نیرۆدا شاعیری خۆشه‌ویستی و شۆڕش له شیلی… ئایا ژه‌هرخوارد كرا
نیرۆدا شاعیری خۆشه‌ویستی و شۆڕش له شیلی… ئایا ژه‌هرخوارد كرا؟
په‌نجا ساڵ به‌سه‌ر مه‌رگی بابلۆ نیرۆدا دا تێده‌په‌ڕێت و تا ئێستاش مردنه‌كه‌ی بابه‌تێكی كراوه‌یه و دانه‌خراوه.
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
چوار دادوه‌ر و سێ تیم له شاره‌زایانی نێوده‌وڵه‌تی، ماوه‌ی زیاد له ده ساڵه، به‌دوای هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی شاعیره گه‌وره‌كه‌ی شیلی “بابلۆ نیرۆدا”دا ده‌گه‌ڕێن. ئاشكرایه نیرۆدا دوای تێپه‌ڕبوونی ته‌نها دوانزه ڕۆژ، به‌سه‌ر كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی جه‌نه‌ڕاڵ بینۆشێ، له یانزه‌ی ئه‌یلولی ساڵی 1973، له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی سانتیگۆ كۆچی دوایی ده‌كات. دواهه‌مین ڕاپۆرتی تیمی شاره‌زایانی نێوده‌وڵه‌تی كه ته‌كلیفكرابوون به‌دوای هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و شاعیره‌دا بگه‌ڕێن، باس له‌وه ده‌كات تا ئێستا ئه‌ندامانی ئه‌و تیمه، له‌سه‌ر مردنه‌كه‌ی نیرۆدا، نه‌گه‌شتوون به ڕێكه‌وتن. ڕاپۆرته‌كه ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ی ڕابردوو، گه‌شتووه‌ته ده‌ست دادگای شیلی، تا حوكمی كۆتایی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌ربكات. به‌ڵام برازایه‌كی شاعیر كه یه‌كێكه له‌وانه‌ی باس له ژه‌هرخواردنی نیرۆدا ده‌كات، ده‌ڵێت پوخته‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ی بینیوه و جه‌خت له‌وه كراوه‌ته‌وه هۆكاری مردنه‌كه‌ی بریتی بووه له ژه‌هر.
كاتێك نیرۆدا له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی سانتا ماریا كۆچی دوایی ده‌كات، له‌و ڕاپۆرته‌ی پزیشكه‌كان كه چاره‌سه‌ری نیرۆدایان كردووه، هاتووه هۆكاری مردنه‌كه‌ی بریتییه له تووشبوونی به شێرپه‌نجه‌ی پرۆستات و بڵاوبوونه‌وه‌ی. دوای مردنی، ته‌رمه‌كه‌ی به مه‌به‌ستی به‌خاك سپاردنی، گواستراوه‌ته‌وه بۆ ماڵه‌كه‌ی له دورگه‌ی ئیسلا نیگرا كه سه‌د كیلۆمه‌تر له پایته‌خته‌وه دوور بووه. گواستنه‌وه‌ی نیرۆدا بۆ نه‌خۆشخانه و پاشان گواستنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی بۆ شوێنی به‌خاك سپاردنی، له‌لایه‌ن شۆفێره‌كه‌ی “مانویل ئارایا” و ژنی سێیه‌می “ماتیلدی ئۆروتیا”وه ئه‌نجامدراوه.
ئه‌گه‌ری تیرۆركردن
به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبوونی سی و هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر مردنه‌كه‌ی، برازایه‌كی شاعیر بێده‌نگییه دوور و درێژه‌كه‌ی خۆی ده‌شكێنێت و ده‌ڵێت نیرۆدا ژه‌هرخوارد كراوه، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی له‌نه‌خۆشخانه ده‌رزییه‌كیان لێداوه و ده‌رزییه‌كه ماده‌یه‌كی نه‌ناسراوی تیابووه. هه‌مو ئه‌وه پێش مردنه‌كه‌ی به چه‌ند كاتژمێرك ڕوویداوه. دواتر پاڵپشت به‌و لێدوانه، حیزبی شیوعی شیلی كه نیرۆدا له ڕیزه‌كانیدا بوو، داوایه‌كی قه‌زائی پێشكه‌ش به دادگا ده‌كات، تاكو لێكۆڵینه‌وه له هۆكاری مردنه‌كه‌ی بكرێت. ئه‌م داوایه نزیكه‌ی 12 ساڵی خایاندووه و به چه‌ندین قۆناغدا تێپه‌ڕیوه، دواهه‌مینیان ئه‌مه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو بوو، تێیدا برازاكه‌ی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه نیرۆدا به چه‌كێكی بایه‌لۆژی تیرۆركراوه. برازاكه‌ی له‌م لێدوانه‌یدا، پشت به‌و ده‌رئه‌نجامانه ده‌به‌ستێت كه تیمی شاره‌زایان به‌ده‌ستیانهێناوه، ئه‌م تیمه دوای ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵێ شیكاری له تاقیگه‌ی دانیمارك و كه‌نه‌دا له‌سه‌ر به‌كتریای Clostridium botulinum))، ده‌ركه‌وتووه ئه‌م به‌كتریایه له یه‌كێك له ددانه‌كانی شاعیردا هه‌بووه و كاتێك هێشتا زیندوو بووه، به ده‌رزی لێیدراوه. له تاقیگه‌كه‌ی كه‌نه‌دا، پشكنین بۆ ددانێكی و ئێسقانێكی كه‌له‌سه‌ری نیرۆدا كراوه، له تاقیگه‌كه‌ی دانیمارك، پشكنین بۆ ئێسقانێكی ڕانی و یه‌كێك له كه‌ڵبه‌كانی كراوه. ئه‌نجامی هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه، ده‌ریانخستووه ئه‌و ده‌رزییه میكرۆباوییه له شاعیر دراوه.
ئه‌م ده‌رئه‌نجامانه كه له ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه، ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ی ڕابردوو، خرایه به‌رده‌ست خانمی دادوه‌ر “پاولا پلازا”، ئه‌م دادوه‌ره سه‌رپه‌رشتی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه ده‌كات كه تایبه‌ته به هه‌لومه‌رجی مردنی نیرۆدا. هه‌ر ئه‌م ڕاپۆرته‌یه وایكردووه برازاكه‌ی نیرۆدا، پێداگری بكات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ژه‌هر هۆكاری مردنی نیرۆدایه. به‌ڵام ئه‌م ڕاپۆرته كه پزیشكی شیلی خاتوو “گلۆریا ڕامیرێز” به هاوكاری تیمی شاره‌زایانی سه‌ر به حه‌وت نه‌ته‌وه‌ی جیاواز، نووسیویه‌تی، دادوه‌ری كێشه‌كه پاولا پلازا، بۆ ده‌ركردنی بڕیاری كۆتایی، ده‌توانێت پێیه‌وه پابه‌ندنه‌بێت. چونكه ئه‌و دادوه‌ره له‌سه‌ریه‌تی هاوسه‌نگی له نێوان بیروڕای پسپۆڕان و قسه‌ی ده‌یان شایه‌تحاڵی پێشتر كه له دۆسێی مردنه‌كه‌ی نیرۆدادا هه‌یه، بدۆزێته‌وه. یه‌كێك له‌و شایه‌تحاڵانه‌ی پێشتر، بریتییه له ده‌رئه‌نجامی ئه‌و پشكنینانه‌ی یه‌كه‌م تیمی پسپۆڕان، ساڵی 2013، دوای هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كه، له‌سه‌ر ته‌رمه‌كه‌ی نیرۆدا به‌ده‌ستیانهێناوه. له‌وێدا بیروڕاكان هه‌مویان كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به شێرپه‌نجه مردووه. شایتحاڵێكی دیكه، بریتییه له ڕاپۆرتی تیمی دووه‌می پسپۆڕانی نێوده‌وڵه‌تی ساڵی 2017، ئه‌م تیمه به‌كتریاكه‌یان له یه‌كێك له ددانه‌كانیدا دۆزییه‌وه و به‌دووریان زانی شێرپه‌نجه هۆكاری مردنه‌كه‌ی بێت، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌فاتنامه‌كه‌شی هۆكاره‌كه‌ی بۆ بوونی شێرپه‌نجه ناگه‌ڕێنێته‌وه. ئه‌م تیمه‌ی دوایی، پشكنینێكی جینائییان له‌سه‌ر قایشه‌كه‌ی نیرۆدا ئه‌نجامدابوو، به‌و ده‌رئه‌نجامه گه‌یشتن كه نیرۆدا له‌كاتی مردنیدا، كێشی دانه‌به‌زیوه و لاواز نه‌بووه، ئه‌گه‌ر هۆكاری مردنه‌كه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی گرێی شێرپه‌نجه بوایه، ئه‌وا كێشی داده‌به‌زی و لاواز ده‌بوو.
به‌ڵگه یان شایه‌تحاڵێكی دی كه خاتوو پلازا ده‌توانێت، پێش ئه‌وه‌ی بڕیاری كۆتایی له‌م كێشه‌یه‌دا بدات، پشتی پێببه‌ستێت، بریتییه له‌و توێژینه‌وه زۆرانه‌ی ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی ژه‌هرخواردن ئه‌نجامدراون، ئاشكرایه ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌ربازی بینۆشێی دیكتاتۆر، دوای مردنی نیرۆدا، له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی گازی “سارین” و به‌كتریای ژه‌هراوییه‌وه، چه‌ندین كه‌سی ئۆپۆزسیۆنی نه‌یاری ده‌سه‌ڵاتی ژه‌هرخوارد كردووه. خاتوو پلازا ساڵی 2020 دۆسێی لێكۆڵینه‌وه‌كانی سه‌باره‌ت به مردنی نیرۆدا، له دادوه‌ر “ماریۆ كارۆزا” وه‌رگرت، ئه‌م دادوه‌ره‌ی دواییان، 9 ساڵه سه‌رپه‌رشتی لێكۆڵینه‌وه جنائییه‌كان و ڕاپۆرتی پسپۆڕه‌كان ده‌كات، ئه‌م دادوه‌ره كاتێك له ساڵی 2010 بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌م دۆسێیه‌ی وه‌رگرت، یه‌كه‌م بڕیار كه ده‌ریكرد، بریتی بوو له به‌دواداچوون بۆ دوا ڕۆژه‌كانی ژیانی نیرۆدا، له ماڵه‌كه‌ی خۆی. واته پێش ئه‌وه‌ی بگوێزرێته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه كه تێیدا دوای چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م، كۆچی دوایی ده‌كات. ماریۆ كارۆزا ده‌ڵێت ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌و كاته‌دا كۆیكردبوونه‌وه، له‌و خه‌ڵكانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كردبوون، له نمونه‌ی خزمه‌كانی، ده‌رو دراوسێكانی، هه‌ندێك له‌و كرێكارانه‌ی سه‌ردانی ماڵه‌كه‌یان كردبوو، زانیارییه‌كان زۆر ناكۆكبوون له‌گه‌ڵ بارودۆخی ته‌ندروستی نیرۆدا، هه‌ر بۆیه ئه‌و زانیارییانه نه‌یگه‌یاندووه به هیچ ده‌رئه‌نجامێكی گرنگ و یه‌كلایكه‌ره‌وه.
به‌ڵام قۆناغی دووه‌می لێكۆڵینه‌وه‌كان، زیاتر فۆكسی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و كاته‌ی نیرۆدا له نه‌خۆشخانه بووه و تێیدا مردووه. له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا ده‌ركه‌وتووه “سێرجیۆ درابێر”ی پزیشك كه سه‌رپه‌رشتی چاره‌سه‌ركردنی نیرۆدای كردووه و ساڵی ڕابردوو كۆچی دوایی كردووه، ڕۆژێك به‌ر له مردنی نیرۆدا، نیرۆدای ڕاده‌ستی پزیشكێكی دیكه كردووه و ناوی پزیشكه‌كه و هه‌ندێك له خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی پزیشكه‌كه‌ی تۆماركردووه. به‌ڵام لیكۆڵینه‌وه‌كان و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و پزیشكه خرابوونه‌گه‌ڕ، هه‌ر هه‌مویان شكستیانهێنا و ئه‌و پزیشكه نه‌دۆزرایه‌وه. پارێزه‌ره‌كه‌ی “سیرجیۆ درابێر” باس له‌وه ده‌كات ئه‌و پێشتر ئه‌و پزیشكه‌ی كه ناوی هاتووه نه‌یبینیوه، وه‌لێ له‌و كات و ساته‌دا مه‌سه‌له‌كه‌ی به‌لاوه گرنگ نه‌بووه، چونكه وڵات به قۆناغێكی زۆر شپرزه‌دا تێده‌په‌ڕی، ئه‌مه به چه‌ند ڕۆژێك دوای كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه بووه. ماریۆ كارۆزا له ڕاپۆرتی دووه‌می و كۆتا ڕپۆرتیدا گه‌شتووه به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه “به‌دڵنیاییه‌وه نیرۆدا ڕۆژێك به‌ر له مردنی، ده‌رزی لێدراوه، به‌ڵام بێ ده‌ستنیشانكردنی جۆری ئه‌و مادده‌یه‌ی كراوه‌ته ده‌رزییه‌كه‌وه و له نیرۆدا دراوه”.
هه‌رچی قۆناغی سێیه‌می لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یه كه پێش هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر كۆتایی پێهاتووه و پشتئه‌ستور بووه به‌و لێكۆڵینه‌وه تاقیگه‌ییانه‌ی تیمێكی شاره‌زای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجامیانداوه، هه‌نووكه ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه، له‌به‌رده‌ست دادوه‌ر خاتوو “پلازا”دایه، دوا بڕیار له‌سه‌ر هۆكاری ڕاسته‌قینه‌ی مه‌رگی نیرۆدا، له‌به‌رده‌ست ئه‌م خانمه دادوه‌ره‌یه. نیرۆدا چ له ژیانیدا و چ له مردنیدا، هه‌میشه جێگای مشت‌ومڕ و قسه له‌سه‌ركردن بووه. وه‌لێ هۆكاره‌كانی مردنی هه‌رچییه‌ك بێت، وه‌ره‌مێكی شێرپه‌نجه‌یی بێت یان ژه‌هرێك بێت نه‌یاره سیاسییه‌كانی له‌ڕێگه‌ی ده‌رزییه‌كه‌وه لێیاندابێت، نه‌یانتوانی له جوانی شعیره به‌رز و باڵاكانی كه‌مبكه‌نه‌وه، شعیرێك گاربیل كارسیا ماركیز به مه‌حاڵ وه‌سفیكردوون و تا هه‌تا هه‌تایه به زیندوویی ده‌مێننه‌وه.
نیرۆدا، چالاكوانێكی چه‌پ و ئه‌دیبێكی گه‌وره بوو، ناوه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ڕیكاردۆ ڕییس باسولاتۆ بوو، زۆر زوو له كایه‌ی شیعردا ده‌ركه‌وت، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی نازناوی نیرۆدا بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێت، ناوی له ناوه‌نده ئه‌ده‌بییه‌كاندا ده‌هات. دواتر نازناوی نیرۆدا ده‌بێته ناوه دره‌وشاوه‌كه‌ی و ناوه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی داده‌پۆشێت و بگره كه‌س ناوه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی نازانێت. ئه‌و هه‌میشه لایه‌نگری هه‌ژار و زه‌حمه‌تكێشان بوو، له گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بیدا وه‌ك سمبولێكی دیاری چه‌پ، ناوبانگی په‌یداكرد.
هه‌ردوو توێژه‌ر “هندریك بۆینار”و “دیبی بۆینار” له زانكۆی “ماكماستر”ی كه‌نه‌دی، ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه كه نیرۆدا له‌كاتی مردنیدا، به‌كتریای (Clostridium botulinum) له له‌شیدا هه‌بووه. به‌ڵام جارێ هۆكاری مردنه‌كه‌ی نازانن. ئه‌و دوو توێژه‌ره له‌سه‌ر داوای دادگای شیلی، بۆ دیاریكردنی ئه‌وه‌ی ئایا نیرۆدا ژه‌هرخوارد كراوه یان نا، بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ كاریان له دۆسێی مردنه‌كه‌یدا كردووه. تا ئێستا گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی ژه‌هرخوارد كراوه، زیاد له ده ساڵه، له وڵاتی شیلی گریمانه‌یه‌كی گه‌وره‌و به‌ربڵاوه.
ماوه‌ته‌وه بڵێین نیرۆدا له 12 ته‌موزی ساڵی 1904، له گوندێكی بچوكی باشوری شیلی هاتووه‌ته دونیاوه. دوای له‌دایكبوونی، دایكی ده‌مرێت و له ئامێزی باوكی و ژنی دووه‌می باوكی گه‌وره ده‌بێت. نیرۆدا حه‌ز و ویستێكی چه‌پگه‌رایی هه‌بوو، خه‌مخۆری بۆ وڵاته‌كه‌ی و شه‌ڕی ناوخۆی ئیسپانیا، وایلێكرد به‌شداری كاری سیاسی بكات. له “هاوپه‌یمانی پێشكه‌وتنخوازی نیشیمانی” بووه به‌رپرس، ئه‌مه پێش ئه‌وه‌ی له‌ژێر كاریگه‌ری هاوسه‌ره‌كه‌ی، په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی حیزبی شیوعی شیلییه‌وه بكات. به‌ڵام دوای قه‌ده‌غه‌كردنی حیزبی شیوعی، نیرۆدا خۆیشارده‌وه و له‌به‌رچاوان ونبوو، تا ئه‌و كاته‌ی له ساڵی 1948 له وڵاته‌كه‌یه‌وه ڕایكرد بۆ ئه‌رژه‌نتین و له‌وێوه بۆ فه‌ره‌سا و ئینجا بۆ ئیتالیا، وه‌لێ ساڵی1953 گه‌ڕایه‌وه بۆ نیشیتمان.
دواتر خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی شیلی كاندید ده‌كات، به‌ڵام بۆ به‌رژه‌وه‌ندی “سلفادۆر ئالێندی” پاشه‌كشه ده‌كات و ئالێندی له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ساڵی 1970 سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستده‌هێنێت و نیرۆدا له پاریس ده‌بێت به باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی، هه‌ر له پاریس و له ساڵی 1971 خه‌ڵاتی نۆبل بۆ ئه‌ده‌ب وه‌رده‌گرێت. ڕۆماننووسی كۆڵۆمبی گابرێل گارسیا ماركیز له وه‌سفی نیرۆدا دا ده‌ڵێت: “باشترین شاعیری سه‌ده‌ی بیسته”. نیرۆدا له 23 ئه‌یلولی ساڵی 1973، واته ته‌نها دوای دوانزه ڕۆژ له كوده‌تاكه‌ی جه‌نه‌ڕاڵ ئۆگستۆ بینۆشێ له دژی سلڤادۆر ئالێندی كه هاوڕێی نیرۆدا بوو، نیرۆدا كۆچی دوایی ده‌كات. ساڵی 2017 شاره‌زایانی نێوده‌وڵه‌تی به كۆی ده‌نگ، گومانیان له چیرۆكه فه‌رمییه‌كه‌ی ڕژێمه سه‌ربازییه‌كه كرد، ئه‌وان دڵنیابوون له‌وه‌ی نیرۆدا به‌هۆی پێشهاته له ناكاوه‌كانی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌وه كۆچی دوایی نه‌كردووه. به پێی تیۆره‌ی ژه‌هرخواردنه‌كه‌ی، نیرۆدا ڕۆژێك پێش ئه‌وه‌ی بڕوات بۆ مه‌كسیك كه بڕیاریدابوو له‌وێ نیشته‌جێ ببێت و ڕابه‌رایه‌تی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن دژ به ڕژێمی بینۆشێ بكات، له ڕێگه‌ی ده‌رزییه‌كی ژه‌هراوییه‌وه مردووه.
سه‌رچاوه
1-الجزیرة نیت، 18-2-3 202
2-الشرق الاوسط، شوقی ئه‌لریس، یه‌ك شه‌ممه، 19 شوبات، 3 202