ڕێگه‌ی فكری من
ئیزایا به‌رلین
و. ڕێبین هەردی
یه‌كێك له‌و دیارده گه‌ورانه‌ی گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر من دانا، هه‌وڵی فه‌یله‌سوفان بوو بۆ گه‌یشتن به یه‌قینی ڕه‌ها، واته بۆ وه‌ڵامه بێگومان و كامڵه‌كان. ئه‌م هه‌وڵه له‌سه‌ره‌تادا به هه‌وڵێكی پوچ ئه‌هاته پێشچاو، به‌ده‌ر له‌وه‌ی فڵانه ئه‌نجام یان پێدراوی ڕاسته‌وخۆ، چه‌ند سه‌قامگیر و بڵاو و خۆبه‌خۆ به‌دیهی دێته پێشچاو، هه‌میشه ئه‌گه‌ری ئه‌و ته‌سه‌وره هه‌یه كه شتێك بریندار یان گۆرانكاری یان ئاوه‌ژووی بكاته‌وه، ئه‌گه‌رچی له‌م ساته‌دا ناتوانرێت بزانرێت ئه‌و شته ڕه‌نگه چ شتێك بێت. ئه‌وگومانه‌ی به‌شێكی گه‌وه‌ره‌ی فه‌لسه‌فه به ڕێگه‌یه‌كی پوچدا ئه‌ڕوات، پاشتر له زه‌مینه‌یه‌كی تر و جیاوازدا خه‌یاڵمی داگیر كرد.
له‌وكاته‌دا كاری من وانه‌وتنه‌وه و و لێكۆڵینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی شیكاری بوو. و له‌هه‌مان كاتدا پێشنیاری نووسینی ژیاننامه‌ی كارك ماركسیان بۆ كرد بووم. هه‌رگیز شتێكی ده‌گمه‌ن و داهێنرانه و سهرنجڕاكێشهرانهم له بیروڕا فه‌لسه‌فیه‌كانی ماركسدا نه‌دی بوو، به‌ڵام له ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه له بیروڕاكانی، راكێشرام بۆ لێكۆڵینه‌وه له بارودۆخ و به‌رهه‌مه‌كانی كه‌سانی پێش ئه‌و، به‌تایبه‌تی گروپی ئه‌نسكلۆپیدیای فه‌ڕه‌نسا له‌سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا. واته یه‌كه‌مین ناڕازیه سیستماتیكیهكان لە دۆگما و نه‌ریتگه‌ری و دین و خرافات و نه‌زانی و سته‌مكاری. له بینینی ئه‌و ئه‌ركه قورسه‌ی بیریارانی ئه‌نسكلۆپیدیا گرتبویانه ئه‌ستۆی خۆیان و ئه‌و كاره مه‌زنه‌ی بۆ ڕزگاركردنی مرۆڤ له تاریكبینیه مه‌زهه‌بی و فه‌لسه‌فی و سیاسیه‌كان ئه‌نجامیان دابوو، كه‌وتمه ستایشكردنیان. گه‌رچی دواتر له‌گه‌ڵ هه‌ندێك بونیادی بیروباوه‌ڕیاندا نه‌بووم، به‌ڵام تا هه‌نوكه‌ش هه‌ستی ستایش و هاوبه‌ستی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ڕۆشنگه‌ری له مندا له‌ناو نه‌چووه. شتێك (به‌ده‌ر له لاوازی و كه‌موكوڕیه ئهزمونیهكانی ئه‌و سه‌رده‌مه) كه منی ووروژان بۆ ئه‌وه‌ی ره‌خنه ئاراسته‌ی ڕۆشنگه‌ری بكه‌م، هه‌ندێك ده‌رئه‌نجامی لۆژیكی و كۆمه‌ڵایه‌تی رۆشنگه‌ری بوه. به‌وه گه‌یشتم دۆگمایهتی ماركس و لایه‌نگرانی له به‌شێكیدا ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یه‌قینی لایه‌نگرانی ڕۆشنگه‌ری له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا.
مێژووی ڕه‌وتی ئهندێشهكا و سیاسه‌تی تیوری
له‌سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی دووهه‌مدا كارم له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیادا ئه‌كرد. پاش ئه‌وه‌ی بۆ ووتنه‌وه‌ی وانه‌ی فه‌لسه‌فه گه‌ڕامه‌وه بۆ ئۆكسفۆرد، دوو كێشه‌ی سه‌ره‌كی بیركردنه‌وه‌می سه‌رقاڵ كرد. یه‌كه‌میان یه‌كتایی یان یهكێتیگهری، واته تێزی سه‌ره‌كی فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوا له سه‌رده‌می ئه‌فڵاتۆنه‌وه تا رۆژگاری ئێمه بوو. دووهه‌میان مانا و ڕاستی چه‌مكی ئازادی. ئه‌م دووانه كاتێكی زۆریان له من برد و به درێژایی ساڵانی دوایی شكڵی به بیركردنه‌وه‌ی من به‌خشی.
یهكیتیگهری
پیاوانی وه‌ك هلوسیوس، و هولباك، دالامبێر، و كۆندیاك و بانگه‌شه‌كارانی مه‌زنی وه‌ك ڕۆسۆ و ڤۆڵتێر، به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رسام بوون به سه‌ركه‌وتنه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی زانسته سروشتیه‌كان له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌و سه‌ده‌كانی پێشوودا، كه بڕوایان به‌وه كردبوو گه‌ر میتۆدی دروست بدۆزرێته‌وه، ئه‌وا به هه‌قیقه‌تی بنه‌ڕه‌تی له‌باره‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئه‌خلاقی و شه‌خسی ئه‌گه‌ین -واته وه‌ك ئه‌و هه‌قیقه‌تانه‌ی به شێوه‌یه‌كی زۆر دره‌وه‌شاوه له لێكۆلنهوهكانی جیهانی ده‌ره‌كیدا به‌ده‌ست هاتبوو-. هاوڕێیانی ئه‌نسكلۆپیدیا بڕوایان وابوو میتۆدی زانستی تاكه كلیلی گه‌نجینه‌ی ئه‌م جۆره زانینه‌یه. ڕۆسۆ و ئه‌وانی دی بڕوایان به‌و ڕاستیه نه‌مرانه بوو كه ده‌بوو به ووردبینی یان پشكنینی ده‌روون بدۆزرێته‌وه. به‌ڵام هه‌ردوو گروپه‌كه به‌ده‌ر له جیاوازیان سه‌ر به نه‌وه‌یه‌كن كه بڕوایان به‌وه بوو دواجار به چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م ئه‌و كێشانه ئه‌گه‌ن كه گیرۆده‌ی مرۆڤ بووه.
ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ئه‌م قسانه ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تێزێكی ههمهكیتر، به‌و مانایه‌ی بێگومان بۆ هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك یه‌ك وه‌ڵام و ته‌نیا یه‌ك وه‌ڵامی ڕاست هه‌یه و هه‌موو وه‌ڵامه‌كانی تر ناڕاستن، ئه‌گینا مه‌سه‌له ناتوانێت مه‌سه‌له‌یه‌كی ڕاسته‌قینه بێت. ده‌بێ ڕێگایه‌ك بۆ گه‌یاندنی بیریارانی رۆشنگه‌ر هه‌بێت به وه‌ڵامه ڕاسته‌كانی ئه‌مجۆره مه‌سه‌لانه، چ له جیهانی ئه‌خلاق یان كۆمه‌ڵگا و سیاسه‌تدا بێت، یان له جیهانی زانسته سروشتیه‌كاندا، چ به هۆی میتۆدی زانسته سروشتیه‌كانه‌وه بێت، یان به هۆی میتۆدی تره‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی هه‌موو وه‌ڵامه ڕاسته‌كانی قوڵترین مه‌سه‌له ئه‌خلاقی، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كان كۆبونه‌وه كه بیری مرۆڤ به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ ئه‌كه‌ن، چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م مه‌سه‌له‌كانی جیهانی بوون به‌ده‌ست دێت. دیاره ئه‌شێت هه‌رگیز ده‌ستمان به‌م وه‌ڵامانه نه‌گات، مرۆڤه‌كان ئه‌شێت ئه‌وه‌نده گه‌مژه یان بێ به‌خت یان توشی هه‌ژان و خراپ بیركردنه‌وه بووبن، كه نه‌توانن وه‌ڵامه‌كان به‌ده‌ست بێنن. ڕه‌نگه دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كان به‌هۆی ئه‌سته‌می زیاد له سنوور یان نه‌بوونی ئامێر یان ئاڵۆزی ته‌كنیكی پێویسته‌وه به‌ده‌ست نه‌یه‌ت، به‌ڵام به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كانی ڕاسته‌قینه بن، وه‌ڵام بێگومان هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌ڵامه‌كان نازانین، ڕه‌نگه نه‌وه‌كانی داهاتوو بیزانن، یان ڕه‌نگه نه‌وه‌كانی ڕابردووی ئێمه له سه‌رده‌می دێریندا زانیبێتیان، و ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش نه‌یانزانی بێت، ئه‌وا بێگومان حه‌زره‌تی ئاده‌م له به‌هه‌شتدا زانیویه‌تی، یان گه‌ر ئه‌ویش نه‌یزانی بێت، ئه‌وا فریشته‌كان زانیویانه، و ته‌نانه‌ت گه‌ر ئه‌مانیش نه‌یزانن، ئه‌وا بێگومان خوداوه‌ند ئه‌یزانێت. به‌هه‌رحاڵ گومانی تیا نیه وه‌ڵام هه‌یه.
ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی مه‌سه‌له كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی و سیاسیه‌كان په‌یدا بێت، ئه‌وا مرۆڤه‌كان له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌قیقه‌ت ئه‌ناسنه‌وه، مومكین نیه په‌یڕه‌وی له‌و وه‌ڵامانه نه‌كه‌ن، چونكه هیچ وهسواسێك نابێت كه وا نه‌كه‌ن و ئه‌وسا ژیان شێوه‌یه‌كی كامڵ به‌خۆیه‌وه وه‌رئه‌گرێت. ڕه‌نگه ژیانێكی له‌م چه‌شنه به‌ده‌ست نه‌یه‌ت، به‌ڵام وێناكردنی وه‌ك بنه‌مایه‌ك مومكینه، به‌مه‌رجێك ئه‌بێت بڕوامان به ئه‌گه‌ری دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامه ڕاسته‌قینه‌كان بۆ مه‌سه‌له گه‌وره و ترسناكه‌كان هه‌بێت.
بڕوابوون به‌م مه‌سه‌له‌یه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك تایبه‌ت نه‌بوو به بیریارانی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری، هه‌رچه‌ند ئه‌و میتۆدانه‌ی كه‌سانی دی پێشنیاریان ئه‌كرد جیاواز بوو. به بڕوای ئه‌فلاتۆن ماتماتیك ڕێگه‌ی گه‌یشتن بوو به هه‌قیقه‌ت، به بڕوای ئه‌رستۆ بایۆلۆجیا و یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كانیش وه‌ڵامه‌كانیان له كتێبی پیرۆز و ووته‌ی مامۆستایان و ئه‌و عاریفانه‌دا ده‌دۆزیه‌وه كه ئیلهامیان له جیهانی غه‌یبه‌وه وه‌رئه‌گرت، كه‌سانی دی بڕوایان وابوو كه شته‌كان به میتۆده‌كانی تاقیگه‌یی و ماتماتیك یه‌كلا كه‌ره‌وه‌یه. كه‌سانی وه‌ك ڕۆسۆش بڕوایان وابوو ته‌نیا ئه‌و مرۆڤانه‌ی ڕۆحێكی پاكیان هه‌یه، واته مناڵان و گوندیه دڵسافهكان كه هێشتا گه‌نده‌ڵ نه‌بوون، توانای ناسینی هه‌قیقه‌تیان زۆر زیاتر هه‌یه له‌و خه‌ڵكه گه‌نده‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگا مۆدێرنه‌كان خراپیان كردوون. به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شی هه‌مووان – و هه‌روه‌ها جێگره‌كانیان پاش شۆڕشی گه‌وره‌ی فه‌ڕه‌نسا كه هه‌ندێكجار گه‌یشتن به‌ڕاستیان به زه‌حمه‌تتر ئه‌زانی له نه‌وه‌ی خۆشبینهكانی پێش خۆیان- ئه‌وه‌بوو ئه‌و یاسایانه‌ی كۆنترۆڵی په‌ره‌سه‌ندنی مێژووی ئه‌كه‌ن نه‌ك قابیلی دۆزینهوهن، به‌ڵكو تا ئه‌و كاته دۆزراوه‌ته، و هه‌موو وه‌ڵامه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه ئه‌بن چۆن ئه‌بێ بژین و چی ئه‌بێت بكرێت. واته ئه‌توانرێت مه‌سه‌له‌كانی ئه‌خلاق و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێكخستنی سیاسی و په‌یوه‌ندیه شه‌خسیه‌كان، له‌ژێر تیشكی ئه‌و ڕاستیانه به‌هۆی میتۆدی ڕاسته‌وه دۆزراونه‌ته‌وه ڕێك بخرێن، به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئه‌م میتۆدانه چی بن. (فوریه یه‌كێك له سۆسیالیسته‌كانی پێشوو، و سان سیمۆن بڕوایان به كۆمه‌ڵگایه‌ك هه‌بوو كه به پێی بنه‌ما زانستیه‌كان ڕێكخرابێت. سان سیمۆن ده‌یگووت بانكدار و زانایان ئه‌بێت سه‌رۆكایه‌تی كۆمه‌ڵگایه‌كی له‌م چه‌شنه بكه‌ن، و سه‌رچاوه‌ی ئیلهامیان له هونه‌رمه‌ندان و شاعیرانه‌وه وه‌ربگرن. دواتر سۆسیالیسته فهڕهنسیهكانی تر جێگه‌ی ئه‌م دوانه‌یان گرته‌وه وه‌ك كایه و ڤیكۆر و لویی بلان و تیرۆریستێكی وه‌ك بلانكێ و دواجار ماركس و ئه‌نگڵز و لایه‌نگره‌كانیان).
ئه‌مه هه‌مان (حیكمه‌تی نه‌مره) یان (نه‌مری عه‌قڵ)ه (Philosophia prennis) واته ئه‌و شته‌ی مرۆڤ و بیریاران له‌سه‌رده‌می دانایانی پێش سوقراته‌وه تا هه‌موو ریفۆرمخواز و شۆڕشگێڕه‌كانی سه‌رده‌می خۆمان بڕوایان پێی هه‌بووه. ئه‌مه بڕوایهكهی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تیه كه دوو هه‌زار ساڵه بیری مرۆڤی له‌سه‌ر دامه‌زراوه. چونكه گه‌ر وه‌ڵامه ڕاسته‌كان بۆ مه‌سه‌له‌كان بوونی نه‌بێت، ئه‌وا چۆن ئه‌كرێت زانین له هه‌ر بوارێكدا به‌ده‌ست بێت؟ ته‌وه‌ره‌ی بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵانی و ته‌نانه‌ت مه‌عنه‌وی ئه‌وروپیه‌كان به درێژای سه‌رده‌مه‌كان جگه له‌مه هیچی تر نه‌بووه. گرنگ نیه خه‌ڵك و كلتوره‌كان و بۆچوونه ئه‌خلاقی و سیاسیه‌كان ئه‌وه‌نده له‌یه‌ك جیاواز بن، گرنگ نیه كه هێنده هه‌مه‌ره‌نگی گه‌وره له تێز و دین و مه‌زهه‌ب و ئه‌خلاق و بیروڕاكاندا هه‌یه. به‌هه‌رحاڵ ئه‌بێت له‌جێگه‌یه‌كدا وه‌ڵامێكی ڕاسته‌قینه بۆ قوڵترین ئه‌و مه‌سه‌لانه هه‌بێت كه گیرۆده‌ی مرۆڤ بووه.
ڤیكۆ
یه‌كه‌م شت كه منی ڕاته‌كاند، به‌رهه‌مه‌كانی بیریاری ئیتاڵیای سه‌ده‌ی هه‌ژده. جامباتیستا ڤیكۆ بوو. به بڕوای من ئه‌و یه‌كه‌م فه‌یله‌سوف بوو كه چه‌مكی كلتووری له خه‌یاڵیدا دامه‌زراند. ڤیكۆ ئه‌یویست له چۆنایه‌تی ناسینی مێژوو و خودی مێژوو بگات. به‌ڵێ ده‌كرا تا ئه‌و شوێنه‌ی په‌یوه‌ندی به دنیای ده‌ره‌كیه‌وه هه‌یه، پشت به زانسته سروشتیه‌كان ببه‌سترێت، به‌ڵام ته‌نیا شتێك له زانسته سروشتیه‌كانه‌وه به‌ده‌ست ده‌هات ڕوونكردنه‌وه‌ی سیفه‌تی به‌رد یان مێز یان ئه‌ستێره یان خانه بوو. كاتێك بیر له ڕابردوو ئه‌كه‌ینه‌وه، زیاتر له ڕه‌فتار ده‌ڕۆین و ئه‌مانه‌وێت تێبگه‌ین، مرۆڤه‌كان چۆن ژیاوون، ئه‌مه‌ش به‌مانای تێگه‌یشتنه له پاڵنه‌ر و ترس و ئومێد و به‌رزفڕین و خۆشه‌ویستی و ڕقهكانیان. ئه‌مانه‌وێت بزانین له‌به‌رامبه‌ر چ كه‌سانێكدا ده‌ستیان بۆ دوعا به‌رز ئه‌كرده‌وه و چۆن هه‌سته‌كانی خۆیان له قاڵبی شیعر و هونه‌ر و دیندا ده‌رده‌بڕی. ئه‌مكاره ده‌توانین بكه‌ین، چونكه خۆمان مرۆڤین و ژیانی ناوه‌وه‌ی خۆمان له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه ده‌رك ده‌كه‌ین. ده‌زانین به‌رد یان مێز چ سیفه‌تێكی هه‌یه، چونكه ده‌توانین بیان بینین، و وێنایان ده‌كه‌ین و ڕاستی و دروستی ئه وێنایانه هه‌ڵده‌سه‌نگێنین. به‌ڵام نازانین به‌رد ده‌یه‌وێت وا بێت، له‌ڕاستیدا وێنای ئه‌وه ده‌كه‌ین له بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌رد توانای ویستن یان هیچ به‌شێك هوشیاری نیه. به‌ڵام ده‌زانین كه خۆمان بۆچی واین كه هه‌ین و به دوای چیدا ده‌گه‌ڕێین، چ شتێك نا‌ئومێد و دڵگرانمان ئه‌كات و چ شتێكیش ده‌ربڕی قوڵترین هه‌ست و بڕواكانمانه. زۆر زیاتر له‌باره‌ی خۆمانه‌وه ده‌زانین كه هه‌رگیز ئه‌شێت له ئاینده‌دا له‌باره‌ی به‌رد یان ڕووباره‌كانه‌وه بیزانین.
زانینی ڕاسته‌قینه زانینی ئه‌وه‌یه بۆچی شته‌كان به‌و شێوه‌یه هه‌ن كه هه‌ن، نه‌ك ته‌نیا ناسینی ئه‌وه‌ی كه چین. هه‌رچی زیاتریش له‌م بواره‌دا قوڵ بینه‌وه، زیاتر ده‌زانین پرسیاری ێونانیهكانی سه‌رده‌می هۆمیرۆس جیاواز بوو له پرسیاری رۆمیه‌كان، پرسیاری رۆمیهكانیش له‌گه‌ڵ پرسیاری مه‌سیحیه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست یان سه‌رده‌می كلتوری زانستی له‌سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌دا یان رۆژگاری خودی ڤیكۆ له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا جیاواز بوو. پرسیاره‌كان جیاواز ده‌بن، وه‌ڵامه‌كان جیاواز ده‌بن، ئاره‌زووه‌كان جیاواز ده‌بن، به‌كارهێنانی زمان و هێماكان جیاواز ده‌بن. وه‌ڵامی ڕیزێك پرسیار، وه‌ڵامی پرسیاری كلتوره‌كانی دی ناداته‌وه و ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندیه‌كی ئه‌وتۆیان به مه‌سه‌له‌كه‌وه نیه. دیاره ڤیكۆ خۆی كاسۆلیكێكی باوه‌ڕدار و پیرۆز بوو كه بڕوای وابوو ته‌نیا كه‌نیسه توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی هه‌یه. به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه ڕێگر نه‌بوو له‌و بیرۆكه درهوهشاوهیهی كه كلتووره‌كان له‌یه‌كدی جیاوازن و ئه‌وه‌ی له دیدی ێۆنانیهكی سه‌ده‌ی پێنچی پێش زاینه‌وه گرنگ بوو، جیاوازه له‌وه‌ی لای سورپێستێك یان چینیه‌ك یان یه‌كێك له زاناكانی سه‌ده‌ی هه‌ژده له تاقیگه‌دا گرنگه. لێره‌وه تێڕوانینی ئه‌م كه‌سانه جیاوازه له‌وی دی و هیچ وه‌ڵامێكی گشتی بۆ سه‌رجه‌م مه‌سه‌له‌كان بوونی نیه. گومانی تیا نیه سروشتێكی مرۆیی هاوبه‌ش هه‌یه، ئه‌گینا خه‌ڵكی فڵان سه‌رده‌م توانای تێگه‌یشتنی ئه‌ده‌بیات یان هونه‌ری سه‌رده‌مێكی دیان نه‌ده‌بوو، یان تێگه‌یشتن له‌یاساكانی سه‌رده‌مه‌كانی تر كه ڤیكۆ خۆی له‌به‌رئه‌وه‌ی یاسازان بوو، زۆرترین زانیاری له‌باره‌یه‌وه هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌مه ڕێگه له بوونی شێوه‌ی جیاوازی ئه‌زموونه كلتووریه‌كان ناگرێت. لێره‌وه گه‌رچی فڵان به‌شی چالاكی په‌یوه‌ندی به فڵان چالاكی تره‌وه له هه‌مان كلتووردا هه‌یه، به‌ڵام په‌یوه‌ندیه‌كی وا نزیكی له‌گه‌ڵ چالاكیه‌كی هاوشێوه له كلتوورێكی تردا نیه.
هێرده‌ر
پاشان به‌رهه‌مه‌كانی فه‌یله‌سوف و شاعری ئه‌ڵمانی ێۆهان گۆتفرید هێردهرم خوێنده‌وه كه بیروڕاكانی چه‌ندانجار زیاتر په‌یوه‌ندی به بابه‌ته‌وه هه‌بوو. هێرده‌ر یه‌كه‌م كه‌س نه‌بوو (ئه‌م شانازیه ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مامۆستاكه‌ی ێۆهان گۆرگ هامان) كه گووتی به پێچه‌وانه‌ی بیریارانی فه‌ڕه‌نسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه، هه‌قیقه‌ت هه‌میشه و له هه‌موو جێگه‌یه‌ك ڕاست بێت، بوونی نیه كه بۆ هه‌موو مرۆڤه‌كان ڕاست بێت. سه‌رچاوه‌ی جیاوازیه‌كان ته‌نیا له هه‌ڵه‌ی خه‌یاڵه‌وه نیه و هه‌قیقه‌ت یه‌كێك و گه‌ردوونی نیه: واته وه‌ك (ڤنسان دۆ لێرن) ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی له هه‌موو زه‌مه‌ن و جێگه‌یه‌كدا، هه‌مووان بڕوای پێ ده‌هێنن. هێرده‌ر بڕوای وابوو كلتووره جیاوازه‌كان وه‌ڵامی جیاواز به مه‌سه‌له سه‌ره‌كیه‌كانی خۆیان ده‌ده‌نه‌وه. هێرده‌ر له جیهانی ده‌ره‌كی زیاتر گرنگی به زانسته مرۆییه‌كان، واته ژیانی رۆحی و مه‌عنه‌وی ده‌دا. بڕوای وابوو ئه‌وه‌ی لای پۆرتوگالیهك ڕاسته، لای ئێرانیه‌ك ڕاست نیه. مۆنتیسیكۆش ویستبووی هه‌مان شت بڵێت، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌ویش كه بڕوای وابوو ده‌وروبه‌ر (یان ئه‌وه‌ی ئه‌و پێی ده‌گووت هه‌رێم) شكڵی مرۆڤ ده‌ستنیشان ده‌كات، دواجار هه‌مه‌كی و گشتی بوونی به بنه‌ما دانا، به‌و مانایه‌ی بڕوای به‌وه هه‌بوو ڕاستیه سه‌ره‌كیه‌كان نه‌مرن، ئه‌گه‌رچی وه‌ڵامه ناوچه‌یی و تێپه‌ڕه‌كان له‌یه‌كدی جیاواز بن. هیرده‌ر بروای وابوو هه‌ر كلتوورێك (چه‌قی) خۆی و مه‌رجه‌ع و به‌ڵگه‌نامه‌ی خۆی هه‌یه. هیچ هۆیه‌كیش نیه بۆ ئه‌وه‌ی كلتوره‌كان دژی یه‌ك بجه‌نگن، لێكبوردنی گه‌ردوونی و گشتی ده‌بێت مومكین بێت، به‌ڵام یه‌ك بوون (یان بوون به یه‌ك) وێرانكه‌ره. هیچ شتێك له ئیمپڕاتۆری خوازی خراپتر نیه. ڕۆمه‌كان كه شارستانێتی ناوچه‌یی ئاسیای بچوكیان وورد كرد، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ك كلتووری رۆمی و هاوشێوه درووست بكه‌ن، تاوانێكی گه‌وه‌ره‌یان ئه‌نجامدا. جیهان باخچه‌یه‌كی فراوانه كه تیایدا گوڵ وگیا جیاوازه‌كان هه‌ریه‌ك به شێوازی خۆی به ماف و ڕابردوو و ئایندهی خۆیه‌وه تیای ده‌ڕوێت. كه‌وابوو ئه‌نجامگیری ئه‌وه ده‌كه‌ین به‌ده‌ر له‌وه‌ی مرۆڤه‌كان له چیدا هاوبه‌شن _دیاره تا سنوورێك هه‌ر خه‌سڵه‌تێكی هاوبه‌ش هه‌یه- هیچ وه‌ڵامێك بوونی نیه كه سه‌رتاپاگیر و هه‌موو كات ڕاست بێت و به‌هه‌مان شێوه‌ی بایه‌خی بۆ كلتوورێك هه‌یه، بۆ كلتورێكی دیشی هه‌یبێت.
هێرده‌ر باوكی ناسێۆنالیزمی كلتووریه. ئه‌و ناسێۆنالیستێكی سیاسی نه‌بوو _ئه‌مجۆره له ناسێۆنالیزم له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا بوونی نه‌بوو). به‌ڵام بڕوای به سه‌ربه‌خۆی كلتووره‌كان و پێداویستی پاراستنی خه‌سڵه‌ته تایبه‌ته‌كانی هه‌ر كه‌لتوورێك هه‌بوو. بڕوای وابوو ئاره‌زووی سه‌ر به كلتوورێك بوون _واته هه‌مان ئه‌و شته‌ی گروپ یان هه‌رێم یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك یه‌كگرتوو ده‌كات- یه‌كێكه له پێداویستیه سه‌ره‌كیه‌كانی مرۆڤ، وه‌ك ئاره‌زووی خواردن یان خوارده‌نه‌وه یان ئازادی. ئه‌م پێویستیه بۆ (سه‌ر به گروپبوون) كه تیایدا تێده‌گه‌یت ئه‌وانی تر چی ده‌ڵێن و ده‌توانیت ئازادانه بجۆڵێیت، و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵدا په‌یوه‌ستبوونی سۆزداری و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاست هه‌یه، بناغه‌ی ژیانێكی كامڵ و په‌ره‌سه‌ندووه. هێرده‌ر ڕێژهگهر نه‌بوو، هه‌رچه‌ند زۆر جار به‌م سیفه‌ته ناوی دێت، ئه‌و بڕوای وابوو له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ندێك ئامانج و ڕێسای ڕه‌فتاری مرۆیی هه‌ن، به‌ڵام له كلتووری جیاوازادا شكڵی ته‌واو جیاواز وه‌رده‌گرن. لێره‌وه گه‌رچی هه‌ندێك هاوشێوه و هاوچوونی هه‌یه كه وا ده‌كات هه‌ر كلتوورێك له كلتوورێكی دی تێبگات، به‌ڵام نابێت كلتوره‌كان به‌یه‌ك تێكه‌ڵ بكه‌ین. مرۆڤ یه‌كێك نیه، زۆره و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیش زۆرن. هه‌رچه‌ند ڕه‌نگه ماهیه‌تێكی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی هه‌بێت كه هه‌مووان تیایدا هاوبه‌شن.
رۆمانسیزم و نه‌وه‌كانی
ئه‌م ئایدیایه له‌سه‌ر ده‌ستی رۆمانسیهكان گه‌شه‌ی كرد و به شتێكی ته‌واو تازه و نائارام گۆرا. گووتیان ئامانجه‌كان درووستكراووی مرۆڤن، نه‌ك هه‌قیقه‌تێكی بابه‌تی و ده‌ره‌كی بن كه له ئاسمانه‌كانه‌وه داڕێژرا بن و پێویستیان به‌وه بێت تێیبگه‌ن و لاسایی بكه‌ینه‌وه و ئه‌نجامی بده‌ین. مرۆڤ به‌هاكانی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، به‌ڵكو درووستی كردوون. ئه‌مه ئه‌و شته بوو كه بێگومان هه‌ندێك له رۆمانتیكهكانی ئه‌ڵمانیا بڕوایان پێی بوو، له‌به‌رامبه‌ر ساویلكهبینی فه‌ڕه‌نسیه‌كان كه ڕوویان له ههمهكیبوون و بابه‌تیبوون بوو. گرنگ یه‌كێتی بوو. شاعیری ئه‌ڵمانی به ئه‌ڵمانی شیعر ده‌ڵێت و به زمانێك كه له‌كاتی نووسیندا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر دایده‌هێنێت، و ناتوانرێت بگوترێت ئه‌و ته‌نیا نووسه‌رێكه له زمانی ئه‌ڵمانیادا. هونه‌رمه‌ندی ئه‌ڵمانی داهێنه‌ری وێنه‌كێشی و شیعر و سه‌مای ئه‌ڵمانیه، هه‌روه‌ها له هه‌موو كلتووره‌كانی تردا. ئهلهكساندهر هرتسن یه‌كێك له بیریاره ڕوسیه‌كان، رۆژێك پرسی: (ئاواز پێش ئه‌وه‌ی بخوێنرێته‌وه له كوێیه؟). به‌ڕاستی له كوێیه؟ وه‌ڵامه‌كه ئه‌وه‌یه كه ( له‌هیچ شوێنێك). مرۆڤ ئاواز به خوێندنی یان درووستكردنی داده‌هێنێت- به‌هه‌مان شێوه‌ش ژیان، كه‌سانێك كه ئه‌ژین، ژیان داده‌هێنن. ئه‌مه ده‌ربڕینێكی ستاتیكانهیه بۆ ئه‌خلاق و ژیان، نه‌ك به‌كارهێنانی مۆدێله نه‌مره‌كانی خوڵقاندن واته هه‌موو شت.
هه‌موو لقه جیاوازه‌كانی بزوتنه‌وه‌كان -ئهنارشیزم، رۆمانسیزم، ناسێۆنالیزم، فاشیزم، پاڵاوان په‌ره‌ستی- لێره‌وه سه‌رچاوه‌یان وه‌رگرت. من خۆم (ئه‌گه‌رچی ناهوشیارانه) ئه‌و به‌هایانه‌ی درووست ده‌كه‌م كه بڕوام پێیانه. به‌ڵام ئه‌م (من)ه كێیه؟ له دیدی ڕۆمانسیهكی په‌یڕه‌وی بایرۆنهوه (من) واته كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆ، بێگانه، ریسككهر، یاخی، كه‌سێك كه په‌یڕه‌وی له كۆمه‌ڵگا و به‌ها قهبوڵكراوهكان ناكات و به ڕێگه‌ی خۆیدا ده‌ڕوات، ڕێگه‌یه‌ك كه ڕه‌نگه ببێته هۆی له‌ناوچوونی. به‌ڵام ئه‌مه باشتره له هاوڕه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا و كۆیله‌یه‌تی له ناو زنجیری پۆچیدا. به‌ڵام لای بیریارانی دی (من) ده‌بێ به باتهێكی چه‌ندان جار فه‌لسه‌فی تر. (من) واته كۆمه‌ڵ- واته نه‌ته‌وه، مه‌زهه‌ب، حیزب، چین، واته بینایه‌كی گه‌وره كه من تیایدا له به‌ردێك زیاتر نیم. واته بوونه‌وه‌رێكی ئۆرگانی كه من به پارچه‌یه‌كی بچوكی زیندووی ئهژمێرێم. ئه‌وه كه خوڵقێنه‌ره، گرنگی من ته‌نیا تا ئه‌و جێگه‌یه‌یه كه سه‌ر به بزووتنه‌وه یان ڕه‌گه‌ز، نه‌ته‌وه یان مهزههبێكم. له‌ناو ئه‌م (سوپه‌ر كه‌سه‌دا) كه ژیانی من به‌شێوه‌یه‌كی ئۆرگانی پێوه‌ی به‌ستراوه، من وه‌ك تاكه كه‌سێكی ڕاسته‌قینه هیچ مانایهكم نیه.
ناسێۆنالیزم له ئه‌ڵمانیا هه‌ر لێره‌وه سه‌رچاوه وه‌رئه‌گرێت. من فڵان كار ده‌كه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیم و شێوه‌ی ژیانی ئه‌ڵمانی جگه له‌مه نیه، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وكاره باشه یان ڕاسته یان حه‌زده‌كه‌م بیكه‌م. هه‌ره‌وه‌ها فه‌لسه‌فه‌ی ئیگزیستانسیالیزم یان فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌ری تازه- فڵان كار ده‌كه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌م شێوه‌یه بوونه‌وه پابه‌ندبووم. هیچ شتێك من ناچار ناكات. فڵان كار ده‌كه‌م نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی فه‌رمانێكه له ده‌ره‌وه كه ملی بۆ ده‌ده‌م. یان له‌به‌رئه‌وه‌ی رێسایه‌كی گشتیه و ده‌بێت په‌یڕه‌وی لێ بكه‌م، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆم ژیان به‌و شێوه‌یه ئهخوڵقێنم یان درووست ئه‌كه‌م. له‌به‌رئه‌وه‌ش كه وام كه هه‌م، ئاراسته‌ی (ژیانم)ده‌كه‌م و خۆم به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرم. ئه‌م نكوڵیه له به‌ها گشتیه‌كان، ئه‌م جه‌ختكردنه له سه‌ر ئه‌وه‌ی تاكه‌كه‌س جگه له ڕه‌گه‌زێك له (سوپه‌ر خودێك) هیچی تر نیه و ده‌بێت وه‌فادار بمێنێته‌وه بۆی، یه‌كێكه له ساته‌وه‌خته ترسناكه‌كانی مێژووی ئه‌وروپا و ئه‌نجامی زۆر وێرانكه‌ر و شومی له سه‌رده‌می تازه‌دا لێ كه‌وته‌وه، سه‌رچاوه‌كه‌ی لێره‌وه‌یه: هه‌ر ئه‌م ئه‌ندێشه و دیده سیاسیه سه‌ره‌تاكانی ڕۆمانسیهكانی ئه‌ڵمانیا و پهیڕهوهكانیان له فه‌ڕه‌نسا و شوێنه‌كانی دی.
ڕۆمانسیه‌كان بڕوایان وابوو وێنای ته‌وه‌ره‌كانی چالاكی مێژوویی كه خۆیان ده‌كه‌ونه جوڵه و به پێی هه‌لومه‌رجی خۆیان به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاو ده‌نێن، وێنایه‌كی زیهنیه. بوونه‌وه‌رانی بایرۆنی (واته كه‌سه‌كانی په‌یڕه‌وی بایرۆنن. و.ك) و تا ڕاده‌یه‌ك شه‌یتانی كه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگادا له جه‌نگدان یان ئه‌و پاڵاوانانهی له ده‌وروبه‌ری خۆیان ده‌بن به په‌یڕه‌وان (وه‌ك گروپی دزه‌كان له شانۆگه‌ریه‌كه‌ی شیله‌ردا) یان شكڵ به نه‌ته‌وه‌كان ده‌ده‌ن (وه‌ك نهتهوهسازانی وه‌ك لۆكۆرگۆسی یاساناسی سپارتی) یا مو‌سا كه ئه‌وه‌نده جێی ئافه‌رینی مهكیاڤیلی بوون و له‌سه‌رده‌می تازه‌شدا هاوشێوه‌یان هه‌بوو، هه‌موو ئه‌مانه بوونه‌وه‌رانێكی بێباكن به‌رامبه‌ر به رێساكان و سه‌ره‌ڕۆن كه به پێی ئه‌و ئایدیالانهی به ئازادانه درووست كراوون، ده‌ست به خوڵقان و داهێنان ده‌كه‌ن. بیریارانی وه‌ك ماركس و هیگڵ به توندی دژی ئه‌م ڕوانینه بوون و هه‌ریه‌كه‌یان به شێوه‌ی خۆیان ئه‌وه‌یان ده‌گووته‌وه كه پێشكه‌وتن ده‌بێت به پێی یاسایی ئاسنینی په‌ره‌سه‌ندنی مێژووی ڕووبدات، جا چ په‌ره‌سه‌ندنی مادی بێت وه‌ك ماركس ده‌یگووت، یان په‌ره‌سه‌ندنی رۆحی وه‌ك هیگڵ ده‌یگووت. ته‌نیا به‌م ڕێگه‌یه ده‌توانرێت هێزه‌كانی مرۆڤ له پاڵنه‌ره ناعهقلانیهكان ڕزگاری بێت و حوكمڕانی دادپه‌روه‌ری و ئازادی و فه‌زیڵه‌ت و خۆشبه‌ختی و ته‌واوكردنی هه‌ماهه‌نگی ده‌روون ده‌ست پێ بكات. بیری پێشكه‌وتنی نه‌گۆڕ و ناچارانه، میراتی نه‌ریتی یه‌هودی- مه‌سیحیه، به‌ڵام بێ ئیراده‌ی بێ چه‌ندوچونی خواداوه‌ند و رۆژی قیامه‌ت بۆ جیاكردنه‌وه‌ی باش و خراپه‌كان له یه‌كدی.
من ته‌نانه‌ت یه‌ك ساته‌وه‌ختیش ئه‌و (سوپه‌ر خودهم) قه‌بوڵ نه‌بووه. به‌ڵام هوشیار بووم به گرنگی ئه‌م تێزه له بیركردنه‌وه پراكتیكدا له سه‌رده‌می تازه‌دا. بڕوا سه‌نته‌ری له بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤدا به‌و شێوه‌یه‌ی كه پێشتر باسمان كرد ئه‌وه‌بوو كه هه‌قیقه‌ت بۆ هه‌موو مرۆڤه‌كان گه‌ردوونی و نه‌مره. دروشمه‌كانی وه‌ك (نه‌ك من، حیزبی من) یان (نه‌ك من، مه‌زهه‌بی من) یان (نیشتیمانی من له‌سه‌ر هه‌ق یان ناهه‌ق)، برینێكی له بڕوای مرۆڤدا درووست كرد كه هه‌رگیز له ده‌رئه‌نجامه‌كانی برینه‌كانی چاك نه‌بۆوه. مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی كردار دروستكه‌ره، نه‌ك كارلێكراو، رۆحێكی به‌رده‌وام بزێو و خۆ داهێنه‌رانه‌ی هه‌یه و خۆبه خۆ له جوڵه‌دایه. درامایه‌كی خۆ دروستكه‌ره له چه‌ند په‌رده‌یه‌ك كه دواجار به گووته‌ی ماركس به گه‌یشتن به جۆرێك كه‌ماڵ كۆتای دێت. هه‌موو ئه‌مانه له ده‌رئه‌نجامی شۆڕشی رۆمانسیزمهوه درووست بوون. من ئه‌و ته‌فسیره فه‌لسه‌فیه به‌رزه‌فڕه بۆ ژیانی مرۆڤ به‌ته‌واوی ڕه‌د ده‌كه‌مه‌وه. من هه‌ر ئهزمونگهرم و ته‌نیا ئه‌و شته ده‌زانم كه بتوانم ئه‌زموونی بكه‌م، یان به وێنای خۆم بتوانم ئه‌زموونی بكه‌م، و له‌بنه‌ڕه‌تدا بڕوام به بوونی بان تاكه‌كه‌سی نیه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێم كه ئه‌م ته‌فسیره به‌وجۆره‌ی ده‌یڵێم كاری له من كرد.
فرهییگهری
به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتم كه ئامانجه‌كان وه‌ك كلتووره‌كان و داب و نه‌ریته‌كان، جیاواز و فره‌ن. من رێژهگهر نیم، ناڵێم (من حه‌زم له قاوه‌یه له‌گه‌ڵ شیردا، به‌هه‌مان شێوه‌ش من په‌سه‌ندی میهره‌بانی ده‌كه‌م، تۆ حه‌زت له ئوردوگای مه‌رگ و زۆره ملێكانه) . ناڵێم هه‌ریه‌ك له ئێمه به‌های تایبه‌تی خۆی هه‌یه كه قابیلی تێكه‌ڵكردن نین. بڕوام وایه قسه‌یه‌كی وا ڕاست نیه. به‌ڵام بڕوام به‌وه‌یه ئه‌و به‌هایانه‌ی مرۆڤه‌كان ده‌توانن به‌دوایانه‌وه بن و هه‌ن، زۆر و فره و جیاوازن. ژماره‌یان بێ سنوور نیه، چونكه ژماره‌ی به‌ها مرۆییه‌كان، ئه‌و به‌هایانه‌ی كه بتوانم به‌دوایاندا بچم و له‌هه‌مانكاتدا لێكچوونم له‌گه‌ڵ مرۆڤدا بپارێزم، ژماره‌یه‌كی سنوورداره. ئه‌و جیاوازیه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه درووستی ده‌كات له‌و ڕوه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر كه‌سێك به دوای یه‌كێك له‌م به‌هایانه‌وه بێت ، من كه به‌دوایه‌وه نیم، ئه‌توانم تێبگه‌م كه ئه‌و بۆچی به‌دوایانه‌وه‌یه، و ئه‌گه‌ر منیش له هه‌لومه‌رجی ئه‌ودا بومایه، ئاره‌زووی به‌دواداچوونی هه‌مان به‌هام بكردایه، چ بارودۆخێكم ده‌بوو. ئه‌گه‌ری لێك تێگه‌یشتنی مرۆڤه‌كان لێره‌وه سه‌رچاوه وه‌رئه‌گرێت.
من وا وێنای ده‌كه‌م ئه‌م به‌هایانه بابه‌تین. به ده‌ربڕینێكی تر ماهیه‌ت و به‌دواداچوونیان به‌شێكه له‌وه‌ی كه مرۆڤایه‌تی چیه و خودی ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له پێدراوه بابه‌تیه‌كان. ئه‌و ڕاستیه‌ی پیاو، پیاوه و ژن ژنه، نه‌ك به‌رد یان پشیله یان مێز یان كورسی، ڕاستیه‌كی بابه‌تیه. به‌شێك له‌م ڕاستیه بابهتیهش ئه‌وه‌یه هه‌ندێك به‌های دیاریكراو هه‌ن، نه‌ك به‌هاكانی دی كه مرۆڤه‌كان ده‌توانن له هه‌مانكاتدا وه‌ك مرۆڤ بمێننه‌وه، به‌دوایاندا بچن. ئه‌گه‌ر من پیاو یان ژنێك بم به هێزێكی خه‌یاڵی پێویسته‌وه (هێزی خه‌یال پێویسته)، ده‌توانم وێنای ئه‌وه بكه‌م چوومه‌ته ناو سیسته‌مێكی به‌هاكانه‌وه كه هی من نیه. به‌ڵام مرۆڤگه‌لێك هه‌ن كه له ههماكاتدا كه وه‌ك مرۆڤ ده‌مێننه‌وه، ئه‌و به‌هایانه‌یان ده‌وێت، و من په‌یوه‌ندیان پێوه دروست ده‌كه‌م، چونكه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك به‌هادا هاوبه‌شیان ده‌كه‌م، چونكه مرۆڤه‌كان ده‌بێت خاوه‌ن به‌های هاوبه‌ش بن، ئه‌گینا چیدی مرۆڤ نابن، هه‌روه‌ها ده‌بێت خاوه‌نی به‌های جیاواز بن، ئه‌گینا چیدی جیاواز نابن كه له‌ڕاستیدا جیاوازن.
هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یه كه فرهییگهری، رێژه‌گه‌ری نیه، به‌هاكان فره‌ن به‌ڵام بابه‌تین وبهشێكن له ماهیه‌تی مرۆڤ، نه‌ك درووستكراوی هێزێكی وه‌همی له زیهنی مرۆڤدا. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ڕه‌نگه من په‌یڕه‌وی زنجیره‌یه‌ك به‌ها بم و ڕقم له هه‌ندێك به‌های دی هه‌بێت و پێم وابێت ئه‌و به‌هایانه زیان به تاكه شێوه‌ی ژیان ده‌گه‌یه‌نن كه ئه‌توانم بیگرمه به‌ر و بۆ خۆم و ئه‌وانی دیش به قابیلی ته‌حه‌مولی بزانم. له‌م حاڵه‌ته‌دا ڕه‌نگه شانازی به‌و به‌هایانه‌وه بكه‌م كه په‌سه‌ندی ناكه‌م و له دۆخی توندیشدا ته‌نانه‌ت بۆ خه‌باتكردن له‌گه‌ڵیاندا بۆ جه‌نگ بچم. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من هێشتا ئه‌و به‌ها پهسهندنهكراوانه به‌شتێك ده‌زانم كه ئالانگاری مرۆڤه‌كان ده‌كات. من ڕقم له به‌های نازیهكانه، به‌ڵام ده‌توانم تێبگه‌م چۆن ده‌شێت كه‌سێك له‌سه‌ر بناغه‌ی زانیاری هه‌ڵه و بیروڕای درۆ له‌باره‌ی واقعه‌وه، به‌هاكانی ئه‌وان به تاكه به‌های ڕزگاری بزانێت. دیاره ده‌بێت دژایه‌تی ئه‌مجۆره به‌هایانه بكرێت، ته‌نانه‌ت گه‌ر پێویستی كرد له ڕێگه‌ی جه‌نگه‌وه. به‌ڵام من به پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێك خه‌ڵكه‌وه نازیه‌كان به مانات ڕاسته‌قینه به نه‌خۆش و شێت نازانم. ته‌نیا بڕوام وایه هه‌ڵه‌یان گه‌یاندۆته پله‌ی خراپه‌كاری و له‌باره‌ی ڕاستیه‌وه، بۆ نمونه بڕوابوون به‌وه‌ی هه‌ندێك تاكه‌كه‌س له مرۆڤ كه‌مترن، یان ته‌وه‌ره‌ی هه‌موو شتێك ڕه‌گه‌زه، یان ته‌نیا ڕه‌گه‌زه‌كانی باكووری ئه‌روپا به‌ڕاستی داهێنه‌رن و تا دوایی، به‌ته‌وای هه‌ڵه و گومڕاهن. ئاگام له‌وه‌یه كاتێك په‌روه‌رده‌ی درۆزنانه و هه‌له‌ی به‌رفراوان به سنووری پێویست بگات، چۆن ده‌شێت مرۆڤه‌كان مرۆڤ بمێننه‌وه. به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا ببنه ئه‌نجامده‌ری ترسناكترین تاوانه‌كان.
ئه‌گه‌ر فره‌گه‌ری ڕاست و دروست بێت، ئه‌گه‌ر بوونی ڕێز له‌نێوان سیسته‌مه جیاوازه‌كانی به‌هادا كه دوژمنیان له‌گه‌ڵ یه‌كدا نیه، مومكین بێت، ئه‌وا ئه‌نجامه‌ی به‌ده‌ست دێت لێكبوردن و پێشهاته‌كانی لیبرالیه‌ته. ئه‌م ئه‌نجامانه نه له یه‌كێتی خوازیه‌وه به‌ده‌ست دێت (كه ده‌ڵێت ته‌نیا یه‌ك زنجیره به‌ها ڕاستن و هه‌موو ئه‌وانی دی درۆن) و نه له رێژهگهریهوه (كه ده‌ڵێت به‌هاكانی من په‌یوه‌ندی به منه‌وه هه‌یه و به‌هاكانی ئێوه په‌یوه‌ندی به ئێوه‌وه هه‌یه و ئه‌گه‌ر ئه‌م دوانه‌ش دژ به‌یه‌ك بن ئه‌وه جێی داخه، و هیچ كه‌س له ئێمه‌ش ناتوانێت بڵێت ڕاستی لای ئه‌وه). فره‌گه‌ری من به‌رهه‌می خوێندنه‌وه‌ی ڤیكۆ و هێرده‌ر و ره‌گوڕیشه‌ی رۆمانسیزمه. رۆمانسیزمی توند و نه‌خۆش ئامێز ئه‌وه‌نده چووه پێشێ كه جێگه‌یه‌كی بۆ لێكبوردن و هه‌ڵكردن له‌نێوان مرۆڤه‌كاندا نه‌هێشته‌وه.
هه‌روه‌ها ناسێۆنالیزم. دیاره به بڕوای من هه‌ستی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوون، زۆر سروشتیه ، نه‌ك نابێت مه‌حكوم بكرێت، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت ڕهخنهكردنیشی ناڕه‌وایه. به‌ڵام گه‌ر بگات به سنووری وروژاندن، ئه‌گه‌ر كه‌سێك بڵێت نه‌ته‌وه‌كه‌ی من له‌وه‌ی تۆ باشتره و من ده‌زانم ئه‌بێت چۆن شكڵ به دنیا بده‌ین و تۆ ده‌بێت ته‌سلیم بیت، چونكه نازانی، چونكه له‌من خوارتری، چونكه نه‌ته‌وه‌ی من له پله‌ی یه‌كه‌مه‌و نه‌ته‌وه‌ی تۆ زۆر زۆر له‌خوارتر و ده‌بێت وه‌ك كه‌ره‌سه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی له ژێر ده‌ستی نه‌ته‌وه‌ی مندا بێت كه تاكه نه‌ته‌وه‌یه‌كه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه باشترین جیهانی مومكین درووست بكات، (كاتێك ناسێۆنالیزم به‌مه ده‌گات) ئه‌وكات ده‌بێت به جۆرێك زیاده‌ڕه‌وی نه‌خۆش ئامێزانه كه ده‌بێته هۆی ئه‌نجامدانی كاره‌ساتی وێنا نه‌كراو و بووشه. ئه‌مه‌ش ته‌واو جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌و لقه‌ی فره‌گه‌ری یان پۆلۆرالیزم كه تا هه‌نوكه ڕوونم كردۆته‌وه.
***
بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و خاڵه‌ش ڕه‌نگه جێی سه‌رنج بێت كه هه‌ندێك له‌و به‌هایانه‌ی ئێمه له دنیادا قه‌بوڵمانه، هه‌ندێكجار به‌ده‌ستی رۆمانسیهكان درووست بوون و پێشتر بوونیان نه‌بووه. بۆ نموونه ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه فره‌یی باشه و ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی كه تاكه‌كانی بڕوایان به بیرورای جیاواز و زۆر هه‌یه و خاوه‌ن ڕا جیاوازه‌كان به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵئه‌كه‌ن، باشتره له‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی چونیه‌ك و یهكڕهنگن و هه‌موو ئه‌ركیان ملدانه بۆ یه‌ك بیروڕا. تا پێش سه‌ده‌ی هه‌ژده كه‌س ئاماده نه‌بوو مل بۆ شتێكی له‌م چه‌شنه بدات. هه‌قیقه‌ت یه‌ك شت بوو و هه‌مه‌ڕه‌نگی و فره‌یی دوژمنی بوو. هه‌روه‌ها ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی ڕاستگۆیی و په‌رۆشی یه‌كێكه له به‌هاكان، له شته تازه درووستبووهكانه. دیاره ئه‌و بۆچوونه هه‌بوو كه شه‌هید بوون له ڕێگه‌ی هه‌قیقه‌تدا هه‌میشه ڕاسته، به‌ڵام ته‌نیا له پێناوی هه‌قیقه‌تدا. له دیدی كاسۆلیكه‌كانه‌وه ئه‌و موسڵمانانه‌ی كه له پێناوی ئیسلامدا گیانی خۆیان به‌خت ده‌كرد، بوونه‌وه‌رانێكی به‌دبه‌خت و نه‌زان و گۆمڕا بوون كه له پێناوی هه‌ڵه و شتی پڕوپوچدا ده‌مردن. هه‌روه‌ها پرۆتستانته‌كان و یه‌هودیه‌كان و كافره‌كانیش، و ئه‌و ڕاستیه‌ش كه ئه‌م كه‌سانه ڕاستگۆیانه و په‌رۆشانه پابه‌ندی بیروڕاكانیان بوون، هیچ دۆخیانی باشتر نه ده‌كرد. ئه‌وه‌ی گرنگ بوو ئه‌وه بوو كه كه‌سێك له‌سه‌ر هه‌ق بێت. له دۆزینه‌وه‌ی هه‌قیقه‌تیشدا وه‌ك هه‌موو شتێكی تری ژیان، گرنگ سه‌ركه‌وتووی بوو نه‌ك پاڵنه‌ر. وای دابنێن یه‌كێك به ئێوه ده‌ڵێت من بڕوام وایه دوو له دوو یه‌كسانه به حه‌ڤده، و یه‌كێكی تر بڵێت (ئه‌و ئه‌م قسه‌یه بۆ ئه‌وه ناكات كه ئێوه توڕه بكات، یان بۆ ئه‌وه‌ی خۆی ده‌ربخات، یان له‌به‌رئه‌وه‌ی پاره‌ی وه‌رگرتووه بۆ ئه‌وه‌ی وابڵێت، ئه‌و به‌ڕاستی بڕوای به‌مه‌یه) و ڕاستگۆ و به په‌رۆشه. ئێوه وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه كه (ئه‌م قسه‌یه هیچ له دۆخه‌كه‌ی ناگۆڕێت. ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یڵێت قسه‌ی پڕوپوچ و پێچه‌وانه‌ی لۆژیكه). قسه‌كانی پرۆتستانته‌كان له‌دیدی كاسۆلیكه‌كانه‌وه ڕێك وا ده‌هاته به‌رچاویان و به پێچه‌وانه‌وه هه‌رچی ڕاستگۆیانه‌تر و به په‌رۆشتر، ترسناكتر. هیچ به‌هایه‌ك بۆ ڕاستگۆی و په‌رۆشی دانه ده‌نرا، تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌و بیره بڵاوبۆوه كه بۆ هه‌ر پرسیارێك زیاد له وه‌ڵامێك هه‌یه، واته فره‌گه‌ری. ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه به‌ها بۆ پاڵنه‌ر دابنرێت نه‌ك بۆ ئه‌نجام، بۆ ڕاستگۆیی و په‌رۆشی دابنرێت نه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتوویی.
دوژمنی فره‌گه‌ری یهكێتیخوازی یان یه‌ك بونیادیه، واته ئه‌و بڕوا دێرینه‌ی كه هه‌قیقه‌ت ته‌نیا به یه‌ك ڕێگه پێكه‌وه هاوئاهه‌نگ ده‌بن و هه‌رچیه‌ك گه‌ر ڕه‌سه‌نایه‌تی و هه‌قیقه‌ت بێت، دواجار ئه‌بێت له‌گه‌ڵیدا بگونجێت. ئه‌م بڕوایه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا جیاوازه كه كارل پۆپه‌ر ناوی ئه‌نێت ئیسێنتیالیزم (ماهیهتخوازی) و به سه‌رچاوه‌ی هه‌موو خراپی و ئافاته‌كانی ده‌زانێت، به‌ڵام لێكچون و نزیكیشی له‌گه‌ڵیدا هه‌یه. ئه‌و ئه‌نجامه‌ی به‌ده‌ستیه‌وه ده‌دات ئه‌وه‌یه زانایان ده‌بێت فه‌رمانڕه‌وایی بكه‌ن. كه‌سانێك كه وه‌ڵامی هه‌ندێك له مه‌سه‌له گه‌وره‌كانی مرۆڤ ده‌زانن، ده‌بێت گوێڕایه‌ڵیان بكرێت. چونكه ته‌نیا ئه‌وان ده‌زانن كۆمه‌ڵگا ده‌بێت چۆن رێك بخرێت و هه‌ر كه‌سێك ده‌بێت چۆن بژی و كلتووریش ده‌بێت چۆن گه‌شه و په‌ره‌ی پێ بدرێت. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و بڕوا كۆنه‌ی ئهفڵاتۆنه به شا فه‌یله‌سوف یان ئه‌و فه‌رمانڕه‌وا حه‌كیمه‌ی كه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه حوكمڕانی ئه‌وانی دی بكات.هه‌میشه بیریارانێك هه‌بوون بڕوایان به‌وه بووه نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه ڕكێفی شته‌كان بخه‌ینه ده‌ست زانایان یان كه‌سانێك كه په‌روه‌ردی زانستی كراوون، بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخی دنیا زۆر باش ببێت. له وه‌ڵامی ئه‌م قسه‌یه‌دا ده‌بێت بڵێین هه‌رگیز هیچ بههانهیك یا ته‌نانه‌ت هۆیه‌ك باشتر له‌مه بۆ سته‌مكاری بێ سنوور نه‌هێنراوه‌ته‌وه، كه‌سانێك پسپۆر یان ئه‌و ده‌سته‌بژێرانه‌ی ئازادیه سیاسیه‌كان له زۆرینه‌ی خه‌ڵك ئه‌دزن.
یه‌كێك جارێك گوتوێتی له سه‌رده‌می كۆندا پیاوان و ژنانیان ده‌هێنا و له‌به‌رپێی جۆره‌كانی خواوه‌ندا قوربانیان ده‌كردن، ئه‌مڕۆ بته تازه‌كان (ئیزم)ه‌كان جێگه‌ی خواوه‌نده‌كانیان گرتۆته‌وه. ئازار گه‌یاندن، كوشتن و ئه‌شكه‌نجه كردن به گشتی و به ڕاست مه‌حكوم كراوه، به‌ڵام گه‌ر من نه‌ك له‌به‌ر سوودی شه‌خسی، به‌ڵكو له ڕێی فڵان (ئیزم)- سۆسیالیزم، ناسێۆنالیزم، فاشیزم، كۆمنیزم، بڕوای دوگمای مه‌زهه‌بی، له‌پێناوی پێشكه‌وتن یان به‌دیهاتنی یاساكانی مێژوو، ئه‌م كارانه ئه‌نجام بده‌م، كارێكی ڕاستم كردووه. زوربه‌ی شۆڕشگێڕان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا یان شاراوه بڕوایان وایه بۆ درووستكردنی جیهانێكی ئایدیال، ده‌بێت چه‌ند هێلكه‌یه‌ك بشكێنن، ئه‌گینا نه‌ته‌وه ڕاست نابێته‌وه. دیاره هێلكه‌كان ده‌شكێنن -هیچ كاتێكیش وه‌ك سه‌رده‌می ئێمه نه به‌و توندیه و نه له هه‌موو شوێنێك- به‌ڵام هێلكهوڕۆنهكه به‌ده‌ست نایه‌ت و هه‌روا له فه‌زای بێكۆتایدا دورتر ده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌مه به ووته‌ی من یه‌كێكه له ده‌رئه‌نجامه حهتمیهكانی یهكێتیخوازی یان به وته‌ی هه‌ندێك ده‌رئه‌نجامی ده‌مارگیری و دۆگما بوونه. به‌هه‌رحاڵ ڕه‌گ و ڕیشه‌ی هه‌موو توندڕه‌وی و پهرگیریهك، یهكێتیخوازیه.
ئازادی
له ده‌یه‌كانی ١٩٥٠دا من دوو ووتارم له‌سه‌ر بابه‌تی ئازادی سیاسی پێشكه‌ش كرد. دوهه‌م سه‌مینار له‌ژێر ناونیشانی (دوو چه‌مكی ئازادی)، ووتاری كردنه‌وه‌ی مامۆستایه‌تی من بوو له ئۆكسفۆرد. به كورتی بابه‌ته‌كه له‌سه‌ر جیاوازی نێوان دوو چه‌مكی نێگه‌تیڤ و پۆزه‌تیڤی ئازادی یان هه‌ڵبژاردن بوو (دوو زاراوه‌ی ئازادی و هه‌ڵبژاردنم هاومانا به‌كارهێنابوو). مه‌به‌ستم له ئازادی نێگه‌تیڤ نه‌بوونی ڕێگر بوو كه ڕێگه له كاری مرۆڤ بگرێت. جیا له‌و ڕێگرانه‌ی یاساكانی بایه‌لۆجیا و فیزێۆلۆجیا و ده‌رونناسی درووستی ده‌كه‌ن. ئه‌و ڕێگرانه‌ش كه مرۆڤه‌كان به ئه‌نقه‌ست یان به هه‌ڵه درووستی ده‌كه‌ن، ده‌بنه هۆی له‌ناوچوونی ئازادی سیاسی كه بابه‌تی سه‌ره‌كی وتاره‌كه‌ی من بوو. پانتایی ئازادی به‌ستراوه به توندی یان لاوازی ئه‌م جۆره ڕێگرانهوه كه درووستكراووی مرۆڤن، به‌و مانایه‌ی من تاچ پلهیك ئازادم له فڵان ڕێگه‌وه به‌ره‌و پێش بچم، بێ ئه‌وه‌ی ده‌زگا یان دیسپلینه‌كانی مرۆڤ درووستی كردوون، یان چالاكی كه‌سانێكی دیاریكراو، ڕێگه له كاره‌كه‌ی من بگرن.
ئه‌وه به‌س نیه بڵێن ئازادی نێگه‌تیڤ به‌مانای ئه‌وه‌یه من حه‌زم له چی بوو ئه‌نجامی بده‌م، چونكه له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌توانم ڕێك په‌یڕه‌وی له ڕه‌واقیه‌كان سه‌رده‌می دێرین بكه‌م و هه‌موو مه‌یل و ئاره‌زوویه‌ك له خۆمدا بكوژم و خۆم له‌م ڕێگه‌یه‌وه له ڕێگره‌كانی به‌دیهاتنی ئاواته‌كانم ئازاد بكه‌م. ئه‌م ڕێگه‌یه واته وازهێنانی هێواش هێواش له‌و ئاواتانه‌ی كه ڕه‌نگه به‌ر ڕێگرێك بكه‌ون. دواجار ئه‌مه ده‌بێته هۆی مه‌حرووم بوونی هێواش هێواشی مرۆڤه‌كان له چالاكیه سرووشتی و زیندووهكان. به ده‌ربڕینێكی تر ئازادترین مرۆڤه‌كان، مردووه‌كان ده‌بن، چونكه له دوای مردنه‌وه مه‌یل و ئاره‌زوویه‌ك نیه، له‌به‌رئه‌وه‌ش هیچ ڕێگرێكیش نیه. مه‌به‌ستی من ته‌نیا ئه‌وه بوو مرۆڤ ده‌توانێت له چه‌ند ڕێگه‌وه هه‌نگاو بنێت، به‌ده‌ر له‌وه‌ی به هه‌ڵبژاردنی خۆی ئه‌مه ده‌كات یان نا. ئه‌مه یه‌كه‌م مانا له دوو ماناكه‌ی ئازادی سیاسی بوو.
هه‌ندێك كه‌س كه له‌گه‌ل من نین گووتویانه ئازادی په‌یوه‌ندیه‌كی سێ لایه‌نه‌یه . به‌و مانایه‌ی كه‌سێك ده‌توانێت به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كارێك یان چه‌ند كارێك به‌سه‌ر ڕێگردا سه‌ركه‌وێت یان له‌ناوی ببات یان ڕزگار بێت لێی. به‌ڵام من ئه‌م قسه‌یه قه‌بوڵ ناكه‌م. ئازاد نه‌بوون به مانای سه‌ره‌كی هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه له‌باره‌ی زیندانیه‌وه ده‌یڵێن یان له‌باره‌ی كه‌سێكه‌وه كه به دره‌ختێكه‌وه به‌ستراوه. ته‌نیا شتێك كه كه‌سێكی وا به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت لێكردنه‌وه‌ی زنجیره‌كان یان ڕزگاربوونه له زیندان. بێ ئه‌وه‌ی پاش ڕزگاری به پێویست ئامانج یان چالاكیه‌كی دیاریكراو هه‌بێت. دیاره ئازادی به مانایه‌كی به‌ربڵاوتر ڕه‌نگه به‌مانای ئازدی بێت له كۆت و به‌ندی رێساكانی كۆمه‌ڵگا یان ده‌زگاكانی. یان ئازادی له باڵاده‌ستی هێزه مادی یان مه‌عنه‌ویه زۆرداره‌كان، یان ئازادی له هه‌ر شتێك كه ده‌رگای ئه‌گه‌ره‌كان به‌سه‌ر كاردا داده‌خه‌ن كه گه‌ر وانه‌بوایه ده‌یتوانی كراوه بێت. من به‌مه ده‌ڵێم (ئازادی له شتێك).
ته‌وه‌ره‌یه‌كی تری چه‌مكی ئازادی (ئازادیه بۆ كارێك). وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی (من تا كوێ كۆنتڕۆڵ ده‌كرێم؟) ئازادی نێگه‌تیڤی من دیاری ده‌كات. به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ی (چ كه‌سێك كۆنتڕۆڵی من ده‌كات) په‌یوه‌ندی به چه‌مكی دووهه‌می ئازادیه‌وه هه‌یه. له‌به‌رئه‌وه‌ی باسی ئه‌و ڕێگرانه ده‌كه‌ین كه مرۆڤه‌كان درووستیان كردووه، له‌جێی خۆیدایه بپرسین (دیاریكه‌ری كردار و ژیانی من كێیه؟). ئایا خۆم ئازادانه به هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك كه هه‌ڵیده‌بژێرم وا ده‌كه‌م؟ یان له جێگه‌یه‌كی دیه‌وه كۆنتڕۆڵ ده‌كرێم و فه‌رمان جێبه‌جێ ده‌كه‌م؟ ئایا دایك و باوك و مامۆستایان و مامۆستایانی ئاینی و كارمه‌ندانی پۆلیس چالاكی من دیاری ده‌كه‌ن؟ ئایا له‌ژێر دیسپلینی سیسته‌می یاسایی یان سیسته‌می سه‌رمایه‌داری یان كۆیله‌یه‌تی یان حكومه‌ت (جا چ پاشایی بێت یان ئولیگارشی یا دیموكراسی) دام؟ به چ مانایه‌ك سه‌روه‌ریم به‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆمدا هه‌یه؟ ڕه‌نگه ئه‌گه‌ری كاری من سنووردار بێت، به‌ڵام چۆن سنووردار ده‌كرێت؟ ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕێگه‌م لێده‌گرن كێن و چ ده‌سه‌ڵاتێكیان هه‌یه؟.
ئه‌وه‌ی هه‌وڵمدا له ڵێكۆڵینهوهكهمدا ئه‌نجامی بده‌م، ئه‌م دوو چه‌مكه سه‌ره‌كیه‌ی (ئازادی) بوو، به‌وه گه‌یشتم كه ئه‌م دووانه له یه‌ك جیاوازن و وه‌ڵامی دوو پرسیاری جیاواز ده‌ده‌نه‌وه، ئه‌م دوو چه‌مكه هاوڕه‌گه‌زن، به‌ڵام ناكۆك نین، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی یه‌كێكیان به‌ناچار وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌وی دیان دیاری ناكات. بینیم ئه‌م دوو ئازادیه هه‌ردووكیان ئامانجی لوتكه‌ی مرۆڤن، هه‌ردووكیان به ناچاری سنووردارن و ده‌كرێت هه‌ردوكیان له ڕه‌وتی مێژوودا به لاڕێدا ببرێن. ده‌كرێت ئازادی نێگه‌تیڤ به ئازادی ئابووری ته‌فسیر بكرێت، و به‌مشێوه‌یه به‌ناوی ئازادیه‌وه ڕێگه به موڵكداران بدرێت ژیانی مناڵه‌كان له كانه‌كاندا له‌ناوبه‌رن. یان مۆڵه‌ت به خاوه‌ن كارخانه‌كان بدرێت ته‌ندروستی و كه‌سایه‌تی كرێكارانی پێشه‌سازی وێران بكه‌ن. به‌ڵام به بڕوای من ئه‌مه به‌لاڕێدا بردن بوو، نه‌ك ئه‌و مانایه‌ی مرۆڤه‌كان بۆ ئازادی دایان نابوو. له‌به‌رئه‌مه ئه‌گووترا گاڵته‌جاڕیه به كه‌سێكی فه‌قیر بڵێن ئازاده بۆ ئه‌وه‌ی ژوری ئوتێلێكی گران بگرێت، له‌كاتێكدا توانای ئه‌وه‌ی نیه كرێكه‌ی بدات. به‌ڵام ئه‌مه‌ش تێكه‌ڵكردنی بابه‌ته‌كه بوو. دیاره ئه‌و ئازاده ژوور له‌و ئوتێله‌دا بگرێت، به‌ڵام ئامرازی سوودوه‌رگرتن له‌م ئازادیه‌ی له‌به‌رده‌ستدا نیه. ڕه‌نگه له‌به‌رئه‌وه ئه‌م ئامرازه‌ی نیه چونكه ئه‌و سیسته‌مه ئابووریه‌ی له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه درووستكراوه، ڕێگره له‌وه‌ی ده‌رامه‌تی زۆرتری هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه مه‌حرووم بوونه له به‌ده‌ستهێنانی پاره، نه‌ك مه‌حرووم بوون له به‌كرێ گرتنی ژوورێك. ڕه‌نگه ئه‌م قسه‌یه به زیاده‌ڕه‌وی له وردهكاریدا دابنرێت، به‌ڵام ته‌وه‌ره‌ی باسه‌كه له‌باره‌ی ئازادی ئابوریه له‌به‌رامبه‌ر ئازادی سیاسی‌دا.
****
چه‌مكی ئازادی پۆزه‌تیڤ ته‌نانه‌ت زۆر زیاتر له‌مه له ڕه‌وتی مێژوودا به لاڕێی ترسناكتردا براوه. چ كه‌سێك ژیانی من ڕێكده‌خات؟ خودی من. من؟ واته هه‌مان منی نه‌زان و گێژ كه له‌ژێر نه‌قیزه‌ی هه‌ژان و پاڵنه‌ره كۆنتڕۆل نه‌كراوه‌كاندا به‌ملاولادا ئههێنرێم و ئه‌برێم؟ ئایا من هه‌ر ئه‌مه‌م و به‌س؟ ئایا له مندا (خودێكی) باڵاتر و عاقڵتر و ئازادتر نیه كه بتوانێت له هه‌ژان و نه‌زانی و كه‌موكوڕیه‌كانی ترم تێبگات و باڵاده‌ست بێت به‌سه‌ریاندا؟ ئایا ده‌توانم له ڕێگه‌ی فێربوون و په‌روه‌رده‌وه، یان له ڕێی تێگه‌یشتنی زیاتره‌وه به‌و مه‌به‌سته بگه‌م، پرۆسه‌یه‌ك كه به‌ڕێوه‌بردنی ته‌نیا به‌ده‌ست عاقڵتر له منه‌وه بێت؟. كه‌سانێك كه من له قوڵترین (خودی) ڕاسته‌قینه‌ی (واقعی) من، له باشترین حاڵه‌تی خۆم ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه؟ ئه‌مه دیدێكی میتافیزیكی به‌ناوبانگه كه به پێی ئه‌م دیده ته‌نیا به‌مه‌رجێك ده‌توانم به‌ڕاستی ئازاد و به‌سه‌ر خۆمدا باڵاده‌ست بم، كه بتوانم به‌ڕاستی عه‌قڵانی بم (بیروڕایه‌ك كه ڕه‌گ و ڕیشه‌كه‌ی ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌فڵاتۆن). له‌به‌رئه‌وه‌ش كه خۆم به پێی پێویست عاقڵ نیم، ده‌بێت گوێڕایه‌ڵی كه‌سانێك بم كه به‌ڕاستی عه‌قڵانین و لێره‌وه نه‌ك هه‌ر ده‌زانن باشترین شت بۆ خۆیان چیه، به‌ڵكو ده‌زانن باشترین شت بۆ منیش چیه. ده‌شتوانن ڕێنمایم بكه‌ن بۆ ڕێگه‌یه‌ك كه دواجار (خودی) ڕاسته‌قینه عه‌قڵانی من بهخهبەر دێنێته‌وه و له پایه و پلهیكدا كه به‌ڕاستی هی ئه‌وه، واته له‌پایه و پله‌ی ڕابهرێتیدا داده‌نێت. ڕه‌نگه هه‌ستبكه‌م ئه‌م مه‌رجه‌عانه ئابلۆقه و بگره ووردم ئه‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه له وه‌همێك زیاتر نیه. كاتێك گه‌وره بووم و به (خودی) ته‌واو كامڵی واقعی خۆم گه‌یشتم، ئه‌وكات تێده‌گه‌م گه‌ر له‌بارودۆخی دزێوی پێشودا بومایه، هه‌ر ئه‌وه‌نده خاوه‌ن عه‌قڵ ئه‌بووم كه ئه‌وان هه‌نوكه هه‌یانه. منیش هه‌مان خزمه‌تم به خۆم ده‌كرد، كه ئه‌وان كردوویانه.
به‌كورتی ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌لایه‌ن من و به قازانجی (خودی) باڵاتری من كار ده‌كه‌ن كه ڕكێفی (خودی) نزمترم ده‌كه‌ن. لێره‌وه ئازادی ڕاسته‌قینه بۆ خودی نزمتر هیچ نیه جگه له گوێڕایه‌ڵی له‌وان، واته له زانایان و ههقیقهتناسان و ده‌سته‌بژێره عاقڵه‌كان، یان ڕه‌نگه گوێڕایه‌ڵی من بۆ ئه‌و كه‌سانه بێت كه تێده‌گه‌ن چاره‌نووسی مرۆڤ چۆن دیاری ده‌كرێت. چونكه گه‌ر ماركس ڕاست بكات، ته‌نیا حیزب توانای تێگه‌یشتن له ئامانجه عه‌قڵانیه‌كانی مێژووی هه‌یه. و ده‌بێت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خودی بێچاره‌ی ئه‌زموونی من ده‌یه‌وێت به چ ڕێگهیكدا بڕوات، شكڵ به من بدات و ڕێنمایم بكات، تازه خودی حیزبیش ده‌بێت له لایه‌ن ڕابه‌رانی دوور بینه‌وه ڕێنمایی بكرێت، و دواجار گه‌وره‌ترین و عاقڵترین ڕابه‌ریش ده‌بێت ڕابه‌رایه‌تی بگرێته ده‌ست.
هیچ سته‌مكارێك له جیهاندا نیه نه‌توانێت سوود له‌م شێوه به‌ڵگاندنه وه‌ربگرێت، بۆ شه‌رمهێنه‌رترین و دزێوترین سته‌مكاریه‌كان. ئه‌مه‌ش به‌ناوی هه‌مان (خودی) ئایدیالی كه هه‌وڵده‌دات به‌رهه‌مهێنی بكات به ئامرازی دڕندانه و له سه‌ره‌تادا له ڕووی ئه‌خلاقیه‌وه دزێوانه. به ووته‌ی ستالین (ئه‌ندازیاری رۆحی مرۆڤه‌كان) باشتر له هه‌ر كه‌سێكی تر ده‌زانێت هه‌رچیه‌ك ئه‌و ده‌یكات نه‌ك ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌یه كه ئه‌وه‌ی له ده‌ستی دێت بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌یكات، به‌ڵكو هه‌ر كارێك ده‌یكات به‌ناوی نه‌ته‌وه‌وه ده‌یكات، كه گه‌ر نه‌ته‌وه به‌هه‌مان ئاستی تێگه‌یشتنی مێژووی بگه‌یشتایه، خۆی ده‌یكرد. ئه‌مه هه‌مان به‌لاڕێدا بردنی گه‌وره‌یه كه تووشی چه‌مكی ئازادی پۆزه‌تیڤ ده‌بێت. سته‌مكاری چ له ڕابه‌رایه‌تی ماركسیه‌وه سه‌رچاوه بگرێت، چ له پادشا یان له دیكتاتۆری فاشیستیه‌وه، چ له ڕابه‌رانی مه‌زهه‌بی یان چینه‌كان یان ده‌وڵه‌ته ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه بێت، به‌هه‌رحاڵ به‌دوای پشكنینی (خودی) واقعیه كه زیندانه له‌ناو ده‌روونی مرۆڤه‌كاندا و ده‌یه‌وێت (ئازادی بكات) و بیانگه‌یه‌نێته ئاستی فه‌رمانڕه‌واكان.
هه‌موو ئه‌مانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و وێنا ساوێلكهیهی كه بۆ هه‌ر پرسیارێك ته‌نیا یه‌ك وه‌ڵام هه‌یه: ئه‌گه‌ر من وه‌ڵامی ڕاست ده‌زانم و تۆ نایزانیت و له‌گه‌ل مندا نیت، له‌به‌رئه‌وه‌یه كه نه‌زانیت. ئه‌گه‌ر ههقیقهتت بزانیایه، ئه‌وه بڕوات به هه‌مان شت ده‌كرد كه من بڕوام پێیه‌تی. ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی له گوێرایه‌ڵی من ده‌كه‌یت، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌یه كه هه‌ڵه ده‌كه‌یت و هه‌قیقه‌ت وه‌ك چۆن بۆ من ئاشكرا بووه، بۆ تۆ نه‌بووه. ئه‌م قسه‌یه پاساو بۆ هه‌ندێك له ترسناكترین شێوه‌كانی سته‌مكاری و كۆیله‌یه‌تی له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ده‌هێنێته‌وه، و به‌ڕاستی ترسناكترین و به‌تایبه‌تی له سه‌ده‌ی ئێمه‌دا، توندترین ده‌ربڕی ئازادی پۆزه‌تیڤه.
ئه‌م وێنایه بۆ دوو لقه‌كه‌ی ئازادی و به‌لاڕێدا بردنیان، له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوو بوو به ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی زۆرێك له وتوێژ و گفتۆگۆكان له زانكۆكانی خۆرئاوا‌و و زانكۆكانی تر و تا ئه‌مڕۆش هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌یه.
دیترمنیزمی (determinism) هۆیه‌تی (جبر علی)
ناونیشانی تری وتارێكی تری من له‌باره‌ی ئازادیه‌وه (حه‌تمه‌یه‌تی مێژوویی) بوو، كه تیایدا گووتم دیترمنیزمی هۆیه‌تی له زۆرێك له سه‌ده‌كانی پێشوه‌وه تیورهیهكی به‌ربڵاوی قهبوڵكراوو بووه له نێوان فه‌یله‌سوفاندا. ئه‌وانه‌ی بڕوایان به‌م تیوره‌یه هه‌یه ده‌ڵێن هه‌ر رووداوێك هۆیه‌كی هه‌یه و به شێوه‌یه‌كی ناچاری ئه‌بێته هۆی ئه‌و ڕووداوه. بناغه‌ی زانسته سرووشتیه‌كان له‌سه‌ر ئه‌مه دامه‌زراوه: یاساكانی سرووشت و هه‌موو بهكارهێنابهكانیان-واته سه‌رتاسه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی زانستی سروشتی- له‌سه‌ر بناغه‌ی وێنایه‌كی ئه‌به‌دیه كه بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانسته‌كانه. به‌ڵام گه‌ر هه‌موو سروشت ملكه‌چی ئه‌م یاسایانه بێت، ئایا ده‌شێت ته‌نیا مرۆڤ نه‌بێت؟ گریمان كه‌سێك وه‌ك زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئاسایی (به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی زوربه‌ی زانایانی زانسته سرووشتیه‌كان و فه‌یله‌سوفان) بڕوای وابێت كاتێك له‌سه‌ر كورسهیهك هه‌ڵده‌سێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی ئه‌م بڕیاره‌ی داوه، ئه‌مكاره‌ی كردووه. به‌ڵام ناچار نه‌بووه. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه بێت، پێی ده‌ڵێن هه‌ڵه‌یت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و كاره پێویستانه‌ی ده‌بێت ده‌رووناسان پێی هه‌ڵسن، هێشتا پێی ههڵنهساوون، به‌ڵام دواجار رۆژێك ده‌گات (یان ده‌توانێت بگات) و ئه‌وكاته ده‌زانێت ئه‌وه‌ی هه‌یه و ئه‌وه‌ی ده‌یكات بهناچارانه وایه و ناشتوانێت جگه له‌وه بێت. به بڕوای من ئه‌م تیوره‌یه پوچه، به‌ڵام له‌م نووسینه‌دا نیازی ئه‌وه‌م نیه تیوره‌ی دترنیزمی هۆیه‌تی بسه‌لمێنم یان به‌درۆی بخه‌مه‌وه، له‌ڕاستیشدا دڵنیا نیم سه‌لماندن یان به درۆخستنه‌وه‌ی كارێكی مومكین بێت. ته‌نیا ده‌مه‌وێت دوو پرسیار له خۆم بكه‌م: بۆچی فه‌یله‌سوفان و كه‌سانی دی وا بیر ده‌كه‌نه‌وه مرۆڤ به پێی دترمنیزمی هۆیه‌تی به‌ته‌واوی ناچاره؟ ئه‌گه‌ر بێتیش، ئایا ئه‌مه له‌گه‌ڵ سۆز و ڕه‌فتاره ئه‌خلاقیه ئاساییه‌كان به‌وشێوه‌ی به شێوه‌یه‌كی ئاسایی ده‌رئه‌برێت لهناكۆكیدایه؟
تێزه‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه بۆ لایه‌نگری ئه‌وه‌ی مرۆڤ ملكه‌چی دترنبیزمی هۆیهتیه، دوو هۆی سه‌ره‌كی هه‌یه. یه‌كه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی زانسته سروشتیه‌كان گه‌وره‌ترین چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی مرۆڤه له‌سه‌رتاسه‌ری مێژوودا، ئه‌و بۆچونه پوچ ده‌رئه‌كه‌وێت كه ته‌نیا مرۆڤ ملكه‌چی ئه‌و یاسایانه نه‌بێت، كه زانایانی زانسته سروشتیه‌كان توانیویانه بیدۆزنه‌وه (له‌ڕاستیدا ئه‌مه هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه فه‌یله‌سوفانی فه‌ڕه‌نسی سه‌ده‌ی هه‌ژده بڕوایان پێ بوو). دیاره مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه نیه ئایا مرۆڤ به‌ته‌واوی له‌مجۆره یاسایانه ئازاده، چونكه هیچ كه‌س جگه له كه‌سێكی شێت ناتوانێت بڕوای به‌وه‌بێت مرۆڤی به‌ستراو به بونیادی خۆیه‌وه له‌ڕووی بایه‌لۆجی و ده‌رونناسیه‌وه، نه‌به‌ستراوه به ده‌وربه‌ر یان یاساكانی سرووشته‌وه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌م به‌سترانه هه‌موو شتێك ده‌گرێته‌وه و چیدی جێگه‌یه‌ك بۆ ئازادی و هه‌ڵبژاردن ناهێڵێته‌وه؟ ئایا چیدی هیچ گۆشه‌یه‌ك نیه كه بتوانێت تیایدا به هه‌ڵبژاردنی خۆی كار بكات و ههڵبژاردنهكانیشی له‌به‌ر هۆی پێشتر نه‌بێت؟ ئه‌م گۆشه‌یه ڕه‌نگه گۆشه‌یه‌كی زۆر بچووك بێت له بواری سرووشت، به‌ڵام تا بوونی نه‌بێت، هوشیاری مرۆڤ به ئازادی كه بێگومان هه‌ستێكی گشتیه-واته ئه‌و ڕاستیه‌ی كه زۆرینه‌ی خه‌ڵك بڕویان وایه هه‌ندێك له كرداره‌كانیان میكانیكیه، وهه‌ندێكی دیان په‌یڕه‌وی له ئیراده‌ی ئازادی خۆیان ده‌كه‌ن- وه‌همێكی گه‌وره درووست ده‌بێت: ئه‌و وه‌همه درووست ده‌بێت كه له‌سه‌ره‌تای مرۆڤایه‌تیدا له‌هه‌مان ئه‌و رۆژه‌وه كه ئاده‌می باپیره‌ی مرۆڤ سێوه‌كه‌ی خوارد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه پێی گووترا بوو نه‌یخوات، ئه‌و وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه (به‌ده‌ست خۆم نه‌بوو، بێ ویستی خۆم ئه‌مه‌م كرد، حه‌وا ناچاری كردم).
به‌ڵگه‌ی دووهه‌می بڕوابوون به دیترمنیزمی هۆیه‌تی ئه‌وه‌یه به‌رپرسیاری زۆرێك له‌وكارانه‌ی خه‌ڵكی ده‌یكه‌ن، ئه‌خاته ئه‌ستۆی هۆی ناشه‌خسی و لێره‌وه به‌مانایه‌كی تر خه‌ڵكی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكه‌ن نابه‌رپرسیار ده‌كات. كاتێك من هه‌ڵه ده‌كه‌م یان تاوان یان كارێكی دزێو ده‌كه‌م، یان ده‌ست بۆ هه‌ر كارێك به‌رم كه چ به بروای من و چ به بروای كه‌سانی دیش كاری دزێو ناشرینن، ده‌توانم بڵێم (چون ده‌متوانی ڕێگه‌یان لێبگرم؟ چونكه من هه‌روا له‌دایكبووم)، یان ( ئه‌مه ده‌رئه‌نجامی سرووشتی منه و ئه‌مه‌ش به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی یاساكانی سرووشته)، یان (من سه‌ر به كۆمه‌ڵگا یان چین یان مه‌زهه‌ب یان نه‌ته‌وه‌یه‌كم كه هه‌موو له‌ناویدا هه‌ر وا ده‌كه‌ن، و به ڕوكه‌ش كه‌سیش ناڕازایی له‌مه ده‌رنابڕێت)، یان (ڕه‌فتاری باوك و دایكم له‌گه‌ڵ یه‌كدا و له‌گه‌ڵ مندا، ئه‌و هه‌لومه‌رجی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی تیایدا ژیام و به ناچار له‌ناویدا بووم، منی له ڕووی ده‌روونیه‌وه وا به‌بار هێناوه كه ناتوانم جگه له‌مه وا ڕه‌فتار بكه‌م)، یان دواجار (به فه‌رمانی سه‌روتر كارم ده‌كرد).
زۆرینه‌ی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ ئه‌م قسانه‌دا نین و بڕوایان وایه هه‌موو كه‌سێك لانیكه‌م دوو ڕێگه‌ی له‌به‌رده‌مدایه كه ده‌توانێت یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت، یان له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ردایه كه ده‌توانێت یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت و پراكتیكی بكات. كاتێك ئادۆلف ئایشمان ده‌ڵێت (یههوودیهكانم كوشت چونكه فه‌رمان پێكرابوو بیانكوژم. ئه‌گه‌ر نهمكوشتنایه. خۆم دهكوژرام)، ده‌توانرێت پێی بگووترێت (ده‌زانم ئه‌گه‌ری ئه‌وه نیه ئه‌وه هه‌ڵبژێریت كه خۆت بكوژرێت، به‌ڵام گه‌ر بڕیارت بدایه ده‌تتوانی- هیچ جۆره ناچاریهك به‌مانای ڕاسته‌قینه‌ی ووشه و به مانای جه‌بری سروشتی نیه كه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی وا ڕه‌فتار بكه‌یت كه كردت). ڕه‌نگه بڵێت (ئه‌م چاوه‌ڕوانیه له خه‌ڵك عه‌قڵانی نیه كه كاتێك ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی گه‌وره ده‌بنه‌وه، وا ڕه‌فتار بكه‌ن. ڕاسته ، به‌ڵام هه‌رچه‌ند بڕیاردان بۆ ڕه‌فتارێكی وا ئه‌سته‌م بێت، دیسان ده‌توانرێت بگوترێت به‌مانای وشه‌ی (توانین) ده‌یانتوانی به‌و شێوه‌یه ڕه‌فتار بكه‌ن. شه‌هیدبوون شتێك نیه بتوانی له‌هه‌موو كه‌سێكی چاوه‌ڕوان بكه‌یت، به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌مه هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌رێكی دوور بێت، قه‌بوڵ بكرێت- له‌ڕاستیشدا هۆی ئه‌م هه‌موو ستایشه له شه‌هیدبوون هه‌ر ئه‌مه‌یه.
****
له‌باره‌ی ئه‌و هۆیانه‌ی به‌درێژایی مێژوو وای له هه‌ندێك كردووه لایه‌نگری دیترنیسمی هۆیه‌تی بن، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه كه گووتمان. به‌ڵام ئه‌م لایه‌نگریه پێشهاتی لۆژیكی دژواریشی هه‌یه، به‌و مانایه‌ی له‌به‌رئه‌وه‌ی گریمانكه له‌سه‌ر ئه‌وه نیه كه‌سێك كه ده‌یتوانی ڕێگه له كارێك بگرێت، یان ده‌یتوانی كارێكی دی بكات، ناتوانرێت لێی بپرسرێ (ئایا ناچار بووی فلان كار بكه‌یت؟ به چ نیازێك فڵان كارت كرد؟) له لایه‌كی دی سه‌رتاسه‌ری ئه‌خلاقی گشتی و باو كه تیایدا باسی ئه‌رك و وه‌زیفه، ڕاست و ناڕاست، ستایش و سه‌رزه‌نشتی ئه‌خلاقی ده‌كه‌ین-واته بۆچی خه‌ڵك ستایش یان سه‌رزه‌نشت ده‌كرێن، له‌به‌رئه‌وه‌ی فڵان كاریان كردووه له كاتێكدا ده‌یانتوانی كارێكی دی بكه‌ن- سه‌رتاسه‌ری ئه‌م تۆڕه له باوه‌ر و شێوه‌كانی كردار، كه به‌بروای من سه‌رجه‌م ئه‌خلاقی باوی له‌سه‌ر دامه‌زراوه، به‌ستراو و مه‌رجداره به بیرۆكه‌ی به‌رپرسیارێتی. پێشهاتی به‌رپرسیاریش توانای هه‌ڵبژاردنه له نێوان ڕه‌ش و سپی، ڕاست و ناڕاست و له‌زه‌ت و ئه‌ركه، به مانایه‌كی به‌ر بڵاوتر له نێوان شێوه جیاوازه‌كانی ژیان و حكومه‌ت و ئه‌م هه‌موو به‌ها ئه‌خلاقیانه‌ی كه خه‌ڵك به‌شێوه‌ی پراكتیكی له‌سه‌ر بناغه‌كانی ده‌ژین، جا چ خۆیان به‌مه هوشیار بن یان نا.
ئه‌گه‌ر دترمینسیمی هۆیه‌تی قه‌بوڵ بكرێت یان جه‌بری هۆ و هۆكار قه‌بوڵ بكرێت، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و ووشانه‌ی به‌كاری دێنین له ڕه‌گوڕیشه‌وه بگۆڕێن. ناڵێین ئه‌مكاره له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه مه‌حاڵه، به‌ڵام بهجێگهیهك ده‌گات كه زوربه‌ی خه‌ڵك ئاماده نین قه‌بوڵی بكه‌ن. له باشترین حاڵه‌تدا ستاتیكا ده‌بێت جێگه‌ی ئه‌خلاق بگرێته‌وه. ده‌توانیت ئه‌وانی دید له‌به‌رئه‌وه‌ی جوان یان سه‌خی یان زه‌وقی موسیقایان هه‌یه خۆش بوێت یان ستایشی بكه‌ن، به‌ڵام هیج یه‌ك له‌م سیفه‌تانه به‌هه‌ڵبژاردنی خۆیان نه‌بووه، (به‌مجۆره درووست بوون). ستایشی ئه‌خلاقیش ده‌بێت به‌مجۆره‌ی لێ بێت: گه‌ر من ستایشی تۆ بكه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی گیانی خۆت بۆ ڕزگاركردنی گیانی من خستۆته مه‌ترسیه‌وه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه چ باشتر وا درووست بوون كه ناتوانن ئه‌مكاره نه‌كه‌ن، و چه‌ند خۆشحاڵم كه‌سێكم ناسی كه به مانای ڕاسته‌قینه‌ی ووشه (و به پێی جه‌بری هۆیه‌تی) ناچار به ڕزگاركردنی من بوو، نه‌ك كه‌سێكی دی كه له‌به‌رهه‌مان هۆ ناچار بوو ئه‌مكاره نه‌كات. كرداری شه‌ره‌فمه‌ندانه یان بێشه‌رمانه، كاری ڕاست سه‌ره‌ڕای بوونی كه‌ڵكه‌ڵه، گه‌ڕان به‌دوای له‌زه‌ت و شه‌هیدبوون قاره‌مانانه، ئازایه‌تی و ترسنۆكی، ساخته‌چێتی و ڕاستگۆیی، هه‌موو ئه‌مانه ده‌توانن وه‌ك جوانی یان ناشرینی، باڵای به‌رز یان بچووك، لاوێتی یان پیری، ڕه‌ش پێستی یان سپی پێستی، به ئه‌سل ئیتاڵی یان ئینگلیزی، واته شتێك كه ناتوانین بیگۆڕین، چونكه هه‌موو شتێك به ناچار درووست بووه. دیاره ده‌توانین هیوادار بین كه شته‌كان به دڵی ئێمه به‌ڕێوه بچن، به‌ڵام هیچمان له‌مڕوه‌وه له ده‌ست نایه‌ت، جۆرێك درووست بووین كه ناتوانین جگه له‌و شێوه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی دی ڕه‌فتار بكه‌ین. له‌ڕاستیدا چه‌مكی كردار ده‌لاله‌ت له هه‌ڵبژاردن ده‌كات، به‌ڵام گه‌ر خودی هه‌ڵبژاردن ناچاری بێت، ئیدی له نێوان كار و ڕه‌فتاردا چ جیاوازیه‌ك ده‌مێنێته‌وه؟
به‌بروای من دژایه‌تیه‌ك له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌یه كه هه‌ندێك له بزووتنه‌وه سیاسیه‌كان داوای فیداكاری ده‌كه‌ن و له‌لایه‌كی دی بڕوایان به دترمنیزمی هۆیه‌تی هه‌یه: بۆ نموونه ماركسیزم كه له‌لایه‌كه‌وه بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر جه‌بری مێژووییه – واته ئه‌و قۆناغه حه‌تمی و ناچاریانه‌ی ده‌بێت كۆمه‌ڵگا پیایدا تێپه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی به كه‌ماڵ بگات- و له‌لایه‌كی دیه‌وه كرداری ده‌ردناك و ترسناك و زۆر و فشار و كوشتن به پێویست ده‌زانێت كه هه‌ندێكجار بۆ ئه‌نجامده‌ر و قوربانی وه‌ك یه‌ك ئازاربه‌خشه. به‌ڵام گه‌ر بڵێن بێگومان مێژوو به‌ناچار كۆمهڵاگایهك درووست ده‌كات كه نزیك بێت له كه‌ماڵه‌وه، بۆچی خه‌ڵكێك گیانی خۆی بۆ شتێك ببه‌خشێت كه بێ یارمه‌تی ئه‌ویش به‌هه‌رحاڵ به مه‌به‌ستی خۆی ده‌گات؟. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌ستێكی نامۆ له مرۆڤدا هه‌یه كه ته‌نانه‌ت گه‌ر ئه‌ستێره‌ی به‌ختان به‌رز بێت وبه مه‌به‌ستی خۆتان بگه‌ن، دیسان ده‌بێت گیانی خۆتان به‌خت بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وته‌كه كورتتر بێته‌وه، و به ووته‌ی ماركس ئازاری له‌دایكبوون، بۆ ئه‌وه‌ی سیسته‌می نوێ زووتر بگات. به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا ده‌توانرێت هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه قه‌ناعه‌ت پێ بكرێت بۆ ئههی ڕووبه‌ری مه‌ترسی ببنه‌وه ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی ره‌وتێك كوورت بكه‌نه‌وه كه به‌ده‌ر له‌وه‌ی چی ده‌كه‌ن یان نایكه‌ن، دواجار به خۆشی به ئه‌نجام ده‌گات. ئه‌مه ئه‌و شته‌یه كه من و كه‌سانی دیشی هه‌میشه توشی سه‌رسوڕمان كردووه.
هه‌موو ئه‌مانه‌م له‌و ووتارانهدا باسكردووه كه گووتم كه تا ئێستاش جێگه‌ی ووتوێژه و زۆر له‌باره‌یه‌وه ووتوێژ كراوه و تا هه‌نووكه‌ش ده‌كرێت.
ئامانج خوازی
بابه‌تێكی دی كه له‌باره‌یه‌وه نووسیومه، وێنای كۆمه‌ڵگایه‌كی كامڵه كه ده‌توانێت چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م ئازاره‌كانی ئێمه بێت. هه‌ندێك له فه‌یله‌سوفانی فه‌ڕه‌نسی (سه‌ده‌ی هه‌ژده) وا بیریان ده‌كرده‌وه كه هاتنی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئایدیالی ناچارییه، ئه‌وانی دی به‌دبین تر بوون و ده‌یانگووت كه‌موكوڕیه مرۆییه‌كان ڕێگره له به‌دیهاتنی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه. هه‌ندێك پێیان وا بوو پێشكه‌وتن به‌ره‌و ئه‌و كۆمه‌ڵگایه ناچاری و حه‌تمیه، و هه‌ندێكی دی ده‌یانگووت ته‌نیا به هه‌وڵێكی مه‌زنی مرۆڤه‌كان ده‌توانرێت پێی بگه‌یت، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه پێی نه‌گه‌یت. به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت وێنای كۆمه‌ڵگایه‌كی ئایدیالی به‌ستراوه به وێنای جیهانێكه‌وه له ئاستی كه‌ماڵدا كه تیایدا هه‌موو ئه‌و به‌ها باڵایانه‌ی مرۆڤه‌كان له‌ژێر سایه‌یدا ژیاوون، لانیكه‌م له ڕووی بنه‌ماوه هه‌موو پێكه‌وه قابیلی بهدیهاتنن. كه‌سانێك كه وا بیریان ده‌كرده‌وه به هۆی ڕێگری ده‌روونی یان مادی، یان بێ عه‌قڵی و نه‌زانی و سستی مرۆڤه‌كان، گه‌یشتن به كۆمه‌ڵگایه‌كی له‌م چه‌شنه ئه‌سته‌مه، ئه‌م وێنایه‌یان به پوچ و یۆتۆپی ده‌زانی، به‌ڵام جگه له‌مه‌ش ڕه‌خنه‌ی زۆر زیاتر له‌مه ئاراسته‌ی ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه ده‌كرێت.
نازانم ئه‌م بیره به خه‌یاڵی چ كه‌سێكی تردا هاتووه، به‌ڵام وا به خه‌یاڵی مندا ده‌هات كه هه‌ندێك له باڵاترین به‌هاكان له‌گه‌ڵ یه‌كدا دژ یه‌ك نین و هه‌ندێكیان هه‌ن. ئازادی به‌هه‌ر مانایه‌ك بووه یه‌كێكه له ئامانجه نه‌مره‌كانی مرۆڤ، چ له ڕه‌هه‌ندی تاكه‌كه‌سیه‌وه بێت یان له ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه. یه‌كسانیش هه‌روه‌ها. به‌ڵام ئازادی كامڵ (كه له جیهانی كامڵدا ده‌بێت كامڵ بێت) له‌گه‌ڵ یه‌كسانی كامڵدا دژ به‌یه‌كن. ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئازاد بێت له‌وه‌ی هه‌ر كارێك بیه‌وێت بكات، ئه‌وا به‌هێزه‌كان لاوازه‌كان له‌ناو ده‌به‌ن، و گوروگ مه‌ڕه‌كان ده‌خوات، ئه‌مه‌ش كۆتای یه‌كسانیه. ئه‌گه‌ر بڕیاره به یه‌كسانی كامڵ بگه‌ین، ده‌بێت رێگری له سه‌ركه‌وتنه مادی یان فكری یا مه‌عنه‌ویه‌كانی مرۆڤه‌كان به‌سه‌ر یه‌كدا بكه‌ین، ئه‌گینا نایه‌كسانی درووست ده‌بێت. ئانارشیستی به‌ناوبانگ باكۆنین بڕوای به یه‌كسانی زیاتر له هه‌موو شتێك هه‌بوو، و بڕوای وابوو زانكۆكان ده‌بێت نه‌هێڵرێن، چونكه خوێنده‌واران په‌روه‌رده ده‌كه‌ن و ئه‌وانیش جۆرێك ڕه‌فتار ده‌كه‌ن كه له نه‌خوێنده‌واره‌كان سهروترن. ئه‌مه‌ش نایه‌كسانیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌هێڵێته‌وه. به‌شێوه‌یه‌كی دی له جیهانێكدا كه یه‌كسانی كامڵ فه‌رمانڕه‌وا بێت (و چ كه‌سێك ده‌توانێت نكوڵی له‌وه بكات كه ئه‌مه یه‌كێكه له شه‌ریفترین به‌هاكانی مرۆڤ)، له‌گه‌ڵ لێبوردن و به‌خشیندا به‌ته‌وای دژیه‌كه. پێویست به درێژكردنه‌وه ناكات: ته‌نیا سه‌رنج له‌وه بده‌ن كه یاسا سزا ده‌دات یان كه‌سه‌كان لێدهبوورن. به‌ڵام ئه‌م دوو به‌هایه ناتوانن هه‌ردوكیان به یه‌كه‌وه بێنه دی.
به‌هه‌مان شێوه ڕه‌نگه زانین و خۆشبه‌ختی له‌گه‌ل یه‌كدا دژیه‌ك بن. بیریارانی عه‌قڵخواز گریمانه‌كه‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه دانابوو زانین هه‌میشه ڕزگار ده‌كات و مرۆڤه‌كان ده‌رباز ده‌كات له‌وه‌ی ببنه قوربانی ئه‌و هێزانه‌ی تێ‌یان ناگه‌ن. ئه‌م قسه‌یه تاڕاده‌یه‌ك ڕاسته. به‌ڵام گه‌ر من بزانم شێرپه‌نجه‌م هه‌یه، به‌زانینی ئه‌مه خۆشتر و ئازادتر نابم. كه‌وابوو ده‌بێت یه‌كێك له‌م دوو ڕێگه‌یه هه‌ڵبژێرم كه هه‌میشه تا ئاستی توانا بزانم یان قه‌بوڵی بكه‌م له‌هه‌ندێك بارودۆخدا نه‌زانین خۆشبه‌ختیه. هیچ شتێك سه‌رنجڕاكێشتر نیه له داهێنان و چالاكی و هێزی سرووشتی و گه‌شانه‌وه‌ی ئازادی بیروڕا و به‌رهه‌مه هونه‌ریه‌كان، به‌ڵام ئه‌مانه زۆرجار له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌رێژی وورد و كاریگه‌ردا دژیه‌كن، كه بێ ئه‌م به‌رنامه‌ڕێژیه دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی خاوه‌نی ئاسایش، ته‌نانه‌ت له ئاستی مامناوه‌ندیشدا شیاو نیه.
ئازادی و یه‌كسانی، خۆشبه‌ختی و زانین، لێبووردن و دادپه‌وره‌ری- ئه‌مانه هه‌موی باڵاترین به‌هاكانی مرۆڤن و لێره‌وه به خوازراو ده‌زانرێن. به‌ڵام كاتێك دژ به‌یه‌ك بن، هه‌موویان پێكه‌وه نایه‌ن یان ده‌بێت هه‌لبژێرین و هه‌ندێكجار بۆ به‌ده‌ستهێنانی فڵان ئامانجی داواكراو، مل بۆ زیانی ئازاربه‌خش بده‌ین. به‌ڵام وه‌ك من بڕوام وایه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه نه‌ك له ڕووی ئه‌زموونیه‌وه، به‌ڵكو له ڕووی چهمكیشهوه ڕاست بێت- واته له خودی چه‌مكی ئه‌م بههایهنهوه سه‌رچاوه بگرێت- ئه‌و كاته وێنای جیهانێكی كامڵ كه تیایدا هه‌موو خێره‌كان دێنه دی، بێ سه‌روبه‌ر دێته پێشچاو. ئه‌گه‌ر واش بێت- ناشزانم له‌بنه‌ڕه‌تدا چۆن ده‌شێت وا نه‌بێت- ته‌نانه‌ت وێنای جیهانێكی ئایدیالی كه شایه‌نی هه‌موو جۆره فیداكاریه‌ك بێت، هێواش هێواش له چاو دیار نامێنێت.
بگه‌ڕێنه‌وه بۆ هاوڕێیانی ئه‌نسكلۆپیدیا و ماركسیه‌كان و هه‌موو ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی ئامانجیان ژیانه له ئاستی كامڵدا: پێده‌چێت ئه‌م تیوره‌یه كه ده‌بێت هه‌موو جۆره‌كانی دڵڕه‌قی ترسناك به ڕه‌وا بزانرێت، چونكه بێ ئه‌مه ناكرێت به كه‌ماڵ بگه‌یت- هه‌موو ئه‌و گرنگیدانه به هێلكه به مه‌به‌ستی درووستكردنی هێلكه و ڕۆنێكی ئایدیالی، هه‌موو دڕندایه‌تی و فیداكاری و مێشك سڕینهوهكان، هه‌موو شۆڕشه‌كان، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ئه‌م سهدهیهیان كردووه به ترسناكترین سه‌ده لانیكه‌م له مێژووی رۆژئاوادا، هه‌موو ئه‌مانه له پێناوی هیچدا بووه، چونكه جیهانی كامڵ نه‌ك به‌ده‌ست نایه‌ت، به‌ڵكو له‌بنه‌ڕه‌تدا قابیلی وێناكردن نیه، و بونیادنانی هه‌ركارێك بۆ دروستكردنی جیهانێكی لهمچهشنه، هه‌ڵه‌یه‌كی فكری گه‌وره‌یه
سه‌رچاوه:
عزت الله فولادوند: فلسفه، جامعه و سیاسه‌ت ، گروه نویسندگان ، گرداوری و ترجمه عزت الله فولادوند، تهران، نشر ماهی، ١٣٨٦