خوێندوەیەک بۆ کتێبی بتەکانی کۆمەڵگە
سیروان حەمەڕەشید
قسەکردنەوە و گەیشتن بە مەعریفە و هۆشیاریی قوڵ و هەمەلایەن لەسەر ماهییەت و جۆری بتەکانی کۆمەڵگە، بۆ جڤاتی کوردی ئێجگار پێویست و گرنگە، نووسینی بابەتگەڵی لەو چەشنە بە شێوەیەکی زانستی میتۆدییانە لە نووسینی دکتۆر (عەبدولجەلیل التاهیری)، وەرگێرانی بۆ سەر زمانی کوردی( هەڵکەوت عەبدوڵڵا. وەرگێری کتێب لەسەر بایەخی ئەم کتێبە نووسیویەتی و دەڵێت:” ئەم کتێبە باسی ئەوە دەکات بتپەرستی لە ڕۆژگری ئەمڕۆدا چۆن تەشەنەی کردووە و هۆکارەکانی چین؟ زێوانەکانی ئەو بتانە چۆن توانا و توانستی بڵاوکردنەوەی ئەو واتەوات و درۆیانەیان هەیە؟ چۆن ئەو زێوانانە لە سوتاندنی بخورد، پێشکەشکردنی قوربانی و دروستکردنی وەهم و ئەفسانەکاندا بەشداری دەکەن، بۆ دەستهێنانی پلەوپایە و ناوبانگ و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکان.
بەشی یەکەم/ دۆخی بتگەرایی ئەم لێکۆڵێنەوەیە دەربارەی لایەنگیری و دەمارگیری و ڕییاکاریی کۆمەڵایەتیە. نووسەر زۆر بە وردی و لەسەر بنەمای کۆمەڵناسی و دەروونناسی و نۆڕم و کەلتوور و بەهاکانەوە خوێندنەوەی لەسەر دروستبوونی بتەکان و پەرستنەکانیان دەکات، دوو مۆدێل و پارادایم لە بتەکان دەستنیشان دەکات، مۆدیلی یەکەم بتەکانی کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتی، دووەم بتەکانی جڤاتی خۆرئاوایی، هەروەها ڕۆڵی (زێوان)ەکان لە ستایشکردن و پاراستن و پیرۆزکردنی بتەکان دەردەخات.. نووسەر دەڵێ: “بتەکان هاوکاری و پشتگیریی یەکتر دەکەن بۆ گێڕانەوەی کۆمەڵگە بۆ دواوە، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و وەشاندن زەبری کوشندە لەوانەی دەوێرن بەردیان تێ بگرن و کڕنووشیان بۆ نابەن و دوودڵ نین.” نووسەر پێیوایە، کاتێک خەڵک واقیعەکەیان تاڵە و بێزار دەبن، پەنا بۆ پەرستنی بتەکان دەبەن و لەژێر فشاری کوێرەوریی واقیعدا ناچار دەبن لەپێناو مانەوەدا هەموو بەهایەک، کە ئاژەڵ دەکاتە مڕۆڤ، بکەنە قوربانی. واته ئەوانە بتپەرستی بە ئامرازێکی سەرکەوتوو دەزانن بۆ هێنانەدی هاوسەنگی لەنێوان ئارەزوو و ئاواتەکانیان و دۆخی کۆمەڵایەتیدا” لە ماوەی کێشمەکێش و ململانێی نێوان هەر دوو بتەکە دڵەڕاوکێ و پشێویی پێوە دیارە و ناوی دەنێنن ماوەی (گوێزانەوە) لە پەرستنی بتێکەوە بۆ بتێکی دیکە.
بەشی دووە/ لێکۆڵینەوە دەبارەی بتەکان، نووسەر دەڵێت: “لەوانەیە هەندێکی تری قەیرانی ناکۆکی و ململانێی نێوان بتەکان بەوە لێک بدەنەوە کە ماوەی گوێزانەوەیە لە بتێکی تەقلیدییەوە کە زیندووێتی و کارامەبوونی لەدەست داوە و خەڵک لە وەهمە کۆنەکان لایەنداوە و چاوییان بڕیوەتە چەندی تری نوێی هەڵکشاو” لەنێوەندەدا “یەکەمین ئەرکی لۆژیک ئەوەیە یەک لە دوای یەک دوای ئەو هەڵانە بکەوێت تا ئاسەواریان بسڕێتەوە و ڕەگەکانیان هەڵکێشرێت، تا مەعریفە لە خڵتە و کەموکوڕییەکان ڕزگاری بێت، کە تیایدا حەقیقەتی واقیعی ڕوون، سەربەخۆ و دابڕاو بێت لە هەر داوەرێکردنێکی خودگەرانە، کە پێوە دەنووسێنرێت. فەیلەسووفەکان دەڵێن: “هەر خراپەکارییەک هەڵەیەکە ئەقڵ دەیکات، بەو پێیە تاوان دەستەخوشکی لایەنگیری و دەمارگیرییە، چاکەکاریش دەستەخوشکی حەقیقەتە”.
بەشی سێیەم/ بنەما بوونگەراکانی بتەکان، نووسەر پێیوایە: “ڕزگاربوون لەو بنەما بوونگەرایەیی بتەکان لەسەری ڕادەوەستن هۆی بوونی ڕەوتێکی ئاشتیخوازانە و خوازیاری گەشەکردن بێت؟ واتە بەبێ پەنابردن بۆ ململانێی توندوتیژ، ئەوا لەناوبردنی ئەو فیکر و بیروڕا و وەهمانەی گرووپێک بانگەشەکارانی ڕووناکبیری دروستیان دەکەن و دایان دەتاشن، سووک و ئاسان دەبێت، بەڵام مێژوو فێری ئەوەی کردووین، ئەگەر بت توانی ڕەگەکانی شۆڕکاتەوە بۆ ناو واقیعی کۆمەڵایەتی و پیرۆزیی خۆی بەرێتە ناو ناخی دڵەکانەوە و دەسەڵاتەکەی ڕێگەی پێ بدات دەستوەرداتە ناو چارەسەری ناکۆکی و کێشمەکێشەکان و توانی چوارچێوەیەکی کەلتوری دروست بکات، ئەوا ڕزگاربوون لێی و جیهێشتنی ئاسان نابێت و خواستی بەردەوامبوونی ڕێژەیی دەبێت و هێز و توندوتیژی بەکار دەهێنی بۆ بەرگریکردن لە خۆ”.
بەشی چوارەم/ زێوانی بتەکان بۆ مانەوە و بەهیزبوونی و پەرستنی بتەکان، زێوانەکان ڕۆڵی سەرەکی بنچینەی دەبینن، نووسەر بەشی چوارەمی کتێبەکەی تەرخان کردووە بۆ ڕۆڵی زێوانەکان. دەڵێت: “ئەرکی زێوانەکان بریتییە لە خوڵقاندنی وەهمەکان، بڵاوکردنەوەی خەیاڵپڵاوییەکان و پڕوپاگەندە مەبەستدارەکان و هونەرنواندن لە دووزمانی و دووڕوویدا، شارەزایی لە تۆڵەسەندنەوە و ئەشکەنجەدان و نانبڕیندا، بۆ پارێزگاریکردن لە بەربژێری و بەرژەوەندییەکانی خۆیان. ئەو زێوانانە بت دەکەنە ئامرازێک بۆ هێنانەدی مەبەست و ئامانجەکانیان، ئەگەر ئەوانە لە ماوەیەکی درێژخایەندا لە پێگەی زێوانیدا بمێنەوە و هۆشیاری لەناو نەدارە بێزار و توڕەکاندا سەبارەت بەوە بڵاوبوونەوەوە کە بتیان زۆر بەکار بردووە، ئەوا شەپۆلێک ڕەخنە و گومان هەڵدەکات و بە شێوەی سکاڵانامە دژی چەوساندنەوە دەردەکەوێت و گرووپێکی نوێی خەڵک دەیگرێته ئەستۆ، کە دەیەوێت هەمان بەربژێری یان بەشێکی بەدەست بهێنت. بۆیە ململانێ لەنێوان زێوانە کۆنەکان و دەستەنوێیەکەدا سەر هەڵدەدات. دەتوانین بڵێین، زێوانەکان بارمتەی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیانن و هێندە خودئەڤینن ئامادەن هەموو جۆرە تەمەلوق و ستایشکاری بۆ بتەکان بکەن..
بەشی پێنجەم/ بتەکان و بەرهەمهێنانی ئەقڵی، لەم بەشەدا نووسەر هێما بۆ دروستبوون و بەرهەمێنانی بتەکان دەکات، وەک پێداویستیەکی خەڵک. چونکە پێیوایە بتەکان ڕوڵێکی گرنگ دەگێڕن لە زاڵبوون بەسەر ویژدان و سۆزەکانی خەڵکدا. بۆیە ئەو بەرهەمە ئەقڵییانە هەڵدەبژێرن، کە تەبان لەگەڵیدا و ناکۆک نین لەگەڵیدا و کاریگەرییان لەسەر خوڵقاندنی نیگەرانی و پشێوی نییە، جا ئەگەر چەندین بیرۆکە و وەهم سەریان هەڵدا، کە تەبانابن لەگەڵ پێکهاتەی مادیی کۆمەڵایەتیی دەسەڵات و پیرۆزیدا، ئەوا ڕەت دەکرێنەوە و فەرامۆش دەکرێن، ئەوەش لەپێناو پشتگیرکردنی ئەو وەهم و خەیاڵپڵاویانەی گوزارشت لە واقیعی بەکردەوەی دەسەڵات دەکەن. کەواتە تێگەیشتن لەو هەلومەرجە مادیی کۆمەڵایەتیانە گرنگن بۆ دیاریکردنی ئەو سەرچاوەیەی وەهم و بتەکانی لێوەی هەڵقوڵاون.
بەشی شەشەم/ لەنێوان ڕیالیزم و ئایدیالیزمدا، ئەم بەشە تەرخانە بە خستنەڕووی دید و بۆچوونی بەشێک لە فەیلەسووفانی کۆمەڵناسی وەک ( کارل منهایم و سوروکن و ماکس ڤیبەر ) منهایم دەڵێت: “هەر بەرهەمهێنانێکی ئەقڵ (فیکر و وەهمەکان و یوتوبیا) ئەنجامی پێگەی توێژ سەرهەڵدەدات و پێویستە تیۆرێکی دوورمەودا پێک بهێنی. سوروکن لەو بڕوایەدایە، کە زۆربەی خراپە و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانمان بەری نقوومبونمانە لەناو چڵپاوی ژیاری هەستەکیدا، بەڵام وەک پێویست قسەی دەربارەی ئەو پرسیارە کردووە: بۆچی بەردەوام ئەو هەڵبەز و دابەزە لەو هێزە ناوخۆییانەوە ڕوو دەدات، کە لەناو خودی ژیارەییەکەدان، نەک لە بزوێنەرە دەرەکییەکانەوە؟!” هەروەها ماکس ڤیبەر ڕەخنەی لە لێکدانەوەی مەتریالیستانە بۆ مێژوو گرت، چونکە لە کتێبەکەیدا (ئەخلاقی پڕۆتستانتی) هەوڵی داوە، ئەو ڕۆڵە سەربەخۆیە دەربخات کە فیکر لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرمایەداریی نوێ و گەشەکردنیدا گێڕاویەتی و بایەخی بە چەندین جۆری تایبەتی وەهمەکان داوە، کە پێیوابووە وێنەن پاساو بۆ چینەکان دێننەوە و دەیان بزوێنن و هانیان دەدەن تا بەرژەوەندییە ماددییەکانیان بپارێزن” بەشی حەوتەم و کۆتایی/ کۆمەڵگەیەک بێ بتەکان، نووسەر لە پەرەگرافی کتێبەکەدا دەڵێت: ” هەر کاتێک بواری ئازادیی تاکەکەسی فراوان بوو جووڵە و ژیان زیاتر دەبێت و پەرەسەندنی کۆمەڵگە چالاک دەبێت، بۆیە لەبەر چوونە پێشەوەی کۆمەڵگە پێویستە هەموو کۆششەکان پشتیگیری یەکتر بکەن بۆ کەمکردنەوەی پێگەی بتەکان و ڕزگارکردنی ئەقڵەکان لە وەهم و خەیاڵپڵاوییەکان”، هەروەها یەکێک لە خەسڵەتەکانی بت ئەوەیە نەتەوە پارچەپارچە دەکات، خۆراک دەداتە لێک دوورکەتنەوە و ڕەقلێکبوونەوە، کە تاکەکان ناچار دەبن داکۆکی لە وەهم و بتەکانیان بکەن و کار بکەن بۆ تێکشکاندنی بتەکانی ئەوانی دیکە و ڕەواندنەوەی وەهمەکانیان.
ئەم کتێبە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ساڵی 2018 چاپی کردووە