سێ توێژینەوەی گرنگ دەربارەی شیعری بێسارانی

سێ توێژینەوەی گرنگ دەربارەی شیعری بێسارانی

ڕانانی: سەردەم

 

یەکێکی تر لە کتێبە باش و دەگمەنەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (دەربارەی شیعری بێسارانی) ئەم کتێبە لە لایەن (ئەنوەر قادر محەمەد)ەوە نووسراوە و لە سێ توێژینەوە پێک هاتووە بە ناوەکانی: مۆتیڤی پاییز لە شیعرەکانی بێسارانیدا، سیمبۆلی دیاردەکانی جوانیی ژن لای بێسارانی، لە نێوان تێکستە شیعرییەکانی بێسارانی و مەولەوی تاوگۆزیدا.

بێگومان نووسەری ئەم کتێبە بۆ خۆی کەسیکی ڕووناکبیر، ئەکادیمیست و شارەزای شیعری نوێ و کلاسیکە، هاوکات خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی دانسقە و ناوازەیە لە بواری توێژینەوەی ئەدەبی و شیعریدا، نووسەری ئەم کتێبە، لە دستپێکی کتێبەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە یەکێک لەو دیالیکتە کوردییانەی بەشێکی بەنرخی کەلەپووری مێژووی ئەدەبی کوردیی پێ نووسراوە، دیالێکتی گۆرانی (هەورامی)یە، کە چ لە ڕووی دەوڵەمەندی و چ لە ڕووی دێرینییەوە دیرگەیەکی بنەڕەتیی ئەدەبی کوردییە: کەلەپووری دیالێکتی گۆرانی (هەورامی) هەر لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمەوە، لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسانی ئەروپاییەوە بایەخی پێ دراوە و لێی کۆڵراوەتەوە.

نووسەری ئەم کتیبە لە توێژینەوەی یەکەمی کتێبەکەیدا بە ناونیشانی (مۆتیڤی پاییز لە شیعرەکانی بێسارانیدا) هەوڵی داوە چەردەیەک لە تایبەتمەندییەکانی لیرکی ئەو شاعیرە نیشان بدات، بۆ نموونە هەڵوەستەی لەسەر بونیادی شیعرەکانی کردووە کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە چوار تەوەر پێک دێن: بێجگە لەم تایبەتمەندییە بونیادیانەی باس کران، شیعرەکانی بێسارانی وەک شیعری هەورامی بە گشتی، ڕواڵەتی جیاوازی خۆیان هەن، لەوانە سەرەتاکانی بە: ئارۆ، ئیمشەو، چراغ… هتد، دەست پێ دەکات، ئەمەش وردەکارییەکی کۆنکرێتی و هونەریی دەڕەخسێنێ، کە سەرنج و زەینی خوێنەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

توێژەر، لە یەکێک لە توێژینەوەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبەدا ئەوەی خستووەتە ڕوو کە بێسارانی توانیویەتی لە هەندێ کەرەسە و وشە و دەربڕینی دیاریکراو، دنیایەکی شیعری بخەمڵێنێ، کە ڕەنگن و جۆراوجۆری پێوە دیارە، ئەمەش دەسەڵاتی هونەریی شاعیر دەردەخەن، چۆن بە چەرەدەیەک وشە و سیمبۆڵ، ئەزموونی جیاجیای خۆی دەربڕیوە و مۆدیلاندوونی: هەروەها بە چاوی نیگارکێش و هونەرمەندێکەوە لە دەوروبەر و شتەکانی ڕوانیوە، وەک ئەوەی یەکەم جار بێ بینیبێتنی، شتەکان ئەرکی هونەری دەگرنە ئەستۆ و هەر (شت)نین، کە وێنەی فۆتۆگرافیی ڕووتیان کێشرابێ و واتابەخشن، جاری واش هەیە بێسارانی، وێنەیەک دەکات بە بنەما  و وەک موتوربەکردنی درەختێک کە چەند خەڵفێکی لێ دکەوێتەوە.

بێسارانی مەلا مستەفا، کوڕی مەلا قنی تۆڵەکە، کوڕی مەلا شەمسەدین، لە ساڵی ١٠٥٣ی کۆچی (١٦٤٣ یان ١٦٤٤) لە گوندی بێساران لە ناوچەی ژاوەرۆ (ئێستا لە شارستانی سەوڵاوا دایە) لەدایکبووە. سەرەتا لای باوکی و پاشان لە نۆدشە و پایگەلان و سنە، وانەی مەلایەتیی خوێندووە. لە سنە ئیجازەی دوازدە زانستییەکەی مەلایەتیی وەرگرتووە و بە «مەلا مستەفای بێسارانی» لەناو خەڵکدا ناسراوە، وەک شاعیریش «بێسارانی» بووە بە نازناوی شیعری. دوای وەرگرتنی ئیجازە گەڕاوەتەوە بۆ بێساران و لەوێ دەستی بە دەرس وتنەوە کردووە.

بێسارانی زۆربەی ژیانی فەقێیەتی لە پایگەلان بەسەر بردووە. بەڵام لە دوای تەواوکردنی خوێندن، بە یەکجاری لە بێساران نیشتەجێ بووە و خەریکی مەلایەتیی بووە.

ئەم شاعیرە لە ساڵی ٢٠٢٢ی کۆچیدا (١٧٠١ یان ١٧٠٢) لە گوندی بێساران کۆچی دواییی کردووە و لەسەر وەسیەتی خۆی، لە گۆڕستانی پیرە ھەژار لە نزیک سەوڵاوا نێژراوە.

شیعری بێسارانی لە سەر کێشی بڕگەیی و بە شێوەزاری ھەورامیی نووسراوە و ئەمە نموونەیەکەیەتی:

چلێ به‌ پـــــــــه‌نا چلێ به‌ پــــــه‌نا

چلێ چون ڕه‌قیب مه‌دران به‌ په‌نا

هورئامان مه‌دران نه‌روی ته‌مه‌ننا

مه‌رباد به‌ قودره‌ت بده‌رۆش فه‌نـا

وه‌بار قــــــودره‌ت له‌ تار له‌ تار بۆ

نمــــــــاز و بالای قیبـــــله‌م دیار بۆ

بســـــوۆزی باهه‌ر بازدیی ســه‌حه‌ر

ریشه‌ش جه‌ زه‌مین به‌ربارۆ وه‌به‌ر

تا بالای قیبله‌م چون شه‌مع خانان

بویـــنۆ وه‌چـــــه‌م نه‌ به‌رزه‌ بـــانان.

هەر وەک لە سەرچاوەکاندا ئاماژەی پێ کراوە، ئه‌م شاعیر مه‌زنه‌، واته‌ سه‌یدا بیسارانی، مامۆستایه‌کی زاناو بلیمه‌ت و زۆر به‌ توانا بووه،‌ ده‌توانین بڵێن که‌ ئه‌و زاته‌ گه‌وره‌یه‌ دڵدارێکی دڵ پر جۆش و هەستێکی پاک وبێگه‌ردی زۆر بەرزی هه‌بوه ‌و فه‌یله‌سوفێکی ئاینی بووه‌، و‌ دیوانه‌ نایابه‌که‌ی پڕ له‌ هه‌ستی ناسک وجوان و مانای قووڵ و ته‌ژی له‌ خۆسه‌ویستی و پێدا هه‌ڵگوتن بووه‌.

لە کتێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی) دا، سەبارەت بە بێسارانی، عەلائەدین سەجادی، نووسیویەتی:

بێسارانی مەلایەکی زۆر باڵا بووە، پاشماوەی ژیانی بە دەرزوتنەوە ڕابردووە و گەلێ ئیجازەی داوە بە فەقێیان… پیاوێکی شۆخ و شەنگ و قسە خۆش و فیکر ورد بووە، لە عیلمی ئوسووڵدا دەستێکی بەرزی هەبووە، کە دانیشتوون قسەی خۆشی زۆر کردووە، بە تایبەتی کە سەبیلکەی تێ کردووە دەماخی تەواو چاخ بووە.

مەلا مستەفا، وەکوو زۆر شاعیرانی تر کە شەیدای دیمەنی ئێڵاخان بن – چاوەندازی بێساران قاپی چریکەی شعری بۆ کردووەتەوە، لەپاڵ ئەمەوە شۆخی خۆشەویستیشی ئەوەندەی تر ئاگری ئیلهامەکەی خۆش کردووە. دەوری جوانی بە عیشقێکی داوێنپاکییەوە لەگەڵ دۆستەکەی «ئامینە»ی کچی «شێرموحەممەد»ی پایگەلانی ڕابواردووە، نازی ڕازی ئامینە کردوویەتە کارێ کە لە کەڵین و قوژبنی دەریای شیعردا بە هەموو جۆر بگەڕێ، ئەم سۆزەی کە زیادی کردووە ئیتر دڵی بووە بە پەروانەیەک و بەڵاگەردانی نووری خواناسی و فەلسەفەی عیشقی ڕاستەقینەی بووە.

بەڵێ! ئامینە ناوێک لە دێی پایگەلان کە بەشێکی تەواوی هەبووە لە هەڵقوڵینی سەرچاوەی شعری مەلا مستەفادا پشتیوانێکی بەهێزی بووە کە خەیاڵی وردەکاری بکەوێتە کەللەیەوە لەو پەڕی شعردا دەریبڕی. ئەم دۆستەی گەلێ جاریش بووە کە پەردەی دڵی مەلای ڕووکاندووە، بە هەر بارێکا لەگەڵی بزووتووەتەوە ئەو هەر لەسەر ڕەوشتی دۆستی بە ناز لێی بە خەشم بووە!. جا مەلا ویستوویەتی لەگەڵ ئەم دڵڕفێنەیەیدا بکەوێتە ڕاز و گلەیی، بەڵام لەوەیش ترساوە کە ئیشێکی وا نەکا پەڕەی گوڵی دڵی دۆستی بژاکێ!. زۆر بە پارێزە و لە پەناوە پێی ئەڵێ:

قیبلەم یە حەیفەن وێنەی تۆ شایێ

بگێرۆ بە دڵ خەشمی گەدایێ

ئەگەر گوناهێ وەنەم کەری بار

یە سەر، یە شمشێر، یە تەناف، یە دار

وەگەرنە حەیفەن بە واتەی بەدگۆ

نە پەردە مانۆ ڕازی من و تۆ!

مەلای بێسارانی توانیویەتی سکاڵای دڵی خۆی بە جۆرێ هەڵبژێرێ کە نەیەڵێ دڵی گوڵی خۆشەویستی گەردی قسەی لێ بنیشێ و لەگەڵ ئەوەشا خۆی بکات بە گەدایەکی بێنەوا و زۆر بە کزییەوە پێی بڵێ:

قیبلەی شیرینم حەیفە بۆ پادشاهێکی وەکوو تۆ کینەبەری لەگەڵ کەمتر کەسێکا بکەی کە بێنەوایەکی وەکوو منە چونکە بێ دەرەتانێک یوەکوو من لەگەڵ شکوهی بارەگای عەشقی تۆدا چی پێ ئەکرێ؟!. ئەگەر تۆ هاتیت و کەمتر سووچێکت لەسەر من دییەوە من لاری نیم خۆم شێر و تەناف و سێدارەت بۆ دێنم با تۆ نەکەویتە ئەزیەتەوە، سەریشم لەبەر دەستدا دائەنێم؛ ئارەزووت هەیە بە شێرەکە بیپەڕێنە، ئارەزووت هەیە بیکە بە تەنافەکەوە. ئەگەر خۆ هیچیش لە بەنیا نییە حەیفە بە قسەی بەدگۆ ڕاز و نیازی من و تۆ لەژێر پەردەدا بشارێتەوە!… بێسارانی وشەی «یە»ی لە باتی «ئینە» بەکار هێناوە.