عه‌بدولڕه‌زاق گۆرنا… ئاوا گه‌یشت به خه‌ڵاتی نۆبل بۆ ئه‌ده‌ب
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی ناوی عه‌بدولڕه‌زاق گۆرنای ته‌نزانی، وه‌ك براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ، بۆ ئه‌م ساڵ له كایه‌ی ئه‌ده‌ب دا، هه‌موان كه‌وتنه سۆراخكردن و پرسیاركردن ده‌رباره‌ی مێژووی ئه‌م پیاوه ڕه‌شپێسته و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی. ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی گۆرنا بوو به پێنجه‌م ئه‌فریقی، گرنگترین خه‌ڵاتی جیهانی بۆ ئه‌ده‌ب به‌ده‌ست ده‌هێنێت. ئه‌وه‌ی نووسه‌رو ڕۆماننوسی نێجیری “تشینوا ئاتشیبی*” ده‌ناسێت و ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت، ئه‌وا به ئاسانی له داهێنانه‌كانی نووسه‌ره تهنزانییهكه: عه‌بدولڕه‌زاق گۆرنا، نزیكده‌بێته‌وه و لێی تێده‌گات.
ئه‌م دوو نووسه‌ره، واته تشینوا ئاتشیبی نێجیری و عه‌بدولڕه‌زاق گۆرنای ته‌نزانی، هه‌ردووكیان له به‌رهه‌مه‌كانیاندا، زۆر به ڕاشكاوی و به‌و په‌ڕی راستگۆییه‌وه، باس له كاریگه‌رییه‌كانی كۆڵۆنیاڵیزمی ئه‌وروپی ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر كیشوه‌ره ڕه‌شه‌كه، كیشوه‌ری ئه‌فریقا. جیاوازییه گه‌وره‌كه‌ی نێوان ئه‌م دوو پیاوه، ئه‌م دوو نووسه‌ره ئه‌فریقییه، ئه‌وه‌یه ئاتشیبی ناوبانگێكی به‌ربڵاوی هه‌یه و خه‌ڵاتی نۆبڵی وه‌رنه‌گرتووه. له به‌رامبه‌ردا عه‌بدولڕه‌زاق گۆرنای كه ناوبانگێكی ئه‌وتۆی نییه و وه‌ك پێویست نه‌ناسراوه، كه‌چی بووه براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ.
ئه‌ده‌ب و به‌رهه‌مه‌كانی گۆرنا، له‌سه‌ر ئاستێكی به‌رفراوان نه‌ناسراو بوو، ئه‌مه پێش ئه‌وه‌ی ناوی وه‌ك براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ ڕابگه‌یه‌نرێت. به تاییبه‌تی له جیهانی عه‌ره‌بی، (بێگومان لای ئێمه‌ی كوردیش، نه‌ناسراو بوو). ئه‌وه‌تا سكرتێری به‌رهه‌مه‌كانی، خانم “ئه‌لكسندرا برینگڵ” قسه‌ی بۆ میدیاكان كردووه و ده‌ڵێت: “بردنه‌وه‌ی گۆرنا، زۆر زۆر شایه‌نی بوو، شایه‌نی نووسه‌رێك بوو پێشتر ده‌رحه‌ق به به‌رهه‌مه‌كانی، ئاوڕی لێنه‌دراوه‌ته‌وه و هیچ ڕێزێكی ئه‌وتۆی لێنه‌نراوه”.
پێگه‌ی سكای نیوزی عه‌ره‌بی، ئا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه، كه‌وتووه‌ته دوای ڕێچكه‌ی كاروانی ئه‌ده‌بی عه‌بدولڕه‌زاق گۆرنا، له سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه، تا ساته‌وه‌ختی گه‌یشتنی به سه‌كۆی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب:
جێهێشتنی زنجیار
عه‌بدولڕه‌زاق گۆرنا له ساڵی 1948، له دوورگه‌ی زه‌نجبار یان زه‌نگبار كه له ئێستادا بووه‌ته به‌شێك له وڵاتی ته‌نزانیا، له‌دایك بووه. هه‌ر له منداڵییه‌وه، چاوانی به‌سه‌ر ژیانێكی دیكه‌دا كردووه‌ته‌وه، ژیانی نێو جیهانێكی تازه كه له‌سه‌روبه‌ندی دروستبووندا بوو، ئه‌ویش جیهانی دوای جه‌نگی دووه‌می گێتی بوو. له‌و ڕۆژگاره‌دا و به دیاریكراوی ساڵی 1963، زه‌نجبار سه‌ربه‌خۆیی خۆی له به‌ریتانیا وه‌رده‌گرێت. دوای ئه‌وه، وڵات نوقمی شۆڕشێكی سه‌رتاسه‌ری بێ‌ئامان ده‌بێت كه كوده‌تا خوێناوییه‌كه‌ی ساڵی 1964 لێكه‌وتووه‌ته‌وه. دوای كوده‌تاكه، دانیشتوانی زه‌نجبار، ئه‌وانه‌یان به ئه‌سڵ عه‌ره‌ب بوون، دووچاری سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوان بوونه‌ته‌وه. ئه‌مه وایكرد، گۆرنا له ساڵی 1968 و له ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا، زێد و نیشتیمانی خۆی به‌جێبێڵێت و به‌ره‌و به‌ریتانیا ڕابكات و له‌وێ وه‌ك په‌ناهه‌نده‌یه‌ك و دوور له نیشتیمانی بژی. دوای ئه‌و ڕۆشتنه، ته‌نها له ساڵی 1984 دا، واته دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی شانزه ساڵ له ئاواره‌یی و په‌ناهه‌نده‌یی، ئینجا توانی جاراێكی دی بگه‌ڕێته‌وه بۆ زه‌نجبار، ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی وایكرد، به ماوه‌یه‌كی كه‌م پێش مردنی دایكی، جارێكی دی دایكی ببینێته‌وه.
هه‌رچه‌نده زمانی دایك لای گۆرنا، زمانی سهواحیلییه/ كه‌ناراوه‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و ڕۆمان و به‌رهه‌مه‌كانی به زمانی ئینگلیزی نووسیوه. (لێره‌دا ئه‌م كه‌وانه‌یه ده‌كه‌ینه‌وه و ده‌ڵێین، مه‌به‌ست له زمانی سه‌واحیلی، زمانی پانتۆیه كه له كه‌ناراوه‌كانی ئه‌فریقای خۆرهه‌ڵات بڵاوبووه‌ته‌وه و زمانی فه‌رمی ئه‌م وڵاتانه‌یه: كینیا، مۆزه‌مبیق، ته‌نزانیا، ئۆگه‌ندا و یه‌كێكه له زمانه نیشتیمانییه‌كانی كۆماری كۆنگۆی دیموكراسی. ئه‌م زمانه په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ زمانی عه‌ره‌بی هه‌یه، هه‌ندێك سه‌رچاوه باس له‌وه ده‌كه‌ن وشه‌كانی زمانی عه‌ره‌بی، نزیكه‌ی 25% زمانی سه‌واحلی پێكده‌هێنێت. له‌وانه: وشه‌ی “sahihi/ صحیح”، وشه‌ی “biashara/ بیع و شراء”، وشه‌ی “Mahakama/ محكمة”، وشه‌ی “hakimu/ حاكم”، وشه‌ی “waraka/ ورقة” له‌گه‌ڵ چه‌ندین وشه‌ی دیكه. و.ك، سه‌رچاوه ویكیپیدیا و ahram.org).
عه‌بدولڕه‌زاق گۆرنا له ساڵی 1987، واته له ته‌مه‌نی سی و نۆ ساڵیدا، یه‌كه‌م ڕۆمانی خۆی به ناونیشانی “یاده‌وه‌ری كۆچ/ ذاكرة المغادرة” بڵاوكرده‌وه و له ساڵی 2020، دواهه‌مین ڕۆمانی به ناونیشانی “ژیانی پاش مه‌رگ/ الحیاة بعد الموت”، بڵاوكردووه‌ته‌وه. له نێوان ئه‌و دوو به‌رواره‌دا، واته به درێژایی زیاد له سیانزه ساڵ، نزیكه‌ی ده ڕۆمان و ژماره‌یه‌ك له كورته چیرۆكی نووسیوه و بڵاویكردوونه‌ته‌وه.
گۆرنا هاوشان به كاره داهێنه‌ره‌كانی، خاوه‌نی كاروانێكی ئه‌كادیمییه، ئه‌م كاروانه له ساڵی 1980 ده‌ست پێده‌كات و تا ساڵی 1982 به‌رده‌وام ده‌بێت. تێیدا له هه‌ردوو زانكۆی بایرۆكانۆ له نێجیریا و زانكۆی كه‌نت له به‌ریتانیا، وانه‌ی وتوه‌ته‌وه. له زانكۆی كه‌نت بڕوانامه‌ی دكتۆرا به‌ده‌ست دێنێت و تێزی سه‌ره‌كی دكتۆراكه‌ی، ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بی پاش كۆڵۆنیاڵیزم و كاریگه‌ری كۆڵۆنیاڵیزمه له‌سه‌ر وڵاتانی كۆڵۆنیكراو. تا پێش خانه‌نشین بوونی، له هه‌مان زانكۆ، واته زانكۆی كه‌نت، مامۆستای ئه‌ده‌بی ئینگلیزی پاش كۆڵۆنیاڵیزم بووه.
سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی
یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتن و ئاوڕدانه‌وه له به‌رهه‌مه‌كانی، ئه‌و كاته بوو كه ته‌مه‌نی گه‌شتبووه چل و شه‌ش ساڵ، ساڵی 1994ڕۆمانه به‌ناوبانگه‌كه‌ی به‌هه‌شت/ الفردوس، چووه لیستی كۆتایی خه‌ڵاتی پۆكهرهوه. ڕۆمانه‌كه به‌سه‌رهاتی یوسف-ی مێردمنداڵ ده‌گێڕێته‌وه و ڕووداوه‌كان، له خۆرهه‌ڵاتی ئه‌فریقا و به دیاریكراوی شاری “كاوا”ی ته‌نزانیا و له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م رووده‌ده‌ن. یوسف كه ته‌مه‌نی ته‌نها دوانزه ساڵه، ده‌فرۆشرێت به بازرگانێكی عه‌ره‌ب، ئیدی له‌گه‌ڵ ئه‌م بازرگانه‌دا، ده‌كه‌وێته گه‌ڕان به ناو دارستان و جه‌نگه‌ڵه‌كانی ئه‌فریقادا و چه‌ندین هۆز و خێڵ و كه‌لتوری جیاواز ده‌بینێت. دواتر ڕۆمانه‌كه تیشك ده‌خاته سه‌ر خۆشه‌ویستی نێوان یوسف و بچوكترین هاوسه‌ری بازرگانه‌كه. پاشان له سه‌روبه‌ندی به‌رپابوونی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، بازرگانه‌كه ده‌ست ده‌كات به چه‌كداركردنی گه‌نجانی ئه‌فریقا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ڵمانه‌كان و ده‌یان نێرێت بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ. به‌م جۆره دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆمانی به‌هه‌شت، به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو، تیشك خرایه سه‌ر گۆرنا.
بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ
كاروانه ئه‌ده‌بییه دوور و درێژه‌كه‌ی گۆرنا، به وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ گه‌شایه‌وه و بووه هۆی ئه‌وه‌ی ناوبانگێكی گه‌وره به‌ده‌ست بێنێت. له هه‌مانكاتدا بووه پێنجه‌م ئه‌فریقی كه خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب وه‌رده‌گرێت. پێش ئه‌و، ئه‌م نووسه‌ره ئه‌فریقیانه‌ی دیكه، خه‌ڵاته‌كه‌یان وه‌رگرتووه: ۆول سۆنیكای نیجیریا ساڵی 1986، نه‌جیب مهحفهزی میسری ساڵی 1988، نادین جۆردیمری باشوری ئه‌فریقا ساڵی 1991، جۆن ماكسوێل كۆتزی ساڵی 2003. سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌خشینی خه‌ڵاته‌كه، له وته‌یه‌كیدا ده‌ڵێت: گۆرنا به یه‌كێك له به‌ناوبانگترین نووسه‌ره‌كانی جیهان داده‌نرێت كه پسپۆڕه له قۆناغی پاش كۆلۆنیاڵیزم و باس له كاریگه‌رییه‌كانی كۆڵۆنیاڵیزم ده‌كات له‌سه‌ر خۆرهه‌ڵاتی ئه‌فریقا و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و ئه‌فریقییانه‌ی كۆچ ده‌كه‌ن و له وڵاتانی دیكه ده‌بن به په‌ناهه‌نده. كاراكته‌ری ڕۆمانه‌كانی، خۆیان له نێوان ئه‌و بۆشاییه‌دا ده‌بیننه‌وه كه ده‌كه‌وێته نێوان كه‌لتوره‌كان و كیشوه‌ره‌كان، بۆشایی نێوان ئه‌و ژیانه‌ی له پشت خۆیانه‌وه به‌جێیانهێشتووه، له‌گه‌ڵ ئه‌و ژیانه‌ی به‌ره‌و ڕوویان دێت و تێیدا روبه‌ڕووی ڕه‌گه‌زپه‌رستی ده‌بنه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆیان ناچار ده‌كه‌ن به بێده‌نگی بمێننه‌وه، یاخود بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له ململانێی واقیع به‌دوور بگرن، سه‌رله‌نوێ شوناسی خۆیان دروست ده‌كه‌نه‌وه. لێره‌وه گۆرنا له ڕۆمانه‌كانی و نووسینه‌كانیدا، تیشك ده‌خاته سه‌ر قۆناغی پاش كۆڵۆنیاڵیزم، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به ئه‌فریقا و ناوچه‌ی ده‌ریای كاریبی و هیند. جگه له ڕۆمانی به‌هه‌شت، كۆمه‌ڵێ ڕۆمانی دیكه نووسیوه، له‌وانه: “یاده‌وه‌ری كۆچ، ڕێگای حه‌ج، داتی، سه‌رسامبوون به بێده‌نگی، كه‌نار ده‌ریا، ژیانی پاش مه‌رگ”. گۆرنا جگه له ڕۆمانه‌كانی، كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی به ناونیشانی “دایكم له كێڵگه‌یه‌كی ئه‌فریقا ژیا” هه‌یه و ساڵی 2006 بڵاویكردووه‌ته‌وه.
دواجار جێگای بیرهێنانه‌وه‌یه كه پێشتر، كۆمه‌ڵێ رۆماننووسی دیكه ئه‌م خه‌ڵاته‌یان وه‌رگرتووه، له‌وانه ئارنست هیمنگوای، گابرێل گارسیا ماركیز، نه‌جیب مه‌حفوز، له شاعیره‌كانیش پابلۆ نیرۆدا و جۆزێف برۆدۆسكی و تاگور و شاعیری ئه‌مریكی خاتوو لویز گلۆك كه ساڵی پار خه‌ڵاته‌كه‌ی پێبه‌خشرا. له شانۆنووسهكانیش هارۆڵد پینته‌ر و یۆجین ئۆنیل براوه‌ی خه‌ڵاته‌كه بوون. وێنستۆن چه‌رچڵ كه یه‌كێك بوو له سیاسییه ناوداره‌كانی جیهان و تاقه سیاسییه له ساڵی 3 195 خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب وه‌رده‌گرێت. وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته ئه‌ده‌بییه له‌لایه‌ن پیاوێكی سیاسییه‌وه، وه‌ك شاره‌زایان و توێژه‌ران ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ن، بۆ یاداشته‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه دوانزه به‌رگه و به زمانێكی ئه‌ده‌بی جوان و زۆر به وردیی، باسی له مێژووی جه‌نگ و گه‌شه‌كردنه‌كانی ده‌كات، به تایبه‌ت جه‌نگی جیهانی دووه‌م كه خۆی له نزیكه‌وه له‌ناو جه‌نگه‌كه‌دا بووه و ئاگاداری كاره‌سات و نه‌هامه‌تییه‌كانی بووه.
سه‌رچاوه
پێگه‌ی سكای نیوزی عه‌ره‌بی، 7 و 8 مانگی 10، 2021
*(تشینوا ئاتشیبی Chinua Chinualumogu Achebe 1930– 2013، ڕۆماننوسێكی نێجیرییه و یه‌كه‌م ڕۆماننوسی كیشوه‌ری ئه‌فریقایه به زمانی ئینگلیزی نووسیویه‌تی، نووسینه‌كانی باس له‌و میراته كاره‌ساتاوییه ده‌كات كه كۆڵۆنیاڵیزیمی به‌ریتانی، له دوای خۆی له كۆمه‌ڵگاكانی ئه‌فریقا به‌جێیهێشتووه. یه‌كێك له ڕۆمانه‌كانی كه ئه‌م ناونیشانه‌ی هه‌یه “كاتێك هه‌مو شتێك هه‌ره‌سده‌هێنێت”، باس له هه‌ره‌سهێنانی ژیانی خێڵه‌كی ته‌قلیدی ده‌كات، له‌به‌رده‌م بوونی كۆڵۆنیاڵیزمی به‌ریتانی له نێجیریا. و.ك/ سه‌رچاوه وێكیپیدیا)