بۆچی په‌یوه‌ندی نێوان جان جینێ و محه‌مه‌د شوكری كۆتاییهات؟
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
چه‌ندین و چه‌ندین كاتژمێری خۆشم له‌گه‌ڵ ئه‌م كتێبه برده‌سه‌ر، ئه‌وه كتێبه‌كه‌ی تاهیر بن جه‌لونه و ئه‌م ناونیشانه‌ی خواره‌وه‌ی هه‌یه: “جان جینێ، درۆزنه جوانه‌كه”، جا تۆبڵێی خۆشی له‌وه گه‌وره‌تر هه‌بێت؛ كه هاوه‌ڵی دوو نووسه‌ری گه‌وره‌بیت، یان بڵێ نووسه‌رێكی گه‌وره، قسه له‌سه‌ر نووسه‌رێكی دیكه‌ی گه‌وره ده‌كات. تاهیر بن جه‌لون له كتێبه‌كه‌یدا، به جۆرێك سه‌رنجت ڕاده‌كێشێت، لێناگه‌ڕێت بۆ یه‌ك چركه چییه پشوبده‌یت، تا كتێبه‌كه‌ی له‌سه‌ر جان جینێ له سه‌ره‌تاوه بۆ كۆتاییه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كه‌یت. به‌ڵام سه‌روه‌ختێك ده‌گه‌یت به كۆتا لاپه‌ڕه، هه‌ست به خه‌م و په‌ژاره ده‌كه‌یت و هیواداری ئه‌وه‌یت نهگهیشتیتایه به‌و لاپه‌ڕه‌یه و كتێبه‌كه ته‌واو نه‌بوایه و بۆ نا كۆتا درێژ و درێژتر ببوایه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌یه بۆ سه‌ركه‌وتنی كتێبه‌كه و هه‌ر كتێبێكی دیكه.
پێده‌چێت تاهیر بن جه‌لون، به پله‌ی یه‌كه‌م حیكایه‌تخوان بێت و هه‌روه‌ها له هه‌مان كاتیش‌دا، پێده‌چێت بیرمه‌ندێكی ڕاسته‌قینه‌ش بێت. چیرۆكه‌كه به‌وه ده‌ستپێده‌كات كه تاهیر بن جه‌لون گه‌نجێكی ته‌مه‌ن سی ساڵه و جان جینێ پیرێكی ته‌مه‌ن شه‌ست و چوار ساڵه‌یه. ڕه‌نگه ئێوه له‌و بڕوایهدابن، ئه‌وه تاهیر بن جه‌لونه په‌یوه‌ندی به جان جینێ-وه كردووه و تكای لێكردووه كه بیبینێت و بیناسێت. به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته. كاتێك جان جینێ له پاریس و له كه‌مپی زانكۆ، په‌یوه‌ندی به تاهیر بن جهلونهوه ده‌كات، ئه‌مه‌ی دواییان باوه‌ڕ به چاو و گوێی خۆی ناكات. چی؟ نووسه‌رێكی گه‌وره‌ی وه‌ك جان جینێ، په‌یوه‌ندی به‌مه‌وه ده‌كات، ئه‌مێك هێشتا كه‌سێكی نادیاره و تازه له سه‌ره‌تای ژیانی ئه‌ده‌بیدایه؟ چییه جیهان سه‌ره‌وخوار بووه‌ته‌وه؟
جان جینێ ڕاسته‌وخۆ پێیده‌ڵێت: له چێشتخانه‌ی ئه‌وروپی به‌رامبه‌ر وێستگه‌ی (لیۆن) بۆ شه‌مه‌نده‌فه‌ر، بۆ نانی نیوه‌ڕۆ میوانی منی. ئا به‌م شێوه‌یه، ئه‌و په‌یوه‌ندییه دروست بوو كه ته‌نها به مردنی جان جینێ له ساڵی 1986 و به‌خاكسپاردنی له مه‌غریب، كۆتایی پێهات. جان جینێ هه‌نوكه به كه‌ماڵی ئیسرحه‌ت له‌سه‌ر كه‌ناره‌كانی شاری (العرائش) ڕاكشاوه و بۆ ئه‌به‌د له‌وێدا جێگیر بووه. به‌داخه‌وه ناتوانم بڕۆمه نێو هه‌مو ورده‌كارییه‌كانی كتێبه‌كه‌وه، ده‌نا چه‌ندین وتاری یه‌ك له دوای یه‌كم له‌سه‌ر ده‌نووسی. له‌به‌ر ئه‌وه ته‌نها له‌سه‌ر چه‌ند وێستگه‌یه‌كی كتێبه‌كه ڕاده‌وه‌ستم.
یه‌كه‌مجار با له‌لای په‌یوه‌ندی جان جینێ، به نووسه‌ری به‌ناوبانگ محه‌مه‌د شوكری، خاوه‌نی كتێبی “نانی ڕووت” و “زه‌مه‌نی هه‌ڵه‌كان” ڕاوه‌ستین. ئاخۆ تاهیر بن جه‌لون، سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته چی ده‌ڵێت؟ ئه‌و شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: سه‌روه‌ختێك محه‌مه‌د شوكری گوێی لێده‌بێت جان جینێ-ی هاوڕێی، به‌سه‌ردانێك هاتووه بۆ ته‌نجه، هه‌مو هه‌وڵی خۆی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی بیبینێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، له تاهیر بن جه‌لون ده‌پاڕێته‌وه ناونیشانه‌كه‌ی پێبدات و له چ ئوتێلێك دابه‌زیوه. به‌ڵام جان جینێ به‌و بینینه ڕازینابێت و به ڕووی تاهیر بن جه‌لون دا هه‌ڵده‌شاخێت و پێی ده‌ڵێت: چییه وا ده‌زانیت ئێمه هاوڕێی یه‌كترین؟ ئه‌م محه‌مه‌د شوكرییه كێیه؟ مه‌به‌ستت ئه‌و پیاوه‌یه به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا دێت و ده‌چێت و ده‌یان كتێب و گۆڤار له بن ههنگڵیدایه و له‌سه‌ر فیكتۆر هیگۆ وا قسه‌ت بۆ ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌رێكی گه‌نج بێت و هه‌ر ئێستا دۆزیویه‌تییه‌وه؟ نا نا نا، حه‌زناكه‌م بیبینم.
دوای ئه‌وه تاهیر بن جه‌لون بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه جان جینێ، هیچ سه‌نگ و قورساییه‌ك به هاوڕێیه‌تی نابه‌خشێت، بگره جان جینێ له كتێبه‌كه‌یدا “بیره‌وه‌ریه‌كانی دزێك”، ستایشی خیانه‌ت ده‌كات و به شێوه‌یه‌كی گه‌وره خیانه‌ت به نه‌مر داده‌نێت. هه‌رگیز هه‌ستی هاوڕێیه‌تی لا نه‌بووه. له‌به‌ر ئه‌وه محه‌مه‌د شوكری و هاوڕێیه‌تییه دوور و درێژه‌كه‌ی نێوانیانی له‌بیركردووه و به نوكه قه‌ڵه‌مێك هه‌موی سڕیوه‌ته‌وه. به‌ڵام له ڕاستیدا هۆكارێكی دیكه هه‌بووه بۆ ئه‌وه، وه‌ك دواتر ده‌یبینین. هه‌ر بۆیه نابێت زۆر زوڵم له جان جینێ بكه‌ین و په‌ندێكیش هه‌یه ده‌ڵێ له ئاوی مه‌نگ بترسه.
پاشان تاهیر بن جه‌لون، له دووتوێی كتێبه‌كه‌یدا، ده‌كه‌وێته گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی محه‌مه‌د شوكری و پێمان ده‌ڵێت: ئه‌و له ساڵانی په‌نجاكاندا، له چیای گونده‌كانه‌وه، هاتبوو بۆ شاری ته‌نجه، هه‌رچه‌نده ته‌مه‌نی بیست ساڵ بوو، كه‌چی نه‌خوێنده‌وار بوو، نووسین و خوێندنه‌وه‌ی نه‌ده‌زانی. له‌به‌ر ئه‌وه به شێوه‌یه‌كی نێرڤۆسی/ عصامی پشتی به خۆی به‌ست و وه‌ك كه‌سێك كه پێشتر ڕۆشنبیری و خوێندنی لێ قه‌ده‌غه‌كرابێت، بووه شه‌یدای كتێب و كتێبخانه‌كان. ئه‌وه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه، ئه‌وه‌یه شوكری له زمانی عه‌ره‌بیدا، بووه نووسه‌رێكی گه‌وره، ئه‌گه‌رچی زمانی دایك لای ئه‌و زمانی ئه‌مازیغی بوو. چۆن توانی له ماوه‌یه‌كی كورتدا، بگات به‌م هه‌مو داهێنانه؟ ئه‌وه خوا بۆ خۆی ده‌یزانێت. به‌دڵنیاییه‌وه ته‌قینه‌وه‌یه‌كی بلیمه‌تانه بووه. جگه له‌وه هه‌ژاری و نه‌بوونی پیاو دروست ده‌كه‌ن.
مه‌سه‌له‌كه هه‌رچۆنێك بێت، شوكری یه‌كێكه له قوربانییه‌كانی جان جینێ كه هیچ هه‌ستێكی هاوڕێیه‌تی لا نه‌بووه. ئێمه ئه‌مه ده‌ڵێین و ده‌زانین ئه‌وه جان جینێ بوو، یه‌كه‌مجار هه‌وڵیدا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شوكری ببه‌ستێت، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌و هه‌وڵه‌ی جان جینێ له 18 تشرینی دووه‌می ساڵی 1968 بوو، له‌و ڕۆژه‌دا به ڕێكه‌وت جان جینێ له‌سه‌ر یه‌كێك له شه‌قامه‌كانی ته‌نجه، شوكری ده‌بینێت و داوای لێده‌كات پێكه‌وه قسه بكه‌ن. به‌ڵام شوكری سه‌ره‌تا ترس دایده‌گرێت و له‌و بڕوایه‌دایه جان جینێ سیخوڕه. له‌به‌ر ئه‌وه یه‌كتربینینه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ جان جینێ، دواده‌خات بۆ به‌یانی ڕۆژی داهاتوو. له‌و به‌یانییه‌دا له یه‌كێك له چاخانه‌كانی ته‌نجه، پێكه‌وه بۆ خواردنه‌وه‌ی قاوه‌یه‌ك داده‌نیشن. جا شوێن هه‌یه له چاخانه‌كانی ته‌نجه خۆشتربێت؛ كه ده‌ڕوانن به‌سه‌ر به‌یه‌كگه‌یشتنی دوو ڕووباردا؟ هه‌مو ئه‌نده‌لوس له‌به‌رده‌متدایه و هێنده‌ی بستێك لێته‌وه دووره. چاخانه‌كان هێدی هێدی خه‌به‌ریان ده‌بێته‌وه، به‌یانییه‌كی خۆش بۆ هه‌موان، كچان و خانمان لهدهوروبهرتن، دیمه‌نه جوانه‌كان له‌به‌رده‌متدان، وای خودایه ژیان چه‌ند جوان و قه‌شه‌نگه!
ئه‌وان له‌و دانیشتن و یهكتربینینهدا، به دوور و درێژی قسه و باسیان له خۆشی و ناخۆشییه‌كانی ئه‌ده‌ب كردووه. ئێ ئاخر نووسه‌رێكی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب، ئه‌گه‌ر چاوی بكه‌وێت به نووسه‌رێكی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسی، ده‌بێت باسی چی بكه‌ن؟ ئه‌وه ته‌نها له‌سه‌ر خوانی ئه‌ده‌ب ڕووده‌دات. محه‌مه‌د شوكری پێی ده‌ڵێت زۆر سه‌رسامه به ڕۆمانی (سور و ڕه‌ش)ی ستندال و ڕۆمانی (نامۆ)ی ئه‌لبێرت كامۆ…هتد. پاشان شوكری ده‌ڵێت خۆی به ته‌واوه‌تی له كه‌سایه‌تی “جۆلیان سورێل”ی پاڵه‌وانی ڕۆمانه به‌ناوبانگه‌كه‌ی ستندال دا ده‌بینێته‌وه. لێره‌دا تاهیر بن جه‌لون ده‌ڵێت: پێویسته ئه‌وه بزانین باوكی محه‌مه‌د شوكری، كوڕه‌كه‌ی خۆی به 300 فره‌نك نه‌فرۆشتووه به پارێزگاری ته‌نجه، وه‌ك ئه‌وه‌ی وا ده‌وترێت. به‌ڵكو به‌رامبه‌ر به 30 فلسی مانگانه، فرۆشتوویه‌تی به بازرگانێكی مادده هۆشبه‌ره‌كان!. ئه‌وه زانیارییه‌كی ترسناكه و من هه‌رگیز نه‌مزانی بوو.
ده‌ی مه‌سه‌له‌كه هه‌رچۆنێك بێت، پێده‌چێت توڕه‌یی دواتری جان جینێ له محه‌مه‌د شوكری، بۆ هۆكارێكی دیكه‌ی ته‌واو جیاواز بگه‌ڕێته‌وه. دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان په‌ره‌ده‌سێنێت و گه‌رموگوڕی تێده‌كه‌وێت و له چاخانه ئه‌فسوناوییه‌كانی ته‌نجه زوو زوو یه‌كتر ده‌بینن. محه‌مه‌د شوكری هه‌ر كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه‌وه، له ده‌فته‌رێكی تایبه‌تدا، ناوه‌رۆكی هه‌مو ئه‌و قسانه، به ورد و درشتییه‌وه، ده‌نووسێته‌وه كه له‌و ڕۆژه‌دا له‌گه‌ڵ جان جینێ كردوویه‌تی. ئیدی قسه‌وباسه‌كانی نێو ده‌فته‌ره‌كه، تابێت زۆر و زۆرتر ده‌بێت و وایلێدێت ده‌بێت به كتێبێكی ته‌واو. شوكری ئه‌و كتێبه ده‌داته نووسه‌ری ئه‌مریكی “پۆل پاولز”، وه‌ك زانراوه ئه‌و نووسه‌ره ئه‌مریكییه له‌و كاته‌دا، بۆ هه‌تا هه‌تایه له ته‌نجه گیرساوه‌ته‌وه. باشه ده‌بێت ئه‌م نووسه‌ره ئه‌مریكییه چی له‌و كتێبه كردبێت؟ یه‌كسه‌ر بڕیارده‌دات كتێبه‌كه، ده‌موده‌ست وه‌ربگێڕدرێت بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیزی و به‌م ناونیشانه بڵاوبكرێته‌وه: “جان جینێ له ته‌نجه”. ئه‌وه ناونیشانێكی زۆر سه‌رنج ڕاكێشه و حه‌زی خوێندنه‌وه ده‌وروژێنێت. به‌دڵنیاییه‌وه كتێبه‌كه ڕه‌واجێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، چونكه جان جینێ ناوبانگێكی ئه‌فسانه‌یی هه‌بوو، به تایبه‌ت له ته‌نجه. سه‌روه‌ختێك جان جینێ به مه‌سه‌له‌كه ده‌زانێت، شێت و هار ده‌بێت، پێیوایه شوكری غه‌در و ناپاكی له‌گه‌ڵ كردووه، چونكه نهێنی هه‌ردووكیانی ئاشكرا كردووه و وه‌ك پارویه‌كی ئاسان، خستوویه‌تییه به‌رده‌م ئه‌وانی دیكه. له‌به‌ر ئه‌وه به ته‌واوه‌تی هاوڕێیه‌تییه‌كه‌ی نێوانیانی ڕتكردووهتهوه و چیتر هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵدا نه‌ماوه و له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: نه‌ده‌بوا قسه‌كردنه تایبهتهكانمانی بڵاوبكردایه‌ته‌وه، یان نه‌ده‌بوا بێ پرس و ڕاكردن بهمن و بێ ئاگاداری من، بیدات به كه‌سێكی دیكه.
دواتر تاهیر بن جه‌لون زیاتر مه‌سه‌له‌كه‌مان بۆ ڕاڤه ده‌كات و ده‌ڵێت: له ڕاستیدا محه‌مه‌د شوكری زۆر سه‌رسام بووه به جان جینێ. بگره خۆی له‌ودا بینیوه‌ته‌وه، چونكه جان جینێ كه‌سێكی زۆڵ بووه و دایك و باوكی خۆی نه‌ناسیوه و نه‌یزانیوه ئه‌سڵ و فه‌سڵی كێیه. محه‌مه‌د شوكری ته‌ماهی له‌گه‌ڵ كردووه، چونكه بارودۆخیان له‌یه‌كچووه، ئه‌گه‌رچی به ته‌واوی له‌یه‌ك نه‌ده‌چوون. هه‌ردووكیان ڕه‌گ و ڕیشه‌یه‌كی خراپیان هه‌یه و كوڕی شه‌قامه‌كانن، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه شیاوبێت. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ههرودووكیان بوون به دوو نووسه‌ری گه‌وره، هه‌ردووكیان بوون به ئه‌فسانه. له واقیعدا ئه‌مه شتێكی ده‌گمه‌نه و هه‌مو ڕۆژێك ڕوونادات وێڵگه‌ردێك ببێت به بلیمه‌ت! سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، شوكری وه‌ك باوك سه‌یری جان جینێ-ی ده‌كرد، ئه‌مه‌ش وه‌ك جۆرێك له قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌و باوكه تاوانباره‌ی كه شوكری تا ئاستی قێزلێبوونه‌وه زۆر ڕقی لێی بوو. چونكه باوكی به ته‌نها هه‌ر شوكری نه‌فرۆشتووه، به‌ڵكو كوڕی دووه‌میشی به ده‌ستی خۆی خنكاندووه. زۆر به كورتی، ژیان و گه‌وره‌بوونی پڕ كاره‌ساتی محه‌مه‌د شوكری و ژیان و گه‌وره‌بوونی پڕ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی جان جینێ، تا ڕاده‌یه‌ك له‌یه‌ك ده‌چن، ڕه‌نگه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌یه‌ك بچن. نه‌هامه‌تی و ئێش و ئازار هه‌ردووكیانی پێكه‌وه كۆكرده‌وه.
دواتر تاهیر بن جه‌لون ئه‌م به‌سه‌رهاته دهگمهنهمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه: جارێكیان ئێدوارد سه‌عید، ئه‌م پرسیاره له جان جینێ ده‌كات: بیروڕات ده‌رباره‌ی ئه‌و كتێبه قه‌به‌یه چییه كه سارته‌ر له‌سه‌ر تۆ، به‌م ناونیشانه دایناوه: “قه‌دیس جینێ: ئه‌كته‌ر و شه‌هید/ القدیس جینه: ممثلا و شه‌یدا” ئایا ئه‌وه شه‌رمه‌زارت ناكات؟ به‌و مانایه‌ی ئایا ئه‌و هه‌مو مه‌دح و سه‌نا و پیاهه‌ڵدان و به‌رزكردنه‌وه‌ت بۆ پله‌ی پیرۆزیی، ئیحراجت ناكات؟ جان جینێ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: نه‌خێر هه‌رگیز. ئه‌گه‌ر سارته‌ر ده‌یه‌وێت من بكات به قه‌دیسێكی شه‌هید، بۆ نا؟ ئه‌وه كێشه‌ی خۆیه‌تی و كێشه‌ی من نییه. ئه‌و ئازاده له‌وه‌ی چی ده‌وێت بینووسێت.
له كتێبه‌كه‌دا چه‌ندین لاپه‌ڕه هه‌یه، باس له په‌رۆشی جان جینێ ده‌كات بۆ كێشه‌ی فه‌له‌ستین و به‌رگرییه‌كی گه‌وره له‌و كێشه‌یه ده‌كات، به ئاستێك به‌رگری لێده‌كات دواهه‌مین تێكستی گه‌وره كه نووسیویه‌تی، ده‌رباره‌ی كێشه‌ی فه‌له‌ستین بووه، ئه‌وه ئه‌و تێكسته به‌ناوبانگه‌یه كه ئه‌مه ناونیشانه‌كه‌یه‌تی: (دیله عاشقه‌كه/ الاسیر العاشق)، به‌ڵام من حه‌ز ده‌كه‌م ئاوا وه‌ریبگێڕم: “دیلێكی عاشق” یان ته‌نانه‌ت ئاوا “دیلێكی دڵڕفێنراو”.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، دوو شه‌ممه، 14 ئازار، 2022