“وۆرکشۆپی نووسینی داهێنەرانە” لەگەڵ موحسین ئەلڕەملیدا

Loading

بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و دامەزراوەی مەدا، پەیمانگەی گۆتە لە پڕۆژەی “وۆرکشۆپی نووسینی داهێنەرانە” ڕادەگەیەنێت، کە تێیدا بۆ ماوەی دوو مانگ بەشداربوان لەگەڵ د. موحسین ئەلرەملی-ی ڕۆماننووسی بەناوبانگی عێراقیدا سەرقاڵی باسکردن و فێربوونی چۆنێتیی نووسینی چیرۆک و بنەماکانی گێڕانەوە دەبن.

هەڵبەت ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر شارەکان، کۆمەڵگەکان و خودی خۆماندا دێن؛ پەیوەندییە ئاسایی و شڵەژاوەکانمان، تەنانەت ئەو بڕیارانەی لە ژێر کاریگەریی پچڕانی کارەبا و ئاودا دەیاندەین، شایستەی گێڕانەوەن. ئێمە چیمان پێویستە بۆ گێڕانەوەی ئەم چیرۆکانە؟ چیمان پێویستە بۆ گێڕانەوەی خۆمان و چواردەور و کۆمەڵگەکەمان؟ تەکنیکەکانی نووسین، بونیادنانی کارەکتەر و وردەکارییەکانی دیکەی گێڕانەوە، هەموو ئەمانە بۆ ماوەی دوو مانگ و لەگەڵ د. موحسن ئەلڕەملیدا، تەوەری “وۆرکشۆپی نووسینی داهێنەرانە” دەبن.

خوازیاران پێویستە سەرەتا لە کێبڕکێیەکی نووسیندا بەشدار ببن، تاکو دەقەکانیان لە لایەن لیژنەی سەرپەرشتیکارەوە بخوێنرێنەوە و هەڵبسەنگێنرێن. براوەکانی ئەم پێشبڕکێیە هەڵدەبژێررێن و مافی بەشداربوونی وۆرکشۆپەکەیان دەبێت. بەشداریکردن لە کێبڕکێکەدا، لە ڕێی ناردنی چیرۆکێکی خۆیان یان بەشێکی ڕۆمانێکیانەوە دەبێت، کە نابێت لە دوو لاپەڕە کەمتر بێت.

دواتر، ئەو دەق و چیرۆکانەی لەم وۆرکشۆپەوە بەرهەم دێن، لە دوو کتێبدا و بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، بە هاوکاریی دامەزراوەی مەدا و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بڵاو دەکرێنەوە.

پێداویستی و مەرجەکانی بەشداربوون لە کێبڕکێ و وۆرکسۆپەکەدا:

 

– پێشکەشکار عێراقی بێت، یان دانیشتووی عێراق بێت.

– هەلی زیاتر بۆ ئەو کەسانەیە کە تەمەنیان لە ٤٠ ساڵ کەمترە.

– وێنەیەکی پاسپۆرت، یان بەڵگەنامەی مانەوە.

– ناردنی کورتە چیرۆکێک، یان بەشێکی ڕۆمانێک، کە لە دوو لاپەڕە کەمتر نەبێت.

– چیرۆکەکە بە زمانی عەرەبی، یان کوردی بێت.

– ناردنی سیڤی پێشکەشکار.

– دوا مۆڵەت بۆ بەشداریکردن ٥ی سێبتەمبەری ٢٠٢١ە.

– چیرۆک و بەشدارییە کوردییەکان، لە ژێر ناونیشانی “ۆرکشۆپی نووسینی داهێنەرانە”دا، لەگەڵ وێنە و سیڤی و بەڵگەنامەکاندا بۆ ئەم ئیمەیڵە بنێررێن:

sardempublications@gmail.com

 

هەروەها دەق و بەشدارییە عەرەبییەکان، بۆ ئەم ئیمەیڵەی خوارەوەیان بنێرن:

mutaz.abdulrahman@goethe.de

ناردن: