مارییا ئیڤانەڤنا

مارییا ئیڤانەڤنا

ئەنتۆن پاڤڵەڤیچ چێخەڤ

و. لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

 

لە ژوورە خاوێن و قەشەنگەکەی میواناندا، لە سەر قەنەفەیەکی بە قەیفەی مۆری تۆخ داپۆشراو، ئافرەتێکی لاوی بیستوسێ ساڵە دانیشتبوو، پێیان دەگوت مارییا ئیڤانەڤنا ئەدنەشوێکینە.
_ چ سەرەتایەکی کڵێشەئاساو سواوە!_ خوێنەری هێژا هاواری لێهەڵدەستێت_ ئەم نووسەرانە هەمیشە دەبێ  بە ژوورێکی میوانی قەشەنگ و خاوێن دەست پێبکەن! پیاو هەر ئارەزووی خوێندنەوەشی نامێنێ!

داوای لێبوردن دەکەم لە خوێنەر و بەردەوام دەبم:

پیاوێکی لاو، ئاوا بیستوشەش ساڵەیەک، بە دەموچاوێکی سپیهەڵگەڕاو و کەمێک خەمبارەوە، لە بەر دەم خانمەکەدا ڕاوەستا.

_ئەوەتا، ئەوەتا…خۆم هەر زانییم_ خوێنەری هێژا بە توڕەییەوە دەڵێت_ حەتمەن دەبێ پیاوێکی لاو بێت و هەر دەبێ بیستوشەش ساڵیش بێت! ئێ باشە، دوای ئەوە چی؟ دوای ئەوە ئاشکرایە یان داخوازیی شیعری لێدەکات یان داوای خۆشەویستی، خانمەکەش داخوازییەکی ناشاعیرانە دەکات و دەیەوێ بازنێکی بۆ بکڕێ. یانیش بە پێچەوانەوە، ئەمیان خوازیاری شیعرە و کوڕەکەش…. دە وازبێنە توخوا، نیازم نییە هەر بیشیخوێنمەوە!

 بەهەرحاڵ، من لە چیرۆکەکەم بەردەوام دەبم:

 کوڕە لاوەکە بێ ئەوەی چاو لە خانمەکە بترووکێنی گوتی: من تۆم خۆشدەوێت، خانمە ئەفسووناوییەکەم، تەنانەت ئێستاش، کە نسرمیی گۆڕستانت لێوە دێت.

لێرەدا ئیتر خوێنەر پشوودرێژیی خۆی لە دەست دەدات و دەست دەکات بە جنێودان.

_ دە بەڵای شەیتانم دا لە گشتیان! بە ژووری میوانە قەشەنگ و خاوێنەکان و بەمارییا ئیڤانوڤەکان، کە نسرمی گۆڕستانیان لێهەڵدەستێت، میوانداریمان دەکەن و دەمانخڵەفێنن!

کێ چوزانێت، خوێنەری هێژا، ڕەنگە لەو توڕەییەتاندا هەق بە لای تۆوەبێت. دەشێ هەق بەلاشتانەوە نەبێت. ئەم زەمانەی ئێستامان ئەوەی باشە سەری لێدەرناکەیت، چی هەقە و چی ناهەق. تەنانەت دەستەی سوێندخۆرانیش، کە دادگایی کەسێک دەکەن لە سەر دزی، ئەوانیش نازانن کێ تاوانبارە: کابرای دز، یان پارەکان، کە زۆر بە ئاشکرا لە بەردەستدا بوون، یان خودی دەستەی سوێندخۆران تاوانبارن، کە هەر هاتوونەتە ئەم ژیانەشەوە. لەم دنیایەدا ناتوانیت سەر لە هیچ شتێک دەرکەیت.

لە هەموو حاڵێکیشدا، گەر ئێوەش لە سەرهەق بن، مانای ئەوەی نییە کە من تاوانکار و هەڵەم. بەلای تۆوە ئەم چیرۆکەی من نە سەرنجڕاکێشە و نە پێویستیشە. ئێ با بڵێین قسەی تۆیە ومن لەو ڕووەوە خەتابارم… بەڵام هیچ نەبێت هەندێک هەلومەرج لەبەرچاو بگرە کە قلێک لەو خەتایەم کەم دەکاتەوە.

ئاخر، هەر بەڕاستییش من چۆن شتێک بنووسم کە سەرنجڕاکێش بێت و هەر دەم پێویستیش بێت، لە کاتێکدا خۆم وەڕسم و وا بۆ دووهەفتە دەچێت ئەو نۆرەتایەم لێ نابێتەوە؟

_ جا، کە نۆرەتات هەیە، مەنووسە.

ئەوەیان وایە … بەڵام بۆ ئەوەی زۆر درێژدادڕی نەکەم، بیهێنە بەرچاوی خۆت کە من هەم مەزاجم تێکچووە و هەم نۆرەتاشم هەیە، لە هەمان کاتیشدا نووسەرێکی تریش تای هەیە، نووسەری سێیەم ژنەکەی نا ئارامە و دانیشی ئازاری هەیە، چوارەم خەمۆکی گرتوویەتی. ئینجا هەرچوارمان وازدەهێنین و هیچ نانووسین. باشە پێم ناڵێیت کێ ژمارەی تازەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان پڕ بکاتەوە؟ ناشێ بە تەمابیت بەو بابەتانە پڕیانبکەینەوە کە ڕۆژانە تۆ و خوێنەرانی تر بە تەغار دەینێرن بۆ گۆڤار و ڕوژنامەکانمان؟ دە بابزانیت لەو تەغارە بابەتانەدا کەم جار، ئەویش پاش هەزار هەوڵ و تەقەللا، مسقاڵە زێڕێک دەدۆزینەوە.

ئێمە هەموومان نووسەرانی پرۆفیشوناڵ و بە ئەزموونین، کەسانێک نیین هەڕەمەکیی و دەستوپێ سپی بیین، بەڵکو هەر هەموومان کارگێڕی ڕۆژانەی ئەدەبیین، مرۆڤگەلێکی ئاسایین وەکوو تۆ ، وەک براکەت و وەک ژنخوشکەکەت. خاوەنی هەمان ئەعساب و هەمان هەناوین، هەمان ئەو شتانە ئازارمان دەدەن کە ئازاری ئێوەش دەدەن، شکست و ماڵوێرانییەکانمان لە خۆشییەکانمان زۆر زیاترن، گەر مەبەستیشمان بێت، هەموو ڕوژێک بیانوویەک هەیە کە کار نەکەین. هەموو ڕوژێک، باوەڕم پێ بکە! بەڵام ئەگەر ئێمە خۆمان بدەینە دەست ئەو ” مەنووسە” یەی تۆ، گەر لەبەردەم ماندوێتیی، وەڕسیی و تالێهاتندا چۆکمان دابدایە، ئەوسا دەبوایە هەموو ئەدەبی ئێستامان دابخستایە و پایدۆستمان لێ بکردایە.

بەڵام خوێنەری ئازیز ئەو ئەدەبە نابێت دابخرێت. با ئەو ئەو ئەدەبە ڕیۆڵە و دێزیش بێتە بەرچاوی تۆ، با نە پێکەنین ، نە توڕەیی، نە خۆشییت تیا نەبزوێنێت، بەڵام ئەو هەیە و کاری خۆی دەکات. بێ ئەو ئەدەبەش کار مەیسەر نابێت.. خۆ ئەگەر ئێمە بڕۆین و ، بۆ خولەکێکیش بێت، مەیدانەکە چۆڵکەین، هەر دەمودەست لێبووکی هەمەچیزە، بە خۆیان و کڵاوە زەنگوڵەدارەکانیانەوە جێگەمان دەگرنەوە، پڕۆفیسۆری نیوداشت، پارێزەر و سەرهەنگە قەڵبەکان جێگەمان دەگرنەوە و لە سەر نەزمی فەرمانی سەربازییانەی: ڕاست، چەپ! ڕاست، چەپ!  سەربوردەی کوڕێنییە بێتامەکانی خۆیانتان بۆدەگێڕنەوە.

من ناچارم دەبێ بنووسم، سەرباری ئەوەش کە نۆرەتام هەیە. ناچارم، چۆنم پێدەکرێ و چۆن دەتوانم، بێ وچان دەبێ بنووسم . ئاخر ئێمەمانان ژمارەمان کەمە، بە پەنجەی دەست دەژمێردرێین. لە هەر شوێنێکیش ژمارەی کارمەندان کەم بوو، خۆ ناکرێ داوای پشوو بکەیت، گەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت. ئاخر ئەوە نە کاری کردەنییە و نە جوانیشە بیکەیت.

_ بەڵام خۆ دەکرێت بابەتێکی جیددی تر هەلبژێریت؟ ئی هەر بەڕاستیش، ئەو مارییا ئیڤانەڤنایە بە دەردی چی دەخوات؟ چییە لەو دەوروبەرەماندا دیاردەی تر نییە، پرسیاری تر چۆتە قاتیی، کە بکرێت ….

تۆ ڕاست دەفەرموویت دنیایەک دیاردە و پرس هەن، بەڵام دە تۆ پێم بڵێ: تۆ خۆت پێویستت بە باسکردنی کام پرس هەیە؟ ئەگەر تۆ ئاوا سەغڵەتیت، ئاماژە بۆ شتێک بکە، شتێکم پێ بڵێ تا من باوەڕ بهێنم کە تۆ هەر بەڕاستی کەسێکی جیددیت و ژیانێکی جیددییانە دەژییت. شتێکم بۆ دەستنیشان بکە، ئەگینا ڕەنگە من وای بۆ بچم کە ئەو پرسیار و دیاردانەی تۆ باسییان دەکەیت هەر وجودیشیان نییە و  تۆش تەنیا لاوێکی شیرینیت، کە هەندێک جار لە بێ ئیشیدا، حەز دەکات دەم بژەنێتە پرسیارە جیددییەکانەوە.

بەهەرحاڵ، ئیتر کاتی ئەوەیە چیرۆکەکە تەواو بکەم.

کوڕە لاوەکە دەمێکی باش لە بەردەم خانمە قەشەنگەکەدا ڕاوەستا، سەرەنجام چاکەتەکەی خۆی لەبەر داکەند و پۆستاڵەکانی لە پێی خۆی داماڵی و چرپاندی:

_ ماڵئاوا، تا بەیانی!

دوایی لە سەر دیوانەکە ڕاکشا و بەتانییە موودارەکەی دا بە خۆیدا.

_ ڕاست لە بەردەم خانمەکەدا؟_ خوێنەر بە حەپەسانێکەوە دەپرسێ_ قسەی هیچ! دە ئەمە توڕەیی بزوێنە! کوا پۆلیس، کوا سانسۆر!

دە ئارامبەرەوە، پەلە مەکە، خوێنەرە تووندگیر وبیرقووڵەکەم!  خانمی ژوورە خاوێن و قەشەنگەکە بە بۆیەی ڕۆنیی، لە سەر پارچەیەک خام وێنەی کێشرابوو و لە چوارچێوەیەکدا  لە پشت دیوانەکەوە هەڵواسرابوو. ئیتر ئێستا چەند دڵت دەیگرێ تووڕە ببە.

ئاخر کاغەز چۆن شتی وا بێمانا و پڕوپووچ دەگرێتە خۆی! دەی ئەگەر شتی وا بۆش و بەتاڵی وەک ” مارییا ئیڤانەڤنا” چاپ بکەن، خۆ دیارە کە بابەتی باشترتان نییە.

 ئەوەیان ڕوون و ئاشکرایە. دەی چاکە، فەرموو تۆ دانیشە و بیرۆکە قووڵ و نایابەکانی خۆت بخەرە سەرکاغەز، سێ تەغار کاغەز پڕ بکەرەوە و بینێرە بۆ دەستەی نووسەرانی هەر بڵاڤۆکەیەک. دانیشە و تا زووە بنووسە. بنووسە و خێرا بینێرە!

ئەوانیش دەمودەست بۆتی دەنێرنەوە.

تێبینی وەرگێڕ:

١. یەکەم جار ئەم چیرۆکەم بە زمانی عەرەبی خوێندەوە، کە لە هەنگارییەوە وەرگێڕدرابوو، لە نێتدا دەقە ڕووسییەکەیم دۆزییەوە و بڕیاری وەرگێڕانییم دا. بۆ ئەوانەشتان، کە وەک خۆم، کوشتەی بەراوردکردنن لینکی دەقە رووسییەکە و وەرگێڕانە عەرەبییەکەش دادەنێم.

٢. چێخەڤ، وەک پیشەی هەمیشەیی، لە هەڵبژاردنی ناوی خانەوادەیی کەسایەتی چیرۆکەکانی، ناوی وایان بۆ هەڵدەبژێرێ کە لایەنێکی دەروونی یان خەسڵەتێکی کەسەکە دەدرکێنێ. لێرەشدا هەر هەمان شتی کردووە ناوی خانەوادەیی مارییا ئیڤانەڤنای کردووە بە ” ئەدناشوێکینە” کە بە ڕووسی مانای” یەک ڕوومەتە” دەگەیەنێت، ئاخر وا دیارە کە مارییا ئیڤانەڤنا، لە تابلۆکەدا، لەسەر لا دانیشتووە و تەنیا یەک روومەتی دیارە!

فەرموون ئەمەش دوو لینکەکە:

http://chehov-lit.ru/chehov/text/marya-ivanovna.htm

https://www.sotaliraq.com/2023/05/27/ماريا-إيفانوفا-قصة-قصيرة-لأنطون-تشيخ/