دەربارەی خولیاکانی کەوشەنی با

Loading

ڕانانی: سەردەم

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە خۆئامادەکردنێکی باشدایە بۆ ئەو پێشانگا نێودەڵەتییەی کتێب، کە بڕیارە مانگی یانزەی ئەمساڵ لە تاسڵوجەی سەر بە شاری سلێمانی بکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بە کۆمەڵێک کتێبی جۆراوجۆری دانسقە و سەرچاوەی گرنگ، بەشداری دەکات، یەکێک لەو کتێبانە بریتییە لە (خولیاکانی کەوشەنی با) بابەتەکانی ئەم کتێبە دووبەرگییە فۆلکلۆرین و ئاشنامان دەکەن بە ئەدەبیاتی زارەکی کوردی و کۆمەڵێک داستان و چیرۆکی فۆلکلۆری چێژبەخشی کوردی، ئەم کتێبە لە لایەن (بێهناز، شاناز، حسێن)ەوە کۆکراوەتەوە و پێشەکیی بۆ نوسراوە.

چیرۆکەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە دووبەرگییە بریتین لە : نازدار و کوڕە کەچەڵە، مام سۆفیلکە و سەتمەن پوڵە و گیسکە، هەزار و یەک فێڵی دەڵەک و لەتە فێڵی ڕێوی، قسە لە جێگای ناخۆشەوە دێتە دەرێ…و چەندین داستان و چیرۆکی دیکەی چێژبەخش.

وەک لە پێشەکیی کتێبەکەشدا ئاماژەی پێ دراوە، ئەدەبیاتی زارەکیی هەر کۆمەڵگەیەک زێی هزرین و خولیاکانی ئەو کۆمەڵگەیە پێک دێنێ، ئەدەبیاتی زارەکی ئەو زەوییەیە کە ئەدەبیاتی نووسراوی لەسەر بینا دەکرێت و ناسینی ئەدەبیاتی زارەکیی گەلی خۆت، بە واتای ناسینی سەرچاوەکانی ئافراندنی بەرهەمی نوێ لەسەر ژێرخانی ئەو زمانەیە.

ئەوەی زانراوە فۆلکلۆر، وشەیەکی لێکدراوە لە دوو وشەی (Folk+Lore) ی ئینگلیزییەوە ھاتووە، کە یەکەمیان مانای (خەڵک یان گەل) دەگرێتەوە و دووەمیان مانای (چیڕۆک،ژیریی،ھونەر و زانست) دەگرێتەوە، واتە سامان یان کەلەپووری خەڵک، بەم پێیە فۆلکلۆر بە ھەموو ئەو سامان و کەلەپوورە کۆنانە دەڵێن کە بە درێژایی مێژوو دەستکرد و بەرھەمی خەڵک بوون و ماونەتەوە، وەک: پاشماوەکانی جل و بەرگی میللی کۆن و ئێستا، ڕایەخ و ھۆی تێدا خواردن (قاپ، کاسە، کەوچک) و گەلێک چەشنی پیشەسازی و نەقش و نیگار و جۆری خواردەمەنی و گەلێک شتی تر کە شەقڵی تایبەتی کۆنی میللەتێک لە بەرھەمێکی دەستکرد یان بەرھەمی بیردا بھێڵێتەوە.

ھەندێک جار لە ناو فۆلکلۆردا بەشی بیر، یا بەشی ئەدەب جیا دەکەنەوە و پێی دەڵێن (بەرھەمی سەرزاری خەڵک) ئەو بەرھەمەش ئەوەیە کە بەسەر زارەوەیە، دەماو دەم و پشتا و پشت، کوڕ لە باوکەوە، منداڵ لە دایکەوە دەیبیستێت و دەمێنێتەوە، لەبەر ئەمە ئەدەبی فۆلکلۆر بە بەرھەمی تاقە کەسێک دادەنرێت، بەڵکو دەدرێتە پاڵ ھەموو میللەت، بەرھەمێکە کە ھەموو گەل خوڵقاندویەتی، بەرھەمی فۆلکلۆری شێوەیەکی سادەی وای ھەیە کە ھەموو گەل تێی بگات و شەقڵی تایبەتی ئەو گەلە، یان ئەو زەمان و دەوری خۆی پێوەیە .

بەرھەمی فۆلکلۆر ئێجگار زۆر لە ناو خەڵک بڵاوە، تا کاتی بڵاو بوونەوەی خوێندەواری و شارەزابوونی خەڵک و ڕاھێنانیان لەگەڵ ئەدەبیاتی نوسراودا، کەم کەس ھەیە شتێک لە فۆلکلۆری گەلەکەی خۆی نەزانێت و لەبەری نەبێت و بە گوتن و گێڕانەوە دەری نەبڕێت.

ئەدەبیاتی فۆلکلۆر لە ناو ھەر میللەتێکدا، چەندین بەش و جۆری ھەیە و ئەم بەش و جۆرانە ڕەنگە ھەندێکیان لە فۆلکلۆری ھەموو میللەتدا، یا لە فۆلکلۆری چەند میللەتێکدا یەک بن و ڕەنگە ھەندێکیان جیا بن، لەبەر ئەمە ھەر میللەتە دەتوانێت چەشنەکانی بەرھەمی ئەدەبی فۆلکلۆری خۆی دەستنیشان بکات.

له‌سه‌ر چه‌مکی فۆلکلۆر، وه‌کو هه‌ر چه‌مکێکی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و Aکولتووری پێناسه‌ی جیاواز له‌ ئارادایه‌ و له‌ نێوان شاره‌زایانی ئه‌م بواره‌دا هه‌ر که‌سێک به‌ جۆرێک ئه‌م چه‌مکه‌یان پێناسه‌ کردووه‌، خستوویانه‌ته‌ به‌رباس، شرۆڤه‌ کردن. به‌ڵام له‌ نێوان ئه‌م پێناسه‌جۆراوجۆرانه‌دا به‌ گشتی هه‌ندێ خاڵی هاوبه‌ش هه‌یه‌ که‌ هه‌موویان هه‌ریه‌ک به‌ شێوه‌یه‌ک پێداگری له‌ سه‌ر ده‌که‌ن، ئه‌گه‌رچی من لێره‌دا نامه‌وێ بچمه‌ ناو ئه‌م ورده‌ کارییانه‌وه‌. چه‌مکی فۆلکلۆر چه‌مکێکی زۆر کۆن نییه‌، ئه‌گه‌رچی حیکایه‌ت له‌ شتی زۆر کۆن ده‌کا. وشه‌ی فۆلک به‌ مانای خه‌ڵک، لۆکاڵی و عه‌وامانه‌ به‌کار هێنراوه‌ و لۆر به‌ مانای زانست و ئاگاهی هاتووه‌، واته‌ به‌ گشتی با مانای “کولتووری خه‌ڵک” و “کولتووری عه‌وامانه”‌ (ڕه‌شۆکی) هاتووه.

وشه‌ی فۆلکلۆر بۆ یه‌که‌مین جار له‌ لایه‌ن “ویلیام تامز”ی ئینگلیزی، کارناسی که‌ل و په‌لی کۆن له‌ ساڵی 1846 زایینی به‌ کار هاتووه (ماڵپه‌ڕی ویکیپێدیا). ناوبراو له‌ نامه‌یه‌کدا بۆ خه‌ڵکی ئاتێن ده‌نووسێ بۆ له‌مه‌و به‌دوا به‌ جێگه‌ی به‌کارهێنانی وشه‌ی داب و نه‌ریتی ڕه‌شۆکی یان “ئه‌ده‌بیاتی ڕه‌شۆکی” وشه‌ی فۆلکلۆر به‌کار بهێنن، ده‌توانین بڵێین فۆلکلۆر لای ویلیام تامز به‌ گشتی کرده‌وه‌، ئه‌رک، داب و نه‌ریت، جۆک، خۆرافات، په‌ندی پێشینیان، قسه‌ی نه‌سته‌ق، سیحر و جادو و ئه‌ده‌بی زاره‌کی و هه‌موو شتێکی کۆن له‌خۆ ده‌گرێت.

له‌ پێناسه‌یه‌کی دیکه‌دا که‌ له‌ لایه‌ن ڕێکخراوه‌ی یونسکۆ له‌سه‌ر فۆلکلۆر کراوه‌، (فۆلکلۆر کۆیه‌ک به‌رهه‌می زه‌ینی مرۆڤه‌ که‌ کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی دیکه‌ جیاده‌کاته‌وه‌ و هه‌ندێ بابه‌تی وه‌کوو چیرۆک، شێعر، ئه‌ده‌ب و ئه‌فسانه‌ی ناوچه‌یی و لۆکاڵی، نووسین، هێماکان، ئاسه‌واری هونه‌ری، که‌ره‌سه‌ی موزیک ژه‌ندن و پیشه‌ی ده‌ستکرد، خانووبه‌ره‌ درووستکردن، ئاسه‌واره‌ی مێژووییه‌کان، شێوه‌ی مێعماری و هه‌ندێ شتی دیکه‌ی له‌م بابه‌ته‌ ده‌گرێته‌وه‌) (حه‌بیبی، 1388 : 15). له‌ پێناسه‌یه‌کی دیکه‌دا، کریستیه‌ن ئه‌لیسۆن پێیوایه‌ (چه‌مکی فۆلکلۆر له‌ناو کورداندا زۆربه‌ی کات به‌ مانایه‌کی به‌ربڵاو هاتووه‌ و زۆر شتی وه‌کوو کردار و شته‌ نه‌ره‌تییه‌کان له‌خۆ ده‌گرێ و ده‌توانێ فۆڕمی کولتووری مادی و هونه‌ری له‌خۆ بگرێ) (ئه‌لیسۆن، 1384 : 85)، ئه‌گه‌رچی مه‌به‌ستی ئێمه‌ لێره‌دا به‌شی مادی کولتوور نییه‌. به‌ڵکو له‌م باسه‌ی ئێمه‌دا مه‌به‌ست له‌ فۆلکلۆر ئه‌ده‌بی زاره‌کی یان درووستتر بڵێین هونه‌ری زاره‌کییه‌، چونکه‌ په‌ند و قسه‌ی پێشینیان و مه‌ته‌ڵ ده‌چێته‌ ئه‌م خانه‌یه‌وه‌. له‌ دوای پێناسه‌کردنی چه‌مکی فۆلکلۆر وه‌کو چه‌مکێکی گشتی و به‌ربڵاو ده‌مه‌وێ بێمه‌ سه‌ر باسی په‌ند و مه‌ته‌ڵ و قسه‌ی پێشینیان که‌ وه‌کوو به‌شێکی فۆلکلۆر به‌ئه‌ژمار دێت. چه‌مکی په‌ندیش زۆر باسی لێکراوه‌ و چه‌ندین پێناسه‌ی لێکراوه‌. له‌ به‌رانبه‌ردا که‌سانێک وه‌کوو ئارکێر تایلۆر، میدر، پیته‌ر گریزبه‌ک و دێهخودا پێیان وایه‌ که‌ په‌ند پێناسه‌ ناکرێ.

بۆ وێنه‌ میدر ده‌ڵێ: (ده‌توانم بڵێم راده‌ی پێناسه‌ی په‌نده‌کان زۆرتر له‌ خودی په‌نده‌کانه‌) (پارسا، 1387 : 9). هه‌روه‌ها بابه‌ک ئه‌حمه‌دی ده‌ڵێ: (داهێنه‌ری په‌نده‌کان نه‌ناسراون، به‌ڵام له‌لایه‌ن هه‌موو خه‌ڵکه‌وه‌ قه‌بووڵ کراون. سه‌ره‌کیترین تایبه‌تمه‌ندی په‌ند له‌ نێوان هه‌ر میلله‌تێکدا خۆبه‌خۆبوون، واته‌ هه‌ڵقوڵاوی ناو هه‌ناوی کۆمه‌ڵگا، دووپاتبوونه‌وه‌ و خه‌ڵکیبوونیانه. هه‌روه‌ها که‌سانێک ‌وه‌کوو مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادی پێیان وایه‌ که‌ له‌ نێوان په‌ند و قسه‌ی نه‌سته‌قدا جیاوازی هه‌یه‌، واته‌ په‌ند داهێنه‌ری دیاری نییه‌، به‌ڵام قسه‌ی نه‌سته‌ق داهێنه‌ره‌که‌ی ناسراوه‌) له‌ کۆبه‌ندی ئه‌و شتانه‌ی که‌ گوترا ده‌توانین بڵێین په‌ند ئاوێنه‌ی باڵانوێن، ئه‌رشیڤی بیری مێژوویی هه‌ر میلله‌تێک، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی داب و نه‌ریتی باو و باپیران، شێوه‌ی ژیان و مانابه‌خشین به‌ ژیان و دواتر ده‌کرێ بڵێین هێمای ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌. په‌ند و قسه‌ی پێشینیان میراتی کولتووری و گه‌نجینه‌یه‌کی تاقانه‌ی پڕبایه‌خی مه‌عنه‌وییه‌ که‌ بۆ ڕابردوویه‌کی زۆر کۆن ده‌گڕێته‌وه‌ تا ئه‌و جێگه‌یه‌ که‌ هه‌ندێ که‌س پێیان وایه‌ پێش له‌ به‌دیهاتنی خه‌ت و نووسین، سه‌ریهه‌ڵداوه‌. به‌ کورتی ده‌توانین بڵێین په‌ند و قسه‌ی پێشینیان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆشی و ناخۆشی، چاکی و خراپی کۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌ن. مه‌ته‌ڵ، یه‌کێک له‌ جۆره‌کانی دیکه‌ی فۆلکلۆره‌ و نیشانه‌ و تایبه‌تمه‌ندی شتێکه‌، بێ ئه‌وه‌ی که ناوێک له‌ شته‌کان ببه‌ن له‌ بیسه‌ر پرسیار ده‌کرێ و مه‌به‌ست له‌م کاره‌ له‌ ڕاستیدا جۆرێک هه‌ڵسه‌نگاندنی هۆشی بیسه‌ر و کێبرکێیه‌ و زۆرتر به‌ وشه‌ی “چییه‌” ده‌ست پێده‌کا، به‌ واتایه‌کی دیکه‌ “مه‌ته‌ڵ قسه‌یه‌کی پۆشراوه‌یه‌ له‌ وه‌سف و هه‌ڵسه‌نگاندنی شتێک له‌گه‌ڵ شتێکی دیکه‌دا یان شتانێکی دیکه‌ی به‌ ته‌واوی جیاواز.

ناردن: