سپینۆزا

وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی

ناونیشانی لاوەکی وتارێک لەبارەی مەزهەب- سیاسەتەوە، ئاشکراکەری ئەو ئامانجەیە کە سپێنۆزا لە پێناویدا نوسیوێتی: دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێ کە (دەکرێت ئازادی بە باسکردنی فەلسەفە بدرێت، بە بێ ئەوەی هیچ مەترسیەک بۆ دینداری و ئارامی وڵات درووست بکات، بە پێچەوانەوە گەر ئەم ئازادیە پێشێل بکرێت، ئەوا نەک ئارامی وڵات بەڵکو دینداریش دەکەوێتە مەترسیەوە). لێرەوە دەبێت لە دوو ڕەهەندەوە بەرگری لە ئازادی فەلسەفاندن بکرێت: یەکێکیان لەڕووی دینناسیەوە کە لێکۆڵینەوە لەوە بکرێت ئایا ئەم ئازادیە بە پێچەوانەی باوەڕەوەیە؟ ئەوی تریان لە ڕووی سیاسیەوە کە دەبێ ببینین ئایا ئازادی فەلسەفاندن زیان بە بەرژەوەندیەکانی دەوڵەت دەگەیەنێت؟. بەڵام یەکەم ڕاستی کە سپینۆزا پێی دەگات  ئەوەیە پەیوەندیەک دەدۆزیەتەوە  لەنێوان دوژمنایەتی مەزهەبی یان بە دەربڕینێکی تر بە بەلاڕێدا بردنی دەقەکانی کتێبە پیرۆزەکان و ئەو خەڵکە ڕەشوڕووتەی ئەوانی دی دەیانەوێت ملکەچیان بکەن. ئاشکرایە سپینۆزا لێرەدا مەبەستی لێکۆڵیارانی پەیڕەوی کاڵڤین و دژ بە رۆمۆنترانەکانە* کە بە زیادکردنی دۆگمەکان بۆ مەزهەب- کە لەمەزهەبدا بوونی نیە- و بە هێنانی بدعەت و (هەڵسەنگاندنی ستەمکارانە) کە سەرپۆێشێکی خودایی بەسەردا دەدەن ، مەزهەب و ئازادی بیرکردنەوە بەیەکەوە لەناو دەبەن و دۆگمەکانی داهێنانی خۆیانە، وەک قسەکانی خوداوەند دەسەپێنن. ئەو ئابروو و پایەیەی لای خەڵکی هەیانە و ئەو دەسەڵاتەی لەم ڕێگەیەوە بەدەستی دێنن، جگە لە بێ حورمەتیکردن بە مەزهەبی ڕاستەقینە و گەندەڵبوون تیایدا هیچی تر نیە. کاری سپینۆزا شیکردنەوەی پرۆسەیەکە کە ئەمجۆرە هەڵگڕانەوەیەی تیا درووست دەبێت. لەبەرئەوە دەریدەخات کە لێکۆڵیارانی دینی  چۆن ئەو دەسەڵاتەیان پەیدا کردووە  و چۆن خەڵکیش ملیان بۆ داون، و چۆنیش ئەم گۆڕانکاریە یان لادانە لە ماناکانی کتێبی پیرۆزدا ڕووویدا.

لێکۆڵیارانی دینی بە تەحریفکردنی کتێبی پیرۆز ئەمجۆرە تەفسیرانە دەکەن. چونکە بڕوایان وایە (کتێبی پیرۆز کتێبی خودایە کە بەمشێوەیە لە ئاسمانەوە بۆ مرۆڤەکان دابەزیەوە). ستایشی ووشەکانی دەکەن و هەریەکەیان خۆی بە خاوەنی تاکە تەفسیری ڕاستی دەقەکەی دادەنێت و تەفسیرەکانی دیش وەک تاوان ڕەد دەکەنەوە. بەڵام تەفسیری حەرفی کتێبی پیرۆز، هەندێک بەشی لە ئالۆزی و دژبەیەکدا دەهێلێتەوە، و هەر لەم بەشانەشە کە ڵێکۆڵیارانی دینی هەندێک رەمز و نهێنی درووست دەکەن و بەمشێوەیە یەکەم کارێک کە دەیکەن تەحریفی عەقڵ وعەفەویەتە. ئەمانە بۆ دۆزینەوەی ئەو نهێنیانەی لە کتێبی پیرۆزدا دۆزیویانەتەوە و بۆ گونجاندنی ئەم نهێنیانە لەگەڵ پێشداوەریەکانی خۆیاندا، دۆگمی تازە دەهێنن و هەوڵدەدەن کتێبی پیرۆز، لەگەڵ قوتابخانە فەلسەفیەکاندا بگونجێنن، و بەمشێوەیە نەک فەلسەفە و مەزهەب، بەڵکو ئازادی بیرکردنەوە و قسەکردنیش لەناودەبەن.  بەمشێوەیە پەرستگاکانیش بوون بە جێگەیەکی نمایشی و چیدی لەوێوە نەک قسە و وتارەکانی دینداران، بەڵکو وتاری قسەکەرانی کەنیسە دەبیسترا کە هیچ نەیاندەویست شتێک فێری خەڵکی بکەن، بەڵکو دەیانویست  خەڵکی ستایشیان بکەن و پەیوەندی خۆیان لەگەڵ لادەرەکاندا (منحرف) ئاشکرا بکەن و جگە لە شتی تازە و نائاسایی، کە ببێتە هۆی سەرسامی خەڵکە ڕەشوڕووتەکە، هیچی دی بە خەڵک نەڵێنەوە). ئیلهامی سروشتی وەک ناپاکی تاوانبار دەکرێت و بیدعەتەکانی مرۆڤەکان، وەک تێزی خودایی دەناسێنرێت. باوەڕ بە ساوێلکەیی و خورافەت دادەنرێت و جیاوازی مەزهەبی لەناو کەنیسە و دەوڵەتەکاندا، توندترین هەستەکان و نیفاق و ئاژاوە درووست دەکات.

بەڵام خەڵکە ڕەشوڕووتەکە پەیڕەوەی لە پێشداوەری لێکۆڵیارە دینیەکان دەکەن، و دەبنە دیلی ئەو خورافەیەی کە (باڵادەستە بەسەر دەروونەکاندا). گەرچی لێکۆڵیارانی دین (ڕێگە دەگرن لەوەی مرۆڤەکان دەروونی خۆیان لەگەڵ فەلسەفەدا بگونجێنن)و واشدەزانن دەتوان میرەکانیش بکەنە پەیڕەوی پێشنیار و هەڵسەنگاندنەکانیان و واش لە خەڵک بکەن لێیان یاخی بێت، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێین ئەم ملکچیەی خەڵکە ڕەشوڕووتەکە، دەرئەنجامی کاری دەزگای لێکۆڵیارانی دین و نەبوونی ئازادی بیرکردنەوە لە وڵاتدا نیە، سپینۆزا دەیسەلمێنێت ئەو ئامادەیەی لەگەڵ دەسەڵاتی لێکۆڵیارانی دینیدا دەگونجێت، ڕەگ و ڕیشەی لەناو ماهیەتی مرۆڤدا هەیە، بە دەربڕینێکی تر ڕەگ و ڕیشەی لە بونیادی هەست و سۆزی مرۆڤدا هەیە. چونکە لە بنەڕەتدا خورافەت چیە؟ ئەوەی خورافەت پشتی پێ دەبەستێت، ناهوشیار بوونە بە هۆکانی شتە سروشتیەکان و هەروەها ئارەزووکانی مرۆڤ و سودخوازی مرۆڤ. سپێنۆزا تێبینی ئەوە دەکات مرۆڤەکان خوارافین، چونکە ( بێ ئاگا لە هۆکانی شتەکان لەدایک دەبن و بە حەزێکی زۆرەوە بە دوای شتێکدا دەگەڕێن کە سوودی بۆیان هەبێت و ئەمەش زۆر باش دەزانن). دەرئەنجامی ئەم بێ ئاگا بوونە ئەوەیە کەئامانج دەخەنە بری ناسینی هۆکان: سودخوازی دەبێتە ئامانجیان و خەڵکیش بێ ئاگایی خۆیان لە هۆی شتەکان، بە نەبوونی هۆ تەفسیر دەکەن. ئامادەیی خوارافەت، پێشداوەری مەبستگەریانە درووست دەکات کە نەک تەنیا بەسەر مرۆڤذا (کە پێیان وایە ئازادی ئیرادەی هەیە) بەڵکو بەسەر سروشتیشدا دەگونجێت.

مرۆڤەکان  لەو بیرۆکەیە ئەترسن و ئەتۆقن کە دەشێت شتێک لە سودمەندی لەدەستبدەن، و ئەمەش زۆرتر بە هەڵەی سروشت دەزانن تا هێزی خۆیان و لێرەوە توانای هەڵسەنگاندنی ئازادانە لەدەست دەدەن. لێرەوە خورافات ئامرازێکی سۆزداریە کە مرۆڤەکان لە ڕێگەیەوە هەموو شتێکی ناعەقڵانی ( بێ ئاگابوون لە هۆ سروشتیەکان یان نهێنیترین شاراوەکانی کە لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە) بە شتێکی بان عەقڵانی و بان سروشتی ڕاڤە دەکەن. مرۆڤەکان لە نێوان ترس و ئومێدا دێن و دەچن و بەمشێوەیە تەسلیمی ئەو دەسەڵاتانە دەبن کە بە بڕوای ئەوان لەهەمووان بەهێزترن، لەبەرئەوەی ئەو ئامرازانەیان لەبەردەستە ئەگەری باڵادەستیان بەسەر چارەنووس و دۆزینەوەی نهێنی و دەربرینەکانی کتێبی پیرۆزیان پێ دەبەخشێت.

لێرەوە بەرگری لە ئازادی باسکردنی فەلسەفە، پێویستی بە ڕزگاربوون لە پێشداوەری لێکوڵیارانی دین و هەروەها ڕزگاربوون لە خورافەت هەیە. هەر لەبەرئەمەش ئەم ئازادیە پێش هەموو شتێک بەستراوە بە تەفسیری کتێبی پیرۆزەوە بە میتۆدێکی ڕاستەقینە. کەوابوو پێویستە پێش هەموو شتێک کتێبی پیرۆز وەک بابەتێک کە قابیلی دەستپێگەیشتنە بناسین بۆ ئەوەی بتوانین ماهیەت و مانای مەزهەبی ڕاستەقینە ڕوون بکەینەوە و بزانین کە ئایا لەگەڵ شێوازی کار و هەڵوێستی لێکۆڵیارانی دیندا دەگونجێت؟

دەق:

هەموو دەڵێن کتێبی پیرۆز قسەی خوایە و خۆشبەختی ڕاستەقینە و رێگەی رزگاری فێری مرۆڤەکان دەکات. بەڵام شێوەی ڕەفتاری مرۆڤەکان شتێکی دیمان پێشان دەدات، چونکە پێدەچێت خەڵکی بە هیج خۆشبەخت نەبن، بەوە نەبێت ژیانی خۆیان بە پێی تێزەکانی کتێبی پیرۆز رێک بخەن. بەڵام تێبینی ئەوەمان کردووە کە بە گشتی هەمووان بیدعەتەکانی خۆیان دەخەنە بری قسەکانی خودا و تەنیا بە سەرپۆشی مەزهەب دەیانەوێت ئەوانی دی بە هاوبیری خۆیان ناچار بکەن. تێبینی ئەوە دەکەین کە زوربەی لێکۆڵیارانی دین دەیانەوەێت بە تەحریفکردنی کتێبە پیرۆزەکان، بیدعەت و پێشداوەریەکانی خۆیان لەو کتێبانە بهێننە دەرێ و بیخەنە پاڵ دەسەڵاتی ئیلاهی. کەمترین وەسواس و زۆرترین پێداگریان تەنیا لە تەفسیری کتێبی پیرۆزدایە، واتە تەفسیری بیرۆکەی رۆحی قودسە. هیچ سڵ لەوە ناکەنەوە کە لەم ڕێگەیەوە تیورەی هەلە و پوچ بخەنە پاڵ رۆح ئەلقدس و لە ڕێگەی ڕزگاری دوور کەونەوە. بەلام لەوە دەترسن خەڵکی دی بە هەڵەیان بزانن و لە ئەنجامدا دەسەڵاتی خۆیان لە لایەن نەیارەکانیانەوە لەدەست بدەن، و ئەوانی دی بە سوک سەیریان بکەن. بێگومان گەر مرۆڤەکان لە شایەت هێنانەوە لە کتێبی پیرۆزدا راستگۆ بوونایە، ڕێگەیەکی دیان لە ژیاندا دەگرتەبەر، دەرونیان لە جیاوازیەکان  توشی هەژان نەدەبوو و بەو هەموو ڕقەوە بەگژ یەکدا نەدەچوون، و مرۆڤێکی نابینا و یاخی کە دەیەوێت کتێبی پیرۆز تەفسیر بکات و بە دۆزینەوەی شتی تازە لە مەزهەبدا بگات، کۆنتڕۆڵی نەدەکردن. بە پێجەوانەوە نەیاندەوێرا شتێک  جگە لە تێزە ڕوونەکانی ئەو کتێبە وەک ڕێبازی کتێبی پیرۆز قەبوڵ بکەن، و دواجار ئەم بێ حورمەتیکەرانە بە پیرۆزیەکان کە هیچ سڵ لە تەحریفکردنی کتێبی پیرۆز ناکەنەوە، ئەم تاوانەیان ئەنجام نەدەدا و خۆیان لە بێ حورمەتی کردن بە پیرۆزیەکان دەپاراست. تەماعی تاوانکارانە بۆتە هۆی ئەوەی مەزهەب بەرلەوەی پەیڕەویکردن لە تێزەکانی ڕۆح ئەلقدس بێت، بەرگریکاری بیدعەتەکانی مرۆڤ بێت و لەمەش خراپتر لەبری بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی لەنێوان مرۆڤەکاندا، و لەژێر پەردەی غیرەی ئیلاهی و دەمارگیری تونددا، ترسناکترین نیفاق و ڕق و کینە بڵاو بکاتەوە. سەرەڕای ئەم خراپیانە، خورافەتیشی هاتەسەر، کە فێری سوککردنی سروشت و عەقڵ دەکات و ستایشی هەموو شتێک کە دژیانە. هەروەها جێگەی سەرسوڕمان نیە کە خەڵکی بەمەبەستی ستایشی زیاتری کتێبی پیرۆز، بیانەوێت بەجۆرێک تەفسیری بکەن کە تا دوا سنووری مومکین لە کتێبی پیرۆزدا شاراوەیە و هەموو توانای خۆیان بۆ دۆزینەوەی تەرخان دەکەن، سودخوازی بەقوربانی بێهودەیی دەکەن. ئەوەی بەم  وڕێنەیە دایدەهێنن، دەیگەڕێنەوە بۆ ڕوح ئەلقدس و هەوڵدەدەن بە هەموو هێزی خۆیان و بە حەماسەتەوە بەرگری لێ بکەن. بەڕاستی مرۆڤەکان بەمشێوەیەن: ئەوەی بەهۆی تێگەیشتنی پەتیەوە تێی دەگەن، تەنیا لەڕێگەی تێگەشتن و عەقڵەوە بەرگری لێدەکەن، و بە هەست و سۆزیش بەرگری لەو بڕوا ناعەقڵیانە دەکەن کە لە کاریگەری دەروونیەوە وەریان گرتووە. بۆ ئەوەی لەم سەر دەرگومیە ڕزگارمان بێێت، بۆ ئەوەی بیری خۆمان لە پێشداوەری لێکۆڵیارانی دین ڕزگار بکەین و بێ دووربینی، بیدعەتەکانی مرۆڤ بە تێزەکانی خوادوەند نەزانین و نەبین بە بەشێک لێیان، دەبێت بە میتۆدی ڕاستەقینە تەفسیری کتێبی پیرۆزبکەین و بە جێگەیەک بگەین کە دیدێکی ڕوونمان بۆی هەبێت. لەڕاستیدا تا ئەوکاتەی ئەم ناسینە بەدەست نەهێنین، ناتوانین دەستمان بەو شتانە بگات کە کتێبی پیرۆز و رۆحی قودس دەیەوێت فێرمان بکات.

* رۆمنترانەکان (remontrants) گروپێکی مەسیحی پەیڕەوەی جاکوب ئارمینۆس بوون کە لەسەرەتای سەدەی حەڤدەهەمدا لە هوڵەندا چالاک بوون ، بەرگریەکی سەختیان دژی بزوتنەوەی توندرەوی کالڤینەکان کرد. بارەگەکەیان لە شاری ڕۆتردام بوو.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨