په‌روه‌رده‌ی پراكتیك
كتێبی: په‌روه‌رده‌ی پراكتیك
نووسینی: خه‌لیل عه‌لی
ڕانانی: هه‌ورامان وریا قانع
كتێبێك پێش هه‌موو كه‌سێك، پێویسته وه‌زیری په‌روه‌رده و جێگره‌كه‌ی و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان بیخوێننه‌وه.
ئاشكرایه كتێبخانه‌ی كوردی، له بواری كتێبی په‌روه‌رده‌یی، تا بڵێی هه‌ژار و كه‌م كتێبه، نه‌بوونی ژماره‌یه‌كی باش له كتێب و سه‌رچاوه‌ی په‌روه‌رده‌یی به زمانی كوردی، له‌به‌رده‌ست مامۆستایان و په‌روه‌رده‌كاران، وایكردووه سیستمی په‌روه‌رده و خوێندنی ئێمه، وه‌ك پێویست گه‌شه نه‌كات و پێشكه‌وتنی به‌رچاو به‌خۆیه‌وه نه‌بینێت. سه‌روه‌ختێك مامۆستایه‌ك بییه‌وێت ئاستی زانستی و مه‌عریفی خۆی به‌رز بكاته‌وه و زانیارییه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی له پۆله‌كانی خوێندندا ده‌یڵێته‌وه، فراوانتر بكات و په‌ره به توانا فێركارییه‌كانی خۆی بدات، ئه‌وا ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی به زمانی كوردی له به‌رده‌ستیدایه، زۆر كه‌من و به‌هانایه‌وه نایه‌ن.
له ڕاستیدا ده‌توانین بڵێن، كایه‌ی په‌روه‌رده و فێركردن و فێربوون، له ڕووی بوونی كتێب و گۆڤار و بڵاوكراوه و سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفی به زمانی كوردی، یه‌كێكه له كایه زۆر هه‌ژاره‌كان كه هه‌رگیز نابێت و ناكرێت، كایه‌یه‌كی گرنگ و به‌هاداری وه‌ك په‌روه‌رده، ئاوا بێ كتێب و بێ سه‌رچاوه‌ی زانستی بێت. لێره‌وه هه‌ر كاتێك كتێبێكی په‌روه‌رده‌یی، چاپ و بڵاوده‌بێته‌وه، من وه‌ك مامۆستایه‌ك، كۆڵێ دڵخۆش ده‌بم و به كارێكی گرنگ و بایه‌خداری گه‌وره‌ی ده‌زانم.
خۆشبه‌ختانه ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، یه‌كێكه له‌و ده‌زگا ده‌گمه‌نانه‌ی كه بایه‌خ به چاپكردنی كتێبی په‌روه‌رده‌یی ده‌دات و ئاوڕی له‌م بواره داوه‌ته‌وه، چ نووسین بێت یان وه‌رگێڕان. ئه‌گه‌رچی بایه‌خ و ئاوڕدانه‌وه‌كه سنورداره و وه‌ك پێویست نییه و چاوه‌ڕێی زیاتری لێده‌كرێت. یه‌كێك له‌و كتێبه باشانه‌ی له‌م ماوه‌یه‌ی دوایدا، ده‌زگای سه‌رده‌م چاپ و بڵاویكردووه‌ته‌وه، كتێبی په‌روه‌رده‌ی پراكتیك-ه كه ئێمه لێره‌دا، هه‌وڵده‌ده‌ین به‌خێرایی ڕانانێكی بۆ بكه‌ین و كه‌م تا زۆر به خوێنه‌ری بناسێنین.
هه‌رچه‌نده كتێبه‌كه تایبه‌ته به په‌روه‌رده‌ی پراكتیك له وانه‌ی هونه‌ردا، واته كتێبه‌كه باس له چۆنیه‌تی وتنه‌وه‌ی وانه‌ی هونه‌ر ده‌كات به شێوه‌یه‌كی عه‌مه‌لی و كرده‌یی. به‌ڵام ئه‌مه به هیچ جۆرێك نابێته هۆی ئه‌وه‌ی كه بۆ وانه‌كانی دیكه سودی نه‌بێت. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و بابه‌تانه‌ی له كتێبه‌كه‌دا بۆ وتنه‌وه‌ی وانه‌ی هونه‌ر، ئاماده‌كراون و خراونه‌ته‌ڕوو، بۆ كۆی وانه‌كانی دیكه‌ش گونجاوه و مامۆستایانی ئه‌و وانانه‌ش، ده‌توانن سودی لێببینن و ئاستی مه‌عریفی خۆیان، به تایبه‌ت له شێوازه‌كانی وانه وتنه‌وه و چۆنیه‌تی ده‌رخستن و ئاشكراكردنی حه‌ز و ئاره‌زووی قوتابییه‌كان، به‌رز بكه‌نه‌وه. ده‌توانن ئه‌وه‌ی له كتێبه‌كه‌دا له‌سه‌ر وتنه‌وه‌ی وانه‌ی هونه‌ر به شێوه‌ی پراكتیكی نووسراوه، ئه‌وان بیگوێزنه‌وه بۆ وانه‌كانی خۆیان و له پۆله‌كاندا ئه‌نجامی بده‌ن و كاریپێبكهن.
خاڵی هه‌ره گرنگ و بایه‌خداری ئه‌م كتێبه، له‌وه‌دایه كه وانه‌ی هونه‌ر، ته‌نها وانه‌یه‌ك نییه قوتابی تێیدا فێری وێنه‌كێشان و سكێچ و هێڵكاری ده‌بێت، هه‌ر ئه‌وه نییه ده‌فته‌ر ڕه‌سمێك و كۆمه‌ڵێ بۆیه‌ی ڕه‌نگا و ڕه‌نگ له جانتاكه‌یدا بێنێت بۆ مه‌كته‌ب و له وانه‌كه‌دا بهكاریانبێنێت. نا ئه‌وه ته‌نها لایه‌نه لاوه‌كی و پله دووهكهیهتی. لایه‌نی سه‌ره‌كی و پله یه‌كی ئه‌م وانه‌یه، له‌وه‌دایه كه له لاپه‌ڕه 54ی كتێبه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه: (مامۆستای په‌روه‌ده‌ی هونهرهێندهی مه‌به‌ستییه‌تی ڕه‌فتاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی منداڵ له رێگه‌ی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ره‌وه بگۆڕێت. هێنده مه‌به‌ستی فێركردنی كارێكی هونه‌ری نییه. چونكه ئه‌وه ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه نییه، به‌ڵكو ئامانجی سه‌ره‌كی، چاككردن و ڕێككردن و باشتركردنی ڕه‌فتار و كارامه‌یی منداڵه له كاتی مامه‌ڵه‌كردن و چالاكی نواندندا).
جگه له‌وه و په‌یوه‌ست به ئامانجه گه‌وره‌كه‌ی وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ر، كتێبه‌كه له لاپه‌ڕه 66 دا ده‌ڵێت: (… ئه‌ركی مامۆستا دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ئاره‌زووه‌یه له نێو قوتابییاندا و هانیان بدات، تا ئاستی جوانناسییان به‌رز بكاته‌وه. چونكه گومانی تێدا نییه هه‌ر ئه‌و منداڵه‌یه ده‌بێته پزیشك، ئه‌ندازیار، فه‌رمانبه‌ر، مامۆستا، جا ئه‌گه‌ر ئه‌م تاكه ئاستی جوانناسی به‌رز بێت و به‌و قۆناغه‌دا بڕوات، كه ئه‌م پرۆگرامه ده‌یخوازێت، ئه‌وا بزانه چی ڕووده‌دات؟ تاكێكی ته‌ندروست كه ڕێز له هه‌مو كارێكی جوان ده‌گرێت و به‌بێ به‌ها ته‌ماشای ده‌وروبه‌ری ناكات و هه‌مو شته جوانه‌كان به‌رز ده‌نرخێنێت كه ئه‌وه‌ش مه‌به‌ست و ئامانجی په‌روه‌ده‌ی هونه‌ره له ناوه‌نده‌كانی خوێندن).
له لاپه‌ڕه‌ی 72 كتێبه‌كه‌دا و له بابه‌تی “فێركاری پراكتیكی”، باس له مه‌سه‌له‌یه‌كی ئاوا ده‌كات: وانه‌ی هونه‌ر، به ته‌نها له گه‌له‌ری و ژوری وێنه‌كێشان و ناو پۆل ناوترێته‌وه و پێویسته زۆرجار وانه‌كه، له ناوه‌وه‌ی پۆل و شوێنه داخراوه‌كان بهێنرێته ده‌ره‌وه و له ژینگه‌ی كراوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌دا بوترێته‌وه. بۆچی؟ بۆ ئه‌وه‌ی قوتابییه‌كان، له كاتی وێنه‌كێشاندا، ئازدییه‌كی زیاتریان هه‌بێت، جووڵه‌یان باشتر و بینینیان فراوانتر بێت و ڕاسته‌وخۆ به‌ر ئه‌و وێنه و كه‌ره‌ستانه بكه‌ون كه به‌نیازن وێنه‌یان بكێشن، له نمونه‌ی گژوگیا و دار و دره‌خت، ئاسمان و خۆر و باڵنده، كانی و ڕووبار و باخچه، مرۆڤ و ڕه‌ز و تاوێر… هتد. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات قوتابییه‌كان خه‌یاڵیان كراوه‌تر و هزریان باشتر بكه‌وێته‌كار و حه‌زیان بۆ وانه‌كه‌ش زۆرتر بێت. وا ده‌كات ڕوونتر و شه‌فافتر شته‌كانی ده‌وروبه‌ریان ببینن و له وێنه‌كانیاندا بیانخه‌نه‌ڕوو. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌وان له ده‌ره‌وه‌ی ژینگه‌ی پۆل، به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه كه‌ره‌سته‌كانی ده‌وروبه‌ریان ده‌بینن و ته‌نانه‌ت ده‌توانن له نزیكه‌وه له‌مسی هه‌ندێكیان بكه‌ن و به وردی لێی بڕوانن. به مانایه‌كی دی، ئه‌وان له كاتی وێنه‌كێشان له ده‌ره‌وه‌ی گه‌له‌ری و ژووره‌كان، له ژیان و جوانییه‌كان نزیكتر ده‌بنه‌وه و سروشت وه‌ك خۆی ده‌بینن و زیاتر هه‌ست به خۆشی و به دڵگیری دیمه‌نه‌كان ده‌كه‌ن و داهێنه‌رانه ده‌یگوێزنه‌وه بۆ نێو كوڕاسهكانی به‌رده‌ستیان.
دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه، دید و تێڕوانینمان بۆ وانه‌ی هونه‌ر، به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی، گۆڕانی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا دێت. له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی كتێبه‌كه، هه‌ست ده‌كه‌ین سه‌باره‌ت به وانه‌ی هونه‌ر، شتێك له هزرماندا ده‌گۆرێت و چه‌كه‌ره ده‌كات كه پێشتر بوونی نه‌بووه یان وه‌ك پێویست ئاگاداری نه‌بووین. ئه‌وه‌ی له كتێبه‌كه‌وه له‌سه‌ر وانه‌ی هونه‌ر ده‌یزانین و پێی ئاشناده‌بین، وامان لێده‌كات بڵێین: چیتر نابێت وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ر، به وانه‌یه‌كی لاوه‌كی و بێ به‌ها سه‌یر بكرێت. نابێت ئه‌م وانه‌یه به هیچ جۆرێك پشتگوێ بخرێت و گرنگی پێنه‌درێت. نابێت وانه‌كه بدرێت به مامۆستایانی بابه‌ته‌كانی دیكه، بۆ نمونه مامۆستای بیركاری یان زانست یا ئینگلیزی، تاكو ئه‌وان مه‌نهه‌جه‌كه‌یان ته‌واو بكه‌ن، ئه‌وه كوفرێكی په‌روه‌رده‌ییه و ده‌بێت كۆتایی پێبێت. بۆچی؟ چونكه وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ر، هه‌م بۆ خۆی وانه‌یه‌كی پراكتیكی زۆر بایه‌خداره و هه‌م په‌یوه‌سه‌ته به كۆی بابه‌ته‌كانی دیكه‌وه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌مو وانه‌كانی دیكه هه‌یه كه ده‌كرێت له سێ خاڵدا كورتی بكه‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م: وانه‌ی هونه‌ر ته‌نها وانه‌یه تێیدا قوتابی، خه‌یاڵی ده‌خاته‌كار و به ده‌ست و په‌نجه‌ی خۆی، به بیركردنه‌وه‌ی خۆی، به تێگه‌شتنی خۆی، به عه‌قڵ و لۆژیكی خۆی، وێنه‌كان ده‌كێشێت و گوزارشت له ناخی خۆی ده‌كات. ئه‌و له ڕێگه‌ی وێنكانهوه، ئه‌و شتانه‌مان پێده‌ڵێت كه له‌وانه‌یه به وتن و قسه‌كردن، نه‌توانێت پێمان بڵێت. قوتابی له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی ڕه‌نگ و هێڵ و بابه‌ت و چۆنیه‌تی ره‌سمكردنی دیمه‌نه‌كانه‌وه، به ئاسانی ده‌توانێت گوزارشت له هزر و خه‌یاڵی خۆی بكات. قوتابی له وانه‌كانی دیكه‌دا، كه‌متر ده‌رفه‌تی ئه‌و گوزارشت كردنه سروشتییه‌ی بۆ ده‌ڕه‌خسێت، كه‌متر ده‌توانێت بیركردنه‌وه و تێگه‌شتنه‌كانی خۆی بخاته به‌رده‌ست و ئازادانه كاریان پێبكات و له قۆناغی خه‌فه‌كردن و چه‌پاندنه‌وه، بیگوێزێته‌وه بۆ قۆناغی گوزارشت و ده‌ربڕین. قوتابی له وانه‌كانی دیكه‌دا، به زۆری ئه‌و زانیاری و مهعهریفهیه فێرده‌بێت كه له زاری مامۆستاكان دێنه‌ده‌ره‌وه و له كتێبهكانهدا نووسراون، ئه‌و پێناسه و شیعر و بیردۆزانه ده‌ڵێته‌وه كه ده‌رخی كردوون و له مه‌لزه‌مه و دهفتهرهكانیاندا نووسراونه‌ته‌وه. به‌ڵام وانه‌ی هونه‌ر شتێكی دیكه‌یه و ئه‌وه‌ی قوتابی له‌م وانه‌یه‌دا ده‌یخاته سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی ده‌فته‌ر ڕه‌سمه‌كه‌ی، هه‌ڵقوڵاوی ناخی قوتابییه‌كه خۆیه‌تی و قوتابییه‌كه خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌یه‌تی. وێنه‌كان و تێكه‌ڵكردنی ڕه‌نگه‌كان و هێڵكاری و بیرۆكه‌ی ناو وێنه‌كان، سه‌رچاوه‌كه‌ی خه‌یاڵ و هزری قوتابییه‌كه‌یه و له ئه‌نجامی تێگه‌شتنی خۆیه‌وه له‌دایكبوون. ئه‌وه دید و ته‌سه‌وری قوتابییه‌كه‌یه، په‌نجه‌كانی پێ ده‌جووڵێنێت و فڵچه و نوكی قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی ده‌هێنێت به‌سه‌ر كاغه‌زه‌كاندا و دیمه‌نه‌كان ده‌نه‌خشێنێت. ئا لێره‌وه‌یه وانه‌ی هونه‌ر، وانه‌یه‌كه سه‌ربه‌خۆیی و بیركردنه‌وه‌ی ئازادانه، ده‌به‌خشێت به قوتابی و له ته‌مه‌نێكی زووه‌وه، ڕه‌نگڕێژی كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی، به شێوه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ، ده‌كات.
دووه‌م: ئه‌م وانه‌یه په‌یوه‌ندی به سه‌رجه‌م وانه‌كانی دیكه‌وه هه‌یه، چۆن؟ به‌وه‌ی گه‌شه‌كردنی كارامه‌یی و به‌هره‌ی وێنه‌كێشان لای قوتابی، وا ده‌كات بۆ نمونه، له وانه‌ی زانست وێنه‌ی خانه و ئه‌ندام و كۆئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ و گیانه‌وه‌ر جوان دروست بكات و باشتر لێیان تێبگات. له وانه‌ی بیركاری وێنه‌ی لاكێشه و چوارگۆشه و بازنه و نیمچه بازنه و شه‌ش پاڵ‌و، به شێوه ئه‌ندازه‌ییه ڕێكوپێكهكهی بكێشێت. پیته‌كانی ئینگلیزی و كوردی و عه‌ره‌بی، جوانتر دروست بكات و ده‌ستوخه‌تی ڕێكتر و جوانتر بێت. له جوگرافیا ده‌توانێت نه‌خشه‌كان باشتر دروست بكات و به شێوه‌یه‌كی هونه‌ری ڕه‌نگیان بكات. هه‌مو ئه‌وه‌ی قوتابی له وانه‌ی هونه‌ردا فێریده‌بێت، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی باشی له وانه‌كانی دیكه‌دا ده‌بێت و ڕێخۆشكه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی وانه‌كانی دیكه، به شه‌وق و حه‌زێكی زۆره‌وه و به ئاسانی دروست بكات.
سێیه‌م: ئه‌م وانه‌یه ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی له كتێبه‌كه‌دا باسی لێوه‌ده‌كرێت و بووترێته‌وه، وا ده‌كات قوتابی زیاتر هۆگری قوتابخانه ببێت و حه‌زی زیاتر بۆ خوێندن هه‌بێت. له‌م وانه‌یه‌دا ده‌كرێت له ڕێگه‌ی وێنه‌كێشان به گروپ و به ده‌سته‌جه‌می، ڕۆحی هاریكاری و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان قوتابییه‌كان، گه‌شه‌ی ئه‌رێنی بكات و زیاتر ڕێز له یه‌كتر بگرن و هاوڕێیه‌تییه‌كه‌یان پته‌وتر و به‌هێزتربێت.
گرنگه ئه‌م كتێبه له‌لایه‌ن به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، له ئاسته باڵاكه‌یدا بخوێنرێته‌وه، تاكو به‌رچاوڕونی زیاتریان بۆ وانه‌ی هونه‌ر هه‌بێت و چیتر ئه‌م وانه‌یه، له‌و دۆخه خراپه‌ی ئێستای ڕزگار بكه‌ن و بیكه‌ن به وانه‌یه‌كی زۆر سه‌ره‌كی و پێداویستییه‌كانی له هه‌مو قوتابخانه‌یه‌كدا بۆ دابین بكه‌ن. مامۆستای تایبه‌ت به په‌روه‌رده‌ی هونه‌ر بیڵێته‌وه و له‌وه ڕزگار بكرێت بدرێت به مامۆستای دیكه و به‌شه وانه‌ی مامۆستای دیكه‌ی پێ پڕبكرێته‌وه. هه‌روه‌ها گرنگه ئه‌م كتێبه له‌لایه‌ن هه‌مو مامۆستایه‌ك و په‌روه‌رده‌كارێك و به‌ڕێوه‌به‌رێكی قوتابخانه بخوێنرێته‌وه، تاكو ئه‌مه‌ی دواییان، تێبگات ئه‌م وانه‌یه چ سیحرێكی گه‌وره‌ی تێدایه و چ وزه‌یه‌كی زۆر له هه‌ناویدا هه‌ڵگیراوه، ئه‌گه‌ر ڕێوشوێن و كارئاسانی بۆ بكرێت، ئه‌وا گوڕ و تینێكی گه‌وره به پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و خوێندن ده‌به‌خشێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، گرنگه ئه‌م كتێبه دایك و باوكی قوتابیش بیخوێنێته‌وه، تا له‌وه تێبگات، بۆ منداڵه‌كه‌ی، وانه‌ی هونه‌ر، هیچی له وانه‌ی ئینگلیزی و زانست و بیركاری كه‌متر نییه. دایك و باوك ئه‌گه‌ر بینیان كوڕه‌كه‌ی یان كچه‌كه‌ی، گرنگی به‌م وانه‌یه ده‌دات و ئاره‌زووی لێیه‌تی، ئه‌وا پێویسته كارئاسانی بۆ بكه‌ن و پێداویستییه‌كانی بۆ فه‌راهه‌م بكه‌ن. نه‌ك ئه‌وه‌ی بیكه‌ن به قوربانی وانه‌كانی دیكه و ڕێگربن له‌وه‌ی منداڵه‌كه‌یان گه‌شه به توانا و كارامه‌ییه‌كانی خۆی له‌م وانه‌یه‌دا بدات.
دواجار كتێبه‌كه به زمانێكی كوردی پوخت و ئاسان و بێگرێ و گۆڵ نووسراوه، زمانێك له كاتی خوێندنه‌وه‌دا، هیچ ماندووت ناكات، بگره وا ده‌كات له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه به‌رده‌وام بێت و ئه‌گه‌ر ده‌ستیشت لێهه‌ڵگرت، به زووترین كات بگه‌ڕێیته‌وه بۆ لای. كتێبه‌كه 449 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره بچوكه، تیراژی هه‌زار دانه‌یه و نرخی چوار هه‌زار و پێنج سه‌د دیناره.