محه‌مه‌د ئه‌لشرفی؛ ده‌یویست فه‌یله‌سوفانی ڕۆشنفكری عه‌ره‌ب، بخاته شوێنی تاریكبینه‌كان
له په‌راوێزی كتێبه‌كه‌ی وه‌زیری پێشووی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا له تونس
نووسینی هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
ئایا دكتۆر محه‌مه‌د ئه‌لشرفی، ته‌ها حسێن-ی تونسه؟ تا ڕاده‌یه‌ك به‌ڵێ، بگره تا ئاستێكی زۆر به‌ڵێ ته‌ها حسێن-ی تونسه. محه‌مه‌د ئه‌لشرفی له تونس وه‌زیری په‌روه‌رده بوو، وه‌ك چۆن عه‌میدی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی، له میسر وه‌زیری مه‌عاریف بوو. هه‌ردووكیان به شێوه‌یه‌ك پرۆگرامی خوێندنیان تازه‌كرده‌وه كه پێشتر شتی له‌و جۆره ڕووینه‌داوه. هه‌ردووكیان دوو مرۆڤی عه‌قڵانی و ڕۆشنگه‌ر و پێشكه‌وتووخواز بوون، نه‌ك دوو مرۆڤی غه‌یبانی و خورافی و ئوسوڵی. بگره ماوه‌ی مانه‌وه‌ی محه‌مه‌د ئه‌لشرفی، له كاری وه‌زاره‌تدا، زۆر زیاتر بوو له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی ته‌ها حسێن.
سه‌روه‌ختێك سه‌رۆكی پێشوی تونس “زین ئه‌لعابدین بن علی”، پێشنیاری ئه‌وه ده‌خاته به‌رده‌م محه‌مه‌د ئه‌لشرفی كه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده وه‌ربگرێت، ئه‌لشرفی بۆ چركه‌یه‌ك چییه دوو دڵ نه‌بووه له وه‌رگرتنی وه‌زاره‌ته‌كه. به‌ڵام محه‌مه‌د ئه‌لشرفی له‌م كتێبه نایاب و بهنرخهیهدا، باس له‌وه ده‌كات، ئه‌گه‌ر پێشنیاری هه‌ر وه‌زاره‌تێكی دیكه‌ی بۆ بكردمایه، ئه‌وا وه‌ڵامه‌كه‌ی نه‌خێر و ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره ده‌بوو. له‌م ڕووه‌وه ده‌ڵێت: له مانگی ئه‌یلولی ساڵی 1988، له نوسینگه‌ی سه‌رۆك كۆماره‌وه، به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیم پێوه‌كرا، پێیان ڕاگه‌یاندم سه‌رۆك كۆمار، حه‌ز ده‌كات من به سیفه‌تی سه‌رۆكی “ده‌سته‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له تونس” ببینێت. ئه‌ڵبه‌ته من ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆكم زۆر به دڵ بوو، به‌رز نرخاندم. من بۆیه ئه‌مه ده‌ڵێم، چونكه من وه‌ك خۆم، داوای هیچ شتێكم له سه‌رۆك نه‌كردبوو، ئه‌و خۆی ده‌ستپێشخه‌ری كردووه و په‌یوه‌ندی پێوه كردوم و داوای بینینم ده‌كات، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه.
كاتێك له كۆشكی قرتاج، سه‌رۆك كۆمارم بینی، هه‌مو ئه‌م بابه‌ته‌ی كه له ئارادا بوو، له ماوه‌ی ته‌نها پانزه خوله‌كدا جێبه‌جێكرا. ئا له‌و كاته‌دا، سه‌رۆك كۆمار پێی وتووه: “ئه‌گه‌ر پێتخۆشه بمێنه‌ره‌وه، من كاتی زیاترم بۆ تۆ هه‌یه. ئایا هیچ پێشنیارێكت بۆ ئێمه هه‌یه، تاكو چاكسازییه‌كی دیاریكراو له تونس ئه‌نجامبده‌ین و له چ كه‌رتێكدا؟ ئێمه ده‌مانه‌وێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، سود له شاره‌زایی و خیبره‌ی تۆ وه‌ربگرین”. محه‌مه‌د ئه‌لشرفی وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: “به‌ڵی پێشنیارێكم بۆ سیستمی په‌روه‌رده هه‌یه. سیستمی په‌روه‌رده پێویستی به چاكسازییه‌كی خێرا یان به په‌له هه‌یه. ئاخر ئاستی خوێندن له تونس دابه‌زیوه، ئاراسته‌ی گشتی په‌روه‌ده، ئاراسته‌یه‌كی نه‌ریتخوازی ته‌قلیدی و كۆنه‌په‌رستانه‌یه. ئه‌مه له كاتێكدایه ئاراسته‌ی ده‌وڵه‌تی تونس، ئاراسته‌یه‌كی مۆدێرن و پێشكهوتوخوازانهیه. دروست ئا له‌و كاته‌دا، سه‌رۆك بایه‌خێكی زۆری به قسه‌كانمدا و به‌هه‌ند وه‌ریگرتن. هه‌ر بۆیه داوای لێكردم ڕاپۆرتێكی تێروته‌سه‌لی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بۆ بنێرم. له‌و چركه ساته‌دا، هه‌رگیز به خه‌یاڵمدا نه‌هاتبوو، دوای خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كه، داوام لێده‌كات من وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بگرمه ئه‌ستۆی خۆم. به‌ڵام ئه‌وه بوو دواتر ڕوویدا”. سه‌رۆك دوای خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كه، شتێكی ئاوای پێوتووه: كێ له تۆ باشتر هه‌یه، ئه‌م به‌رنامه چاكسازییه ڕۆشنگه‌رییه جێبه‌جێ بكات؛ كه هه‌ر خۆت هێڵه گشتییه‌كانی به‌رنامه چاكسازییهكهت، دیاری كردووه؟ ده‌ی هه‌ر ئێستا ده‌ست پێبكه. به‌ڵێ ئه‌وه بوو ڕوویدا. ئا به‌م شێوه‌یه، سه‌رۆك كۆمار، پێشنیاری بۆ محه‌مه‌د ئه‌لشرفی كردووه، ببێت به وه‌زیری په‌روه‌رده، تاكو ئه‌و چاكسازییانه جێبه‌جێ بكات كه پێویستن. ئه‌ویش ده‌موده‌ست ڕازیبووه و سه‌ركێشییه وه‌زارییه‌كه‌ی ده‌ست پێكردووه كه بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ و په‌نجا ڕۆژی ڕه‌به‌ق، وه‌ك وه‌زیری په‌روه‌رده له پۆسته‌كه‌یدا به‌رده‌وام بووه.
له‌م قسانه‌وه چ ئه‌نجامێك به‌ده‌ست ده‌هێنین؟ ئه‌و ئه‌نجامه به‌ده‌ست ده‌هێنین كه زین ئه‌لعابدین بن علی، لانی كه‌م له ده ساڵی یه‌كه‌می حكومڕانییهكهیدا، پیاوێكی باش و به‌ڕێز بووه و خوازیاری ئه‌وه بووه گه‌شه به تونس بدات و بیبوژێنێته‌وه. دوای ئه‌وه سه‌رده‌می داخران و ستمگه‌ری و حوكمی بنه‌ماڵه و خزمخزمێنه ده‌ست پێده‌كات . به‌ڵام پێشتر وا نه‌بووه. هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌نجامه به‌ده‌ست ده‌هێنین كه بن عه‌لی، خاوه‌نی ئاراسته‌یه‌كی ڕۆشنگه‌ری بووه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی دوای كانونی دووه‌می 2011 ڕووده‌دات، ئه‌و به‌ناو به‌هاره گوماناویه نه‌فره‌تییه‌ی غه‌نوشی و ئیخوان موسلمین؛ كه هه‌وڵیاندا میلی كاتژمێره‌كان به‌ره‌و دواوه بگه‌رێننه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی گشتی خوێندن له تونس، مۆركێكی ئوسولی تاریكبین وه‌ربگرێت. له ئێستادا و دوای ئه‌و هه‌مو قیڕه قیڕ و هات و هه‌رایه، پێویسته ئه‌م شتانه بوترێن، تاكو ڕاستییه‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان.
دواتر دكتۆر ئه‌لشرفی له كتێبه‌كه‌یدا، قه‌یرانه گشتییه‌كه به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌خاته ڕوو: پێویسته دۆخی قوتابخانه، له‌گه‌ڵ دۆخی كۆمه‌ڵگا، هاوئاهه‌نگ و ته‌با و گونجاوبێت. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی قوتابخانه، بتوانێت به ئاسانی منداڵ، تێكه‌ڵ به ناوه‌نده‌كه و ژینگه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری بكات. ئه‌مه‌یه به‌شی هه‌ره زۆری قوتابخانه‌كان، له هه‌مو وڵاتان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ته‌نها له هه‌ردوو جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا نه‌بێت. ئه‌وه‌تا له به‌شی هه‌ره زۆری وڵاتانی ئیسلامی ده‌بینین، كۆمه‌ڵگا له جووڵه و گه‌شه‌كردندایه، كه‌چی قوتابخانه گه‌شه ناكات، به‌ڵكو دیلی ده‌ستی عه‌قڵیه‌تێكه كه هه‌زار ساڵ دهمانگهڕینێتهوه بۆ دواوه! موسڵمانه‌كان نزیكه‌ی سه‌ده و نیوێكه، به‌راورد به ئه‌وروپا، هه‌ستیان به دواكه‌وتوویی خۆیان كردووه و هه‌وڵیانداوه چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه بكه‌ن. له‌مه‌شدا له‌سه‌ر ئاستی چه‌ندایه‌تی، سه‌ركه‌وتوو بوون و له وڵاته جیاوازه‌كان، قوتابخانه و زانكۆ و په‌یمانگای خوێندن دروست كراوه. به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی جۆرایه‌تی، شتێكی وا نه‌گۆڕاوه شایه‌نی باسكردن بێت. به‌و مانایه‌ی عه‌قڵیه‌تی كهلهپورخوازی ته‌قلیدی چه‌قبه‌ستوو، زاڵه به‌سه‌ر پرۆگرامه‌كانی خوێندندا. ئاخر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، ده‌ترسن خۆیان له قه‌ره‌ی بابه‌ته حه‌رامكراوه‌كان بده‌ن، بۆیه ئه‌وان ڕازینه‌بوون، له قوتبخانهكاندا، هیچ چاكسازییه‌ك و ڕیفۆرمێك، له بابه‌تی په‌روه‌رده‌ی ئاینی و هه‌روه‌ها بابه‌تی مێژوو بكرێت.
دواتر ئه‌م بیرمه‌نده به‌ناوبانگه‌ی تونس، له‌و باره‌یه‌وه ئه‌م نمونانه‌ی خواره‌وه ده‌هێنێته‌وه: له قوتابخانه، قوتابی فێرده‌بێت كه كۆمه‌ڵگای ئایدیاڵ و نمونه‌یی، ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه تێیدا ئافره‌ت له ماڵه‌وه ده‌مێنێته‌وه. به‌ڵام دواتر بۆی ده‌رده‌كه‌وێت، ئافره‌ت ئازاده و چیتر له ماڵه‌كه‌ی نامێنێته‌وه حه‌پس ناكرێت ، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێش په‌نجا یان سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وابووه. تێده‌گات ئافره‌ت ئیدی وه‌ك دایك و داپیری نه‌ماوه‌ته‌وه. ئافره‌تی تونسی و به گشتی ئافره‌تی عه‌ره‌بی، له قاوغه ته‌نگ و به‌رته‌سكه‌كه‌ی جاران هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه و تا ڕاده‌یه‌كی باش وه‌ك پیاو، له هه‌مو بواره‌كاندا، پله و پۆستی به‌رز و باڵایان وه‌رگرتووه.
ئاشكاریه له قوتابخانه، قوتابی فێرده‌كرێت كه ڕیبا حه‌رام و قه‌ده‌غه‌یه. كه‌چی دواتر بۆی ده‌رده‌كه‌وێت، سیستمی بانكی مۆدرێن، پشت به سیستمی سود و قازانج ده‌به‌ستێت. هه‌روه‌ها قوتابی له قوتابخانه فێرده‌كرێت، تاقه سیستمی سیاسی شه‌رعی، بریتییه له سیستمی خه‌لافه‌ت كه تێیدا، پیاوانی ئاین باڵاده‌ستن و پابه‌ندن به بنه‌ما فیقهییه كۆنه‌كانه‌وه، ئه‌و بنه‌مایانه‌ی ده‌ڵێت پێویسته سنوره‌كانی سزای جه‌سته‌یی جێبه‌جێ بكرێن، له نمونه‌ی لێدان به قامچی، ڕه‌جمكردن، بڕینه‌وه‌ی ده‌ستی دز… هتد. وه‌لێ ئه‌م قوتابییه تونسییه، دواتر بۆی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م سنوره ترسناكانه‌ی سزا، جێبه‌جێكردنیان مه‌حاڵه و سیستمه سیاسییه‌كه، بووه‌ته سیستمێكی مۆدرێن و ڕازینابێت ئه‌و جۆره سزایانه جێبه‌جێ بكرێن. ئه‌وه‌تا یاساكانی بازرگانی و یاساكانی سزادان و یاساكانی باری شارستانی، هه‌ر هه‌مو ئه‌وانه گۆڕاون و تازهكراونهتهوه، به تایبه‌ت له تونس كه هه‌ر له ڕۆژگاری بۆرقێبهوه، پێشه‌نگی مۆدێرنه بووه له جیهانی عه‌ره‌بیدا. لێره‌وه قوتابخانه شتێكت فێرده‌كات و ده‌وڵه‌تیش شتێكی دیكه‌ت فێرده‌كات. ئا به‌م شێوه‌یه، هاوڵاتییه‌كی شیزۆفیرینی خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی دوو له‌ت به‌رهه‌مده‌هێنین. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، پێویسته چاكسازی له پرۆگرامه‌كانی خوێندن بكرێت و به‌شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌یی تازه‌بكرێته‌وه.
پێكدادان له‌گه‌ڵ ئیخوان موسلمین
دكتۆر محه‌مه‌د ئه‌لشرفی، له درێژه‌ی قسه‌كانیدا، شتێكی ئاوامان پێده‌ڵێت كه ئه‌مه پوخته‌ی ناوه‌رۆكه‌كه‌یه‌تی: هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه كه ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی گرتووه‌ته ئه‌ستۆ، ئیسلامییه‌كان یان ڕاستتر ئیسلامگه‌راكان، ناڕازیبوون و وه‌ك نه‌یاری خۆیان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه. ڕاشد غه‌نوشی له لێدانه جۆراو جۆره‌كانیدا، بۆ ڕۆژنامه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره، گوزارشتی له‌م هه‌ڵوێسته ناڕه‌زاییه‌ی خۆیان، بۆ وه‌زیره تازه‌كه و چاكسازییه ڕۆشنگه‌رییه‌كانی وه‌زیر، ده‌ربڕیوه. هه‌روه‌ها یه‌كێتی قوتابیانی تونس كه سه‌ر به ئوسوڵییه‌كان بوون، هه‌مان شتیان ئه‌نجامداوه. ئێمه ئه‌مه له كاتێكدا ده‌ڵێن كه وه‌زیره نوێیه‌كه، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، به سنگێكی فراوانه‌وه، پێشوازی لێكردوون و پێی ڕاگه‌یاندوون كه ئاماده‌یه له‌گه‌ڵیان دا‌نیشێت و گفتوگۆ و دیالۆگیان له‌گه‌ڵدا بكات. ئاخر خودی وه‌زیره نوێیه‌كه، خاوه‌ن په‌روه‌رده‌یه‌كی ئیسلامی، بگره په‌روه‌رده‌یه‌كی ئیسلامی ته‌قلیدی و ئوسوڵی بووه! وه‌لێ دواتر گۆڕانی به‌سه‌ردادێت و گه‌شه ده‌كات. ئه‌مه هه‌مان حاڵه‌تی ته‌ها حسێن و به‌شی زۆری ڕۆشنگه‌رانی عه‌ره‌به.
نوسه‌ری كتێبه‌كه، لێره‌دا چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی خۆش و سه‌رنجڕاكێش، بۆ قه‌سه‌كردن له‌سه‌ر ڤڤباوكی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی و په‌روه‌رده عه‌ره‌بییه ئیسلامییه دێرینییه‌كه‌ی له شاری سه‌فاقس كه پایته‌ختی باشوری تونسه، ته‌رخان ده‌كات. من چێژێكی زۆرم له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و لاپه‌ڕانه وه‌رگرت و هه‌لومه‌رجی منداڵی بیرخستمه‌وه.
به‌ڵام ئه‌و شته‌ی به‌لای وه‌زیره‌وه سه‌یر بووه و شۆكی كردووه، ئه‌وه‌یه یه‌كه‌مین كێشه‌ی گه‌وره كه ڕووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ گروپی ڕاشد غه‌نوشی و به‌دیاریكراوی ئیسلامی سیاسی نه‌بووه. به‌ڵكو له‌گه‌ڵ گروپی ئیسلامی فه‌رمی بووه كه سه‌ر به ده‌وڵه‌ت بوون و سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینیان كردووه، ئه‌وانه‌ی به ڕۆژی ڕووناك و به ئاشكرا، پشتگیری خۆیان بۆ سه‌رۆك و سیستمه‌كه ده‌ربڕیوه. وه‌لێ لێره‌دا پێمانخۆشه ئه‌م پرسیاره له دكتۆر ئه‌لشرفی بكه‌ین: گه‌وره‌م چ جیاوازییه‌ك له نێوان ئه‌و دوو گروپه‌دا هه‌یه؟ ئاخر له دواجاردا، ئیسلامی فه‌رمی كه پشتگیری سیستمی سیاسی ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسی كه له ده‌وڵه‌ت ناڕازییه و ئۆپۆزسیۆنه، یه‌ك شتن و جیاوازیان نییه: مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه هه‌ردووكیان، هه‌ڵگری هه‌مان عه‌قڵیه‌ت و هه‌مان دید و بیركردنه‌وه‌ن. ئا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، هیچ شتیك له گۆڕێ‌دا نییه، وامان لێبكات شۆك ببین یان دووچاری سه‌رسوڕمانمان بكات.
به‌هه‌رحاڵ، كاتێك وه‌زیر بڕیارده‌دا، له پرۆگرامه‌كاندا، دوو كتێبی خوێندنی په‌روه‌رده‌ی ئاین لاببات، هه‌مویان به‌ڕوویدا هه‌ڵده‌شاخن و شیت و هارده‌بن. ئه‌و دوو كتێبه، دوو كتێبی كۆنه‌په‌رستانه بوون و باس له‌وه ده‌كه‌ن كه تاقه سیستمی شه‌رعی، بریتییه له سیستمی كۆنی خه‌لافه‌ت، له‌سه‌ر شێوازی عوسمانییه‌كان. هه‌روه‌ها باس له‌وه ده‌كه‌ن كه پیاو مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له ژنه‌كه‌ی بدات. جگه له‌وه بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كتێبه‌كانی جان پۆل سارته‌ر، لاببرێن و قه‌ده‌غه بكرێن، به‌و پاساوه‌ی ئه‌و كتێبانه به‌رهه‌می كه‌سێكی كافره. به‌ڵام وه‌زیر پێی وتوون سارته‌ر، به‌رگری له سه‌ربه‌خۆیی جه‌زائیر كردووه و به‌و هۆیه‌شه‌وه، خۆی دووچاری مه‌ترسی كردووه. وه‌لێ ئه‌وان به‌و پاساوه ڕازینه‌بوون و قه‌ناعه‌تیان نه‌كردووه. بگره ئه‌وان نه‌ك ته‌نها داوای قه‌ده‌غه‌كردنی كتێبه‌كانی سارته‌ریان كردووه، به‌ڵكو داوایان كردووه سه‌رجه‌م كتێبه‌كانی فه‌یله‌سوفانی ڕۆشنگه‌ری و مۆدێرنه، قه‌ده‌غه بكرێن، له نمونه‌ی كتێبه‌كانی ڤۆڵتێر و ژان ژاك رۆسۆ و كانت و …هتد.
ئا به‌م شێوه‌یه، هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژی كاركردنییه‌وه، جه‌نگی رۆشنگه‌ری وه‌زیر، له‌گه‌ڵ تاریكخوازان، ده‌ستی پێكردووه. خۆشبه‌ختانه، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاته‌ی تونس “ئه‌لهادی بكوش” پشتگیری وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی كردووه و دژ به وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی ڕاوه‌ستاوه. له هه‌مو ئه‌وانه‌ش گرنگتر، ئه‌وه‌یه سه‌رۆك بن عه‌لی، خودی خۆی به هه‌مو هێزییه‌وه، پشتگیری له وه‌زیری په‌روه‌رده كردووه و دژ به ڕه‌وتی تاریكخوازی كۆنه‌په‌رست ڕاوه‌ستاوه كه كۆنترۆڵی گۆڕه‌پانه‌كه و پرۆگرامه‌كانی خوێندنیان كردبوو.
دواجار دكتۆر محه‌مه‌د ئه‌لشرفی، ئه‌م تێبینییه گرنگه‌ی خواره‌وه ده‌خاته‌ڕوو: له ڕاستیدا ئیسلامی فه‌رمی و ئیسلامی ناڕازی یان ئۆپۆزسیۆن، درێژكراوه و ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌ك ئاو بن و كرابنه ناو كۆمه‌ڵێك په‌رداخی جیاوازه‌وه. ئیسلامی فه‌رمی له‌نمونه‌ی مه‌لای مزگه‌وته‌كان، موفتییه ڕه‌سمییه‌كان، پیاوانی ئاینی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت، ئه‌وانن مێشكی منداڵان ده‌شۆنه‌وه و سه‌ریان پڕ ده‌كه‌ن له بیروباوه‌ڕی توندڕه‌وی و خورافاتی كۆن. هه‌رچی ئیسلامی سیاسی ئۆپۆزسیۆنه، ئه‌و بیروباوه‌ڕه كۆنانه ده‌قۆزێته‌وه، تاكو خه‌ڵكی هانبدات دژ به ده‌وڵه‌ت و سیستمه‌كه، برژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان. لێره‌وه كاری ئه‌م ڕه‌وته، ته‌واوكردنی كاری ڕه‌وته‌كه‌ی دیكه و هه‌رگیز دژایه‌تی یه‌كتر ناكه‌ن و به‌ریه‌كتر ناكه‌ون.
ئاخر چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك دژایه‌تی یه‌كتر بكه‌ن، له كاتێكدا هه‌ردووكیان هه‌ڵگری هه‌مان باوه‌ڕی تیۆلۆژیان، واته هه‌ڵگری هه‌مان تێگه‌شتنی تاریكبینی داخراون بۆ ئیسلام؟ ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، هه‌ردووكیان چاكسازییه‌كانی وه‌زیری په‌روه‌رده‌یان ڕه‌تكردووه‌ته‌وه. وه‌زیر له چاكسازییه‌كه‌یدا، داوای ده‌كرد به‌سه چیتر واز له عه‌قڵیه‌تی چه‌قبه‌ستو و ته‌كفیركردن بێنن و ئاین به زۆره‌ملێ و به ناچاری مه‌سه‌پێنن. هه‌روه‌ها داوای ده‌كرد واز له فره ژنی و ته‌ڵاقی كوێرانه‌ی ناڕه‌وا و لێدان له ژن و سزا ترسناكه‌كانی جه‌سته بێنن. به‌م شێوه‌یه، جه‌نگه گه‌وره‌كه‌ی نێوان دكتۆر محه‌مه‌د ئه‌لشرفی له‌لایه‌ك، له‌گه‌ڵ گروپه‌كه‌ی غه‌نوشی و به شێوه‌یه‌كی گشتی ئیخوان موسلمین له لایه‌كه‌ی دیكه‌وه، به‌رپابوو. ئه‌وانه ئه‌و گروپه‌ن به درۆ و ده‌له‌سه خۆیان ناوناوه: نه‌هزه/ النهضة
من پێموایه، محه‌مه‌د ئه‌لشرفی ده‌یویست، فه‌یله‌سوفانی ڕۆشنفكری عه‌ره‌ب، بخاته شوێنی فێنده‌مێنیتاڵیسته تاریكبینه‌كان. ئه‌و هه‌وڵیده‌دا ئهلكندی و فارابی و ئیبن سینا و ئیبن ڕوشد و ئیبن باجه و ئیبن توفه‌یل و ته‌ها حسێن و عه‌باس مه‌حمود ئه‌لعقاد و محه‌مه‌د ئه‌ركون… هتد، بخاته شوێنی حه‌سن به‌نا و سه‌ید قوتب و محه‌مه‌د قوتب و ده‌یانی دیكه‌ی هاوشێوه. ئه‌گه‌ر ئه‌و له‌و ئه‌ركه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بوایه، ئه‌وا به‌م دواییانه نه‌ده‌بووینه (خاوه‌نی) ئه‌م هه‌مو نه‌وه داعشییه خوێناوییه.
سه‌رچاوه
ڕۆژنامه‌ی الشرق الاوسط، پێنج شه‌ممه، 28 ته‌موز، 2022