به‌لزاك و ئه‌میل زۆلا و دیگۆل و ئافره‌ت؛ كاتێك چاره‌نووس گورزه گه‌وره‌كه‌ی خۆی ده‌وه‌شێنێت
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
سه‌ره‌تا با قسه ده‌رباره‌ی بلزاك 1799-1850 بكه‌ین، چیرۆكی به‌لزاك له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ته‌مه‌نی، زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه. به‌لزاك له ڕێگه‌ی نامه‌گۆڕینه‌وه‌وه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌ناسێت. ئه‌و وه‌ك یه‌كێك له‌و خانمانه‌ی سه‌رسامه به ڕۆمانه‌كانی، نامه‌یه‌ك بۆ به‌لزاك ده‌نووسێت. ئاخر به‌لزاك زه‌به‌لاحه‌كه‌ی ڕۆمانی فه‌ره‌نسی و داهێنه‌ره گه‌وره‌كه‌ی، ژماره‌یه‌كی زۆر له هه‌ردوو ڕه‌گه‌ی نێر و مێ، پێی سه‌رسامبوون. زۆرن ئه‌و خانمانه‌ی دوای خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كانی، نامه‌یان بۆ ده‌نووسی. وه‌لێ به‌لزاك و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی به هه‌زاران كیلۆمه‌تر له‌یه‌كتره‌وه دووربوون، چونكه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له ئۆكرانیا ده‌ژیا و به‌لزاك له فه‌ره‌نسا بوو. ئه‌م دووانه دوای تێپه‌ڕبوونی حه‌وت ساڵی ڕه‌به‌ق به‌سه‌ر نامه‌گۆڕینه‌وه‌یه‌كی چر و پڕی نێوانیان، ئینجا بۆ یه‌كه‌مجار یه‌كتر ده‌بینن. وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر له‌سه‌ری ڕێكه‌وتبوون، خۆشه‌ویسته‌كه‌ی دێت بۆ جنێف و له‌وێ چاویان به یه‌ك ده‌كه‌وێت. به‌لزاك هه‌ر به بینینی، خۆشده‌وێت و ئه‌ویش بۆ یه‌كه‌مجار له ئوتێله‌كه‌دا خۆی به‌ده‌سته‌وه ده‌دات.
ئه‌ڵبه‌ته وا پێویست بوو به‌لزك، به ناچاری چه‌ند ساڵێك چاوه‌ڕوان بێت، تا ئه‌و كاته‌ی هاوسه‌ره به‌دبه‌خت و داماوه‌كه‌ی ده‌مرێت و ئیدی به ته‌واوه‌تی خۆی بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ته‌رخان ده‌كات. وه‌ك ده‌ڵێن به‌لزاك ڕۆحی ده‌رهات تا پێی گه‌یشت و بوو به هاوسه‌ری. به‌ڵام هه‌ر كه گه‌یشت به مه‌به‌ست و ئامانجی خۆی، دوای ئه‌و هه‌مو چاوه‌ڕوانی و هه‌وڵ و ماندووبوونانه، چاره‌نووس گورزه كوشنده‌كه‌ی خۆی ده‌وه‌شێنێت و لێناگه‌ڕێت به‌لزاك چێژ له گه‌وره‌ترین خۆشه‌ویستی ژیانی وه‌ربگرێت. چونكه دوای ته‌نها پێنج مانگ له ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیریان، به‌لزاك كۆچی دوایی ده‌كات. ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی له پاریس خانوویه‌كی جوانی بۆ دروست كردبوو، باشترین ناوماڵی بۆ دانابوو، به درێژایی ته‌مه‌نی چی كۆكردبوه‌وه، هه‌موی له‌و خانووه‌دا خه‌رجكردبوو. دروست ئا له‌و چركه‌ساته‌دا، تێكده‌ری چێژه‌كان و له‌یه‌ككردنی ئازیزان دێت و له‌یه‌كتریان جیاده‌كاته‌وه. مه‌رگ له كاتێكدا هات به‌لزاك له‌و بڕوایه‌دا بوو ئیدی گه‌یشتووه به هیوا و ئاواتی خۆی و هیچی دیكه‌ی ناوێت. ئا به‌م جۆره وته‌ی ئه‌و شاعیره عه‌ره‌به‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌بێت كه ده‌ڵێت:
ژیان بێڕه‌حم و غه‌داره كه وتی ته‌واو، واته ته‌واو و چاوه‌ڕوانی له‌ناوچوون بن.
ده‌وترێت به‌لزاك له‌سه‌ره مه‌رگدا، له خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌پرسێت: تۆ له‌مندا چیت زۆر خۆشویستووه، نووسه‌رێك یان پیاوێك/ الكاتب أم الرجل؟ ئه‌ویش دوای دوو دڵییه‌كه‌ی توولانی پێی ده‌ڵێت: نووسه‌ر. به‌لزاك وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: ئاخخخ تۆ منت كوشت!
ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه ئه‌و خانمه به‌لزاكی وه‌ك پیاوێك خۆشنه‌ویستووه، ته‌نها وه‌ك نووسه‌رێكی بلیمه‌ت خۆشیویستووه. هه‌روه‌ها ده‌وترێت كاتێك به‌لزاك له‌سه‌ره مه‌رگدا بووه، ئه‌و خانمه له ژوره‌كه‌ی ته‌نیشتیدا، له‌گه‌ڵ گه‌نجێكی قۆزدا، خه‌ریكی غه‌رامیات و چاوچاوێن بووه. وای به‌لزاك-ی داما و خوا پشت و په‌ناتبێت. ئێ ئاخر ئه‌و خانمه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه تۆی بۆ خۆشبوێت؟ ماشا‌ئه‌لا خۆ ئاسك نیت؟ به ڕاستی و به‌و په‌ڕی ڕاشكاوییه‌وه، به‌لزاك هه‌رگیز جوان نه‌بووه، له به‌رمیلێكی ئه‌ستور ده‌چوو قه‌پاغێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بێت. ئه‌مه شتێكه لای هه‌موان ڕوون و ئاشكرایه.
ئه‌میل زۆلا 1840-1902
سه‌باره‌ت به ڕۆماننووس ئه‌میل زۆلا، ئه‌و چیرۆكێكی جیاوازتری هه‌یه، له ساڵی 1870وه، هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خانمێكی به‌ڕێزدا كردبوو. زۆلا به درێژایی ژیانی، وه‌ك دڵسۆز و وه‌فادارێك بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی مایه‌وه. چونكه هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌و ساتانه‌ی زۆلا هه‌ستی به دڵه‌ڕاوكه و نائومێدی كردووه و گومانی له خودی خۆی بووه، ئه‌و له ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه پشتگیری زۆلای كردووه. ده‌وترێت زۆلا له‌سه‌رده‌می هاوسه‌ره‌كه‌یدا، توانی به‌هێزترین ڕۆمانه‌كانی بنووسێت و له رێگه‌ی ڕۆمانه‌كانییه‌وه گه‌یشت به لوتكه‌ی ناوبانگ و نه‌مری. لێره‌وه زۆلا زۆر قه‌رزارباری هاوسه‌ره‌كه‌ی بوو. به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌ی كرد، كاتێك داوای كرد خزمه‌تكارێكی بۆ بێننه ماڵه‌وه، تاكو له شوشتنی جلوبه‌رگ و چێشتلێنان و قاپ شۆردن و كاروباره‌كانی دیكه‌ی ناوماڵ یارمه‌تی بدات. له ڕاستیدا ئه‌و هه‌رگیز به خه‌یاڵیدا نه‌هاتووه زۆلای هاوسه‌ری، ده‌كه‌وێته داوی خۆشه‌ویستی خزمه‌تكاره‌كه‌وه! ئێمه به تایبه‌ت ئه‌مه ده‌ڵێین، چونكه زۆلا به درێژایی چه‌ندین ساڵ، دڵسۆز و وه‌فاداری هاوسه‌ره‌كه‌ی بووه و هاوسه‌ره‌كه‌ی هیچ لادان و ئه‌ملاو ئه‌ولایه‌كی له زۆلا نه‌بینیوه و له رێگای ڕاست لاینه‌داوه.
به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌بوو ڕوویدا. زۆلا كاتێك بینی ئه‌م (شۆخ و شه‌نگه) به هه‌مو جوانی و مه‌كر و ناز و مێیایه‌تی خۆیه‌وه، به به‌رده‌میدا دێت و ده‌چێت، هه‌سته نووستووه‌كانی به‌ئاگا دێنه‌وه. ئێمه بۆیه وا ده‌ڵێین، چونكه هاوسه‌ره‌كه‌ی زۆلا، ته‌واو شه‌كه‌ت و پیر ببوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی خوشكی یان دایكی یان مامۆژنی یا خاڵۆژنی بێت، زۆلا له‌به‌رامبه‌ریدا هه‌ستی به هیچ شتێك نه‌كردووه. سه‌روه‌ختێك به‌راوردی هاوسه‌ره‌كه‌ی و خزمه‌تكاره‌كه‌ی ده‌كات، ده‌بینێت ئه‌رز و ئاسمانیان فه‌رقه. ئیدی ئه‌م نووسه‌ره گه‌وره‌یه، به‌رگه‌ی مه‌كر و نازی خزمه‌تكاره‌كه ناگرێت و ئه‌وه ڕووده‌دات كه كه‌س چاوه‌ڕوانی نه‌ده‌كرد. زۆلا بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له په‌یوه‌ندییه نهێنییه‌كه‌ی به خزمه‌تكاره‌كه‌یه‌وه بكات و بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌م خیانه‌ته گه‌وره‌یه نه‌زانێت، له نزیك ماڵه‌كه‌ی خۆی، خانویه‌كی كرێ بۆ خزمه‌تكاره‌كه ده‌گرێت، تا هه‌ر كاتێك ویستی و ئاره‌زووی لێ‌بوو، بڕواته بۆ لای. ئیدی به‌م شێوه‌یه، خزمه‌تكاره‌كه سكی ده‌بێت و دوو منداڵی لێی ده‌بێت. ئه‌مه له كاتێكدایه هاوسه‌ره ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی، نه‌زۆك بووه و منداڵی نه‌ده‌بوو. به‌ڵام زۆلا چونكه مه‌یلێكی مرۆڤدۆستانه‌ی هه‌بووه، بۆیه ڕازینه‌بووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی نه‌زۆكه، سوكایه‌تی پێبكات یان وازیلێبینێت و لێی جیابێته‌وه، دوای ئه‌و هه‌مو ساڵه كه پێكه‌وه ژیاون و پێش ئه‌وه‌ی زۆلا ناوبانگ ده‌ربكات و بگات به نه‌مری. زۆلا سه‌رباری هه‌مو شتێك، زۆر په‌یوه‌ستبووه به هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه. ئاخر هاوسه‌ره‌كه‌ی هاوڕێی ڕۆژانی گه‌نجی و ساڵانی قات و قڕی بوو. ئه‌و پاڵپشته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بوو، به‌و په‌ڕی ڕاستگۆیی و وه‌فادارییه‌وه پشتگیری زۆلای كردووه.
لێ دواجار ئه‌وه‌ی نه‌ده‌بوو ڕووبدات ڕوویدا، چیرۆكه‌كه ئاشكرا ده‌بێت و ماڵه‌كه پڕ ده‌بێت له هات و هاوار و ده‌نگه ده‌نگ و شین و ڕۆڕۆ. قاپ و قاجاخه‌كان وردوخاشده‌بن و كوپ و په‌رداخه‌كان به‌سه‌ر سه‌ریانه‌وه گیڤه گیڤی دێت. به‌ڵام دوای ناڕه‌زایی و ملنه‌دان، هاوسه‌ره نه‌گبه‌ت و به‌سته‌زمانه‌كه‌ی، به ئه‌مری واقیع ڕازیبوو. جا ده‌یتوانی چی بكات؟ ئیدی ئا به‌م شێوه‌یه، ئه‌م نووسه‌ره گه‌وره‌یه، له ژیانیدا به‌ده‌ست دوو ماڵی و دوو ژنییه‌وه ناڵاندوویه‌تی و گرفتار بووه. هه‌ر بۆیه قسه‌كانی ئه‌و شاعیره كۆنه‌ی عه‌ره‌بی به‌سه‌ردا جێبه‌جی ده‌بێت كه
وتوویه‌تی:
به نه‌زانی خۆم دوو ژنم هێنا
بۆ دوو ژن، مێرد ده‌توانێ چی بكا
به‌خۆمم وت ده‌بمه به‌رانی نێوانیان
تێرده‌خۆم له نازی دوو مه‌ڕی میهره‌بان
شه‌وێك لای ئه‌م و شه‌وێك له لای ئه‌و
له هه‌ردوو شه‌ودا له‌بری خۆشی گله‌یی به‌رده‌وام
به سه‌ڵتی بژی ئه‌گه‌ر نه‌توانی
پیاوی دوو ژنه جه‌رگی كون كونه
لێره‌دا ئه‌و شته‌ی سه‌رنجڕاكێشه و له یه‌ك كاتدا شایه‌نی به‌زه‌یی و سۆزه، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه: خه‌ڵكی پاریس ڕۆژانی یه‌ك شه‌ممه، ئه‌میل زۆلا-یان ده‌بینی له باخچه‌ی تۆلێری نزیك به شانزئه‌لیزێ پیاسه ده‌كات. قۆڵی له قۆڵی ژنه شه‌رعییه‌كه‌یدایه كه ته‌واو پیرببوو، له داپیره‌ی زۆلا ده‌چوو. له‌و كاته‌ی زۆلا قۆڵی كردبوو به قۆڵی هاوسه‌ری پێشوویدا، له به‌رده‌میانه‌وه دوو منداڵ له‌گه‌ڵ دایكه گه‌نج و ته‌ڕ و پڕه‌كه‌یان ده‌ڕۆیشتن. ئه‌وه دیمه‌نێك بوو به‌لای ئاپۆرای ئه‌و خه‌ڵكه‌وه سه‌یر بوو كه هاتبوون بۆ به‌ناوبانگترین باخچه‌ی پاریس و له‌وێدا ئه‌وانیان ده‌بینی. وه‌لێ دوو منداڵه‌كه له‌م شته‌ی خواره‌وه تێنه‌ده‌گه‌یشتن: بۆچی باوكیان له ته‌نیشت ئه‌و ژنه پیره‌وه ده‌ڕوات و له ته‌نیشت دایكیانه‌وه ناڕوات؟ ئایا باوكیان هاوسه‌ری ئه‌و ژنه‌یه یان نا؟ ئایا باوكیان هاوسه‌ری كامیانه؟
ئه‌میل زۆلا ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی چی وتووه؟ ئه‌و ئه‌مه‌ی وتووه: “له ژیانماندا پێویسته ته‌نها یه‌ك ئافره‌تمان خۆشبوێت، ئه‌و ئافره‌ته‌ی خۆشی‌ویستووین. پێویسته تا دوا ساتی ژیان، له‌سه‌ر ئه‌م خۆشه‌ویستییه دوولایه‌نه‌یه له‌گه‌ڵیدا بمێنینه‌وه”.
دواجار، مادام باس باسی زۆلایه، ئایا ئێوه ده‌زانن چه‌ندجار خۆی بۆ ئه‌كادیمیای فه‌ره‌نسی كاندید كردووه؟ نۆزده جار! كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ریاننه‌گرتووه. ئه‌مه له كاتێكدا بوو ئه‌كادیمیای فه‌ره‌نسی، پڕ بوو له خه‌ڵكی بوده‌ڵه و كه‌س گوێی له ناویان نه‌بووه و له دوای خۆیانه‌وه هیچ كتێبێكیان به‌جێنه‌هێشتووه شایه‌نی باسكردن بێت. به‌ڵام ئه‌مه چیرۆكێكی دیكه‌یه.
ئایا دیگۆل ئاینده‌ی هه‌یه؟
له كۆتایدا فه‌رمون ئێوه و ئه‌م نوكته‌یه: ده‌وترێت شارل دیگۆلی گه‌نج، له ڕێگه‌ی خانمێكی پاریسییه‌وه، ده‌زگیرانه‌كه‌ی خۆی ناسی، ئه‌و خانمه پاریسییه ڕۆڵی نێوه‌ندگیری له نێوان هه‌ردوو خێزانه‌كه‌دا گێڕاوه. ده‌زگیرانه‌كه‌ی له خێزانێكی بۆرجوازی بوو كه زۆر له خێزانی دیگۆل ده‌وڵه‌مه‌ندتر بوون. له كاتی ئاهه‌نگی بوكگواستنه‌وه‌كه‌دا، خانمه فه‌ره‌نسییه‌كه هه‌ست ده‌كات باوكی بوكێ، به شه‌رم و دوو دڵییه‌كه‌ی زۆر و ڕوخسارێكی شپرزه‌وه، ورده ورده لێی نزیكده‌بێته‌وه، پاشان غیره‌ت ده‌دته به‌ر خۆی و لێی ده‌پرسێت: ئایا تۆ له‌و بڕوایه‌دای ئه‌م گه‌نجه شارل دیگۆل، ئاینده‌ی هه‌یه؟ خانمه فه‌ره‌نسییه‌كه وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: ئه‌ی بۆ نا؟ ئه‌و ئه‌فسه‌ری سوپایه به پله‌ی كۆلۆنێڵ و له خێزانێكی به‌ڕێزه. گه‌وره‌م ترسی كچه‌كه‌ت نه‌بێت، مه‌ترسه كچه‌كه‌ت دواڕۆژی ڕوون و مسۆگه‌ره. باوكی كچه پێی ده‌ڵێت: به‌ڵام ئاخر باڵای زۆر درێژه، تۆ بڵێی پیاوێكی درێژ و لاوازی له‌م جۆره، له ژیاندا سه‌ركه‌وتوو‌بێت؟
دوای ئه‌وه به بیست ساڵ، (یان كه‌متر له بیست ساڵ)، زاوای پیاوه‌كه، واته شارل دیگۆل، بووه سه‌ركرده‌ی فه‌ره‌نسای ئازاد و رێبه‌ره مه‌زنه‌كه‌ی كه فه‌ره‌نسای یه‌كخست.
تێبینی: كه‌مه‌كێك ده‌ستكاری شیعره‌كه‌م كردووه
سه‌رچاوه: الشرق الاوسط، چوار شه‌ممه، 24 ئاب، 2022