بۆرخیس دەڵێت نووسین تەنیا خەونی ئاڕاستەکراوە
بۆرخیس
نووسین تەنیا خەونی ئاڕاستەکراوە
خوێندنەوەی: سەردەم
ئاشنابوون بە ئەزموونە گەورەکانی دنیا لە بواری نووسیندا، گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، هەر لەو ڕێگەیەوە خوێنەران و نووسەران دەتوانن لەو ئەزموونە گەورانە سوودمەند بن و ئاسۆ و دەروازەیەکی بەرینیان بەسەردا بکرێتەوە، بێگومان لە هەموو کۆمەڵگە و کولتوور و زمانە جیاوازەکاندا ئەم کارە لە ڕێی کەناڵێکەوە جێبەجێ دەبێت، کە ئەویش وەرگێڕانە، هەر بۆیە وەرگێران لە پێگەی خزمەتی کولتووردا، ئەگەرچی ڕیشە و مێژووییەکی دێرین و کۆنی هەیە، بەڵام بەردەوام نوێیە و هەردەم بە نوێیش دەمێنێتەوە، وەرگێڕان زەروورەتێکە کە کۆمەڵگەی زیندوو هەمیشە بە پڕۆژە کاری بۆ دەکات و ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەوڵی پەرەپێدان و سەرخستنیدا دەبێت. بێ هیچ گومانێک وەرگێڕان چەند کارێکی پرۆسەییە، دوو ئەوەندەش پڕۆژەییە، ئەمەش دەتوانین لە پلەی یەکەمدا بۆ خودی کەسێتیی وەرگێڕ بگێڕینەوە، بۆ ئاگایی ئەو دەربارەی کارەکەی، ئەوەش بە هەڵبژاردنی ئەو دەق و کتێبانەی کە وا بڕیارە ئەو لە زمانێکەوە بۆ زمانی دایکیی خۆی بیانگوێزێتەوە و وەریانبگێڕێت. ئەمەش ڕێک لەوێدا سەردەگرێ کە چەند بەپێی پێویستیی کتێبخانەکەی خۆی و لەپێناو دەوڵەمەندکردنی بە ئەزموونە ناوازەکانی دنیا، کار دەکات.
ئەدەبیاتی ئەمەریکای لاتین هەمیشە بۆ ئێمە و تەواوی دنیا میراتێک و پاشخانێکی دەوڵەمەند بووە، لەوێوە زۆر دەنگی نووسەری گەورە بە ئێمە گەیشتوون و دەگەن، بەڵام هێشتا ئەدەبیاتی ئەو وڵاتە بەرینە بەتەواوی نەگەیشتووەتە ئێمە، هێشتا زۆر نووسەر هەر نەناسراو ماونەتەوە، کە لە چاوەڕوانیی وەرگێڕی بەسەلیقەدان تاکو بە خوێنەرانیان بناسێنن. بێگومان هەوڵەکان لەو ڕووەوە جێی دڵخۆشی و دەستخۆشین، بەو هیوایەی کە لە داهاتووی دوور و نزیکدا لانیکەمی ئەو شاکارە گەورانەی ئەوێ کە هێشتا نەکراون بە کوردی، وەربگێڕدرێن.
خۆرخی لویس بۆرخیس یەک لە نووسەرە گەورەکانی ئەمەریکای لاتینە، ناوەکەی و بەشێک لە کارەکانی، ساڵانێکە بە خوێنەرانی کورد ئاشنایە، ئێستا هەر خوێنەرێک بیەوێ دەتوانێت بەشێکی گرنگ لە بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە مەزنە بە زمانی کوردی بخوێنێتەوە. ئەمەش زۆر گرنگە، چونکە ئەزموونی ئەم نووسەرە جیاوازە لەناو ئەدەبیاتی دنیادا، ئەزموونێکە گەردوونی، زۆر نزیکە لە ڕۆحی ڕۆژهەڵاتیی ئێمەوە، بۆ خۆی یەک لەو نووسەرانەیە بە عەشقەوە بۆ میراتی کەلەپووری ڕۆژهەڵات گەڕاوەتەوە، ئەو هەندێ جار، وەک لە هەندێ باسدا هاتووە، نووسەرێکە لە هەناوی “هەزار و یەک شەو”ەوە هاتووەتە دەر، بە وردی ئەدەبیات و مێژووی ئەم ناوچەیەی پشکنیوە، پاشتر لە فۆرمێکی ناوازەدا و لە چیرۆکە سەیروسەمەرەکانیدا بەیانی کردوونەتەوە. چیرۆکەکانی ئەم نووسەرە دەروازەیەکن بۆ جۆرێکی تر لە ڕوانین، جۆرێک کە دەگمەنن، دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاو دروست بکەن لەسەر ئەدەبیاتی دنیا.
بۆخیس لە ساڵی ١٨٩٩ لەدایک بووە، ساڵی ١٩٨٦ کۆچی دوایی کردووە، لە نێوان ئەو دوو مێژووەدا خەروارێک بەرهەمی ئەدەبی و لێکۆڵینەوە و پەخشان و شیعر و دەیان کاری جیاواز جیاواز هەن، کۆی هەموو ئەو کارانە ناوێك و نووسەرێک پێک دەهێنن و بەرجەستەی دەکەنەوە، کە بۆرخیسە، نووسەرێک کە خەیاڵی هێند بەرین و ناوازەیە، خوێنەر تووشی سەرسامی و پەشۆکان دەبێت، لەوەی کە چۆن نووسەرێک دەتوانێت لە ڕێی فەنتازی و خەیاڵەکانییەوە، تا جێیان و شوێنانێک بڕوات، کە دەگمەن ئەوە ڕووی دابێت. کاتێک لە هەناوی ئینجیلەوە، یان تەورات و قورئانەوە، کارەکتەرێک دەردەهێنێت و لە کۆنیی کتێبێکدا دەکەوێت بەسەر حەکایەتێکدا، تێهەڵکێشێک و تێکەڵەیەک بەرهەم دەهێنێت، کە هەم کلاسیکە، هەم مۆدێرن و ئەمڕۆییش. لەو چەشنە نووسەران هەن، بەڵام بێگومان زۆر کەمن، بۆرخیس سەرچەشنی ئەو کارلێکردنەی نێوان ئەدەبی کۆن و نوێیە، چیرۆکەکانی ئەو پردێکن لەو نێوانەدا هەڵبەستراون. ئەدەبیاتی ئەو گەیەنەری ئەو دوو دنیایەیە بە یەک.
کتێبی “بۆرخیس؛ نووسین تەنیا خەونێکی ئاڕاستەکراوە”، لە زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەم، بە ژمارەی ١٣، لە دووتوێی کتێبێکی بچکۆلەی ١١٧ لاپەڕەییدا، بە کۆمەڵێک نووسین، کە لە لایەن کۆمەڵێک نووسەر و وەرگێڕەوە ئامادە کراوە، لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ساڵی ٢٠١٧ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لە ڕێی ئەم کتێبەوە خوێنەر بە کۆمەڵێک لایەنی جیاواز لە ژیانی ئەدەبی بۆرخیس ئاشنا دەبێت، هاوکات لە ڕێی خوێندنەوەی کتێبەکەوە گەشتێک بە ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەی ئەم نووسەرەدا دەکات، کە لە منداڵییەوە دەست پێ دەکات و تاکو ڕۆژەکانی کۆتایی بەردەوام دەبێت. شێوەی کتێبە و بابەتەکانی بەو جۆرەن کە یارمەتی خوێنەر بدەن بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو وێستگە جیاوازانە ببینێت و بخوێنێتەوە، ئەگەر تەماشای پێڕستی بابەتەکان بکەین، ئەوا دەبینین کە کۆمەڵێک ناونیشان هاتوون، کە هەریەکە چمکێک لە ژیانی ئەم نووسەرە دەردەخەن. بابەتەکان بەم جۆرەن:
گوتەیەک بۆ بۆرخیس
بیۆگرافیی منداڵی، قوتابخانە و شیعر
شەمەندەفەری باتا کۆنیا
چاوپێکەوتنێکی بڵاونەکراوە لەگەڵ خۆرخی لویس بۆرخیسدا
ئایینی بوودا
لەگەڵ خۆرخە لویس بۆرخسیدا
نموونەیەک لە چیرۆکی بۆرخیس
بێگومان لە ناوەڕۆکی هەریەک لەو بابەتانەدا وێستگەیەکی گرنگ لە بۆرخیس دەبینینەوە، کە بە تێکڕاش کەسێتیی ئەدەبی ئەون. ڕوانینەکانی بۆرخیس، چ لە وتارەکانی، چ لە گفتوگۆ و دەقەکانیدا، سەلمێنەری ئەوەن کە ئەم نووسەرە خاوەنی دەنگ و ڕەنگی خۆی بووە، عاشقی کارەکەی بووە و بۆی ژیاوە. ئەگەرچی ساڵانی سەرەتای ئەم نووسەرە پڕبوون لە کەوتن و شکست، بەڵام بەردەم بووە و لەو نووسەرانەیە کە ستایش و پێزانینی ئەدەبیاتەکەی لە لایەن خوێنەرانییەوە، لە زۆر گۆشەی دنیا، پێی گەیشتووەتەوە و خۆشییەکەی چەشتووە.
وەک ئاشکرایە بۆرخیس لە هەڕەتی داهێنانەکانیدا بینایی لەدەست دەدات، کە ئەمەش میراتێکە لە خانەوادەکەیەوە بەمیش دەگات، ئەگەرچی بۆ کەسێکی هاوشێوەی بۆرخیس ئەمە لە قورسترین کارەساتەکانی ژیانیەتی، چونکە ئەو عاشقی خوێندنەوە و کتێبە، لەگەڵ ئەويشدا هەر بەردەوام دەبێت، چ لەسەر نووسین، چ لەسەر خوێندنەوە، کە بۆ هەردووکیان دایکی و هەندێک جاریش هەڤاڵە ژنەکانی، یارمەتی دەدەن.
بێگومان خەڵاتی نۆبڵ خەڵاتێکی گەورەی ئەدەبییە، بەڵام بەخشینی ئەم خەڵاتە لە زۆر بڕگە و ساڵدا، دەرهەق بە زۆر نووسەری گەورە، تووشی ناهەقی هاتووە، زۆرێک لەو نووسەرانەی سەبارەت بە بۆرخیس نووسیویانە، ئاماژەیان بۆ ئەم ناهەقییەی نۆبڵ دەرهەق بە بۆرخیس کردووە، بێگومان ئەوە ڕاستییەکی بەڵگەنەویستە کە بێبەشکردنی بۆرخیس و نووسەرانێکی هاوشێوەی وەک ئەو، نیاز و سیاسەتیی نۆبڵ دەخاتە ژێر گومان و پرسیارەوە.
کتێبی “بۆرخیس؛ نووسین تەنیا خەونێکی ئاڕاستەکراوە” دەرگایەک بۆ خوێنەر دەکاتەوە، دەیباتە جیهانی ئەو نووسەرە مەزنە و بە کۆمەڵێک ڕوانینی ئاشنا دەبێت، کتێبەکە لە هەر لاپەڕەیەکیدا چێژێک و خۆشییەک بە خوێنەر دەدات، بێگومان ئەم کتێبە هەموو دنیاکەی بۆرخیس نییە، بەڵام خوێنەر دەتوانێت لێرەوە درێژە بە سەفەرێکی توولانی لەگەڵ ئەو نووسەرە و داهێنانەکانیدا بدات، ببینێت چ دنیایەکی ڕەنگاڵەیی خولقاندووە.