سفرەی فەقیران؛ کتێبێک بۆ هەموان
ڕانانی: سەردەم
ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک بابەت، وتار، لیکۆڵینەوەی پەروەردەیی، ئەدەبی و سیاسی و ڕۆشنبیری پێکهاتووە، نووسەری ئەم کتێبە یەکێکە لە وەرگێرکارە پڕ بەرهەم و ناسراوەکانی کورد، کە ئەویش مامۆستا (حەمەکەریم عارف)ە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لە ڕاستیدا گرنگیی ئەم کتێبە لەوەدایە کە ئەگەرچی لە ڕۆژگار و سەردەمێکی زووتردا نووسراون، بەڵام بە ئەندازەیەک پڕ لە زانیاری و مەعریفەن کە هەر دەڵێی ئەمڕۆکە نووسراون، بەتایبەت خودی بابەتەکان سەرجەمیان ئێستایین و بە دید و باگراوندێکی ڕۆشنبیریی ئەوتۆوە نووسراون کە ڕەنگە بڵێین بۆ سەرچاوەی گەلێ لێکۆڵینەوە و بابەت دەست دەدەن
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە گەلێ زۆرن و گرنگترینیان بریتین لە: خوێندنی تەلقینکاری و گەوجاندنی قوتابی، کۆمەڵگەی زەبر و زەنگ، ڕاوە ڕۆشنبیر، هونەری گەوجاندن، ڕۆشنبیری و دەسەڵات، شۆکی مۆدێرنیزم، ناسنامەی نەتەوەیی، پێشەکییەک دەربارەی ئۆدیسە، چەردەیەک لەمەڕ دۆستۆفسکی، یەکانگیری پەیڤ و شاعیر، نووسەران پارێزەری دیموکراتییەتن، سانسۆر و خودسانسۆر، تاوێک دەگەڵ بزورگی عەلەوی… و… چەندین ناونیشانی دیکەی گرنگ و هەستیار، لەم کتێبەی مامۆستا حەمەکەریم عارفدا جێیان بووەتەوە.
خۆی گوتەنی ئەم نووسینانە بەدەم هەڵپەی ژیان و پەیداکردنی بژێوییەوە لە کاتی جیاجیادا نووسراون، هەموویان لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە، نووسەر ئەوەشی نەشاردۆتەوە کە ماوەیەک دوودڵ بووە لەوەی کۆی بابەت و نووسینەکانی لە توێی کتێبێکدا بە چاپ بگەیەنێت: بەڵام ک بیرم کردەوە سەیرم کرد بەشێکن لە بۆچوونی ڕەخنەئامێزی بەندە بۆ ئەو دۆزە ئەدەبی و ڕۆشنبیری و نیمچە سیاسیانەی کە لەو ڕۆژگارانەدا بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە مامەڵەم لەتەکدا کردوون و هەوڵی جارەسەرم داون، ئەمە جگە لەوەی کە بەشێکی گرنگن لە چالاکی و مءژووی چەلەنگی نووسینی بەندە، بەشێکیش لە مێژووی قۆناغێکی ڕۆژنامەوانی کوردی پێکدێنن.
لە وتارێکیدا لەژێر ناوی (دەسەڵاتی بێ دەوڵەت) نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەرکی دەسەڵاتی بێ دەوڵەت یەکجار قورسە و نابێت تەنیا بە دەسەڵاتڕانی ڕووت قایل بێت، بەڵکو دەبێت زیرەکانە میکانیزمێکی واقیعی و مۆدێرن و هاوچەرخ بدۆزێتەوە کە پرۆسەی دەسەڵاتڕانی، ئەگەر بە شێوەیەکی مەعنەویش بووە بگۆڕێت بۆ پڕۆسەی دەوڵەتڕانی و هەموو ئەو بۆشاییە مێژوویی و کولتووری و کۆمەڵایەتی و دەستوورری و قانوونی و ئیداریانە پڕ بکاتەوە کە لە غیابی دەوڵتدا دروست بووە: بەڵام وێڕای ئەمەش هەموو دەزانین هەر دەسەڵاتێک بگری جۆرە مەیلێکی زۆرەکی و خورتیایەتی و خۆسەپاندنی تێدایە و ڕەگێکی دەچێتەوە سەر خۆپەرستی ئەنانیەت و دیکتاتۆرییەت، بۆیە کاتێ هەست دەکات دەوڵەت گەمارۆی دەدات، سنوور بۆ دەسەڵات وجموجوڵ و چالاکی و دەسەڵاتەکانی دادەنێت.
لە وتارێکی دیکەی نێو دووتوێی کتێبی سفرەی فەقیرانی مامۆستا حەمەکەریم عارفدا، کە لەژێر ناوی (خێڵ.. حیزب.. براگەورە)دا نووسراوە، سەرنجی خوێنەر بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کە ئەگەر سەرنجی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کوردەواری بدەین لە کۆنەوە تەنانەت تا ئەمڕۆش، خێڵ و پەیوەندییە خێڵەکییەکان حوکمیان کردووە و ڕێکیا خستووە و ئاراستەیان کردووە، ئیدی هەر خێڵەس لە سنوور و ئاقاری خۆیدا و دوور لە هەر تەماسێکی جددیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری لەگەڵ خێڵەکانی تردا و بگرە تا ڕادەیەکی زۆر گۆشەگیرانە ژیاوە و بە ئەزموونێکی فرە سادە و ساکار و تا رادەیەک غەیبیانە ژیانی جەڕباندووە: دیاردەی خیڵایەتی بە هەموو یاسا و ڕێسایەکییەوە هەر دەگاتە قۆناغی پیر بوون و مردن، ئیدی قۆناغی پاش خۆی دەینێژێت، گەورەترین فاکتەری داوەشین و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی خیڵایەتی، سەرهەڵدان و پەیدابوونی پەیوەندیی بەرهەمهێنانە، چونکە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی بەرهەمهێنان زۆر دیاردە و پەیوەندی دیکەی وەکو دانوستانی بازرگانی، کاری بە کرێ، یاسا و ڕێسا و دروست بوونی دەوڵەت و دەسەڵاتی دەستووری لێ دەکەوێتەوە.
یەکێک لە بابەتە ئەدەبییەکانی نێو ئەم کتێبە، بابەتێکە بە ناوی (نووسین لەسەر نووسین) بێگومان ئەم ناونیشانە بە نسبەت خوێنەرەوە تا ئیەندازەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشە و وال ە خوێنەر دەکات کونجکوڵ بێت تا بزانێت نووسین لەسەر نووسین چ جۆرە بابەتێکە و چۆن دەکرێت لێکدانەوە بۆ ئەم چەمکە بکرێت؟ نووسەر لەو بابەتەیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە وەک چۆن ڕێبازە ئەدەبییەکان یەکتر تەواو دەکەن، ڕێبازە ڕەخنەییەکانیش هەمان شەقڵ و مۆرک وەردەگرن هەر هەمووی خوێندنەوەی قووڵ و کەشفکردنی ڕاز و ڕەمزەکانی قووڵایی ناخی دەقن و ڕێگە بۆ خوێنەری ئاسایی خۆش دەکەن کە لایەنە هەمەخۆرەکانی دەق لە چەند گۆشەنیگایەکەوە ببینن و بفامن و حاڵی بن، نووسەر ئەوەش ناسارێتەوە کە سەرچاوەی حوکمی ڕەخنەیی دەچێتەوە سەر ئیشکردنەوە و شیکردنەوەش پرۆسەیەکی ئەقڵییە و هەر دیاردەیەک دەباتەوە سەر بنج و بناوانی هۆکارەکانی ئەو دیاردەیە: کەواتە ڕەخنە نووسینە دەربارەی نووسین، جانووسین لەسەر نووسین کارێکی ئێجگار قورس و ئەستەمە، هەر کەسێک بچێتە ژێر باری ئەو کارە، دەبێت کەرەستەی تەواوی پێ بێت، زۆر بە وردی و شێنەیی لە دەقەکە ڕابمێنێ و و بگەڕێتەوە سەر سەرچاوە زانستی و خوێندنەوە هەمە جۆرە کۆن و تازەکانی ئەو بوارە، چونکە ڕەخنە نایەت لەبەر خاتری سەرگەرمکردنی خوێنەر بنووسێت، بەڵکو بۆ ئەوە دەنووسێت کە کۆمەکی خوێنەر بکات بۆ ئەوەی بە قووڵی و دروستی و لە کارێک یان دەقێکی هونەری حاڵی بێت و زەوقی ئیستاتیکی لێ وەر گرێت.
بێگومان وەک نووسەر باسی لەم وتارەیدا باسی لێوە کردووە، ڕەخنە بریتییە لە خوێندنەوەیەکی هۆشیارانەی دەق، خویندنەوەش خۆی لە خۆیدا چالاکییەکی زەینییە و خوێنەر بە کۆمەکی کۆمەڵە ئامرازێک ئەنجامی دەدات، کاتی خوێندنەوە دەبێ بە چالاکییەکی ئەکتیف و بە پیت کە خوێنەر توانای تێگەیشتن و لێکدانەوە و موناقەشە و دواندنی دەقەکەی هەبێت: گوتمان دەق ڕەخنە پەیوەندییەکی پتەویان بە یەکترەوە هەیە و هەڵکشان و داکشانی هەر یەکێکیان کار لەوی تریان دەکات، بۆیە ئەگەر ڕەخنە لە ئاستەنگ و تەنگەشە و قەیراندا بێت، ئەمە تا ڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی گوزارشت و دەربڕین و نیشاندان، واتە بۆ قەیرانی دەق، چونکە ئەو پرس و دۆزانەی لە دەقی رەخنەییدا ڕەنگ دەدەنەوە، هەمان ئەو پرس و دۆزانەیە کە لە دەقی داهێنراودا بەرهەم هاتوون.
لە بابەتێکی دیکەی هەمان کتێبدا کە بە هەمان شێوە سەرنجڕاکێش و تازەیە، نووسەر ناونیشانێکی هاوشێوەی داناوە (خوێندنەوەی خوێندنەوە) نووسەر لێرەدا ئەو ڕاستییە دەسەلمێنیت کە دەق بەرهەمێکی زمانەوانی چلۆنایەتییە، بەڵام زمان وەکو خۆی دووبارە ناکاتەوە، بەڵکو سەرلەنوێ دەیخولقینێتەوە و شەحن و چارچی دەکاتەوە لە مانا و دەلالەتە قامووسییەکەی دووری دەخاتەوە و ڕەمز ڕازەکانی کەشف دەکات و خۆی بە یەک دەلالەت و ماناوە نابەستێتەوە: دەکرێ دەق بشوبهێنرێت بە موجەفیرەیەکی پڕ لە نیشانە و ڕەمز و ڕاز، تەنیا بەوە دەتوانی ماناکەی هەڵبێنیت کە پەیوەندییە زمانەوانی دەلالییەکانی ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی دەق بخەیتە بەر وردبینی لێکۆڵینەوەوە، یانی دەتوانین لە ڕێگای بونیادە ناوخۆییەکەیەوە هەڵی بسەنگێنین حوکمی لەسەر بدەین، واتا ناکرێ لەو ڕانگەیەوە تەماشای دەق بکرێت کە چەند لەگەڵ حەقیقەی یان حەقیقەتەکانی دەرێی دەقدا تێک دەکاتەوە، بەڵکو دەبێت لە میانی لۆژیکی ناوەوەی ئەو پەیوەندییانەوە کە ڕەگەز و بەشەکانی دەق پێکەوە دەبەستێ و گرێ دەدات، بۆی بچیت و تەماشای بکەیت، ئەمەش بۆ خۆی جۆرە شەقڵێکی ئەفسووناوی بە دەق دەبەخشێت، جاب ۆ ئەوەی هەر دەقێک ئەم سیفەتی ئەفسوونکارییە وەرگرێت، دەبێت جۆرە ئوتمۆسفێر و هاماجێکی هاوبەش لە نێوان دەق و خوێنەردا پەیدا بکات.
ئەم نووسینە هەوڵێکی گچکەیە بۆ ناساندنی گۆشەیەکی کەمی کتێبی (سفرەی فەقیران)ی مامۆستای نووسەر و وەرگێری پڕ کار و بەرهەم (حەمەکەریم عارف) بێگومان خوێنەر خۆی لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا و لە ڕێی وتار و بابەت و لێکۆڵینەوە هەمە جۆر و لایەن و فرە ڕەهەندەکانیەوە، بەر دەیان ساتەوەختی چێژبەخش و بە سوود و پڕ لە زانیاری وەردەگرێت، چونکە لە پشت وتار و بابەتەکانی نێو دوو توێی ئەم کتێبەوە، پیاوێکی ڕۆشنبیر و سەر سپی کردووی نێو کتێبە گەورەکان و ئەزموونە دەولەمەدەکان دەبینێت، نووسەرێک کە لە ژیاندا تەنها کاری بە کتێبانەوە هەیە، حیکایەتی ئەم نووسەرە، حیکایەتێکی دوور و درێژی نێو کایە جیا جیاکانی مەعریفە و ڕۆشنبیری و زمان و کولتووردایە.