كۆچی دوایی جابر عسفور؛ جه‌نگاوه‌ره به‌ناوبانگه‌كه‌ی ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی
ئاماده‌كردنی: باوكی ڕه‌هه‌ند
هه‌ینی ڕابردوو، دواهه‌مین ڕۆژی ساڵ، له كاتێكدا دانیشتوانی جیهان، له چاوه‌ڕوانی هاتنی ساڵێكی نوێ‌دا بوون، ماڵئاواییان له ساڵی 2021 ده‌كرد و پێشوازیان له ساڵی 2022 ده‌كرد. ئا له‌و كاته‌دا، له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی میسر و له ژووری چاودێری چڕ، مرۆڤێك له‌گه‌ڵ دوا ساته‌كانی ئاوابوونی ساڵی 2021، هه‌ناسه‌كانی ئه‌ویش ئاواده‌بێت، ڕۆحی مرۆڤێك و رۆحی ساڵێك، پێكه‌وه جیهان به‌جێده‌هێڵن و له‌به‌رچاو نامێنن. ئه‌و مرۆڤه، بیرمه‌ند و ڕه‌خنه‌گری به‌ناوبانگی جیهانی عه‌ره‌بی جابر عسفور بوو.
ئه‌م نووسه‌ره ته‌مه‌ن حه‌فتا و حه‌وت ساڵه‌یه، دوای تێكچوونی دۆخی ته‌ندروستی، داخڵی نه‌خۆشخانه ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و داخڵكردنه هیچ سودێكی نابێت و ناتوانێت ئه‌م خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه به هه‌ڵوێسته له مه‌رگ ڕزگار بكات. ئه‌و ده‌مرێت و له دوای خۆی چه‌ندین به‌رهه‌می ناوازه و گرنگ به‌جێده‌هێڵێت، له‌وانه كتێبی “زه‌مه‌نی ڕۆمان” و “ڕۆشناییه‌كی عه‌قڵ”. جگه له‌وه له‌سه‌ر چه‌ندین ئاست، جه‌نگی دژ به بیركردنه‌وه و فیكری تاریكبین به‌رپاكردووه، به‌م شێوه‌یه بوو به یه‌كێك له‌و ڕۆشنبیره ده‌گمه‌نانه‌ی ڕازینه‌بوو كونجی قه‌ناعه‌ت هه‌ڵبژێرێت و خۆی كه‌نارگیر بكات و له واقیع دووركه‌وێته‌وه، یان كاری ته‌نها ئه‌وه بێت له بورجه عاجییه‌كه‌ی خۆیه‌وه، تیۆریزه بكات و له ڕووداوه‌كاندا هیچ به‌شدارییه‌كی ڕاسته‌وخۆی نه‌بێت. نا ئه‌و له‌و جۆره رۆشنبیرانه بوو، به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ل كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌یدا ده‌جه‌نگا.
جابر عسفور نووسه‌ر و بیرمه‌ند و توێژه‌رێكی ئه‌كادیمی و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌رگێڕان و ماوه‌یه‌كیش وه‌زیری رۆشنبیری بوو، له 25 مانگی مارسی ساڵی 1944 له میسر هاتووه‌ته دونیاوه. ساڵی 1965، واته له ته‌مه‌نی 21 ساڵیدا، له كۆلێژی ئاداب به‌شی زمانی عه‌ره‌بی له زانكۆی قاهیره، بڕوانامه‌ی لیسانس به پله‌ی نایاب وه‌رده‌گرێت. ساڵی 1969 له هه‌مان به‌ش و له هه‌مان كۆلیژ، بڕوانامه‌ی ماسته‌ر به پله‌ی نایاب به‌ده‌ستده‌هێنێت. ساڵی 1973 هه‌ر له به‌شی زمانی عه‌ره‌بی كۆلێژی ئادابی زاكۆی قاهیره، بڕوانامه‌ی دكتۆرا وه‌رده‌گرێت.
وه‌زاره‌تی رۆشنبیری میسر، به‌هۆی كۆچی دوایی ئه‌و نوسه‌ره گه‌وره‌یه‌وه، له به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: “ڕۆشنبیریی عه‌ره‌بی و میسری، یه‌كێك له كۆڵه‌كه جێگیره‌كانی خۆی له‌ده‌ست دا. كۆچكردو جێگا په‌نجه‌ی دیاره له بواری رۆشنگه‌ریی و كۆمه‌ڵێ به‌رهه‌می نه‌مری به‌جێهێشتووه. له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێكدا ئیشی كردووه، وه‌ك هاوڕێ و باوك و مامۆستا بووه بۆی”.
ئه‌م بیرمه‌نده، دوو جار پۆستی وه‌زیری رۆشنبیری وه‌رگرتووه، یه‌كێكیان دوای شۆڕشی 52 یه‌نایه‌ر. به‌ڵام له‌م جاره‌یاندا زۆر له پۆسته‌كه‌ی نه‌ماوه‌ته‌وه و به‌هۆی هۆكاری ته‌ندروستی و سیاسییه‌وه، ده‌ستی له كاره‌كه‌ی كێشاوه‌ته‌وه. دواتر له ساڵی 2014 بۆ جاری دووه‌م، هه‌مان پۆست وه‌رده‌گرێته‌وه، واته ده‌بێته‌وه به وه‌زیری ڕۆشنبیری میسر و تێیدا به‌گڕوتینێكی زۆره‌وه جێگا په‌نجه‌ی خۆی به‌جێده‌هێڵێت. ئه‌و جگه له‌م پۆسته وه‌زارییه، یه‌كێك بووه له وه‌رگێڕه دیاره‌كانی مه‌یدانه‌كه و له‌م ڕووه‌وه كۆمه‌ڵێ كتێبی پێشكه‌ش به كتێبخانه‌ی عه‌ره‌بی كردووه. له‌وانه: ڕێبازه‌كانی ڕه‌خنه‌ی هاوچه‌رخ، تیۆری ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخ، سه‌رده‌می بونیادگه‌ری له لیڤی شتراوسه‌وه بۆ فۆكۆ.
سه‌رۆكی زانكۆی قاهیره “محه‌مه‌د ئهلخشت”، سه‌باره‌ت به مه‌رگی ئه‌و كه‌ڵه نووسه‌ره ده‌ڵێت: “زانكۆ یه‌كێك له قامه‌ته زانستییه گه‌وره‌كانی له‌ده‌ستدا. ئه‌و گرنگترین ڕه‌خنه‌گر و بیرمه‌ندی وڵاتانی عه‌ره‌بی بوو. له عه‌قڵانییه‌ت و وانه‌ی ئه‌ده‌بی و فیكری، خاوه‌نی قوتابخانه‌یه‌كی زانستی بوو. كاریگه‌ری ئه‌و له‌سه‌ر هاوڕێكانی و خوێندكاره‌كانی ده‌مێنێته‌وه و هه‌ست به خه‌مبارییه‌كی گه‌وره ده‌كه‌م بۆ له‌ده‌ستدانی سیمبولێك له سیمبوله‌كانی فیكر له میسر و جیهانی عه‌ره‌بی”.
ئه‌گه‌رچی به‌شێكی زۆری هاوڵاتیان سه‌رقاڵی ئاهه‌نگه‌كانی جه‌ژنی سه‌ری ساڵ بوون. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌وڵی مه‌رگی جابر عسفور تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به‌شێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی پڕكرد و هه‌موان نامه‌ی ماته‌مینی خۆیان بڵاوده‌كرده‌وه. یه‌كێك له‌وانه وه‌زیری پێشووی ڕۆشنبیری “دكتۆر عماد ئه‌بو غازی” بوو، له لاپه‌ڕه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ده‌ڵێت: “یه‌كه‌مجار كه دكتۆر جابرم ناسی، نزیكه‌ی په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوو، له ساڵی خوێندنی 1972-1973 وه‌ك خوێندكار له كۆلێژی ئادابی زانكۆی قاهیره وه‌رگیرام، له‌وێدا دوور به دوور دكتۆر جابر عسفورم ناسی. له‌و ڕۆژگاره‌دا ئه‌و گه‌نجێكی ته‌مه‌ن نزیكه‌ی سی ساڵێك ده‌بوو. به‌ڵام من یه‌كێك نه‌بووم له‌و خوێووندكارانهی ئه‌و وانه‌ی پێده‌وتنه‌وه. یه‌كه‌م ناسینی ڕاسته‌قینه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1988، له‌و كاته‌دا له دوو بۆنه‌ی گه‌وره‌دا كارم له‌گه‌ڵ كرد: یه‌كه‌م بۆنه بریتی‌بوو له یادی تێپه‌ڕبوونی سه‌د ساڵ به‌سه‌ر لهدایاكبوونی ته‌ها حسێن دا. دووه‌میان بریتی بوو له‌و یاده‌ی بۆ نه‌جیب مه‌حفوز به‌هۆی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب، سازكرابوو. ئیدی له‌و ڕۆژه‌وه په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیدا نه‌پچڕاوه و به‌رده‌وام بووه. په‌یوه‌ندییه‌كه‌مان له په‌یوه‌ندی كاركردن و فێربوون له مامۆستاوه، گۆڕا بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی هااوڕێیهتی گه‌رموگوڕ و پڕ خۆشه‌ویستی. له‌مڕۆدا ماڵئاوایی له دكتۆر جابری مامۆستا و ڕه‌خنه‌گر و بیرمه‌ند ده‌كه‌م. به‌ڵام پێش ئه‌وه و دوای ئه‌وه‌ش، ماڵئاوایی له جابر عسفوری هاوڕێ و مرۆڤ ده‌كه‌م”.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، شه‌ممه، 1 كانوی دووه‌م، 2022
الجزیره نیت، شه‌ممه، 1 كانونی دووه‌م، 2022