له فه‌ره‌نسا چۆن ڕۆشنبیری ڕۆشنگه‌ر، سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر ڕۆشنبیری ئوسوڵیدا
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، هه‌یبه‌ت و شكۆی شاعیران و نووسه‌ران و فه‌یله‌سوفه‌كان، شوێنی هه‌یبه‌ت و شكۆی كاهین و مه‌ترانه‌كانی گرته‌وه.
پۆل بنیشۆ، یه‌كێكه له ڕه‌خنه‌گره گه‌وره‌كانی فه‌ره‌نسا له سه‌ده‌ی بیست. به‌ڵام له جیهانی عه‌ره‌بیدا، پشكی ناوبانگ، به‌ر ڕۆلان پارت كه‌وت و هیچی به‌ر پۆل بنیشۆ نه‌كه‌وت. بگره ناوبانگی رۆلان پارت، به ته‌واوی ناوی پۆل بنیشۆ-ی سڕیبوه‌وه. له ڕاستیدا ئه‌مه زوڵمێكی گه‌وره‌یه، بگره هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه. بۆچی وا ده‌ڵێم؟ چونكه به‌رهه‌مه‌كانی پۆل بنیشۆ، هیچی له به‌رهه‌مه‌كانی ڕۆلان پارت كه‌متر نییه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت، به تایبه‌ت له‌وه‌دا كه په‌یوه‌سته به شه‌رحكردنی چۆنیه‌تی له‌دایكبوونی مۆدێرنه و سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر كۆنخوازه‌كان له فه‌ره‌نسادا. ئه‌مه بابه‌تێكه جێگای بایه‌خی ڕۆشنبیری عه‌ره‌بیشه و به‌لایه‌وه گرنگه، بگره بابه‌تی ڕۆژه. سه‌رباری ئه‌وه، ئه‌م ره‌خنه‌گره گه‌وره‌یه، ئه‌وه‌مان بۆ ڕوونده‌كاته‌وه كه مه‌سیحییه‌تی لیبراڵی ڕۆشنگه‌ر، چۆن چۆنی سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر مه‌سیحییه‌تی ئوسوڵی تاریكبیندا، دوای چه‌ندین جه‌نگی بێ‌ئامان و خستنه‌گه‌ڕی وزه و توانایه‌كی زۆر.
خوێندنه‌وه و ئاگاداربوون له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م ڕه‌خنه‌گره ناوازه‌یه، یارمه‌تیمان ده‌دات له‌و وه‌رچه‌رخانانه تێبگه‌ین كه به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسیدا هاتووه، له قۆناغێكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی مێژووه‌كه‌یدا. ئاشكرایه ئه‌م پیاوه ته‌مه‌نێكی درێژی بردووه‌ته‌سه‌ر، له نێوان ساڵانی (1908-2001) ژیاوه، واته ته‌مه‌نی 91 ساڵ بووه و هه‌مو ژیانی ته‌رخانكردووه بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و شاعیر و ئه‌دیب و بیرمه‌ندانه‌ی، هاوشانی وه‌رچه‌رخانه گه‌وره‌كان ژیاون كه فه‌ره‌نسای مۆدێرنی دروست كردووه. له‌وانه شاتوبریان، ئۆگست كۆنت، لامرتین، فیكتۆر هۆگۆ، ئه‌لفرێد دو ڤینی، جێرارد دو نیرڤاڵ، ئه‌لفرێد دو مۆسییه و زۆرێكی دیكه. بنیشۆ ته‌نها له ڕووی هونه‌ریی یان ستاتیكاوه، لێكۆڵینه‌وه له‌و شاعیرانه ناكات، به‌ڵكو له ڕووی ئایدۆلۆژی و سیاسه‌تیشه‌وه ئه‌و كاره ده‌كات. ئاخر شیعر ناوه‌رۆكێكی فیكریشی هه‌یه، نه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نها ستاتیكابێت و گۆرانی و چێژمان پێببه‌خشێت. پۆل بنیشۆ سه‌رجه‌می ئه‌و شتانه‌مان به ورده‌كارییه‌كی زۆره‌وه، له میانه‌ی كتێبه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی بۆ باس ده‌كات:
یه‌كه‌م كتێبی به‌م ناونیشانه‌یه “سیمای نووسه‌ری مۆدرێن و سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر كاهینه كۆنه‌كه‌دا له نێوان ساڵانی 1750-1830، ئه‌م كتێبه بریتییه له لێكۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ی ده‌ستپێكردنی قۆناغی ده‌سه‌ڵاتی ڕۆحانی عه‌لمانی له فه‌ره‌نسا، كتێبه‌كه پێكهاتووه له نزیكه‌ی پێنج سه‌د لاپه‌ڕه و ساڵی 1973 بڵاوبووه‌ته‌وه. دووه‌م كتێبی به‌م ناونیشانه‌یه “زه‌مه‌نی پێغه‌مبه‌ره‌كان: عه‌قیده‌كانی سه‌رده‌می ڕۆمانسی” له 589 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره گه‌وره پێكهاتووه و ده‌زگای “گالیمار” بڵاویكردووه‌ته‌وه و ساڵی 1978 خه‌ڵاتی ئه‌كادیمیای فه‌ره‌نسی وه‌رگرتووه. سێیه‌م كتێبی به‌م ناونیشانه‌یه (ڕابه‌ره ڕۆمانسییه‌كان) ساڵی 1988 له ده‌زگای گالیمار چاپ و بڵاوبووه‌ته‌وه و 553 لاپه‌ڕه‌یه، ئه‌م كتێبه‌شی دیسانه‌وه له ساڵی 1988 خه‌ڵاتی ئه‌كادیمیای فه‌ره‌نسی وه‌رگرتووه. چواره‌م كتێبی به‌م ناونیشانه‌یه (قوتابخانه‌ی نائومێدی و ناسۆرییه‌كان) ساڵی 1992 له ده‌زگای گالیمار چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه و 615 لاپه‌ڕه‌یه. ئه‌م چوار كتێبه قه‌به و زه‌به‌لاحه كه به‌دوای یه‌كتردا هاتوون، توحفه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی فیكریی زۆر جوان و نایابه. ئه‌و كتێبانه باسی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌كه‌ن له فه‌ره‌نسای مۆدێرندا كه دوای شۆڕشی فه‌ره‌نسی دروستبوو، شاعیر یان نووسه‌ر یا فه‌یله‌سوف، چۆن چۆنی شوێنی كاهین یان پیاوی ئاینی گرتووه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه هه‌ر هه‌موی به یه‌ك كه‌ڕه‌ت ڕووینه‌داوه، به‌ڵكو ورده ورده و به‌درێژایی هه‌ردوو سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده ڕوویداوه. ئا له‌و كات و ساته‌دا، كه‌لتوری ڕۆحانی عه‌لمانی، چووه‌ته شوێنی كه‌لتوری ئاینی پیاوانی ئاینی فێنده‌مێنیتاڵیزم.
ئه‌م پرۆسه گه‌وره‌یه چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك ڕوویداوه كه له دابڕانی مۆدێرنه ده‌چێت؟ جا ئایا ژانی له‌دایكبوونی مۆدێرنه قورس و تاڵ و سه‌خت نه‌بوو؟ به مانایه‌كی دی، چۆن فیكری عه‌لمانی تازه‌گه‌ر و نوێخواز و پێشكه‌وتوو، شوێنی فیكری دۆگمای چه‌قبه‌ستووی كۆنی فێنده‌مێنیتاڵیزمی كڵێسای گرته‌وه؟ پاشان و له كۆتایدا چۆن بونیاده تازه‌كه، له‌سه‌ر داروپه‌ردوی جیهانه كۆنه‌كه دروست بوو؟ ئه‌مه هه‌ندێك له‌و پرسیارانه‌یه كه ئه‌م ڕه‌خنه‌گره ناوازه‌یه ده‌یانخاته‌ڕوو. به‌ڵام له دواجاردا، ناوبانگی بونیادگه‌ری فۆرمخوازی به‌تاڵ و نه‌زۆك، ناوبانگی ئه‌وی سڕییه‌وه. پێوسته ئه‌وه بزانین، ئه‌و پرسیارانه، له ئێستادا به پله‌ی یه‌كه‌م ڕۆشنبیری عه‌ره‌بی ده‌گرێته‌وه، چونكه به‌م نزیكانه، هه‌مان ئه‌و دیارده‌یه یان هاوشێوه‌كه‌ی ده‌بینین. هه‌مان ئه‌و ژانه دوور و درێژ و سه‌خته ده‌بینین. كه‌س باوه‌ڕ به‌وه ناكات قسه‌ی پیاوانی ئاینی توندڕه‌و و مه‌لای سه‌ر كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان، تا هه‌تا هه‌تایه هه‌ژمونی به‌سه‌رماندا زاڵده‌بێت. كه‌س له‌و بڕوایه‌دا نییه تێگه‌شتنی زۆره‌ملێ و تۆتلیتاری ئیخوان موسلمین بۆ ئیسلام، تا ڕۆژی قیامه‌ت زاڵده‌بێت به‌سه‌ر شه‌قامی عه‌ره‌بیدا! كه‌س له‌و بڕوایه‌دا نییه ئاینی “زۆرلێكردن نییه له ئایندا/ لا اكراه فی ا‌لدین” پێچه‌وانه‌ی ڕۆح و جه‌وهه‌ره‌كه‌ی بمێنێته‌وه. كاتێك تێگه‌شتنی ڕۆشنگه‌ریی بۆ ئیسلام، سه‌رده‌كه‌وێت به‌سه‌ر تێگه‌شتنی تاریكبین، هه‌ر هه‌مو ئه‌وانه، له چه‌ند ساڵی داهاتودا، گسكی لێده‌درێت و ڕاده‌ماڵرێت. ئیدی ئا له‌و كات و ساته‌دا، ڕۆشنبیری نوێخواز یان فه‌یله‌سوفی عه‌ره‌بی، شوێنی مه‌لای نه‌ریتخواز ده‌گرێته‌وه كه سه‌دان ساڵه هه‌ژمونی به‌سه‌ر عه‌قڵیه‌تی ده‌سته‌جه‌معیدا هه‌یه. ئیدی له‌و چركه‌ساته‌دا، ڕۆشنبیری عه‌ره‌ب، سه‌رده‌كه‌وێت به‌سه‌ر شیخ و مه‌لای كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كاندا و ئاینی پاك و بێگه‌رد، به ڕێگایه‌كی ته‌واو جیاواز شه‌رحده‌كه‌ن: واته به ڕێگایه‌كی نوێ، ئازاد، چێژبه‌خش. ئا له‌و كاته‌دا، محه‌مه‌د ئه‌ركۆن شوێنی محه‌مه‌د عماره ده‌گرێته‌وه، یان حه‌سه‌ن حه‌نه‌فی شوێنی یوسف قه‌ره‌زاوی ده‌گرێته‌وه، یا عه‌باس مه‌حمود ئه‌لعقاد ده‌چێته شوێنی حه‌سه‌ن به‌نا، یاخود ته‌ها حسێن ده‌چێته شوێنی سه‌ید قوتب…هتد. بردنه‌وه‌ی گره‌وه مه‌زنه‌كه، بۆ هه‌مو ئه‌وه‌ی له ئێستادا ڕووده‌دات، ئا لێره‌دیه.
ئه‌گه‌ر ئێمه كاری وه‌رگێڕانمان بۆ به‌رهه‌مه‌كانی پۆل بنیشۆ بكردایه، ئه‌وا ده‌مانزانی گواستنه‌وه‌ی مۆدێرنه به هه‌مو ده‌ركه‌وته‌كانی و قۆناغه‌كانی و ئاڵۆزییه‌كانییه‌وه، چۆن چۆنی ڕوویداوه؟ ئه‌وه گواستنه‌وه‌یه‌كه یان دابڕانێكه لای ئێمه‌ش رووده‌دات، وه‌ك چۆن پێش دوو سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕوویداوه. به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه مۆدێرنه‌كه‌ی ئێمه، نوسخه‌یه‌كی فۆتۆكۆپی و ده‌قاو ده‌قی مۆدێرنه‌كه‌ی ئه‌وروپا ده‌بێت! هه‌روه‌ها مانای ئه‌وه نییه كه شۆڕشی فه‌ره‌نسی، تاقه نمونه‌یه‌كی گشتگیره بۆ گۆڕانكاری. ئه‌ڵبه‌ته ئێمه پێویستمان به مه‌قسه‌ڵه و توندوتیژی نییه، پێویستمان به‌وه نییه شه‌قامه‌كانی پایته‌خته‌كانمان پڕ ببێت له خوێن و خوێنی لێبڕژێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌قامه‌كانی پاریس پڕ ببوو له خوێن. دیاره رێگای دیكه هه‌یه بۆ گۆڕانكاری، شێوازی ڕیفۆرم و چاكسازیی ورده ورده و حوكمی ڕه‌شید هه‌یه، بۆ نمونه وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئینگلته‌ره ڕوویدا. من كه ئه‌م وشانه ده‌نووسم، به چاوی خۆم ده‌بینم، پاشا چارلزی سێیه‌می به‌رێز و خۆشه‌ویست، چۆن چووه سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی له ڕه‌سه‌نترین ده‌وڵه‌تی دیموكراسی له جیهاندا.
وه‌لێ با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ فه‌ره‌نسا، ئاشكرایه ڕابه‌رانی بزووتنه‌وه شیعری و ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا، له نمونه‌ی لامارتین و ئه‌لفرێد دو ڤینی و فیكتۆر هۆگۆ و ئه‌وانی دیكه، هاوشانی شۆڕشی فه‌ره‌نسی و ڕووداوه زه‌به‌لاحه‌كانی بوون، یان بڵێ ڕاسته‌وخۆ دوای ئه‌و شۆڕشه هاتن. به مانایه‌كی دی، ئه‌وان به چاوی خۆیان، مردنی جیهانه كۆنه‌كه و له‌دایكبوونی جیهانه تازه‌كه، له‌سه‌ر داڕووخانی داروپه‌ردوی جیهانه كۆنه‌كه، بینی. بوومه‌له‌رزه‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نسی، له ئه‌ده‌ب و شیعر و په‌خشانه‌كانیاندا ڕه‌نگیدابوه‌وه. ده‌كرێت بێ موباله‌غه و زیاده‌ڕۆیی، بڵێین شۆڕشی فه‌ره‌نسی، له‌سه‌ر ئاستی سیاسی، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی گه‌وره بوو. به‌رهه‌می ئه‌و شاعیر و ئه‌دیبانه‌ش له‌سه‌ر ئاستی شیعری و ئه‌ده‌بی و فیكری، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی گه‌وره بوو. لێره‌وه بوومه‌له‌رزه‌ی فیكر، كه‌وته پێش بوومه‌له‌رزه‌ی سیاسی. به‌ڵام ئایا به‌م دواییانه، چی له جیهانی عه‌ره‌بیدا ڕوویدا؟ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه ڕوویدا. خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ریی گه‌وره و به‌رفراوان، كه‌چی ئیخوان موسلمین ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست! ئیخوان موسلمین ئه‌مه به شۆڕشێكی نه‌مر له قه‌ڵه‌مده‌دات! بگره پێیانوایه شكستپێهێنانی، وه‌ك دژه شۆڕش و شۆڕشی پێچه‌وانه لێیده‌ڕوانن. خودایه مه‌سه‌له‌كان چۆن ئاوه‌ژوو بوونه‌ته‌وه و هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه؟
ده‌ی مه‌سه‌له‌كه هه‌رچۆنێك بێت، فیكتۆر هۆگۆ، ته‌نها شاعیر نه‌بوو به مانا جوان و نایاب و هونه‌رییه‌كه‌ی وشه‌ی شاعیر، به‌ڵكو بیرمه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیش بوو، ڕۆچووبووه ناو خه‌م و ئێش و ئازاری سه‌رده‌مه‌كه‌ی و كێشه‌كانی. ئه‌گه‌ر وا نییه، ڕۆمانی “بێنه‌وایان” چ مانایه‌كی هه‌یه؟ ئا له‌و چركه‌ساته‌دا، شاعیر بووه ڕابه‌ری ته‌واوی نه‌ته‌وه‌یه‌ك. شاعیرێك خاوه‌نی هه‌ستی پێشبینیكردنێكی ڕۆشنگه‌رانه بێت، رێگا بۆ میلله‌ت خۆشده‌كات. ئاشكرایه فیكتۆر هۆگۆ، دژ به قه‌شه و كاهین و مه‌ترانه‌كان بوو، چونكه ئه‌وان له ڕۆژگاری خۆیاندا، نوێنه‌ری حیزبی كۆنه‌پارێز و چه‌قبه‌ستوویی بوون. ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه فیكتۆ هۆگۆ بێباوه‌ڕ بوو، نه‌خێر هه‌رگیز مانای ئه‌وه نییه. ئه‌و ده‌یگوت: “من زیاتر ئیمانم به بوونی خودا هه‌یه، تا ئه‌وه‌ی ئیمانم به بوونی شه‌خسی خۆم هه‌بێت!” ئه‌وه خودای حه‌ق و دادپه‌روه‌ر و خێر و چاكه و جوانییه. لێره‌وه دژایه‌تیكردنی فێنده‌مێنیتاڵیزمی تاریكبین، هه‌رگیز مانای بێباوه‌ڕی ناگه‌یه‌نێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆرێك به هه‌ڵه لێی تێگه‌یشتوون. به‌ڵكو مانای ئه‌وه‌یه ئیمان به شێوه‌یه‌كی دیكه، شێوه‌یه‌كی نوێ دوور له سه‌ركوتكردن و زۆرلێكردن و تاریكبینی ده‌رده‌كه‌وێت. ئیمانێك وه‌ك ئه‌وه‌ی قورئانی پیرۆز ده‌ڵێت: “لا اكراه فی ا‌لدین”.
فیكتۆ هۆگۆ پیاوانی ئاینی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی به‌دڵ نه‌بوو، چونكه ئه‌وان توندڕه‌و و چه‌قبه‌ستوو بوون و سه‌رقاڵی پاره‌كۆكردنه‌وه و بژێوی خۆیان بوون. وه‌لێ دواتر پیاوانی ئاینی گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنێكی زۆر به‌خۆیانه‌وه ده‌بینن، به‌ڵام له سه‌رده‌می فیكتۆ هۆگۆدا وانه‌بوون. دواتر مه‌سیحییه‌ت له‌گه‌ڵ مۆدێرنه ئاشتده‌بێته‌وه، ئه‌مه دوای ململانێیه‌كی توولانی تاڵ و ناسۆر. ئا ئه‌مه گه‌وره‌ترین شۆڕشی ڕۆحانییه كه له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ڕوویداوه. سه‌یری پاپا “فرانسیس” بكه‌ن كه یه‌كێكه له ویژدانه گه‌وره‌كانی سه‌رده‌مه‌كه‌مان. لای ئه‌و هیچ توندڕه‌وییه‌كی ئاینی یان ته‌كفیری تیۆلۆژی بوونی نییه، به‌ڵكو پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته. ئه‌و به شێوه‌یه‌كی ڕۆشنگه‌ر و كراوه له ئاین تێگه‌شتووه و به‌و په‌ڕی ڕاستگۆییه‌وه، ده‌ستی بۆ جیهانی ئیسلامی درێژكردووه و له‌گه‌ڵ شێخی ئه‌زهه‌ر له ئه‌بو زه‌بی، واژۆی له‌سه‌ر “به‌یاننامه‌ی برایه‌تی مرۆڤایه‌تی” كردووه.
پۆل بنیشۆ مه‌به‌ستی له تێزه سه‌ره‌كی و بنچینه‌ییه‌كه‌ی، ئه‌وه‌یه كه له سه‌ده‌ی نۆزده، هه‌یبه‌ت و شكۆی شاعیره‌كان و نووسه‌ره‌كان و فه‌یله‌سوفه‌كان، شوێنی هه‌یبه‌ت و شكۆی كڵێسا و كاهین و مه‌ترانه‌كانی گرته‌وه. به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه، ئاسان نییه ده‌سه‌ڵاتێكی ڕۆحی نوێ، بچێته شوێنی ده‌سه‌ڵاتێكی ڕۆحی كۆن كه سه‌دان ساڵه ڕه‌گ و ڕیشه‌ی داكوتاوه. ئاشكرایه ده‌سه‌ڵاتی كڵێسا، لانی كه‌م نزیكه‌ی1500 ساڵ، هه‌ژمونی خۆی به‌سه‌ر عه‌قڵیه‌تی فه‌ره‌نسا و ته‌واوی ئه‌وروپادا سه‌پاندبوو. كڵێسا له‌و ماوه‌یه‌دا، وایكردبوو، خه‌ڵكی هه‌ست به ئارامی و سه‌قامگیری و دڵنایی بكه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌و كاتانه‌دا كه دووچاری كاره‌سات و نه‌هامه‌تی و قاتوقڕی و برسییه‌تی و نه‌خۆشی ده‌بوونه‌وه. ئا له‌به‌ر ئه‌وه، هه‌ره‌سهێنانی هه‌یبه‌ت و شكۆی فێنده‌مێنیتاڵیزمی مه‌سیحی، بۆشاییه‌كی گه‌وره، بگره ترسێكی قووڵی له ده‌روونی خه‌ڵكیدا دروستكرد. شاعیر و نووسه‌ر و فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كان، هه‌وڵیاندا ئه‌و بۆشاییه پڕكه‌نه‌وه و به پێی توانا، چاره‌سه‌ری بارودۆخه‌كه بكه‌ن. لێره‌وه ده‌توانین بڵێین دوای بوومه‌له‌رزه‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نسی، شیعر تا ڕاده‌یه‌ك، شوێنی ئاینی گرته‌وه. شیعر وه‌ك سه‌بوری و دڵدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ده‌روونه په‌شێوه‌كان، ده‌روونه ترسا و وێڵه‌كان، تا ڕاده‌یه‌ك شوێنی ئاینی گرته‌وه.
دواجار بۆ ڕاستی و بۆ مێژوو، پێویسته ئه‌مه‌ی خواره‌وه بڵێین: ئاین به ته‌واوه‌تی له ئه‌وروپا و سه‌رجه‌م خۆرئاوادا، كۆتایی پێنه‌هات، وه‌ك ئه‌وه‌ی به هه‌ڵه لێی تێگه‌یشتووین. به‌ڵكو ئه‌و شته‌ی كه ڕوویدا، ئه‌وه‌یه مه‌سیحییه‌تی لیبراڵی ڕۆشنگه‌ر، چووه شوێنی مه‌سیحییه‌تی ئوسوڵی كۆن، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر ئاماژه‌مان پێدا. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، ڕۆحی ئه‌وروپی ئارامی و سه‌قامگیری بۆ گه‌ڕایه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نسییه‌وه، ئه‌و ڕۆحه ئه‌وروپییه، تا دوا ئاست تووشی له‌رزین و ترس و دڵه‌ڕاوكه هاتبوو. كه‌واته ئاین له‌سه‌رده‌می مۆدێرنه‌دا، كۆتایی پێنه‌هاتووه، به‌ڵكو ته‌نها كۆتایی به تێگه‌شتنی ته‌كفیری و تاریكبین و تائیفی و ده‌مارگیریی هاتووه. كۆتایی به دادگاكانی پشكنین و جه‌نگه تائیفییه ترسناكه‌كانی نێوان كاسۆلیك و پرۆتستانت هاتووه كه ملیۆنان كه‌س بوونه قوربانی. كۆتایی به سه‌رده‌می ته‌كفیری داعشی هاتووه، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه گونجاوبێت. ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وته كه سه‌رده‌می گه‌وره‌ی ڕۆشنگه‌ری و هه‌روه‌ها شۆڕشی فه‌ره‌نسی به‌ده‌ستیان هێناوه. هه‌ر ئه‌مه‌شه ڕۆژێك له ڕۆژان له جیهانی عه‌ره‌بیدا ڕووده‌دات. ئیمانی پاك و بێگه‌رد و چێژبه‌خش، شوێنی ئیمانی ته‌كفیری بكوژ ده‌گرێته‌وه. من له‌و كتێبه‌مدا كه به‌م دواییانه له ده‌زگای مه‌دا، له به‌غداد- عێراق، به‌م ناونیشانه بڵاوبووه‌ته‌وه “ئیسلام له ئاوێنه‌ی ڕۆشنبیرانی فه‌ره‌نسیدا”، به‌دوور و درێژی له‌سه‌ر ئه‌و كێشه گه‌وره‌یه ڕاوه‌ستاوم و قسه‌م له‌باره‌وه كردووه.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، دوو شه‌ممه، 19 ئه‌یلول، 2022