پرسی پەروەردە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان

پرسی پەروەردە و

پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی تر لە کتێبە باش و جیاوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (پرسی پەروەردە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان) کە لە لایەن (هۆمەر قەرەداغی)یەوە نووسراوە، نووسەری ئەم کتێبە لە ڕابردووشدا کۆمەڵێک کتێبی دیکەی لەمەڕ پرسی پەروەردە چاپ کردووە و خاوەنی ئاگایی و هۆشیارییەکی فراوانە لەو بارەوە، هاوکات بە ڕۆشنبیرییەکی ورد و قووڵەوە خەمی پەروەدە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کردووە بە خەمێکی گشتی و لە هەوڵی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و هەمەلایەندایە لە پرۆسەی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و فێرکردندا.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: مرۆڤدۆستیی سیستمی فێرکاری، ڕێبەری پەروەردەیی، ڕیفۆرم و نوێخوازی، پرسەکانی پەروەردە، کاریگەریی خوێندن، نوێخوازیی قۆناغی ئامادەیی و بازاڕی کار، کەمبوونەوەی وازهێنان لە خوێندن، بڕیاردان لە ژیانی تاکدا، میدیا و سەربەستیی تاکەکەس، ژینگەی کوردستان پرسێکی ستراتیژیمانە، هەستەکانی ئاوارەیی و ئازارەکانی ناوەوە… و چەندین بابەت و ناونیشانی تر.

بە گشتی کتێبەکە دابەشکراوە بەسەر دوو بەشدا، هەر بەشە و لە کۆمەڵێک بابەت و تەوەر و ناونیشانی سەربەخۆ پێکهاتووە، بەڵام کە ناوەڕۆکدا هەموویان یەک ئامانج و یەک پەیامیان هەیە، کە ئەویش بابەت، یاخود پرسی پەروەردە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، یاخود کاریگەریی پەروەردە و فێرکردن لەسەر خودی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بێگومان ئەم دوو چەمکە، بە دوو کۆڵەکە و بناغەی ژیاری و شارستانی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیەک دادەنرێت، بە مانایەکی دیکە، دەتوانین لە ڕووی پرۆسەی پەروەردە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئاستی کولتووری و فەرهەنگی و پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان و تاکەکان هەڵسەنگێنین.

لە بەشی یەکەمدا و لە بابەتێکدا بە ناوی (مرۆڤدۆستیی سیستمی فێرکاری) دانەری کتێبەکە (هۆمەر قەرداغی) جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەگەر سیستمی فێرکاری سیماکانی مرۆڤدۆستی لێ دەربهێنین، پەروەردە دەبێتە ئامرازی بێهیوایی لەناو مێردمنداڵاندا، بەوەش متمانەی نێوان گەورەساڵان و نەوەی نوێ کەم دەبێتەوە، لە هەمان وتاردا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە نەبوونی ئەو متمانەیە، دەبێتە گەورەترین سیمای خەمباری و بێبڕوایی، زیانەکانی ئەوەندە گەورە دەبن، کۆمەڵگە بەرو دەیان بەرەی جەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبات.

بە بڕوای دانەری ئەم کتێبە، مرۆڤدۆستی، ژیان نەرم دەکات و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان جوانتر دەکات، هێمنی دەبێتە سیمای پەیوەندییەکانی ژیانی ڕۆژانە، ئەو هێمنییە لە هاوپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتدا بە کەمی بەدی دەکرێت: لە کوردستاندا کەم کار لەسەر شیرینکردنی سیستمی پەروردە و خوێندن لای منداڵ کراوە، یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی قوتابخانە، لە ڕۆژە هەرە گرنگەکانی ژیانی بەدەستهێنانی زانستە لە تەمەنی هەموو تاکێکدا، ئەو ڕۆژە لە کوردستاندا دەروونی ئاڵۆز و نادڵنیایی منداڵە شەش ساڵەکان هێمن ناکاتەوە.

لە بابەتێکی دیکەی ئەم کتێبەدا بە ناونیشانی (بەها بنەماییەکانی قوتانخانە) هۆمەر قەرەداغی، باس لەوە دەکات کە گرنگترین بەها بنەماییەکانی قوتابخانە، بریتین لە: بەرزڕاگرتنی ژیانی مرۆڤ، یەکسانی ژن و پیاو، بەرانبەری کەسەکانی ناو کۆمەڵگە، سەربەستیی تاکەکەس، سۆڵیدارێتی لەگەڵ یەکتردا.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەم بنەمایانە، جێگەی ساسزشلەسەرکردن و گفتوگۆ نین، هەموو کارمەندێکی پەروەردەیی لە ڕێگەی سیستمی قوتابخانەکانەوە پێوەی بەستراوەتەوە، بەڵام هەر کاتێک مامۆستایەک، یان بەڕێوەبەرێک لەم بەهایانە لابدات، بەپێی کام یاسا سنوور بۆ ئەو سەرپێچییە دادەنرێت؟ هاوکات دەشپرسێت: ئاخر ئێمە لە کوردستاندا تا ئێستاش یاسای قوتابخانەکانمان نییە، گرفتەکە لێرەدایە، تا کەی سیستمی فێرکاریی کوردستان بەبێ یاسای قوتابخانەكان بەڕێوە ببرێت؟

لە بابەتێکی دیکەی هەمان کتێبدا، لەژێر ناوی (پەروەردەی سەردەم) نووسەر باس لەوە دەکات کە لە ماوەی ئەم دە ساڵەی دواییدا، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی زۆر گەورە بەسەر تەکنیک و بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ لەناو کۆمەڵگەدا هاتوون، هاتنە ناوەوەی کۆمپیوتەر و موبایل و فەیسبووک، بە شێوەیەکی زۆر گەورە چووەتە ناو ماڵی کوردەوە، بە تایبەتی لە شارە گەورەکاندا، ئەم گۆڕانکاریانە بە شێوەیەکی گشتی هەموو کۆمەڵگەی گرتووتەوە، بە تایبەتی ڕووی لە منداڵان، گەنجان، لاوان و مێردمنداڵانە، واتە ئەوانەی خەریکی خوێندنن لە قۆناغەکانی بنەڕەتی، ئامادەیی، پەیمانگە و زانکۆکاندا.

نووسەر لەم وتارەیدا دەڵێت: گۆڕانکارییەکان هەر لە ئاستێکی تیۆریدا نەوەستاون، بەڵکو بوون بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی گەنجەکان، بۆ نموونە کەم گەنج هەیە موبایلی نەبێت، یان لە ماڵەوە کۆمپیوتەریان نەبێت، یان لە فەیسبووکدا بەشدار نەبێت. هۆمەر قەرەداغی جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە بە هۆی ئەم تەکنیکە نوێیەوە، منداڵان و گەنجان فێری سەدان شتی تازە دەبن و دەرگاکانی زانست و زانیاری ئاوەڵا دەبێت بۆیان، بە شێوەیەک نەوەی کۆن سەری لێ دەرناکات: دەبێت ئەو دیوارە بەرزەی نێوان ژیانی قوتابی لە قوتابخانە و ژیانی قوتابی دوای قوتابخانە بڕووخێنرێت، دەبێت وا لە قوتابی بکرێت بە شەوقەوە بیر لە دانیشتنی لە پۆلدا بکاتەوە، ئەم کارانەش تەنیا بەو شێوەیە دەکرێن، کە سیستمەکە خۆی لەگەڵ قوتابیدا بگونجێنێت، نەک بەزۆر قوتابی بە سیستمەکەوە ببەستێتەوە.

بە گشتی و بەپێی زانیارییەکان، پەروەردە پرۆسەیەکی ئاسانکاری فێربوونە، یان بەدەستھێنانی زانست و کارامەیی و بەھا و ڕەوشت و باوەڕ و خووە. ڕێگاکانی پەروەردەکردن بریتین لە فێرکردن، ڕاھێنان، چیرۆک، گفتوگۆ و توێژینەوەی ئاڕاستەکراو، پەروەردەکردن بە زۆری لەژێر ڕێنمایی پەروەردەکاراندا جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا فێرخوازان دەتوانن خودی خۆیان پەروەردە بکەن. پەروەردە لە ڕێکخستنە فەرمی، یان نافەرمییەکاندا دەکرێت ئەنجام بدرێت و ھەر ئەزمونێک کە کاریگەریی نوێکاری ھەبێت لەسەر بیرکردنەوە، وەک ھەست، یان کردەوە، لەوانەیە بە پەروەردە دابنرێت. پەروەردەکاری (میتۆدناسی) فێرکردن پێی دەوترێت پەروەردەدان (پێداگۆگی) خوێندنی فەرمی بە شێوەیەکی گشتی دابەش دەبێت بەسەر چەند قۆناغێکدا وەک: قۆناغی پێش فێرکردن یان باخچەی ساوایان و قوتابخانەی سەرەتایی و خوێندنگەی ناوەندی و پاشان کۆلێژ و زانکۆ، یان فێرخواز. ھەندێک جموجووڵ ھەیە بۆ چاکسازی پەروەردەیی، وەک باشترکردنی کوالێتی و کارایی پەروەردە بە ئاڕاستەی پەیوەندیی کارپێکراو لە ژیانی قوتابییان و چارەسەرکردنی کێشەی کارامەیی نەوەکان لە کۆمەڵگای مۆدێرن، یان کۆمەڵگەی داھاتوو بە گشتی. بۆ دڵنیایی لە نەوەیەکی پەروەردەکراو، بڕوانامە، یان بەڵگەمافێک بۆ خوێندن لە لایەن ھەندێک لە حکومەتەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە داھێنراوە، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدا نراوە، ھەروەھا لە زۆر ناوچە، پەروەردەکردن بە ناچاری سەپێنراوە بەسەر نەوەکاندا.

ڕیشەسازی وشەی (پەروەردە) ناوێکی داڕێژراوی کوردییە، لە ڕووی زمانەوانییەوە بە واتای بەخێوکردن، یان ملکەچکردن، یان ھاوشێوەکردن و لێ ڕاھێنان دێت. پەروەردە لە پێش مێژووەوە ھەر ھەبووە، ئەمەش کاتێک گەورەکان ڕاھێنانیان بە گەنج و منداڵەکانیان کردووە، لە بواری زانین و پیشە و پەرەپێدانی بەھرەکانیاندا، کە لە کۆمەڵگاکانیاندا پێویست بووە بۆ بژێوی و جێ کردنەوەیان لە نێوان کۆمەڵگەدا. لە کۆمەڵگا نەخوێندەوارەکاندا، پەروەردەکردن پتر لە ڕێگای ئامۆژگاری و لاساییکردنەوە و ھێنانەوەی پەند و چیرۆک بووە، ھەرچی پەروەردەی فەرمییە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ میسرییە کۆنەکان، لە سەردەمی شانشینی ناوەڕاستدا.

بە گشتی ئەم کتێبە گرنگە نەک لە هەموو خوێندنگە و فەرمانگەیەکدا، بەڵکو پێویستە لە هەموو ماڵێکدا هەبێت، چونکە ئەو پەیامەی ئەم کتێبە هەڵی گرتووە، پەیامێکی گشتییە بۆ هەموان، لە خێزانەوە بیگرە تا دەگات بە دامودەزگاکانی حکومەت و لەوێشەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و فێرکردن، لە بنەڕەتییەوە تا زانکۆ و پەیمانگاکان، چونکە پرسی پەروەردە بابەتێکی گشتگیر و هەمەلایەنە، هاوکات پەیوەنددارە با ژیانی تاک بە تاکی کۆمەڵگەوە، لە قوتابییەوە بیگرە تا دەگات بە ئوستادەکانی زانکۆ، لە کرێکارێکەوە تا دەگات بە پزیشک و ئەندازیار و لە باخەوانێکەوە تا خودی ئەو بەرپرسە باڵادەستانەی کە بڕیاریان بەدەستە.