بۆچی خۆرهه‌ڵاتناسی-م خۆشده‌وێت؟
نووسینی: هاشم ساڵح
وەرگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
ڕه‌نگه ئه‌م ناونیشانه بۆ هه‌ندێك كه‌س جێگای قبوڵ نه‌بێت. ئاخر چۆن ده‌بێت رۆشنبیرێكی عه‌ره‌ب، سه‌رسوڕمانی خۆی به خۆرهه‌ڵاتناسی و خۆرهه‌ڵاتناسان ده‌رببڕێت؟ ئه‌و پێویست بوو ده‌موده‌ست قسه‌یان پێبلێت و هه‌مان بالۆره دووباره بكاته‌وه: ئیمپریالیزم، زایۆنیزم، ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر كه‌لتور و ئومه‌ی ئیسلامی… هتد. هه‌رگیز ئه‌م شته له من وه‌رناگرن، چونكه من پێموایه خۆرهه‌ڵاتناسی، گه‌وره‌ترین خزمه‌تی پێشكه‌ش به كه‌لتوری عه‌ره‌بی ئیسلامی كردووه.
من لای خۆمه‌وه، ددان به‌وه‌داده‌نێم، به شێوه‌یه‌كی باش له كه‌لتوری عه‌ره‌بی ئیسلامی تێنه‌گه‌شم، ته‌نها ئه‌و كاته نه‌بێت كه ڕۆشتم بۆ فه‌ره‌نسا و سی و سێ ساڵی به‌رده‌وام تێیدا مامه‌وه، له‌وێ ده‌ستم گه‌یشت به كتێبه خۆرهه‌ڵاتناسییه سه‌نگین و ڕه‌سه‌نه‌كان. به‌ڵام من لێره‌دا مه‌به‌ستم خۆرهه‌ڵاتناسی ئه‌كادیمییه، كه له زانست‌دا قووڵبووه‌ته‌وه، نه‌ك خۆرهه‌ڵاتناسییه هه‌رزان و به‌سیاسی كراوه‌كه‌ی دیكه. گه‌وره‌ترین گوناه كه هه‌ندێك له ڕۆشنبیره مۆدێرنه‌كانی عه‌ره‌ب- ئه‌وانه‌ی په‌لاماری خۆرههڵاتناسییان دا- تێیكه‌وتن، ئه‌وه‌یه جیاوازییان نه‌كرد له نێوان ئه‌م دوو جۆره له خۆرهه‌ڵاتناسی دا و له ده‌رئه‌نجامدا هه‌ردوو جۆره‌كه‌ی خۆرههڵاتناسییان له یه‌ك سه‌به‌ته‌دا دانا.
هێرشه تووندهكه بۆ سه‌ر خۆرهه‌ڵاتناسی، له‌لایه‌ن كۆنه‌پارێزان و به شێوه‌یه‌كی گشتی له‌لایه‌ن نهریتخوازهكانهوه نه‌بوو، گه‌ر وا بووایه، مه‌سه‌له‌كه ئاسایی بوو. به‌ڵكو هێرشه‌كه هه‌روه‌ها له لایه‌ن گه‌وره رۆشنبیرانی مۆدێرنه‌شه‌وه بوو، له نمونه‌ی ئه‌نوه‌ر عبدالملك و ئێدوارد سه‌عید و ئه‌وانی دیكه. هه‌مو ئه‌وه‌ش ڕژایه ئاشی فێنده‌مێنیتاڵیسته تاریكبینه‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌و ئایدۆلۆژیستانه‌ی ڕتیدهكهنهوه داخرانه كلتورییه‌كان بكرێنه‌وه. ده‌رئه‌نجامه‌كه‌شی كاره‌ساتی ڕۆشنبیریی بوو.
من له‌و بڕوایه‌دام، ئێدوارد سه‌عید له كۆتایی ژیانیدا و دوای ئه‌وه‌ی هه‌ستی به مه‌ترسییه‌كه كرد، له‌و كاره‌ی په‌شیمان بووه‌ته‌وه. ئێمه ئه‌مه، له‌و پێشهكییهدا ده‌بینین كه بۆ چاپی دووه‌می كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی “خۆرهه‌ڵاتناسی” نووسی و له كۆتایی كتێبه‌كه‌دا دایناوه. سه‌عید له‌وێدا، هه‌ڵوێستی خۆی ده‌رباره‌ی قۆستنه‌وه‌ی فێنده‌مێنیتاڵیسته‌كان بۆ كتێبه‌كه‌ی، ڕوونده‌كاته‌وه و به‌داخه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه و خۆی لێ بێبه‌ری ده‌كات. له ڕاستیدا ئه‌م پیاوه، نه‌یاری كلتوری ڕۆشنگه‌ریی خۆرئاوا نه‌بوو. ئاخر چۆن ده‌بێت نه‌یاری ئه‌و رۆشنبیرییه بێ كه خۆی تێر ئاوی لێخواردووهتهوه؟ ئه‌و شته‌ی سه‌عیدی بێزار كردبوو، هه‌مو خۆرئاوا نه‌بوو، به‌ڵكو ته‌نها ڕه‌وته ڕاستڕه‌وه لوتبه‌رز و خۆبهزلزانهكه بوو. ئێدوار سه‌عید فێنده‌مێنیتاڵیزم نییه! ئه‌گه‌رچی كتێبه‌كه‌ی به‌وپه‌ڕی دڵخۆشییه‌وه، له‌لایه‌ن فێنده‌مێنیتاڵیسته‌كان و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان و غهواغائییهكانی دیكه‌وه قۆسترایه‌وه.
لێره‌دا نابێت ئه‌وه‌مان له یاد بچێت، كتێبه‌كه‌ی ئه‌گه‌رچی كتێبێكی باشه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك هه‌ڵه و بڕیاری خێرای تێدایه، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه سه‌عید، پسپۆڕ نییه له توێژینه‌وه‌ی عه‌ره‌بی و ئیسلامی. به‌ڵام ئێدوارد سه‌عید له دواجاردا، رۆشنبیرێكی گه‌وره‌یه و خاوه‌نی مه‌یلێكی هیومانیستی قووڵه و سێبه‌ر و سایه‌ی، دانیشتوانی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا له‌خۆده‌گرێت. ئه‌و پردێكی شارستانی نایاب بوو، له نێوان جیهانی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ك، له‌گه‌ڵ جیهانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكی له‌لایه‌كی دیكه‌وه. سه‌یری ئه‌و تێكسته بكه‌ن، پێش مردنی، له گۆڤاری (لۆمۆند دیبلۆماتیك)ی مانگی ئه‌یلولی ساڵی 2003، به‌م ناونیشانه: (مه‌یلی هیومانستی: دواهه‌مین سه‌نگه‌ری ئێمه‌یه دژ به به‌ربه‌ریه‌ت) بڵاویكردووه‌ته‌وه.
له‌وێدا داوای دروستكردنی مه‌یلێكی هیومانستی عه‌لمانی گه‌ردوونی ده‌كات، كه هه‌موان، بێ ئاوارته، له‌خۆبگرێت. سه‌عید له‌م تێكستهیدا كه له دواهه‌مین وه‌سیه‌تنامه ده‌چێت، به ته‌واوه‌تی نه‌فره‌ت له ڕه‌گه‌زپه‌رستی و تایفه‌گه‌ریی ده‌كات. خۆشبه‌ختانه ئێدوار سه‌عید، سه‌عدی یوسف نییه! ئه‌مه‌ی دواییان، كار گه‌شته ئه‌وه‌ی هاوسۆزبێت له‌گه‌ڵ داعش و له‌و باوه‌ڕه‌دابوو، خه‌لیفه‌ی به‌غدادي، عێراق ڕزگار ده‌كات! چۆن ده‌كرێت شاعیرێكی گه‌وره، به‌م شێوه‌یه بكه‌وێت؟ چۆن ده‌كرێت ئایدۆلۆژیا تا ئه‌م ئاسته كوێری بكات؟ ئه‌مه شتێكه له ده‌ره‌وه‌ی عه‌قڵ و توانای منه.
هه‌رچه‌نده وه‌ك ده‌وترێت قسه قسه دێنێت، به‌ڵام با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كرۆكی باسه‌كه، تاكو له هۆكاری ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتنه تووندوتیژه تێبگه‌ین كه له نێوان موسڵمانه ته‌قلیدییه‌كان له‌لایه‌ك، له‌گه‌ڵ زانا خۆرههڵاتناسییهكان له لایه‌كی دیكه‌وه، ڕوویداوه. پێویسته كێشه‌كه له‌سه‌ر زه‌مینی توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕه‌سه‌ن دابنێین، نه‌ك سه‌رزه‌مینی هه‌ڵچوونه‌كان و گیڕانه‌وه نه‌زۆكه‌كان. ئیدی له‌و كاته‌دا ده‌توانین ئه‌مه‌ی خواره‌وه بڵێین: پێویسته بزانین میتۆدی مێژوویی خۆرهه‌ڵاتناسی/ المنهجیة التاریخیة الاستشراقیة، یه‌كه‌مجار به‌سه‌ر كه‌لتوری جوله‌كه- مه‌سیحی دا پراكتیزه كرا، ئه‌مه پێش ئه‌وه‌ی دواتر له‌لایه‌ن گه‌وره خۆرههڵاتناسهكانی وه‌ك “گۆڵدزیهر” و “تیۆدۆر نۆلدكه” و “جۆزێف شاخت” و زۆرێكی دیكه، به‌سه‌ر كه‌لتوری عه‌ره‌بی ئیسلامی دا پراكتیزه بكرێت. ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه، زاناكانی ئه‌وروپا، هه‌مان ئه‌و میتۆده زانستییه‌یان، یه‌كه‌مجار به‌سه‌ر كه‌لتوره‌كه‌ی خۆیاندا پراكتیزه كرد، پاشان و بۆ دووه‌مجار به‌سه‌ر كه‌لتوره‌كه‌ی ئێمه‌دا پراكتیزه‌یان كرد.
لێره‌وه ئه‌وان ئامانجیان، وێرانكردنی كه‌لتوری ئیسلامی ئێمه نه‌بووه، مه‌گه‌ر ویستبێتیان كه‌لتوری مه‌سیحی خۆشیان وێران بكه‌ن! زانست ته‌نها نه‌زانین و مه‌عریفه‌ی هه‌ڵه وێران ده‌كات. زانست ئاسۆ فراوانه‌كان بونیادده‌نێت و ده‌یانكاته‌وه. وه‌لێ زانست جار جاره، پێش ئه‌وه‌ی بیرۆكه ڕاسته‌كان بونیادبنێت و نۆژه‌نیان بكاته‌وه، ناچاره بیرۆكه هه‌ڵه‌كان و تێڕوانییه كۆنه جێگیره‌كان بڕوخێنیت. تێڕوانینه غه‌یبییه‌كان كه له مێشكی كه‌سه نه‌ریتخوازه‌كاندا، سه‌باره‌ت به كه‌لتوری ئاینییان، ڕه‌گی داكوتیوه، زۆرجار تێڕوانینی پیرۆزن نه‌ك مێژویی. ئه‌مه به‌سه‌ر كۆی موتهدهینهكانی هه‌مو ئاینه‌كان، پراكتیزه ده‌كرێت. زانستی خۆرهه‌ڵاتناسی، بۆ ئه‌وه‌ی بگات به وێنه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی كه‌لتوری ئیسلامی، ناچاره وێنه پیرۆزگهراكه لێكههڵوهشێنێتهوه كه سه‌دان ساڵه به میرات ماوه‌ته‌وه. ئا له‌به‌ر ئه‌مه‌یه، جه‌نگی نێوان ئه‌وان (مه‌به‌ستی خۆرههڵاتناسهكانه-و.ك)، له‌گه‌ڵ جه‌مسه‌ره‌كانی فێنده‌مێنیتاڵیسته‌كان و شێخه موسڵمانه‌كان، به‌رپابوو. سه‌یری هێرشی كه‌سایه‌تییه گه‌وره‌كانی ئیسلام، له نمونه‌ی شێخی میسری محه‌مه‌د ئه‌لغه‌زالی و شێخی سوری مسته‌فا ئهلسباعی، بۆ سه‌ر خۆرهه‌ڵاتناسی به‌ناوبانگ “گۆلدزیهر” بكه، چونكه ئه‌و خۆرهه‌ڵاتناسه، میتۆدی مێژویی به‌سه‌ر قورئانی پیرۆز و فه‌رموده‌كانی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویست دا پراكتیزه كرد. ئه‌وان پێیانوابوو، ئه‌وه ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر پیرۆزیی كه‌لتور و هه‌وڵێكه بۆ به‌سوك ته‌ماشاكردنی. ئه‌مه ڕاسته‌وخۆ دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی بوو.
به‌ڵام ده‌كرێت بڵێین، ته‌ها حسێن و محه‌مه‌د حسێن هه‌یكه‌ل و رۆشنفیكر و متهنهورهكانی دیكه‌ی عه‌ره‌ب، له لایه‌ن شێخه نهریتخوازهكانهوه، دووچاری هه‌مان هێرش و په‌لامار بوونه‌وه. پێیانوابوو، ئه‌وانه خؤرههڵاتناسی نوێن یاخود قوتابی خۆرههڵاتناسهكانن. هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌م جۆره هێرش و په‌لاماردانه، بۆ سه‌ر خۆرهه‌ڵاتناسی، له‌لایه‌ن كۆنه‌پارێزه نهریتخوازهكانهوه، نه له ژماردن دێت و نه كۆتایی دێت. ئه‌وه هه‌رگیز دووچاری شۆكمان ناكات، بگره به شتێكی سروشتی و چاوه‌ڕوانكراوی داده‌نێین. وه‌لێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان و پێشبینیمان نه‌ده‌كرد، ئه‌وه‌یه رۆشنبیرانی مۆدرین، هه‌مان هه‌ڵه بكه‌ن! له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ده‌ڵێم: به‌سه چیتر پێویستمان به‌وه نییه له سه‌رجه‌م جیهانی عه‌ره‌بی ئیسلامی دا، دژایه‌تی ڕوناكی زانست بكرێت. ئیدی دژایه‌تی بزاوتی مێژوو به‌سه! پێویسته له‌سه‌ر هه‌موان ئه‌مه‌ی خواره‌وه بزانن: له ساڵانی داهاتوودا، كه‌لتوری عه‌ره‌بی ئیسلامیمان، ملده‌دات بۆ میتۆدی مێژوویی- ڕه‌خنه‌یی، وه‌ك چۆن كه‌لتوری مه‌سیحی له ئه‌وروپا ملیدا، دوای به‌رگری و عینادیی و ناڕه‌زاییه‌كی زۆر له‌لایه‌ن فێندهمێنیتاڵیسه مه‌سیحییه‌كانه‌وه. ئه‌مه گه‌شه‌ی مێژووه و هیچ چاره‌یه‌كی نییه. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت بگه‌ین به كاروانی سه‌رده‌مه‌كه و له قه‌پێلكه دێرینهكهمان و داڕزانه مێژوییه دوور و درێژهكهمان بێینه ده‌ره‌وه، ئه‌وا له به‌رژه‌وه‌ندیمانه قبوڵی بكه‌ین.
خۆرهه‌ڵاتی عه‌ره‌بی، ناتوانێت له په‌تای تائیفی ڕزگاری ببێت، كه هه‌لا هه‌لای كردووه و لێناگه‌ڕێت یه‌كێتییه نیشتیمانییه‌كه‌ی دروست ببێت، ته‌نها ئه‌و كاته نه‌بێت كه ئه‌م كاره فیكرییه ڕزگاریخوازه گه‌وره‌یه ئه‌نجامده‌دات. سه‌رجه‌م جیهانی ئیسلامی، ناتوانێت هه‌ستێته‌وه، ته‌نها دوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی فێنده‌مێنیتاڵیزم نه‌بێت. ئه‌م كێشه‌یه ته‌نها تایبه‌ت نییه به عه‌ره‌ب، به‌ڵكو تایبه‌ته به سه‌رجه‌م گه‌لانی موسڵمان. جگه له‌وه ده‌كرێت ئه‌مه‌شی سه‌ربار بخه‌ین، ئه‌م تێڕوانینه هه‌ڵه‌یه بۆ كه‌لتور كه له پرۆگرامه‌كانی خوێندندا، ئاماده‌یی هه‌یه، هۆكاره بۆ هه‌ڵهێنانی ملیۆنان تووندڕه‌و و داعشی تیرۆریست. ناتوانرێت ڕووبه‌ڕووی ئه‌م بزووتنه‌وانه ببینه‌وه، ته‌نها دوای لێكهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی تێڕوانییه تیۆلۆژییهكهیان/ لاهوتییهكهیان نه‌بێت كه مێشكی گه‌نجه‌كانی پڕكردووه و ڕه‌گی به قووڵایی مێژوودا ڕۆچووه‌ته خواره‌وه. ئاشكرایه تیۆلۆژیای كۆنی ئاینی- یان فقهی ته‌كفیری- ئه‌وه ڕه‌وایه‌تی ئیلاهی ده‌به‌خشیت به‌م بزووتنه‌وه توندڕه‌وانه، هه‌ر ئه‌ویشه متمانه‌یه‌كی هێجگار گه‌وره‌ی به خودی خۆی پێده‌به‌خشێت و توانایه‌كی زۆر گه‌وره‌ی كوشتن و سه‌ربڕینیشی پێده‌به‌خشێت. گه‌ر ئه‌وه نه‌بێت، ئه‌وا هه‌رگیز بوێری ئه‌وه‌ی نه‌ده‌بوو، ئه‌م هه‌مو كاره قێزه‌ون و ته‌قینه‌وه هه‌ڕه‌مه‌كییانه ئه‌نجامبدات كه ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران مرۆڤی سڤیل ده‌كاته قوربانی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌ره‌به‌یانی 11 سێپتێمبه‌ردا ڕوویدا.
لێره‌وه دژایه‌تیكردنی و له‌ناوبردینی، پێویسته له‌سه‌ر زه‌مینی خۆیدا بێت: واته سه‌رزه‌مینی فیكری ئاینی كه ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه و وه‌ك بارمته‌یه‌ك لای خۆی گلیداوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رنا ئه‌وا ڕزگاربوون لێی و له به‌ڵا و ئافاته به‌ربڵاوه‌كانی زه‌حمه‌ته، به‌ڵا و ئافاتێك قه‌باره‌كه‌ی هێنده‌ی قه‌باره‌ی جیهانی لێهاتووه. ئیسلام وه‌ك ئاینێكی گه‌وره‌ی جیهانی، شایه‌نی چاره‌نووسێكی دیكه‌یه: شایه‌نی تێڕوانینێكی دیكه و تێگه‌شتنێكی نوێی ڕۆشنگه‌رانه‌یه، كه‌لتوری ئێمه مه‌زنترین كه‌لتوری ئاینییه بۆ مرۆڤایه‌تی. ئه‌وه‌ی خزمه‌تی به‌م كلتوره كرد و تازه‌ی كرده‌وه، خۆرهه‌ڵاتناسه‌كان بوون، له نمونه‌ی لویس ماسینیۆن، جاك بێرك، ئه‌ندرێ میكل، مه‌كسیم رۆدنسۆن، كلۆد كاهین، رۆجیه ئارنالدیز،جۆزێف ڤان ئایس، ئالان دو لیبیرا و ده‌یانی دیكه.
كه‌لتوره مه‌زنه‌كه‌مان، شایه‌نی ئه‌وه‌یه نوێترین میتۆدی زانستی و زاراوه فیكردییهكانی به‌سه‌ردا پراكتیزه بكرێت، له‌پێناو ڕزگاركردنی له زوڵمه‌ت و تاریكی ته‌كفیریی و ده‌رخستنی وێنه پرشنگداره‌كه‌ی كه رۆژێك له ڕۆژان، جیهانی ڕوناك كردبوه‌وه. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، ئێمه داوا ده‌كه‌ین چه‌ندین كتێبی خۆرهه‌ڵاتناسی هه‌یه، وه‌ربگێڕدرێن بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی. له زمانه جیاوازه‌كانی وه‌ك فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی، ده‌ریایه‌ك گه‌نجینه‌ی زانستی له‌سه‌ر ئێمه و له‌سه‌ر كه‌لتوره‌كه‌مان هه‌یه. به‌داخه‌وه ئه‌و گه‌نجینه زانستییه تا هه‌نووكه‌ش، به‌لای ئێمه‌وه ونه! چونكه هێزه كۆنه‌پارێزه باڵاده‌سته‌كان، ڕێگرن له وه‌رگێڕانیان، یان ئه‌گه‌ر كه‌سێك بوێری كرد و وه‌ریگێڕان، ئه‌وان كۆیده‌كه‌نه‌وه و ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرن!
له هه‌مو ئه‌وانه‌وه، ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه به‌رگریكردن له كه‌لتور، به‌وه نابێت ڕێگری له توێژینه‌وه‌ی زانستی- مێژویی بگیرێت، یان كه‌لتور وه‌ك مۆمیاكراوێك بخرێته (سه‌لاجه‌ی مێژووه‌وه)، وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌ریتخوازه‌كان و كۆنه‌پارێزه‌كان ده‌یكه‌ن. به‌ڵكو به‌وه ده‌بێت كه‌لتور له داخرانه ناوخۆییه‌كانی ڕزگار بكرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی زانا مه‌سیحییه‌كان له ئه‌وروپا، بۆ كه‌لتوری مه‌سیحی ئه‌نجامیاندا و به چه‌ندین ده‌رئه‌نجامی نایابه‌وه هاتنه‌ده‌ره‌وه، ده‌رئه‌نجامی ڕزگاریخوازانه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، ئه‌و زانایانه كه‌لتوره‌كه‌ی خۆیان، له توناوتوونهكانی ڕابردو و عه‌قڵیه‌تی تهكفیكردن و قه‌سابخانه‌ی تائیفی كاسۆلیك- پرۆتستانت ڕزگار كرد. ئه‌وه‌ش هه‌مان ئه‌و دهمارگیرییانهیه كه له‌مڕۆدا، خه‌ریكه جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی وێران ده‌كات.
دواجار ئاماژه به‌و كتێبه ئینسایكلۆپیدیا قه‌به‌یه ده‌كه‌م، كه به‌م دواییانه و به‌م ناونیشانه له پاریس بڵاوكرایه‌وه: قورئانی مێژونووسان/ قرأن المؤرخین. كتێبه‌كه كۆمه‌ڵێ فتوحاتی زانستی زۆر گه‌وره‌ی له‌خۆگرتووه كه پێشتر نمونه‌ی نه‌بووه. من له كتێبه تازه‌كه‌مدا كه تازه‌كی له دار المدی و به‌م ناونیشانه بڵاوكرایه‌وه: “عه‌ره‌ب له نێوان ڕووناكی و تاریكی، وێستگه‌كان و ڕووناكییه‌كان” زۆر به‌دریژی باسم له‌وه كردووه.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، سێ شه‌ممه، 22 حوزه‌یران، 2021