فارابی و ڕۆشنگەریی عەرەبی

نووسینی:هاشم ساڵح

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

فارابی، لە زمانی عەرەبیدا، دوای کندی، بە دووەم فەیلەسوفی گەورە دادەنرێت و پێش ئیبن سینا دێت کە لە ڕووی زەمەنییەوە، لە پلەی سێیەمدایە. فارابی دوای ئەوەی لە فاراب و بوخارا، دەست بەخوێندن دەکات، بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی دەڕوات بۆ بەغداد. لەو ڕۆژگارەدا بەغداد پایتەختی دونیا بووە. هەر بۆیە هەمو بلیمەتەکان، یان ئەوانەی هەوڵیانداوە ببن بە بلیمەت، پێویست بوو لەسەریان ڕوو بکەنە بەغداد. دروست وەک پاریس یان لەندەن یاخود نیۆیۆرک لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا. فارابی لەوێ، لە بەغداد، هەم خوێندوویەتی و هەم بۆ ماوەیەکی درێژ کاریکردووە، تا ئەو ڕادەیەی وەک عێراقییەکی لێهاتووە. ڕەنگە لەبەر ئەم هۆکارەبێت، لە ئێستادا لە بەغداد زانکۆیەکی ئەهلی بەناوی: زانکۆی فارابی هەیە.

فارابی لە میانەی ئەم ماوە دوور و درێژەدا، فێری چەندین زمان بووە، لە زۆرێک لە لقەکانی مەعریفەدا قووڵ بووەتەوە، لەوانە مەعریفەی زانستی یان مەعریفەی فەلسەفی. حوکمی شەش خەلیفەی یەک لە دوا یەکی عەباسی بینیوە. دواتر دەڕوات بۆ حەڵەب و لەوێ نیشتەجێ دەبێت، دەبێتە کەسێکی نزیک لە شازادە بەناوبانگەکەی حەڵەب “سەیف ئەلدەولەی ئەلحەمەدانی/ سیف الدولە الحمدانی”. حەتمەن لەوێ موتەنەبی بینیوە و ناسیویەتی، چونکە کۆشکی سەیف ئەلدەولە، پڕ بووە لە کەسانی بلیمەت. پاشان لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا، گەڕاوەتەوە بۆ دیمەشق، ساڵی 950، لە تەمەنی نزیکەی هەشتا ساڵیدا، هەر لە دیمەشق کۆچی دوایی دەکات. ئەم تەمەنە بۆ ئەو ڕۆژگارە، تەمەنێکی زۆر درێژ بووە و هاوتایە بە سەد ساڵی ئێستا.

فارابی لە ماوەی ئەو ژیانە دوور و درێژەیدا، ژیانێکی کولەمەرگی و زاهیدانە ژیاوە، هاوسەرگیری نەکردووە، بەدوای پارە و سەروەت و ساماندا ڕاینەکردووە. وەک ئەوەی زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی عەرەب و غەیرە عەرەب دەیکەن. دەوترێت فارابی ڕۆژانە تەنها داوای چوار پەنجایی لە سەیف ئەلدەولە کردووە، ئەوەندەی بەس بووە بۆ پەیداکردنی قوتی ڕۆژانەی. لەوە زیاتر ڕازی نەبووە هیچی دی وەربگرێت. خۆ ئەگەر بیویستایە، دەیتوانی زێڕ و زیو بەدەستبێنێت و ببێتە خاوەنی بەڕو بەحر. یەکێک لە سیفەتە جوانەکانی، ئەوە بوو زۆربەی کاتەکانی، لە کێڵگە و بێستانەکان و لەسەر کەناری ڕووبارەکان بەسەر بردووە. باشە ژیانێک هەیە لەو ژیانە جوانتر؟ فارابی حەزی لە تەنهایی و گۆشەگیری کردووە، تاکو بە تەنها هەر خۆی بێت و بە تەواوی خۆی بۆ تێڕامان و تێفکرین تەرخان بکات و ئەو بەرهەمانە بنووسێت کە سەرتاپای جیهانی عەرەبی و ئیسلامی، ڕوناک کردووەتەوە.

کۆکردنەوەی نێوان زانست و ئیمان

مەعریفەی فارابی، مەعریفەیەکی ئینسایکلۆپیدیایی بووە، هەمو ئەو زانستانەی لەخۆگرتووە کە لەسەردەمەکەیدا بوونیان هەبووە. تەماشای کتێبەکەی “احصاء العلوم” بکە، لەبەر ئەوەیە، دوای ئەرستۆ، نازناوی مامۆستای دووەم-یان پێبەخشیوە. لەم بوارەدا کەس نەبووە شان لە شانی بدات. مەگەر ئیبن سینا نەبێت، کە سەدەیەک یان زیاتر دوای فارابی هاتووە. بەڵام ئیبن سینا تەنها پەنجا و حەوت ساڵ ژیاوە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، بە بوونی و بە بلیمەتییە کڵپەدارەکەی، گەردوونی ڕوناک کردەوە. هەرچی فارابی-یە، تەمەنێکی درێژ ژیاوە، ئەم تەمەنە درێژەی، دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساند مەعاریف و زانستێکی هێجگار زۆر ببینێت.

بە کورتی و بە پوختی، دەتوانین بڵێن فارابی فەیلەسوفێک بوو، پێش هەمو شتێک کەوتبووە ژێر کاریگەری فیکری گریگ، واتە فیکری ئەفلاتون و ئەرستۆ. فارابی پێیوا بوو ئەو دوانە، حەقیقەتی ڕەهایان، بۆ یەکجار و بۆ ئەبەد دۆزیوەتەوە. لەبەر ئەوە، هەمو ئەوانەی دوای ئەوان دێن، دەبێت بە هەمان شوێن پێی ئەواندا بڕۆن. فاربی ئاینی ئیسلام و عەقڵانییەتی گریکی پێکەوە کۆکردەوە، واتە  نێوان زانست و ئیمانی پێکەوە کۆکردەوە، وەک ئەوەی ئێمە ئێستا وا دەڵێین. مەزنی فاربابی ئا لێرەدایە. بگرە کار گەشتە ئەوەی، فاربی حەقیقەتی فەلسەفی، خستبووە پێش حەقیقەتی مەزهەبی یان عەقائیدی. ئەمە بۆ ئەو ڕۆژگار و زەمانە، شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش بووە. ئەمە مانای وایە، ئەو پێش ڤۆڵتێر و کانت، دەستی بۆ ڕۆشنگەریی بردووە. ئێمە بەشێوەیەکی گشتی پێمانوابوو، ئیبن ڕوشد، لە مێژووی ئیسلامدا، گەورەترین فەیلەسوفی عەقڵانییە. بەڵام ئەوە هەرگیز ڕاست نییە. فارابی لە مێژوویی ئێمەدا، یەکەم و گەورەترین فەیلەسوفی عەقڵانییە. سەرباری ئەوە، فارابی جگە لە ئیسلام، شارەزاییەکی باشی لە عەقیدە و سەرجەم ئاینەکانی دیکەدا هەبووە. هەر ئەمەشە جیاوازی ئەو لەگەڵ فوقەها داخراوەکانی دیکە، کە خۆیان لەناو مەزهەبەکانیان و تائیفەکانیاندا بەندکردووە. لە ڕاستیدا، تایبەتمەندییە سەرەکییەکەشی ئا لێرەدایە. هەر ئەوەشە لە ئیبن ڕوشدی جیادەکاتەوە. هەرچەندە ئیبن ڕوشد، شارەزاییەکی باش و کرانەوەیەکی گەوەری بەڕووی فەلسەفەی یۆنانیدا هەبوو، لێ لەگەڵ ئەوەشدا، لە قووڵایی ناخیدا، وەک فوقەهایەکی تووندڕەو مابوەوە. فارابی- موسڵمان- بەڕووی ئاینەکانی دیکەدا کراوە بوو، شوێنکەوتوانی ئاینەکانی دیکەی تەکفیر نەدەکرد، لەمەشدا پێچەوانەی ئیبن ڕوشد بوو. فارابی لەو باوەڕەدا بوو، لەم جیهاندا، چەندین ئاینی ڕاست و دروست هەیە، نەک تەنها یەک ئاین. خەڵکانی باش و چاکەخواز و خاوەن مۆراڵی ڕاستەقینە، لە هەمو ئاینەکان و لە کۆی کۆمەڵگاکاندا، بوونیان هەیە. بە هەمان شێوە خەڵکانی خراپ و لادەر، لە هەمو ئاینەکان و کۆمەڵگاکاندا بوونیان هەیە. ڕەنگە هەندێک خەڵکی ئاینەکەی ئێمە، سەخیفترین کەس بن.

لێرەوە فارابی، وانەیەک لە لێکبوردەیی ئاینی و کرانەوەی فیکری پێبەخشین کە پێشتر نموونەی نەبووە. خۆزگە لە ئێستادا، گرنگی و بایەخ بەم وانەیە دەدەین و بیری خۆمانی دەخەینەوە، تاکو لە ڕێگەیەوە، ڕووبەڕووی بزاوتە دەمارگیر و داخراوەکان ڕاوەستین. فارابی سەلماندی ئەگەری ئاشتبوونەوە، لە نێوان عەقڵ و نەقڵ یان لە نێوان فەلسەفە و ئاین هەیە. پێی وتین ئێمە ئەگەر بە شێوەیەکی باش لە ئاین تێبگەین- واتە بەشێوەیەکی عەقڵانی- ئەوا دەمارگیریی لە کۆمەڵگادا کۆتایی پێدێت و چیدی، گرفت و کێشە لە نێوان ئاینەکان و تائیفەکاندا نامێنێت و دروست نابێت. ئا ئەمە ئەو وانە سەرەکییەیە کە فارابی، لە میانەی کارەکانی و بەرهەمە فەلسەفی و سیاسییە زۆرەکانی، بۆمانی بەجێهێشتووە. ئەو لێکدانەوەیەکی عەقڵانی ڕۆشنگەریی بۆ ئاینی ئیسلام خستەبەردەست. بەمەش، بە هەمان ئەو ڕێچکەیەدا ڕۆشت کە پێشتر یەکەم فەیلەسوفی عەرەب “ئەلکندی” پێیدا ڕۆشتبوو. فەیلەسوفێک هەمیشە لەلایەن ئەوانەی بازرگانی بە ئاینەوە دەکەن، هێرشی کراوەتەسەر.

شارە یۆتۆپیاییەکەی فاربی

فارابی لەو بڕوایەدا بوو، حەقیقەتە فەلسەفییەکان، گەردوونین؛ واتە بەسەر هەمو مرۆڤایەتیدا پراکتیز دەکرێت، ئاین و مەزهەبەکەیان هەرچییەک بێت. ئەمە پێچەوانەی ئاینەکانە، کە حەقیقەتەکانیان، تەنها بەسەر شوێنکەوتوانیاندا جێبەجێ دەکرێت. جیاوازی سەرەکی لە نێوان حەقیقەتی فەلسەفی و حەقیقەتی ئاینی، ئالێرەدایە. ڕێنماییە فەلسەفییە عەقلانی و لۆژیکییەکان، بەسەر موسڵمان و مەسیحی و جوولەکە، بێ هیچ جیاکارییەک، پراکتیز دەکرێت. چونکە  عەقڵ خوداکەیەتی، عەقڵیش هاوبەشە لە نێوان هەمو خەڵکیدا و تایبەت نییە بە شوێنکەوتوانی تائیفەیەک یان تەنها ئاینێک. ئەم قسانە وتەیەکی بەناوبانگی دیکارت-مان بیردەخاتەوە: عەقڵ دادپەروەرترین شتە کە لە نێوان خەڵکیدا دابەشکراوە. کەواتە فارابی پێش دیکارت، گەشتووەتە ئەم فیکرە بنەڕەتییە.

ئا لەبەر ئەوەیە، دەڵێین ڕۆشنگەریی عەرەبی، بە چەندین سەدە، کەوتبووە پێش ڕۆشنگەریی ئەوروپی. بگرە ڕۆشنگەریی عەرەبی رێگای بۆ ڕۆشنگەریی ئەوروپی خۆشکرد. بەڵام جیاوازی هەیە لە نێوان ئەو کەسەی عەقڵی بەکاردەهێنێت و گەشە بە زانست و کۆی دۆزینەوەکان دەدات، لەگەڵ کەسێک عەقڵی خۆی ڕەتکردووەتەوە و تەسلیمی خورافات و نوشتە و جادوگەریی بووە. وەک ئەوەی لە سەردەمی پاشەکشەدا، بەسەر ئێمەدا هات و ڕووناکی جیهانی ئیسلامی، بەتەواوەتی کوژایەوە. ئیدی ئا لەو ساتەوەختەدا، ئەم دروشمە بەناوباگە بڵاوبوەوە: ئەوەی بە لۆژیک بیریکردەوە دەبێت بە زەندیق، یان ئەوەی لافی فەلسەفە لێدەدا، دەکەوێتە بەر نەفرەتی خودا… هتد.

بگرە ئەم پاشەکشەیە، تاکو ئێستاش و لەم سەردەمەی ئیخوان و داعشەکان و تاریکبینەکانی دی، بەردەوامە. بەڵام خۆشبەختانە، لە وڵاتانی ئەم ئومەتەدا، پەڵەی ڕووناکی زۆر هەیە، گڵۆپەکان لێرە و لەوێ، سەرلەنوێ دەستیان بە داگیرسان کردووەتەوە. هیچ گومانی تیانییە، ڕێنیسانسی عەرەبی لە هاتندایە. لێرەدا بۆ ساتێک ڕادەوەستم، تاکو دەستخۆشی لەو بڕیارانە بکەم کە بەم دواییانە لە وڵاتی سعودییە، بۆ بەرژەوەندی خوێندنی فەلسەفە و فیکری ڕەخنەیی، دەرکراون. هەروەها بۆ چەسپاندنی بەهای لێکبوردەیی و لەیەکتر گەیشتن لە ناوەندە خوێندکارییەکان و زانکۆکاندا دەرکراون. لەبەر ئەم هۆکارەیە، وەزارەتی پەروەردە، کتێبەکانی حەسەن بەنا و سەید قوتب و مەودودی و سەرانی دیکەی ئیخوانی، لەبەردەست لابردووە. ئا لێرەوە دەست پێدەکەین: یا ئیسلامی ڕۆشنگەر یاخود ئیسلامی تاریکبین. هەزار جار ئەم قسەیەمان کردووە!

سەبارەت بە فیکری سیاسی، دەکرێت ئەمەی خوارەوە بڵێین: کاتێک ئەو بیرۆکە و بیروڕایانە دەخوێنینەوە کە لە کتێبە ناسراوکەی ئەفلاتون دا هاتووە” کۆمار”، تێدەگەین فارابی چەند کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەو کتێبە. ئەم کاریگەرییە بە ڕوونی لە کتێبەکەی فارابیدا ڕەنگیداوەتەوە: “بیروڕاکانی دانیشتوانی شارە یۆتۆپیاییەکە/ اراء اهل المدینة الفاضلة”. شارە یۆتۆپیاییەکە، ئەو شارەیە کە فەیلەسوفێکی عاقڵ بە تەواوەتی حوکمی دەکات، دروست وەک ئەو حاڵەتەی لە کۆمارەکەی ئەفلاتوندا باسکراوە. تاقە جیاوازی نێوانیان، ئەوەیە ئەوەی یەکەمیان ئیماندار بوو، لەلایەکەوە نبوەت و وەحی پێکەوە کۆدەکردەوە، لەلایەکی دیکەوە عەقڵ و حیکمەتی فەلسەفی پێکەوە گرێدەدا. هەرچی ئەوەی دووەمیانە، وەسنی بوو، هەر بۆیە باوەڕی بە یەزدان و بڵندگەرایی یەزدانی نەبوو. بەڵام یاساکانی کۆماری ئەفلاتون، بە کەمەکێک هەموارکردنەوە، دەکرێت لە کۆمارە ئیسلامییە یۆتۆپییەکەی فارابیدا جێبەجێ بکرێت.

لێرەوە فارابی وەک نمونەیەکی باڵا، باسی لە ئاینی گەردونی کردووە. ئەوە ئاینێکە سەرجەم ئاینە تایبەتەکان تێدەپەڕێنێت و هەر هەمویان لەخۆدەگرێت. ئەوە ئاینێکە بەسەر کۆی مرۆڤایەتیدا پراکتیزە دەکرێت، وەک ئەوەی پێشتر ئاماژەمان پێدا. چونکە لە یەککاتدا، نبوەت و لۆژیک و حیکمەتی فەلسەفی، پێکەوە کۆدەکاتەوە. کەواتە ئەو ئاینە، ئیسلام و مەسیحی و جولەکە و ئاینەکانی دیکەش لەخۆدەگرێت. ئا بەم شێوەیە دەبینین فارابی، یارمەتیمان دەدات جەنگە ئاین و مەزهەبییەکان تێپەڕێنین کە لەمڕۆدا هەڕەشە لە جیهان دەکەن. فارابی پێش بیرمەندی سویسری هاوچەرخ “هانز کۆنگ” ئەم دروشمە بەناوبانگەی بەرزکردووەتەوە: بێ بوونی ئاشتی لە نێوان ئاینەکان، ئاشتی لە جیهاندا نایەتەدی.

لێرەدا ڕێگەم بدەن دەستخۆشی لە (ماڵی خێزانی ئیبراهیمی/ بیت العائلە الابراهیمیە) لە ئەبو زەبی، پایتەختی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو بکەم. ئەوە پرۆژەیەکی ئیمانی ڕۆشنگەریی زەبەلاحە، ئەو پرۆژەیە بۆ یەکەمجارە بەم شێوەیە، بەشداردەبێت لە بڵاوکردنەوەی فیکری لێکبوردەیی و جێگیرکردنی لە جیهانی عەرەبیدا. ئەو وێنە ڕەشەی داعش دەگۆڕێت کە بەم دواییانە جیهان لەسەر ئێمە دروستی کردووە و ڕووخسارە ئەخلاقی و مرۆییە ڕەسەنەکەی ئێمەی لەکەدار کردووە: (کنتم خیر امە اخرجت للناس) یان (انما بعثت لاتمم مکارم الاخلاق)، هەمو ئەوانە بۆ کوێ چوون؟ تۆ بڵێی با بردبنی؟ مەحاڵە. پێویستە ئەوانە بگەڕێنەوە. حەتمەن ئەو سیاسەتە ڕۆشنگەرییەی هەنوکە لە سعودییە و ئیمارات و بەحرێن گیراوەتەبەر، بەشداردەبێت لەم گەڕانەوەیەدا و دەچنەوە سەر ڕێگا ڕاست و دروستەکە.

دواجار، دەکرێت بڵێین کتێبی: “اراء اهل المدینة الفاضلة”، بریتییە لە بەشداریی کردنێکی گەورە، لە پێناو گەڵاڵەکردنی زانستی سیاسەت، هەروەها زانستی کۆمەڵناسی. ئەمە بە ماوەیەکی زۆر پێش دەرکەوتنی ئیبن خەلدون، چ جای دۆرکهایم و ماکس ڤێبەر. جگە لەوە دەکرێت بڵێن فارابی، یەکەم فەیلەسوفی موسڵمانە، ئەو هەمو بایەخە بە کاروباری سیاسەت دەدات و بانگەشەی دامەزراندنی حکومەتی شارە یتۆپیاییەکە دەکات، لەسەروی هەمویانەوە فەیلەسوفێکی حەکیم هەبێت، نەک پیاوانی ئاینی. ئاین کایەی خۆی هەیە و سیاسەتیش کایەی خۆی هەیە. نابێت لە گەورە و بچوکدا، ئەم دوو کایەیە تێکەڵ بەیەکتر بکرێن. وەک ئەوەی لە ئێستادا بزاوتەکانی ئیسلامی سیاسی دەیکەن. لێرەدا، زۆر بە ڕوونی کاریگەری ئەفلاتون لەسەر فارابی دەبینین، وەک ئەوەی پێشتر ئاماژەمان پێدا. لە زمانی ئێستاماندا، مەبەست لە حکومەتی یۆتۆپی، حکومەتی باس و ڕەشیدە.

سەرچاوە

الشرق الاوسط، چوارشەمە، 25 کانونی یەکەم، 2020