منداڵێک لەسەر مانگە؛ گەڕان بەدوای حەقیقەتدا

Loading

ڕانانی: ئیدریس عەلی

“سیا من و تۆ دوو کەسی تەنیاین، دوو تەنیای نێو ئەم سوڕانەوە بەردەوامانەی سەرزەوین، دوو کەسین توانای بیرکردنەوە و پرسیارکردنمان هەیە لە هەموو شتێک، دەتوانین لە ڕێگای چیرۆکەکانەوە هەر کاتێک بمانەوێت ئەم دنیایە جێبهێڵین و بچینە ناودنیایەکی جوانتر لەم جیهانە.”
ئەمە یەکێکە لە پەڕەگرافە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی نێو ڕۆمانی (منداڵێک لەسەر مانگە)ی نووسەر و شاعیر (هیوا قادر) کە هەڵگری دوو خەسڵەت و ڕەهەندی فەلسەفی و عیرفانیشە، بێگومان سترەکچەری خودی ڕۆمانەکەش لەسەر ئەم دوو چەمکە بونیاد نراوە، ئەگەر ئەو پێناسەیەی (دکتۆر عەلی شەریعەتی) وەرگرین کە پێی وایە عیـرفان بە تێكڕایی كاری كەسێكە دەیەوێ‌ خۆی بناسێ‌ و پرسیار بکات چی هێناوێتی؟ بۆ هاتووە؟ بۆ كوێ‌ دەچێ‌؟ دەبێ‌ چی بكا؟ هەودا و مەودای ئاڵۆز و پڕ گرفچنكی دەوروبەری، لەبان سەری، لەم زەمینە پان و پۆڕ و بەرینەدا بپشكنێ‌؛ سەرەتای بدۆزێتەوە؛ بە عەقڵ لێكی بداتەوە؛ مەودای ئەو هەودایە چەندە؟ بە كوردی و كورتی کەسێتی عاریف كەسێكە لەدووی ڕاستەقینە وێڵە و تا هەموو شت لە بنج و بناوان نەكا ئۆقرە ناگرێت. ئەوا بێگومان دەتوانین قووڵتر لە ئاماژە و دەلالات و مانا شاراوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە تێبگەین کە لە لایەکەوە خوێنەر تەواو لەبەردەم تێکستێک و ڕۆمانێکی عیرفانیدایە، لە لایەکی دیکەوە عیرفانییەت تەنیا نەبەستراوەتەوە بە میتۆد و بنەما و پێوەرە ئایینییەکانەوە، بەڵکو توانای لەڕادەبەدەری مرۆڤ بۆ خودناسین و دۆزینەوەی پانتاییە نادیار و ڕووبەرە تاریکەکانی ناخی خۆی، تخووب و مەرزی ئەو چەمکە پێناسەکراوانەش دەبەزەنێت کە بەدەر لە ئیرادە و ویستی ئینسانی بۆی داڕێژراوە، لەم ڕۆمانەدا نووسەر کەشێکی جیاوازی عیرفانی خولقاندووە کە هزر و ئەندێشەی مرۆڤ لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئاوەز و گەڕان و گومان و پرسیار و ئەزموونکردنە بەرجەستە ڕۆژانەییەکانەوە، دەگەیەنێت بە حەقیقەتێکی دیکە، کە دواجار وەک گەوهەرێک لە ناخ و ڕۆح و چاو و زمانی خۆیدا دەیدۆزێتەوە.
نووسەر لە ڕۆمانی (منداڵێک لەسەر مانگە)دا، کەشێکی تەواو هێمن و شاعیرانەی خولقاندووە و خوێنەر لە جەنجاڵیی ژیان و شارەوە دەبات بۆ ئارامیی نێو سروشت و چیا و دەشت، ئەم کەشە لەسەر ئاستی ژیان و سروشتی کاراکتەر و تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە و زمانی دەربڕین و دیالۆگ و مەنەلۆگ و کۆی ڕووداوەکانیش ڕەنگیداوەتەوە، ڕۆمانەکە بە ڕووکەش لەسەر کۆمەڵێک بابەتی دیاریکراو دەوەستێت، بەڵام لە نێوەڕۆکدا پەلی هاوێشتووە بۆ مەودا و پانتایی و پنتی دوورتر و دەرگاگەلێکی زیاتر بە ڕووی خوێنەردا دەکاتەوە تا ئاوەز و ئەندێشەیان تەنها لەسەر چەقی ڕووداوێک نەوەستێت و لەنێو هەر چیرۆکێکدا پەنجەرەی چیرۆکگەلی دیکەی لێ دەکرێتەوە.
ڕۆمانەکە بە وردی لەسەر هونەری خەتخۆشی، مێژوو و گرنگیی ئەم هونەرە و جۆرەکانی دەست پێ دەکات و لە ڕێی کاراکتەری (سەید موحسین)ەوە، خوێنەر بەرەو ئاقاری دیکە و بابەت و ڕووداوگەلی دیکە دەبات، لەم ڕۆمانەدا بابەتی گەڕان بەدوای ئارامی و خودا، جوانی و حەقیقەتدا، بابەتێک نییە تەنها پەیوەست بێت بە دین و ئەرکێک نییە تەنها پیاوانی ئایین لە ڕێی عیبادەت و بەجێهێنانی ئەرکە دینییەکانەوە پێی بگەن، بەڵکو لێرەدا ڕەهەندی قووڵتر و فەلسەفیتری هەیە، کەسێکی وەک (یاروەلی) لە ڕێی ژیانە تایبەتەکەیەوە نوێنەرایەتیی ئەو ڕەوتە دەکات کە لە دەرەوەی بازنەی ئیمان و ئەرکە ئایینییەکانەوە دەیەوێت خودا لە خۆیدا بەرجەستە بکات، پرسیارە زۆرەکانی لە بوون و خود و ژیان بەئاستێک لە مەعریفەی دەگەیەنن کە خۆڕسکانە لە ناخی خۆیەوە بەدەسستی هێناوە، بێگومان بەو شێوە نا کە سیفەت و سروشتی خودایی هەبێت، بەڵکو هەوڵی ئەو، دروستکردنەوەی خودایە لە سادەترین فۆڕمدا و دوورخستنەوەیەتی لەو ماڵە جۆراوجۆرانەی بە ناوی ئەوەوە دروستیانکردووە و خودایان لەو ماڵانەدا قەتیس، یان بچووک کردووەتەوە تا ڕاستی و حەقیقەت و توانای تێهزرین و گەڕانی مرۆڤ سنووردار بکەن.
کەسایەتیی یاروەلی لەم ڕۆمانەدا بەهۆی ڕووداوێکەوە گۆڕانکاری بەسەر سروشت و دونیابینی و بیرکردنەوەیدا دروست دەبێت، لە کەسێکەوە کە عاشقی شیعر و بەیت و غەزەلە عیرفانی و کلاسیکییەکانە، دەگۆڕێت بۆ کەسێک کە هەوڵی نوێکردنەوەی ژیان دەدات لە چاوی خۆیدا، واتە ئەزموونی ژیانی یار وەلی پێمان دەڵێت ئەو گۆڕانکارییە بنچینەیی و بونیادییە لەنێو ناخ و ڕوانینی خۆمان نەبێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیان و چواردەورماندا ڕوونادات، ئەو گۆڕانەش لە کاتێکدایە بە نیازی ڕۆیشتن بۆ سابڵاخ و سووسە کردن بۆ هەندێک لە شیعرە فەوتاوەکانی مەحوی، لە فەوزا و قەرەباڵغی سەر مەرز و زوڵمەتی ئەو شاخ و کێوانەدا، گریانی منداڵێک ڕایدەگرێت و سووسەی دەنگی دەکات، یاروەلی سەرەتا پێی وایە ئەو دەنگە لە سنگی خۆیەوە دەردەچێت، بەڵام دواتر بە (سیا) ئاشنا دەبێت.
سیا منداڵێکی ئیفلیج و بێ زوبانە، ڕاژۆی باوکی بەر لەوەی لەپەنا تاوێرێکدا بیکوژن، منداڵەکەی لە توێی پەتوویەکی ئێرانیدا دەداتێ و داوا لە یاروەلی دەکات منداڵەکەی بەرێت و لە دورترین و چۆڵەوانیترین شوێن بژین، ئەوە سەرەتای ئەو گۆڕانکارییە بونیادییەیە کە یاروەلی لە چوون بۆ سابڵاخ پەشیمان دەکاتەوە لەگەڵ ئەو منداڵە نەخۆشەدا، چارەنووس و قەدەر بەرەو شوێنیکی دور و چۆڵیان یان دەبات، کە تەنها ئاو و درەخت و دەنگی باڵندە شەوانی پڕ لە ئەستێرەیان لێوە دیارە، و لەو شوێنەدا وزەی شاراوەی ڕۆحیی هەردووکیان، دونیایەکی جیاواز و سەربەخۆیان بۆ دروست دەکات.
ئەو ژیانە دوورەپەرێز و تەناییەی یاروەلی و منداڵێکی بێزمان و ئیفلیج وا دەکات یاروەلیی کانیاوی وزە ڕۆحیی و زیهنییەکانی لە ناوەوەڕا بتەقنەوە، هاوکات لەتەک سیادا زمانێکی هاوبەش بدۆزنەوە بۆ تێگەیشتن لە یەکدی و توانای گوزارشتکردنیان لەو دونیا سیحری و پڕ لە فەنتازییەی دروستیان کردووە، ئەو زمانەش زمانی چاو و خوێندنەوەی قووڵ و وری ئاماژەکانە کە وا دەکات وەک ئامڕازێک، چاو لە بینینێکی سادەوە ڕۆڵەکەی بگۆڕێت بۆ بەرپرسیارێتییەکی گەروتر و فراوانتری وەک ڕوانین و خوێندنەوە و تێڕامان و کەشفکردنی ڕازە پەنهاکان، بە تایبەت لە خوێندەوەی خەونە ئاڵۆزەکاندا و بە چیرۆککردنی ئەوەی لە چواردەور و دڵ و هزریاندا دەگوزەرێت.
ڕۆمانەکە لە ستایش و گرنگیپێدانی تەنیایی و بێدەنگی و دووریی لە قەرەباڵغی و فەوازای ژیانی شار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندایە و ئەوەمان پێ دەڵێت کە بۆ گەیشتن بە حەقیقەت، هێندە بەسە مرۆڤ تەنیا بێت و لەنێو دڵ و خەیاڵ و ئەندیشە و خەونەکانی خۆیدا بۆ خودا و جوانی و حەقیقەت بگەڕێت، دواجار ئەو چەمکانە لە شاردا وێنە حەقیقی و ڕوونەکانیان بە تەڵخی نابینرێت، بەڵکو ئەوەی هەیە لەنێو سروشت و موفرەداتەکانی نێو سروشت و ژیانێکی بێدەنگ وتەنیاییدایە، تەنانەت مرۆڤ دنە دەدات بۆ ئەوەی توانا شارەواکانی خۆی لە ناخی خۆیدا بدۆزێتەوە تا بگات بەو یەقینەی کە خودی خۆی سەنتەری شتەکان و گێڕەرەوەی چیرۆک و حیکایەتەکانی خۆیەتی، ئەوەی ڕوودەدات و ڕووی داوە لەنێو خودی خۆیدایە، تەنانەت ئەوەشی کە دەگۆڕێت خودی خۆیەتی، بەڵام لە ڕێی تێڕامان و وردبوونەوە و پرسیارکردن و وتووێژکردن و ئەو شەڕانەی کە مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆیدا دەیانکات.
ڕۆمانەکە لە لایەکی دیکەوە سەبارەت بە دنیای شیعر و ئەوین و غەزەلیات و ئیمان و خوداپەرەستییە، لەوێوە خوێنەر پەلکێشی بەردەم زانیاریگەلێکی بەسوود دەکات سەبارەت بەو دونیایەی کە ڕەنگە سەردەمانێک بە هەڵە پێناسە کرابێت، بە تایبەت سەبارەت بە حەقیقەتی ڕەها، ڕەهەندێکی ڕەخنەگرانەی هەیە و ئەو ڕاستییە بە خوێنەر دەگەیەنێت کە ڕاستیی و حەقیقەت، یەک ڕوخسار وئەدگار، یەک دەنگ و بۆنی نییە، بەڵکو ئەوە دونیابینی و بیرکردنەوەی بچووکی مرۆڤی نێو قاڵبە ئایینی و ئایدۆلۆژییەکانن حەقیقەت لەو چوارچێوە تەسکەدا دەبیننەوە کە چاوی کورتبینیی خۆیان دەیبینن، بۆ نموونە بینینی شێوەی خودا لە چاوی پیاوانی ئایینییەوە، خودا لەنێو مزگەوت و کڵێساکاندا، خودا لەنێو جامخانە و لەسەر بەردی مەڕمەڕ و حەوشەی کاشیی، ناوی خودا لەسەر فەرشە دەستچنە گرانبەهاکان و هتد… هاوکات هەوڵی مرۆڤ بۆ گێڕانەوەی حیکایەتەکان و بە حیکایەتکردنی هەموو شتەکانی نێو ژیان، تەوەرێکی دیکەی سەرەکیی ئەم ڕۆمانەیە کە هەم خودی گێڕەرەوە بەو پێیەی لە منداڵییەوە سەرسام بووە بە هونەری خەتخۆشی سەید موحسین و دوای مردنی بەدوای سەرچاوەی ژیانیدا دەگەڕێت تا نهێنییەکانی کەشف بکات، دواجار ڕوودەکاتەخانەقای مەحوی و لەنێو بەیاز و دەستنووس و کتێبە کۆنەکاندا کەشکۆڵێک دەدۆزێتەوە کە گێڕانەوەی سەربوردەی ژیانی یاروەلییە، یاروەلی لێرەدا گرنگیی بە چیرۆککردنی مرۆڤ و ژیان و نووسینمان پیشاندەدات کە دواجار نەمری دەبەخشێت بە مرۆڤ و ڕووداوەکان بە زیندوویی دە‌هێڵێتەوە.
یاروەلی لە ڕێی ئەو کەشکۆڵەوە، خۆی و سیا و ژیانە پڕ لە ڕاز و نهێنییەکەیان لە فەوتان و مردن دەپارێزێت، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت کە تەنها هێز و سیحری نووسین دەتوانێت دەرەقەتی ئەو ژیانە ئاڵۆزە بێت و لە لەیادچوونەوە ڕزگاری بکات.
بێدەنگیی نێو سروشت و دوورەپەرێزی و تەنیایی، یاروەلی و سیا دەکەن بە دوو مرۆڤ کە ئاتاجی یەکدی بن و لەنێو دونیای تایبەتی خۆیاندا ببنە خاوەنی باڵ و زمان و چاوانێکی ئەوتۆ، کە تەنها خۆیان لە خۆیان تێبگەن و خۆیان بتوانن ببنە کارەکتەری نێو چێرۆک و خەون و حیکایەتەکانی یەکدی، ئەوان پێیان وایە مرۆڤی جاوید و باڵا ئەوانەن کە دەبنە کاراکتەری نێو حیکایەت و گێڕانەوەکان و لەویدا مانای گەورەتر پیدا دەکەن، واتە تەنها بە گێڕانەوە و گوێگرتن، نووسین و خوێندنەوە، دەتوانن نەمریی بۆ خۆیان بەدەست بێنن، یاروەلی بڕوای وایە دەبێت شتەکان بنووسرێنەوە، هاوکات تا کەسێک هەبێت بخوێنیتەوە ئەمان بە نەمریی دەمێننەوە.
ئەم ڕۆمانە چاپی سێیەمە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، خوێنەر لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە، هەم چێژ دەبینێت، هەم بەر زانیاریی گرنگ دەکەوێت سەبارەت بە هونەری خەتخۆشی و دنیای عیرفان و وزە شاراوە ڕۆحییەکانی مرۆڤ.

ناردن: