ڕۆشنبیری و ماوەی نێوان نەریت و مۆدێرنە لە ئێراندا

رامین جهانبگلو

وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی

بەشی یەکەم

ئێوە وەک ڕۆشنبیرێک ڕەوتی فکر و بیر لە کۆمەڵگای هاوچەرخی ئێراندا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ڕەوتی فکر و بیرکردنەوە لە ئێراندا جیاوازیەکی زۆری لەگەڵ قوناغی دوهەمی شۆڕشدا هەیە. بەبروای من قۆناغەکانی ڕۆشنبیری لەئێراندا دابەش دەبن بۆ چوار قۆناغ، واتە دەکرێت باسی چوار شەپۆلی ڕۆشنبیری لە ئێراندا بکرێت. شەپۆلی چوارهەم دوای شۆڕش چالاکیەکانی دەست پێکردووە، و بەجۆرێک لە جۆرەکان نەوەی من بە بەشێک لەم شەپۆلە دادەنرێت. هەوڵەکانی ئەم شەپۆلە ڕەوتێکی بیرکردنەوەی تازەی درووستکرد. جێگەی سەرنجە زوربەی ئەم کەسانە پێشتر لە بواری فەلسەفەدا چالاک بوون. دەکرێت بگوترێت ئەم بیریارانە وەک کۆمەڵێک پەنجەرەی واقعین کە کۆمەڵگای هاوچەرخی ئێرانی بەسەر ڕۆژئاوادا کردوێتیەوە.

بەپێچەوانەی نەوەی سێهەم یان شەپۆلی سێهەم (ڕۆشنبیرانی پێش شۆڕشی ئێران) کە زۆرتر سەرقاڵی ڕۆمان، شیعر و ئەدەبیات بوون، زوربەی ڕۆشنبیرانی شەپۆلی چوارهەم زۆرتر سەرقاڵی فەلسەفە و بیری فەلسەفین. واتە بواری کارەکانیان بەدەر لەو هۆگریانەی کە دەشێت ئەدەبیش بێت، فەلسەفەیە. نەوەیەکی گەنجیش دوابەدوای ئەوە زۆر هۆگری بیری فەلسەفی بوون. چونکە لەبنەڕەتدا ئەمڕۆ لەڕێگەی فەلسەفەوە دەکرێت باسی ڕۆژئاوا بکرێت. یان بە دەربرینێکی دی لەڕێگەی کردنەوەی پەنجەرەی بیری فەلسەفیە کە دەکرێت ڕۆژئاوا ببینرێت.

لەم ئاراستەیەدا پێدەچێت ڕەوتی بیرکردنەوە لە دۆخێی گەشیتندا بێت بە ڕەهەندێکی ڕەخنەگرانە. بیریارانێکی جیاواز کە هەن و ئەو کارانەی ڕوودەدەن، هەموویان دەلالەت لە جۆرێک دینامیکیەتی تایبەت دەکەن. ئەمرۆ کەسانێکی زۆر لە ئێران ڕوویان کردۆتە نووسین و کەمتر کاری وەرگێڕان دەکەن. ئەمە خۆی ئاماژەیەکی باشە بۆ باسی فەلسەفی. چونکە لەم حاڵەتدا دەکرێت هیوادار بین کە ئاسۆی زیهنی تازە درووست دەبێت. ئەم بابەتە زۆر گرنگە و دەبێت سەرنجی تایبەتی لێ بدرێت.

بەڵام پێناچێت ئەم مەسەلەیە تەنیا کورت بێتەوە بۆ فەلسەفە؟

بەڵێ، ئەگەرچی لە بوارەکانی تریشدا کاری تازە ئەنجام دەدرێت، بەڵام بە ئەندازەی بواری فەلسەفە نیە. بۆ نموونە لە کۆمەڵناسی یان مرۆڤناسیشدا چەند هەوڵێک درا، بەڵام لەڕاستیدا ئەم کارانە بە ئەندازەی بواری فەلسەفە بەربڵاو نیە. ئەم بیرکردنەوەیە بۆ یەکەمجار نائایدۆلۆژی و نا ێۆتۆپیە. دەکرێت بگوترێت: ڕۆشنبیرانی گەنج یان هەمان شەپۆلی چوارهەم بۆ یەکەمجار مەسەلەکانی تایبەت بەخۆی دەخاتە ڕوو، واتە مەسەلەی هەنوکەیی ئەوان تێزی فرەیی، دیموکراسی، ئازادی، مافە تاکەکەسیەکانە، کە بۆ خستنە ڕووی پەیڕەوی لەهیچ ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت ناکەن. چونکە لەبنەڕەتدا ئەم نەوەیە لە ڕۆشنبیران هیچ بەرنامەیەکی تایبەتیان بۆ ئەندازیاری کۆمەڵایەتی، بەشێوەی ئایدۆلۆژی نیە.

بەدەربڕینێکی دی ڕۆشنبیری شەپۆلی چوارهەم بەدوای ئامانجەکانی ڕۆشنبیرانی پێشوەوە نین. بۆ نموونە لە تێزە کۆمەڵایەتیەکاندا گرنگی بەو کارانە نادەن کە مارکسیەکان یان لقەکانی تری پێش شۆرش بەدوایەوە بوون.

واتە دەڵێیت ئەم شەپۆلەی چوارهەم زۆرتر بەدوای ناسین و ناساندنی چەمکەکانەوەیە نەک بونیادنانی تێزێکی هەمەکی ئایدۆلۆژیکۆمەڵایەتی؟

بەڵێ مەسەلەی سەرەکی و گرنگ بۆ ئەم شەپۆلە بابەتی ناسینە. دیارە زوربەی ئەم کەسانە لەپاڵ ناسینی ڕۆژئاواوە، بەدوای ناسینی خۆشیانەوەن. واتە یەێک لە بابەتە سەرەکیەکانی ڕۆشنبیری ئەمڕۆ ناسینی خودە، چونکە بەهۆی ناسینی شوناسی ئێرانیەوە کە دەکرێت خۆمان لەبەرامبەر جیهاندا دابنێین، بۆ ئەوەی جیهان باشتر بناسین و بکەوینە ناو ڕەوتی جیهانیەوە. ئەو هەوڵانەی بەدرێژای دەیەی ڕابردوو لەم بوارەدا دراوە، زۆر گرنگ، سوودبەخش و ئەنجامی هەبووە. چونکە بەرهەمی ئەم هەوڵانە بۆتە هۆی ئەوەی گەنجان هۆگری ئەم بابەتانە ببن و زۆرتر گرنگی پێ بدەن.

 

وەک ئێوە گووتان ئەم هەوڵ و هۆگریانە چ لەناو تاکەکانی کۆمەڵگا، بەتایبەتی لاوان و چ لەناو ڕۆشنبیرانی ئەم نەوەیەدا دەبنینرێت، بەڵام بەڕاستی نەوەی ئەمڕۆ تاچەند بەدروستی لەم چەمکانە تێگەیشتووە، بە دەربڕینێکی دی ئەو چەمکانەی ئەمڕۆ بەهەر شێوەیەک بووە لە کۆمەڵگادا دەخرێنە ڕوو، تاچەند بە دروستی ناسێنراوون؟

ئەو چەمکانەی لە ڕۆژئاواوە هاتوون، لەهەر قۆناغەکدا بەجۆرێک ناسێنراوون، بۆ نموونە لە قۆناغی مەشروتیەت، وتەزا و چەمکی وەک پەرلەمان، ئازادیە فەردیەکان وبەشێوەیەکی سنووردار ناسران. لە قۆناغی دوایدا هەر ئەم چەمکانە لەگەڵ چەمکە تازەکانی دیدا کاتێک هاتنە ناو فەزای کۆمەڵگاوە، بە ئایدۆلۆژیا بارکران و لەبەر ئەم بارە ئایدۆلۆژیەش بە دروستی نەناسێنران. ئەگەر سەرنج بدەن ناساندنی مارکسیزم بە ئێران کەموکوڕ بوو، بەو مانایەی ئێمە زۆرتر مارکسیزمی ڕووسیمان ناسی. چەمک و ئایدۆلۆژیایەک کە هیچ گرنگی بە بەرهەم و بیروڕاکانی مارکس نەدەدا. ئەوەی سەیرە ئەوەیە بەرهەمەکانی مارکس هەنوکە و لە ئێستادا  جارێکی دی دەخوێنرێتەوە و سەرلەنوێ کەشف دەکرێتەوە. بەڵام لەو سەردەمەدا هیچ گوێیان بەم باسانە نەدەدا.

پاش ئەم ڕوتە دوورودرێژە ئەمڕۆ نەوەی چوارهەمی ڕۆشنبیران هەوڵدەدەن ئەم چەمک و بەرهەمانە بەدروستی بناسن و بەدروستیش بیناسێنن. لەبەرئەوە ئەمڕۆ کاتێک بیریارێک بۆ ناسینی فەیلەسوفێک یان چەمکێکی تازە قسە دەکات، ناتوانێت تەنیا ئەو شتانە بڵێت کە لای خۆی باش و دروستە، چونکە لەناو گوێگراندا کەسانێک هەن کە ئاشنای بابەتەکەن. و لێرەوە ڕەخنە لە هەڵەکانی دەگرن.

دیارە دەبێ بگوترێت کە لەگەڵ هەموو ئەم کارانەشدا، ئێمە هێشتا بە ئاستی جیهانی نەگەیشتووین، واتە بەپێچەوانەی وێنای هەندێکەوە زۆرێک لە بیریارانی کۆمەڵگای ئێمە کە کاری فکری و فەلسەفی دەکەن، بە هیچ شێوەیەک لە ئاستی جیهانیدا ناسراو نین، و تەنانەت کتێبێک یان وتارێکیان بە زمانی دەرەکی نیە. ئەمڕۆ بۆ بیریارێک ئەمە بە کەموکوڕی دادەنرێت.

گەر ئێمە دەمانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ دنیادا بکەین و بیروڕای خۆمان بخەینەڕوو  لەبەرامبەردا بیرکردنەوەی جیهان بناسین، دەبێت زمانی ئەوان یان لانیکەم زمانی فەرمی جیهان بزانین. ئێمە کاتێک نەتوانین گفتوگۆ لەگەڵ دنیادا بکەین، ئەوا ناتوانین لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆشماندا گفتوگۆ بکەین. ئەگەرچی ئەم کەموکوڕیانە هەیە، بەڵام نابێت ئەو کارانە لەبەرچاو نەگرین کە ئەنجام دەدرێن. بەهەرحال ئەمکارە سوودبەخش و ئەنجامی دەبێت. بەڵام چەند زیاتر لەبارەی مێژووی فەلسەفە، جیهانی ئەمڕۆ و بیری هاوچەرخەوە بزانین، و ئەم زانینەش بگوێزینەوە بۆ لاوان، ئەوا ئەو دەرفەتانە باشتر دەناسین کە بۆ گفتوگۆ دێتە پێشێ.

ئەگەرچی ناکرێت ئەم هەوڵانە لەبەرچاو نەگرین، بەڵام هەندێک جار هەندێک مەسەلە دەخرێنە ڕوو کە ئاماژە بۆ نەزانینی تاکەکان دەکات. بۆ نموونە هەندێک دەڵێن ئێمە لەبەرئەوەی مۆدێرن نەبووین، کەوابوو نابێت باسی پۆستمۆدێرنە بکەین. کەوابوو دەبێت سەرەتا مۆدێرن بین، پاشان بەرەو پۆستمۆدێرن بجوڵێین. جا ئێستا بەدەر لەوەی ئەم دیدە بۆ ڕەوتی مێژوو، خۆی دیدێکی مۆدێرنە، دەکرێت بپرسرێت ئایا بەڕاستی ئەم سەرلێتێکچونانە، ئاماژە نیە بۆ نەناسین؟

جوڵە و ڕەوتی فکر وەک سوار بوونی میترۆ نیە، واتە ناتوانرێت بگوترێت ئێمە ناچارین لە وێستگەی یەکەم تێپەڕین بۆ ئەوەی بە وێستگەی دووهەم بگەین. وەک ئێوە گووتان هەموو ئەم مەسەلانە لە فەزای مۆدێرنەدا ڕوو دەدەن. تەنانەت دەتوانرێت بگوترێت لەڕاستیدا پۆستمۆدێرنە لەڕووی ئەنتۆلۆجی و لۆژیکی خۆیەوە، لەناو چوارچێوەی سیستەمی مۆدێرنەدایە. دەبێت بپرسین ئایا ئێمە لەناو ئەم سیستەمی مۆدێرندا هەین یان نا؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە نێگەتیڤە. بەبڕوای من ئێمە لە هەلومەرجی نەریتی دابڕاوین، بەڵام هێشتا مۆدێرن نین. واتە لە ماوەی نێوان نەریت و مۆدێرنەدا وەستاوین. بەیەک شەویش ناکرێت ببی بە مۆدێرن. دۆخ و دەرکەوتەی ڕووکەشی ژیانی تاکەکان پێوەری مۆدێرن بوون نیە، چونکە کەسانێکی زۆر بە ڕوکەش و ڕوخساردا مۆدێرنن، بەڵام خاوەن هزرێکی مۆدێرن نین.

ئەگەر کۆمەڵگا بەدوای مۆدێرنەوە بێت و تاکەکانی بیانەوێت ببنە خاوەنی زیهنی مۆدێرن، دەبێت ئاگاداری چۆنێتی درووستبوونی سۆبژێکتی عەقڵ سەنەتریزمی مۆدێرن بن. و ئاشنای چەمکی تاکانەیی (فەردیەت) بن و بەشێوەیەکی گشتی نەخشەڕێگەی بەرگری لەمافەکانی تاکهاوڵاتی بزانن.

بەبڕوای من مەسەلەی عەقڵی ڕەخنەگرانە زۆر گرنگە. ئێمە لە کۆمەڵگای ئێراندا زۆر گرنگی بە عەقڵئامێری دەدەین، و لەبنەڕەتدا عەقڵانیەت وەک عەقڵئامێری دەناسین و بڕوامان وایە لەبەرئەوەی سوود لەم عەقڵە وەردەگرین، کەوابوو مۆدێرنین. ڤۆڵتێر، دیدرۆ، هیگڵ، کانت و زۆرێک لە فەیلەسوفانی مۆدێرنە، تەنیا دەرئەنجامی زانست و تەکنەلۆژیا نین، بەڵکو زۆرتر بەرهەمی بیری ڕەخنەگرانەی مۆدێرنەن. بیری مۆدێرن دەبێتە هۆی ئەوەی بەدیدێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری بونیادی سیاسی و سەرجەم کۆمەڵگا بکەین.

پێوەرەکان، سروشتەکان، ئەفسانەکان، دەبێت بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە بە هەموویاندا  بچینەوە.  لەم حاڵەتەدایە عەقڵی ڕەخنەگرانە دەبێتە بنەمایەک بۆ مۆدێرنە بوون. ئەگەر ڕاستگۆیانە تەماشای مەسەلەکە بکەین، دەبینین ئەمڕۆ تاکەکەسێکی زۆری کۆمەڵگا کە بەپێی پێوەرەکان و بەپێی ڕێساکان دەژین، بەهیچ شێوەیەک مۆدێرن نین. بۆ نموونە ئێوە لە ئاستی فەزای گشتی یان تایبەتیدا ئەم ئاراستە نامۆدێرنە دەبینن. زوربەی تاکەکان بەشێوەیەکی بەردەوام دەستدرێژی دەکەنە سەر مافە تایبەتی و گشتیەکانی یەکدی. فەزا تایبەتیەکان بەشێوەیەکی بەردەوام هێرش و دەستدرێژیان دەکرێتە سەر. ئەم کردارە لەسەر بنەمای پێشێلکردن و نادیدەگرتنی مافەکانی تاکەکان، بەڵگەیە لەسەر فەزای پێشمۆدێرن Per- modern.

تەنانەت پۆستمۆدێرنەش بەدوای نەفیکردنی مافە تاکەکەسێەکانەوە نیە. ئەپستیمی پۆستمۆدێرنیش تا ڕادەیەک ڕێز لە مافەکانی تاکەکان و مرۆڤەکان دەگرێت. ئەگەرچی پۆستمۆدێرنەکان ڕەخنە لە تەوەرە سەرەکیەکانی مۆدێرنە دەگرن، بەڵام بەدوای نەفیکردنی ئەم مەسەلانەوە نین، بەڵکو ئەویش بەجۆرێک لە جۆرەکان بەدوای بەهێزکردنی ئەم فەزا تەندروستەوەیە.

 

سەیر ئەوەیە هەندێک دەڵێن گونجانێکی تایبەت و فرەڕەهەندمان لەگەڵ پۆستمۆدێرنەدا هەیە، و بەجۆرێک دەڵێن پۆستمۆدێرنە بۆ کۆمەڵگای ئێمە گونجاوترە لە مۆدێرنە. ئایا ئێوە لەگەڵ ئەم بۆچونەدان؟

نەخێر بەهیچ شێوەیەک ناکرێت ئەم دیدە قەبوڵ بکرێت. ئێمە ناتوانین لەم دۆڵە باز دەین بۆ ئەو پانتاییە، چونکە دەکەوینە خواری خوارەوە. کۆمەڵگای ئێمە لەڕووی زیهنیەوە زۆر لە پۆستمۆدێرنەوە دوورە. ، واتە ئەوەی درز لەنێوان بیر و زیهنیەتی ئێمە و پۆستمۆدێرنەدا درووست دەکات، بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لێ ناکرێت.

ئایا ئەم ماوەیە هەمان مۆدێرنەیە. بەدەربڕینێکی دی مۆدێرنە ئەم ماوەیە پڕ دەکاتەوە؟

ئەم ماوەیە گەرچی مۆدێرنەش لەخۆ دەگرێت، بەڵام تەنیا کورت نابێتەوە بۆ ئەمە. ئەم ماوەیە درزێکە کە دنیای ئێرانی وەک دنیایەکی ڕۆژهەڵاتی بە تەوەرە تایبەتیەکانی خۆی، لە دنیای مۆدێرن و دنیای ڕۆژئاوا جیا دەکاتەوە. بەبڕوای من ناکرێت بەسەر ئەم دۆڵەدا باز بدەین، بەڵکو دەبێت پردێک درووست بکرێت، بۆ ئەوەی بە بنەمای پێناسەکراو لەم دۆڵە بپەڕینەوە. ئەم پردەش بەو هەوڵانەی کە لەسەرەوە باسمانکرد ( و ڕۆشنبیران ئەمڕۆ بەدوایەوەن) درووستدەکرێت. واتە ئەم درزە بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی تازە، مافە مەدەنیەکان، فەزای هاوڵاتی نوێ و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە پڕ دەکرێتەوە.

 

بەم ڕونکردنەوانە جیاوازی دیدی ئێوە لەگەڵ ئەو ڕوانینەدا چیە کە دەڵێت دەبێت سەرەتا مۆدێرن بین، پاشان بە پۆستمۆدێرن بگەین؟ پێدەچێت شێواز یان دیدی ئێوە بۆ مەسەلەکە جیاواز بێت، بەڵام دواجار هەر هەما دەرئەنجام بەدەست دێت کە ئەویش جوڵەی هەنگاو بە هەنگاوە لە ڕەوتی مێژوودا؟

نەخێر وانیە. من دەڵێم پێش ئەوەی بەدوای تەرتیبی نەریت، مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنەوە بین، دەبێت بەشێوەیەکی گەردوونی بیر بکەینەوە، چونکە ئەم سێ چەمکە بەشێوەیەی تەریب و لەپاڵ یەکدا هەن.

ئەوەی ئێمە بەم ئەنجامە دەگەیەنێت، زیهنیەتیێکی جیهانیە. واتە سیستەمێکی زیهنی کە تیایدا هەم مۆدێرنە هەبێت و هەم پۆستمۆدێرنە. بەدەربڕینێکی دی هەم دەستکەوتەکانی مۆدێرن بوونمان هەبێت، و هەم ئەو ڕەخنانەی ئاماژە بۆ قەیران و پێشهاتەکانی مۆدێرنە دەکەن. بەڵام گەر بمانەوێت بێ ناسینی دەستکەوتەکانی مۆدێرنە، ڕەخنەگرتن لێی بهێنینەوە و بەو پێیە کار بکەین، بەهیچ ئەنجامێک ناگەین. ئەمە درزێکە کە ناتوانین فەرامۆشی بکەین. ئێمە چۆن دەتوانین ڕەخنەی شتێک بکەین کە نایناسین؟ ئەمە تەنیا کۆپیکردنێکی سادە و بێ ئەنجامە. بۆ نموونە گەر ئێمە لە ئێران (لاس ڤێگاس) یان (دزنی لاند) درووست بکەین، ناتوانین هیچ گونجانێک لەنێوان ئەم دوو شوێنە و شوێنەکانی تردا درووست بکەین، دواجار وەک شتێکی کۆمێدی و گاڵتەجاڕیانە دەردەکەوێت. وەک چۆن هەندێکجار بە بێ ڕەچاوکردنی ئەم گونجانانە، وابووە. ئێمە دەبێت ڕەگی گەیشتن بە مەبەست بزانین. دیارە ئەمە ئەو دیدە وێستگەییە نیە کە پێشتر باسمکرد، بەڵکو ناسینی سیستەمی فکری ئەمڕۆی جیهانە، و جەختیش لەوە دەکەم کە ئەم سیستەمە جیهانیە هەم مۆدێرن، وهەم پۆستمۆدێرن و هەم پاش مۆستمدێرنیش لەخۆ دەگرێت. ئەم مەسەلانە بۆ هەموو دنیا لە ئارادایە، ئێمە دەبێت لەگەڵ ئەم ڕیتمە جیهانیەدا بەرەو پێش بچین. واتە ناتوانین هەم بەترپەی دڵی جیهانی و هەم بەترپەی دڵی ئێرانیەوە بژین. ئەم دوانە جیاوازن، ئێمە دەبێت بە دەستکەوتێکی جیهانی بگەین. لەم ڕەوتە تایبەتیەدا چەندان ڕەگەز لە زیهنیەتی ئێرانیدا هەیە (وەک هەر وڵات و کلتورێکی دی) کە کاتێک ڕووبەڕووی زیهنیەتی جیهانی دەبێتەوە، دەبێت پیاچوونەوەی بۆ بکرێت. لەم ئاراستیەدا دەسەڵاتخوازی ئەم زیهنەیەت کەم دەبێتەوە. ئێمە دەبێت ئەم دەسەڵاتخوازیە بخەینە لاوە و بەشێوەیەکی ئسوڵی ڕووبەڕووی مەسەلەکان ببینەوە.

 

ئەمە یەکێک لەو ئاراستانەیە کە لە کۆمەڵگادا دەخرێنە ڕوو. واتە دیدێک کە بەدوای بەجیهانیکردنی بیرکردنەوەیە. هەندێکی دی بەدوای خۆماڵیکردنی بیرکردنەوەوەن. دیارە هەندێکجار لە دیمەنێکەوە کە ناکۆک نیە بە دیدی ئێوە. بەڵام بەهەرحاڵ ئەم جیاوازیانە هەن. پرسیارەکەی من ئەوەیە ئایا یەکەم ئایا ئەم شتە مومکینە، دووهەم ئایا خوازرەوە یان نا؟

من بڕوام بە مۆدێرنە یان پۆستمۆدێرنەی خۆماڵی نیە. تەنانەت پێدەچێت ئەو کەسانەی ئەمجۆرە قسانە دەکەن، هیچ زانیاریەکیان لەبارەی ئەم چەمکانەوە نەبێت. ئەم تاکانە دەیانەوێت دیمەنێک لە دوو فەزای زیهنی ڕۆژئاوایی و ئێرانی بەدەستەوە بدەن. بەڵام پێناچێت ئەم دیمەنە ئەوەندە سەرکەوتوو بێت، واتە کاتێک دوو بیر کە هیج پەیوەندیەکیان بەیەکەوە نیە لێکدەئاڵێنین، بە ئەنجامێکی خوازراو ناگەین. ئەگەر مرۆڤی ئێرانی بیەوێت پابەند بێت بە مافە فەردیەکان و دۆخی مۆدێرنەوە، دەبێت پیاچونەوە بۆ زۆرێک لە پێوەر و سروشتەکان بکات، چونکە زۆرێک لەم بنەمایانە ناکۆکن بە و باسانە.

 

دیارە ئەم کەسانە بڕوایان وایە دەبێت بەناچاری نەریت و مۆدێرنە کۆبکرێنەوە، واتە تا ئەو جێگەیەی دەکرێت بە قازانجی نەریت کار بکرێت، نەریتی و تا ئەو شوێنەی دەبێت مۆدێرن بین بە قازانجی مۆدێرنە کار بکەین و دەبێت بەجۆرێک ڕەگەزە خودیەکانی ئەم دووانە لەیەکەوە بئاڵێنین؟

بەڵێ، وا دەگوترێت، بەڵام مەسەلەکە بەم ئاسانیە نیە. ئەمە کێشەیەکە ڕووبەڕووی ڕۆشنبیرانی دینیش دەبێتەوە. مۆدێرن بوون کۆمەڵێک پێویستی و ئەرکی هەیە، لەوانە بیرکردنەوەی ئازاد، سەربەخۆیی، قەبوڵکردنی فەزای زیهنی تایبەت، فەردانەیەت، سەنتەریزمی تاک هتد، لەو مەسەلە گرنگانەن کە ناتوانرێت چاوپۆشی لێبکرێت. بە گشتی کۆمەڵگا نەریتیەکان جیهان سەنتەریزمن. لەکاتێکدا کاتێک باسی مۆدێرن بوون دەکرێت، ئەم مەسەلە بونیادی و ئسوڵیانەش ئەکەونە ژێر پرسیار و ڕەخنەوە. بەبڕوای من ئەم دیدە خۆماڵی بوون یان خۆماڵیکردنی بیرکردنەوە، بێ مانایە. ئەوەی ئێمە ئاینی خۆمان بپاڕێزین، باسێکی ترە. چینیەکان و ژاپۆنیەکانیش ئاینەکانی خۆیان پاراست و دیارە ئەمرۆ مۆدێرنن. پاراستنی ئەم ئاین و ڕێوڕەسمانە لەگەڵ خۆماڵیکردنی بیرکردنەوەدا جیاوازە. بۆ نموونە دەتوانین لەگەڵ مۆدێرن بووندا چەژنی نەورۆز یان زۆرێک لە ڕێوڕەسمە دینیەکانی خۆمان بپارێزین. لەم حاڵەتەدا ئیتر کێشەی ئێمە گونجاندنی نەریت و مۆدێرنە یان تەنانەت پۆستمۆدێرنە نیە، بەڵکو گەیشتنە بەو عەقڵانیەتە ڕەخنەگرانە و زیهنیەتە ڕەخنەگرەیە.

لەڕاستیدا پێوەر و ڕێسای تازە، جێگەی پێوەر و رێساکانی دی دەگرێتەوە. بەهەرحاڵ ئەم مەسەلەیە ڕوودەدات.

لەم حاڵەتەدا دەکرێت پرسیارێکی نەریتیانە بکەین و بپرسین لەم ناوەدا نەریت چی لێ دێت؟

لێرەدا دەبێت جیاکاری لەنێوان نەریت و میراتدا بکەین. ئێمە ئەمڕۆ لە ئێراندا زۆر جەخت لەسەر نەریت دەکەین، بەڵام هیچ گرنگی بە میرات نادەین. لەبەرامبەر پرسیارەکەی ئێوەدا من دەپرسم ئەی میرات چی لێدێت. ئەوەی بەدرێژای کات بۆ هەر شارستانێتیەک دەمێنێتەوە، میراتی ئەو شارستانێتی و کلتوورەیە، نەک بە ناچار نەریتەکانی. بەگشتی نەریتەکان بەدرێژای مێژوو دەکەونە ژێر پرسیارەوە، بەڵام میرات وانیە. بۆ نموونە داڤینچی، مایکل ئەنجلۆ، مۆتزارت، بتهۆڤن و..هتد بەشێکن لە میراتی کلتووری مرۆڤایەتی شارستانێتی ئەوروپا. ئێوە ناتوانن بڵێن ئەم کەسانە یان زۆر کەسی تر تەنیا بەشێکن لە نەریتی ڕۆژئاوا.

ئێوە دەتانەوێت بڵێن ئێمە جیاکاریمان لەنێوان نەریت و میراتدا نەکردووە، یان ئەوەی لەمڕوەوە هەڵەمان کردووە. واتە لەبری پاراستنی میرات و ڕەخنەی نەریت، نەریتمان پاراستووە و ڕەخنەی میراتمان کردووە. مەبەستی ئێوە کامیانە؟

بەبڕوای من لەبنەڕەتدا ئەم جیاکاریەمان نەکردووە، و لەبنەڕەتدا ئەم جۆرە ڕوانینەمان بۆ بابەتەکە نیە. چونکە کاتێک ئەم جیاکاریە بکرێت، تێدەگەین لە هەمانکاتی مۆدێرن بووندا، دەتوانرێت میراتیش بپارێزرێت. واتە سەرەڕای هەبوونی فەزایەکی جیهانی و مۆدێرن، دەکرێت شوناسی خۆمان لەگەڵ میراتماندا بناسینەوە. چونکە مەسەلەی شوناس بە میراتدا دەناسرێتەوە نەک بە ناچاری بەهۆی نەریتە تایبەتیەکانەوە. چونکە نەریتەکان لە پێوەرەکان و ڕێساکان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە تایبەتەکان پێکهاتووە، کە بەهەرحاڵ لە ڕەوتی مێژوویی کلتورێکدا دەگۆڕێن و پیاچونەوەی بۆ دەکرێت. بەڵام میرات کە پایە سەرەکیەکانی کلتوور و شوناسێکی کلتووری پێکدەهێنن، بەگشتی دەمێننەوە. بۆ نموونە بۆ شوناسی ئێرانی (شانامە)، (حافز)، (مەولەوی)و ..هتد بەمیرات ئەژمار دەکرێن. ئەمە شتێکە کە زۆر کەڵکەڵیمان نیە، ئەمە لەکاتێکدا گەر جەخت لەسەر ئەم بەشە بکەین، زۆرتر و باشتر بە فەزای مۆدێرن دەگەین.

 

هەروەک پێشتریش ئاماژەتان بۆکرد، ئێمە لەماوەی نێوان نەریت و مۆدێرنەدا وەستاوین. ئەم ماوەیە وەک هەمان خەسڵەتی گواستنەوە پێناس دەکەن و دەڵێن ئێمە نزیک دوو سەد ساڵە لە دۆخی گواستنەوەداین. یەکەم ئایا بڕواتان بەم قۆناغی گواستنەوەیە هەیە یان نا؟ دووهەم ئایا بەم هەلومەرجەوە ئەم ماوەیە کۆتایی دێت؟

بەبڕوای من کۆمەڵگای ئێمە لە قۆناغی گواستنەوەدا نیە، بەڵکو کۆمەڵگایەکە لە ئالانگاریدایە لەگەڵ مەسەلەی ڕۆژئاوا و مۆدێرنە. واتە وەک چۆن گووتم لە ماوەی نێوان فەزای زیهنی خود و فەزای زیهنی مۆدێرندا بەسەر دەبەین. ئەمڕۆ هەموو ئەو ئالانگاریانەی مۆدێرنە لەگەڵ خۆیدا هێناوێتی و بەجۆرێک لە جۆرەکان بەرهەمێتی، لەوانە تەکنەلۆژیا (بەهەموو ئەو شتانەی لەلایەن پۆستمۆدێرنەوە ڕەخنە کراوە)، لەبەردەم زیهنیەتی ئێرانیشدایە. لەڕاستیدا مەسەلەکانی ئێران کاتێک دەستی پێکرد کە پاش جەنگەکانی ئێران و ڕووسیا، کۆمەڵگا بەشێوەیەکی زیهنی لەڕێگەی دەستەبژێرەکانەوە، ئاشنای ڕۆژئاوا بوو، پاشان بە هێنانی دەزگا مۆدێرنەکان تێکەڵاوی ڕۆژئاوا بوو. ئەم مەسەلەیە بۆ ئێمە چەندان ئالانگاری و قەیرانی درووستکرد کە دۆخی ئەمڕۆی بەمجۆرە لێکردووە. بۆ نموونە گەر سەیری فەزای بابەتی و تەنانەت زیهنی تارانی ئەمڕۆ بکەیت، دەتوانێت زۆرێک لەم ئالانگاری و قەیرانانە ببینیت. کەوابوو لە وێستگەیەکی تایبەتدا ڕەهەندی مۆدێرنە بۆ هەردوو ڕەهەندی ڕابردووی ئێمە زیاد بوو کە ئیسلام و کلتوری ئێرانە پێش ئیسلام. ئەمڕۆ ناسینی شوناسی ئێرانی لەسەر بناغەی سێ ڕەگەزی کلتووری بونیاد نراوە: کلتووری ئیسلامی، کلتووری ئێرانی و ئەوەی ناو دەنرێت کلتووری مۆدێرنە. بەجۆرێک کە لەسەرجەم ئێراندا تاکەکان ئاشنای زۆرێک لە دەرکەوتەکانی دنیای مۆدێرنی ڕۆژئاوایین. جا هەیە شەیدای بوون و بەدوای ئەوەوەن پەنای بۆ دەبەن، و هەندێکی دیش لە ڕۆژئاوا دەترسن و دەیانەوێت لێی ڕابکەن.

 

بەهەرحاڵ ئایا دەتوانین لەم ڕوبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ کلتووری مۆدێرندا ڕێگەی وا بدۆزینەوە لەم دۆخە ڕزگارمان بکات یان نا؟

ئەوەی ئێمە تا چ ئەندازەیەک دەتوانین لەڕووبەڕووبوونەوەی کلتووری مۆدێرندا ڕێگا بدۆزینەوە، مەسەلەیەکە کە دەبێت لێیبکۆڵینەوە، چونکە تەنیا لەم هەلومەرجەدایە ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن قۆناغی گواستنەوە کۆتای پێ دێت. تا ئەوکاتەی نەزانین دنیای مۆدێرنە و پێداویستیەکانی چیە، و ئاگاداری خاڵە لاواز و بەهێزەکانی نەبین، ئەوا توشی هەر ئەم قەیران و ئالانگاریانە دەبین. ئەوەی بە سەردەمی گواستنەوە ناسراوە، سەردەمێکە کە بەتایبەتی لەڕووی زیهنیەوە دەبێت بەجێبهێڵرێت، بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو پێوەرانەی کە ڕەهەندێکی جیهانیان وەرگرتووە، لە ئێران و بۆ شوناس و کلتووری ئێران بەدەزگایی ببن. واتە پەیوەندی کۆمەڵایەتیەکان، مەدەنی، مافەکان و شوناسی تاکەکەسی تایبەتی ئەم سەردەمە جێگیر بێت، بۆ ئەوەی لەم ئاراستەیدا ئەمجۆرە چەمک و میکانیزمانە ببنە جێگرەوەی پەیوەندیە دەسەڵاتخواز و تۆتالیتارانەی نەریتیانە. ڕەنگە بتوانرێت بگوترێت ئەم مەسەلانە و دوابەدوای ئەو، ئەم دۆخی گواستنەوە زەمەنیە کۆتای پێ دێت، کە ئێمە لە کۆیلەیەتی و شەیدابوونی عەقڵئامێری پەتی دێینە دەرێ و بە ناسینی جیهانی هاوچەرخ، ڕوو لە عەقڵی ڕەخنەگرانە بکەین و زیهنیەتی گونجاو لەگەڵ ئەم جیهانەدا، بە کۆمەڵگا بناسێنین، و هەوڵبدەین ئەم زیهنیەتە بەدەزگایی بێت و لەڕووی بابەتی و کۆمەڵایەتیەوە پەیوەندی نێوان تاکەکان باشتر بکەین.  ئەگەر ئەم ڕەوتە درووست ببێت، تاکەکەسی عەقڵ سەنەریزم درووست دەبێت و ڕەهەندە یاسایەکەی بەهێزتر و پڕ ڕەنگتر دەبێت و بەشێوەیەکی گشتی بارودۆخەکە دەگۆڕێت.

 

ئێوە ئاماژەتان بۆ ناسینی ڕەهەندە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکانی مۆدێرنە و بە گشتی بۆ کلتووری جیهانی کرد، لەوە ناچێت ئەم ناسینە بۆ گوڵچین کردنی ڕەهەندە پۆزەتیڤەکان و کەمکردنەوەی ڕەهەندە نێگەیتڤەکان بە سوودبەخش بزانن. بەهەرحاڵ دیدی بژاردەکردن بۆ ئەم بابەتە گەر خوازراویش بێت، لەبەردەست نیە، بەڵام لەبەرامبەردا ڕوانینی هەمەکیش کێشەئامێزە. لەو شوێنانەی کە بابەتێک کە گرفتار دەبین پێوەی مەسەلەی کۆمەڵگای ئێمە نیە، ڕووبەڕووی کێشە دەبینەوە و مەسەلەکە شکڵێکی کۆمیدی وەردەگرێت، دەبێت چی لەم مەسەلەیە بکرێت؟

بەڵێ، لەبنەڕەتدا ناکرێت دیدێکی بژاردەگەر بۆ مەسەلەکە هەبێت. بەڵام مەبەستی ئێوە لە بابەتێککە گرفتار دەبین پێوەی و ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە کۆمەڵگای ئێمەوە نیە، چیە؟

بۆ نموونە هەمان باسی (لاسڤێگاس) و (دریم لاند) یان لەباسی گونجانی بیرکردنەوە، بۆ نموونە کاتێک مارکس دەخوێنینەوە و دەمانەوێت کۆمەڵگا لەڕێگەیەوە بخوێنینەوە، ڕووبەڕووی کێشە دەبینەوە. چونکە ئێمە چینی کرێکارمان بە مانا مارکسیەکەی نیە . ئەم مەسەلانە لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ کاراییەکیان نیە، جۆرێک سیمای کۆمیدیش بە سەرجەم باسەکە دەبەخشن. لەگەڵ ئەم مەسەلانەدا دەبێت چی بکرێت؟

بەڵێ ئێمە لەم ڕوەوە ڕوبەڕووی کێشە دەبینەوە. ئەمەش ئەو بابەتەیە کە منیش جەختی لێدەکەمەوە، چونکە زۆرێک لەم باسانە ساختەیە. بۆ نموونە لینین و ترۆتسکی لە شۆڕشی ڕووسیادا بە سەبەتێک چەمکەوە لەکۆمەڵگادا بۆ گونجاندنی دەگەڕان. ئەوان دەیانگووت ئەم کەسە یان گروپە وردە بۆرژوان یان ئەوی دیان ناو دەنا پرۆلیتاریا. ئەم باسانە بەشێوەیەکی گشتی وەڵامدەرەوە نەبوون و لەگەڵ کۆمەڵگا و هەلومەرجەکەیدا نەدەگونجان. دواجار کارەکانی ئەوانیش سەرکەوتوو نەبوو. ئەم مەسەلەیە بۆ کۆمەڵگای ئێمەش ڕاستە. ئێمە عادەتی بە ئایدۆلۆژیاکردنی چەمکەکانمان هەیە، بەڵام وەک گووتم شەپۆلی چوارهەمی ڕۆشنبیران لە کۆتوبەندی ئەم باسە دەرچوون. لێرەدایە کە ئەو دیدە ڕەخنەگرانە و زیهنیەتە ڕەخنەگرە کارا دەبێت. ئێمە دەبێت ڕوو لەمجۆرە عەقڵە ڕەخنەگرانەیە بکەین. واتە زۆرێک لە پێوەرەکان، ڕێساکان و مەسەلەکان بۆ کۆمەڵگای ئێمە بابەتی نین، تەنانەت قابیلی باس و خستنەڕووش نین. بۆ نموونە شتێکی وەک (لاس ڤێگاس) و (دزنی لاند) ناتوانن لە کۆمەڵگای ئێمەدا درووست بن، یان تەنانەت ناوەندە بازرگانیەکانی ئێمە لەژێر ئەم هەلومەرجەدا ناتوانن وەک (مالەکانی) (Malls) ئەمەریکای باکوور بن. ئەمە ڕەهەندی بابەتی مەسەلەکەیە. لەڕەهەندی زیهنیەشەوە شیکردنەوەی چینی کرێکار وەک مارکس، بۆ ئێمە بێ مانایە، واتە ناتوانین لە ئێران ڕۆشنبیر و فەیلەسوفێکی وەک جان پۆل سارتەر و میشل فۆکۆ پەروەردە بکەین، چونکە نە کۆمەڵگا ئەمجۆرە کەسانە دەناسێت و قەبوڵدەکات، و نە زانکۆکان و پێگەی زانستی ئێمە ڕێگە بەکەسانی وا لەم پرۆژەیەدا دەدات. یەکێک لە کێشەکان لە زەمینەی پەروەردەی بیریار و ڕۆشنبیر بۆ ناساندنی ئەم چەمک و بابەتانە، مەسەلەی زانکۆکانی وڵاتە. پەروەردەکردنی بیریارانی وەک سارتەر، فۆکۆ، چۆمسکی و ..هتد، پێیوستی بە ناوەندە زانستیەکانی وەک ئۆکسفۆرد، هارڤارد، کەمبریچ، سۆربۆن و..هتد هەیە.  لە فەزایەکی داخراو و بەستوو دا ناکرێت بیرکردنەوەیەکی دینامیکی درووست بکرێت. بەڵام نابێت ئەم مەسەلەیە نائومێدمان بکات. ئێمە دەبێت لە هەوڵەکانمان بەردەوام بین. واتە هەوڵ بدەین وەک چۆن ئەم ڕەوتە درووست بووە، بەدوایدا بچین و ناسینی خۆمان پەرە پێبدەین.

سەرچاوە:

رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤