ناو ئه‌برێن. من ووشه‌ی مێژوو نووس به ئه‌نقه‌ست له‌باره‌ی كه‌سێكه‌وه به‌كار دێنم كه مێژوو ئه‌نووسێت، واته نووسه‌ری مێژووه. بۆ ووردبوونه‌وه‌ی زیاتر ئه‌بێت بڵێم ئه‌م ووشه‌یه له‌به‌رامبه‌ر دوو ووشه‌ی باو له زمانه ئه‌وروپیه‌كاندا به‌كار ئه‌هێنم :١) به‌هه‌مان مانای زۆر باوی مێژوو نووس هاوتای ووشه‌ی ئینگلیزی Historian. ٢) له‌به‌رامبه‌ر ووشه‌ی ئینگلیزی Historiographer كه مانایه‌كی ئاڵۆزتری هه‌یه. له زمانی فه‌ڕه‌نسیدا Historiographer به كه‌سێك ئه‌ڵێن (به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئه‌ركی نووسینه‌وه‌ی مێژوی ڕۆژگاری خۆی پێ سپێراوه) . ڕاسین و بۆڤالۆ مێژوو نووسانی لوی چوارده‌هه‌م بوون. هه‌روه‌ها Historiographer به مانای كۆمه‌ڵێك مێژووه كه له باره‌ی قۆناغێكی دیاریكراوه‌وه نووسراوه، بۆ نموونه ئه‌گوترێت L Historiographer byzanine واته ئه‌و مێژووانه‌ی له‌باره‌ی سه‌رده‌می بیزانسه‌وه نووسراوون.. به‌ڵام له زمانی ئینگلیزی‌دا به‌كارهێنانی Historiographer به‌رفراوانتره. یه‌كێك له ماناكانی هه‌مان مێژوو نووسی واته نووسینی ڕووداوه‌كانی ڕابردووه، مانایه‌كی تری كۆمه‌ڵێك تیووره و بنه‌مایه كه له نووسینی مێژوودا به‌كار ئه‌هێنرێن. مانای سێهه‌م مێژوویه‌كه له‌باره‌ی مێژوو نووسانی ئه‌وانی دیه‌وه نووسراوه، بۆ نموونه كاری مێژوو نووسێك كه له‌باره‌ی به‌رهه‌مێكه‌وه ئه‌نووسێت كه بابتهكهی مێژووی موسیقایه، دواجار مانایه‌كی كه‌متر باوی هه‌یه كه (مێژووی فه‌رمیه)، مێژوویه‌ك كه به پێی پێشنیار یان فه‌رمانی ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ئه‌نووسرێت. به‌مشێوه‌یه Historiographer یه‌كێك له‌م چوار كاره ئه‌نجام ئه‌دات. من له‌م ووتاره‌دا له هه‌ر شوێنێك نهر ئه‌م مانا تایبه‌تیانه كه‌وتم، هه‌مان ووشه‌ی مێژوونوسم به‌كارهێناوه.
٢
ووشه‌ی (مێژوو) به دوو مانای سه‌ره‌كی به‌كاردێنم: ١) ژماره‌یه‌ك ڕوودای ڕابردوو به (مێژووی) ناو ئه‌به‌ین (هه‌ندێكجار ڕووداوێكی تایبه‌ت وه‌ك كوشتنی ستارخان، هه‌ندێكجار زنجرهیهك ڕوودای پێكه‌وه به‌ستراو، وه‌ك شۆڕشی مه‌شروته). ٢) گێڕانه‌وه یان نووسینه‌وه‌ی ڕووداوێكی تایبه‌ت یان زنجیره‌یه‌ك له ڕووداوه‌كان ناو ئه‌نێین (مێژوو) (وه‌ك كتێبی مێژووی مه‌شروته‌ی ئێران، نوسینی ئه‌حمه‌د كه‌سره‌وی). هه‌موو ئه‌و ووشانه‌ی له زمانه ئه‌ورووپیه‌كاندا له‌به‌رامبه‌ر ووشه‌ی عه‌ره‌بی و فارسی (تاریخ) جگه له‌و دوو مانا سه‌ره‌كیه، له حاڵه‌تی تریشدا به‌كار دێت. بۆ نموونه به‌مانای زه‌مه‌ن به پێی ڕۆژ، مانگ و ساڵ به‌كار دێت (وه‌ك مێژووی له‌دایك بوونی تاكه‌كان) كه تا چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك پێشتر پێیان ئه‌گووت (ماده‌ی مێژوو). ئه‌مڕۆ هه‌ندێكجار ووشه‌ی (مێژوو) ووردكردنهوهی زه‌مه‌نه به‌كار دێنن (وه‌ك شیكی مێژوودار). ئه‌مجۆره سوودوه‌رگرتنه له (مێژوو) له ئه‌ده‌بیاتی كۆنی فارسیشدا پێشینه‌ی هه‌یه، وه‌ك سه‌عدی له گولستاندا نووسیوێتی: (له‌و مێژوه‌وه ته‌ركی قسه‌مان كرد و ڕێگه‌ی گۆشه‌گیریمان گرت). جگه له‌مانه‌ش (مێژوو) به مانای خوازهییش به‌كار دێت تا ڕاده‌یه‌ك هاوتای (سهرگوزهشت) یا (حیكایه‌ت)ه. وه‌ك (مێژووی ژیان) وه‌ك به‌سه‌رهاتی شه‌خسی تایبه‌ت، یان كاتێك ئه‌ڵێن كه‌سێك (ناوی خۆی له مێژوودا نه‌مر كرد) مێژوو به مانای یاده‌وه‌ری هه‌مه‌كی مرۆیی به‌كار ئه‌هێنن.
مێژوو به‌ناچار مرۆیی نیه، ئێمه باسی (مێژووی گۆی زه‌وی) و ته‌نانه‌ت له (مێژووی جیهان) به ههمهكیترین مانایه‌ك ئه‌كه‌ین كه جیهان له فیزیا و ئه‌ستێره‌كاندا هه‌یه‌تی. ئه‌وه‌ی ئێمه ناوی ئه‌نێین مێژووی مرۆیی به‌مانای بایه‌لۆجی به‌شێك له مێژووی سرووشته، به‌ڵام به مانای فه‌لسه‌فی له مێژووی سروشتی جیاوازه. هه‌رچه‌ند نیتچه سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نابێت ئه‌وه له بیر بكه‌ین مێژووی مرۆڤ به‌شێكی بچوكه له‌مێژووی سروشت، به‌ڵام كاتێك ووشه‌ی (مێژوومان) گوێ لێ ئه‌بێت، بێ ویستی خۆمان بیر له مێژووی مرۆڤ ئه‌كه‌ینه‌وه. واته بیر له‌و به‌شه‌ی مێژوو ئه‌كه‌ینه‌وه كه تیایدا مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی هوشیار و مه‌ده‌نی، ده‌رگیری كار و ژیانه له‌نێوان كه‌سانی دی‌دا و له ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا و ڕووبه‌ڕووی ڕووداوی جۆراوجۆر ئه‌بێته‌وه. له هه‌نگاوی دوایشدا (مێژوو) په‌یوه‌ندی به ده‌ستكه‌وته‌كانی كلتووری مرۆییه‌وه هه‌یه و بابه‌تی وه‌ك (مێژووی ئه‌ده‌بیات)، (مێژووی پهشهسازی) و وه‌ك ئه‌م شتانه‌مان به بیر دێنێته‌وه.
هه‌رچه‌ند ڕووداوه‌كانی له ڕابردووی دوور یان نزیكدا ڕوویداوه به مێژووی ناو ئه‌برێن، به‌ڵام به كرده‌وه هه‌موو ڕووداوه‌كانی مێژووی ڕابردوو به مێژووی نازانرێن. ڕووداووه هه‌ڵبژێراوه‌كان به‌ناوی (ڕووداوه مێژوویه‌كان)ه‌وه پێناس ئه‌كرێن. ئه‌گه‌ر كه‌سێك ڕووداوێكی تایبه‌ت به مێژووی ناو بنێت، ئه‌وا مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه داوای لێ بكه‌ین بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی خۆی به‌ڵگه‌یه‌كی بڕواپێكه‌ر بهێنێته‌وه. مێژوونووسان زنجیره‌یه‌ك ڕووداو به هۆی لۆژیك یان ڕێكه‌وتن به‌یه‌كه‌وه گرێ ئه‌ده‌ن و به‌دواداهاتنی زه‌مه‌نیان به مێژوو ناو ئه‌به‌ن، بۆ نموونه هاتنه ناوه‌وه‌ی هێزی چه‌كداری مه‌شروته‌خواز بۆ ناو شاری تاران، به ڕووداوێكی مێژووی پێناس ئه‌كه‌ن، و ئه‌م ڕووداوه له‌ناو زنجیره‌یه‌ك ڕووداودا دائه‌نێن كه ناویان ناوه شۆڕشی مه‌شروته‌ی ئێران. خاڵی دوای ئێمه بۆ مانای دووهه‌می ووشه‌ی (مێژوو) ئه‌گه‌یه‌نێت. ئێمه ڕاپۆرتی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی مه‌شروته‌خوازان بۆ تاران یان سه‌رجه‌م شۆڕش له كتێبی كسرویدا دا به نووسینی مێژوو ئه‌زانین. راپۆرتی مێژووی له قاڵبی گووتارێكدا پێشكه‌ش ئه‌كرێت كه ناوی ئه‌نێین (گووتاری مێژووی) و ئه‌م گوتاره‌ش ده‌ست نیشانكهری هۆ، لۆژیك یان ڕێكهوتنێكه كه زنجیره‌یه‌ك ڕووداو به سیفه‌تی مێژووی دیاری ئه‌كات.
ڕووداوی مێژوویی به‌هۆی مێژوو نووس (یان كه‌سانێك كه له بواری چالاكیه كلتووریهكاندا به شایسته زانراوون و وه‌ك ئه‌ڵێن به (مه‌رجه‌عه‌كانی كۆمه‌له‌ی زانستی) ناو نراوون) و هه‌ندێكجار به‌هۆی به‌شێكی خه‌ڵكه‌وه یان له‌لایه‌ن گشته‌وه و له زوربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته سیاسی و سه‌ربازیه‌كانه‌وه هه‌ڵئه‌بژێرێت. ئه‌و ڕۆژه‌ی هێزه‌كانی مه‌شروته خواز هاتنه ناو تارانه‌وه ، ڕوودای زۆر ڕوویدا كه په‌یوه‌ندیان ڕاسته‌وخۆیان به‌و ڕووداوه‌وه نه‌بوو. ڕه‌نگه له‌هه‌مان ئه‌و ڕۆژه‌دا ده‌یان مناڵ له‌دایك بوو بن، یان پیاوێك ژنه‌كه‌ی كوشت بێت، به‌ڵام هیچ كه‌سێك باسی ئه‌م ڕووداوانه‌ی وه‌ك ڕووداوی مێژووی نه‌كردووه. له ئه‌نجامدا ئێمه له‌و شتانه بێ خه‌به‌رین و هه‌ڵسه‌نگاندنیش له‌باره‌یانه‌وه ناكه‌ین. له ساڵه‌كانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا چه‌ندانجار دزه چه‌كداره‌كان له ده‌روازه‌ی تارانه‌وه به‌زۆر ئه‌هاتنه ناو شاره‌وه، به‌ڵام ئه‌م ڕووداوانه زۆر به گرنگ دانه‌نراوون، مه‌گه‌ر مێژوو نووسێك ویستبێتی ئه‌و نموونانه بۆ وه‌سفی نائاسایشی شاری تاران له و ڕۆژانه‌دا باس بكات. به‌لام هاتنه ناوه‌وه‌ی مهشروتهخوازانی چه‌كدار بۆ تاران به ڕووداوێكی گه‌وره‌ی مێژووی ئه‌زانرێت، چونكه به بڕوای زوربهو مێژوو نووسان مه‌رجه‌عه زانستیه‌كان، به خاڵی وه‌رچه‌رخان له مێژووی ئێران‌دا ئه‌ژمار كراوه. مێژوو نووسان ئه‌یسه‌لمێنن ئه‌م ڕووداوه به‌ستراوه به زنجیره‌یه‌ك ڕووداوی تره‌وه كه ئێمه هه‌موویان پێكه‌وه ناو ئه‌نێن شۆڕشی مه‌شروته، هه‌روه‌ها شكڵی ئاوندهی ئێرانی دیاریكردووه و گرنگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه. كه‌وابوو ئه‌توانرێت بگوترێت ڕووداوی مێژووی ئه‌بێت: ١) له‌لایه‌ن خه‌ڵك یان لانیكه‌م كۆمه‌ڵێك له مێژوو نووسان یان مه‌رجه‌عه‌كانی بواری زانستی، وه‌ك ڕووداوێكی مێژووی و گرنگ ههڵسهبگێنرا بێت. ٢) په‌یوه‌ندی به زنجیره‌یه‌ك ڕووداوی پێش خۆی و دوای خۆیه‌وه هه‌بێت.
ڕووداوه مێژوویه‌كان به ناچار په‌یوه‌ندیان به سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگاوه نیه یان په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان پێیانه‌وه نیه. ووشه‌ی (مێژوو) ئه‌و ڕووداوانه‌ش ئه‌گرێته‌وه كه په‌یوه‌ستن به (مێژووه‌كانی عه‌قڵه‌وه). ئه‌و ڕووداوت هاتۆچۆهیهی بووه هۆی مردنی فهرغی فه‌روخزاد، له (مێژووی ئه‌ده‌بیات) یان گشتی تر بڵێهن له (مێژووی) هونه‌ردا گرنگیه‌كی تایبه‌تی هه‌بوو. له كۆمه‌ڵگای ئیرانیدا چ له‌و رۆژه و چ ئه‌مڕۆ كه‌سانێكی زۆر ئاگایان له‌و مردنه نه‌بووه و نیه، و به روداوێكی گرنگی دانه‌ده‌نا یان دانانێن. بۆ كه‌سانێك كه فه‌روغی فه‌روخزاد به شاعیرێكی گه‌وره و تازه‌گه‌ر ئه‌زانن، ئه‌و مه‌رگه ڕووداوێكی گرنگه. مێژوو نووسانێك هه‌ن ڕووداوه مێژوویه‌كان به گرنگ یان ناگرنگ پێناس ئه‌كه‌ن. دیاره ئه‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین هه‌ندێك له ڕووداوه‌كان له لایه‌ن زوربه‌ی مێژوو نووسان و مه‌رجه‌عه زانستیه‌كان و خه‌ڵكه‌وه گرنگیه‌كی نكوڵی لێكراوایان هه‌یه و لێره‌وه به گرنگترین ڕووداوه مێژوویه‌كان ئه‌ژمێرێن. ئایا كه‌سێك هه‌یه بتوانێت دوو جه‌نگی جیهانی كه له‌سه‌ده‌ی بیستدا ڕوویدا، یان بۆمبارانی هیرۆشیما و ناكازاكی به گرنگترین ڕووداوه مێژوویه‌كان نه‌زانێت؟.
ڕیكۆر له (زه‌مه‌ن و گێرانه‌وه)دا سێ خه‌سله‌تی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌و ڕووداوانه‌ی به مێژوویی دائه‌نرێن، ئه‌ژمێرێت: ١) كردارێتی ئه‌وه‌ی له رابردوودا ڕوویداوه تایبه‌تمه‌ندی ڕه‌ها ئه‌وه‌یه سه‌ربه‌خۆیه له بونیاد و بونایادنانهوهكانی ئێمه. ٢) ڕووداوی رابردوو له‌به‌رئه‌وه بۆ ئێمه قابیلی تێگه‌یشتنه، چونكه دواجار شتێكی مرۆییه، واته دروستكراوی مرۆڤه. ٣) ڕووداو سه‌ره‌ڕای ئه‌م خه‌سڵه‌ته مرۆییه، ماوه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هه‌یه و نامۆیه پێمان، چونكه سه‌ر به ئاسۆیه‌كی جیاواز له ئاسۆی ژیانی ئێمه‌یه. ڕووداوه مێژوویه‌كانی مرۆڤ به‌شێكن له ژیانی كۆمه‌لایه‌تی، كلتووری، ئابووری، سیاسی و سه‌ربازی مرۆڤه‌كان. مرۆڤه‌كان ئه‌م ڕووداوانه درووست ئه‌كه‌ن. هه‌رچه‌ند زۆرێك له تاكه‌كه‌سه‌كان له به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕووداوانه‌دا خۆیان به به‌ركار ئه‌بینن، به‌لام ئه‌م هه‌ڵچوونه نابێت ببێته هۆی ئه‌و هه‌ڵه تێگه‌یشتنه‌ی كه ڕووداوه‌كان سه‌رچاوه‌یه‌كی نهێنی ئامێزیان هه‌یه. زۆرێك له خه‌ڵكی له بیریان ئه‌چێته‌وه، به‌لام ئه‌وه خاڵێكی گرنگه كه ڕووداوه مێژوویه‌كان دواجار درووستكراوی خودی مرۆڤن. ماركس له‌یه‌كه‌م په‌ڕه‌ی (هه‌ژده‌ی برۆمێر لوئی بوناپارت) دا نوسیوێتی: (مرۆڤه‌كان مێژووی خۆیان درووست ئه‌كه‌ن، به‌لام نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ی خۆیان ئه‌یانه‌وێت یان له هه‌لومه‌رجێكدا كه خۆیان هه‌ڵیانبژاردووه، به‌ڵكو له هه‌لومه‌رجێكی پێدراودا كه میراتی ڕابردووه و خودی مرۆڤه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ ده‌سته‌ویه‌خه‌ن له‌گه‌ڵی. باری نه‌ریتی سه‌رجه‌م نه‌وه‌كانی ڕابردوو به هه‌موو قورسایی خۆیه‌وه وه‌ك كابوسێك مێشكی زیندووهكان ماندوو ئه‌كات).
هوشیاری مێژوویی تێگه‌یشتنێكی مرۆییه، به‌ڵام نیتچه ئه‌ڵێت ئه‌توانێت ببێته هۆی كاره‌ساتیش بۆ مرۆڤ. نیتچه ووتاره‌كه‌ی له‌باره‌ی مێژووه‌وه له به‌شی دووهه‌مدا (شایه‌تی نامۆدێرن) به ناوی ( سوودمه‌ندی و ناسوودمه‌ندی مێژوو بۆ ژیان) به‌مه ده‌ست پێ ئه‌كات: (ته‌ماشای ئه‌و مێگه‌له بكه‌ن كه له‌به‌رده‌متاندا ئه‌سوڕێته‌وه. ئه‌م ئاژه‌ڵانه هیچ تێگه‌یشتنێكیان بۆ ئه‌مڕۆ و دوێنێ نیه) و له به‌ندی دووهه‌مدا نوسیوێتی: (مرۆڤ سه‌ری له دۆخی خۆی ئه‌سوڕمێت و له خۆی ئه‌پرسێت بۆچی تاوانای بۆچی توانای فه‌رامۆشكردنی نیه و به‌رده‌وام په‌یوه‌ست ئه‌بێت به ڕابردووه‌وه، و بۆ هه‌ر خێراییه‌ك و بۆ هه‌ر كوێیه‌ك ڕابكات، هه‌روا په‌یوه‌ست ئه‌بێت به ڕابردووه‌وه) وه‌ك ئه‌وه‌ی نیتچه به‌هه‌مان حوكمی ماركس گه‌یشتووه كه مرۆڤ دیل‌و مێژووه. نیتچه ئه‌نووسێت مرۆڤ حه‌سودی به ئاژه‌ڵ ئه‌بات كه مێژووی نیه.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌نێك ئه‌ڵێن یه‌كێك له سووده‌كانی لێكۆڵینه‌وه و ناسینی مێژوو ئه‌وه‌یه زیندوه‌كان ئاشنا ئه‌كات به ڕێ و شوێنی ئه‌وه‌ی ماركس به مۆته‌كه‌ی مێژوو و نیتچه به (قورسایی مێژوو) ناوی ناوه، واته شێوه‌ی حكومه‌تی مردووه‌كان به‌سه‌ر زیندووه‌كاندا و ڕه‌نگه ڕێگه‌ی ڕزگار بوونیشمان لێی پێشان بدات.
مێژوو نووسی ئینگلیزی ج. ه. پلام له كتێبی (مه‌رگی ڕابردوو)دا تێروانینێكی وای هه‌بوو و نووسی بووی هه‌رچی زیاتر مێژوو بناسین، زیاتر له چنگی حكومه‌تی ڕابردوو و له خراپی سالاربوونی مردووه‌كان به‌سه‌ر زیهنمداندا ڕزگارمان ئه‌بێت. ئیدوارد هالت كار له كتێبی (مێژوو چیه) له ڕوونكردنه‌وه‌ی سووده‌كانی مێژوودا ڕوانینێكی دی دێنێته پێشێ ( ده‌وری تایبه‌تی مێژوو نووس نه خۆشه‌ویستی و نه ده‌ربازكردنی خۆیه‌تی له ڕابردوو، به‌ڵكو تێگه‌یشتن و ده‌ست گرتنه به‌سه‌ر ڕابردوودا وه‌ك كلیلێك بۆ تێگه‌یشتن له ئێستا). تێگه‌یشتنی گشتی خه‌ڵكیش بۆ مێژوو له‌م خاڵه‌وه نزیكه. ئه‌وان ئه‌یانه‌وێت وانه له مێژوو وه‌ربگرن، و به سه‌رنجدان له ده‌رئه‌نجامه‌كانی ڕووداوه مێژوویه‌كان، بزانن له هه‌لومه‌رچی هاوشێوه‌دا چۆن ڕه‌فتار بكه‌ن. ده‌سته‌واژه‌ی (ڕابردوو چرای ڕێگه‌ی ئاینده‌یه) بی ئێمه زۆر ئاشنایه. به‌ڵام ئایا هه‌لومه‌رجی مێژووی هاوشێوه بوونی هه‌یه؟ مه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی ڕابردوو خارێكی دی دووباره ئه‌بنه‌وه؟ ئایا ئه‌و ڕووداوانه‌ی بۆ ئێمه گواستراوه‌ته‌وه دروست و ووردن؟ ئایا ئهتوانرێی له‌وه دڵنیا بین مێژوو ڕێگه‌ی ڕاستمان پیشان ئه‌دات؟ ئایا ئاماژه‌ی برنارد شۆ بۆ هیگڵ كه گوتبووی (ئه‌وه‌ی ئێمه له مێژووه‌وه فێری ئه‌بین ئه‌وه‌یه مرۆڤه‌كان هیچ كاتێك له مێژووه‌وه فێر نه‌بوون) ڕاسته؟
* وەرگێرانی بەشێک لە فەسڵی یەکەمی ئەم سەرچاوەیەی خوارەوە
بابک احدی: رسالەی تاریخ، جستاری در هرمونتیک تاریخ. تهران ، نشر مرکز ١٣٨٦