ڕێژیسۆر و نمایش لە سلێمانییەوە بۆ ستۆکهۆڵم

Loading

ڕێژیسۆر و نمایش

لە سلێمانییەوە بۆ ستۆکهۆڵم

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

“ئەزموون” ئەو ناوەیە کە کەسێک، لە هەر پێگەیەکدا بێت، ساڵانێک سەرقاڵ بە کارێکەوە دەبێت و پاشتر لە شێوەی نووسراوەیەکدا کە خۆبەخۆ دەچێتە خانەی “یادەوەری”یەوە، دەینووسێتەوە، یاخود گەر توانای نووسینەوەیشی نەبوو، ئەوا ڕەنگە بە شێوەی زارەکی باس لەو ئەزموونەی بکات، هەڵبەت لەو نێوانەشدا زۆرێک هەن بە هیچ کام لەو دوو ڕێگەیە ئەزموونەکەیان دەرنابڕن و بە مردنیان، ئەو ئەزموونە و گرنگییەکانی، لەبەین دەچن. لە نووسینەوەی ئەزمووندا وێڕای ئەوەی نووسەرەکەی کۆمەڵێک یادەوەریی خۆی لە فەرامۆشی و ونبوون دەپارێزێت، هاوکات بەو کارەش خزمەتێکی گەورە بە خوێنەران و کەسانێک دەکات کە لەو بوارەی ئەودا هەڵدەسووڕێن، ئەمە بۆ کایەی “ئەدەب و هونەر”، بە سەرجەم لک و پۆکانیەوە، بایەخەکەی چەند قات دەبێتەوە، هەر بۆیە خوێندنەوەی ئەو کتێب و نووسراوانەی بە ناوی “ئەزموون”ەوە بڵاو دەبنەوە، هێجگار گرنگن، بە تایبەت بۆ کەسانێک تازەکی دێنە ئەو بوارانەوە. بەڵام ئایا هەموو ئەزموونێک و یادەوەرییەک بە هەمان پێودانگ جێی بایەخن و شیاو بە خوێندنەوەن؟ بێگومان نەخێر، هەموو ئەزموونێک مەرج نییە سوودبەخش بێت، ئەزموونێک کە بێ ئەوەی تەنانەت کەسەکەش لە نزیکەوە بناسین دەزانین کە ئەزموونێکی بێخەوش و سەرڕاستی هەبووە لەو بوارەی وا کاری تێدا کردووە، بە تەماشاکردنی کارەکانیدا، بە سیڤی کەوتن و سەرکەوتندا دەزانین گەیشتووەتە پلەیەک و ئاستێک، کە نەک بە تەنیا لەسەر ڕووبەرێکت بچووک و دیاریکراو، بەڵکو توانیویەتی سنوور و جوگرافیا و پانتاییەکان ببڕێ و وەک ناوێکی درەوشاوە لەسەر لووتکەیەک ڕابوەستێت، لەوێوە، لەسەر ئەو لووتکە گەشەوە باس لە ئەزموونەکەی خۆیمان بۆ بکات، بێگومان ئەوە ئەو “ئەزموون”ەیە کە شیاو بە خوێندنەوە و لەسەر وەستانە.

کتێبی “ڕێژیسۆر و نمایش، لە سلێمانییەوە بۆ ستۆکهۆڵم” لە نووسینی شانۆکاری بەئەزموون فازیل جاف، لە نموونەی ئەو کتێبانەیە لە ڕێی جووڵاندن و بزوواندنی “یادەوەری”یەوە، ئەزموونێک دەگێڕێتەوە بۆمان لێوانلێوە لە ئومێد و وزە و هەوڵی بێ پسانەوە و ماندوونەبوون، تاکو گەیشتن بە خەونێک و ئاواتێک. ئەم کتێبە ساڵی ٢٠١٨ لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لەم کتێبەدا کۆشش و جۆششی سەرەتاکانی گەنجێک دەخوێنینەوە کە هەر لە سەرەتاوە چاوی لە جێیەکی تر و خاڵێکی تر بووە، بۆ بڕینی ئەو ڕێیە، لە دووتوێی لاپەڕە و دێڕەکاندا ئەو تەنگوچەڵەمانە دەخوێنینەوە کە هاتوونەتە ڕێی. “کۆڵنەدان” سەرناوێکی زۆ بەجێ و گونجاوە بۆ ئەو کاتەی دوایین دێڕەکانی ئەم “ئەزموون”ە تەواو دەکەین، کۆڵنەدانێک کە بەرهەمی ئارەقەڕشتنی ڕۆحە، ڕەنگە هەندێ جار سیزیفئاسا بێتە پێشچاو، بگوترێ ئەمە بۆ، ئەم گشتە ڕەنجە و ئەم ناڕەحەتیانە بۆ، بۆ دەبێت ئینسان نەسرەوێ و لە شوێنێکدا ئارام نەگرێ و وەک ئەوانی تر چێژ لە ژیانی هەرڕۆژەی خۆ ببات، بەڵام نا، مرۆڤ کە خەونی هەبوو ناتوانێت بسرەوێ، ناتوانێت ئارام بێت، بەڵکو خودی گەیشتن و بەدەستهێنانی ئەو خەون و ئاواتە ئامانجەکەیە و هەموو شتێکە بۆ ئەو. فازیل جاف لەم کتێبەدا ڕاستەوخۆ ئەوانە ناڵێت، بەڵام لە باکگراوندی کۆی وشەکانیدا ئەو پەیامە نوستووە، لە بونیادنانی کەسێتییەکەیدا، لە کارەکانیدا، لە بەردەوامیدا، لە نوچدانیدا، ئەوانە دەبینرێتەوە، هەر بۆیە خوێندنەوەی کتێبەکە سەرەڕای ئاشناکردنمان بە مێژوویەکی کەم-لەسەر-گوتراوی شانۆ لە کوردستان، کە دەیەی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی بیستە، هاوکات پەنجەرەی ئەزموونێکیش بە ڕووماندا واڵا دەکرێت، کە بەوپەڕی ئەڤین و تاسەوە بۆ کایەکەی خۆی، کە شانۆ و دەرهێنانە، دەجەنگێت و یەک یەک بەربەستەکان دەبەزێنێت.

کتێبەکە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی چل ساڵ لەمەوبەری نووسەرە، ئەوکات هەنگاوە یەکەمینەکانی خۆی لە شانۆدا هەڵناون، لە خۆپێگەیاندن و خۆدەوڵەمەندکردندا بووە بە هەموو کایە مەعریفەکان بە خزمەتی شانۆ و دەرهێنان.  

 

ستانیسلاڤسکی و مییرهولد

یەکێک لە لایەنە گەش و چێژبەخشەکانی ئەم کتێبە تێکەڵکردنی یادەوەری و تیۆرە، نووسەر بەردەوام لە نێوان کارە پراکتیکییەکان و هاوکات یادەوەریی ئەو ڕۆژانەدا لەگەڵ کەسەکان و ستافی شانۆکانیدا، هەوڵی داوە جۆرێک تیۆرسازییش بکات، بە واتایەکی تر لە ڕێی تیۆرەوە هەڵسەنگاندن بۆ یادەوەرییەکانی بکات. بەمەش هەم خوێنەر و هەم کەسانی شانۆکاریش بەرچاوڕوونییەکی زیاتریان لە کۆی ئەزموونەکە دەبێت. فازیل جاف لە زۆر جێی ئەم کتێبەدا بۆ نووسەرە گەورە جیهانییەکانی بواری شانۆ دەگەڕێتەوە، بە دیققەتەوە لەگەڵ بەرهەم و تێڕوانینەکانیدا مامەڵە دەکات، بۆیە دەبینین زۆر ناو هاتوون، کە تاکو ئەمڕۆش بەرهەم و بۆچوونەکانیان لە کایەی دەرهێنان و خوێندندا، برەویان هەیە، بە تایبەت دوو نووسەر ئەمپەڕ و ئەوپەڕی کتێبەکەیان داگیر کردووە، دوو نووسەر کە حزووریان لە بازنەی دەرهێنان و ڕۆڵی ئەکتەر و دەرهێنەردا زۆر ورد و بەجێیە، ئەوانیش “ستانیسلاڤسکی” و “مییرهولد”ن. لە یەکەم کاری جددیی خۆیدا، “پردی ئارتا”، کە ساڵی ١٩٧٨ لە سلێمانی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و نمایش کراوە، تاکو کارەکانی دواتری، هەوڵی داوە لەژێر ڕۆشنایی بۆچوونەکانی ئەو دوو شانۆکار و دەرهێنەرە گەورەیەدا تاوتووێیان بکات، لایەنە لاواز و سەرکەوتووەکانی ئەزموونەکەی خۆی بخوێنێتەوە، ئەو گرفت و کورتهێنانەی لەو دەمەدا تووشیان هاتووە، ئێستا لەژێر وردبینیی ئەو دوو نووسەرەدا هەڵبسەنگێنێت.

فازیل جاف لە گوزەری گێڕانەوەی یادەوەرییەکانیدا بەوپەڕی ئازایانەوە پێ لە هەڵە و پەڵەکانی خۆی وەک تازەکارێک لە بواری شانۆدا دەنێت، ئەمەش ڕاستگۆیی ئەم دەرهێنەرە دەردەخات، هاوکات ئەوەش دەسەلمێنێت هیچ ئەزموونێک بێ شکست و کەوتن و هەڵنووتان نابێت و ناکرێت. دیوێکی دیکەی ئەم گێڕانەوانە ئەوەیە ئەم هونەرمەندە بە عەشقێکی گەورە و قووڵەوە ئاوقای ئەم هونەرە بەرزە دەبێت، لەو تەنگەژە و چەڵەمانەی دێنە ڕێی و ڕێی پێ دەگرن، ناسڵەمێتەوە و تێیان دەپەڕێنێت، چونکە ئەو چاوی لە ئاسۆگەی بەرز و گەشە.

 

شێرکۆ بێکەس و محەمەد موکری

لە میانی گێڕانەوەی بە کاوەخۆیی یادەوەرییەکانییەوە، فازیل جاف کۆمەڵێک ناوی هونەرمەند و نووسەر و دیکۆراسیۆن و میوزیکدانەر، چ کورد چ بێگانە، دەهێنێت و شێوازی کارکردن و کاتیکردنیان لەسەر خۆی، دەگێڕێتەوە. بە گشتی لە هێنان و بانگهێشتکردنەوەی ئەو ناوانەدا خوێنەر دەتوانێت کۆمەڵێک سەرەداو گەڵاڵە بکات، کە لە بەراییدا بوونی جۆرێک لە کاری پێکەوەییە، کە چۆن کاری شانۆ کاری تاکەکەسی نییە و هەمیشە بە بوونی هاوبەشیکردن و پێکەوەیی کۆمەڵێک هونەرمەند و نووسەر و دەرهێنەر و… دەڕواتە پێش، خاڵێکی تر دەتوانین ئەوەی لێ هەڵبگۆزین ئەوەیە، کە مەرج نییە ئەو کەسانەی ئێمە کاریان لەگەڵ دەکەین هەموویان لە یەک ئاست و پێگەدا بن و وەکو یەکیش دڵسۆز و خەمخۆر بن، بۆیە دەبینین زۆر جار توندی و گرژی دروست دەبن، بەوەش لە کوالیتی کارەکە و سەرکەوتنی دادەشکێت، بگرە ڕەنگە هەر لە بنەڕەتەوە پەکی بخات و نەتوانێت بگاتە نمایش. فازیل جاف لە یادەوەریی شانۆیی خۆیدا بەر هەردوو تایپەکە کەوتووە، ئێمە لێرەدا نموونەیەک بۆ کاری پێکەوەیی سەرڕاستانە و ڕاستگۆیانە دەهێنینەوە، ئەویش کارکردنی ئەم دەرهێنەرەیە لەگەڵ هەردوو نووسەری دیاری ناو ئەدەبی کوردی؛ شێرکۆ بێکەس و محەمەد موکری.

کاری فازیل جاف لەگەڵ ئەو دوو نووسەرەدا لە یەکەم کاری شانۆییدایە، ئەویش “پردی ئارتا”یە، کە لە سلێمانی و بە هاوکاری تیپی نواندنی سلێمانی، نمایش دەکرێت، ئەم دوو نووسەرە ئەم دەقە شانۆییەی “جۆرج سیۆتۆکا”ی نووسەری یۆنانی وەردەگێڕن، دەتوانین بڵێین ئەم هەماهەنگییەی نێوانیان نموونەی لێک تێگەیشتن و سەرکەوتنە، بۆیە دەبینین کە دەنگدانەوەی ئەم نمایشە لەو ڕۆژگارەدا دەبێتە جێی مشتومڕ و کۆڕ و قسەی هەمەلایەن. دواتر ئەم دەرهێنەرە لە بەردەوامی ئەزموونەکەیدا چەند کاری تر، وەک وەرگێڕان، دەسپێرێت بە شاعیر شێرکۆ بێکەس و ڕوو لەو دەنێت تاکو هاوکاری بکات، ئەویش لە وادەی دیاریکراودا وەرگێڕانەکانی بۆ تەواو دەکات و پاشتریش سەرکەوتوانە نمایش دەکرێن. بێهۆ نییە کاتێک یەکەم لاپەڕەکانی ئەم کتێبەکە هەڵدەدەینەوە دەگەین بەم پێشکەشکردنە: “پێشکەشە بە گیانی: شێرکۆ بێکەس، کە بەڕاستی دراماتورگی ئەم قۆناغەی گەشتی ڕێژیسۆریم بوو، بە دڵ و بە گیانیش پاڵپشت و هاوکارم بوو.”

هەر لێرەدا دەتوانین بە ڕازی ژێرناوی ئەم کتێبە: “لە سلێمانییەوە بۆ ستۆکهۆڵم” بگەین: نووسەر سەرەتاکانی لە سلێمانییەوە دەست پێ دەکات و کاروانەکەی لە ستۆکهۆڵم درێژە پێ دەدات. بۆیە دەبینین بە وەفاوە ئاوڕ بۆ شاری سلێمانی و ئەو ساڵانە دەداتەوە، کە ئەمیان وەک دەرهێنەرێک بە خۆوە گرتووە. گرنگیشە ئەوە بزانین کە ساڵانی کارکردنی ئەم دەهێنەرە لەم شارەدا، ساڵانی هاتنە سەر حوکمی دەسەڵاتی بەعسە، ساڵانێک کە هەموو شتێک دەکەوێتە ژێر چاودێری و سانسۆر، ساڵانێکی تاریک و توولانی، فازیل جاف لە بەشەکانی کۆتایی کتێبەکەیدا لە یادگە و ئەوەی بەسەر خۆیدا هاتووە، بەشێک لەو تاریکایی و دژوارییەی ئەو ڕۆژانە دەگێڕێتەوە بۆمان.

ئەم کتێبە نموونەی ئەزموونێکی پڕ و ناوازەیە، خوێنەر دەتوانێت وەک دەقێکی تەواو ئەدەبی و لە بازنەی گێڕانەوەیەکی شێوە ڕۆماندا، چێژی لێ وەربگرێت.

ناردن: