جەنگستان شانۆنامەیەک لە سێ پەردەدا

خوێندنەوەی: سەردەم

 

بۆ خوێندنەوەیەکی بەوەج و بابەتیانەی دەقی شانۆیی “جەنگستان”ی ڕزگار حەمەڕەشید، باشتر وایە لەو یادداشتە کورتەوە دەست پێ بکەین کە لەسەر لاپەڕەی تایبەتیی خۆی، لە ئەکاونتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە و نووسیویەتی:

“ئێوارانێکی درەنگ ئەی نیشتمان
من و تۆ و کەسیتر نا
بەیەکەوە تا سپێدە
ئاوێزانی یەکدی دەبووین

نەفرەتت لێ بێت

نە من تۆم هەیە و نە تۆش من
نە من تۆم هەبووە و
نە تۆش من

سلێمانی ١٩٩٤

یەکەم ئاربیجی شەڕی یەکێتی و پارتی ژوورەکەی منی گرت و کۆمەڵێك کتێب و ڕەشنووس و وێنە و ئەرشیفم سووتان. بە ڕێکەوتێکی سەرسووڕهێنەر خۆم بەر نەکەوتم.

ئەو ڕۆژە خۆمم ئامادە کردبوو بڕۆم بۆ وێزگەی نوێژین بۆ دیداری چەند هاوڕێیەکی شانۆکارم کە بە هاوبەشیی تیپی ٧ی ئازار پلانی شانۆگەری “جەنگستان”مان دادەنا. هەر ئەوەندەی ویستم لە ماڵ دەرچم تەقە دەستی پیکرد. پەشیوان بوومەوە و بڕیارمدا جارێ لە ماڵەوە بمێنمەوە.
ماڵمان لە گەڕەکی مەڵکەندی بوو، ژوورەکەی من لە نهۆمی دووهەم بوو، بەسەر گۆیژەدا دەیڕوانی، چوومە سەرەوە، لە ژوورەکەی خۆم کتێبێکم گرت بە دەستمەوە، کەمێك لەسەر قەرەوێڵەکەم دانیشتم. دەنگی تەقە بەتەواوی هەراسانی کردبووم.

چوومە خوارەوە بۆ هۆڵی دانیشتنەکە و لەوێ هەوڵمدا بخوێنمەوە، بەڵام بە هۆی تەقەکانەوە نەمدەتوانی سەرنجم لەسەر کتێبەکە کۆ بکەمەوە. بڕیارمدا بڕۆمەوە بۆ ژوورەکەی خۆم و چاوەڕێ بکەم کەمێك تەقەکان هێواش ببنەوە، قاچم لەسەر یەکەم قادرمە دانا و زرمەی تەقینەوەیەک ماڵەکەی هەژاند.

ماڵی دراوسێکەمان بە کۆرپەلەیەکەوە بە هەڵەداوان خۆیان کرد بە ماڵی ئیمەدا، دەنگی ئاربیجییەکە تەواو شپرزەی کردبوون. من و بەختیاری برام هێناماننە ژوورەوە، بەختیار خەریکی ئارامکردنەوەی ئەوان بوو.

من بۆکڕوزی کاغەزی سووتاو پەلکێشی کردم بۆ ژوورەکەی خۆم.”

ئەم کورتەنووسینە هەر دەڵێی کورتەفیلمێکی سەروەختی شەڕ، هەژان، ترسان، تۆقین، دەنگی تەقە و لەرزینی دیوار و دڵ و ڕاکردنی دایک بە کۆرپەلەوە و… حاڵەتێکی تەواو دراماتیک، کە چاوی هونەرمەندێک بینیویەتی و پاشتر گرتوویەتی. ئەمە نموونەیەکی گشتگیر و پانۆراماییە لە شەڕ، لە هیەر جێیەک و شوێنک بێت لەسەر ئەم گۆیە. بەڵێ، ئەمە یەکەم سات و دەستپێکی شەڕی ناوخۆی کوردە، پاش ڕاپەڕین. ئەو شەڕەی کە چارەنووس و ژیانی هەزارانی لەگەڵ خۆیدا فەوتان و سووتان. بەڵام پرسەکە ئەوەیە، وەک ئەدەب و هونەر، پاش نیشتنەوەی ئەم شەڕە، چی کەوتەوە؟ بەرهەمەکان کوان و کە هەشن لە چ ئاستێکن؟ لێرەدا ناچینە ئەو باسە قسەهەڵگرە، بە دوان لەم دەقە شانۆییە و مانەوە لە چوارچێوە و هێڵە سەرەکییەکاندا، دەتوانین چییەتی “جەگستان” دیاری بکەین و پێشمان وایە خودی ئەم دەقە شانۆییە کورتە، وەڵامە بەو پرسە و دەرچوونە لە سووڕی سڕبووی کارەسات لە نووسراوی کوردیدا.

دەقی “جەنگستان” لە نەوەدەکاندا نووسراوە، هەر ئەو کاتیش نمایش کراوە، بەڵام وەک چاپ درەنگ دەکەوێ، هێجگار درەنگ، ساڵی ٢٠١٦ لە “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە، چاپ و بڵاو دەبێتەوە. دەقەکە لە “سێ نەسک”ی بەرەودوایەک پێک هاتووە. لەمەبەدوا هەوڵ دەدەین بە وەستان لەسەر هەریەک لەو نەسک یان بەشانە، خوێندنەوەیەکی گشتگیر و بابەتی بۆ دەقەکە بکەین.

لە نەسکی یەکەمدا، شوێن وێستگەی شەمەندەفەرە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ. سێ کارەکتەر “ئازا، سیا و دانا” دەردەکەون. هەر سێکیان جلی سەربازیی شڕ و چڵکنیان لەبەر دایە. کات ئێوارەیەکی درەنگە. شەمەندەفەرێک تێپەڕ دەبێت و ئەمان لەو دەشتە بیابانئاسایەدا تەنیا و جێهێڵراو دەمێننەوە. سەرەتا “سیا” و “ئازا” دەردەکەون. سیا دەدوێ و ئازا زمانی شکاوە، ڕەنگە لە حەیبەت جەنگ! بە دریژایی نەسکی یەکەم هیچ قسەیەک ناکات. پاشتر کارەکتەری “دانا” دێتە ناو و هەواڵی “تەواوبوونی جەنگ” دێنێ. خەونی گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی و خۆشگوزەرانی و ژیانی پڕ لە ڕافەهەت بەیان دەکات. چەنەبازانە بازبازێن لە قسەکانیدا دەکات و دەبێتە هۆی وەڕزی دووەکەی دی. بێئاگا لەوەی کە چیدی هیچ شتێک نییە ئەوان لەو چۆڵەوانییە ڕزگار بکات و بیانباتەوە ناو ئەو شار و ژیانەی وا دەیڵێت، شەمەندەفەرەکە ڕۆیشتووە، ئومێدێک ئەگەر هەبێت نەماوە. ئەمەیە کارەسات! ئەم کارەساتە لە زاری سیاوە دەردەبڕدرێ و دەڵێت: “من هیچ تێنەگەیشتم، جەنگ چی بوو، بۆ دەستی پێ کرد و بۆ لەپڕ تەواو بوو؟” لە جێیەکی تریشدا دەڵێت: “ڕاوەستانی جەنگ لە ڕۆژگاری جەنگ ترسناکترە!” ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە جەنگ ئەم کەسێتیانەی گۆڕیوە، هیچ مانایەکی بۆ نەهێشتوونەتەوە، مەرگی هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانیان بە تەنیشتیانەوە، چێژی جوانیی ژیان و ژن و هەر شتێک کە هەیە، ورد ورد کوشتوویەتی لە ناویاندا. نەسکی یەکەم بە ڕۆیشتنی سیا بەسەر سککەی قیتاردا و جێهێشتنی دانا و ئازا کۆتایی دێت.

نەسکی دووەم گەڕانەوەی “ئازا”یە بۆ لای باوک و برا و گۆنای خۆشەویستی بەر لە جەنگی. بەشەڕهاتنی گۆنایە لەگەڵ ئازا، لەوەی کە بۆ نەیخواستووە و چووە بۆ جەنگ، ئازا دەڵێت کە حەزی بە چوون بۆ جەنگ نەکردووە و وەک هەزارانی تر بە زۆر ڕاپێچ کراوە، لە یەکتر ناگەن و لە ناحاڵیبوونیاندا لە یەک، ژیان لەت و وێرانتر دەبێت. ڕێکەوت نییە کە “ئازا” پاش گەڕانەوەی کەسێکی تێکشکاوی لێ داڕێژراوە، دژ بە ناوەکەی خۆی وەستاوەتەوە، ترسنۆک و نەوێرۆکە، تۆقیوە لە سێبەری شت و کەسەکان. “گۆنا”ش چیدی ئەوەی پێشوو نییە، ئەو مەحکووم بە ژیانێکی مەمرەومەژی کراوە، بە دیار باوکێکی نەخۆشەوە ڕۆژەکانی تێپەڕاندووە، ئەمیش وەک ئازا قوربانیی ناعەدالەتی ژیانە، قوربانی جەنگە بەڵام بە فۆرمێکی تر؛ دەیان و سەدان تۆمەتی خراپ دراونەتە پاڵی، وەک سۆزانی و ئافرەتی بەدڕەوشت ناوی براوە، دواتر بۆ ئازای ڕوون دەکاتەوە کە ئەوانە هیچیان ڕاست نیین، بەڵام وەک شتێک ڕاستی و درۆیینی ئەو قسانە ئیدی هیچێک لە هیچێک ناگۆڕن و هەموو ئەگەرێکی تێهەڵچوونەوە و دەستپێکردنەوە، گەیشتووەتە بنبەست. تەنانەت لەو جێیەشدا کە ئازا و گۆنا سێکس دەکەن، هەر دەڵێی خۆیان نا، بەڵکو دوو کەسی ترن دەجووڵێن و ئەمانیش زۆر سارد و بێهەستانە تەماشان دەکەن. کۆتایی ئەم بەشە تێکەڵبوونی دەنگی باوک، برا، ئازا و گۆنایە، کەس لە کەس ناگات، ئەمە یەعنی ڕۆژگاری پاش جەنگ.

نەسکی سێیەم و کۆتایی، نەسکێکی کورتە، دیمەنی یەکگرتنەوەی هەر سێ کارەکتەری نەسکی یەکەمە: سیا، ئازا و دانا لە سەروەختی گەڕانەوەیان بۆ بەرەی جەنگ. ئەوان پاش ئەزموونی گەڕانەوە بۆ ژیانی بەر لە جەنگ و بینینی شار و شوێنی پێشینیان، تێدەگەن کە چیدی ئەو ژیانەی ئەوان بیریان لێی دەکردەوە و سەر بە ڕابردوو بوو، فەوتاوە و لەبەین چووە، کەسەکان و شوێنەکان خاپوور بوون و جوانترین و ڕازاوەترین دیمەن و ژنیش، جگە لە وەهمێکی ترسناکی جەنگ، هیچی تر نییە. “سیا” کاتێک دەچێتە لای سۆزانییەک و سۆزانییەکە خۆی ڕووت دەکاتەوە، ئەم ئەندامەکانی وەک ئەندامی پەڕیوی خوێناوی هاوڕێکانی دەبینێ لە سەنگەرەکاندا، بۆیە بە خێرایی لەو جێیە هەڵدێ. دانا دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆیان، بۆ لای دایکی، نە ماڵێک ماڵە و نە دایکی، هەموو شت بووە بە خۆڵ و تۆز. ئازاش ڕوونە کە چی بەسەر هاتووە. کۆتایی دەقی شانۆیی “جەنگستان” پیربوونی “ئازا”یە، پیربوونێک بەر لەوەی فیزیکی بێت، دەروونییە.

ئەگەر بمانەوێ بەراوردێک لە نێوان ئەو یادداشتە کورتەی سەرەتا و دەقی شانۆییەکەدا بکەین، دەتوانین بڵێین کە لە یادداشتەکەدا ڕزگار حەمەڕەشید باس لە شەڕێکی واقیعی دەکات لە ژیانی هەمووماندا، ئەویش شەڕی ناوخۆیە لە نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا، لە دەقی “جەنگستان”دا بە ڕاستەوخۆی ئاماژە بۆ هیچ جەنگێک ناکات، ئەگەرچی زیاتر دەتوانرێ وەک جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران تەماشا بکرێ، لە هەردوو بارەکەدا گوتارەکەی ڕوونە، کە شەڕ و جەنگەکان ئینسان وێران دەکەن و ژیان لە ڕەوتی ئاسایی دەترازێنن، گوتنی ئەم گوتارە بە کەناڵێکی هونەری وەک شانۆ، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هونەر دەتوانێت لە هەمبەر واقیعدا بەرهەڵستی هەبێت.

هونەرمەند و نووسەر ڕزگار حەمەڕەشید لەدایکبووی سلێمانییە و لە نیوەی دووەمی هەشتاکانی سەدەی پێشووەوە هاتووەتە کاتەی شانۆ و سەرەتا وەک ئەکتەر و دواتر وەک دەرهێنەر، دەستبەکار بووە. ڕزگار حەمەڕەشید هەر لە سەرەتاوە بە گوڕوتینێکی جددییەوە هاتووەتە ناوەندەکە و ساڵانی پڕئەزموونی ئەم هونەرمەندەش، جەختی ئەو عەشقە قووڵەی ئەون. تا ئەو کاتەی لە سلێمانی و کوردستان بووە چەندان کاری شانۆیی و سیمناری ڕەخنەیی ئەنجام داوە، پاشتریش کە چووەتە دەرەوەی وڵات نەک دانەبڕاوە و سارد نەبووەتەوە، بەڵکو توانیویەتی لە ئاستی دەرەوەشدا، جێیەک و پنتێک بۆ خۆی بنەخشێنێت، تا ئێستا خاوەنی چەندین نمایش و بەشداری فیستڤاڵی شانۆیی و خەڵات و ڕێزلێنانە لە ئاستی دەرەوە و ناوەوەدا.

ئەم هونەرمەندە شانۆکارە جیا لە کارەکەی، توانیویەتی لە دنیای ڕۆمانیشدا جێدەستی دیار بێت، ڕۆمانی “زەریای تابووتە سپییەکان” تاقە ڕۆمانی چاپکراوی ئەوە، ئەگەرچی وەک پێویست نەخوێندراوەتەوە و هەڵوەستەی لەسەر نەکراوە، بەڵام بێ هیچ دوودڵییەک لە ڕۆمانە زۆر تایبەت و ناوازەکانی ئەدەبیاتی کوردییە. جیا لەوەش لەسەر پرسی هونەری، فکری، سیاسی و بابەتە هەنووکەییەکان بەردەوام قسەی خۆی هەبووە و هەیە.