“ئیسلام له سه‌ده‌ی بیستویه‌ك”دا؛ وه‌رگێڕانی قورئانی پیرۆز بۆ سه‌ر زمانه ئه‌وروپییه‌كان
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
ئه‌م گۆڤاره تازه‌یه (مه‌به‌ستی گۆڤاری -ئیسلام له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك-ه كه تا ئێستا سێ ژماره‌ی لێده‌رچووه و بڵاوكراوه‌ته‌وه. و.ك)، به‌رده‌وامه له هه‌ڵكشانه به‌هێزه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئاستی گۆڕه‌پانی پاریس و هه‌روه‌ها گۆڕه‌پانی عه‌ره‌بیش. ئێمه پێشبینیمان ده‌كرد، ئه‌م گۆڤاره ماندووده‌بێت و ده‌كه‌وێته په‌له‌قاژێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر چه‌ندین گۆڤاری دیكه‌دا هاتووه. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه پێشبینییه‌كه‌مان ڕاست ده‌رنه‌چوو. ئه‌وه‌تا ژماره‌ی سێی گۆڤاره‌كه، كه پێش چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر بڵاوبووه‌ته‌وه، بۆ من وا ده‌رده‌كه‌وێت چڕ و پڕ بێت، لێوان لێوه له فیكری نوێ و ڕۆشنایی ههمهجۆر. ئه‌م ژماره‌یه به نووسینێكی خانمه توێژه‌ری ناسراوی لوبنانی “ڕیتا فه‌ره‌ج” ده‌ستپێده‌كات. ئه‌م خانمه له ئێستادا، یه‌كێكه له عه‌قڵه هه‌ره مه‌زنه‌كانی عه‌ره‌ب، نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی ژنان، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی پیاوانیش.
له‌وبڕوایه‌دام ژماره‌ی ئه‌و ڕۆشنبیره پیاوانه‌ی یان ئه‌و ڕۆشنبیره ئافره‌تانه‌ی، ده‌گه‌نه ئاستی ڕیتا فه‌ره‌ج، زۆر گه‌وره نه‌بێت. ئه‌و به‌وه جیاده‌كرێته‌وه كه خاوه‌نی میتۆدێكی تۆكمه‌یه و زۆر ورده له هه‌ڵبژاردنی زاراوه‌دا و له ڕووی فیكرییه‌وه، كه‌سێكی پێشكه‌وتووخوازه یان خاوه‌نی فیكرێكی ڕۆشنه. به‌و مانایه‌ی ئه‌و كه‌سێكی پێشكه‌وتوخوازی ڕووكه‌ش نییه، له‌سه‌ر شێوازی دروشمبازی و قسه‌ی ئاسانی ناو بۆش. به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌بوونی مه‌عریفه‌تێكی ڕاسته‌قینه بۆ كێشه و قه‌یرانه‌كانی كه‌لتور و مۆدێرنه، وه‌ك یه‌ك، كه‌سێكی پێشكه‌وتوخوازه. ناونیشانی توێژینه‌وه دوور و درێژه‌كه‌ی كه له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاوبووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه: “ئیسلامی ژنانه و ته‌حه‌دای سیستمی پاتریاركی له فقهی ته‌شریعی ئیسلامی دا/ الإسلام النسوي وتحدي النظام البطريركي في الفقه التشريعي الإسلامي”. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی شه‌رحی ئه‌م ناونیشانه قورسه بكه‌ین كه پێده‌چێت ناونیشانێكی ئاڵۆز و سه‌خت بێت و پێش ئه‌وه‌ی بڕۆینه نێو كرۆكی بابه‌ته‌كه‌وه، پێمباشه وته‌یه‌كی كورت له‌سه‌ر خانمه نووسه‌ری توێژینه‌وه‌كه “ڕیتا فه‌ره‌ج” بڵێم.
ڕیتا توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵناسی لوبنانییه، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی سه‌نته‌ری “ئهلمسبار”ه، بۆ لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه له دوبه‌ی. ئه‌و سه‌نته‌ره بنكه‌یه‌كی نایابی ڕۆشنگه‌رییه له دڵی ده‌وڵه‌تی ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو، له دڵی نیۆیۆركی عه‌ره‌ب! هه‌روه‌ها ئه‌م خانمه توێژه‌ره، ساڵی 2008، به سه‌رپه‌رشتی بیرمه‌ندی ئیسلامی دكتۆر ڕه‌زوان ئه‌لسه‌ید، بڕوانامه‌ی دكتۆرای له لێكۆڵینه‌وه‌ی ئیسلامی وه‌رگرت. تێزی دكتۆراكه‌ی ئه‌م ناونیشانه زۆر گرنگ و بایه‌خداره‌ی له‌خۆگرتبوو: “تووندوتیژی له ئیسلامی هاوچه‌رخ دا: پێدراوێكی بونیادییه یان به‌رهه‌می هه‌لومه‌رجێكه؟”. ئه‌مه بابه‌تی ئه‌مڕۆیه، كێ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌داته‌وه، گه‌وره‌ترین خزمه‌ت پێشكه‌ش به ڕۆشنبیریی هاوچه‌رخی عه‌ره‌بی ده‌كات. ئه‌وه‌ی من زۆر لێی ده‌ترسم، ئه‌وه‌یه وه‌ڵامه‌كه، به‌شی یه‌كه‌می پرسیاره‌كه‌ی له‌خۆگرتبێت. ڕیتا دواتر چه‌ند كتێبێكی گرنگی دیكه بڵاوده‌كاته‌وه، له‌وانه: “ژنانی فوقه‌ها و ژنانی مۆدێرنه: گوتاری نایه‌كسانی له تێكسته فیقههییهكاندا/ امرأة الفقهاء وامرأة الحداثة: خطاب اللامساواة في المدونة الفقهية”. جگه له‌وه ڕیتا فه‌ره‌ج، له ده‌ركردنی كتێبێكی ده‌سته‌جه‌می، ده‌رباره‌ی خوێندنی فه‌لسه‌فه له جیهانی عه‌ره‌بی، به‌شداری كردووه، كتێبه‌كه له‌ژێر چاودێری یۆنسكۆ بڵاوكراوه‌ته‌وه.
تێزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌م توێژینه‌وه قورس و چڕه، له چه‌ند وشه‌یه‌كدا كورتده‌بێته‌وه: سیستمی پاتریاركی یان باوكسالاری، ئه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ر مێژووماندا گرتووه، بگره ده‌ستی به‌سه‌ر مێژووی ئه‌وروپادا گرتبوو، تا به‌رپابوونی شۆڕشی فه‌ره‌نسی كه ئه‌و سیستمه‌ی ڕه‌تكرده‌وه و شكستی پێهێنا و ڕووخاندی. دوای ئه‌وه، ئه‌وروپا ورده ورده لێی ڕزگار بوو، به ڕاده‌یه‌ك لێی ڕزگاربوو، به ته‌واوه‌تی له‌ناویبرد و چیتر سیستمێكی په‌تریاركی دواكه‌وتوو، له فه‌ره‌نسا یان له تێكڕای ئه‌وروپا بوونی نه‌ماوه. به‌ڵام لای ئێمه تا حاڵی حازر و تا ئاستێكی گه‌وره، هێشتا باو و باڵاده‌سته، به تایبه‌تی له نێوه‌نده نهریتییهكهدا.
سیستمی پاتریاركی یان پیاوسالاری، بریتییه له سیستمێكی نێرینه‌یی، تێیدا پیاو ته‌حه‌كوم به ژن و منداڵه‌كانه‌وه ده‌كات. ئه‌وه سیستمێكه، له هه‌مو كایه‌كاندا، له كایه‌ی سیاسییه‌وه بۆ كایه‌ی مۆراڵ و له‌وێشه‌وه بۆ كایه‌ی یاسا، چه‌ندین ئیمتیاز ده‌به‌خشێت به پیاو. پیاوسالاری سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، تێیدا پیاو ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئافره‌تدا ده‌شكێت. گه‌وره‌ترین نمونه بۆ ئه‌وه، كاراكته‌ری “ئه‌حمه‌د عبدالجواد”ه، له سێینه به‌ناوبانگه‌كه‌ی نه‌جیب مه‌حفوزدا. ئه‌و كاراكته‌ره به‌رجه‌سته‌ی باوكێكی پهتریاركییه به هه‌مو ڕه‌هه‌نده‌كانییه‌وه. هه‌نووكه ئه‌م پرسیاره ده‌خه‌ینه‌ڕوو: ژنانی عه‌ره‌ب یان ژنانی موسڵمانان، چۆن له‌ژێر هه‌ژمونی ئه‌م سیستمه پیاوسالارییه ڕزگاریان ده‌بێت كه ماوه‌ی هه‌زار ساڵ یان زیاتره، به به‌رده‌وامی، ده‌ستی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاكانماندا گرتووه؟ پرۆسه‌كه هه‌رگیز ئاسان نییه، ڕیتا فه‌ره‌ج، به‌و په‌ڕی هۆشیارییه‌وه ده‌رك به ترسناكی بابه‌ته‌كه ده‌كات. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه، وێنه‌یه‌كی ته‌واوه‌تیمان ده‌رباره‌ی، تێكۆشانی قاره‌مانانه‌ی ژنان ده‌خاته به‌رده‌ست، هه‌ر له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه تا ئه‌مڕۆ.
ڕیتا له توێژینه‌وه‌كه‌یدا، ئاماژه به ژماره‌یه‌ك ئافره‌تی رۆشنگه‌ر و تێكۆشه‌ر ده‌دات، له‌وانه: عائیشه ته‌یمور، زه‌ینه‌ب فه‌واز، مه‌له‌ك حه‌فنی ناصف، عائشه عبدالرحمان (بنت االشاطی)، هودا ئه‌لشه‌عراوی، نه‌زیره زین ا‌لدین. ڕیتا فه‌ره‌ج سه‌باره‌ت به‌م خاتوونه‌ی دواییان ده‌ڵێت: بوێری ئه‌وه‌ی هه‌بووه، داوای كردووه ئافره‌ت مافی ئیجتیهادی ئاینی هه‌بێت! ئه‌مه‌ش شتێكه پێشتر بوونی نه‌بووه. ئێمه به تایبه‌ت ئه‌وه ده‌ڵێین، چونكه كۆمه‌ڵگای باوكسالاری پاتریاركی، ئافره‌تی به ته‌واوه‌تی له‌م كایه‌یه‌دا دوورخستووه‌ته‌وه (مه‌به‌ستی دوورخستنه‌وه‌ی ئافره‌ته له كایه‌ی ئیجتیهادی ئاینی. و.ك). ئافره‌ت چ په‌یوه‌ندییه‌كی به ئاینه‌وه هه‌یه؟ خوا په‌نامان بدات! ئه‌ی ئه‌م سیستمه له‌خۆبایی و لوتبه‌رزه، ئافره‌تی به كه‌م عه‌قڵ و كه‌م دین دانه‌ده‌نا؟ ئه‌ی له سه‌ده تاریكه‌كاندا، نه‌یان ده‌پرسی: ئاخۆ ئافره‌ت ڕۆحی هه‌یه؟… هتد. كه‌واته چیرۆكه‌كه زۆر دوور و درێژه.
به‌ڵام ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی ئافره‌تانی عه‌ره‌ب یان ئافره‌تانی موسڵمان به‌ده‌ستیان هێناوه، زۆر گه‌وره و نایاب بوو، به تایبه‌ت له بیست یان سی ساڵی ڕابردوودا. بێگومان، نا‌توانیت هه‌ژمونی عه‌قڵیه‌تی پاتریاركی كه سه‌دان ساڵه باڵاده‌سته، له چه‌ند ساڵێكی كه‌مدا بگۆڕیت. چونكه وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێكیان وتوویه‌تی، گۆڕینی عه‌قڵیه‌ت، زۆر قورستره له جووڵاندنی شاخه‌كان! وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئافره‌تی عه‌ره‌ب یان ئافره‌تی موسڵمان، تۆڵه‌ی له‌و مێژووه دوور و درێژه‌ی ده‌ركردن و په‌راوێزخستنه كرده‌وه، ئه‌ویش به‌وه‌ی له ئێستادا بووه به به‌ڕێوه‌به‌ر و وه‌زیر و مامۆستای زانكۆ و توێژه‌ر و ڕۆشنبیرێكی ئاست به‌رز… هتد. ئایا ئه‌مه كه‌مه؟ ئێمه له كوێ بوین و ئێستا گه‌یشتوینه‌ته كوێ؟
دواجار ڕوون و ئاشكرایه ڕیتا فه‌ره‌ج، زۆر هوشیاره به‌رامبه‌ر به مه‌ترسی بابه‌ته‌كه و سه‌ختییه‌كه‌ی. له ڕاستیدا ڕزگاربوونی ئافره‌تی عه‌ره‌بی موسڵمان، له كۆت و به‌ندی ڕابردوو، له‌سه‌ر یه‌ك شت ڕاوه‌ستاوه: ئایا ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌ی ڕۆشنگه‌ریی پێشكه‌وتوخواز بۆ كه‌لتور، سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر خوێنده‌وه‌ی دواكه‌وتووانه‌ی تاریكبین، كه له شكستی موعته‌زیله و فه‌یله‌سوفه‌كان و رۆحانییه گه‌وره‌كانه‌وه، لانی كه‌م پێش 1200 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، هه‌ژمونی به‌سه‌ر جیهانی عه‌ره‌بی و سه‌رتاپای جیهانی ئیسلامی‌دا گرتووه؟ دوای توێژینه‌وه‌كه‌ی ڕیتا فه‌ره‌ج كه له پێشه‌وه‌ی ژماره سێی گۆڤارهكهدایه، چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی دیكه‌ی گرنگ دێن، له نێویاندا توێژینه‌وه‌یه‌كی نایابه، ده‌رباره‌ی وه‌رگێڕانی قورئانی پیرۆز بۆ زمانه ئه‌وروپییه‌كان، به تایبه‌ت بۆ هه‌ردوو زمانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی.
له كۆتایدا پێویسته ئه‌و پێشه‌كیانه له‌بیرنه‌كه‌ین كه بۆ هه‌ر بابه‌تێكی ئه‌م بابه‌تانه نووسراوه. ئه‌و پێشهكییانه هه‌ندێكجار پێشه‌كییه‌كی درێژه و پڕه له زانیاری زۆر به‌سود و رۆشنایی. خانمه نووسه‌ر ئیفا جانادان، جێگری سه‌رنووسه‌ری گۆڤاره‌كه، هه‌مو ئه‌و پێشهكیانهی نووسیوه. ده‌كرێت بڵێین ئه‌م توێژه‌ره كه پسپۆڕه له لێكۆڵینه‌وه‌ی ئیسلامی، ئه‌و داینه‌مۆی بزوێنه‌ری كۆی گۆڤاره‌كه‌یه. ئه‌و به‌ڕاستی زۆر ڕۆشنبیره و ئاگاداری بابه‌ته‌كانه. له سه‌ره‌تاوه بۆ كۆتایی، بایه‌خ به گۆڤاره‌كه ده‌دات. من له‌و بڕوایه‌دام، سه‌ركه‌وتنی گۆڤاره‌كه، له به‌شێكی زۆری‌دا، بۆ ئه‌و خانمه ده‌گه‌ڕێته‌وه. هه‌مو خاوه‌ن مافێك، ده‌بێ حه‌قی خۆی پێبدرێت.
لێره‌دا كه‌مه‌كێك له‌سه‌ر بابه‌تی وه‌رگێڕانی قورئانی پیرۆز ڕاده‌وه‌ستم، هه‌ر لێره‌دا و پێش ئه‌وه‌ی بڕۆمه نێو كاكڵه‌ی بابه‌ته‌كه‌وه، باس له مه‌سه‌له‌یه‌كی شه‌خسی خۆم بۆ خوێنه‌ر ده‌كه‌م. هه‌رچه‌نده من ده‌رچووی كۆلێژی ئادابم، به‌شی زمانی عه‌ره‌بی، له زانكۆی دیمه‌شق. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، من هه‌ندێكجار بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی باش له ده‌قه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی قورئان تێبگه‌م، په‌نا دهبهمهبهر وه‌رگێڕانه فه‌ره‌نسییه‌كه. كێ باوه‌ڕ به‌وه ده‌كات؟ خۆشبه‌ختانه من نوسخه‌یه‌كی قورئانم هه‌یه، به هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و فه‌ره‌نسی نووسراوه: واته لاپه‌ڕه‌یه‌ك به عه‌ره‌بی نووسراوه و لاپه‌ڕه‌ی به‌رامبه‌ری به فه‌ره‌نسی نووسراوه. به‌م شێوه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به باشی له قورئان تێبگه‌م، به ئاسانی په‌نا ده‌به‌مه به‌ر وه‌رگێڕانه فه‌ره‌نسییه‌كه. خۆشبه‌ختانه ئه‌و نوسخه‌یه‌ی من هه‌مه، نوسخه‌یه‌كی زۆر نایابه و له‌لایه‌ن دكتۆر سوبحی ئه‌لسالح-ه‌وه، پیداچوونه‌وه‌ی بۆ كراوه. ئه‌م نووسخه‌یه كه به هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و فه‌ره‌نسی نووسراوه، زیاد له سی ساڵه له‌گه‌ڵمدایه. له هه‌مو لێكۆڵینه‌وه و توێژینهوهكانمدا، پشتم به‌م نوسخه‌یه به‌ستووه. به‌ڵام بۆچی مه‌سه‌له‌كه‌تان به‌لاوه سه‌یره؟ فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی “جان هیبۆڵیت” كه مامۆستای فۆكۆ و هه‌مو نه‌وه‌كه‌ی خۆی بوو، ژیانی بۆ وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه نایابه‌كه‌ی هیگڵ: فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح، ته‌رخان كردبوو. وه‌رگێرانه‌كه‌ی تا بڵێی ورد و زۆرباش بوو، ئێمه بۆیه ئه‌مه ده‌ڵێین، چونكه ئه‌و فه‌یله‌سوفه ده‌یان ساڵ، سه‌رقاڵی پوخته‌كردن و پێداچوونه‌وه بووه به وه‌رگێڕانه‌كه‌یدا. ده‌وترێت ڕۆشنبیره‌كانی ئه‌ڵمانیا، بۆ ئه‌وه‌ی له تێكسته ئه‌ڵمانییه‌كه تێبگه‌ن، په‌نایان بۆ ئه‌و وه‌رگێڕانه فه‌ره‌نسییه بردووه! ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه هیگڵ بیرمه‌ندێكه به ئاسانی خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه و تێگه‌یشتن لێی زه‌حمه‌ته.
لێره‌وه نه‌كه‌ن به چاوێكی سوكه‌وه سه‌یری وه‌رگێڕان و وه‌رگێڕه‌كان بكه‌ن. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕه‌كان، پیشهگهربن و په‌رۆشی ئه‌وه‌بن باشترینی وه‌رگێڕان ئه‌نجامبده‌ن. وه‌رگێڕان كرده‌یه‌كی داهێنه‌رانه‌یه، به مانای ته‌واوی وشه‌كه. هه‌ستانه‌وه و ڕێنیسانسی ڕۆشنبیریی عه‌ره‌بی له ساڵانی داهاتوودا، له‌سه‌ر وه‌رگێڕان یان له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی وه‌رگێران، ڕاده‌وه‌ستێت.
هه‌نووكه با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ لای وه‌رگێڕانه فه‌ره‌نسییه‌كان بۆ قورئان، من پێووایه سێ وه‌رگێڕانی گرنگ بۆ قورئان كراوه. یه‌كه‌میان ئه‌و وه‌رگێڕانه‌یه كه خۆرهه‌ڵاتناسی گه‌وره “ڕێجیس بلاشیر” مامۆستای مێركڵ و ئه‌ركون و هه‌مو ئه‌و نه‌وه‌یه، ئه‌نجامیداوه. ڕێجیس پسۆڕێكی گه‌وره‌یه له توێژینه‌وه‌ی قورئانی و ئیسلامی‌دا. گرنگی و بایه‌خی وه‌رگێرانه‌كه‌ی و متمانه‌كردن به وه‌رگێڕانه‌كه‌ی، ئا لێره‌وه‌یه. دووه‌میان ئه‌و وه‌رگێڕانه‌یه كه خانمه توێژه‌ری گه‌وره “ده‌نیز ماسۆن” ئه‌نجامیداوه. ئه‌م وه‌رگێڕانه له‌لایه‌ن سوبحی ئه‌لساڵح پیداچوونه‌وه‌ی بۆ كراوه و من ئه‌م نوسخه‌یه‌م هه‌یه. ئاشكرایه ئه‌م زانا گه‌وره‌یه- ده‌نیز- ژیانی خۆی لێره، له مه‌غریب و به دیاریكراوی له شاری مه‌راكش بردووه‌ته‌سه‌ر. ئه‌و خانمه هه‌رچه‌نده له خێزانێكی بۆرجوازی ده‌وڵه‌مه‌نده، وه‌لێ ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ پاریس، زێدی له دایكبوونی. ده‌نیز ئیسلام و موسڵمانی خۆشده‌ویست و ده‌یه‌وێت ته‌نها له ئامێزی ئه‌واندا بژی. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه، ئه‌وه‌یه له ناوجه‌رگه‌ی شاره كۆنه‌كه‌دا ده‌ژی، نه‌ك له گه‌ڕه‌كه ئه‌وروپییه ڕاقییهكه كه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه. ئه‌و پێیباش بووه له مه‌غریب بمێنێته‌وه و له مه‌غریب بژی و له مه‌غریب توێژینه‌وه نایابه‌كانی بنووسێت. كێ ده‌توانێت خۆی له‌به‌رده‌م جوانی و سه‌رنجڕاكێشییه‌كانی مه‌غریب دا خۆی ڕاگرێت؟ ئه‌و زۆر بایه‌خی به گفتوگۆی ئیسلامی- مه‌سیحی ده‌دا، له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچكه‌ی مامۆستا گه‌وره‌كه‌ی خۆرهه‌ڵاتناسی به‌ناوبانگ لویس ماسینیۆن. هه‌رچی وه‌رگێڕانی سێیه‌مه، وه‌رگێڕانه‌كه‌ی مامۆستای مامۆستاكان پرۆفیسۆر جاك بێرك-ه. ئه‌م پرۆفیسۆره ساڵانی كۆتایی ژیانی، ته‌رخانكرد بۆ ئیشكردن له‌سه‌ر وه‌رگێڕانه‌كه‌ی و پێداچوونه‌وه و پوخته‌كردنی. ئه‌و تا بڵێی شانازی به‌م كاره‌ی ده‌كات و به بۆنه و بێ بۆنه، قسه‌ی له‌باره‌وه كردووه.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، پێنج شه‌ممه، 12 ئاب، 2021.
تێبینییه‌كی بچوك
ئیسلام له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، ناوی گۆڤارێكه كه ڕابیته‌ی ئیسلام له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، ده‌ریده‌كات. ئامانجی گۆڤاره‌كه بریتییه له تازه‌كردنه‌وه‌ی فیكر، له ناوه‌وه‌ی جیهانی عه‌ره‌بی ئیسلامی دا، سه‌رۆكی ڕابیتهكه دكتۆر سادق بلوسیف، سه‌رپه‌رشتی گۆڤاره‌كه ده‌كات. ئه‌م دكتۆره پرۆفیسۆرێكی گه‌وره‌یه له بواری پزیشكی، به‌ڵام پڕ پڕه له خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌ده‌ب و فیكر و فه‌لسه‌فه. هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه، هاشم ساڵح نووسینێكی له‌سه‌ر یه‌كه‌م ژماره‌ی گۆڤاره‌كه هه‌یه و له به‌رواری 7 شوباتی 2021 بڵاویكردووه‌ته‌وه.