مۆلێر چۆن چۆنی له چنگی فێنده‌مێنیتاڵیزم و فێنده‌مێنیتاڵیسته‌كان ڕزگاری بوو؟
فه‌ره‌نسا یادی تێپه‌ڕبوونی400 ساڵه‌ی له‌دایكبوونی ده‌كاته‌وه
هاشم ساڵح
و له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
وه‌ك چۆن شه‌كسپیر جێگای شانازی ئینگلیزه‌كانه، ئاوش مۆلێر جێگای شانازی فه‌ره‌نسییه‌كانه. شه‌كسپیر و مۆلێر، هه‌ردووكیان له نووسینی ده‌قی شانۆیدا، داهێنانی گه‌وره‌یان كردووه كه به درێژایی سه‌ده‌كان و نه‌وه‌كان، به نه‌مری ماونه‌ته‌وه. بگره ناونیشانی شانۆگه‌رییه‌كانیان، له‌سه‌ر ئاستی گه‌ردوون ناسراون و بوونه‌ته وێردی سه‌ر هه‌مو زمانێك. ئاخر بۆ نمونه، كێ هه‌یه گوێی له ناوی “ڕۆمیۆ و جۆلێت” یان “بازرگانی ڤینیسیا/ تاجر البندقیه” یا “هاملێت” یاخود “ماكبێس”ی شه‌كسپیر نه‌بووبێت؟ ئه‌ی كێ هه‌یه گوێی له شانۆگه‌ری “دۆن جوان” یان “پیسكه‌ی ته‌ڕپیر/ البخیل” یا “نه‌خۆشه وهسواسهكه/ المریض الوهمی الوسواسی” یان “بۆرجوازییه خانه‌دانه‌كه”ی مۆلێر نه‌بووبێت؟ شانۆگه‌رییه‌كانی مۆلێر، ئه‌وه‌نده ده‌تخاته پێكه‌نین خه‌ریكه ڕۆحت ده‌رده‌چێت. چونكه مۆلێر به پێچه‌وانه‌ی شه‌كسپیر، كۆمیدییه‌كی پێكه‌نیناوی بوو، نه‌ك تراژیدی. جگه له‌وانه و به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت، ئاخۆ كه‌س هه‌یه گوێی له شانۆگه‌ری “ته‌رتوف یان دووڕوو/ طرطوف أو المنافق” نه‌بووبێت؟ كه دواتر به‌درێژی بایه‌خی پێده‌ده‌ین و قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كه‌ین.
ئه‌م قسانه‌ی لێره‌دا ده‌یانكه‌م، به بۆنه‌ی ئه‌وه‌وه‌یه كه فه‌ره‌نسا له‌م ساڵدا، یادی تێپه‌ڕبوونی 400 ساڵ به‌سه‌ر له‌دایكبوونی ئه‌م بلیمه‌ته زه‌به‌لاحه دا ده‌كاته‌وه (1622-2022). فه‌ره‌نسا به‌م بۆنه‌یه‌وه، به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له شاری ڤێرسای، پێشانگای هونه‌ریی و ئاهه‌نگی گه‌وره‌ی بۆ سازده‌كات. بۆچی له شاری ڤێرسای؟ چونكه له‌و ڕۆژگاره‌دا و له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تی، ڤێرسای پایته‌ختی فه‌ره‌نسا بوو، پایته‌ختی جیهان بوو. هه‌ر له‌وێدا یه‌كێك له حه‌وت سهڕسوڕهێنهرهكهی جیهان هه‌بوو؛ كه بریتییه له كۆشكی مه‌زنی ڤێرسای.
بۆچی شانۆگه‌ری ته‌رتوف ئه‌م هه‌مو گرنگی و بایه‌خدانه‌ی پێده‌درێت؟ یه‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شاكارێكی تا بڵێی نایابه. دووه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌تێكی زۆر هه‌ستیار ده‌خاته‌ڕوو كه په‌یوه‌سته به ئاینه‌وه، یان ڕاستتر په‌یوه‌سته به پیاوانی ئاینی توندڕه‌وی چه‌قبه‌ستووه‌وه، نه‌ك پیاوانی ئاینی له خواترس و ڕاستگۆ و باوه‌ڕدار. ئه‌و دوو جۆره له پیاوانی ئاینی، جیاوازییه‌كی هێجگار گه‌وره له نێوانیاندا هه‌یه. ئێوه ته‌نها سه‌یری هه‌ندێك له‌و بانگخوازه زمانلوسانه بكه‌ن كه بازرگانی به ئاینه‌وه ده‌كه‌ن و بوون به ملیۆنێر! به شێوه‌یه‌كی گشتی له سه‌رده‌می مۆلێر، پیاوانی ئاین و كاهینه‌كان، بایه‌خێكی گه‌وره‌یان هه‌بوو. به ئاره‌زووی خۆیان ده‌هاتن و ده‌چوون و خه‌ڵكیان ده‌ترساند. وه‌لێ له‌مڕۆدا و له فه‌ره‌نسا، چیتر ناتوانن كه‌س بترسێنن، بگره ئه‌وان ده‌ترسن و له‌به‌رچاو دووركه‌وتوونه‌ته‌وه. پێویسته ئێمه بۆ 400 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه، تاكو بزانین فه‌ره‌نسا چۆن بووه و هه‌نووكه چۆنه. له‌و سه‌رده‌م و ڕۆژگاره‌دا، پاشا لویسی چوارده‌هه‌م، خودی خۆی له كاهینه تووندڕه‌وه‌كان ده‌ترسا، چ جای خه‌ڵكانی دیكه؟ ئه‌م پاشا مه‌زنه كه سه‌رجه‌م ئه‌وروپا زه‌نده‌قیان لێی چووبوو، هه‌روه‌ها بووه به‌ناوبانگترین پاشا له مێژووی فه‌ره‌نسا، به ڕاده‌یه‌ك نازناوی “پاشای خۆر”یان لێنا، ته‌نها له یه‌ك توێژی گه‌لی فه‌ره‌نسا ده‌ترسا، ئه‌ویش توێژی پیاوانی ئاینی بوو. له‌و ڕۆژگاره‌دا سه‌ركرده‌ی فێنده‌مێنیتاڵیزمی كاسۆلیك ناوی “بۆسویه” بوو، ئه‌و بێ چه‌ند و چوون، گوتاربێژێكی لێهاتووی قسه‌زان بوو. پاشا له هه‌مو كه‌س زیاتر له‌و ده‌ترسا. ته‌نها ئه‌و ده‌یتوانی قسه به پاشای فه‌ره‌نسا بڵێت یان سه‌ركۆنه‌ی بكات و ئه‌گه‌ر بیویستایه ده‌یتوانی لێی توڕه‌بێت و ته‌ریقی بكاته‌وه.
له ڕاستیدا پیاوانی ئاینی، گله‌یی ئه‌وه‌یان له لویسی شانزه‌هه‌م هه‌بوو كه له ژیانی شه‌خسی خۆیدا، پابه‌ندی ئه‌خلاقه توونده‌كانی مه‌سیحی نابێت. سه‌روه‌ختێك له ساڵی 1664 دا، شانۆگه‌ری ته‌رتوف بڵاوده‌بێته‌وه، لویسی چوارده‌هه‌م ته‌مه‌نی ته‌نها 25 ساڵ بووه. ئه‌مه مانای وایه ئه‌و له هه‌ڕه‌تی گه‌نجییه‌تیدا بووه و نه‌یتوانیوه به ته‌واوه‌تی پابه‌ندی ئامۆژگاری پیاوانی ئاین و وهعزهكانیان بێت. پاشا هه‌ستی ده‌كرد گه‌مارۆدراوه یان له‌لایه‌ن پیاوانی ئاینییه‌وه كه ڕاڕه‌وه‌كانی كۆشكیان ته‌نیبوو، به ته‌واوه‌تی چاودێری ده‌كرێت. ئه‌وان- واته پیاوانی ئاینی- ئیشیان ئه‌وه بوو خه‌ڵكی بهێننه سه‌ر ڕێگای خواپه‌رستی و تۆبه‌كردن و پابه‌ندبوون به به‌ها ئه‌خلاقییه‌كانی ئاینی مه‌سیحییه‌وه. ئا له‌م جۆره هه‌لومه‌رجه‌دا، شانۆگه‌ری ته‌رتوف ده‌ركه‌وت. ده‌ركه‌وتنی شانۆگه‌رییه‌كه له ڕێگه‌ی داوایه‌كی نهێنی خودی پاشاوه بووه. پاشا ده‌یویست حساباتی خۆی له‌گه‌ڵ كاهینه‌كان و فێنده‌مێنیتاڵیسته تووندڕه‌وه مێشكپوته‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه، كه هیچ خه‌مێكیان نه‌بوو، ته‌نها چاودێریكردنی ژیانی شه‌خسی خه‌ڵك و ههڕهشهلێكردن و چاوسووركردنه‌وه نه‌بێت، هه‌ر بۆیه پاشا داوا له مۆلێر ده‌كات ئه‌و شانۆگه‌رییه بنووسێت. به مانایه‌كی دی، پاشا ده‌یویست ئه‌م شانۆگه‌رییه، وه‌ك چه‌كێك دژ به تووندڕه‌وه مێشكپوته‌كان به‌كاربێنێت؛ كه به‌رده‌وام چاودێرییان ده‌كرد و ئازادییه شه‌خسییه‌كانی سنوردار ده‌كه‌ن و له‌پای سه‌ركێشییه غه‌رامییه‌كانی، به تووندی لۆمه و سه‌رزه‌نشتی ده‌كه‌ن. دیسانه‌وه به مانایه‌كی دی، مۆلێر ئازایه‌تی و بوێری ئه‌وه‌ی نه‌بوو ئه‌و شانۆگه‌رییه بنووسێت، ئه‌گه‌ر گڵۆپی سه‌وزی له‌لایه‌ن خودی پاشاوه بۆ ههڵنهكرایه.
به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی شانۆگه‌رییه‌كه بۆ یه‌كه‌مجار، له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ نمایشكرا، پیاوانی ئاینی ناو كۆشك و ده‌ره‌وه‌ی كۆشك، شێت و هار بوون، له هه‌مو لایه‌كه‌وه كه‌وتنه قسه‌وتن به مۆلێر. مه‌ترانی گه‌وره‌ی پاریس، ده‌موده‌ست ئیدانه‌ی مۆلێر-ی كرد‌و به كافر و وه‌ك نه‌یارێك دژ به عه‌قیده‌ی پیرۆز له‌قه‌ڵه‌می دا. ئیدی ئا له‌و كات و ساته‌دا، لویسی چوارده‌هه‌م، له په‌رچه‌كرداری شه‌قامی ئوسوڵی ترسا، به‌خێرایی په‌شیمانبووه‌وه و بڕیاریدا چیتر ئه‌و شانۆگه‌رییه نمایش نه‌كرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له‌و سه‌رده‌مه‌دا، هه‌ر هه‌موی خه‌ڵكانی ئیمانداربوون، بۆیه پاشا له مه‌ترسی مه‌سه‌له‌كه تێگه‌یشت. به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت، جه‌نگێكی گه‌وره له نێوان تازه‌گه‌ران و كۆنه‌پارێزان، له‌سه‌ر شانۆگه‌رییه‌كه به‌رپابوو. ئه‌م جه‌نگه پێنج ساڵی خایاند، تا ئه‌و كاته‌ی سه‌رله‌نوێ شانۆگه‌رییه‌كه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ نمایشكرایهوه. وه‌لێ وه‌ك یه‌كه‌مجار نه‌بوو، مۆلێر هه‌ندێك ده‌ستكاری كردبوو، ته‌نانه‌ت كه‌مه‌كێك ده‌ستكاری ناوی شانۆگهرییهكهشی كردبوو، ناوه‌كه‌ی له “ته‌رتوف یان دووڕوو” گۆڕی بۆ “ته‌رتوف یان دووڕووی ساخته‌چی/ المنافق المزیف”. به‌و مانایه‌ی ئه‌و مه‌به‌ستی هه‌مو پیاوانی ئاینی نییه، به‌ڵكو ته‌نها مه‌به‌ستی توێژێكی دیاریكراوی مهرایكهره كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به ئاینه‌وه نییه، ته‌نها به شێوه‌یه‌كی ڕوواڵه‌تیانه و ڕووكه‌ش نه‌بێت.
یه‌كێك له ڕۆشنبیره هاوچه‌رخه‌كان ده‌ڵێت: ئه‌وه جه‌نگێكی گه‌وره بوو له پێناو ئازادی قسه‌كردن و بیركردنه‌وه، له كاتێكدا ئه‌م ئازادییه له‌و ڕۆژگاره‌ی فه‌ره‌نسا، تابڵێی به‌رته‌سك و سنوردار بوو. ئه‌وه جه‌نگێك بوو له پێناو داهێنانی هونه‌ری و شانۆیی. ئه‌م جه‌نگه چیرۆكی ئه‌و فشاره سهركوتكهرهمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه كاهینه‌كان، دژ به داهێنه‌ران و هونه‌رمه‌ندان، ئه‌نجامیانده‌دا. ئه‌وه فشارێك بوو فێنده‌مێنیتاڵیسته مه‌سیحییه‌كان، دژ به سه‌رجه‌م نووسه‌ران و ڕۆشنبیران خستبوویانه‌گه‌ڕ. ئاشكرایه له‌و ڕۆژگاره‌دا، كڵێسای كاسۆلیك زۆر به‌هێز بوو، بگره له ترۆپكی هێز و جه‌به‌روتی خۆی بوو. ئێمه له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مین، ئه‌وه كڵێسا بوو ڕه‌وایه‌تی ئیلاهی ده‌به‌خشی به پادشاكان. كه‌چی سهعلوكێكی وه‌ك “جان باتیست بۆكلان” كه نازناوی مۆلێره، دێت تاكو سوكایه‌تی و گاڵته به كڵێسا بكات و له ڕێگه‌ی ئه‌م شانۆگه‌رییه هیچوپوچهوه، ته‌حه‌دای كڵێسا ده‌كات و سوكایه‌تی به كاهینه‌كان و پیاوانی ئاینی ده‌كات. ئاشكرایه مۆلێر كه‌سێك بوو، به ته‌واوی خۆی له تووندڕه‌وی ئاینی ڕزگار كردبوو. ئه‌و به سروشتی خۆی، وه‌ك فه‌ره‌نسییه‌كانی دیكه، مه‌سیحی بوو. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی حه‌رفی پابه‌ندی سروت و ڕێوڕه‌سمه ئاینییه‌كان نه‌بوو. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره، فێندهمێنیتڵیسته تووندڕه‌وه‌كان به داوێنپیس و فاسیق یان به گۆمڕا و كافریان داده‌نا. هه‌ر بۆیه چاویان لێ سوركرده‌وه و هه‌وڵیاندا له‌ناویبه‌رن، به‌ڵام پاشا ڕێگه‌ی پێنه‌دان و له ڕوویاندا ڕاوه‌ستا.
پیاوانی ئاینی دوای ئه‌وه‌ی به نابه‌دڵی و پێناخۆشبوونه‌وه، شانۆگه‌رییه‌كه‌یان بینی، وه‌ك ئه‌ده‌بیاتی كوفر و بێباوه‌ڕی و ناشوكریكردن له‌قه‌ڵه‌میان دا. هه‌ر بۆیه ڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌یان له خاوه‌نه‌كه‌ی كرد. بگره به فه‌توای كافربوون و ده‌ركردن له كڵێسا، هه‌ڕه‌شه‌یان له هه‌ر كه‌سێك ده‌كرد كه ده‌ڕۆشت بۆ بینینی شانۆگه‌رییه‌كه. مه‌ترانی پاریس “هاردوان دو بیریفكیس” له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه ڕاوه‌ستا كه دژ به شانۆگه‌رییه‌كه بوون و بوو به دوژمنی هه‌ره سه‌رسه‌ختی مۆلێر. ده‌كرێت بڵێین مۆلێر زۆر سه‌یر له‌و مه‌حره‌قه‌یه ڕزگاری بوو. چونكه ئاشكرایه داگاكانی پشكنینی ئه‌و ڕۆژگاره، له‌و كاته‌دا هێشتا گڕی ئاگره‌كه‌ی بڵێسه‌ی ده‌دا، ئه‌وان نه‌ك ته‌نها كتێبه‌كانت یان به‌رهه‌مه‌كانت ده‌سووتێنن، به‌ڵكو له‌گه‌ڵیشیدا ئاگریان له خودی خۆشت به‌رده‌دا. ته‌نها هێنده به‌س بوو له گۆڕه‌پانێكی گشتی پاریس دا، ئاگر بكه‌نه‌وه و تۆ و كتێبه‌كانت، فڕێبده‌نه ناوی و ببیت به قه‌ره‌بووت. ده‌سه‌ڵاتی ئاینی له‌م جۆره مه‌سه‌له زۆر هه‌ستیارانه‌دا، گاڵته‌یان نه‌ده‌زانی. هه‌رواشیان كرد، پێش ده‌رچوونی شانۆگه‌رییه‌كه‌ی مۆلێر به دوو ساڵ، واته له ساڵی 1662، له گۆڕه‌پانی گشتی و به به‌رچاوی هه‌موان، شاعیرێكی گه‌نجیان، به تۆمه‌تی كوفركردن و سوكایه‌تیكردن به پیرۆزییه‌كان، سووتاند. ئه‌م شاعیره داماوه، ناوی “كلۆد لۆ باتی” بوو، ته‌مه‌نی ته‌نها بیست و سێ ساڵ بوو، ئاگر به‌رببووه گیانی، به به‌رچاوی بینه‌ره پاریسییه‌كانه‌وه، هاواری ده‌كرد و ده‌یقیژاند. لێره‌وه با مۆلێر دڵی خۆی بداته‌وه، چونكه له دواهه‌مین چركه‌ساتدا، زۆر سه‌یر له‌و مه‌حره‌قه‌یه ڕزگاری بوو. پێشتر وتمان لویسی چوارده‌هه‌م، مۆلێری وه‌ك سه‌ری ڕم، دژ به فێنده‌مێنیتاڵیزم و فێنده‌مێنیتاڵیسته‌كان، دژ به تووندڕه‌وی و تووندڕه‌وه‌كان، به‌كارهێنا. پاشا، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌وان، له‌سه‌ر ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وته شه‌خسییه‌كانی و پابه‌ندنه‌بوونی به نه‌ریتی مه‌سیحییه‌وه، گله‌یی و سه‌ركۆنه‌یان كرد، ویستی له میانه‌ی مۆلێره‌وه، په‌یامێكی دیاریكراویان ئاراسته بكات. په‌یامه‌كه‌ش ناوه‌رۆكێكی له‌م جۆره‌ی له‌خۆگرتبوو: تووندڕهویتان و پێداگریی زیاد له پێویستتان بۆ ئاین كه‌مبكه‌نه‌وه. ئاین سوك و ئاسانه، نه‌ك قورس و زه‌حمه‌ت.
ئا به‌م شێوه‌یه، هونه‌ر له جه‌نگی فیكر و ئازادی دا، بووه چه‌كێكی كاریگه‌ر و خودی پاشاش موحتاجی مۆلێر بوو. هه‌رچۆنێك بێت، كاتێك شانۆگه‌رییه‌كه‌یان قه‌ده‌غه‌كرد یان نمایشی شانۆگه‌رییه‌كه‌یان ڕاگرت، مۆلێر زۆر بێزار بوو، هه‌ستیكرد پیاوانی ئاینی سه‌ركوت و ئیهانه‌یان كردووه. له‌به‌ر ئه‌وه هاواری كرد و وتی: من هونه‌رمه‌ندم، من ئازادم! ئێمه كه ئه‌و قسانه ده‌كه‌ین، ده‌زانین مۆلێر هێرشی نه‌كردووه‌ته سه‌ر ئاین و پیاوانی ئاینی به‌گشتی، به‌ڵكو ته‌نها هێرشی كردووه‌ته‌سه‌ر توێژێكی دیاریكراوی دووڕوو، توێژێك خۆی به ئایندار ده‌رده‌خات. له كاتێكدا درۆزنه و زۆر دووره له‌وه‌ی كه‌سێكی خواپه‌رست یان ئاینداری ڕاسته‌قینه بێت. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره بوو، شانۆگه‌رییه‌كه پێگه‌یه‌كی زۆر بایه‌خداری وه‌رگرت، نه‌ك ته‌نها له ژیانی مۆلێر، به‌ڵكو له سه‌رتاپای مێژووی فه‌ره‌نساش.
دواجار ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌خرێته‌ڕوو، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه: باشه ئه‌گه‌ر ئێستا مۆلێر له گۆڕه‌كه‌ی بێته‌ده‌ره‌وه و له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا بژی، نه‌ك له سه‌ده‌ی حه‌ڤده، چی ده‌كات؟ یه‌كه‌مجار باوه‌ڕ به‌وه ناكات كه به چاوی خۆی له پاریس ده‌یبینێت. باوه‌ڕناكات فه‌ره‌نسا تا ئه‌م ڕاده‌یه، به ته‌واوه‌تی ڕزگاری بووه له چاودێری سه‌ركوتكه‌ری فێنده‌مێنیتاڵیزمی تووندڕه‌و. باوه‌ڕناكات چیتر له فه‌ره‌نسا كه‌سێك نییه له پیاوانی ئاینی بترسێت، ئه‌گه‌ر شتێكی نووسی یان بڵاویكرده‌وه یا داهێنانی ئه‌نجامدابێت یاخود گوزارشتی له بیروڕای خۆی كردبێت. بگره له‌وانه‌یه مۆلێر هه‌ست به‌وه بكات ئایه‌ته‌كه پێچه‌وانه بووبێته‌وه، به‌و مانایه‌ی ئه‌وه پیاوانی ئاینن ده‌ترسێن و زه‌نده‌قیان چووه و سهركوتدهكرێن. مۆلێر به سه‌رسوڕمانه‌وه چاوانی خۆی هه‌ڵده‌گڵۆفێت و باوه‌ڕ به‌وه ناكات كه له شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه ده‌یبینێت گاڵته نه‌ك به پیاوانی ئاینی ده‌كه‌ن، به‌ڵكو گاڵته به خودی پاپاش ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت گاڵته به پیرۆزترین پیرۆزییه‌كانی مه‌سیحیش ده‌كه‌ن و كه‌سیش نییه سزایان بدات یان لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات. ڕه‌نگه مۆلێر بڵێت به ئاراسته‌ی پێچه‌وانه، تۆزێك زیاد ڕۆیشتوون.
دواجار پێویسته ئه‌وه بزانین كه هونه‌ر، له‌سه‌رده‌می مۆلێردا، زۆر قێزه‌ون بووه. وه‌ك سۆزانی یان له‌شفرۆش سه‌یری ئه‌كته‌ری مێ ده‌كرا. له‌به‌ر ئه‌وه كاتێك ئه‌كته‌رێكی مێ كۆچی دوایی ده‌كرد، ڕازینهدهبوون له كڵێسا پیرۆزی بكه‌ن، ته‌نها ئه‌و كاته نه‌بێت كه له‌به‌رده‌م خاچدا، په‌شیمانی خۆی له كاری ئه‌كته‌ری ده‌رده‌بڕی وخۆی لێ بێبه‌ری ده‌كرد. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو له‌گه‌ڵ خودی مۆلێر ڕوویدا. سه‌روه‌ختێك مۆلێر له ساته‌وه‌ختی گیانه‌ڵادا بوو، داوایان له كاهینێك كرد بێت و به‌رائه‌تی كڵێسای پێببه‌خشێت، كه پێویست بوو بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی یه‌زدان وه‌ربگرێت و بڕواته به‌هه‌شت و به ئاسوده‌یی و كامه‌رانی ئه‌م جیهانه به‌جێبێڵێت. به‌ڵام كاهینی یه‌كه‌م كه داوایان لێكردبوو بێت، ڕازینه‌بوو بێت و وتی ئه‌م پیاوه كافره، گڵاوه، شایه‌نی لێخۆشبوو‌ن نییه. هه‌روه‌ها كاهینی دووه‌میش هه‌ر وایكردووه. دواتر كاهینی سێیه‌میان دۆزییه‌وه، ئه‌میش به پێناخۆشبوونه‌وه رازیبوو به‌وه‌ی (ته‌ڵقینی بدات)، یان كۆت سروت و ڕێوڕه‌سی ناشتن جێبه‌جێ بكات. به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه بوو، كاهینی سێیه‌م له هاتنه‌كه‌ی دواده‌كه‌وێت، ئه‌و كاتێك ده‌گات، مۆلێر كۆچی دوایی كردبوو “ڕۆحی ده‌رچووبوو”.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، سێ شه‌ممه، 25 كانوونی دووه‌م، 2022