چەند سەرنجێک دەربارەی ئەزموونی چیرۆکنووسیی ڕەووف بێگەرد
چیرۆکی چیرۆکنووسێک
چەند سەرنجێک دەربارەی ئەزموونی چیرۆکنووسیی ڕەووف بێگەرد
بەختیار حەمەسوور
“چیرۆکی چیرۆکنووسێک” ناوی دوایین کۆمەڵەچیرۆکی ڕەووف بێگەردە، کە لە هەشت چیرۆک و کۆمەڵێک کورتەچیرۆکی لەژێر ناوی “ڕۆژانەچیرۆک”، پێک هاتووە. ئەم کتێبە ساڵی ٢٠٢١ دەزگای سەردەم چاپی کردووە. بە بڵاو بوونەوەی ئەم کتێبە، ئەزموونیی چیرۆکنووسینیی بێگەرد، دەبێت بە پەنجا ساڵ. یەکەم کۆمەڵەچیرۆکی ئەو، بە شێوەی کتێب، بە ناوی “بوار”وە لە ساڵی ١٩٧٧ بڵاو دەبێتەوە، یەکەم چیرۆکی نێو ئەو کتێبە “لە فەرهەنگی ئارەزووی ئەم شارەدا”یە، لەو ساتەوە تاکو ئێستا ئەم نووسەرە، دە کۆمەڵەچیرۆکی چاپ کردووە. لێرەدا هەوڵ دەدەم هەندێک سەرنج دەربارەی ئەزموونیی ئەم چیرۆکنووسە بنووسم، لە کۆتاییشدا لەسەر یەکێک لە چیرۆکەکانی دوایین کتێبی لەنگەر دەگرم.
***
یەک: دنیای چیرۆکەکانی ڕەووف بێگەرد دنیایەکی تەواو خۆماڵی و کوردیانەن، ئەمە بەو مانایەی هەر چیرۆکێک لە ئەدەبیاتی ئەو تاڵکێش بکەین، هەست بەم خۆماڵیبوون و هەناسە کوردبوونەی دەکەین، ئەمەیش هەم لە ئاستی ناوەڕۆک و هەم لە ئاستی داڕشتە و ئیدیۆم و دەکارکردن و ئاوڕدانەوەی بەردەوام و سوودوەرگرتنی لە نەریت و مێژوو و کەلەپووری کوردیی و مامەڵەکردنێکی هاوچەرخانە لەگەڵ ئەو میراتە دێرینەدا، هەڵبەت ئەمەش کارێکی ئاسان نییە و زەحمەتی زۆری هەیە، بەڵام گەر نووسەر توانی ئەم هاوسەنگییە ڕابگرێ و نیگایەکی ئەمڕۆییانەی لە کەلەپوور ببڕێت، ئەوا دەتوانێ مۆرکێکی نەتەوەیی بە دەقەی بدات، لەم ڕووەوە ڕەووف بێگەرد تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە. بەشێکی تر لە خۆماڵیبوونی چیرۆکەکان دەگەڕێتەوە بۆ زمانی دەکار کراو، کە زمانێکە شەقڵ و شێوەی ڕەسەنی کوردیی لەخۆدا هەڵگرتووە و بۆنی گوڵی کێوی و شاخ و کێوەکانی لێ دێت، تەنانەت داڕشتەی ڕستەکان بە جۆرێک کوردانەن، کە زۆر جار وەک سەرچاوەیەک بۆ فێربوون دەخوێنرێنەوە. ڕەنگە ئەمڕۆ چیرۆکگەلێک بخوێنینەوە بە زمانی کوردیش نووسرابن، بەڵام کەمترین کەڵکەڵەی زەینی و دەروونی کوردیی تێدا بن، یان بە هیچ جۆرێک توخنی ئاریشە و ئێشەکانی کۆمەڵگەی کوردی نەگربێت، لە عەشق بدوێ، بەڵام عەشقێکی دەرەکورد، لە ئازار و برین بدوێ، بەڵام ئازار و برینێکی تر، شوێن نەزانراو بمێنێتەوە، شوناسی کارەکتەریش نادیار بێت، دەکرێ لەنێو ئەم چیرۆکانەیشدا چیرۆکی سەرکەوتوو هەبێت، بەڵام ناتوانێ وەک جۆگەلە بڕژێتە ڕووباری چیرۆکی کوردییەوە، بە خەتێکی تردا دەڕوات، بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرگەردانە. لەم گوزەرەوە دەتوانین بڵێین چیرۆکەکانی ڕەووف بێگەرد هێند کوردانەن، بێ هیچ پێچلێدانێک، جۆگەلەئاسا دەڕژێنە ڕووباری چیرۆکی کوردییەوە.
دوو: زمان لە چیرۆکەکانی ڕەووف بێگەرددا زمانێکی ناسک و شاعیرانەیە، زمانێکە نەرم و خۆشڕەو، بە جۆرێک ئەم زمانە بۆ ناو هەموو جومگە و ڕستەبەندییەکی چیرۆکەکان داچۆڕاوە و لە هەندێک جێدا، بۆ وێنە لە چنینی وەسفەکان بۆ سروشت، تەواو دەبێت بە پەخشانەشیعر. ئەم زمانە دەتوانێت متمانە و دەستەبەریی خوێندنەوە بەدەست بهێنێت، شوێنی شیاویش بۆ ئەم کارە، دەستپێکی چیرۆکە، زۆرێک لە دەستپێکی چیرۆکەکانی ڕەووف بێگەرد بەم زمانە شیعریی و وردەکارییە پەخشانییەوە داڕێژراون، بۆ نموونە با پێکەوە دەسپێکی چیرۆکی ‹دۆنادۆن› بخوێنینەوە، کە لە کۆچیرۆکی “فڕین بە مەرزی حەرام”دا ٢٠١١دا بڵاو کراوەتەوە:
«زەوی ئەوبەری پردە ئاسنەکە، لە دوای ڕۆخی ڕووبارەکەوە، وردە وردە ڕوو لە هەورازە، گژوگیا و دار و دەوەن مەودایەکی فراوانی سەر تەپۆڵکەکەی گرتووەتەوە. لە ئاستێکیدا شەپۆلی بەردەوامی چۆمەکە ڕۆخەکەی دڕیوە. لەوانەیە ئەو درەختانەی بەسەر کەنارەکەوەن و ڕەگیان بە ئاودڕەکەدا بۆ ناو چۆمەکە شۆڕبووەتەوە و لە دوورەوە دیارن، پاش ماوەیەک، دواهەناسەی ماڵئاویی هەڵکێشن و سەری کەوتن بۆ ناو ئاوەکە دابنەوێنن، ڕوو لە تاوگەیەک بکەن کە هەرگیز جێگای ڕەگداکوتانی تریانی تیا نەبێتەوە. دەوەن و پووش و پەڵاشی زەرد و هەندێکی کەمێک سەوز لە شوێنێکدا چڕ و لە لایەکی تریەوە تەنک یان هەر ڕووتەنە. لە ناوەڕاستی زەبەندێکیشدا توولەڕێگایەک بەرەو ژوورتر دەڕوات. پێ دەچێت قاچاخەڕێ یان گوزەری ئەو پیادانە بێت کە لەوێوە بەرەو گوندەکانی ئەو ناوە دەڕۆن. دوای چەند هەنگاوێکی دوورکەوتنەوەی تر ڕێگایەکی خۆڵی سەرەکییە، لەوێدا، ڕێبوار و ماشێن، لەناو دارستانی چڕ و پێچوپەنای ڕێگاکەدا بە ئاسانی ون دەبن.»
سێ: ئەگەرچی ڕەووف بێگەرد منداڵی شارە و تا تەمەنی مێردمنداڵیش هەر لە شاردا بووە، بەڵام دواتر بە هۆکاری مامۆستایی و دواتریش پەیوەندیکردنی بە شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦١ و پاشتریش شۆڕشی نوێ لە ساڵی ١٩٧٥، ڕووی لە گوند و شاخ و کێوەکان کردووە، ئەمەیش لە هەردوو بارەکەدا، واتە هەم ژیانی شار و ژیانی گوند، بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، کاریان لە ناوەڕۆک و زمانی چیرۆکەکانی کردووە.
آ/ سەرەتا دەتوانین لەو چیرۆکانە بدوێین کە باس لە دۆخی ئینسان لە شاردا دەکەن، دەتوانم بڵێم لای من چیرۆکگەلێکن لەناو ئەدەبیاتی ڕەووف بێگەرددا پێگەیەکی تایبەت و ناوازەیان هەیە، بەتایبەت کە باری واقیعیەتی چیرۆکەکان تەواو بەرجەستە دەبنەوە و شوێن و بڕێک جار کەسەکانیش لەناو دڵی هەمان واقیعەوە تێکەڵی تێمە و فەزای چیرۆکەکە دەبن و دەتوێنەوە. شوێن لەم چیرۆکانەدا، بە شێوەیەکی گشتی شاری سلێمانییە و تێیدا کۆمەڵێک جێی میللی و گوزەری بەناوبانگ نیشانگر دەکرێت، لەوانە: گەڕەکەکانی چوارباخ، سەرشەقام و… هەروەها مەیدانی ماستفرۆشەکان و گوزەری کوتاڵفرۆش و سەوزەفرۆشەکان، لای حەوزە وشکەکە و دوکانی عارفی عەتار و… زمان لەم چیرۆکانەدا تیژتر و ڕووتترە، دەمامک و ڕەمزیان لێ بار نەکراوە و سووکەڵەن، بە تەمومژ و وەسفی بیندرێژ و تاقەتپڕووکێن نەخنکێنراون، دوورن لە گەڕانەوەی بەردەوام بۆ حەکایەت و ئەفسانەی کۆنینەکان، لە ئێستادان. گەرچی داماڵراو نیین لە شیعرییەت، بەڵام لە هەناودا گرژیی و زبرییەک بەرز دەکەنەوە، کە لە زەین و چاوی خوێنەردا زووتر دەگەن و دەپێکێن. ڕێژەی ئەم چیرۆکانە لە کۆی کۆمەڵە چاپکراوەکانی بێگەرددا زۆر نین، بەڵام دەکرێ وەک خاڵێکی درەوشاوە و ڕووناک لەناو دنیای ئەودا گەشاوە و جوان بنوێنن.
ب/ ئەو چیرۆکانەی لە گونددا دەقەومێن، دەتوانم بڵێم بەشێکی بەرفرە لە چیرۆکەکانی ڕەووف بێگەرد پێک دەهێنن، تەنانەت هەر لێرەدا دەکرێ ئاماژە بەم خاڵەیش بدەم؛ کە هەندێ چیرۆک لە خاڵی یەکەم، واتە ئەو چیرۆکانەی شوێن تێیاندا شارە، هەر بە زەینییەت و نیگای گوندەوە نووسراون، هەڵبەت ئەمە خەسار و خەوشە بە چیرۆکی ئەم چیرۆکنووسەوە و دەرفەت و ئیمکانی چاوپۆشیی نییە. بەرهەرحاڵ، ناوەڕۆکی ئەم چیرۆکە ئەگەر نەڵێین هەموو، بەڵکوو بەشێکی زۆریان لە خانەی ئەدەبی بەرگریدا جێکەوتە دەبن، ئەم جۆرە ئەدەبەیش تاڵەموویەک لە ئەدەبی ئایدۆلۆژیک جیای دەکاتەوە و نووسەر دەبێت ئاگای لەم تاڵەمووە بێت نەپسێت، هەڵبەت لە هەندێک چیرۆکدا، ڕەووف بێگەرد تووشی ئەم پسانە هاتووە. ناوەڕۆک لەم چیرۆکانەدا ململانێ و کێشمەکێشی نێوان ئینسان و سروشتە، ئەوەی لەم ململانێ و کێشمەکێشە دەکەوێتەوە چییە، گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە چیرۆکە، چیرۆک پێک بێت. کارەکتەری نێو ئەم جۆرە چیرۆکانە، کەسانی ستەمدیدە و ئازارچێشتوون، ئەوانەن لەژێر باری بێدادیدا بێحاڵن و دەناڵن، لەگەڵ ئەوەیشدا مل بە هەوراز ڕک و نشێوی خزدا دەنێن و بە شوێن سەرپەنا و سۆگەیەکدا وێڵن.
ئەسپ، هەڵۆ و تیشکی خۆر، سێینەی ئەم چیرۆکانە پێک دەهێنن، کە هەریەکە لەمانە دەرچە و دەلاقەیەکن بۆ دەرچوون و ڕزگاربوون لە ژێردەستەی و ڕەمزی مانەوە و کۆڵنەدان، کۆد و ڕەمزی ئەم چیرۆکانە تەنیا دەتوانرێت لە بەستێنی سەردەمەکەی خۆیدا کەشف و بکرێتەوە؛ ئەویش سەردەمی حەفتا و هەشتاکانی کوردستانە، کە گەلی کورد لەژێر دەسەڵاتێکی داگیرکەری وەک بەعسدا هەناسەی چک کرابوو، لێرەوە چارەنووسی هەر هەڵوێستگرتن و پەرچەکردارێک سەرکوتکردن و لەناوبردن بوو، ئەمە کەشێکی ترسناکی خوڵقاندبوو، کەشێک کە نەدەکرا و نەدەلوا ئینسان ئازادانە لە بەرانبەر ئەم دیکتاتۆرەدا زار هەڵبێنێتەوە و بڵێت: «نا!»، هەر بۆیە هانای شەوی تاریک و پەنهان دەبرد، هانای بۆ دەمامک، ڕەمز و کۆد دەبرد، بۆ ئەوەی دەنگی بە نهێنی و لەژێر پێست و توێژاڵی وشە و ڕستە تەماوییەکاندا بگاتە خەڵک، هەڵبەت خەڵکیش وشە و ڕستە تەماوییەکانی دەناسینەوە و خۆشی دەویستن و ڕۆحی بەرەنگاریی پێیان بەرز دەبوویەوە. تەنانەت ناوی کارەکتەر و ناونیشانی چیرۆکەکانیش، جەختی ئەم بەرەنگارییە دەکەن و لەو پێناوەدا ورد بیریان بۆ کراوەتەوە.
زمانی ئەم چیرۆکانە، زمانێکی سفت و سافە، بێگرێ، خەیاڵێکی خەمڵیوی شاعیرانە لە پشت پەیڤەکانەوە کارایە، وێنە و دیمەنەکانی ناو سروشت، بەبێ ڕتووش و جوڵان، کێویانە دروست و بەرجەستە دەکاتەوە، وەسفەکان درێژ و تێر و سەرڕێژن، بۆ ماوەیەکی زۆر لە بیرەوەریدا دەق دەگرن و دەمێننەوە، بە ئاسانی خوێنەر ڕاکێشی ئەو کەشە ناو گوند و تەلان و بە گشتی سروشت دەکەن.
ج/ لە ئەزموونی ڕەووف بێگەرددا چیرۆکگەلێک هەن دەکەونە نێوان شار و گوندەوە، ئەم چیرۆکانە لە دۆخێکی هەڵواسراودان، کارەکتەر و شوێن بەردەوام لە گۆڕین و نەحەجماندان، تووشی جۆرێک لە نەفرەتی پەرتبوون و هەڵوەشاندنەوە هاتوون، کە نەدەتوانن سەر بە شار بن، نە دەشتوانن لە گونددا هەڵبکەن، هەڵبەت ژمارەی ئەو چیرۆکانە لە ئەدەبیاتەکەی بێگەرددا کەم نین و بەرچاون. چیرۆکی ‹خاڵێک لە پاش ژمارەوە› یەکێکە لەو چەشنە چیرۆکانە، کە کەسێتییەکەی لە گوندەوە ڕوو لە شار دەکات، بە نیازی بژێوی و نان، پاش چەندساڵ کارکردن لە شاردا، لە دۆخی ژاوەژاوی کارگە و فڕەفڕ و دووکەڵی ئوتومبێل و… ماندوو و بێزار دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانی هێمن و بێدەنگانەی گوند، بەڵام بە ورگێکی پەروەردەکراو و زلەوە، بە چاکەتوپانتۆڵی شیکەوە، بۆخۆی بووە بە ئەفەندی و هەر ئاوایش دەچێتە سەر خەلەوخەرمان! ئەمە کۆمێدییە و قبووڵنەکراو، لەم کەشە و لەم دۆخە دەروونییەدا، ناتوانێ تاقەت بەرێ و هەڵدێتەوە بۆ شار، لێرەیش دەکەوێتەوە بەر زەبری هەمان دنیای بێڕەحمی پێشووتر و بەگۆڕتر. بە کورتی ئەم چیرۆکانە لە پێشاندانی حاڵەتی بەرزەخی و هەڵواسراودا، دەتوانن وێنایەکی ڕوون و ئاشکرا لە سایکۆلۆژی کەسایەتییەکان بە دەستەوە بدەن.
چوار: وەگێڕی کەسی دووەمی تاک، بەشێک لە چیرۆکەکان لە ڕێی کەسی دووەمی تاک “تۆ”ەوە دەگێڕدرێنەوە، هەڵبژاردنی ئەم ڕاوی/وەگێڕە کارێک دەکات بەردەوام خوێنەر بەئاگا و ئاراستە بکات، چونکوو نزیکترین دوینەرترین ڕاوییە کە خوێنەر بدوێنێ، هەڵبەت بە خەسڵەتی خۆیەوە، لەوانە ناکرێ بچێتە ناوەوەی کارەکتەر، بەڵکوو لە ڕووکار و دەرەوەی کارەکتەردا خوێنەر دەبێت بەرەو ناوەوەی شۆڕ بێتەوە، پاشان زۆر جار ئەم ڕاوییە لەگەڵ ڕاوی هەمووشتزان تێکەڵ کراوە و دەکرێت، بەوەی کە هەموو شتێ دەزانێ و دەبینێ، چیرۆکنووس دەبێت لە سنوورداری ئەم ڕاوییە بەوردی ئاگادار بێت و لە توانا و هێزی خۆی زیادتری پێ نەدات، لەم ڕووەوە ئەو چیرۆکانەی ڕەووف بێگەرد کە سوودیان لەم ڕاوییە وەرگرتووە، دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوون.
پێنج: ڕەووف بێگەرد لە ڕێی هەردوو زمانی عەرەبی و فارسییەوە ئاگاداری ئەدەبیات و بە تایبەت چیرۆکی دەوربەر و جیهانی دەبێت، بۆیە لە چاو هەندێ لە هاوچەرخەکانیدا ئاگایانەتر دەستی بۆ چیرۆکنووسین بردووە، سوودمەند بووە لە ئەزموونە دەوڵەمەندەکانی نووسەرانی دنیا و ئەمەیش بە شێوەیەکی ناونشین و هەندێک جاریش ئاشکرا، کاریگەریی بەسەر چیرۆکەکانیەوە بووە. بێگەرد نەک هەر بە خوێندەنەوە، بەڵکوو لە ڕێی پڕۆژەیەکی چالاکانە و بەرفراوانەوە، بەشێکی بەرچاو لە دەق و شاکارە گرنگەکانی دنیای ڕۆمان و چیرۆکی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاون، هەر لە ڕێی ئەو کتێبانەی وەریگێڕاون دەتوانین بەرەوڕووی دنیای چیرۆکەکانی خۆی بکەینەوە و کاریگەرییەکان ببینینەوە؛ بۆ وێنە، لایەنی دەروونی کارەکتەر و هەڵکۆڵینی ناخەکیی کەسێتیی چیرۆکەکانی، سەرێکی بە توندی بە دنیای سایکۆلۆژی دیستۆیڤسکییەوە شەتەک دراوە، هەڵبەت بە پاراستنی فۆرم و شێوەی خۆی، سوودوەگرتنی پاژگەلێکی ناچیز و سووککراوی ژیانی ڕۆژانە لە داڕشتەیەکی سادە و دیالۆگێکی عامیانە و داماڵڕاو لە سۆز و ڕق، لە چێخۆف فێر دەبێت و چیرۆکگەلێکی جوان دەنووسێت؛ بۆ نموونە با تەماشایەکی ئەم دوو چیرۆکە بکەین، چێخۆف چیرۆکێکی هێجگار ناسراوی بە ناوی ‹ماتەم› هەیە، پیاوێک تازە کوڕەکەی مردووە و لە جاددەدایە، بە خۆی ئەسپ و عارەبانەکەیەوە، لەو خەڵقانەی وا لەگەڵی سەردەکەون و دەیانگەیەنێتە جێی مەبەست، داوا دەکات کە گوێی بۆ بگرن تا باسی کوڕەکەی و جوانەمەرگبوونی بکات، کەس گوێی لێ ناگرێ و تەناتەت گاڵتە و قەشمەریی پێ دەکەن، دواجار دەگەڕێتەوە بۆ تەویلەکەی و دەردەدڵی خۆی بۆ ئەسپەکەی دەکات، ڕەووف بێگەرد لە ساڵی ١٩٨٣ـدا چیرۆکی ‹ئەو پیاوەی کەس نەبوو گوێی لێ بگرێت› دەنووسێت، کارەکتەری چیرۆکەکەی بێگەردیش ڕاز و خەمێک لە دڵیا پەنهانە و لەسای ئەو ڕاز و خەمە قووڵەوە قورسایی گەردوونی لێبارە، کەس گوێی لێ ناگرێت، وەک شێت تەماشا دەکرێت و گاڵتەی پێ دەکەن، تەنانەت سەرئەنجامی چیرۆکەکەی ڕەووف قورستر و تاڵترە؛ کارەکتەرەکەی قۆڵبەست دەکرێت و بەرەو شێتخانە دەبرێت.
شەش: ‹ڕۆژانەچیرۆک› ئەزموونێکی ڕەووف بێگەردە لە چیرۆکنووسیدا و لە حەفتاکانەوە دەستی داوەتە ئەم فۆرمە لە نووسین، بەڵام دەتوانین بڵێین لە هەرسێ کۆمەچیرۆکی دوایینیدا ‹دەستی خودا، فڕین بە مەرزی حەرامدا و سڵاو لە کافکا›ـدا پتر پەرەی داوە بەم شێوەنووسینە و خەمڵیوتری کردووە، ئەم ئەزموونە، کە دەکرێ بەسوودوەرگرتن لە دەربڕینێکی چیرۆکنووسی ژاپۆنی یاسۆناری کاواباتا، بە ‹چیرۆک بە ئەندازەی لەپی دەست›یش ناودێری بکرێن، لە ڕووبەرێکی بچووکی نیولاپەڕەیی یان یەکلاپەڕەییدا دەنووسرێن و دەنوێنرێن، وەک خۆیشی لێی دەدوێ: «ڕۆژانەچیرۆک هەناسەیەکی کورتی ڕۆژانەیە، کە لە ئەنجامی خەمێک، ڕووداوێک، بیرۆکەیەک، بارێکی دەروونی، دیاردەیەک، دیمەنێکەوە سەرچاوەی گرتبێت.» زمان و دەربڕین لە ڕۆژانەچیرۆکەکاندا چڕ و ورد چنراون، زۆر دەرفەت بۆ وەسف و ناساندن نییە، برووسکە و فلاشە، بەخێرایی دەدرێ لە جێیەکی دیار و بچووک، ڕووناکایی دەخاتە سەر پنتێک و دەیدرەوشێنێتەوە، هەر بەم هۆکارانە زۆر جار ئەم شێوەنووسینە وەک پارچەیەک شیعر دەخوێنرێتەوە. ڕۆژانەچیرۆکەکانی ڕەووف بێگەرد بە گشتی بەم خەسڵەتانە نووسراون و تا ڕادەیەک تێیدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام لە بڕێکیاندا هەوڵ دەدات جۆرێک لە حیکمەت و تێڕامان تا ئاستی بیری فەلسەفی ئاراستە بکات، لەم ڕۆژانەچیرۆکانەدا نەتوانراوە خەسڵەتی چیرۆکبوون و برووسکەیی بپارێزرێت، بەڵکوو دەقێکی تێڕامانی و تەئەموولیان لێ کەوتووەتەوە.
حەوت: یەکێک لە خەسڵەتە جوان و دەگمەکانی ڕەووف بێگەرد وەک پێگە و دەنگ و ئەزموون، تەبایی و گونجانە لەگەڵ چیرۆکنووسانی پێش خۆی و هاوچەرخەکانی خۆی و چەند نەوە لە چیرۆکنووسانی دواتری خۆیشی، لەم بارەدا کاتێک تەماشای ئەم ئەزموونە دەکەین وەک دەق، دەبینین لە لایەن هەریەک لەو نەوانەوە بەوردی خوێندراوەتەوە و تاوتوێ کراوە، تەنانەت چیرۆکی ئەم نووسەرە بۆ نەوەی زۆر تازەی چیرۆکنووسانیش هەر شیاوی ئاوڕلێدانەوە و لەسەروەستان بووە، ڕەنگە خودی ئەم نووسینە بەڵگەیەکی سادە بێت بۆ وەها گرنگیپێدانێک. هەروەتر لە بواری دیالۆگ و دانیشتن و هاوڕێیەتیشدا، بێگەرد لەو دەگمەن نووسەرانەی کوردە، کە لەگەڵ کەسەکاندا، بێ جیاوازی تەمەن و پێگە، دەبێت بە هەڤاڵ، یان خۆی گوتەنی “برادەر” و پیاسەی درێژیان لەگەڵ دەکات.
بووکی دەریا
بووکی دەریا چیرۆکێکی سادەیە، بە زمانێکی سادە و فۆرمێکی سادە، بێ هیچ پێچ و گرێیەک، لە بەردەم خوێنەردا خۆی واڵا دەکات، دەتوانم بڵێم نزیکە لە چیرۆکی پەریلان و شێوەیەکی حەکایەتئاسا داڕێژراوە. ڕاوی، کە لە ڕێی هەندێک ئاماژەوە، بۆ وێنە وەرگێڕانی “تاوان و سزا” و نووسین دەربارەیەوە، دەزانین خودی ڕەووف بێگەردە، بە دەست بێقەرارییەکی دەروونییەوە دەناڵێ و لە چاوەڕوانیی نووسینی چیرۆکێکدا گینگڵ دەدات، چەند پەڕەی پەرشوبڵاوی فڕێ داون و ناکاو، لە یەکێک لە ڕەشنوسەکانی نووسەرەوە، کچێکی ڕەنگوڕوو درەوشاوەی فریشتەئاسا دێتە ژوورەکەی و حەکایەتی خەمگینی خۆی دەگێڕێتەوە و خودی ئەم حەکایەتەش، دەبێت بە چیرۆکەکە.
بووکی دەریا هەمان کچە ڕەنگوڕوو درەوشاوەکەیە، بە قەیراناوییبوونی خێزانەکەی و بەسۆزانیبوونی خۆی و تاڵبوونی ژیانی، دەست بە گێڕانەوەی حەکایەتەکەی دەکا و بە خۆهەڵدانی بۆ ناو دەریا، بێئەوەی ئاماژە بۆ خۆکوژی بکا، و بوون بە بووکی دەریا، کۆتایی بە بەسەرهاتەکەی دێنێت.
لە هەر چیرۆکدا، دەکرێت یەکێک لە هونەرەکان زەق و دیار بکرێنەوە و ئەوانی دی کەمڕەنگتر و کاڵتر دەربکەون. بۆ وێنە چیرۆکێکی وەک “بکوژەکان”ـی ئێرنست هەمنگوەیدا دەبینین تەنیا لایەنی هونەری و داهێنەرانەی “دیالۆگ”ـە، ئەمەش نەک نەبووە بە نەقس و کەموکووڕی، بەڵکوو دەتوانین بڵێین بووە بە خاڵێکی ئەرێنی و پێشنیاردەر بۆ دەیان و سەدان چیرۆکی پاش خۆی. لەبەر ئەم ڕێسایەدا، دەتوانین ئەم چیرۆکەی ڕەووف بێگەردیش وەها بخوێنینەوە: “بووکی دەریا” لەو چەشنە چیرۆکانەیە کە لەپێناو ناوەڕکدا نووسراون، ئەم چیرۆکانە هێندەی مەبەستیانە ناوەڕۆکەکەیان بگەیەنن بە خوێنەر، هێندە بە تەنگ فۆرم و تەکنیک و هونەرەکانی دیکەوە نین. دیارە ناوەڕۆکیش لەم جۆرە چیرۆکانەدا بایەخی ئەوەی هەیە کە باز بەسەر دیکەی هونەرەکاندا بدرێت بۆی، بەوەی هەم باری ئینسانیبوونی خۆی و هەم تەنگەژە و زەحمەتیی ژیانێک دەنووسێتەوە، کە تاک و کۆمەڵگەش لە بەردەمیدا بە چۆکدا دێن.