دەنگە شیعرییەکانی پاش ڕاپەڕین
دەنگە شیعرییەکانی پاش ڕاپەڕین
خوێندنەوەی: سەردەم
کتێبی “شیعری دوای ڕاپەڕین” کتێبێکی گرنگ و وردی شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ ئەحمەدی مەلایە، ئەم کتێبە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک وتار، تێکڕای وتارەکان دوان و باری سەرنجن دەربارەی شیعری کۆمەڵێک شاعیر، کە نووسەر بە نەوەی پاش ڕاپەڕین ناوی بردوون. کتێبەکە هەوڵێکی جددییە بۆ خوێندنەوە و شرۆڤەی چەند دەنگێکی شیعری کە هەموویان سەر بە نەوەیەکن و نوێنەرایەتیی شیعری نوێی کوردی دەکەن. نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەیدا سەبارەت بە کارەکەی و هەڵبژاردنی ئەو دەنگانە لەو قۆناغەدا، ئاوای نووسیوە: “ئاماژەکردن بۆ ڕاپەڕین هەڵسەنگاندنێکی مێژوویی نییە، بەڵام ڕاپەڕین پانتاییەکی دیکە فەراهەم دەکا، کە ئیدی تاکی کورد پرسیاری نوێ سەبارەت بە شوناس و ئەرک و مافەکانی خۆی گەڵاڵە دەکات، دەیەوێ پێگەی خۆی لە کۆمەڵگەی نوێدا دیاری بکات. خودێکی پرسیارکەر دەیەوێ شیعر بکاتە ئەو ئامرازە، کە لە ڕوخسارە بزربووەکانی خۆی بگەڕێ. لێرەوە، پێویستی بە زمان و موفرەدەی دیکەیە، پێویستی بە ئاداتی نوێ هەیە، بۆ ئەوەی موغامەرە شیعرییەکانی خۆی بەرپا بکات. ئەمە دواخوازییەکی نوێیە، کە سیاسەت وەک چەمک و تێگەیشتنێک کە ڕێکخستنی کۆمەڵگە ئامانجە هەرە باڵاکانێتی، لە ڕێگەی شیعرەوە دەخرێتە ژێر پرسیارەوە.”
لێرەدا دەبێت هەندێ وردەسەرنج دەربارەی ئەم کارەی ئەحمەدی مەلا بنووسین، کارەکە هەوڵیکی گرنگە لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا، ئاوڕ لە شیعری نوێ و کۆمەڵێک دەنگی تازەی سەر بەو دنیا ئەفسووناوییە دەداتەوە، بێگومان دیاریکردنی نەوەیەک و پێگەیان لە ئەدەبیاتدا، کاری بەر لە هەر شتێک خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکانیانە، نەوەی نوێ لە ئەدەبیاتی کوردیدا، ئەگەر وەک گشتێک چاویان لێ بکەین، دەبینین کەمترین جار ڕێکەوتووە جێگە و پێگەیان، خاڵی ئەرێنی و نەرێنیان تاوتووێ بکرێت و دەربخرێت، بێگومان بەشێک لەم نەخوێندنەوە و ڕەخنەنەکردنە دەگەڕێتەوە بۆ خودی ڕەخنەگران، کە بە کۆمەڵێک پێوەر و چوارچێوە کار دەکەن و کردوویانە، ئەویش لە پلەی یەکەمدا خوێندنەوە و نووسینە دەربارەی ئەدەبی کۆن و کلاسیک، ئێمە ناڵێن ئەمە گرنگ نییە، بێگومان گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام کاتێک هەمو خوێندنەوەکان ڕوو لەو دنیایە دەکەن، ئەوا گرفت و بۆشایی گەورە دروست دەبێت، ڕەخنە دەبێت بتوانێت ببێتە ڕایەڵ و پرد، ئەدەبیاتی کۆن و نوێ بگەیەنێتە یەک و بەردەم خوێنەر، بەڵام ڕەخنەی کوردی کەمتر ئەم ڕۆڵەی بینیوە و زیاتر لە هەوڵی دڵڕاگرتندا بووە، یان ئەگەر ئاوڕیشی لە ئەدەبی نوێ دابێتەوە، ئەوا شکاندوویەتی، یان لە باشترین حاڵەتدا نەیتوانیوە ئیمکانە نوێیەکانی ئەو ئەدەبیاتە کەشف بکات و تێمان بگەیەنێت ئەو ئەدەبیاتە شوێنی شیاوی لە کوێدایە.
لە کتێبی “شیعری دوای ڕاپەڕین”دا ئەحمەدی مەلا بۆچوونی ڕوونی خۆی دەربڕیوە، جیا لەوەی تایبەت دەربارەی هەریەک لە شاعیرەکان و دنیاکەیان دواوە، هاوکات هەوڵی داوە فەزای گشتی نەوەکەش دەستنیشان بکات، ئەمەش بایەخی کتێبەکە دووجار دەباتە سەرەوە، جارێک وەک ڕەخنەی ئەدەبی و جارێکیش وەک دیاریکردنی پێگەی نەوەیەک. دیارە بۆ ئاگاداربوون لە شیعری نوێی کوردی و ئەوەی لێکۆڵیار بە “دوای ڕاپەڕین” ناوی دەبات، باشترین ڕێگە هەر خوێندنەوەی بەرهەمی ئەو شاعیرانەیە کە سەر بەم قۆناغەن، بێگومان ڕوون و ئاشکرایە کە لەو قۆناغەدا ئێمە لەگەڵ ژمارەیەکی هێجگار زۆر شاعیردا ڕووبەڕوو دەبینەوە، کە تێیدایە ژمارەیەک کتێبی چاپ کردوون و بەردەوامیش ئامادەیی هەبووە و هەیە، ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە زۆری و بۆری بەرچاو لەم قۆناغەدا هەیە، ئەمەش کارێکی کردووە کە ناسینەوە و دۆزینەوەی دەنگی جددی و پڕوزە، زەحمەت و دژوار نەبێت، یان تەنانەت دەنگێکی جددی ئەو نەوەیەش پاش ماوەیەک تێکەڵ بە هەمان ئەو فەزا گشتییە خراپە ببێت و بۆ هەمیشە ون ببێت. ئەحمەدی مەلا وەک خۆی نووسیویەتی، ڕاستە ئەم کتێبە و خوێندنەوەکان هەموو شاعیرانی ئەو قۆناغە ناگرێتە خۆی، ئەمەش بە مانای پەراوێزخستنی ئەوانی دیکە نایەت، بەڵکو هەر ئەوەندە دەرفەت هەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم لێکۆڵینەوانەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدا هاتوون، بەشدارییەکی کاران بۆ نەخشان و ناسینەوەی قۆناغێک.
ئەم کتێبە لە حەوت لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی پێکهاتووە، بەم ناوانەوە: “شیعر لە دەرەوەی هەبوون و نەبوون”، “بووم بەژێر ڕۆژە خێراکانی مۆدێرنەوە”، “تیشکاندن و تێکشکاند لە حیکایەتی قوڕ بە قەڵەمی خەونووسی”، “ڕێگاکانی ڕێبین ئەحمەد خدر”، “زیهنییەتی دەق لەنێوان دوو جیهاندا”، “تاریکی و خۆشاردنەوە لە ‘ڕووتبنوونەوەی وشەکان’ی غەمگین خدردا” و “مێتامۆرۆفۆزەکانی نیشتمان لە دەقە شیعرییەکانی لازۆدا”. لە هەریەک لەو لێکۆڵینەوەدا بە وردی دنیای ئەو شاعیرانە و شیعرەکانیان هەڵسەنگێنراوە، لایەنە باش و خراپەکان دەستنیشان کراون و پێشنیار و لایەنە ئیستاتیکییەکان بە وردی قسەیان لێوە کراوە، ئەوەی کە زۆر گرنگە لە کۆی ئەم باسانە، چەند نوختەیەکە هەن، کە ئەگەرچی لە کتێبەدا ئەمە نەنووسراوە و نەبووە بە دەرئەنجامێک لە کۆتاییدا دابنرێت، بەڵام ئەگەر خوێنەر بە وریاییەوە وتارەکان بخوێنێتەوە ئەوا دەتوانێت ئەم خاڵانە دەربکێشێت، یەکەم خاڵ دەتوانین ئاوا لێی بدوێین: وێڕای جیاوازی لەنێوان ئەو دەنگە شیعرییانەدا، لە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنەکانی ئەحمەدی مەلاوە دەردەکەوێ کە نزیکایەتی هەیە لەنێوانیان و دەتوانن لە چەند نوختەدا هاوبەش بن، ئەمەش خەسڵەتی بنچینەیی هەر نەوەیەکی ئەدەبییە، کە دەتوانن سەرەڕای جیاوازی و لێکدوورییان، بەڵام هاوکات پێکەوە ئاسمانێکیان هەبێت، کە لەژێریدا بنووسن و ببێت بە سەقفی زەمەنی بۆیان. خاڵێکی دووەم دەنگی تاکانەی هەریەک لەم شاعیرانەیە لە دەقەکانیاندا، ئەمەیش بە گەڕان بەناو دێڕ و ناوەڕۆکی دەقەکاندا دەتوانین بیانبینینەوە، دەنگی تەنیای شاعیر و زاتی، یەک لەو تایبەتمەندیانەیە کە شیعری نوێ بنکۆڵکاری دەکات، ئەگەر زەمەنێک، بۆ وێنە دەیەی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی بیست لە شیعری کوردیدا وەربگرین، دەبینین دەنگی کۆیی و دەستەجەمعی زاڵە، دەنگێک کە خەم و نیگەرانی تاکی شاعیر تێیدا غیابە و گۆڕاوە بە دەنگی هەمووان و داوای گشتی، بەڵام لەم کتێبەدا و بە گەڕانەوەی لێکۆڵەر لە دەقەکان، دەردەکەوێت کە ئەم دەنگە شیعریانە خاوەنی دەنگی تاکانەی خۆیانن، ئەوەی کە چەند ئەم دەنگانە ڕەسەنن و دەنگی سواری شیعرن، قسەیەکە کە لێکۆڵەر ورد لێیان دواوە. خاڵێکی تر ئەوەیە کە لەم خوێندنەوەدا دەردەکەوێت کە ئەم دەنگە شیعریانە خاوەنی زمان و ڕوانینی تایبەت بە خۆیانن، ئەو گرفت و تەنیایی و ئەڤین و بابەتانەی کە بوون بە هێڵی شیعرەکانیان، لە بۆتەی زمانێکی جیاوازدا دەربڕاوە، لەم خوێندنەوە ڕەخنەییانەدا ئەم خاڵە بە جوانی هەڵسەنگێنراوە. خاڵێکی تر لەوانە دەتوانین بڵێین کە دەنگە شیعرییەکان نوێنەرایەتی سەردەمی خۆیان دەکەن، کە دنیای مۆدێرن و سەرمایەداری و تەکنۆلۆژیایە، هەریەک لەم شاعیرانە بە توانا و ئیمکانی مەعریفی خۆیان هەوڵیان داوە تەعبیر لەو دۆخ و هەوایە بکەن کە تێیدا هەناسە دەکێشن و تەنیان، بە کۆی ئەم خاڵە هاوبەشانە و ڕەنگە چەندانی تریش، دەتوانین بڵێین ئێمە لە بەردەم کتێبێکداین کە دەتوانێت لە ڕێی خوێندنەوەیەوە بەشێکی گرنگ لە دەنگ و ڕەنگی نەوەیەکی نوێی شیعری کوردی بناسین، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەدەبی نوێی کوردی لە توانایدایە و هێندە لایەنی جێباسی تێدایە کە بتوانرێ قسە و باسی هەمەلایەن و لێکۆڵینەوەی تایبەتی دەربارە بنووسرێت، کتێبەکە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە ئەدەبی نوێ و تایبەت شیعری کوردی، بە فەوزا و ژاوەژاو لە قەڵەم دەدەن و پێیان وایە ئەو نەوەیە قسەیەکی ئەوتۆیان بۆ گوتن نییە، یاخود ناتوانن لەوەی زیادەیەک بخەنە سەر پاشخانی شیعری کوردی.