دە ڕاسپاردەکەی فەلسەفە

سەعید ناشید

لە عەرەبییەوە: هەڵکەوت عەبدوڵڵا

ڕاسپاردەی یەکەم: خۆت بناسە

ئەم پرسە پەیوەندی بە دەستەواژەیەکی سوکراتەوە هەیە، کە لە پەرستگەیەکی کۆنەوە ئیلهامەکەی وەرگرتووە و مانای ئەمانەی لای خوارەوەیە:

–  پێویستە ئەو جلوبەرگە بپۆشیت کە گونجاوە لەگەڵ ڕووخساری خۆتدا.

–  پێویستە بەو سیستەمی خۆراکە ئاشنابیت کە گونجاوە لەگەڵ تەندروستیی خۆتدا.

–  پێویستە بەو پێکهاتنە ئاشنابیت کە گونجاوە لەگەڵ بەرزەخواستی خۆتدا.

–  پێویستە بەو هەڵسوکەوتە سێکسییە ئاشنابیت کە گونجاوە لەگەڵ ئارەزووەکانی خۆتدا.

–  پێویستە بەو توانایانە ئاشنابیت کە گونجاوە لەگەڵ پلەوپایەی خۆت.

بە دەربڕینێک کە نیچە لە شاعیرێکی کۆنەوە ئیلهامەکەی بۆ هاتووە: «دەبێت خودی خۆت بیت. ئەمە پرسەکەیە.»

ڕاسپاردەی دووەم: وابکە خودت گەشە بکات

هەر بوونەوەرێک کاتی لەدایکبوون ویستی پەرەسەندن لە ناخیدایە (سپینۆزا، نیچە و برگسۆن…). گرفتی مرۆڤ لەوەدایە کە پێداویستییەکانی تەنیا ڕەهەندی جەستەییان نییە (ئاو، خۆراک، نیشتگە و سێکس)، بەڵکو ڕەهەندی کولتووریش لەخۆ دەگرێت (چێژوەرگرتن، خۆشەویستی، جوانی و داهێنان)، وردەکارییەکانیشیان لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە. هەر کەسێک بە تەنیا لە گەشەکردندا شت هەیە سوودی پێ دەگەیەنێت، شتیش هەیە سوودی پێ ناگەیەنێت، جا ئەوە لە ڕووی چێژوەرگرتنەوە بێت، یان مەزاج، یان جینەکان، یاخود ڕێکەوتەکانی ژیان. گەشەکردنی ژیاری مرۆڤایەتی بەری گەشەکردنی هەر کەسێکە بە تەنیا. بەم مانایە، کاتێک پەرە بە خودی خۆم دەدەم، بەشداری دەکەم لە گەشەپێدانی توخمی مرۆییدا، بەڵام ڕەچاوی ئەوە دەکرێت کە میکانیزمەکانی پەروەردەکردنی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگە موحافەزەکار و داخراوەکاندا، لە ڕێگەی میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنەوە ئاستەنگ بۆ پەرەسەندن دروست دەکەن و لەباری دەبەن، دواتر دەبنە مایەی داڕمانی ژیاری ناوچەیی و لەوانە بەشداری بکەن لە داڕمانی ژیاری مرۆڤایەتیشدا. چۆن وا دەکەم خۆدم گەشە بکات؟ سێ وەڵامی جەوهەری لە مێژووی فەلسەفەدا هەن، کە دەبێت لە پەروەردە، خوێندن، رووناکبیری و ڕاگەیاندندا ئامادەبن:

١- پەرەدان بە خرۆشانە دڵخۆشکەرەکان (خۆشەویستی، شادمانی…)، نەک خرۆشانە پەژارەهێنەکان (ترس، ڕق…)- بیرکردنەوەی سپینۆزا.

٢- پەرەدان بە غەریزەکانی هەڵکشان (بەرزەخواست، داهێنان…)، نەک غەریزەکانی تێکشکان (هەستکردن بە گوناهباری،  ڕق و کینە…)- بیرکردنەوەی نیچە.

٣- پەرەدان بە هێزی خۆشەویستی (ئیرۆس)، نەک هێزی مردن (ساناتۆس)- بیرکردنەوەی فرۆید.

باقییەکەی تەنیا وردەکارییە.

ڕاسپاردەی سێیەم: ئەقڵی خۆت بەکاربهێنە

چوار پاساو بۆ ئەمە بەسە:

یەکەم: ئەقڵ وەک ئۆرگانەکانی تر کارنەکات دەمرێت.

دووەم: مرۆڤ ئاژەڵێکی ئاقڵە، بۆیە کاتێک ئەقڵت پەک دەخەیت، بە ناوەکەت نەبێت بوونەوەرێکی ئاقڵ نابیت.

سێیەم: ئەقڵ سەرچاوەی فرمانکردنی ئەخلاقیە (دەبێت ئەمە، یان ئەوە بکەیت). کاتێک ئەقڵت پەکی دەکەوێت، ئەوا هیچ فرمانێکی ئەخلاقی لە ناخی خۆتەوە وەرناگریت و تەنیا لەبەر ترسان لە سزادان یان خواستی پاداشتوەرگرتن هەڵسوکەوتی باش دەکەیت، هاوشێوەی ئەخلاقی کۆیلەکان (بیرکردنەوەی کانتی و نیچەیی).

چوارەم: ئەقڵ ئامرازی کۆنترۆڵکردنی خرۆشانەکانە. کاتێک خرۆشانەکان زاڵدەبن بەسەردتدا: تووڕەبوون، ترسان، خەمباری، ئیرەیی…هتد، دووچاری بەدبەختیی هەمیشەیی دەبیت (بیرکردنەوەی ئەفڵاتونی و ئاسۆی سپینۆزایی).

پوختە: فەلسەفەی هاوچەرخ لەسەر ئەوە کۆکە، کە ئەقڵ توانایە نەک جەوهەر و تەنیا لە کاتی بەکارهێناندا ئەقڵ دەبێت. بۆیە ئەگەر ئەقڵی خۆت بەکارنەهێنیت، ئەوا مرۆڤێکی ئاقڵ نابیت، هاووڵاتیەکی خوڵقێنەر نابیت و کەسێکی بەختەوەر نابیت.  پاساوەکەش لێرەدا بەسە.

ڕاسپاردەی چوارەم: خۆت کۆنترۆڵی خۆت بکە

لە ئەفلاتۆن و رەواقی و ئەبیقورییەکانەوە ڕاسپاردەیەکی سەرەتایی هەڵدەهێنجین، کە دەڵێت: “فێری ئەوە بە خۆت کۆنترۆڵی خرۆشانەکانت بکەیت.”

لە کانت-ەوە دووەم ڕاسپاردە هەڵدەهێنجین، کە دەڵێت: “وەها هەڵسوکەوت بکە، وەک ئەوەی خۆت یاساکان بۆ خۆت دابنێیت.”

لە مێژووی فەلسەفەدا کۆکبوون دەربارەی ئەوە هەیە، پرسی ئەخلاقی، کە پێت دەڵێت: «ئەمە بکە و ئەوە مەکە»، لە ناخی خۆتەوە سەرچاوە دەگرێت، جا ئەوە لە زکماکەوە بێت (بەپێی روسۆ)، یان لە ویژدانەوە (بەپێی دۆرکهایمەر)، یاخود لە ئەقڵەوە (وەک کانت جەختی لەسەر دەکاتەوە). ڕوونکردنەوەیەکی کانت-یانە هەیە، کە دەڵێت: پرسی ئەخلاقی هیچ ئامانجێکی تر پاساوی بۆ ناهێنێتەوە (پێویستە چونکە پێویستە. نوقتە سەری دێڕ). بۆ نموونە، کاتێک بە پاساوی ئەوەی بڕە پارەکە هاندەر نییە، یان لە ترسی زیندانیکردن و سڵکردنەوە لە سزای خوا دزی ناکەیت، ئەوا گوێدێرییەکەت ئەخلاقیانە نییە، چونکە ئەرکەکە لەم بارەدا بۆ خۆی ئامانج نییە و لە ئەقڵەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو لە خرۆشانەوە (ترس، چاوچنۆکی، بێدەسەڵاتی…هتد) ڕێچکەی گرتووە.

کاتێک کانت دەڵێت «ئەقڵت بەکاربهێنە»، لەبەر ئەوەیە کە ئەقڵی پەککەتوو هیچ پرسێکی ئەخلاقی لێ ناوەشێتەوە، دواجار کەسەکە تەنیا لە کاتی بوونی پاداشت و سزا دا، وەک ئەخلاقی کۆیلەکان، باش هەڵسوکەوت دەکات. واتە ئەخلاق لەسەر بنەمایەکی عەلمانی نەبێت دانامەزرێت. ئەمەش سەرەنجامی ڕاستەوخۆی تێڕوانینەکەی کانت-ە، بێ گوێدانە نییەتە ڕاستەقینەکانی.

ئەخلاق لەسەر بنەمای بەڵێن و هەڕەشە دانامەزرێت، چونکە وادەکات ئەخلاق لە دەرەوەی خود ڕێچکە بگرێت. ئەمە ئەو شتەیە کە عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب بەئاگا بوو بەرامبەری، کاتێک وتی: “ئەو میللەتەی لە ترسا خوا دەپەرستن وەک کۆیلەکان ڕەفتار دەکەن، ئەو میللەتەی لەبەر چاوچنۆکی خوا دەپەرستن وەک بازرگان ڕەفتار دەکەن، بەڵام ئەو میللەتەی سوپاسگوزارانە خوا دەپەرستن ئازادانە ڕەفتار دەکەن». هەندێک سوفیگەر وریابوون بەرامبەر بەمە، بۆیە پاداشت و سزایان لە بازنەی عیشقی خودایی کردە دەرەوە. ئەمەش لە فەرمایشێکدا هاتووە، کە دەگێڕرێتەوە بۆ پێغەمبەر و دەڵێت: «لە دڵت بپرسە، لە خۆت بپرسە».. هەروەها دەڵێت: «چاکەکاری ئەوەیە کە ڕۆح هێور دەکاتەوە و دڵ دڵنیا دەکاتەوە، خراپەکاریش ئەوەیە کە ڕۆح هێورناکاتەوە و دڵ دڵنیاناکاتەوە…» ئەحمەد گێڕاویەتەوە.

ڕاسپاردەی پێنجەم: بۆ ئەوەی بیربکەیتەوە دەبێت بەگومان بیت

چەند دەرهاویشتەیەکی بنچینەیی:

سوکرات نە مژەبەخش بوو نە هەڕەشەکەر، هەروەها بازاڕی بۆ هیچ کامێک لە ڕاستییەکان گەرم نەدەکرد، بەڵکو ڕۆڵی ئەوەی دەگێڕا وا لەوانە بکات کە گفتوگۆیان لەگەڵ دەکرد گومان لە بڕواکانی خۆیان بکەن، ئەوەش هەندێک جار لە ڕێگەی گاڵتەپێکردنەوە، گاڵتەکردنێک کە دەری دەخست دڵڕەقیی گومانکردن بەتاڵ نییە لە سەرمەستیی ڕۆحی شادمان.

دیکارت بە دەستەواژەی “من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم” بەناوبانگە، بەڵام دەستەواژە بنچینەییەکەی یەکسەر پێش ئەو دەستەواژەیە دەکەوێت و بریتییە لە “من گۆمان دەکەم، کەواتە من بیر دەکەمەوە”. چونکە جگە لە گۆمانکردن هیچ ئاماژەیەک بۆ بیرکردنەوە نییە. کاتێک دیکارت دەڵێت: “ئەگەر بۆ جارێکیش بێت لە ژیانتدا دەبێت گومان بە گشت باوەڕ و بیروڕاکانی پێشووت بکەیت (تێڕامانە میتافیزیکیەکان- تێڕامانی ١)، لەبەر ئەوەیە  پاککردنەوەی مێشک لە هەموو بیروڕاکانی پێشوو پێویستە بۆ دەستکردن بە پڕۆسەی بیرکردنەوە. بیرکردنەوە مانای ئەوەیە لە سفرەوە دەست پێ بکەین و سڵ لەوە نەکەینەوە بگەینە هیچ.

کاتێک دڵت لە ئاست یەقیندا ئارام دەگرێت، ئەوا دەستوبرد لە بیرکردنەوە دەکەویت. ئەوساکە لەوانەیە پڕوپاگەندە یان بانگەشە بکەیت و مژدەبەخش بیت، بەڵام بیرکردنەوە پیادەناکەیت. یەقین دوژمنی بیرکردنەوەیە، جا ئەوە پەیوەندی بە بیرکردنەوەی فەلسەفیەوە هەبێت، کە ئەفڵاتون جەختی لەسەر دەکاتەوە، یان بە بیرکردنەوەی زانستییەوە، کە باشلار دەریدەخات.

هەمان پرنسیپ بۆ بیرکردنەوەی ئایینیش ڕاستە: ئەگەر گومانکردن بە ڕاستییە ئایینییەکان بۆ ئیبراهیم (باوکی پێغەمبەرەکان) ڕاست بێت، کاتێک دەڵێت: «خوایە پیشانمی بدە چۆن مردووەکان زیندوودەکەیتەوە»… ئەوا گومان بۆ خەڵکانی تر ڕاستترە.

ئەگەر گومان بنچینەی بیرکردنەوە بێت، ئەوا بە هەمان شێوە گومانی ئایینی بنچینەی بیرکردنەوەی ئایینییە، چونکە ئەمە بەبێ ئەویتر نابێت.

ڕاسپاردەی شەشەم: خۆت لە ترس ڕزگار بکە

بە تێڕوانینی هیگڵ، ترس سەرچاوەی کۆیلایەتیە، لەبەر ئەوەی کۆیلەکان لە بنەڕەتدا جەنگاوەر بوون کە خۆبەدەستەوەدانیان لە مردن پێ باشتر بوو، بەو جۆرە بوونە دیل، ئینجا ئەو کۆیلانەی کۆیلە دەخەنەوە و وردە وردە چەند چینێکی کۆمەڵایەتی دروست بوون، کە سیستەمانێکی بەهایان بە میرات بۆ ماوەتەوە پشتبەستوون بە ڕێنماییەکانی گوێدێری و ملکەچکردن. سەرەنجام مەزهەبە ئایینییەکان، پەرستگەکان، گۆشەکان، گرووپەکانی برایەتی و ئەوانیتر سەریانهەڵدا.

هەروەها لە ڕوانگەی نیچەوە ترس بنەمای ئەخلاقی کۆیلایەتیە، لای گشت فەیلەسووفەکانیش گەورەترین مەترسییە، کە هەمیشە ئەقڵ پەک دەخات و ویست ئیفلیج دەکات. بۆیە ڕزگارکردنی خەڵک لە ترس ئامانجی مەعریفە بوو لای ئەبیقور، ئامانجی دەوڵەتی نوێ بوو لای سپینۆزا، ئامانجی مێژوو بوو لای هیگڵ.

سروشتییە ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتخواز- کە لە هەموو بارێکیدا دژی سروشتی مرۆڤە- گرەو لەسەر بڵاوکردنەوەی ترس دەکات (ترس لە.. ترس لەسەر..): ترس لە خوا، لە دەسەڵات، لە گرووپ، لە باوک…هتد، یان ترس لەسەر ئایین، لەسەر شوناس، لەسەر نیشتمان، لەسەر ڕۆح…هتد. هۆکاری ئەوە ئەوەیە، کە مرۆڤی ترسنۆک زۆری پێ ناچێت دەستبەرداری ئەقڵی خۆی دەبێت و داوای ڕزگاربوون لە دنیا و قیامەت دەکات.

ترس هەموو ئەو شتەیە کە ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتخواز پێویستی پێیەتی، لە نیرۆن-ەوە بیگرە تا دەگاتە داعش. لە هەموو بارێکدا دەبێت بوترێت: “ترسان تەنیا هەر لە ترسە”.

ڕاسپاردەی حەوتەم: دەوڵەمەندبوون بەوە نابێت کە هەتە، بەڵکو بەوەی دەستبەرداری دەبیت

دیمەنی یەکەم: ئەسکەندەری مەزن دەگات بە دیوجین-ی سینسیست (کلبی)، کە وەک هەمیشە لە چەقی ڕێگەکەدا ڕاکشاوە، ناسین و خۆ پێ ناساندن ئەسکەندەر داوای لێ کرد چی حەزلێیە داوای بکات، بەڵام دانای گەڕۆک هیچی داوا نەکرد، بەڵکو داوای لە ئیمپراتۆر کرد، کە لەبەردەمیدا ڕاوەستابوو، تۆزێک دوورکەوێتەوە، چونکە بەری خۆرەکەی لێ گرتبوو. وەک ئەوەی لە هەندێک گێڕانەوەدا هاتووە، زۆری پێ ناچێت ئیمپراتۆر قسە بەناوبانگەکەی کرد، کە دەڵێت: «ئەگەر ئەسکەندەر نەبوومایە، حەزم دەکرد دیۆجین بم». پوختەی قسەکە ئەوەیە مرۆڤ لە جیاوازی نێوان ئیمپراتۆرێک کە کۆشش دەکات بۆ بەدەستهێنانی هەموو شتێک و دانایەک کە دەتوانێت دەستبەرداری هەموو شتێک بێت تێدەگات. بۆ ئەوەی زیاتر تێبگەین قسەیەکی ڕوونکەرەوەی لبوسیوس هەیە دەڵێت: “موڵکی ئەوەیت کە موڵکتە”.

بە گشتی دەکرێت ئەم دیمەنە بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی پەتای چاوچنۆکی، کە بە یەکێک لە نەخۆشییەکانی سەردەم دادەنرێت.

دیمەنی دووەم: خوشکی فەیلەسووفی هۆڵەندی سپینۆزا، پاش سزای بێبەشکردنی لەلایەن دادگاکانی تایەفە جولەکەکەی خۆیەوە و هەقوەرگرتنی لەلایەن دادگا مەدەنییەکانەوە، بەشە میراتی خۆی پاش مردنی باوکی پێ ڕەوابینرا، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە و لایەنی سمبولیی پێ ڕەوابینینەکەی بەلاوە گرنگ بوو و گەڕایەوە بۆ پیشە دەستەکی و سادەکەی خۆی: سافکردنی زەڕەبینەکان، بۆ ئەوەی تا دواڕۆژی تەمەنی ژیانی پێ بەڕێ بکات.

لێرەدا، سەرباری توانای دەستبەرداربوون، لایەنێکی دیکەی چارەسەرکردن هەیە، واتە کاری دەست، کە هەستەکانی مرۆڤ دەخاتە کار، مرۆڤ بە ئێستاوە دەبەستێتەوە و ئەقڵ ناچار دەکات بێدەنگی و وردبوونەوە پێرەوی بکات، چونکە زۆربڵێی دەردی فیکرە، سەرکەشی و پشتکردنە وردبوونەوەش دەردی ئەقڵە. بۆیە ڕێکەوت نییە- وەک دولۆز دەڵێت- سپینۆزا جوامێرترین فەلەسووف بێت و لە ڕوانگەی فریدیریک لونوار-ەوە داناترین فەیلەسووف بێت و نیچە بە میراتگری ڕاستەقینەی خۆی دابنێ.

پێدەچێت خۆپارێزیی هەبوونخوازی، کە زۆربەی ئاڕاستە فەلسەفییە کۆنەکانی جیادەکردەوە (فیساغۆرسیزم، سینسیزم، ئەبیقوریزم، رەواقیزم…هتد)، ئەو شتەیە کە لە جیهانی ئیمڕۆدا ئامادە نییە و ئیریک فرۆم ناویناوە «شێوازی مۆڵکداری». بۆیە ئەگەرچی پێویستمان بە مارکسە، پێویستە هوشیاری لە دەست میکانیزمەکانی ڕووتاندنەوە و نامۆبوون ڕزگار بکەین، یان پێویستە ئەوە بگێڕینەوە کە هایدگەر  ناویدەنێ بوونی ڕەسەن. مەبەست لێی ئەو بوونەیە کە لە دەسەڵاتی موڵکداری ڕزگاری بووە. ئەمەش مانای دۆزینەوەی ئەو بوونەیە کە مۆڵکی موڵکەکانمان نییە، یان موڵکی ئەو شتانە نییە کە کۆشش دەکەین بۆ بەدەستهێنانیان، لەبەر ئەوەی مۆڵکی موڵکەکانمانین و هەموو ئەو شتانەی گرێدراوین پێوەیان لە کۆتاییدا کۆتوبەندمان دەکەن.

خۆزگە ئەوانەی خەو بە دەرچوون لە سیستەمی سەرمایەدارییەوە دەبینن- کە وەک دەبینین سەدان هەزارن- درک بەوە دەکەن کە گرنگترین دەرچە، چاکبوونەوەی مرۆڤە لە دەردی چاوچنۆکی. لێرەدا بە تایبەتی دیوجین ئیلهاممان پێ دەبەخشێت، ئەگەرچی بارێکی لەڕادەبەدەر و زۆر دڵڕەقانەیە. لەوانەیە لەبەر ئەم هۆیەش بێت دەتوانێت ئیلهاممان پێ ببەخشێت.

ڕاسپاردەی هەشتەم: کاتی پیادەکردنی باوەڕەکانت لێپێچینەوەیان لەبیرنەکەیت

دەتەوێت باوەڕە تاکەکەسییەکانت پیادە بکەیت، ئەوا لە هەموو بارودۆخەکانتدا مافی خۆتە، بەڵام لە بەرامبەردا پرسیارێکی بنچینەیی هەیە: ئایا ئامادەیت ناوبەناو لێیان بپێچیتەوە؟

مافەکانی مرۆڤ پێت ڕادەگەیەنن کە پیادەکردنی باوەڕەکانت مافی خۆتە، بیرکردنەوەی فەلسەفیانەش ئاگادارت دەکاتەوە کە پێچینەوە لە باوەڕەکانت ئەرکی سەرشانتە. وەک چۆن ناکرێت دەست لە داوای یاسایی هەڵبگریت، ناکرێت دەست لە داوای فەلسەفیش هەڵبگریت، چونکە هەستی مافناسانە بەبێ هەستی ڕەخنەگرانە کامڵ نابێت، بەڵکو توانای خۆیی بۆ پێچینەوە لە باوەڕە تاکەکەسێێەکان گرنگترین داواکارییە بەلای ژیاری مەعریفەی زانستی و ڕەفتاری شارستانیەوە، ئەوەش لەبەر چەند هۆیەکی ڕوون:

یەکەم، ڕاستییەکانی ئیمڕۆ بە پێویست هەڵەکانی داهاتوون، تەنانەت لە بواری زانستیدا، وەک باشلار دەڵێت: مێژووی زانست بریتییە لە مێژووی هەڵەکانی زانست. ئای برتراند راسل چەند دانا بوو لە دەربڕینەکەیدا: “ئامادەنیم لەپێناو بیروڕاکانمدا بمرم، چونکە لەوانەیە هەڵەبم”.

دووەم، گریمانە زانستییەکانیش بە ئەندازەی ئامادەبوونی دەروونی و زەینیمان بۆ بەدرۆخستنەوەیان و گومانمان بەرامبەریان شایستەی بەدرۆخستنەوەن، تەنانەت ئەگەر دژی باوەڕ تاکەکەسییەکانیشمان بێت، ئەوەش بەپێی پرنسیپی شیانی بەدرۆخستنەوە، کە کارل پۆپەر بناغەکەی داناوە.

سێیەم، مرۆڤ تەنیا لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی بیروڕای ئەوانیتردا ئازادنابێت، بەڵکو کاتێک ئازاد دەبێت کە ڕووبەڕووی خودی بیروڕاکانی خۆی ببێتەوە و توانای هەبێت گومانیان پێ بکات. ئامانجی سەرەکیی گفتوگۆکانی سوکراتیش لەمەدا بەرجەستە دەبێت، تەوەرەی پەیامی ڕۆشنگەریی کانت-یش ئەمەیە.

چوارەم: توانای فریوخواردن خەسڵەتێکی ئەقڵی مرۆڤە، بە هۆی چەند هۆکارێکەوە کە پەیوەندی بە نائاگایی (فرۆید)، یان نائاگایی بەکۆمەڵ (کارڵ یۆنگ)، یان ئابووریی سیاسی (کارل مارکس)، یان میکانیزمەکانی دەسەڵات (فۆکۆ)، یاخود هۆکارەکانی ساختەکردن و هەڵخەڵەتاندنەوە هەیە. بۆیە هەستی ڕەخنەگرانە ئەو کۆششەیە کە ئەقڵ دەیکات بۆ چارەسەرکردنی خۆی لە توانای فریوخواردن، ئەگەر وردە وردەش بێت.

ڕاسپاردەی نۆیەم: پێویست ناکات دیندار یان بێدین بیت

تێبینییەک: زۆربەی فەیلەسووفە هاوچەرخەکان خەسڵەتێکی هاوبەشیان هەیە: زۆرجار ڕاشکاوانە بێدینن، بەڵام لە بەرامبەردا کراوەن بەرامبەر بە ئەزموونی ڕۆحی بە واتا گشتییەکەی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئەزموونی ئایینی ڕووەو ئاسۆیەکی نوێ. زۆرێک لەوانە باسی “ڕۆحانیەتی عەلمانی دەکەن” (ئەندریە کومت سبونفیل، لوک فیریری، فریدریک لونوار…هتد). بە دیاریکراوی لێگەڕێن با دەربارەیان بڵێین: “ئەوان نە دیندارن و نە بێدین، ئەوانە فەیلەسووفن”.

ڕوونکردنەوەیەکی پێویست:

بێدینی لەناو بژاردە تاکەکەسییەکاندا شیاو و گونجاوە، بەڵام ناکرێت ببێتە پڕۆژەیەکی کۆمەڵگەیی، بەڵکو تەنانەت لە چوارچێوەی تاکەکەسیشدا، لەبەر نیگەرانبوون بەرامبەر بە مردن، بێدینی بەردەوام ڕێگەیەکی دڵنیا نییە، چونکە هەموو خەڵک ئامادەنین بۆ چوونە ناو ئەزموونی «مردنی فەیلەسووفەکان»ەوە.

سەرباری ئەوە، شتێک لە دینداریدا نییە شایستەی شانازی پێوە کردن بێت و شتێک لە بێدینیدا نییە شایستەی خۆهەڵکێشان بێت، چونکە تاقە کەسێک دەشێت لە ژیانی کورتی خۆیدا چەندین جار بازبازێن بکات لەنێوان دینداری و بێدینی دا، لەوانەشە بە ژیان لە ناوچەی خۆڵەمێشیی نێوانیان قاییل بێت، کە لەناو ناوچەی شڵەژاندا نەرمونیانیی جووڵەی پێ دەبەخشێت. ئەمەش لە ناخی هەلومەرجی مرۆڤدۆستیدایە.

وەک دەوترێت، ئەگەر دینداری چەندین پلە بێت، ئەوا بێدینیش خاوەنی چەندین پلەیە. وەک چۆن گەیشتنە پلەی باڵای دینداری ئەستەمە، ئەگەر ئەقڵمان هەبێت، ئەوا ئەگەر دڵێکمان هەبێت لێ بدات، گەیشتنە پلەی باڵای بێدینیش ئەستەمە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی ڕۆشنگەرانەی هەرە مەترسیدار و ڕیشەیی- کاتێک مەسەلەکە پەیوەندی بە فیکری دینییەوە هەیە- ڕووبەڕووبوونەوەی ئایین نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەیە، کە دەیانەوێ بیروڕا و لۆژیک و شێوازی ژیانی خۆیان بسەپێنن و بە ویستی خوای دادەنێن…

ڕاسپاردەی دەیە: لە مردن مەترسە

بۆچێ؟

چونکە لە ڕوانگەی ئەفڵاتونەوە ترسان لە مردن ڕەچەڵەکی خراپەکانە، لە دیدی هیگڵەوە ڕەچەڵەکی کۆیلەیەتیە و بە تێڕوانینی نیچە ڕەچەڵەکی ئەخلاقی کۆیلەکانە.

هەروەها لەبەرئەوەی ترسان لە مردن سەرچاوەی گشت ترسەکانی ترە: وەک سەرچڵی، تاریکی، دڕندەکان، تارماییەکان، نادیار، گۆشەگیری…هتد.

هەروەها لەبەر ئەوەی ترسان لە مردن مانای ترسانە لە خودی ژیان، لەبەر ئەوەی ژیان تەنیا پڕۆسەی چەند مردنێکی یەک لە دوای یەکە: لێکدابڕان، کۆچکردن، گەشتکردن، گوێزانەوە، لەدەستدان…هتد.

هەروەها – بە شێوەیەکی جیاواز- لەبەر ئەوەی ترسان لە مردن دەشێت ببێتە مایەی داواکردنی مردن بە مەبەستی هەڵهاتن لە دۆزەخی خودی ترس.

لەبەر هەموو ئەوانە، لە ڕوانگەی زۆر فەیلەسووف و لە دێرزەمانەوە، وەک سوکرات، ئەرستۆ، ئەبیقوڕ، شیشرۆن، بۆسیۆس و مۆنتین، هەروەها لە ڕوانگەی زۆر فەیلەسووفی ئیمڕۆوە، چاکبوونەوەی مرۆڤ لە ترسی مردن ئەرکی سەرەکیی فەلسەفە دەمێنێتەوە. بێگومان ئەمە ئەو ئەرکەیە کە دەبێت فەلسەفە جێبەجێی بکات، بە تایبەتی پاش ئەوەی ئایینەکان لەو کارەدا تووشی شکستێکی خراپ بوون.

سەرچاوە

التداوی بالفلسفة، سعید ناشید، دار التنویر للطباعة والنشر، ٢٠١٨.