ڕۆمانی قومارچی لە زمانی یەکەمەوە کرا بە کوردی

Loading

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی تر لە کتێبە باشەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بریتییە لە ڕۆمانی (قومارچی) گەورە نووسەری ناوداری ڕوسیا (فیۆدەر میخایڵەڤیچ دەستەێڤسکی) پێشتر لە دەستی دوو و سێوە لە لایەن چەند وەرگێڕێکی بەئەزموونەوە هەمان ڕۆمان کاری وەرگێڕانیان بۆ کراوە، بەڵام ئەوەی کە لێرەدا گرنگە، ئەم ڕۆمانە ڕاستەوخۆ لە زمانی یەکەمی تێکستەکەوە، کە زمانی ڕوسییە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش لە لایەن (شیروان مەحمود محەمەدە)وە، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە ئێستادا لەنێو کتێبخانەکانی کوردستاندا بەردەستە و خوێنەر دەتوانن شانازی بەوەوە بکەن کە شاکارێکی دیکەی ئەم نووسەرە مەزنە ڕوسیە، بە وەرگێڕانێک دەخوێننەوە کە لە زمانی یەکەمی نووسەرەوە وەرگێڕدراوە، ئەمەش جۆرە متمانەیەک لە لای خوێنەر دروست دەکات بەوەی دنیای تێکستەکە و ڕووداو و بەسەرهات و سروشتی کەسێتییەکان، لەژێر هیچ بڕوبیانوویەکدا دەستکاری نەکراون و نەشێوێنراون، یاخود هیچ کام لە دیمەن و دیالۆگەکان نەقرتێنراون، بێگومان پێشتر زۆر کتێب لە لایەن وەرگێر، یاخود دەزگاکانی چاپەوە بە دەردەی لێ ڕین و دەستکاریکردن بە ناو و بیانووەی جیاجیاوە براون.

لە ڕاستیدا دەستەێڤسکی، ئەم ڕۆمانەی واتە  (قومارچی) لە ساڵی 1866دا نووسیوە و ڕۆمانەكە وا دێتە پێش چاو کە وەكو ئامۆژگارییەك بێت بۆ خەڵک و بە تایبەت کۆمەڵگەی ڕوسی،چونکە نوسەر لە چەندین بەشی ڕۆمانەکەدا، جەخت لەسەر دیو و لایەنە سلبییەکانی قومار دەکاتەوە، بێگومان هەموان دەزانین قومار لە جۆری ئەو یاریانەیە کە بە زوویی مرۆڤ وابەستە و شەیدای خۆی دەکات، چیژێکی کاتیی لە سەرکەوتن و بردنەوەدا هەیە، بەڵام لە زۆر ڕووی دیکەوە زیان بە گیرفان و دەرووون و ژیان و ئاکار و پەیوەندییەکانی مرۆڤ دەگەیەنێت. ئەمە لەکاتێکدا وەک خودی وەرگێڕ لە پێشەکیی و دەستپێکی کتێبەکەدا ئاماژی پێ داوە، نووسەری ڕۆمانی قومارچی، فیۆدەر میخایڵەڤیچ دەستەێڤسکی، تاساڵانێکی زۆر خەریکی یاریی قومار بووە و تەنانەت پاش چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانەش هەر سەرگەرمی قومار و دۆڕان و وێرانکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و خێزانیی خۆی بووە، ئەوەی فریای ئەم نووسەرە بلیمەتەکەوتووە بوونی هاوسەرە باش و دڵواڵا و میهرەبانەکەی بووە کە وەک کۆڵەکەیەک چوتە ژێر میچی ژیانی و نەیهێشتووە تەواو دابڕمێت.

هەر وەک نووسەر (سەنگەر زراری) لە نووسینێکیدا سەبارەت بە ڕۆمانی قومارچی ئاماژەی پێداوە، هەر خوێنەرێک ڕۆمانی قومارچی بخوێنێتەوە، هەست بە شارەزایی و قووڵبوونەوەكانی فیۆدەر میخایڵەڤیچ دەستەێڤسکی دەكات لە یاریی قوماردا، بۆیەش توێژەرانی ئەدەبی، ئەم ڕۆمانە بە ئەزموونی خودی نووسەر دادەنێن و پێیان وایە كە دۆستۆیڤسكی باسی ژیانی خۆی دەكات، ئەو لەم ڕۆمانەدا زۆر بە وردی باسی چۆنێتی و جۆرەكانی یاریی قومار و دۆخی دەروونیی ئەو كەسانە دەخاتەڕوو، كە لە هۆڵی قومارخانەكانن و چۆن هەمیشە لە دڵەڕاوكێ و نائارامیی دەروونیدان: ئەو كاتانەی دەبەنەوە كەیفخۆش دەبن و خۆیان وا دێتە بەرچاو كە لەناو خەوندا دەژین، بەڵام كاتێك لەناكاو دەدۆڕێنن، تووشی داچڵەكەندان و شكستی دەروونی و ماددی دەبن.

ئەو نووسەرە جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە قوماركردن پەیوەندی بە تەمەنیشەوە نییە، ڕەنگە ئەو دیمەنەی “نەنێ” لە ڕۆمانەكەدا، گوزارشتێكی باش بێت بۆ ئەوەی كە قومار پەیوەندی بە تەمەنەوە نییە، نەنێ پیرەژنێكی حەفتاوپێنج ساڵەیە و لە پێ كەوتووە، زۆر دەوڵەمەندە و میراتگرەكانی چاوەڕێی ئەوەن بمرێ و میراتەكەیان بۆ بمێنێتەوە، بەڵام كاتێ نەنێ دەمی بە قومارەكەوە دەبێت و تۆزێك شارەزایی لێ پەیدا دەكات، ناتوانێ وازی لێ بهێنێت، وەكو منداڵێكی هەرزەكاری لێ دێت و یاریی قومار دەكات، تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی پارەیەكی گەلێك زۆر دەدۆڕێنێت.

“ئەو نووسەرە بۆشمان ئاشکرا دەکات کە ئەلێكسی ئیڤانۆڤیچ”، كاراكتەری سەرەكی ڕۆمانەكە، مامۆستا و پەروەردەكارێكی گەنجی ڕووسییە، بە یاوەریی ژەنەڕاڵێك دەچێتە چەند وڵاتێكی ئەوروپی و لەوێ بەردەوام قومار دەكات، هەروەها دەكەوێتە داوی خۆشەویستی كچێكەوە بە ناوی “پاولین”، ئەو كچەش داوای لێ دەكات قوماری بۆ بكات. ژەنەڕاڵیش چاوەڕێی ئەوەیە پیرەژنەكە (واتا نەنێ) كە پووریەتی (خوشكی باوكی)، میراتی بۆ جێبێڵێ، بەڵام نەنێ لە میراتەكەی خۆی بێبەشی دەكات و بەشێكی زۆری پارەكەی بە قومار دەدۆڕێنێت: ئەلێكسی، هەندێك جار بیر لەوە دەكاتەوە كە واز لە قوماركردن بێنێت و بگەڕێتەوە وڵاتەكەی خۆی، بەڵام تا كۆتاییش ناتوانێ واز بێنێ و لێی ڕزگار نابێت، تەنانەت لە كۆتایی ڕۆمانەكەدا كاتێك هەموو پارەكەی دەدۆڕێنێت، لە قومارخانەكە بە بێئومێدی دێتەدەرەوە و پارەی ئەوەی پێ نەماوە ژەمەخواردنێكیشی پێ بكڕێت، بەڵام كاتێك دەست بە گیرفانیدا دەكات، دەبینێ یەك فلۆرینی پێ ماوە، لەوێدا دەگەڕێتەوە یاری بەم یەك فلۆرینەش دەكات، واتا تا دوایین توانا و پارە، ئامادە نییە واز لەو كارەی بێنێ و دەستبەرداری بێت، ئەمەش بە “بوێری” ناو دەبات.

لەم رۆمانەدا كاری زۆر لەسەر ئەوە كراوە كە مرۆڤەكان، چەندە لەگەڵ یەكتر هەلپەرست و بەرژەوەندیخوازن، زۆربەی كاراكتەرەكان بەرژەوەندییەك كۆیكردوونەتەوە، كاتێكیش دەزانن بەرژەوەندییەكانیان بە یەكەوە نامێنێ، لە یەكتر دوور دەكەونەوە و جیا دەبنەوە، بە وردییش ناخ و دەروونی كاراكتەرەكان خراوەتەڕوو، بۆیە بە یەكێك لەو ڕۆمانە گرنگانە دادەنرێت كە دەشێ بۆ لێكۆڵینەوە و شیكردنەوەی دەروونیی سەردەمەكەی خۆی و خەڵكی ئەو سەردەمە، سوودی لێ وەربگیرێت.

لە ڕاستیدا ئەوەی مایەی دڵخۆشییە بۆ نێوەندی ڕۆشنبیری و کۆڕی خوێنەران و کتێبخانەی کودی، بوونی بەشێکی ئێجگار زۆری کتێب و ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە مەزنەیە بە زمانی کوردی، بوونی بەرهەمەکانی فیۆدەر میخایڵەڤیچ دەستەێڤسکی بە کوردی، بوەتە هۆی ئەوەی زیاتر ئاشنا ببین بە دونیابینی و شێواز و تەکنیک و گێڕانەوە چێژبەخشەکانی ئەم ڕۆماننووسە، هاوکات پەلکێشیش کراوین بۆ نێو ڕووداوە سەیر و تراژیدییەکانی ژیانی، هەر لە قۆناغی منداڵییەوە تا خوێندن و سەرەتای نووسین و دوورخستنەوەی بۆ سیبریا و بڕیاری تیربارانکردنی، هاوکات ئەو نووسین و لێکۆڵینەوە و کتێبانەی لە بارەی ڕەهەندی ژیان و نووسین و داهێنانەکانیەوە نووسروان، هەر لە ڕۆمانی هەژارانەوە، تا دەگات بە تاوان و سزا و شەوە سپییەکان و برایانی کارامازۆف و شەیتانەکان و مێردی هەمیشەیی گەمژە و هتدد.

ئەم کورتە نووسینە کە بە سوودوەرگرتن لە نووسینێکی سەنگەر زراری ئامادە کراوە، هەوڵێکە بۆ ئاشنا کردنی خوێنەر بە یەکێکی تر لەڕۆمانە جوان و سەرنجڕاکێش و پڕ لە پەند و حیکمەتەکانی دۆستۆیفیسکی کە ئەویش ڕۆمانی (قومارچی)یە، ئەم ڕۆمانە پڕە لە کەسایەتی و کاراکتەری ئاست و سروشت جیاواز، هەر لە ڕووی دەروونیەوە تا دەگات بە ئاستی چینایەتی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، ئەوەی زۆریش مایەی سەرنج و تێڕامان و چێژی خوێندنەوەیە، ئەوەیە کە دنیای ڕۆمانەکە لەسەر یەک تێما و بابەت نەوەستاوە، بەڵکو بە دەوری کۆمەڵێک بابەت و چیرۆک و ڕووداودا دەسوڕێتەوە و بەشێکیان پەیوەنددارن بە خودی وڵات و سروشت و تاکەکانی کۆمەڵگەی ڕووسییەوە، هیوادارین خوێنەری کورد خۆیان لە چێژ و جوانیی ئەم شاکارە جیهانییە بێبەش نەکەن و هەرچی زووە دست بە خوێندنەوەی بکەن، چونکە ئەم ڕۆمانە بە سروشتی خۆی دەچێتە نێو خانە و چوارچێوەی ئەو جۆرە لە ئەدەبەوە، کە بە زوویی کاریگەری لەسەر زهن و دونیابینی و وێناکردنەکانی خوێنەرەوە جێدەهڵن و دەستکاری جۆری بینین و بیرکردنەوەیان دەکات.

دەشتوانین گەواهیی ئەوە بۆ ئەوە بدەین کە وەرگێڕی ئەم ڕۆمانە زۆر بەرپرسانە کاری لەسەر گواستەوە و بە کوردی کردنی دیالۆگ و وەسف و وێناکردنی دۆخ و حاڵەتە دەروونییەکانی کاراکتەرەکان و کۆی دونیای تێکستەکان کردووە.

ناردن: