تاک و مێگەل؛ من و سیستەمی باڵاڕەو
ئەحمەد بەرقاوی
و. هەڵکەوت عەبدوڵڵا
بەلای منەوە، سیستەمی باڵاڕەو و سیاسی، جیهانێکی بابەتیە وا لە من دەکات بەپێی ئەو هەڵسوکەوت بکات، دەسەڵاتێکی بەهێزە لە سەروو هەموانەوە، بێ پرسیارکردن دەربارەی ڕەچەڵەک و بنەچەی، هێزێکی خۆییە پاسەوانیی خۆی دەکات، بە ناخی من دا ڕۆچووەتە خوارەوە و بووەتە بەشێکی لەجیابوونەوە نەهاتووی بونیادی من، ئەمەش سەرچاوەی هوشیاریی مێگەخوازانەی منە.
سیستەمی باڵاڕەو چییە؟ ئەم سیستەمە لە چەند توخمێکی لێکئاڵاوی بەهاگەلی ئایینی و کۆمەڵایەتی و دابونەریت پێکدێت کە لە مێژوودا سەریان هەڵداوە و بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار سەربەخۆیی خۆیان بەدەست هێناوە، ئەگەر گۆڕان و ئاڵوگۆڕیشیان بەسەردا هاتبێ، ئەوا گۆڕان و ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی باڵاڕەودا بە شێوازێکی نوێی توخمەکان هەر بە باڵاڕەوی دەمێنێتەوە.
من خۆڕسکانە لەگەڵ ئەم سیستەمەدا دەگونجێ، بە ئەندازەیەک کە هەر من-ێک بووەتە پاسەوانێک بەسەر بەردەوامبوونیەوە و سەرپێچیکردنی ڕەتدەکاتەوە.
ئەگەر توخمەکانی بونیادی ئەم سیستەمەمان هەڵوەشاندەوە، کە لە ڕووی کردەییەوە ناکرێت هەڵوەشێنرێنەوە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بەوەوە هەیە کە بە چاکەی خەڵک دادەنرێت. با هەندێک لەو توخمانە بە درێژی تاوتوێ بکەین.
دنیای بەها ئەخلاقیەکان و دابونەریتە باوەکان
دنیای بەهاکان لەسەر بنەمای چەمکی چاکەی ناکۆک لەگەڵ چەمکی خراپە دادەمەزرێت، چونکە گشت بەها ئەرێنەکان دەگێڕدرێنەوە بۆ چەمکی چاکە و گشت بەها نەرێنەکان دەگێڕدرێنەوە بۆ چەمکی خراپە.
ئەو چەمکانەی مانای بەها ئەرێنیەکان دەگەیەنن زۆرن و لەبەرامبەریاندا ئەو چەمکانە هەن کە مانای بەها نەرێنیەکان دەگەیەنن. بۆ نموونە، دەستپاکی، دادپەروەری، یەکسانی، بێفیزی، ئەویتر خۆشویستن، ڕێزگرتنی دایک و باوک، شەرەف، ویژدان، بەخشندەیی، فریاکەوتنی لێقەوماو…هتد چەند بەها و ڕێسایەکی هەڵسوکەوتکردنن، بەرامبەریان ئەمانە هەن: زوڵم، لوتبەرزی، خۆپەرستی، بەرچاوتەنگی…هتد، کە چەند چەمک و ڕێسایەکی هەڵسوکەوتکردنن.
سەرچاوەی دنیای بەها ئەرێنیەکان، زامنکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەوانیتر و جڵەوکردنی مەیلی مرۆڤەکانە بۆ خراپەکاری، چونکە چاکە چاکەیە بۆ ئەوانیتر، خراپەش ئەو خراپەیەیە کە دووچاری ئەوانیتر دەبێت.
لە هوشیاریی هاوبەشدا بە سادەیی: ئەخلاقی بریتییە لە چاکە، نائەخلاقیش خراپەیە. ئەمە مەسەلەیەکی زۆر ناسراوە، بەڵام ئەو پرسیارەی دەریدەبڕین ئەمەیە: ئەگەر من دان بە بەها و دەسەڵاتی ئەو چەمکانەدا دەنێت، بۆچی بە پێچەوانەیانەوە هەڵسوکەت دەکات، ئایا من هێزی سەرپێچیکردنی ئەوەی هەیە کە بە چاکە دادەنرێت؟
لەوانەیە یەکێکیش بڵێت: بەهاکان، جا ئەرێنی بن یان نەرێنی، ڕێژەیین و بە تاڵە موویەک لێک جیادەکرێنەوە، کەواتە ئەو سنوورە چییە کە بەخشندەیی و بەرچاوتەنگی لێک جیادەکاتەوە؟ ئەو سنوورە کامەیە کە دەستبڵاوی، بەخشندەیی، بەرچاوتەنگی و دەستگرتنەوە لێک جیادەکاتەوە؟ چونکە لەوانەیە مرۆڤێک بڵێت دەست دەگرێتەوە و ئاقڵانە هەڵسوکەوت دەکات و بەرچاوتەنگ نییە، بەڵام خۆی باش بزانێت کە بەرچاوتەنگە.
لە ڕاستیدا کێشەکە تەنیا لە ڕێژەییبوونی بەهاکاندا نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندییەکاندایە، بە پەیڕەویکردن یان پەیڕەوینەکردنی ئەم بەهایانە، لە هەڵوێستی ڕاشکاو و شاراوەدایە بەرامبەر بەو بەهایانە. کاتێک دەکرێت بەهایەک کۆدەنگی بەدەست بهێنێ، چی وا لە من دەکات پەیڕەوی بەهایەک بکات، یان سەرپێچیی بکات؟
ئەگەر بەهاکان لە شێوەیەکیاندا گرێدراوی کۆمەڵە مرۆڤایەتیەکان بن، ئەوا هەر کۆمەڵێک، شان بە شانی بەها گشتی و گشتگیرەکانی کۆمەڵگە و تەنانەت هەموو مرۆڤایەتی، خاوەنی بەهاگەلی تایبەتین. با چەمکێک بهێنین و ئەوەی بەسەردا پیادە بکەین کە باسی دەکەین، وەک چەمکی شەرەف، ئەوا سەختە بتوانین بە تەواوەتی و بە شێوەیەکی گشتگیر و گشتی و بی کەموکوڕی چەمکی شەرەف دیاری بکەین. چونکە بۆ نموونە، وەک زانراوە، چەمکی شەرەف گرێدراوی پەیوەندی مرۆڤە بە مادەوە (دراو، سامان و موڵک)، پەیوەندی شەریفانە بە مادەوە بریتییە لە پارەپەیداکردن بە ڕێگەی ڕەوا و کارێکی خراپە بە ڕێگەی ناڕەوا سامان پێکەوە بنێین، یان پەیوەندی شەرەف بە فیقهەوە، چونکە ژنی بەشەرەف ئەوەیە کە داوێنپسی نەکات، وەک چۆن پیاوی بەشەرەف ئەوەیە کە داوێنپیسی ناکات، یاخود پەیوەندی شەرەف بە ڕاستگۆییەوە. مرۆڤ لەبەر ڕێژەییبوونی چەمکەکان نییە کە دزی ناکات، بەرتیل وەرناگرێت، داوێنپیسی ناکات و درۆناکات، بەڵکو بەهۆی بەرژەوەندییەوە ئەوە دەکات. لەبەر ئەوەی بەرتیلوەرگرتن چاوچنۆکیە بۆ پارە، داوێنپیسی بۆ تێرکردنی ئارەزووە، درۆکردن بۆ هێنانەدیی ئامانجێکی تایبەتی یان ئازاردانە.
ڕێژەییبوونی بەهاکان پەیوەندی بە جیاوازی خەڵکەوە هەیە، کە لە کۆمەڵگەی جیاوازدا دەژین. بۆ نموونە، خۆشەویستی لە خۆرئاوا سێکسیش لەخۆ دەگرێت، بۆیە ئەو ژن و پیاوەی سێکس دەکەن بە داوێنپیس دانانرێن. لە کاتێکدا ڕاستگۆیی و بەرتیل وەرنەگرتن بەهای گشتی و گشتگیرن. لە هەموو بارێکدا سەرپێچیکردنی بەهاکان لە لایەن منەوە کارێکی نەخوازراوە، کەچی من سەرپێچی ئەم دنیایە دەکات، بەڵکۆ ڕۆژگارێک دێت سەرپێچیکردنی بەهاکان تەشەنە دەکات، بەبێ ئەوەی هەستی ئابڕووچوون لای خاوەنەکەی دروست بکات. چونکە کەشی گەندەڵیی ڕەها تەنیا ژمارەیەکی کەم دەهێڵێتەوە کە پابەندی دنیای بەها ئەخلاقیەکان دەبن. ئەگەر وانییە، چۆن ئەوە لێکبدەینەوە، کەسێک بە ڕێگەی نایاسایی دەوڵەمەند بووە و بێ سڵەمینەوە لەناو خەڵکدا دێت و دەچێت.
لە ڕاستیدا هێزی بەرژەوەندی زۆرجار زاڵدەبێت بەسەر هێزی بەهاکاندا و بەربەستی ئەخلاقیی من لەبەردەمی بەرژەوەندیدا من بەهێز یان لاواز دەکات.
لەوانەیە کەشی تێداژیاو مەرجێک بێت بۆ بەهێزکردن یان لاوازکردنی من، لە پەیوەندیدا لەگەڵ دنیای بەهاکاندا. لەوانەیە پەروەردە بێت، یان باری کۆمەڵایەتی، یان لەوانەیە.. لەوانەیە… بەڵام چۆن دەتوانین بەراورد لەنێوان ئەو کەسەدا بکەین کە بەرەنگاری داگیرکاری دەبێتەوە، لەگەڵ ئەو کەسەی خۆی دەدات بەدەست داگیرکەرەوە؟ چۆن جیاوازی لەنێوان ئەوەدا بکەین کە خیانەت لە نیشتمانەکەی دەکات و دەبێتە سیخوڕ، لەگەڵ ئەوەی ژیانی خۆی لەپێناو نیشتماندا بەختدەکات. چۆن ئەوە لێکبدەینەوە شایەتێک تەنیا شایەتیی هەق و ڕەوان دەدات، جا چی دەمچەورکردنێکی بخرێتە بەردەم، شایەتێکی تر سوێند بە کتێبی پیرۆز دەخوات و درۆدەکات؟ چۆن ڕەفتاری دوو مامۆستای زانکۆ لێکبدەینەوە: یەکێکیان بەرتیل دەخوات و ئەویتر ژیانێکی ئەوپەڕی سەرڕاستی بەسەردەبات؟
سەرباری هەموو شتێک، دنیای بەها ئەرێنیەکان هەر بە سیستەمێکی بەرزەخواست دەمێنێتەوە و هیچ یەکێک ناتوانێت وشەیەک دژی دەربڕێت و سەرپێچیکردنیان هەمیشە بە نهێنی دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا بوونی خراپە لەسەر زەوی بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر لاوازیی من و لاوازیی ئەو بوونە باڵاڕەوە، ئەگەرچی خۆشەویستی ئاشکرای بۆ دەردەبڕدرێت، یان ئینتیمابوون بۆی ڕادەگەیەنرێت.
شان بە شانی ئەم دنیای بەهایانە، دنیای دابونەریتەکان هەیە، کە چەند نیمچە یاسایەکی کۆمەڵایەتیی گشتین و سەپێنراون بەسەر من دا جێبەجێیان بکات. ئەوانە شێوازی ئاکاری دووبارەن، کە لە ڕواڵەتدا وەک سروشتی نەگۆڕی من دەکەونە بەرچاو. ئەوە جیهان- سیستەمێکی نیمچە نەگۆڕە پێویستی بە کاتێکی درێژە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئەو بەردەوامیەشی دەیگۆڕێت بۆ دنیایەک، کە لە نەوەیەکەوە دەگوێزرێتەوە بۆ نەوەیەکی تر. چونکە مرۆڤ وەک چۆن خەسڵەتە جەستەییەکانی بۆ دەگوێزرێتەوە، بە هەمان شێوە دابونەریتەکانی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە. پێدەچێت هیچ شتێکی بەرامبەر بەوە پێ ناکرێت، بەڵکو ملکەچکردن بۆی دەبێتە بارێکی خۆڕسک. لەبەر ئەوەی سروتەکانی خۆشی و شادی: هاوسەرگیری، خەتەنەکردن، دەرچوون، سروتی نیمچە هەمیشەیین، تەنانەت ئەگەر دیمەنەکەیان بگۆڕێت.
بۆ نموونە، دیاری توخمێکی نەریتی پیرۆزباییکردنە لە کاتی هاوسەرگیریدا، جا دیارییەکە چەپکێک گوڵ بێت، یان شتێکی مادی. ئەمەش دەشێت بارگرانی بۆ ئەو کەسە دروست بکات کە دەرەقەتی نایەت، بەڵام دەسەڵاتی دابونەریت لە داوای لێبووردن کردن بەهێزترە و دەشێت خاوەن شاییەکە لە کاتی ئەنجام نەداندا دڵی بشکێ. بۆیە کەسەکە دەگەڕێت بە دوای ڕێگەچارەیەکدا بۆ پابەندبوون پێوەی، تەنانەت ئەگەر ناچاریش بێت قەرز بکات.
ئەگەر دیاری لای دەستکورت ئەو خەمە دروست بکات، ئەی چی دەربارەی هەندێک دابونەریتی تر بڵێین، کە پێویستی بە کوشتنە بۆ تۆڵەسەندنەوە. تۆڵەسەندنەوە نەریتێکی جوتیاریی دەشتەکیە، کە یەکێک لە نزیکەکانی کوژراو: برا، کوڕ، باوک، یان ئامۆزای ئەنجامی دەدات، کردەوەکەش ئاڕاستەی بکوژ یان هەریەکێک دەکرێت کە پەیوەندی خێزانی لەگەڵ بکوژ هەبێت. جا ئەگەر یەکێک کەمتەرخەمبوو لەئاست تۆڵەسەندنەوەکەدا، ئەوا بە ترسنۆک ناوزەد دەکرێت و ئابڕچوون بۆ خێزانەکەی دەهێنێت. کەسەکە بە تۆڵەسەندنەوە بەرژەوەندییەک بەدەست ناهێنێت، چونکە تۆڵەسەندنەوە کردەوەیەکی مادییە ئامانجێکی مەعنەوی هەیە، کردەوەیەکە درێژە بە ماوەی قین و کوشتنی کەسانی بێتاوان دەدات، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕووداوە بنەڕەتیەکەوە نییە.
ئای دابونەریتی هاوسەرگیری لە خۆرهەڵاتدا و ئەو پارەیەی تێدا خەرجدەکرێت چەند ڕێگربووە لەوەی دوو دڵخوازی یەکتر بە یەک بگەن. ئای ئەو گوندییەی لە شار نیشتەجێ دەبێت چەند ماندوودەبێت بەدەست دابونەریتی میوانداریی کەسوکار یان خزم و تەنانەت خەڵکی لادێکەیەوە. ئای چەند تاک و هاوڕێکان لەبەر پابەندنەبوون بە دابونەریتی خۆشی و ناخۆشییەوە گلەیی لە یەکتری دەکەن و لێک زوویردەبن.
من، لەبەر ئەوەی یەکێکە لەناو بونیادێکی لە خۆی بەهێزتردا، خۆی لە بارێکی وەهادا دەبینێتەوەو بەپێی یاساکانی بونیادەکە دەجووڵێتەوە، نەک بە ویستی خۆی. چونکە بونیادەکە لێرەدا سیستەمێکی باڵاڕەوە، یەکەکەش من-ی مێگەلخوازە.
ئایین و سیستەمی باڵاڕەو
ئایین بە بەهێزترین و توندوتیژترین توخمی سیستەمی باڵاڕەو دادەنرێت، کۆمەڵێک باوەڕ و بیروڕایە دەربارەی خوڵقان و چاکە و خراپە، کۆمەڵێک سروتی سمبولیە کە ئیماندار بەهۆیانەوە دەبەسترێتەوە بە ئایینەکەوە. ئایین ئیمانێکە هیچ باوەڕدارێک ناتوانێت گومانی پێ بکات، چونکە ئینتیما و شوناسە.
ئایین لە بنەڕەتدا گوتارێکە خاوەنەکەی باوەڕی وایە سەرچاوەکەی خوایەکی دیارکراو یان یەکێکە لە پلەی خوادا (وەک لای بوزییەکان)، دەسەڵاتی ئایینیش لە بنچینەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چەمکی پیرۆزی لەخۆ گرتووە. ئەو پیرۆزییەی لە خواوە دەستپێدەکات و دێتە خوارەوە بۆ تاک یان شوێنەکان. بەوپێیەی هەرشتێک لە خواوە بێت پیرۆزە و دەبێت باوەڕی پێ بکرێت و مرۆڤ ملکەچی بێت و لێی نەپرسرێتەوە، هەرکەسێک نزیکی پیرۆزبێ پیرۆز دەبێت، هەر شوێنێکیش پەیوەندی بە پیرۆزەوە هەبێت پیرۆز دەبێت. بەو جۆرە پیرۆزی دەستەگەرییەک لای ئیماندار دەخوڵقێنێ، کە دەگاتە ڕادەی دەمارگیری.
دەکرێت یەکێک بڵێت: ئایین پەیوەندییەکە لەنێوان خوای پیرۆز و بەندەکەیدا. ئەمە ڕاستە، بەڵام ئایین فراوان دەبێت، تا وای لێ دێت دەبێتە کۆمەڵێک فرمانی ڕەها دەربارەی ژیان و دەستوەردەداتە پەیوەندییە ڕۆژانەکانی مرۆڤ و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دەبێت چی بکەن و چی نەکەن.
هیچ دەسەڵاتێک لە دەسەڵاتی پیرۆز بەهێزترنییە، جا ئەو دەسەڵاتە لە چوارچێوەی دامەزاوەیەکی ئایینیدا بێت یاخود نا. دەسەڵاتی پیرۆز دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی گشتیی نەگۆڕ، چونکە سەرباری دابەشبوونەکان، کە هەر ئایینێک بەخۆوەی دیون، فرمانەکانی لە هەر چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بن دەسەپێنرێن بەسەر ئەوانیتردا و دەبێت پابەندبن پێوەیان، پابەندبوونێک کە لە بنەڕەتدا ملکەچی گفتوگۆکردن نییە. لە زۆربەی ئایینەکاندا سزاگەلی دنیایی و سزاگەلی خواوەندانە لە قیامەتدا هەیە، بەڵکو سزای قیامەت سەخترینی ئەو سزایانەیە، کە ڕێگە لە مرۆڤ دەگرێت سەرپێچیی فرمانەکانی ئایین بکات. بیرۆکەی سزای خواوەندانە ڕۆڵێکی گرنگی لە ژیانی کۆمەڵایەتیی ئەخلاقیدا هەیە، چونکە وا لەوانە دەکات کە بەپێی هاندەری ئەخلاقی ناوەکی هەڵسوکەوت ناکەن، بە هاندەری ترسان لە سزا بجووڵێنەوە. لێرەوە لە د”.
بەڵام ئەگەر پرسی ئەخلاقمان لە لاوە دانا، ئەوا سیستەمی ئایینی باڵاڕەو دواقسەی دەربارەی کێشەکانی ئەودیو سروشتی هەیە، هەروەها دواقسەی دەربارەی ڕەچەڵەکی جیهان و پەیوەندیی خوا پێوەی هەیە. گرنگترین شتێک، کە لە گوتەی میتافیزیکییەوە دەکەوێتەوە، بریتییە لە زەوتکردنی بیرکردنەوەی ئەقڵی یان زانستی سەبارەت بە جیهان. لێرەوە لاهوتی ئایینی سەریهەڵدا، کە ئەقڵ-ی لە بنچینەدا بەکاردەهێنێ بۆ جەختکردنەوە لەسەر چوارچێوە ئایینییەکان لە دژی کاری فەلسەفی، کە بە شێوەیەکی ئازادانە ڕووی لە جیهان کردووە، هەروەها بۆ جەختکردنەوە لەسەر لایەنی مێگەلخوازی لای مرۆڤ.
بێگومان «من»ی ئاسایی، کە خوازیاری دڵنیایی و حەوانەوەیە، ئەنجامی قبووڵکردنی ڕەهای چوارچێوە ئایینییەکان ئەو ئامانجە بەدەستدێنێ کە وێڵە بەدوایدا، بەڵام ئەو من-ەی مەیلی یاخیبوونی ئەقڵیی هەیە، خوا بە نامۆ بە دنیا دادەنێت، چونکە دنیا بەو شێوەیە ڕەتدەکاتەوە کە ئەقڵ دەیەوێت لە حەقیقەتی ڕابمێنێ.
سێکس و سیستەمی باڵاڕەو
سەرباری دابونەریت و بەهاکان و ئایین، پەیوەندییە سێکسییەکان پێگەیەکی بەرچاویان لە سیستەمی باڵاڕەودا هەیە. جا ئەگەر جەستە لە هەردوو توخمی پێشوودا نائامادەبێت، ئەوا جەستە لێرەدا- لە پەیوەندییە سێکسییەکاندا- ئامادەبوونێکی بەهێزی هەیە. چونکە سێکس تاقە غەریزەیە کە خاوەنی گوتاری تایبەت بە خۆیەتی. ڕاستە چەند نەریتێکی کولتووری خواردن و ئەتەکێتی تایبەت بە غەریزەی خواردن هەیە، بەڵام ئەو نەریت و ئەتەکێتانە غەریزەی خواردن سەرکوت ناکەن، جگە لە حەرامکردنی خواردنی گۆشتی بەراز لە ئیسلامدا و خواردنی باڵندەی گۆشتخۆر لای زۆربەی میللەتان. گرنگ ئەوەیە غەریزەی خواردن جگە لە حەرامکردنی بەراز لە ئیسلامدا و خواردنی باڵندەی گۆشتخۆر کە پێشوازی لێکراو نییە تێرکردنی ئازادانەیە، بەڵکو مرۆڤایەتی دژی هەژاری کۆشش دەکات، کە لە بنەڕەتدا بێتواناییە لە ئاست تێرکردنی پێداویستییە بایۆلۆجیە خۆراکییەکانی جەستەدا.
لە کاتێکدا غەریزەی سێکسی دووچاری هەموو جۆرێک سەرکوتکردنی ئەخلاقی و ئایینی و کۆمەڵایەتی بووەتەوە و گوتاری سەرکوتکردن و نەریتەکانی گۆڕاون بۆ توخمێکی سیستەمی باڵاڕەو. لەبەر ئەوەی سێکس لە غەریزەیەکەوە، کە پێویستی بە تێرکردنە، گۆڕاوە بۆ ئامرازێک بۆ زاوزێکردنی ڕێکخراو، کە ملکەچی چەندین یاسا و دابونەریتە و سێکس تێکەڵ بە چەند چەمکێک کراوە کە پێیان نامۆیە، وەک شەرەف، هاوسەرگیریش بووەتە تاقە دامەزراوەیەک کە مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە تێیدا غەریزەی سێکسیی خۆی تێر بکات.
ڕاستە بەشێکی کەمی جیهان لەم دامەزراوەیە یاخیبووە و پانتایی پەیوەندییە سێکسییەکانی نێوان ڕەگەزەکان لە دەرەوەی دامەزراوەی هاوسەرگیری فراوان بووە، بەڵام هێشتا زۆربەی ناوچەکانی جیهان وەک سیستەمی باڵاڕەو ژیانی سێکسی بەڕێدەکەن. لێرەدا پێویستمان بەوە نییە مێژووییبوونی گۆڕانی سێکس بۆ سیستەمێکی باڵاڕەو بخەینە ڕوو، چونکە هێشتا سەرکوتکەرترین سیستەم تێیدا پەیڕەوی دەکرێت. سەرکوتکردنەکە لێرەدا دوولایەنەیە: سەرکوتکردنی مادی- جەستەیی و سەرکوتکردنی گوتار دەربارەی جەستە، بەوپێیەی چەقی غەریزەی سێکسییە، بەڵکو جەستە لە سێکسدا قەتیسکراوە و غەریزەی سێکسی لە بنەڕەتدا لەبەر ئەوە سەرکوتکراوە کە پەیوەندییەکە لە نێوان دوو جەستەدا، چونکە تاقە غەریزەیە بۆ تێکردنی یەکگرتنی دوو جەستە (جەستەی نێر و مێ) پێویستە. لەو کاتەوەی «من»ی موڵک گۆڕاوە بۆ «من»ی پاشکۆی ڕەهای «من»ی نێر، پاراستنی ئەم موڵکە بە شێوەی ڕێکخستنی سێکس بووە بەپێێ ئایدیۆلۆژیایەکی نێرسالاری پڕ لە چەمکەکانی: حەڵاڵ، حەرام، ناپاکی، داوێنپیسی، سۆزانی و شەریف و گوتارەکە گۆڕاوە بۆ بێئابڕوویی، چونکە باسکردنی پڕۆسەی سێکسکردنە، یان بەکارهێنانی ئەو وشانەیە، کە هێما بۆ کۆئەندامی زاوزێ دەکەن.
بەهاکان و ئایین و سێکس
هەردوو توخمی سیستەمی باڵاڕەو: بەهاکان و ئایین، پشتگیری سەرکوتکردنی غەریزەی سێکسیان کردووە و خستویانەتە ناو جیهانێکی داخراوەوە و گوتاری خۆشەویستی زۆر جار گۆڕاوە بۆ گوتارێکی ڕۆمانسی، ئەو گوتارەی بە گەرموگوڕی گوزارشت لە شەوقی پێکگەیشتن دەکات. لە کاتێکدا سێکس تێیدا گۆڕاوە بۆ سیستەمێکی باڵاڕەو، کە هەڵسوکەوتێکی دروست دەسەپێنێ، سەرکوتکردن گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی چەپاندن، چەپاندنیش گۆڕاوە بۆ باریکی ناساخی ئاگایانە یان نائاگایانە.
وتمان، ئێمە باسی نائاگایی ناکەین، بەڵکو باسی چەپێنراوێک دەکەین کە هۆشمەندین بەرامبەری، ئەوەش بە هۆی پابەندبوونەوە بەو سیستەمە باڵاڕەوەی هوشیاریی مێگەلخواز دەخوڵقێنێ. بۆیە چەپاندنی هوشیارانەی سێکس، بە شێوەی شاردنەوەی هەوەس، یان دەربڕینی بە پێچوپەنا، گوزارشتی لێ دەکرێت، چونکە دەکەوێتە ناو ناوچەی حەرام و حەرامکردنەوە.
ئەو کێشەیەی گۆڕانی سێکس بۆ سیستەمێکی باڵاڕەو دروستیکردووە زۆر لەوە گەورەتر و ئاڵۆزترە کە بە مێشکماندا دێت. ئەوە ڕەچەڵەکی ئەو بێبەشبوونەیە کە هەوڵ بۆ تێربوون دەدات و بەبێ تێربوون دەمێنێتەوە. تێرکردنێکە لەبەردەستدایە و زۆر دوورە لە جێبەجێکردنەوە. ئەمەش سەرچاوەی ئەو شڵەژانەیە، کە جەستەی سەرکوتکراو بەدەستیەوە دەناڵێنێت، چونکە ناشرینترین و خراپترین جۆرەکانی سەرکوتکردن بریتییە لە سەرکوتکردنی غەریزە لە ڕێگەی لەقڵبدانیەوە بە هۆی دابونەریتەکانەوە. بۆیە دەبینین دەستپەڕ لای هەردوو ڕەگەزی نێرو مێ هەوڵدانێکە بۆ ڕزگاربوون لەو سەرکوتکردنە، هەروەها پەیوەندی سێکسی نهێنی کە تاڕادەیەکی زۆر ترس لە ئاشکرابوون دەخاتەوە.
تا ئێستا باسی سێ توخمی سیستەمی باڵاڕەومان کرد: بەهاکان، ئایین و سێکس، بەڵام پێویستە لەسەرمان ئاماژە بۆ پەیوەندی نێوان توخمەکانی ئەو سیستەمە بکەین، چونکە زۆرێک لە بەهاکان لەسەر بنەمای ئایینی دامەزراون، سێکس گرێدراوی دنیای بەهاکان و ئایینە، دنیای ئایینیشش لە بنەڕەتدا گوتارە دەربارەی ژیان بە هەموو شێوازەکانیەوە، بێگومان بەبێ ئەوەی چەند توخمێکی سەربەخۆ لە هەریەکێک لەو سێ توخمە وەلاوەبنێین.
بە کورتی دەڵێین: من ڕووبەڕووی سیستەمێکی باڵاڕەو بووەتەوە، کە فەرمان دەکات و دەسەپێنێت و سەرکوت دەکات، بەبێ ئەوەی من وەک تاکێک ڕۆڵی لە دروستکردنیاندا هەبێت. ماوەتەوە بڵێم، سیستەمێکی تر هەیە لەوەی پێشوو کەمتر سەرکوتکەر نییە، ئەویش سیستەمی سیاسیی دیکتاتۆرییە، کە خەڵک ناچار دەکات مێگەل بن. چونکە سیستەمی سیاسیی زۆردار سیستەمێکە فەرمانڕەوا یان فەرمانڕەوایان بۆ دەسەڵات بەڕێوەبردن و بەردەوامیدان بە دەسەڵات دەیسەپێنن و بە پێویست سەرکوتکەرانەیە، لەبەر ئەوەی ئەویتر ناچار دەکات ملکەچیان بێت. ئەم سیستەمە بە خەسڵەتێکی گرنگ لە سیستەمی باڵاڕەو جیادەکرێتەوە، ئەویش بوونی چەند دامەزراوەیەکە: ئاسایش، پۆلیس، سوپا، بۆ شەونخونی کێشان بەدیار ئەو ملکەچکردنەوە، هەروەها بوونی کۆمەڵێک سزای ناسراو: زیندانیکردن، دوورخستنەوە، لەسێدارەدان، بێبەشکردن لە مافە مەدەنییەکان، قەدەغەکردنی گەشتکردن…هتد، کەچی کاتێک تاک لە ئامێزی سیستەمی باڵاڕەودا دەژی و ملکەچ دەبێت، دامەزراوەی سەرکوتکەری خاوەن کاری زانراو لەئارادانابێت.
من لەبەردەمی سیستەمی سیاسیدا نیمچە ئیفلیج ڕادەوەستێ، بە تایبەتی ئەگەر ئەو سیستەمە ستەمکارانە و کوشندە بێت. من لە ڕێگەی ملکەچبوون بۆ سیستەمەکە و فرمانەکانییەوە لەگەڵ ئەم سیستەمە هەڵدەکات، چونکە دەسەڵات بە گشتی سەرکوتکەرە، بەڵام ڕادەی سەرکوتکردنەکە جیاوازیی ڕادەی ملکەچبوونەکە بەرهەم دەهێنێ. بێگومان جیاوازییەکی زۆر لەنێوان سیاسەتێکی خاوەن ڕەوتی دیموکراتی و دەسەڵاتێکدا هەیە کە لە ڕێگەی توندوتیژییەوە بەدەستهاتووە و بە هۆی توندوتیژییەوە بەردەوام دەبێت. چونکە لە باری یەکەمدا من لە باری قبووڵکردندایە و هەمیشە هیوای ئەوەی هەیە دەسەڵاتەکە بگۆڕێت، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتەکە گرێدراوی سیستەمێکی دیموکراتیە و تاک- من تا ڕادەیەک لە دەست غەریزەی مێگەل ڕزگاری بووە. لە کاتێکدا لە باری دووەمدا من بە شێوەیەکی گشتی، لە چەند بارێکی ڕیزپەڕدا نەبێت، دابڕاو و ڕەتکەرەوەیە و ناچاری ملکەچبوون کراوە. ئەوساکە دەسەڵاتی ستەمکار، کە باش دەزانێت لەگەڵ کۆمەڵگەدا ناکۆکە، دەبێتە دوژمنی من و وەک ئەگەرێکی یاخیبوون لە من دەڕوانێت. من-یش بۆ خۆی دەگەڕێت بە دوای ئامرازێکدا بۆ هاوسەنگبوونی ناوەکی، لە ڕێگەی چەند هەڵوێستێکی ڕانەگەیەنراوەوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە دەسەڵات تەماهی لەگەڵ سیستەمی باڵاڕەودا دەکات. لێرەدا دەگەینە ڕادەی نامۆبوونی ڕەها لە نێوان من و سیستەمی سیاسیدا، نامۆبوونێک کە هۆشیاری بەرامبەری لەئارادایە. شایانی باسە، من لە پەیوەندیدا لەگەڵ سیستەمی باڵاڕەودا ناگاتە ئەو ڕادەیەی نامۆبوون.
پوختەی قسەکان: بمانەوێ و نەمانەوێ، من دەکەوێتە پەیوەندییەوە لەگەڵ سیستەمی باڵاڕەو و سیستەمی سیاسیدا، وەک دوو دەسەڵات. کاتێک دەڵێین پەیوەندی بەبێ ئەوەی ماهیەتەکەی دیاری بکەین، لەبەر ئەوەیە لەم ساتەوەختەدا هەموو لایەنەکانی ئەو پەیوەندییەمان نەدۆزیوەتەوە، بەڵام بەوپێیەی هەردوو سیستەمەکە دەسەڵاتی سەرکوتکەر و سەپێنەرن، ئەوا شێوازەکانی پەیوەندییەکە قبووڵکردن، یاخیبوون، بێلایەنی و بێموبالاتی دەبێت. پەیوەندی ململانێ و ناکۆکی دەبێت لەنێوان منی تاکخواز و منی لێوانلێو لە هوشیاریی مێگەلخوازدا. سەرەنجام دیمەنی ناکۆکی ناو من بەدەست دەهێنین و منی ئاشکرا و منی شاراوەمان بۆ دەردەکەوێت، ئەمەش پێویستی بە قسەیەکی نوێ هەیە.
سەرچاوە
گۆڤاری «الجدید» ژمارە ٦٧ی ئابی ٢٠٢٠.