كۆرنیلیۆس كاستۆریادیس له نێوان فه‌لسه‌فه و ده‌روونشیكاریدا
نووسینی: هاشم ساڵح
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
كۆرنیلیۆس كاستۆریادیس به یه‌كێك له‌و بیرمه‌نده ده‌گمه‌نانه داده‌نرێت كه فه‌لسه‌فه و ده‌روونشیكاری پێكه‌وه كۆكردووه‌ته‌وه. به مانایه‌كی دیكه، ئه‌و له‌یه‌ككاتدا، بیر له كۆمه‌ڵگا و تاك ده‌كاته‌وه. تاك و ده‌روونه قووڵه‌كه‌ی پشتگوێ ناخات، وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ نمونه، ماركسییه‌كان و ئایدۆلۆژسته‌كان ده‌یكه‌ن. كۆرنیلیۆس كاستۆریادیس به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه فه‌لسه‌فه ده‌ناسێنێت: فه‌لسه‌فه مانای ئه‌وه‌یه له ڕێگه‌ی فیكره‌وه، به‌رپرسیاره‌تی هه‌مو كێشه‌كان و خه‌مه‌كانی سهردهمهكهمان هه‌ڵبگرین. ئه‌وه فیكره بۆ خه‌ڵكی، حه‌قیقه‌تی ئه‌وه‌ی له ده‌وروبه‌ریان ڕووده‌دات، ڕوونده‌كاته‌وه. كاتێك خه‌ڵك له هه‌مو لایه‌كه‌وه، تاریكی ڕوویان تێده‌كات و شپرزهدهبن و به‌رچاویان نابینن، فیكر دێت و ڕێگایان بۆ ڕووناك ده‌كاته‌وه. بیرمه‌نده گه‌وره‌كان یان فه‌یله‌سوفه‌كان، ئه‌و مهشخهڵانهن به درێژای سه‌رده‌م و ڕۆژگاره‌كان، داگیرساون و ڕووناكی ده‌به‌خشن. ئه‌م مه‌شخه‌ڵه داگیرساوانه، له سوقرات و ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆوه، درێژده‌بنه‌وه بۆ سه‌ر خودی كۆرنیلیۆس كاستۆریادیس، به تێپه‌ڕین به دیكارت و كانت و هیگڵ و نیتچه و فرۆید و ده‌یانی دیكه.
كۆرنیلیۆس كاستۆریادیس له وه‌ڵامی پرسیارێكدا كه ده‌رباره‌ی ڕێڕه‌وه فیكرییه‌كه‌ی لێیكراوه، چۆن بووه یان چۆن ڕوویداوه، ده‌ڵێت:
هه‌ر له منداڵیمه‌وه، سه‌رسامبووم به فرۆید. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ستمكرد پێویسته ڕه‌هه‌ندی ده‌روونی و سێكسی تاك له‌به‌رچاو بگیرێت، نه‌ك ته‌نها ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری، وه‌ك ئه‌وه‌ی ماركسییه‌كان ده‌یكه‌ن. به‌ڵام تا ساڵی 1960، به‌هۆی كاریگه‌ری ماركسییه‌ت له‌سه‌رم، جهختكردنهوهم له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ندی جه‌ماعی یان كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌هێز بوو. دواتر ده‌ستمكرد به شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی بۆ خودی خۆم، پاشان لای خۆمه‌وه بوم به ده‌روونزان/ محللا نفسیا. ئیدی له‌و چركه‌ساته‌وه، مه‌حاڵ بوو وه‌ك ماركسییه‌ك بمێنمه‌وه. بۆمده‌ركه‌وت فه‌لسه‌فه‌ی ماركس، به‌ده‌ست ناته‌واوییه‌كی ترسناك و گه‌وره‌وه ده‌ناڵێنێت كه بریتییه له: پشتگوێخستنی تاكایه‌تی مرۆڤ و قووڵاییه سایكۆلۆژییه‌كه‌ی و جه‌ختكردنه‌وه‌ی ته‌نها له‌سه‌ر ژیانی ده‌سته‌جه‌معی، وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ڵك مێگه‌لێكی بێ شعور و بێ هه‌ست و سۆز بن. ئینجا له‌وه‌ش ترسناكتر، پشتگوێخستن و ئیهمالكردنی ماركسه بۆ ئه‌و شته‌ی ناویده‌نێم بونیادنانێكی خه‌یاڵییانه بۆ واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی- میژوویی. ماركس ته‌نها بایه‌خی به بونیادی ژێرخان ده‌دا، واته بونیادی مادیی و ئابوری. ئه‌و خه‌یاڵ یان خه‌یاڵدانی كۆمه‌ڵایه‌تی پشتگوێخستبوو، پێیوابوو ئه‌وه ته‌نها ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ڕووكه‌شی بونیادی ژێرخانه. ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی ترسناكه، چونكه گرنگی و بایه‌خی ئه‌و وێنه‌یه‌ی كۆمه‌ڵگا، له قۆناغێك له قۆناغه مێژووییه‌كه‌یدا، له‌سه‌ر خۆی دروستی ده‌كات، هیچی له گرنگی و بایه‌خ و یه‌كلایكردنه‌وه‌ی فاكته‌ره مادییه‌كان كه‌متر نییه. خه‌یاڵدانی كۆمه‌ڵایه‌تی كه له باوه‌ڕ و وێناكردنه‌كان و خه‌یاڵات پێكهاتووه، مه‌سه‌له‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تییه. هه‌مو كۆمه‌ڵگایه‌ك دیدگایه‌كی گشتی بۆ جیهان و بۆ بوون هه‌یه و نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك پشتگوێ بخرێت. ده‌كرێت ئه‌و دیدگایه، مۆركێكی ئاینی یان فه‌لسه‌فه‌ی یاخود ئه‌فسانه‌یی…هتد وه‌ربگرێت.
به‌ڵام ئایا ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ی كۆرنیلیۆس كاستۆریادیس، لێره‌دا له ماركسییهتی ده‌گرێت، له ڕه‌خنه‌كه‌ی جان پۆل سارته‌ر نزیك نابێته‌وه؟ چونكه سارته‌ر-یش داوای ئاشتكردنه‌وه‌ی نێوان وجوودییهت و ماركسییه‌ت-ی ده‌كرد، گله‌یی ئه‌وه‌ی له ماركسییه‌ت هه‌بوو كه خودی تاك و فاكته‌ره ده‌روونییه‌كانی پشتگوێ خستووه؟ كۆرنیلیۆس كاستۆریادیس ئاوا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه: زۆر به كه‌می ئاگاداری كاره‌كانی سارته‌رم، وه‌ك ئه‌ركێك كتێبه بهناوبانگهكهیم خوێنده‌وه “ڕه‌خنه له عه‌قڵی دیاله‌كتیك/ نقد العقل الجدلی”، به‌ڵام هه‌رگیز قه‌ناعه‌تی پێنه‌كردم. جگه له‌وه هه‌رگیز نه‌متوانی كتێبه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی فلۆبێر “گه‌مژه‌ی خێزانه‌كه/ أبله العائلة” بخوێنمه‌وه. له ڕاستیدا سارته‌ر هیچ له تیۆره‌كه‌ی فرۆید تێنه‌گه‌یشتبوو.بۆ نمونه سارته‌ر به‌و زاراوه سه‌ره‌كییه ڕازی نه‌بوو؛ كه شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی له‌سه‌ر بونیاد نراوه، مه‌به‌ستم زاراوه‌ی نه‌سته/ اللاوعی. له‌م باره‌یه‌وه سارته‌ر به ناڕازیبوونه‌وه به فرۆید ده‌ڵێت: ئه‌م هوشیارییه چییه كه ئاگای له خودی خۆی نییه؟ ئاخر ئه‌مه پرسیارێكی تا بڵێی گه‌مژانه‌یه، چونكه سروشتی نه‌ست، ئه‌وه‌یه هوشیاری به خودی خۆی نه‌بێت. زاراوه‌ی نه‌ست یان ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت بڵێین ئه‌زموونی نه‌ست، بریتییه له ئه‌زمونێكی سه‌لمێنراو و گومان هه‌ڵنه‌گره، حه‌قیقه‌تی خودی تاكه كه‌سی و كۆمه‌ڵگا و مێژوو، شایه‌تی و گه‌واهی بۆ ده‌ده‌ن. به‌ڵام به‌ڕێز سارته‌ر نایبینێت. ئالێره‌وه ئه‌و شتێكی ئه‌وتۆی نه‌بینیوه، تا شایه‌نی باسكردن بێت.
هه‌نووكه با بۆ ساتێكی كورتیش بێت، سه‌یری ئه‌و ڕه‌هه‌نده دروستكه‌ر و بونیادنه‌ره بكه‌ین كه كۆمه‌ڵگا و مێژوو دروست ده‌كات. ئه‌م ڕه‌هه‌نده چییه؟ بریتییه له توانای كۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تییه‌كان بۆ بونیادنان و پێكهێنانی خه‌یاڵدانه تایبه‌ته‌كه‌ی له هه‌ر قۆناغێك له قۆناغه‌كاندا: واته باوه‌ڕه‌كانی، وێناكانی/ تصوراتها، یان دیدگا دیاریكراوه‌كانی بۆ جیهان كه له‌وانی دیكه‌ی جیاده‌كاته‌وه. بۆ نمونه جیهانی گریكی كۆن، دیدگایه‌كی دیاریكراوی بۆ جیهان هه‌بوو، تا ساته‌وه‌ختی مردن و له‌ناوچوونی له‌سه‌ر ئه‌و دیدگایه ژیا. جیهانی عیبری- مه‌سیحیش، دیدگایه‌كی دیاریكراو یان دیدگایه‌كی خه‌یاڵی بۆ جیهان هه‌بوو، تاكو هاتنی سه‌رده‌می مۆدێرنه، له‌سه‌ر ئه‌و دیدگایه‌ی ده‌ژیا. ئه‌وه‌ش ئه‌و دیدگایه بوو كه ئاینی جووله‌كه- مه‌سیحی به‌رجه‌سته‌ی ده‌كرد. دواتر دیدگا ڕۆشنگه‌ره عه‌لمانییه مۆدێرنه‌كه شوێنی گرته‌وه. ئه‌مه‌ش دیدگایه‌كی زانستی فه‌لسه‌فی بوو، نه‌ك دیدگایه‌كی ئاینی لاهوتی. جیهانی ئێستای سه‌رمایه‌داریش، دیدگایه‌كی دیاریكراوی بۆ جیهان هه‌یه، كه بریتییه له فراوانكردنی به‌رهه‌م و به‌رخۆری تا هه‌تاهه‌تایه، سه‌رمایه‌داری تا ئێستاش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و دیدگایه ده‌ژی. تا زیاتر بهرخۆربیت و له‌ڕووی مادیی و غه‌ریزه‌ییه‌وه چێژی زیاترببینیت، زیاتر بوونی خۆت بهدیدێنیت. یان لانی كه‌م ئه‌وه‌یه خه‌ڵكی له كۆمه‌ڵگا سه‌رمایه‌دارییه‌كان بڕوایان پێیه‌تی.
ئێمه تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین، ئه‌وروپای مۆدرێن، كه‌لتوری یۆنان و ڕۆمان و عیبرانییه‌كان و عه‌ره‌ب و ئه‌وانی دیكه‌ی به‌كارهێنا، تاكو دیدگا خه‌یاڵییه‌كه‌ی خۆی بۆ جیهان دروست بكات و له‌سه‌ر بژی. بێگومان ئه‌وروپا هه‌مو ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی پێكه‌وه تێكه‌ڵكرد و شێلای و لێینا و تواندییه‌وه، تاكو به فۆرمێكی تازه‌وه بێته‌ده‌ره‌وه، فۆرمێك له هیچ ڕه‌گه‌زێك له‌و ڕه‌گه‌زانه ناچێت كه به ته‌نها وه‌ریگرتووه. هیچ شتێك له ده‌ره‌وه‌ڕا ناچێته ناو كۆمه‌ڵگاوه، ئه‌گه‌ر هه‌زم نه‌كرابێت و نهگونجێنرابێت، به پێچه‌وانه‌وه نه‌فره‌تی لێده‌كرێت و ته‌نها وه‌ك قسه ده‌مێنێته‌وه. هه‌روه‌ها هیچ شتێكیش ناچێته ده‌روونی تاكێكه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌زمی نه‌كردبێت و نهیگونجاندبێت. ئالێره‌دا سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی هه‌زمكردن و گونجاندن، تێبینی لێكچوون یان هاوته‌ریبی نێوان میكانیزمی تاك و میكانیزمی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ین.
كاره‌ساتی ماركس له‌وه‌دا بوو، هه‌رگیز له‌و ڕۆڵه تێنه‌گه‌یشت كه وێناكردنه خه‌یاڵییه‌كان یان فاكته‌ره ده‌روونییه‌كان، له گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگادا ده‌یگێڕن. ماركس كه‌سێكی ته‌واو عه‌قڵانی بوو، له ڕۆڵی ئه‌فسانه‌ی خه‌یاڵی یان باوه‌ڕی ئایدیالی له ژیانی كۆمه‌ڵگاكان و گه‌لاندا تێنه‌گه‌یشت. ئا لێره‌وه‌یه تیۆره‌كه‌ی ماركس، بۆ نمونه بۆ ئاین، نوقسانه و كورتی هێناوه. ئه‌و تیۆره‌یه یه‌كێك له ڕه‌هه‌نده بنچینه‌ییه‌كانی مرۆڤایه‌تی لاده‌بات و دایده‌بڕێت، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها جه‌خت له‌سه‌ر یه‌ك ڕه‌هه‌ند بكاته‌وه كه ڕه‌هه‌ندی مادیی و ئابورییه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره بوو ماركسییه‌ت سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.
به‌ڵام ئایا له ده‌رئه‌نجامی كۆتایدا، كاستۆریادیس چۆن گرنگی ماركس و گرنگی فرۆید هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟ ئه‌و ئاوا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: ماركس بیرمه‌ندێكی گه‌وره‌یه، ئه‌مه حه‌قیقه‌ته. وێنه‌كه‌ی له میحرابی فیكردا، له‌پاڵ بیست بیرمه‌نده‌ی دیكه‌دا ده‌مێنێته‌وه، له‌وانه: تۆكفێڵ، مۆنتیسكیۆ، هۆبز، ئه‌فلاتون، سوقرات… هتد. ئێمه دوو شت له ماركسه‌وه فێربووین و ئه‌و دوو شته ده‌مێننه‌وه. یه‌كه‌میان تهركیزكردنیهتی له‌سه‌ر گرنگی ده‌وروبه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یان گرنگی ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا تاك له‌دایكده‌بێت بۆ پێكهێنانی كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی. پاشان دابڕان له‌گه‌ڵ هه‌مو دیدێكی تاكایه‌تی یان جه‌وهه‌رگه‌رایی یا ئایدیالی كه واقع تێده‌په‌ڕێنێت یان ده‌كه‌وێته سه‌ره‌وه‌ی واقع. به‌ڵام ئه‌م دابڕانه، لای خودی ماركس-یش، دابڕانێكی تێكه‌ڵه، ئاڵۆزه و ڕوون نییه. لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئێمه قه‌رزاری ئه‌وین، فێریكردین چۆن وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی كۆیی موته‌كامل له كۆمه‌ڵگا بڕوانین. دووه‌میان ئه‌و بیری له ڕه‌گه‌زه كرده‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵگا كردووه‌ته‌وه، ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی كه ده‌كرێت وه‌رچه‌رخان له كۆمه‌ڵگادا دروست بكه‌ن یان كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و باشتر بگۆڕن: واته به‌رهه‌مهێنانی كاڵا ماددییه پێویسته‌كان بۆ ژیان و كه‌ره‌سته‌كانی ئه‌م به‌رهه‌مهێنانه و ڕۆڵی چینی كرێكار و… هتد.
هه‌رچی سه‌باره‌ت به فرۆیده، ئه‌وا شته‌كه لای ئه‌و جیاوازه. ئه‌وه‌ی له فیكری ئه‌ودا نامێنێت و له‌ناوده‌چێت، سروشتی پاتریاركییانهی كهسایهتیهكهیهتی و هه‌ندێكجاریش سروشتی پۆزهتیڤیستانهیه له هه‌ڵوێسته مه‌عریفییه‌كانی. به‌ڵام ئه‌م شتانه، ده‌كرێت له فیكری فرۆید ده‌ریبهێنین، وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بۆ ئێمه ڕاست و باش و گونجاوه. به‌ڵام ده‌بێت ئێمه له‌وه دوورتر بڕۆین كه ئه‌و ڕۆشتووه. ئه‌مه‌یه من وه‌ك خۆم ده‌مه‌وێت جێبه‌جێی بكه‌م.
هه‌نووكه ئه‌و په‌یوه‌ندییه چییه كه له نێوان ده‌روونشیكاری و فه‌لسه‌فه‌دا هه‌یه، یان ده‌روونشیكاری چی به‌خشیوه به فه‌لسه‌فه؟ كاستۆریادیس له لێكچه‌رێكی به‌ناوبانگیدا ده‌ڵێت: ده‌روونشیكاری ئه‌م سێ حه‌قیقه‌ته‌ی خواره‌وه‌ی پێشكه‌ش كردین: یه‌كه‌م، ده‌روونشیكاری له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نتۆلۆژی، جۆرێك له كهینونهمان پیشانده‌دات كه فه‌لسه‌فه‌ی ته‌قلیدی پشتگوێی خستووه. ئه‌وه ده‌روونشیكاری بوو بۆ یه‌كه‌مجار، قووڵایی ناخی مرۆڤی بۆ ده‌رخستین. دووه‌م، ده‌روونشیكاری ناچارمان ده‌كات مرۆڤ، ته‌نها وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی عه‌قڵانی نه‌بینین. به‌ڵكو وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی خه‌یاڵیش بیبینین، یان وه‌ك بوونه‌وه‌رێك بیبینین كه پڕ پڕه له خه‌یاڵاتی ناعه‌قڵانی، بگره لێوان لێوه له هه‌ڵچوون. ته‌نانه‌ت هوشیاری دیار، له‌به‌رده‌م هوشیاری ناوه‌كی یان نه‌ست دا، ملكه‌چه و چۆك داده‌دات. نه‌ست بریتییه له كیشوه‌رێكی تاریك، شڵه‌ژاو، ترسناك، جگه له یه‌زدان، كه‌س نازانێ چی تێدایه. سێیه‌م، ده‌روونشیكاری ڕه‌فتاری تاك و پاڵنهرهكانیمان بۆ ڕووناك ده‌كاته‌وه كه پێشتر شتی له‌و جۆره نه‌بووه، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی ئاشكرا كردنی قووڵایی خودی ئه‌و كیشوه‌ره تاریكه‌وه ئه‌نجامده‌دات. له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه تێده‌گه‌ین، مرۆڤ بۆچی به‌م ڕێگایه ڕه‌فتار ده‌كات و به‌و ڕێگایه‌ی دی ڕه‌فتار ناكات.
وه‌لێ سه‌باره‌ت به فه‌لسه‌فه‌ی ڕاسته‌قینه یان فه‌لسه‌فه‌ی مه‌زن، ئه‌وا كاستۆریادیس به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه پێناسه‌ی ده‌كات: ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌یه كه ڕێگاكه ده‌كاته‌وه، تاكو به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی به‌رفراوانتر تێیپه‌ڕێنێت. بۆچی؟ چونكه هه‌مو فه‌لسه‌فه‌یه‌كی گه‌وره، به سروشتی خۆی، مه‌یلی به‌لای ئه‌وه‌دا ده‌ڕوات به‌سه‌رخۆیدا دابخرێت، پێیوایه خودی خۆی حه‌قیقه‌تی ڕه‌هایه یان كۆتا لێكدانه‌وه‌یه بۆ جیهان و كۆمه‌ڵگا و میژوو. مه‌ترسی دۆگماتیزم یان فێنده‌مێنیتاڵیزمی داخراو ئا لێره‌دایه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، كاستۆریادیس داوا ده‌كات كه‌لتوری فه‌لسه‌فه‌ی زاڵ تێپه‌ڕێنین: واته كه‌لتوری گریك-خۆرئاوا. به‌ڵام ئه‌و بڕوای به “مردنی فه‌لسه‌فه” نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئێستادا هه‌ندێك باوه‌ڕیان به‌وه‌یه. فه‌لسه‌فه نامرێت، به‌ڵام به به‌رده‌وامی تازه‌ده‌بێته‌وه. كه‌لتوری فه‌لسه‌فی گریك-خۆرئاوا، له ئه‌فلاتون و ئهرستۆه تاكو كانت و هیگڵ-یش هه‌ر به‌رده‌وامه. هیچ گومانی تێدانییه ئه‌وه كه‌لتورێكی مه‌زنه، ناكرێت به مانای ته‌واوی وشه‌ی مردن بمرێت، به‌ڵام پێویسته تێپه‌ڕێنرێت، چونكه ژیان ناوه‌ستێت.
كاستۆریادیس له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: من هه‌ر له منداڵیمه‌وه، شه‌یدای فه‌لسه‌فه بووم: واته ئه‌و كاته‌ی ته‌مه‌نم سیانزه ساڵ بوو. من له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به ئه‌سڵ گریكی بووم، منداڵیم له “ئه‌سینا” بردووه‌ته‌سه‌ر، ده‌رفه‌تی فرۆشتنی كتێب به داشكاندن قۆسته‌وه، تاكو دوو به‌رگی گه‌وره‌ی مێژووی فه‌لسه‌فه بكڕم. له ماوه‌یه‌كی كورتدا هه‌ردوو به‌رگه‌كه‌م خوێنده‌وه. به‌م شێوه‌یه به‌ڕیز و یه‌ك له دوای یه‌ك، ئه‌فلاتون و كانت و ئه‌رستۆ و هۆسرێل و هیگڵ و ماكس ڤێبهرم خوێنده‌وه، بێگومان له‌گه‌ڵ ماركس-یش. ئا له‌و ساته‌وه‌خته‌وه، بێ دابڕان كتێبی فه‌لسه‌فی ده‌خوێنمه‌وه. ئه‌وه‌ی كه‌لتوری فه‌لسه‌فه نه‌خوێنێته‌وه، ڕۆشنبیر نییه. دواتر ساڵی 1945 هاتم بۆ پاریس، بۆ ئه‌وه‌ی دكتۆرا له فه‌لسه‌فه به‌ده‌ستبێنم. بابه‌تی دكتۆراكه‌م ئه‌مه بوو، هه‌مو سیستمێكی فه‌لسه‌فی عه‌قڵانی، له دواجاردا به‌ره‌و قه‌یران و بابه‌تی زۆر زه‌حمه‌ت په‌لده‌كێشێت كه چاره‌سه‌ر ناكرێت، ته‌نها له ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی سیستمێكی فه‌لسه‌فی نوێوه نه‌بێت، ئیدی ئا به‌م شێوه‌یه. من ده‌وروبه‌ری ساڵی 1960، ئه‌و كاته‌ی ده‌ستمكرد به گه‌ڵاڵه‌كردنی تیۆرهكهم ده‌رباره‌ی دامه‌زراندنی خه‌یاڵدانی كۆمه‌ڵگا، خۆم له ماركس ڕزگار كرد و سیستمه فهلسهفییهكهیم ڕتكرده‌وه. گومان له‌وه‌دا نییه منیش، وه‌ك بیرمه‌نده‌كانی دیكه، كاریگه‌ربووم به كه‌لتوری فه‌لسه‌فی یۆنانی- ئه‌وروپی. به‌ڵام له هه‌مویان زیاتر، ئه‌رستۆ كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌رم هه‌بوو. ئه‌رستۆ، به مانایه‌ك له ماناكان “دوای ڕۆشنگه‌ریی” هات. لێره‌وه حاڵه‌ته مێژوییه‌كه‌ی ئه‌رستۆ، تا ڕاده‌یه‌ك له حاڵه‌تی ئێمه ده‌چێت. به‌ڵام ئه‌رستۆ ته‌نها دوای ڕۆشنگه‌ریی نه‌هات، به‌ڵكو دوای ئه‌و په‌لاماردانه گه‌وره و دڕندانه‌یه‌ش هات كه كرایه سه‌ر ڕۆشنگه‌ریی. ئه‌م په‌لاماردانه ترسناكه، له‌سه‌ر ده‌ستی گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوف كه له میژووی مرۆڤایه‌تیدا، تاكو ئێستا ده‌ركه‌وتووه، ڕێكخرابوو: مه‌به‌ستم ئه‌فلاتونه، مامۆستاكه‌ی ئه‌رستۆ. ئه‌وه ئه‌فلاتون بوو، فه‌لسه‌فه‌ی لاهوتی یان فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیالیزمی گه‌ڵاڵه‌كرد كه دژ به عه‌قڵانیه‌تی ڕۆشنگه‌ریی بوو. ئه‌فلاتون بوو، تیۆره‌ی نموونه‌ی باڵای هێنایه‌ئارا كه ده‌كه‌وێته ئه‌و دیو واقیعی سه‌ر زه‌وی و له ئاسماندایه. دواتر ئه‌رستۆ وه‌ك په‌رچه‌كردارێكی دژ هات، به‌ڵام ئه‌رستۆ قوتابی ئه‌فلاتون بوو، ناكرێت له ئه‌رستۆ تێبگه‌یت، به‌بێ تێگه‌شتن له مامۆستاكه‌ی كه ئه‌رستۆ له دژی وه‌ستایه‌وه.
سه‌رچاوه
گۆڤاری افاق فلسفیة، یه‌ك شه‌ممه، 6/9/ 2021