رۆمانی شه‌ڕه‌كه‌ی ته‌ڕواده
نووسینی: تیۆدۆر كالیفاتیدێس
وه‌رگێڕانی له سویدییه‌وه: دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
ڕانانی: هه‌ورامان وریا قانع
ئه‌م ڕۆمانه یه‌كێكه له‌و كتێبه نایابانه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م بڵاویكردووه‌ته‌وه. ڕۆمانه‌كه به‌سه‌رهاتێكی مێژوویی دێرین ده‌گێڕێته‌وه، به‌سه‌رهاتێك هه‌ندێك به ئه‌فسانه و خه‌یاڵكرد ناوی ده‌به‌ن و هه‌ندێكی دی ده‌ڵێن له واقیعدا ڕوویداوه. ژماره‌یه‌ك مێژوونووس له‌و بڕوایه‌دان ڕۆمانه‌كه، زاده‌ی بیر و ئه‌ندێشه‌ی هۆمیرۆس-ی شاعیره و ته‌نها له خه‌یاڵدانی ئه‌ودا بوونی هه‌یه و ڕوویداوه. وه‌لێ ژماره‌یه‌كی دی پێیانوایه نه‌خێر ئه‌و جه‌نگه خوێناوییه‌ی له ڕۆمانه‌كه‌دا باسكراوه، جه‌نگێكی ڕاسته‌قینه‌یه و له‌سه‌رزه‌مینی كۆنی ئاسیای بچووك و له ده‌وروبه‌ری سنوری شاری ته‌ڕواده ڕوویداوه، شارێكی ئاوی گوایه خواوه‌ندی ده‌ریا “بۆسایدن” به هاوكاری خواوه‌ندی شیعر و هونه‌ر “ئه‌پۆلۆ” دروستی كردووه و شارێكی زۆر توند و سه‌ختگیر بووه.
خوێنه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا كه “تیۆدۆر كالیفاتیدیس” نووسیویه‌تی و دلاوه‌ر قه‌ره‌داخی، له زمانی سویدییه‌وه، به كوردییه‌كی پوخت و جوان وه‌ریگێڕاوه، له‌به‌رده‌م دوو جۆر له گێڕانه‌وه‌دایه: گێڕانه‌وه‌ی یه‌كه‌م له ئێستا و هه‌نووكه‌دا ڕووده‌دات كه ساڵی 1945 و كۆتاییه‌كانی جه‌نگی دووه‌می جیهانییه و شوێنی گێڕانه‌وه‌كه گوندێكی لا چه‌پی یۆنانه. گێڕانه‌وه‌ی دووه‌م بریتییه له گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژووی سێ هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، بۆ ئه‌و كاته‌ی یۆنانییه‌كان، بۆ كڕینه‌وه‌ی ناموس و هێنانه‌وه‌ی خانمه شۆخ و شه‌نگه‌كه‌یان هێلنیا، په‌لاماری شاری ته‌ڕواده ده‌ده‌ن و بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی ده ساڵ، له‌و په‌لاماردانه به‌رده‌وامده‌بن.
ئه‌گه‌رچی گێڕانه‌وه‌ی یه‌كه‌م، له‌سه‌ر زاری كوڕیژگه‌یه‌كی هه‌رزه‌كاره‌وه‌یه و ته‌مه‌نی ته‌نها پانزه ساڵێكه و خه‌ڵكی گونده یۆنانییه‌كه‌یه كه له‌لایه‌ن سوپای ئه‌ڵمانیاوه داگیركراوه، گێڕانه‌وه‌ی دووه‌م له‌سه‌ر زاری خانمه مامۆستایه‌كه‌وه‌یه كه هاتووه‌ته گونده‌كه تاكو منداڵانی گونده‌كه فێری زمانی یۆنانی بكات: چونكه وه‌ك خانمی مامۆستا به قوتابییه‌كانی ده‌ڵێت”یۆنانیبوون ئه‌وه‌یه ده‌بێ یۆنانی بزانیت”، (لێره‌دا و له‌سه‌ر هه‌مان ڕیتم ده‌كرێت بڵێین كوردبوون ئه‌وه‌یه زمانی كوردی بزانیت، نه‌ك ئه‌وه‌ی شانازی به‌وه‌وه بكه‌یت منداڵه‌كه‌ت ئینگلزییه‌كه‌ی زۆر باشتره له كوردییه‌كه‌ی).
ئه‌گه‌رچی زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ی یه‌كه‌م له ڕۆمانه‌كه‌دا، زه‌مه‌نێكی تازه‌یه و له ئێمه‌ی خوێنه‌ره‌وه نزیكه و؛ زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ی دووه‌م، زه‌مه‌نێكی زۆر كۆن و دێرینه و چه‌ندین سه‌ده‌ی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌شدا، هه‌ردوو گێڕانه‌وه‌كه باس له جه‌نگ و كوشتوبڕی مرۆڤه‌كان ده‌كه‌ن بۆ یه‌كتر. هه‌ردووكیان ئه‌و مه‌رگ و خوێنڕشتنه ده‌گێڕنه‌وه كه له دێرزه‌مانه‌وه و تا ڕۆژی ئه‌مڕۆش، به نێو مێژووی مرۆڤایه‌تیدا هاتووه و تا هه‌نووكه‌ش ڕانه‌وه‌ستاوه. هه‌ردوو گێڕانه‌وه‌كه، دیوه هه‌ره قێزه‌ون و ناشرینه‌كانی جه‌نگ ده‌خه‌نه‌ڕوو، گێڕانه‌وه‌ی یه‌كه‌م خوێنه‌ر له‌وه ئاگادار ده‌كاته‌وه كه ئه‌ڵمانه‌كان، له‌و گونده بچوك و ساده و خاكییه‌دا، چه‌ند دڵڕه‌ق و بێبه‌زه‌ین و چۆن كه‌وتوونه‌ته كوشتنی خه‌ڵكی بێ‌تاوان و گوناهی گونده‌كه، به‌تایبه‌ت پیاوان و لاوه‌كانیان. گێڕانه‌وه‌ی دووه‌م ده‌مانباته‌وه بۆ سه‌رده‌می نێزه و ڕم و گورز و شمشێر به‌ده‌سته‌كان كه جگه له كوشتن و سه‌ربڕین و ملپه‌ڕاندنی نه‌یاره‌كانیان، شانازییان به هیچ شتێكی دیكه‌وه نه‌كردووه. هه‌ردوو گێڕانه‌وه‌كه، پڕ پڕن له دیمه‌نی ناخ هه‌ژێن و حه‌سره‌تی دابڕان و ماڵئاوایی كردنی مێرد له ژنه‌كه‌ی، باوك له منداڵه‌كه‌ی، جه‌نگاوه‌ر له خۆشه‌ویسته‌كه‌ی، دایك له كوڕه‌كه‌ی، عاشق له مه‌عشوقه‌كه‌ی. به مانایه‌كی دی، كۆی ڕۆمانه‌كه باس له‌و چركه‌ساتانه ده‌كات كه جه‌نگ دێت و له‌گه‌ڵ خۆی جگه له وێرانه و خوێن و كوشتن هیچی دیكه نایه‌نێت. ئیدی مرۆڤه‌كان، ده‌بێت واز له هه‌مو شتێكی به‌نرخی ژیانی خۆیان بێنن و خۆیان فڕێده‌نه نێو ئاگری جه‌نگه‌كه‌وه، ئاگرێك بۆ ئه‌وه‌ی خامۆش نه‌بێت و نه‌كوژێته‌وه، تابێت پێویستی به ته‌رم و لاشه‌ی زیاتری كوژراوه‌كانه.
ئاشكرایه ساته‌وه‌ختی هاتنی جه‌نگ و به‌رپابوون و به‌رده‌وامبوونی، له ساته‌وه‌خته هه‌ره سه‌خت و دژواره‌كانی ژیانه، نه‌ك ته‌نها بۆ مرۆڤه‌كان، به‌ڵكو بۆ كۆی زینده‌وه‌ران و ده‌ریا و زه‌ریا و ڕووبار و دارستان و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی گۆی زه‌وی. هاتنی جه‌نگ و ده‌ستپێكردنی ته‌قه، فڕینی فڕۆكه‌ی جه‌نگی و بارینی یه‌كه‌م بۆمب، ته‌قینه‌وه‌ی یه‌كه‌مین ڕۆكێت و شكاندنی یه‌كه‌مین په‌نجه‌ره و سوتاندنی یه‌كه‌مین باخ و گڕگرتنی یه‌كه‌م دره‌خت و بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مین بۆنی بارود و كه‌وتنه خواره‌وه‌ی یه‌كه‌مین باڵنده و كوژرانی یه‌كه‌مین كه‌روێشك و ئاسك و … هتد، هه‌ر هه‌موی له ئه‌ستۆی ئه‌و جه‌نه‌ڕاڵانه‌یه كه حه‌ز به بینینی كه‌وتنی خانوو و مناره‌كان ده‌كه‌ن، دڵخۆشن به وێرانبوونی قوتابخانه‌كان و ده‌وار و كه‌پری نێو كێڵگه‌كان. ئه‌و مرۆڤانه‌ی جه‌نگ به‌رپاده‌كه‌ن و زینده‌گی پڕ ده‌كه‌ن له هاوار و ناڵه و زریكه و ته‌رم و لاشه‌ی بریندار، ئه‌وانه مرۆڤ نین و له ڕه‌وه گورگێكی برسی ده‌چن كه خوێنی ئاده‌میزاد تێریان ده‌كات.
ڕۆمانه‌كه كه پشكی شێری بۆ جه‌نگی ته‌ڕواده ته‌رخانكراوه و زۆربه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی باس له‌و جه‌نگه ده‌كات، وه‌لێ چ جۆره باسكردنێك! كاتێك خوێنه‌ر له میانه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی كتێبه‌كه‌وه، دكه‌وێته ناو جه‌نگه‌كه، وه‌ك ئه‌وه وایه خۆی به‌شداره و له‌ناو یه‌كێك له گالیسكه‌كا‌ندایه و به هه‌ردوو چاوی، دیمه‌نی ئه‌و كوشتوبڕینه ده‌بینێت كه له‌و گۆڕه‌پانه بێ كۆتاییه‌ی جه‌نگه‌كه‌دا ڕووده‌دات. نووسه‌ری ڕۆمانه زۆر به وردی و به دیقه‌ته‌وه، باس له‌و ده ساڵه ده‌كات كه تێیدا یۆنانییه‌كان، گه‌مارۆی شاری ته‌رواده‌یان داوه و به هه‌زاران شه‌ڕكه‌ر له هه‌ردوولا كوژراو و برینداربوون. خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كان و ڕۆچوونی به نێو قووڵایی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كاندا، هه‌ست ده‌كات بووه‌ته به‌شێك له‌و ڕووداوانه و له نزیكه‌وه، له‌سه‌ر گردێك، ته‌پۆڵكه‌یه‌ك، خه‌ره‌ندێك، گالیسكه‌یه‌ك ڕاوه‌ستاوه و له‌و ڕۆژی حه‌شره ڕاده‌مێنێت كه سوپای هه‌ردوولا، دژ به یه‌ك خولقاندوویانه. له‌و ته‌پوتۆز و غوباره ڕاده‌مێنێت كه گلانی ئه‌سپه‌كان و كه‌وتنی سوراره‌كان، دروستی ده‌كه‌ن. خوێنه‌ر هه‌ست ده‌كات گوێی له گرمه‌ی قه‌ڵغان و گورز و زرێكانه كه هه‌ندێكجار به‌ر یه‌كتر ده‌كه‌ون و هه‌ندێكجاری دی به‌ر سه‌ر سنگ و ناوشانی جه‌نگاوه‌ره‌كان ده‌كه‌ون. هاوار و ناڵه‌ی برینداره‌كان ده‌بیسێت كه یه‌ك دوای یه‌ك، قه‌مه و شمشێر و تاشه به‌ردیان به‌رده‌كه‌وێت و ده‌كه‌ونه سه‌ر زه‌وییه‌كه و چیتر كه‌سێك نییه به‌هانایانه‌وه بچێت و برینی خوێن لێڕۆیشتوویان ساڕیژ بكات. ده‌بینێت سه‌ربازی یۆنانی یان ته‌ڕواده‌یی، لایه‌ك له جه‌سته‌ی خوێنی لێده‌چۆڕێت و لاكه‌ی دیكه‌ی خه‌ریكی كوشتنی نه‌یاره‌كه‌یه‌تی. ده‌ستێكی په‌ڕیوه و به ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌ی شمشێر به ورگی دوژمنه‌كه‌یدا ده‌كات. چاوێكی له‌ده‌ستداوه و به چاوه‌كه‌ی دیكه‌ی نیشانه‌ی له هێرشبه‌ره‌كه‌ی به‌رامبه‌ری گرتووه‌ته‌وه. قاچێكی نه‌ماوه و به قاچه‌كه‌ی دیكه‌ی خه‌ریكی ڕاكردنه و ده‌یه‌وێت بگاته په‌نایه‌ك خۆی حه‌شار بدات. ڕمێك له دووره‌وه هاتووه و چه‌قیوه‌ته ناو شانی و كه‌وتووه‌ته سه‌ر زه‌وی، كه‌چی به سكه خشێ له هه‌وڵی خۆشاردنه‌وه‌یه له‌وه‌ی تیری زیاتر و رمی زۆرتری به‌رنه‌كه‌وێت. به‌ڵێ خوێنه‌ر له‌م جه‌نگه‌دا، مرۆڤ ده‌بینێت ملی په‌ڕیوه و هێشتا شمشێره‌كه‌ی ده‌ستی له هه‌وادا ڕاده‌وه‌شێنێت. به‌شێك له كۆئه‌ندمی هه‌رسی هاتووه‌ته ده‌ره‌وه و تێكه‌ڵ به خۆڵی سور هه‌ڵگه‌ڕاوی گۆڕه‌پانه‌كه بووه و كه‌چی هێشتا له په‌لاماردان و هێرشبردن نه‌كه‌وتووه.
من وه‌ك خوێنه‌رێك، به‌درێژایی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه و له‌و جه‌نگ و پێكداهه‌ڵپژانه‌دا، له ڕژاندنی ئه‌و هه‌مو خوێنه‌دا، له بینینی ئه‌و هه‌مو ئاگره‌ی له چه‌كه‌كانی هه‌ردوولاوه ده‌رده‌په‌ڕین و ته‌ڕ و وشكیان پێكه‌وه ده‌سووتا، لایه‌نگری هیچ به‌ره‌یه‌كی جه‌نگه‌كه نه‌بووم و بێلایه‌نانه لێمڕوانیوه. حه‌زم به بردنه‌وه‌ی ئه‌میان و دۆڕانی ئه‌ویان نه‌كردووه، شكستی ته‌ڕواده‌ییه‌كان و سه‌ركه‌وتنی یۆنانییه‌كان یان به پێچه‌وانه‌وه، بۆم گرنگ نه‌بووه. كاتێ ئاخم بۆ كوژرانی یۆنانییه‌ك هه‌ڵكێشاوه، بۆ كوشتنی ته‌ڕواده‌ییه‌كیش خه‌مبار بووم. سه‌روه‌ختێك جه‌نگاوه‌رانی هه‌ردوو لا، به‌سه‌لامه‌تی ده‌گه‌ڕانه‌وه ناو بنه و بارگه‌ی خۆیان و تێكه‌ڵ به ماڵباته‌كانیان ده‌بوونه‌وه، خۆشحاڵ ده‌بووم و پێم‌خۆش بووه ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه به‌سه‌لامه‌تی ماونه‌ته‌وه و له گۆڕه‌پان و قه‌راخی رێگاكاندا، نه‌بوون به خۆراكی دڕك و داڵ. به یه‌ك چاو و له یه‌ك دوورییه‌وه، له هه‌موانم ڕوانیوه و جیاوازیم نه‌كردووه له نێوانیاندا.
هه‌ست ده‌كه‌م هۆكاری ئه‌م بێلایه‌نییه‌ی من یان خوێنه‌ر، بۆ سه‌لیقه و شاره‌زایی نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به یه‌ك چاو له هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ی ڕوانیوه. فه‌زڵێ هیچ لایه‌كیانی نه‌داوه به‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌یاندا، به‌ره‌یه‌كی به ڕاست نه‌زانیوه و به‌ره‌كه‌ی دیكه به ناڕاست، به‌ره‌یه‌ك له‌سه‌ر حه‌ق بێت و ئه‌وی دیكه‌یان ناحه‌ق. له‌شكرێك خه‌تابار بكات و له‌شكرێكی دیكه بێخه‌تا. شه‌ڕكه‌رێكیان ئازا و ئه‌وی دیكه‌یان ترسنۆك. نووسه‌ر زۆر بێلایه‌نانه ته‌ماشای ئه‌و جه‌نگه‌ی كردووه، سۆزی به‌لای هیچ كامێكیاندا نه‌جووڵاوه و هه‌ردووكیانی به شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ له دوو لای ته‌رازووه‌كه داناوه. زۆر به وردی خۆی له‌وه پاراستووه ته‌رفگیری بكات، ئه‌م خۆپاراستنه و لایه‌ندارنه‌بوونه، له نووسه‌ره‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ خوێنه‌ر، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له جوانی ڕۆمانه‌كه و ڕاستگۆیی نووسه‌ر له خستنه‌ڕووی ئه‌و ڕووداوه مێژوییه ده‌رده‌خات.
ئه‌ڵبه‌ته هه‌مو ئه‌وه‌ی وایكردووه خوێنه‌ر ئه‌و هه‌سته‌ی لا دروست ببێت، جگه له بیرۆكه‌ی ڕۆمانه‌كه و بێلایه‌نی نووسه‌ره‌كه‌ی، وه‌رگێڕانه جوانه‌كه‌ی ڕۆمانه‌كه‌یه، ئه‌و زمانه كوردییه پوخته‌یه كه ڕۆمانه‌كه‌ی پێكراوه‌ته كوردی. سه‌ركه‌وتنی وه‌رگێڕانه‌كه، چێژێكی زیاتری به‌خشیوه به ڕۆمانه‌كه و وایكردووه خوێنه‌ر به ئاسانی ڕۆمانه‌كه بخوێنێته‌وه و له تێگه‌شتنیدا بۆ ڕووداوه‌كان و چۆنیه‌تی هه‌ڵكشانی جه‌نگه‌كان، هیچ گرفتێكی نه‌یه‌ته‌پێش.
ڕۆمانه‌كه له 2۳8 لاپه‌ڕه‌ی بچووك پێكهاتووه و له به‌رگێكی ڕه‌قی قه‌شه‌نگدا چاپكراوه‌وه و شایه‌نی خوێندنه‌وه‌یه، تیراژی 1000 هه‌زار دانه‌یه و نرخی 5000 هه‌زار دیناره.