عەبدولوەهاب ئەلبەیاتی تار و یادەوەری
عەبدولوەهاب ئەلبەیاتی
تار و یادەوەری
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (تار و یادەوەری) بابەتی کتێبەکە خۆنووسینەوەیە و دکتۆر (حامید ئەبوو ئەحمەد) لە شێوەی گفتوگۆ و پرسیاردا، شاعیری ناوداری عەرەب (عەبدولوەهاب ئەلبەیاتی) سەبارەت بە گەلێ پرسی جۆراوجۆر دواندووە، پرسیارەکان مەودا و پانتاییەکی فراونیان گرتۆتەوە و لە یەک پنتدا قەتیس نەکراوە، لە قۆناغ و سەردەمی منداڵییەوە دەست پێ دەکات و هەنگاو بە هەنگاو پەل دەهاوێت بۆ بابەتی کتێب و ئەزموونی نووسین و ئەزموونە جیا جیاکانی ژیان.
خودی (حامید ئەبوو ئەحمەد) لە پێشەکییەکی چڕوپڕدا گەڕاوەتەوە بۆ سەرەتای ئاشنا بوونی خۆی لەگەڵ عەبدولوەهاب ئەلبەیاتی، کاتێک ڕۆیشتووە بۆ وڵاتی ئیسپانیا: ئەو شتەی سەرەتا بەوەوە پەیوەستی دەکردم، بێجگە لەوەی کە شتێکم لە بەرهەستەکانیم لە ناخی خۆمدا وەک گەنجینە شاردبووەوە و فڕینێکیش بوو بە جیهانی ئەدەبی و شیعریی ئەودا، ئەو تایبەتمەندییە مرۆیی و کرانەوە زۆرەی ئەو بوو بۆ ئەوی تر، پارێزگاری کردنی بوو لەو بەها عەرەبییە ڕەسەنانەی وەکو جوامێری، وردی، سووربوون لەسەر کاتی چاوپێکەوتن، بە شێوەیەکی جیاواز لای ئەو وەزیر و پاسەوان، سەفیر و پیاوی ئاسایی شەقام، پیاوماقوڵ و هەژار وەکو یەکن، بەڵکو پیاوی ئاسایی سەر شەقام بە لای ئەوەوە زۆرتر گرنگە و سەرنجی ئەو ڕادەکێشن.
لەم کتێبەدا بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ژیانی ئەم شاعیرە گەورەیە و ئەزموونە شیعرییە مەزنەکەی تێکەڵ بە ژیانی هەژاران و هیوا و تەماکانیان بووە، لە شیعرەکانیدا گوزارشتیان لێ دەکات، لە کۆڕەکانیدا پارێزگارییان لێ دەکات، بۆ هەر کوێ بڕوات کێشەئ ئەوان لە ئەستۆ دەگرێت، ئەو وەکو ئەوان تاراوگەنشینە، یان بڵێ ئەوان لەگەڵ ئەمدا لە تاراوگەدان، هەر وەک خودی عەبدولوەهاب ئەلبەیاتی خۆی لە کتێبی (ئەزموونی شیعریم)دا دەڵێت: هەروەها هەستەکانی کۆن وایە، کە مرۆڤ لە دڵۆپێکی تاکوتەنهای باران دەچێت، بەبێ هیچ هاوکارییەک ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆی دەبێتەوە، هەروەها ئەو مرۆڤەی بە تەنها بە دەستەپاچەیی ڕووبەڕووی بەڵای بوونی خۆی دەبێتەوە، ڕەنگە ئەمە هەمان چەمکی ڕەتکردنەوەی بوونگەرایی بێت، چەمکی دووەمی ڕەتکردنەوەش بە مانا چینایەتییەکەی، کە پاڵەوانەکەی ئەو مرۆڤە هەژارەیە بە برسێتی و بێبەش و بە ڕەوتی ڕووبەڕووی ئەم ئاستەی ژیان بێتەوە، ڕەتکردنەوەی سێیەمیش بە مانای دوورخستنەوەی مرۆڤ لەو خاکەی، کە تیایدا لەدایک بووە و ڕەگی لەودا داکوتاوە.
ئەم سێ مانایەی نەرێ و نامۆیی لە شیعرەکانی ئەم شاعیرە گەورەیەدا هەن، هەر لە سەرەتاوە هەستی بە نامۆیی مرۆڤ کردووە لە جیهاندا، دواتر نامۆیی هەژاریی و تاراوگەکەی دۆزییەوە: پاشان دەبوو بۆ چەندین ساڵ بە ئەزموونی خودی دورخستنەوە و توولانەوەی هەر سێ ڕهەندەکەیدا تێپەڕ ببم… عەبدولوەهاب ئەلبەیاتی، باس لەوە دەکات کە سەرەتای ناسینی ئەو بۆ دنیا، لەو گەڕەکەی بەغداوە دەستی پێ کردووە کە ئەو تیایدا نەشونمای کرد، بە تەنیشتی مزگەوت و ئارامگەی شێخ عەبدولقادری گەیلانییەوە بوو کە یەکێکە لە سۆفییە گەورەکان: گەڕەکەکمان لێوانلێو بوو لە هەژار و ترساوەکان، ئەوانەی دێو دەستی لێ وەشاندبوون و فرۆشیار و کرێکار، بۆرجوازییە بچکۆلەکان و ئەوانەی کە لە گوندەکانەوە کۆچیا کردبوو، ئەم ناسینەش بوو بە سەرچاوەیەک بۆ یەکەمین ئازاری گەورەی من.
عەبدولوەهاب ئەلبەیاتی، لەم گفتوگۆیەدا باس لەوە دەکات کە ئەو کتێبانەی خوێندبوونیەوە، تینوێتی ڕۆحیان نەدەشکاند: جۆرە یارییەک بوو لە گەڵیاندا و هەندێک مەشقی زمانەوانیم لەسەر دەکردن، بە واتای ئەوەی هەوڵم دەدا لە ڕێگەی ئەو کتێبانەوە بە شێوەیەکی باش فێری زمانی عەرەبی ببم، دوای ئەوەی قورئانی پیرۆزم لە کتێبی بچکۆلە و سەرەتاییدا خوێند و چەند بەشێکیشم لێ لەبەر کردن، باری دەروونی بیۆلۆژیم لەو کاتەدا زۆر هەستەوەر و بریدار بوو، چونکە ئەو ئاژەڵەی لە ناوەوەمدا دەیلوراند، زۆر لەوە بەهێزتر بوو بەم کتێبە سادانە، یان ئەو کتێبانەی هێشتا لەو ئاوی زمان و توێکڵی ژیانەدا لە ململانیدا بوون کە تیایدا دەژیاین تێر ببن، بۆیە واقیعەکە لە کتێب گەورەتر بوو، لەو کتێبانە فراوانتر بوو، بۆیە من گەڕامەوە بۆ خوێندنەوەی سروشت و هەوڵدان بۆ کردنەوەی تەمومژەکانی زمانەکەی.
لە وەڵامی پرسیاری: ئایا یەکێتیی بوون یەکێتییەکی ڕۆشنبیریی جیهانی لەخۆ دەگرێت؟
عەبدولوەهاب ئەلبەیاتی گەورە شاعیر و ڕۆشنبیر، بەم جۆرە وەڵام دەداتەوە: ئەو ڕۆشنبیرییە زیندووە ڕاستەقینەی بەو پێیەی کارێکی داهێنەرانەیە کە ڕۆشنبیرییەکی ئینسانییە هەوڵی ئەم ئەرکە دەدات، هەر وەک ئەو هەوڵەی شاعیر لە بواری کارێکی داهێنەرانەدا بۆ یەکگرتن لەگەڵ خودی خۆی و ئەوانی تریشدا دەیدات، سۆفییەکان بە شوەی جۆراوجۆر و بە تایبەتیش لەیەکگرتنتی “من و تۆ”دا گوزارشتیان لێوە کردووە، ئەوەشی دەخەمە سەر کە هەموو ڕۆشنبیرییەک دوو ڕوومەتی هەیە، ڕواڵەتێکی هەنووکەیی کە نمایشی ئەو ماوە مێژوویی و جێگەیی ئەم یان ئەو ڕۆشنبیرییە، بە نەمان و لەناوچوونی بەکار دێت، ڕواڵەتێکی تر کە توانای بەردەوامی هەیە، ئەم ڕواڵەتەی کە توانای بەردەوامیی هەیە، هەوڵ دەدات لەگەڵ نەژادی خۆی، واتە ناوکی بوونی خۆی، ناوکی گەردوون، لەگەڵ هەبوونی داهێنان و هەبوونی ڕۆشنبیریدا یەک بگرێتەوە، ئیتر ئاوا ئەم ڕواڵەتە دەوڵەمەندە لە ئاسمانی زەمەنە جیاواز و شوێنە جیاوازەکاندا کۆ دەبێتەوە، هەر وەکو کۆبوونەوەی هەور بۆ دروستکردنی باران یەک دەگرن، هەر وەکو ئەو پەندەی کە دەڵێت بە تەنها هەورێک باران دروست نابیت، ئیتر یەکێتیی ڕۆشنبیرییەکانیش لەم گەڕانەوە دروست دەبێت کە بۆ دۆزینەوەی ئەوی ترە و لە باوەشگرتن و توانەوەیە لەودا.
هەر لە قۆناغی منداڵییەوە، بە لای عەبدولوەهاب ئەلبەیاتییەوە، گەشتکردن هەنگاوێک بوو بەرەو ئایندە، هەر وەک ئەو فاڵگرەی لە یەکێک لە چامەکانیدا نێو لەپی دەستی بۆ خوێندەوە و گوتی: “شارگەلێکی جوانی تر هەن”: چونکە من بینیم ناکرێت ببمە باڵندە و هەڵفڕم، بەڵام ڕووبار بەو توانستە زۆرەی کە هەیەتی بۆ گەشتکردنێکی بەردەوام، بەو نمایندەییە ژیانی کە لە مانا و ئاماژە و ئەفسانەوە نزیکترن بوون لە منەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی ئەم ڕووبارە بە کەنارەکانیەوە مەزنترین شارستانییەتی کۆنی پێش هاتنی ئیسلام دروست بووە، ئەویش شارستانییەتی ئاشوورییە، سەرەڕای ئەوەی کە شارستانییەتێکی سەربازی بووە و بە فتوحاتەکانی ناسراوەتەوە، بەڵام لە ڕێگەی قەراڵەکانییەوە گرنگیشی بەو گەنجینە ڕۆشنبیرییە داوە، کە ئەو گەل و شارستانییەتانەی پێش ئەوان لە حەوزی ئەم ڕووبارە و حەوزی ڕووباری فوراتی برایدا جێیان هێڵاوە، چونکە کتێبخانەکەی ئاشوربانیباڵ کە دۆزرایەوە نهێنیی هەموو ئەو گەلانەی لەخۆ گرتبوو کە بە هۆی ئەم کتێبخانەیەوە لە یادەوەریی مێژوودا مانەوە.
لە ڕاستیدا ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی بچووکی کتێبەکە، دەنا خوێنەر خۆی لە کاتی خوێندنەوەیدا پەی بە زانیاری و گەلێ نهێنی دیکەی ژیانی ئەم شاعیرە مەزنە عەرەبە دەبات و زیاتر ئاشنا دەبێت بە لایەنی ژیان و ئەزموونی نووسین و دونیابینی عەبدولوەهاب ئەلبەیاتی، سەبارەت بە کۆمەڵێک چەمکی گرنگی هەم کۆمەڵایەتی، هەم مێژوویی و ئەدەبی و ڕۆشنبیری.